یادی بەکر عەلی و لێدوانی نەوزاد بابان

ئامادەکردنی ڕەوت :

بەر لە ٢٦ ساڵ، لە ١-٩-١٩٩٤دا، لە خۆپێشاندانێکدا، بە خوێنی شاعیرێک شەقامەکانی شاری سلێمانی سور کرا، ئەو شاعیرەی کە دەیوت “با شەقامەکان بە گوڵ سور بکەین نەک بە خوێن”.

ئەمساڵ لە ١-٩-٢٠٢٠دا یادی ٢٦ ساڵەی بەکر عەلی شاعیری هەژاران و بێخانە و لانەکان هەم لە کەلار لە چایخانەی کلتوریی میلـلەت، وەهەم لە سلێمانی لە پارکی ئازادی بەرز ڕاگیرا.

بەکری شاعیر کە لە خانەوادەیەکی کەم دەرامەت بوو نیشتەجێی گەڕەکی “حامییە” بوو، ئەم گەڕەکە بەر لە ١٩٩١ سەربازگەی ڕژێمی بەعس بوو، وە ئێستا بەشێکە لە داوێنی  “پارکی ئازادی”.

ساڵی ١٩٩٤ دەبێت بە نوێنەری خەڵکی (گەڕەکی حامیە) بۆ ناڕەزایەتی و وەستانەوە دژی بڕیاری ڕوخاندنی خانووەکانیان، هەر ئەمەش دەبێتە هۆکاری ترۆرکردنی بەدەستی میلیشیای بەرپرسانی ئەوسای شارەکە

ئەم کێشەیە هەر بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٢ کە تیایدا جارێکی تر بەرپرسانی شار بڕیاری ڕوخاندنی گەڕەکەیان داو شۆفڵیان هێنا بۆ ڕوخاندنی خانوەکان کە لە ڕاستیدا زۆرێکیان هەر کەلاوە بوون و بە دار و پەردوو و تەنەکە و لەوحە و نایلۆن لە لایەن وەک سەرپەنا دروست کرابوون لە لایەن ئەو خەڵکە هەژار و کەم دەرامەتەوە بۆ حەوانەی خۆیان .

بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژنامەی (ڕەوت) لێدوانی لە (نەوزاد بابان) وەرگرت کە خۆی یەکێک بووە لە نوێنەران و ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە ناڕەزایەتیەی گەڕەکی حامیە و درێژەپێدەری خەبات و تێکۆشانی بەکری شاعیر بووە و دوای چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و گرتنی خۆی لەلایەن بەرپرسانی ئەوسای شارەکە بەڵام لەدوا ئاکامدا توانرا کە دەسەڵات ناچار بکرێ بە دابینکردن ٨٩ پارچە زەوی بۆ خانەوادەکان و سەرکەوتن بەدەست بێت.

نەوزاد بابان: گەڕەکی حامیەی سلێمانی وەختی خۆی ئاوارەکانی کەرکوکی تیا نیشتەجێ بوون لەگەڵ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی سلێمانی کە زوربەیان دەستفرۆش و خاوەن عارەبانە و کرێکار بوون، کە لەو کاتەدا (١٩٩٤) بەکر عەلی یادی بەخێر نوێنەرایەتی خواست و ناڕەزایەتیەکانی دەکردن و بە پلانی دەسەڵاتدارانی ئەوسای شارەکە ترۆر کرا.

دوای ئەوەی کە کە پارچە زەوی دابەشکرا بەسەر ئاوارەکانی کەرکوکی نیشتەجێی گەڕەکی حامیە، ئەو هەژارانەی کە خەڵکی کەرکوک نەبوون بێبەش کران، ئیتر سەد و شتێک لە خانەوادانە مابوونەوە کە ٨٩یان خەڵکی سلێمانی بوون لەگەڵ چەند خانەوادەیەکی کەرکوکی کە لە وەجبەی یەکەمدا پارچە زەویان بەسەردا دابەش نەکرابوو. منیش ماڵم لەو گەڕەکە بوو.

بەرپرسانی شارەکە ئەوکاتە هەمیشە خەریکی تەنگ پێهەڵچنین و فشارهێنان بوون بۆ ئەو خەڵکە هەتا ئاویان دەبڕی لە گەڕەکە بۆ ئەوەی خەڵكەکە ناچار بێت چۆلی بکات وەیا شۆفڵیشیان دەهێنا بۆ ڕوخاندنی ماڵەکان و خەڵكی هەمیشە لە دەرگیری و وەستانەوە بەڕووی ئەم دەستدرێژیانەدا بوون بەڵام یەکگرتووییەکی عەجیب هەبوو لەم گەڕەکەدا، کە کۆبوونەوەی گشتی ئەنجامدەدرا و نوێنەر هەڵدەبژێردرا و هەموو یەک دەنگ و یەک هەڵوێست دەوستانەوە دژ بە دەسەڵات.

جاری دووەم ئەم کێشەیە کە لە ساڵی ٢٠٠١دا سەری هەڵدایەوە و درێژەی کێشا بۆ ساڵی ٢٠٠٢ ، دەسەڵاتدارانی شارەکە بەناوی جوانکاری شارەوە دەیانویست گەڕەکەکە بڕوخێنن، خەڵکەکەش دەیان وت ئێمە لاریمان لەوە نیە بەڵام بەدیلیکمان دەوێ چۆن دەبێت شۆفڵ بهێنیت و ماڵمان بڕوخێنی و فرێمان دەیتە دەرەوە بەبێ هیج تەعویزێک و پەیداکردنی جێگە و ڕێگەیەکی بۆ ماڵ و منداڵمان. بۆیە خەڵکەکە زۆر بە جدی لەگەڵ ئاسایش و پۆلیس و هێزی میلیشای بەرپرساندا دەرگیر دەبوون و گەڕەکەکەیان بەجێ نەدەهێشت و بەمافی خۆیان دەزانی کە بمێننەوە و یەکگرتووانە بەرگریان دەکرد.

کاتێک ئینزار لەرێگەی پۆلیسی  شارەوانیەوە هات کە چۆڵی بکەین، خەڵک کۆبوونەوەی گشتی کرد و لەوێدا من وەک نوێنەر و وتەبێژی گەڕەکی حامیە و (فەریدون)یش وەک جێگیر دەنیشانکراین.

سەردانی شارەوانیمان کرد و کە بگەینە چارەسەرێک کە خانە ولانەیەک دابین بکرێ و ئەوسا چۆڵی دەکەین، بەڵام هەر دەستاودەستیان پێدەکردین و هیچ بەڵێنێکیان پێ نەدەداین. هەمیشەش کۆبونەوەی گشتی دەکرا و نوێنەران دیاری دەکران کە (من وەک نەوزاد بابان و کەسێکی تر بەناوی نەوزاد هەولێری و یەکێکی تر بەناوی عەبدوڵاسەرسپی) وەک نوێنەر هەڵبژێردرا بووین، عەریزەمان نوسی بۆ وەزیری شارەوانی و ئاوارە و ئاوادانکردنەوە، چوین بۆ سەردانی نەوشیرەوان مستەفا بەڵام دەرگای لێنەکردینەوە، ئەوە هەڵوێستی ئەو پیاوە بوو بەرامبەر خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت و زوڵملێکراو، کە بە ناهەق هەندێ کەس بە باوکی هەژاران ناوی دەبەن. هەروەها سەردانی فەریدون عەبدولقادریشمان کرد بەڵام هیچمان دەست نەکەوت. ناچار چوینە بەردەم ماڵەکەی بەرهەم ساڵح کە ئەوکاتە سەرۆکی ئیدارەی سلێمانی بوو، ئەویش ڕەفزی کردوە کە بمانبینێت ئێمەش چوین هەموو گەڕەکەمان تێگەیاند و نەوەت خانەوادە هاتینەسەر ماڵەکەی ناچار بوو کە لەگەڵمان دانیشێت.

گەیشتینە ڕێککەوتنێک و لەگەڵ [شارەوانی سلێمانی بەڕێوەبەری گشتی ئاوارەکان. وەزارەی شارەوانی و گەشت وگوزار. چەند ئەندامێکی شارەوانی سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی گەڕەکی ڕاپەڕین] کۆبووینەوە لە هۆڵی دیالۆگی (ڕێکخراوە دیموکراتیەکان) بۆ دابشکردنی زەوی کە سێ داخوازی سەرەکیمان هەبوو یەکەم دەستبەجێ تاپۆکردنی خانوەکان دووەم دابینکدنی کەرەستەی خانوو لە رێگەی وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە سێهەم دابینکردنی خزمەتگوزاری.

بەڵام دەسەڵاتداران هەر دەستی دەستیان پێدەکردین و سەرۆکی شارەوانی کە ئەوسا حاکم قادر بوو نادری بەشوێنماندا واتا سێ نوێنەرەکە (نەوزاد هەولێری و من و عەبدوڵا سەرپسی) و بەفێڵ وتیان ئیشەکەتان لای پارێزگاری سلێمانیە کە (ئاسۆی شێخ نوری) بوو وە لەڕێگەی  (شێرکۆ) بەرپرسی بنکەی پۆلیسی شارەوانیە بردیانین بۆ لای پارێزگا بە سەیارەی پۆلیس، ئیتر من زانیم کە دەستبەسەرکراوین و زیندانی دەکرێن، بۆیە خێرا بە هاوڕێیەکانم وت با هەر سێکمان بەیەکەوە نەگیرێین، ئێوە هەرچۆنێک بێت بڕۆن و هەرچی خەڵکی حامیە هەیە بیهێنن دەنا نەخشە و پلانەکانیان کە ڕوخاندنی گەڕەکەکە بەبێ تەعویز کردنەوەمان جێبەجێی دەکەن و منیش بەرنادەن تا ئەو کاتە. ئەوە بوو خەڵکەکە هەمووی هات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و داواکردنی بەردانی من، پارێزگاری سلێمانی کە ئەو هەموو حەشاماتەی بینی بوو وتبوی ئەمانە بۆ خۆپێشاندان نەهاتوون بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و کۆدەتا هاتوون بۆیە هێزە سەرکوتگەرەکانیان زۆر توندوتیژی و بێڕێزیان نواند بەرامبەر خەڵکەکە و بەشەق و زلـلە و تێهەڵدان بڵاوەیان بەخەڵک دەکرد، هەتا ژنێک کە نەخۆشی شێرپەنجەی هەبوو ئەوەندە ئەزیەتیان کرد کە لە هۆشخۆی چوو بوو. هەروەها ڕێگەشیان نەدەدا هەواڵەکە بڵاو ببێتەوە بۆیە ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی) کەناوی یەحیا بەرزنجی بوو گرتیان و هێنایانە ناو ئەو زیندانەوە کە منی لێ زیندانی کرابووم.

گەرچی دوای دوڕۆژ لە گرتنم دادوەر حوکمی بەرائەتی بۆ دەرکردم بەڵام بەرنەدرام و حەوت ڕۆژی ترهێشیانمەوە لە زیندان و دوای نۆ ڕۆژ ئازادیان کردم. جگە لەو جارە چەندین جاری تریش زیندانی کراوم و هەڕەشەی مەرگم لێکراوە بەڵام هەر کۆڵمان نەداوە و لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بوین کە ٨٩ پارچە زەویمان بەدەست هێنا.

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

%d مدونون معجبون بهذه: