دەسەڵاتی فاشیی ئیسلامی سیاسی و ھاوبەشە قەومیەکانی کوشتارگەیەکی تری جەرگبڕیان ئەنجامدا و خستیانە پاڵ زنجیرەی دوورودرێژی تاوانەکانیان لە کوشتن و فڕاندن و دەستگیرکردنی لاوانی کچ و کوڕی ڕاپەڕیو کە بەدوای ژیانێکی شایستە و ئازادەوەن و قۆڵیان ھەڵماڵیوە بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری هەمەلایەنە و ڕیشەیی ئەم سیستمە داڕزیوەی کە تەوقێکی کارەساتبارە لە ملی جەماوەردا.
ھەڵسانی دامودەزگاکانی دەسەڵات و میلیشیاکانی بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە (ساحەی تەحریر) ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی بیست و شەشی تەموزی ٢٠٢٠، بەڵگەیەکی بێ ئەملاوئەولایە بۆ ڕێبازی بەردەوامی دەسەڵات لە سەرکوت و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر بە جەماوەری ڕاپەڕیو، وە ئەوەش دەسەلمێنێت کە حکومەتی مصطفی کازمی درێژکراوەی حکومەتەکانی پێشووە کە دەستیان نەدەپاراست لە پاکتاوکردنی کەسانی ناڕازی دژ بەخۆیان بەشێوەیەکی دڕندانە و دڵڕەق. ئێمە پێشتر و چەندین جار ئەوەمان ڕاگەیاندوە کە سیاسەت و ستراتیژی ئەم حکومەتە خنکاندنی ڕاپەڕین و لەباربردنیەتی بە شێوازی جۆراوجۆر، وە بەڵێن و ئیدیعاکانی کازمی بەوەی کە ڕێگری دەکات لە خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران، شتێک نیە جگە لە قسەی پڕوپوچ.
کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئاشتیخواز و بریندارکردنی دەیانیان و سووتاندنی خەیمەکانیان لەلایەن “ھێزەکانی بەرنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی” و ھاوکارەکانیان لە میلیشیاکان و ھێزەکانی دەسەڵات، تاوانێکی پلان بۆداڕێژراوە بەوردی. ئەنجامدانی ئەم تاوانەش ھاوکات بووە لەگەڵ توند بوونەوەی شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور لە ئارادایە بەرامبەر بە نەمانی تەزووی کارەبا و خراپتر بوونی ئاستی خزمەتگوزاریەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و ھەژاری بەڕادەیەکی سامناک، کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەدوای خۆیدا هێناوە لەلایەن توێژە جۆراوجۆرەکان لە دەرچوانی زانکۆکان کە دانەمەزراون و کرێکارانی گرێبەست و ئەو مامۆستایانەی بەبێ مووچە وانە دەڵێنەوە و خوازیاری دامەزراندن و چاوەڕوانی ھەلی کارن.
کوشتارگەی (ساحەی تەحریر) بە ئاشکرا نیشاندەری ئاستی پەشۆکان و سەرشێواوی و ترسی ئەو ڕژێمەیە کە ناتوانێ پێداویستیە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە دابین بکات و هیچ شتێکی لەدەستنایە کە پێشکەشی جەماوەری بکا جگە لە سەرکوت و کوشتن و تیرۆر نەبێ.
ڕێگەی ڕزگار بوون لە تراژیدیاکانی ئەم دۆخە و کۆتایی ھێنان بەم تاوانانە، بەردەوامی دانە بەو خەباتەی کە ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر دەستی داوەتێ بەو ئامانجە شۆڕشگێڕانەوە کە خۆی لە ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە بورژوا ئیسلامی و قەومیە ھەمەجیە فەرمانڕەوایەدا دەبینێتەوە لە عێراق.
لەگەڵ توندوتیژبوونەوە و بەرزبوونەوەی ئاستەکانی ھەژاری و نەداری ئابووری زۆرینەی جەماوەر و بێکاریەکی لەڕادەبەدەر و مەترسی پەتای کۆرۆنادا، ھیچ ڕێگەیەک لەبەردەم ملیۆنان لە جەماوەری بێبەشدا نەماوە جگە لە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان و هەنگاونانیان بۆ کۆتایی ھێنان بەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە و دامەزراندنی پایەکانی حکومەتی شۆرایی خۆیان لە جێگەیدا.
بەتوندی ئەم تاوانە قێزەونە دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی (ساحەی تەحریر) سەرکۆنەدەکەین لەگەڵ ھەموو ئەو تاوانانەش کە ئەم دەسەڵاتە دەرحەق بە نەیارانی خۆی ئەنجامی دەدات. وە بانگەوازی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو ئازادیخوازان و لاوانی شۆڕشگێڕ دەکەین بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان بە لێبڕاوانە و ئیرادەیەکی زیاترەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەسەڵاتە فاشیستە و ھەنگاونان بەرەو سەرکەوتن و هێنانەدی ئامانجەکان و خواستەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر.
ئەمەو بانگەوازی چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان و ئازادیخوازانی جیھانیش دەکەین کە دژ بەم تاوانانەی دەسەڵات لە عێراق دا بوەستنەوە و فشار بۆ حکومەتەکانیان بھێنن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم تاوانە و ڕێگرتن لە دووبارە بوونەوەی.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢٧/ تەموزی / ٢٠٢٠