خۆپیشاندانی پەرستاران و کرێکارانی کەرتی تەندروستی لە بەریتانیا

سورەیا تاهیر

“بوریس جونسون، گوێ بگرە لە ھاوارمان، یان مووچە و شایستە دارایییەکانمان بدە یان سەرۆکایەتی بەجێ بھێڵە”

ئەمە یەکێک بوو لە درووشمە کانی ئەو خۆپێشاندانەی کە ھەزاران کرێکاری کەرتی تەندروستی و پەستاران ھاوکات لە زیاتر لە سی شار و شارۆچکەی بەریتانیادا لە ڕۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٠ دا بەڕێیان خست. گەورەترین خۆپیشاندانەکان لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو. داواکاریەکانی خۆپیشاندەران لە حکوومەت پێکھاتبوو لە: دان پیادانان بە ڕۆڵی گرنگ و لەبەرچاو گرتن و ڕێزلێنان لە کاری سەخت و لەخۆبووردوانەی ئەم بەشە بەرفراوانە لە کرێکارانی کەرتی تەندروستی لەکاتی تێپەڕینی ووڵاتەکە بە قەیرانی گەورەی پەتای کۆرۆنادا. ھەروەھا بەرزکردنەوەی کرێ و مووچەکانیان.

خۆپێشاندانەکە بە پەیڕەوی کردنی یاساکانی پاراستنی  باری سەلامەتی وەک بەکارھێنانی دەمامک و پاراستنی ماوەی “دوو مەتر” نێوان بەشداربووان دا بەڕێوەچوو.

شایانی باسە کە یەک مانگ لەوەوپێش حکومەت بڕیاری بەرزکردنەوەی مووچەی پزیشکەکانیدا وە ئەم توێژە بەرفراوانەی کرێکارانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان و کەرتی پەرستاری بێبەش کرد. ئەمە جگە لە کەڵەکەی ئەو شایستە داراییانەی کە لەئەنجامی پەیڕەو کردن لە یاسای خەواندنی مووچەی پەرستاران و کرێکارانی خزمەتگوزاری بەساڵاچوان و کەمئەندامان، کە لە ساڵی ٢٠١٠ وە ھیچ جۆرە بەرزکردنەوەیەکی بەخۆیەوە نەدیوە. واتە یاسای بەرەوسەر چوونی مووچە ھاوشانی بەرەوسەر چوونی نرخی کاڵا کە لە بەریتانیا دا پەیڕەو دەکرێت و ساڵانە ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ ھەر مووچەخۆرێکی کەرتی گشتی زیاد دەکرێت، ئەم یاسایە پەرستاران و کرێکارانی خزمەتگوزاری تەندروستی نەگرتوەتەوە. ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەمەش نزمتر بوونەوەی کرێی ئەم توێژەبەرینە بووە بە ڕێژەی ٢٠٪‏ . لەبەر ئەوە نەقابەکانی کرێکارانی ئەم کەرتە، ئەم ھەڵوێستەی حکومەتیان بەو دڵۆپە ئاوە لەقەڵەمدا کە کاسەی تووڕەیی کرێکارانی پڕ کرد و سەرئەنجام ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتیەی لێ بەرھەم ھات.

نەقابەی یونایتد کە گەورەترین نەقابەکانی بەریتانیایە و سەد ھەزار لە کرێکارانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان تیایدا ئەندامن، داوای لە حکومەت کرد کە چاوەڕوانی تێپەڕبوونی ماوەی دیاریکراو نەکات “کە سێ ساڵە و لە مانگی نیسانی ساڵی داھاتوودا تەواو دەبێت”، بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێکەوتننامەی نێوان نەقابە و حکومەت بۆ ھەڵسەنگاندنی کرێ و مووچەی ئەم توێژە، بەڵکو دەستبەجێی مووچەکانیان زیاد بکات.

میلانی گەیڵ، کە یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکە، ووتی: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بە حکومەت  بڵێین چیتر بێدەنگ نابین و لەمەودوا ڕازی نابین بە پشت گوێ خستنی مافەکانمان. ھەروەھا ھێلین ئۆکۆنۆر لە نەقابەی “جی ئێم بی” ووتی: کرێکارانی کەرتی تەندروستی تەنھا بۆ ڕزگار کردنی ژیانی کەسانی تووش بوو بە پەتای کۆرۆنا نەجەنگیون، بەڵکو لەپێناو ڕزگار کردنی تەواوی کەرتی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان “ناسراو بە ئێن ئێچ ئێس” لە ململانێی سەختدا بوون. وە ئەگەر بەنیازی پاراستنی ئەم کەرتە بین بۆ نەوەکانی داھاتوومان، دەبێ دەوڵەت ھەر ئێستا دەست ھەڵگرێت لە سیاسەتەکانی کەم کردنەوەی بوودجەی ئەم کەرتە و بەتایبەتی کردنی.

شایانی باسە کە سەدان کرێکاری ئەم کەرتە کە ناوی “سەربازی سپی” یان لێ نرابوو لەکاتی جێبەجێ کردنی ئەرکی چاودێری کردنی تووشبوانی کۆرۆنادا، گیانیان لەدەستدا. لە ھۆکارەکانی مردنی کارمەندان و کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان کەمکاری دەوڵەت بوو لە ڕەخساندنی پێداویستیەکانی خۆپاراستن لە توشبون بە ڤایروسەکە، وەک دەست کێش و دەمامک و بەرگی تایبەتی، وە ھەروەھا دواکەوتن لە فەراھەم کردنی پشکنینی تاقیگەیی پێویست بۆیان لەکاتی پێویستدا. ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەم کەرتە وەک تەواوی کەرتەکانی تری خزمەتگوزاریە گشتیەکان زیاتر لە سێ سەدەیەیە لەژێر فشاری حیزبی کۆنسەرڤاتیڤ و باڵی ڕاستی باڵادەستی  ناو حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیادا لەبەردەم  ھێرشی بەردەوام دایە.

وەزیری تەندروستی لە ڕۆژی ١١ ی ئاب دا، واتە سێ ڕۆژ پاش خۆپێشاندانەکان، ڕایگەیاند کە حکومەت ھیچ نیازێکی نیە لە بەرزکردنەوەی مووچەی پەرستاران و کرێکارانی کەرتی تەندروستی، وە دەبێت چاوەڕوانی تەواو بوونی ماوەی ڕێکەوتننامەی نێوان حکومەت و نەقابە بکەن لە مانگی نیسانی داھاتوودا.

٢٢/٨/٢٠٢٠

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

%d مدونون معجبون بهذه: