سەرخەتە گشتیەکان بۆ پێکھێنانی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکان

سەدان لاو لە کوڕان و کچانی شۆڕشگێری ڕاپەڕیو لە مەیدانەکان و لە شەقامەکاندا گیانی خۆیان بەخت کرد و هەزارانیش بریندار بوون، وا بۆ دوو مانگیش دەچێ خۆیان ڕاگرتووە لە بەردەم هەموو سەختی و چەرمەسەریەکدا بۆ درێژەدان بەم ڕاپەڕینە دژ بە ڕژێمی ئیسلامی و قەومی تاوانکار کە شانزە ١٦ ساڵە بەسەر خەڵکا داسەپاوە.

ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە لە عێڕاقدا تا ئێستا گورزێکی کوشندەی لە دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبەکانی داوە، ڕووەو هێنانەدی دروشمی “ڕوخاندنی ڕژێم” هەنگاوی ناوە، توانای دەسەڵات و حزبەکانی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە ئیفلیج کردوە و توشی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی خنکێنەری کردون. ئەم ڕاپەڕینە و بەردەوامبوونی گشت پایەکانی ڕژێمی ئیسلامی فەرمانڕەوا و دامەزراوە فکریەکانی لە گرێژنە بردووە، توشی ئیفلیجی و قەیرانێکی لە ڕاددەبەدەری کردون.

ئاشکرایە دەستەوتاقمی فەرمانڕەوا و حیزبە میلیشیا تاوانکارەکانیان تا دەسەڵاتیان بەدەست بێت ناوەستن و نەشوەستاون لە وەڕێخستنی هەرچی زیاتری کوشتارگا و کۆمەڵکوژی و ترۆر و گرتن و فڕاندنی خەڵکی ڕاپەڕیو لەسەراسەری وڵاتدا.

جەماوەری ڕاپەڕیو پێویستە بەجۆرێک پایەکانی ئەم ڕاپەڕینە بەھێز و ڕیشەدار و بەرفراوانتر بکات کە ڕیزی ملیونی جەماوەری تووڕە لەم دەستە و تاقمە فەرمانڕەوایە بێنێتە مەیدان. سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە ئەوە دەخوازێت کە خەڵکی ڕاپەڕیو، وە جەماوەری پشتیوانی ڕاپەڕین، دەست پێشکەری بکەن بۆ داماڵینی دەسەڵاتی ئەم ملهوڕانە و ڕوخاندنی فەرمانڕەوایەتیان و جێگرکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی حکومی خۆیان کە دامەزرا بێت لەسەر بنەمای دەسەڵاتی سەربەخۆی جەماوەری شۆڕشگێڕ. دیارە سەرەتای کۆتایی ھاتنی ئەم ڕژێمە سەرکوتگەرە بە دەستپێکردنی ڕاپەڕین دەستی پێ کردوە بەڵام کارەکە تەواو ئەنجام نەدراوە و ھێشتا دوا گورزی لێ نەدراوە.

ھێزی بزوێنەری ئەم ڕاپەڕینە و پێشڕەوانی بریتین لە لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرجەم شۆڕشگێڕانێک کە ڕێگەیان نەداوە و ڕێگە نادەن دروشمی ڕوخاندنی سەراپای ڕژێم کەم بەها بکرێت، ھەروەک ڕێگەشیان نەداوە بە هیچ کەسێک بەناوی ڕاپەڕین و لەناوخۆی ڕاپەڕینەوە ئەم ڕاپەڕینە لەباربەرێت. ھەر ئەمانیش بوون ئەو هەوڵوتەقەلایانەیان  پوچەڵ کردەوە کە دەدران بۆ لە قاڵبدانی ڕاپەڕینەکە و بە لاڕێدا بردنی بەرەو سازشکاری و ڕیفورمی شکڵی لەلایەن ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوا قەومی و “ڕۆشنبیر”ە سازشکارەکان و حیزبەکانی ڕژێم و ھاوکارانی چەواشەکاری دەسەڵات کە خۆیان خزاندۆتە ناو مەیدانەکانەوە.

ھەموو ئەمانە دەستکەوتی شۆڕشگێڕانەی مەزنن کە زەمینەیەکی لەباریان هێناوەتە ئاراوە بۆ ئەوەی ڕاپەڕین ھەنگاوی گەورەتر بنێت و ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆی بە ڕوونی بخاتە بەردەستی تەواوی کۆمەڵگە و ڕوخساری سەرەکی ئەو ڕژێمە سیاسیە دیاریبکات کە دەیەوێت لەسەر پاشماوەی ئەم ڕژێمەی ئێستا دایمەزرێنێت.

ئێستا ڕاپەڕین لە ڕێرەوی خەباتکارانەیدا بەرەو ڕوخاندنی ڕژێم گەیشتۆتە سەر دووڕیانێک. بەردەوام بوون و بە سەرکەوتن گەیشتنی پێویستی بە بەرز بوونەوەی ئاستی ئەم ڕێکخراوبونەی ئێستای خەڵکی ڕاپەڕیوە بۆ ئاستێکی بەرزتر و کاراتر، نەک تەنھا لە مەیدانەکاندا، بەڵکو لە گەڕەکەکان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی شار و کارگەکان و زانکۆکانیش، نەک تەنھا لە بەغدا بەڵکو لە تەواوی پارێزگاکانیشدا.

ئەمەش وا دەخوازێت کە جەماوەری ڕاپەڕیو دەستپێشکەری بکەن بۆ پێکھێنانی دەسەڵاتێکی ڕاگوزەری شۆڕشگێڕانەی پێکھاتوو لە شۆراکان و لیژنە شۆڕشگێڕە جەماوەریەکان لەناو مەیدانەکان و گەڕەکەکان و کارگەکان و دامەزراوەکان و زانکۆ و قوتابخانە و شوێنی نیشتەجێ بوون لە سەرتاسەری وڵاتدا کە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆیان بکات.

ئەم شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەیە وەک ئامرازێکی سیاسی خەباتکارانە کاردەکات بۆ ڕابەرایەتی کردنی ڕاپەڕین بەرەو سەرکەوتن و لە ھەمان کاتیشدا وەک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی ڕاگوزەر هاوتەریبی دەسەڵاتی ئێستا کاردەکات.

بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجانە، جەماوەری ڕاپەڕیو و بێبەش پێویستیان بەوە دەبێ لەسەر پلاتفورمێکی سیاسی دیاریکراو ڕێکبکەون کە تەوەرەی سیاسەتەکان و ئامانجە سەرەکیەکانی ڕاپەڕینەکەی لەخۆ گرتبێت بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی ھێزە بزوێنەرە سەرەکیەکانی ئەم ڕاپەڕینە و جەماوەری ئازادیخواز بێت بە گشتی تا بە دەوریدا خۆیان ڕێکخراو بکەن.

ئەم سەرخەتە گشتیە پێشنیارکراوەی خوارەوە ئامانج و سیاسەت و ئەرکێک دەگرێتە خۆی کە پێویستە بخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەناو جەماوەری ڕاپەڕیو و لەسەر ئاستی کۆمەڵگە. ئێمە ئەم سەرخەتە گشتیە بە وەڵامدانەوە دادەنێین بۆ ئەو ئەرکە دەستبەجێیانەی کە ئەم ڕاپەڕینە و ئەم بزوتنەوە سیاسیە جەماوەریە بەرفراوانە ڕووبەڕووی بۆتەوە بۆ ڕوخاندنی ئەم ڕژێمە و ھاتنەدەرەوە بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە لەو بنبەستەی کە کۆمەڵگە تێکەوتووە لە بەرژەوەندی جەماوەری بێبەش.

خاڵی دەستپێک بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە و یەکلاکردنەوەی دۆخەکە لە بەرژەوەندی بێبەش کراوان و کۆمەڵگە، ئەوەیە کە جەماوەری ڕاپەڕییو ببێتە ھێزێکی ڕێکخراو و توانادار. چونکە تەنھا ئەم ھێزە ڕێکخراوەیە کە دەتوانێت ڕابەرایەتی کۆمەڵگە بکات بەرەو ھێنانەدی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموان.

بانگەوازی تەواوی جەماوەری ڕاپەڕیو دەکەین کە گفتوگۆیەکی لێبڕاوانە دەربارەی ئەم سەرخەتە گشتیانەی خوارەوە ئەنجام بدەن.

ڕووخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێستا و جێگرتنەوەی بە ڕژێمی شۆرایی:

  1. ڕووخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێستا و جێگرتنەوەی بە فەرمانڕەوایی جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕێکخراو لە شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا، واتە گۆڕینی ئەم ڕژێمەی ئێستا بە ڕژێمی فەرمانڕەوایی شۆرا جەماوەریەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوانی کچ و کوڕ و ژنان و خوێندکاران و تەواوی ئازادیخوازان و جەماوەری ڕاپەڕیو و خەڵکانی پشتیوانی ڕاپەڕین.
  2. دامەزراندنی شۆرا جەماوەریە شۆڕشگێڕەکان لە مەیدانەکان و گەڕەک و ناوچە جۆراوجۆرەکانی شار و کارگەکان و زانکۆ و قوتابخانەکان، و دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان و شوێنەکانی تردا، ئەمەش لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا.
  3. پایەڕێژی سیستمێکی سیاسی شۆرایی بۆ فەرمانڕەوایی کردن بەپێی پرنسیپی بەرەوسەر هەڵکشان لە شۆرا لۆکاڵیەکانەوە بۆ شۆرای ناوەندی بەشێوەیەکی قوچکەیی، ئەمەش بە بەشداری نوێنەرانی شۆرا لۆکاڵیەکان لە پێکھێنانی شۆرای ناوەندیدا. پێکھێنانی شۆرای ناوەندی سەراسەری وڵات لە بەغدا، کە نوێنەرانی ھەموو ئەو شۆرا شۆڕشگێڕەکانە بگرێتەخۆ کە لە سەرتاسەری وڵاتدا هەن و ئەم شۆرا ناوەندیە کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات.
  4. سیستمی سیاسی شۆرایی جەماوەری، پشت دەبەستێت بە ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی کۆبوونەوە گشتیەکانی کرێکاران و لاوانی کچ و کوڕ و خوێندکاران و ژنان و توێژە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان.
  5. ئەم کۆبوونەوە گشتیانە، شۆرا جەماوەریەکانی ئەم دەستە و توێژە کۆمەڵایەتیانە ھەڵدەبژێرێت کە لە یەککاتدا خاوەن دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردنن لە تەواوی وڵاتدا.
  6. کۆبوونەوە گشتیەکان بۆیان هەیە ھەر نوێنەرێکی شۆرا لابەرن و متمانەی لێبسەننەوە گەر پابەند نەبێت بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆبوونەوەی گشتی.

شۆرای ناوەندی بڕیار لەسەر ئەم هەنگاونانانەی خوارەوە دەدات:

  • ڕووخاندنی ئەم ڕژێمەی ئێستا و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ دەستی شۆرا جەماوەریەکان کە لە یەککاتدا خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنن لە سەرتاسەری وڵاتدا.
  • بانگەوازکردنی کەسانی سوپا و پۆلیس بۆ پێکھێنانی شۆرای سەربازان و پۆلیس لە یەکەکانی خۆیاندا، وە داوایان لێبکرێت کە پەیوەست بن بە ڕیزەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو و ڕێکخراو لە شۆرا جەماوەریەکاندا، تا لە سایەی دەسەڵاتی ئەم شۆرایانەدا ھەستن بە ئەنجامدانی کارەکانیان لە دانیبکردنی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە جەماوەر و کۆمەڵگە.
  • ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و تەواوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئێستا.
  • ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی دام ودەزگا سەرکوتگەرەکان لە ئیستیخبارات و “ھێزەکانی بەرنگاربونەوەی گێرەشێوێنی” و .. هتد.
  • ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو میلیشیاکان و ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەستن پێیانەوە، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی هاوکاریە دەرەکیەکان بۆ هەر ھێزێکی میلیشیایی و ڕێگرتن لە دروست بوونی ھەر میلیشیایەک یان دامودەزگایەکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی شۆرا جەماوەریەکان.
  • دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە ڕشتنی خوێنی خەڵکی ڕاپەڕیودا و ناردنیان بۆ ئەو دادگایانەی کە شۆرا جەماوەریەکان دایدامەزرێنن.
  • تەواوی ئەو موڵک و پارانەی کە لەناوەوە و دەرەوەی عێڕاقدان و دزراون لەلایەن سەرانی ڕژێم و بەرپرسان و سەرجەم گەندەڵکارانەوە، دەگێڕدرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت تا بکرێنە خەرجی بۆ خۆشگوزەرانی جەماوەر و هێنانەدی ھەلیکار و بیمەی تەندروستی و خوێندنی بەخۆڕایی و پەرەپێدانی ئابوری وڵات.
  • ڕەخساندنی دۆخێکی گونجاو لەلایەن جەماوەری ڕێکخراو لە شۆراکاندا بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە دەستنیشان کردنی نوێنەرەکانیان بۆ سیستمی شۆرایی بۆ فەرمانڕەوایی وڵات.

ئامانجە بناغەییەکانی شۆرا کە تەوەرەی دەستوری وڵات پێکدەهێنن:

  1. ھەڵپێچانی ئەم ڕژێمە پشکپشکێنەی ئێستا کە دامەزراوە لەسەر بنەمای دابەش کردنی کۆمەڵگە بۆ پێکھاتەی قەومی و دینی و تائیفی.
  2. دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بەپێی پرنسیپی هاوڵاتی بوونی تەواو بۆ ھەموان، بەبێ ھەڵاواردن لەسەر بنەمای ئاین، تائیفە، قەومیەت، عەشیرەت، ڕەگەز و ڕەنگی پێست.
  3. ھەڵپێچانی سیستمی پەرلەمانی ئێستا و گۆڕینی بە سیستمی شۆرایی جەماوەری.
  4. ھەڵپێچانی تەواوی سیاسەتە ئابووریە سەرمایەداریە نیو لیبرالیەکان و ڕەت کردنەوەی مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی کە بوونەتە ھۆی ھەژارکردنی جەماوەر و سەپاندنی بێکاری و کوێرەوەری ئابووری بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوان و پەڕاوێز خستنی زۆرینەی کۆمەڵگە.
  5. جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و لە سیستمی خوێندن.
  6. مسۆگەرکردنی ئازادی ژنان و یەکسانی تەواویان لەگەڵ پیاواندا.
  7. ھەڵپێچانی ھەموو ئەو یاسایانەی کە دژ بە ژنانن، سیستمی سیاسی شۆرایی ژنان دەپارێزێت لە دەستدرێژی دامەزراوە ئاینی و عەشایەریەکان.
  8. ئازادی سیاسی بێ قەید و شەرت، ئازادی مانگرتن، خۆپیشاندان، ڕێکخراوەیی، گردبوونەوە و پێکھێنانی نەقابە و یەکێتی و کۆڕوکۆمەڵ.
  9. ئازادی ڕا دەربڕین و بیروباوەڕ و ڕەخنەگرتن و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەکارھێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی پەیوەندی.
  10. ھەڵپێچانی سزای لە سێدارەدان.
  11. شۆرا کرێکاریەکان سەرپەرشتی دەرچوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکەن کە بەرژەوەندی کرێکاران دابین دەکات لەبەرامبەر چەوساندنەوەی سەرمایەدا لە هەموو بوارێکدا، وە ھەموو ئەو یاسایانەش هەڵدەپێچێت کە ڕێکخراون لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی کرێکاران لەلایەن سەرمایەدارانەوە. یاساکان دەبێ بەرفراوانترین ماف و بیمەی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرن بۆ کرێکاران و بەرزترین ڕادەی خۆشگوزەرانی و باشترین بارودۆخی کارکردن دەستەبەر بکەن بەپێی ئەو دەسکەوتانەی کە بزووتنەوەی کرێکاری لە جیھاندا لەم بوارەدا بەدەستی ھێناوە.
  12. قەدەغە کردنی ھەموو جۆرە ھەڵاواردنێک دژ بە کرێکاران لەسەرتاسەری عێراقدا لەسەر بنەمای ناسنامە، نەتەوە، ئاین، مەزھەب، ڕەگەزی نێر و مێ وە یا ڕەنگی پێست.
  13. قەدەغەکردنی کاری مناڵان.
  14. دابین کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێگەیاندنی مناڵان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەپێی دوایین دەستکەوتی پێشڕەوی جیھانی لەم مەیدانەدا.
  15. دابین کردنی کار یا بیمەی بێکاری بۆ هەر بێکارێکی کچ یا کوڕ، ژن یا پیاو.
  16. دابین کردنی خانووبەرەی گونجاو و خوێندنی گشتی بێ بەرابەری ھاوچەرخ و خزمەتگوزاری تەندرووستی بێ بەرابەری پێشکەوتوو بۆ ھەموان.
  17. دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریە پێویستەکانی تر بۆ خاوەن پێداویستە تایبەتەکان و مەشق پێکردن و ئامادە کردنیان بۆ کار و گەشەپێدانی لێهاتووییەکانیان.
  18. پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی ئابووری کە لەسەر بناغەی گەشەپێدانی مرۆڤ و یەکسانی و پەرەپێدانی داهێنانەکانی و دابینکردنی خۆشگوزەرانیەکەی بێت.
  19. دابین کردنی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان لە میزانیەی دەوڵەت، لە چەشنی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری تری پێویست.
  20. دەستەبەرکردنی مافی سەفەرکردن و گواستنەوە و نیشتەجێبوون بۆ هەموو کەس بەبێ قەید و شەرت.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

5 ی دێسامبری 2019

 

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە: ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە ...

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس   کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی ...

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...