شۆڕش لە کوردستاندا، شۆڕش لە عێراقدا، ڕێگاکان و ئاستەنگەکان

جەمال کۆشش

 بۆ چەندین ساڵ دەچێت، مەسعود بازرانی و نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و پڕۆ پارتیەکان، هەوڵدەدەن خەڵک وادار بە ئارامگرتن  بکەن، قەیرانەکە کاتییە و تێیدەپەڕێنن. “گەلەکەمان خۆڕاگرە و گەلێک کارەسات و ناخۆشی لەمە گەورەتری بینیوە. پشتیوان بە خواو بە گەلەکەمان ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێنین”. بە ڵام لە واقعدا هەر قەیرانە بەدوای یەکدا دێن و گەورە تر دەبن و ژیانی خەڵک لە بازنەیەکی تاریک و تاریکتردا دەسوڕێتەوە.  کوردستانی عێراق (بە خودی عێراقیشەوە) بە یەکێک لە هەژارترین و دواکەوتوترین و گەندەڵترین و سەرکوتکراوترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێت.

قەیرانەکانی پێشوو، دەسەڵاتدارانی کوردستان بە بەشداری پێکردنی “بزوتنەوەی گؤڕان”، توانیان خۆیان لە ئالوگۆری بنەڕەتی و شۆڕشگێڕانە دوور بخەنەوە. ئێستا ئیدی گۆڕان نەک هەر ناتوانێت جەماوەر فریو بداتەوە، بەڵکە کەوتوتە بەر نەفرەتی قوڵی جەماوەر- سوتاندنی بارەگاکانیان- بێ بەڵێن و پەرتەوازەیییان، وە بەماوەیەکی قیاسی  کت ومت، سەد دەر سەد وەک یەکێتی و پارتی لێهات.

ئێستا قەیرانێکی هەمەلایەنە ئەم ناوچەیەی گرتۆتەوە، “بەتایبەت عێراق و کوردستانی عیراق”. شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هاتوچوون دایە. ئەو ڕێچارانەی کە حکومەتی هەرێم  بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە پێادەی دەکات، سەرکوتێکی بێ پەردە، زیندانی و بێسەروشوێن کردنی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و کەسایەتیەکان و ڕۆژنامەنوسان و کارمەندەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانە  لەلایەک و خۆگێلکردنێکی کوشندانە و خۆکەڕکردنی غەشیمانەی خواستەکانی خەڵک و جەماوەری خۆپیشاندەرانە لەلایەکی ترەوە.  تا ئێستا حکومەتی هەرێم، ملی بە هیچ داواکارییەکی خۆپیشاندەرانەوە نەداوە، بەڵێنی زارەکیشی  بۆ دەرفە ت  ئاڵوگۆڕیش نەداوە، وە  تەنانەت مەسرور بازرانی دابینکردنی بڕی موچەشی بە گوێرەی داهاتەکانی حکومەت بەستەوە.  لە نێو ئەم هەلومەرجەدا، ئەگەری هەڵسان و ڕاپەڕینی جەماوەری بەناوچەکانی بادینانیشەوە  کراوەیە (بە ڕاپەڕینی چەکدارانەشەوە). ماوەیەکە خۆپیشاندانەکان لە دەڤەری بادینان (دهوک، زاخۆ، سمیل، شیلادزی، …) بە شێوەیەکی جەماوەری و فراوان ئەنجامدە درێت. سەرکوتی پارتی لە ١٢ ئاب  بەدواوە، چۆتە قۆناخیکی تر لە ڕەشبگێری و هەڵکوتانە سەرماڵان. هیچ دەرویەک بۆ خاڵیکردنەوەش واڵا ناکاتەوە . حکومەت ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆش نیە، وە سەرکوت و ڕەشبگیرییەکانی ناوچەکانی ڕانیە و دەڤەری ڕاپەڕین، ئەو ڕاستیە بە هەزار جار  کە ئەم حزب و دەسەڵات و حکومەتە مۆتەکەی سەر کۆمەڵگایە، دەسەلمێنن.

ئەوەی دەتوانێت پارتی و یەکیتی و حکومەتی هەرێم ڕزگار بکات، بەستنەوەی کێشەکانی کوردستانە بە کێشە و چارەسەرەکانی  حکومەتی کازمی یەوە. حکومەتی کازمی خۆی بۆ ڕزگارکردنی چینی ملهوڕی  دەسەڵاتدارەتی عێراقی لە دەست ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر بەرهەم هاتووە. خۆی حکومەتی دژە شۆرشە و لەبەرانبەر ئاڵوگۆڕی شۆرشگێڕانەی بنەڕەتیدا ڕاوەستاوە. هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستان بێ دوودڵی و ڕاوەستان پشتیوانی حکومەتەکەی کازمیان کرد. گەڕاندنەوەی عێراق بۆ باوەشی نیشتمانی عەرەبی، تێکەڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو ڕیزی سوپای عێراق، کۆنترۆڵی خاڵە سنورییەکان، هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوە ختە، .. ئەو ئەجیندا سیاسییەیە کە حکومەتەکەی کازمی دەیەوێت چینی بورژوازی عێراقی پێ سازمانبداتەوە. ئەم سیاسەت و نەخشانە بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئۆکتۆبەر نین، هەروەک بەشێکیش نین لەو بزوتنەوەی چەوساوەکانی کوردستان کە لە بەرانبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان شەپۆل دەدات. ئەم بەرنامەیە، پرۆژەی بۆرژوازییە بۆ ڕێکخستنەوەی دەسەڵات و وەرگرتنەوەی شەرعیەتی حوکمڕانی و داسەپاندنەوەی هەمان هەلومەرج بە فۆرمی نوێوە.

ئەگەر خەڵکی کوردستان، ئومێدەکانی ئاڵوگۆڕیان بەم پرۆسە سیاسیە ببەستنەوە. جارێ تر بە هەمان ڕێگا دا دەڕۆنەوە، کە خەونەکانیان بەستەوە بە هەڵبژاردنی لیست و قەوارەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی.

خەڵکی کوردستان پێویستە لە نێو خودی کوردستاندا، شۆڕش بەسەر حکومەتی هەرێمدا بکەن و ئەمەش خۆی هاوپشتیەکی جددی و زۆر کاریگەر لە بەشەکانی تری عێراق بۆیان پەیدا دەکات ودەبێتە پروشە و بۆ سەراسەری عێراق پەلدەهاوێت.

هاوپشتی خەباتی خەڵکی عێراق، لێکهەڵپێکانی بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە، بۆ سەراسەریکردنەوەی داواکارییە گشتیەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو لە ڕاماڵینی تەواوی دەسەڵاتی ئیسلامی / نەتەوەیی/ نیو لیبراڵی/ ناوەڕۆکی واقعی پێشکەوتنخوازی و سۆشیالیستانەی کرێکاران و هەژاران و ژنان و لاوانی عێراقە. ماک و بنچینەیی شۆڕش لە عێراق دا ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە و چارەنوسی بە توانا و هێزی ئەم هێزانەوە پەیوەندە. ئامانجەکانی شۆڕش لە عێراقدا بەتەواوی ناوەڕۆکی چەوسانەوەیەکی کۆمەڵایە تی و چینایەتی هەیە و لەبەرانبەر هەژاری، بێکاری، بێمافیەکان دا ڕاپەڕیوە. نەوەیەک کە لەساڵانی دوو هەزارەکانەوە  لە نێو ئەم کابوسەدا گەورەبوون. ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر کۆمەڵێک باندی داگیرکەری ئیسلامی و نەتەوەیی ملێاردێردا کە لە نێو قەوارەی جوگرافیایی عێراقدا خۆیان لە فۆرمی دەوڵەت و پەرلەمان دا ڕێکخستووە، ڕاپەڕیون.

ژمارەی لاوانی عێراق، نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس دەبێت، ڕێژەیەکی زۆر کەمیان لە ڕیزەکانی حزبی دەسەڵاتدان و بەتەواوی فڕدروانەتە دەرەوەی ماناکانی بوون و شکۆ وماف وڕێزەوە.  هۆشیاری و هه لسوڕان و چاوەنواڕییەکانیان تەنها بە تیرۆر و لەنێوبردنیان، وەڵامی وەرگرتۆتەوە.  نەوەیەکن ئاگاداری  پێشکەوتنەکان و ژمارەیەکی یەکجار زۆریان چالاکن بە تایبەت لە سۆشیال میدیادا. دەیانەوێت مێژووی کۆن جێببهڵن و هەڵگری ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانین. لایەنگری ژیان و شوناسی ئینسانی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە. مەشخەڵی شۆڕشن و دەیانەویت دونیای نوێ بە دەست خۆیان دروست بکەن. شۆڕشی لاوان، شۆڕش لە عێراقدا، شۆڕشێکە کەرامەت و ئینسانیەت بۆ کۆمەڵگا دەهێنێت. گرنگترین ئەڵقەی ڕاپەڕینەکانی شارەکانی عێراق، بەیەکەوە گرێدانیانە بۆ شۆڕش و ئالوگۆڕی بنەڕەتی.

کۆتایی ئابی ٢٠٢٠

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

%d مدونون معجبون بهذه: