بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، و ڕژێمی فاشیستی ئیسرائیل بە پشتیوانی تەواوی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بەردەوامە لە درێژەدان بەم شەڕە تاوانکاریـیە، کە پانتایەکەی لە بەرفراوانووندایە لەسەر ئاستی ناوچەکە.

قوربانیانی ئەم شەڕە لە دانیشتوانی کەرتی غەززە، تا ئێستا بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیـیە تەندروستیـیەکانی ئەم کەرتە، گەیشتووەتە زیاتر لە (٢٥) هەزار کوژراو، کە زیاتر لە (١٠) هەزاریان منداڵن، هەروەها زیاتریش لە (٦٣) هەزار بریندار، جگە لە هەزاران قوربانی کە هێشتا لە ژێر داروپەردوو دان. ئەمە و هەندێ لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە (%٧٠)ی ژێرخانی غززە و خزمە تگوزارییەکانی ئەم کەرتە لەناوچوون، و ژمارەی ئەو دانیشتووانەی ئاوارەی ناوخۆی غەززە بوون، لە کۆی دوو ملیۆن و (٣٠٠) هەزار کەس، گەیشتووەتە نزیکەی (١.٩) ملیۆن کەس، و لە سەختترین بارودۆخدا ژیان دەکەن. هاوتەریب و تا ئێستا، هێزەکانی ئیسرائیل بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، زیاتر لە (٣٥٠) کەسیان لە ڕیگەی تیرۆرکردن و هەڵمەتە سەربازییەکان لە (کەنارەی ڕۆژئاوا) کوشتووە. ئەم کۆمەڵکوژی و کاولکاری و ئاوارەبوونانە بەدوای ئەو چالاکییە سەربازی و تیرۆریستییەی (حەماس)دا دێت بۆ سەر ئیسرائیل لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە بووە هۆی کوژرانی هەزار و (٢٠٠) هاوڵاتی ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی (٢٥٠) کەس، بەپێی هەندێک ڕاپۆرت.

دوو وڵاتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و بەریتانیا یەکەم هەڵمەتی خۆیان بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن دەستپێکرد، بە مووشەک و بۆردومانی ئاسمانی لە شوێنە سەربازییەکانیانەوە، لەوانە ژێردەریایی و کەشتییە جەنگییەکان کە لە ناوچەکە جێگیرکراون، ڕۆژی پێنجشەممە (١١)ی دێسیمبەر، و ئەم هەڵمەتانەش هێشتا بەردەوامن، کە بە ڕۆڵی خۆی پەرەسەندنێک لە جەنگی غەززەدا پێکدەهێنێت.

شەڕ لە غەززە، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکایە

ئەوەی کە سیستەمی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵ دەکات، کە لە بەردەمیدا ئەم هەموو تاوانە دڕندانەیە و ئەم پاکتاوکردنە بەکۆمەڵەی فەلەستینییەکان ڕوودەدات، ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وڵاتە ئیمپریالیستییە ڕۆژئاواییەکانی دیکەی هاوپەیمانیەتی، ئەمە سەرەرای ئەوەی جیهانی ئێستا بە فرە جەمسەری تایبەتمەندە. لە بنەڕەتدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکەی؛ بەریتانیا، بە ئاشکرا، پێداگرییان لەسەر درێژەدان بەم جینۆسایدە کرد، و ڕژێمی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕێگری  کرد لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ وەستاندنی، بەبێ ئەوەی تەنانەت بچووکترین ئیعتیبار دابنێ بۆ ناڕەزایەتی بەربڵاو و بەردەوامی جەماوەری  لە ئەمریکا و ڕۆژئاوادا، لە دژی شەڕ و تاوانە ترسناکەکانی غەززە.

گومانی تێدا نییە کە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم جینۆسایدە سیاسەت و ستراتیژێکی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکایە. لە لایەک، درێژکراوەی هەموو ئەو تاوانانەیە کە ئیسرائیل لە ماوەی (٧٥) ساڵی تەمەنیدا، وەک دەوڵەتێکی ئایینی و ڕەگەزپەرست و پیادەکەری سەرکوتی فاشیستانە لە دژی فەلەستینیـیەکان ئەنجامی داوە، لە لایەکی دیکەوە، درێژکراوەی سیاسەت و ئامانجە فراوانخوازییەکانی ئەم دەوڵەتەیە لە فەلەستین و هەوڵەکانیەتی بۆ وەدەرنانی دانیشتوانی کەرتی غەززە و داگیرکردنی، سەبارەت بە ئەمریکاش دریژکراوەی سیاسەت و ستراتیژی ئیمپریالیستیی ئەو وڵاتەیە بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا، کە ئەم سیاسەتانە لە شێوەی جینۆسایدی ئێستای دانیشتوانی غەززەدا بەردەوامە.

هێرشکردنە سەر (حوسی)ـیەکان لە یەمەن، لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیا، بەرجەستەکردنەوەی سیاسەتەکانی ئەم دوو وڵاتەیە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل، وە ئامانجی سەرەکی لێی دوورخستنەوەی مەترسییە دەرەکییەکان و دروستکردنی کەشێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل درێژە بە شەڕە تاوانکارییەکەی بدات لە غەززە و بگات بە ئامانجە سەربازییەکانی لە دژی (حەماس)، چونکە ئەمە وەک ئامرازێک دەبیننن بۆ پاراستنی شانوشکۆی خۆیان وەک وڵاتانی باڵادەست، وە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ڕەوتی کاروباری ناوچەکەدا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی (حوسی)یەکان تەنیا کاردانەوەیەکە بەرامبەر بەو کارەی کە (حوسی)یەکان دەیکەن لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی بازرگانی و کەشتیوانی جیهانی لە دەریای سووردا.

بوونی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستی ئایینی و شۆڤێنیستی، درێژکراوەی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی ئەمریکیـیە، بەو پێیەی ئەم دەوڵەتە نوکی ڕمەکەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنێت و ئەمەش ئەو ستراتیژەیە کە لە دامەزراندنی ئیسرائیلەوە تا ئێستا جێبەجێ دەکرێت. لە جەرگەی دابەشکردنی ئیمپریالیستانەی جیهان و دابەشبوونی ناوچەکانی نفوز (ژێر کاریگەریی) لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستییە جیاوازەکاندا، بە درێژایی هەموو ئەو سەردەمە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک هەر ناوچەی نفوزی ئەمریکا بووە، بەڵکو ناوەندێکیش بووە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵ و هەژموونی خۆی وەک زلهێزێک لەسەر ئاستی جیهانی، بۆیە دەبینین کە هەمیشە ئەمریکا کاری کردووە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم کۆنترۆڵە بەڕووی نەیارەکانی لە زلهێزە ئیمپریالیستەکانی تر.

شەڕی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و داگیرکردنی لە ساڵی (٢٠٠٣) و پێش ئەوەش جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی (١٩٩١) و بەردەوامی هەبوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە ئێستا و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانیشی لەم دوو وڵاتەدا لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش، و بەهێزکردنی پیگە سەربازییەکانی و بەردەوام زیادکردنی ژمارەی کەشتییە جەنگی و ژێردەریاییەکانی لە ناوچەکە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، و دواجار هێرشەکەی بۆ سەر (حوسی)یەکان لە یەمەن و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لیدان لە دارودەستەکانی ڕژێمی ئێران لە سوریا و عێراق و باقی وڵاتانی ناوچەکە، ئەمانە سەرجەمیان ئەو ڕواڵەتانە پێکدەهێنن لە بەردەوامبوونی ئەم هێزە ئیمپریالیستە تیرۆریستە و ئەم بەهێزترین هێزە کۆنەپەرستەی جیهان، لەسەر ئاستی ئەم ناوچەیە. وە ئەوانە هەموو دەرکەوتەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنترۆڵی خۆی و نفوزیەتی لەناوچەکەدا لە بەرامبەر نەیارە ئیمپریالیستەکانی لە ڕووسیا و چین و نەیارەکانی تری لە زلهێزە ناوچەییەکان بەتایبەت ڕژێمی ئێرانی لە ئێستادا.

ئەگەرەکانی فراوانبوونەوەی بازنەی شەڕی غەززە و دەرچوونی کاروبارەکان لەژێر دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئارادایە، وەک لە زۆرێک لە شەڕەکاندا ئەوە لەئارادایە، بەڵام ئەگەر ئەم پێشهاتە بەڕێکەوت ڕووبدات، ئەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕوودەدات، کە جیهانێکی فرە جەمسەرییە و لە چوارچێوەی ئەم دابەشبوونە جیهانییەی ناوچەکانی نفوزدایە. ئەوەی ئێستا بەڕوونی دەردەکەوێت ئەوەیە کە فراوانبوونەوەی ئەم شەڕە لە ناوچەکەدا دەبێت و بەشێوەی ئێستای، واتە لە چوارچێوەی ململانێی ئەم جەمسەرە ئیمپریالیستە ئەمریکییە ئیسرائیلییە و ڕژێمی ئێران و دارودەستە میلیشیاکانی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن.

زەمینەی ئابووری و پرۆسەی ئاساییکردنەوە

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، مەسەلەی گرنگ ئەوەیە کە ئەم شەڕە لەسەر زەمینەی ئابووری سەرمایەداری جیهانی هاوچەرخ و بازاڕی جیهانی سەرمایە و ململانێ جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابووریـیەکان ڕوودەدات کە هاورێی جوڵەی سەرمایەن. بۆیە دەبینین سەرەڕای ئەو هەموو قێزەوەنکاریـیەی کە لە غەززە دەکرێت، زۆربەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی عەرەبی بێدەنگ بوون لە بەرامبەریدا، نەک تەنها بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی ڕاکێشانیان بۆ ناو ئەم شەرە هەڕەشەیان لێدەکات، بەڵکو بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و پرۆسەی کەڵەکەبوونیەتی لە ناوچەکەدا کە خۆی دەسەپێنێ بەسەر سیاسەتی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی سەرمایە لەم وڵاتانەدا و ئەم بەرژەوەندیانەش تەبان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایدا.

پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە بە سیاسەتی ئابووریی نیولیبراڵانەی ئەو دەوڵەت و ڕژێمانە، وە بە شەڕێکی چینایەتی توند لە دژی هەموو خەباتێکی دەستەجەمعی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیان پشتیوانی لێ دەکرێت. بۆیە دەبینین سەرەڕای کارەساتەکانی جەماوەری فەلەستین و کۆمەڵکوژی دانیشتوانی غەززە، پێداویستییەکانی پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایەی کەنداوی و وڵاتانی ناوچەکە، قورسایی خۆیان دەخەنە سەر ڕەوەندە  بنەڕەتیـیە سیاسی و سەربازیـیەکان.

سیاسەتی ئەم ڕژێمانە بەرامبەر بە پرسی فەلەستین، دۆزینەوەی چارەسەرێکی شکڵی بۆرژوازییە بۆی، کە پێکهێنانی دوو دەوڵەتە لەسەر بنەمای پڕۆژەی ئیمپریالیستی ئۆسلۆ، کە هیچی تر نەبوو جگە لە هەوڵێکی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و لەباربردنی یەکەم ڕاپەرینی فەلەستینییەکان.

شکستەکانی “چارەسەری دوو دەوڵەت” و ئاسۆکانی چارەسەری ڕیشەیی

“چارەسەری دوو دەوڵەت”، چارەسەرێکی ڕووکەشانەیە و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێویسـتی بە کۆمەڵێک پێکهاتەی ماددیە لە ڕاستای دروسـتکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ فەلەسـتینیەکان کە داواکارییەکانی جەماوەری فەلەستین بۆ ئازادی لە داگیرکاری، ستەم، ئاوارەیی و ڕەگەزپەرسـتی بهێـنـێـتە دی، کە هۆکارەکەی سیاسەتی فراوانخوازی و ڕەگەزپەرستانەی ئیسرائیل بووە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا. ئامانجی ئەم ڕژێمانە لە پێشنیارکردنی چارەسەری (دوو دەوڵەت) بە پلەی یەکەم وەلاخستنی پرسی فەلەستینە وەک بەربەســتێک لەبەردەم پرۆسەی ئاساییکردنەوە، هەروەها کپکردنەوەی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی هاوڵاتیانی خۆیانە دژ بە تاوانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان.

ئەزموونی سێ دەیەی ڕابردوو، چارەسەری دوو دەوڵەت لەم فۆرمەی ئێستایدا و لە ژێر سایەی ڕێکخراوێکی گەندەڵی وەک (ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین)، هیچ نییە بێجگە لە درێژەدان بە داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و چەسپاندنی ڕژێمە ڕەگەزپەرستەکەی و درێژکردنەوەی سیاسەتی فراوانخوازی و کوشتن و ئەشکەنجەدانی فەلەستینییەکان.

پرسی فەلەستین و ئاکامەکانی لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و چەوساندنەوە بەرامبەر بە فەلەستینییەکان، کە نەوە لە دوای نەوە بەردەوام بووە، ئەمڕۆ لە جەرگەی ململانێیەکی جیۆسیاسی و جیۆ-ئابووریی جیهانی و ناوچەییدا بەردەوامی بەخۆی دەدات، و شەڕی قڕکردن لە غەززەش، یەکێک لە خوێناویترین و کارەساتبارترین دەرکەوتە و وێستگەکانی پێکدەهێنێت.

ئاسۆی چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی فەلەستین لە ئێستادا زیاتر و زیاتر پەیوەستە بە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوان لە سەرتاسەری ناوچەکە و لەناو فەلەستین و ئیسرائیلدا لە دووتوێی ڕەوەندکانی جیهانی هاوچەرخدا، هەروەها پەیوەستە بە مەودای بەرجەستەکردنەوەی یەکێتی خەبات لەناو جەماوەری ڕەنجدەری ئەم  وڵاتانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییە سۆسیالیستی و ئازادیخوازەکانیان.

ئەو فۆرمە سیاسییەی کە مافی بڕیاردانی چارەنووسی سیاسیی جەماوەر بۆ فەلەستینیەکان بەدی دێـنێت، وە ئەو سیستمە سیاسییەی کە لەسەر وێرانەکانی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و کۆتاییهێنان بە ڕژێمی ڕەگەزپەرستی سەپێنراو و نادادپەروەر و کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی، بنیات دەنرێت، پەیوەستە بە گەشەسەندنی ئەم خەباتە چینایەتییە سۆسیالیستییە نێونەتەوەییە و دەستەبەرکردنی مافی جەماوەری فەلەستین بۆ هەڵبژاردنی ئەو فۆرمە سیاسییەی کە ئارەزووی دەکەن.

لەم ڕێڕەوەدا، هەر چارەسەرێکی ڕاگوزەر کە بەرەنجامی هاوسەنگییەکی نوێی هێز بێت لە بەرژەوەندی خەبات و بەرخۆدانی جەماوەری فەلەستین و بەرەی ئازادیخوازی لە جیهان و ناوچەکەدا لە دژ ئیسرائیل و ئەو وڵاتە ئیمپریالیستیانەی کە پشتیوانی لێدەکەن، و کۆتایی بهێـنێت بە نەهامەت و مەینەتی فەلەستینییەکان و گەرەنتی بەشێک لە مافەکانیان بکات بۆ ئازادبوون لە داگیرکاری و ستەم و کۆمەڵکوژی، دەبێـتە جێگەی پشتیوانی ئێمە.

پێگەی حەماس و بزووتنەوە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان و ڕژێمەکانیان لە ناوچەکەدا

حەماس و ڕژێمە فەرمانڕەوا دژە شۆڕشەکانی ناوچەکە و هێز و ڕەوتە دژە شۆڕشیـیەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان و نیولیبراڵەکان و هاوشێوەکانیان، کە هەمان هێڵی دژە شۆڕشی پەیڕەو دەکەن، بەڵام لەناو ئۆپۆزیسیۆندا بەدژی ئەو ڕژێمانە، هەموو ئەمانە بەهرەبەرداری دەکەن لە خەبات و بەرخۆدانی جەماوەری فەلەستین لە دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی، هەروەک چۆن بەهرەبەردارییش دەکەن لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز  لە ناوچەکەدا لەدژی بۆرژوا ئیمپریالیستی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی کە هۆکاری وێرانکاری و هەژاری بوون بەدرێژایی چەندین دەیە.

ئەم هێزانە جگە لە هێزی کۆنەپەرستی بۆرژوازی هیچی تر نین و هیچ پەیوەندییەکیشیان بە خەباتی دادپەروەرانە و شۆڕشگێڕانەی جەماوەری فەلەستین و کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژاری ناوچەکەوە نیـیە. ئەم هێز و ڕژێمانە بەشێک نـیـن لە خەباتی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاران، بەڵکو هێزێکن بۆ کۆتاییهێنان بەم خەباتە و بەربەستی ڕێگەی گەشەسەندنی ئەو خەباتەن دژ بە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریی زاڵ و دژ بە سیستەمی سیاسی ناوچەکە و دژبە هەموو ئەو هەژاری و نەهامەتیـیە کۆمەڵایەتییانەش کە لە دووتوێیاندا لە ئارادان.

زۆربەی ئەو ڕژێـمانەی حوکمڕانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ڕژێمگەلێکی دژە شۆڕشن، خنکێـنەری ئەو شۆڕشە نوێـیانەن کە لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە، ڕژێمی ئەو هێزانەن کە لەسەر وێرانەی شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەرەوە هاتونەتە دەسەڵات، وەک سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی لەسەر وێرانەکانی شۆڕش لە ئێران لە ساڵی (١٩٧٩). هاتنی ڕژێمی سیسی لە میسر لە ساڵی (٢٠١٣) لە ڕێی لەباربردنی شۆڕشی جەماوەریی لەوێ، ڕژێمی ئێستا لە تونس لەسەر وێرانەکانی شۆڕشی (٢٠١١)، هێزە سەربازی و میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی سودان لەسەر وێرانەکانی بزووتنەوەی جەماوەری شۆڕشگێڕ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەو وڵاتە، ڕژێمی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی ئێستای عێراق لە دوای سەرکوتکردنی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) و ڕژێمی ئەسەد و تاوانەکانی بۆ خنکاندنی سەرەتاکانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە سوریا لە ساڵی (٢٠١١) و ئەوانی تر. ئەمە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەموو دەوڵەتانی کەنداو، وێڕای ئاسایش و بەردەوامی و مانەوەی ڕژێمەکانیشیان بەپلەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکەی ڕۆژئاواوە.

شەپۆلی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار، و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی بێکار و هەموو ئازادیخوازان، بە دژ ئەم هەموو هەلومەرجە بەردەوامە، وە هەر جارناجارێک ئەم شەپۆلە لە ناوچەکەدا سەربەزدەکاتەوە، تا ئاماژە بکات بە پێداویستی بەدیلێکی چینایەتی، کرێکاریانە و سۆسیالیستی بۆ هەموو ئەو شتانەی کە زاڵن.

ئەرکەکە ئەوەیە کە سیستەمەکە بە گشتی بکرێـتە ئامانج

سەرمایەداریی هاوچەرخ بە قەیرانێکی ئاڵۆز و هەمەجۆری ئابووری و سیاسیدا گوزەر دەکات، کە لە زۆرێک وڵاتانی جیهاندا بۆتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی تێکچڕژاو و ململانێی سیاسیی لەسەر بنەمایەکی چیـنایەتی. بۆرژوازی هیچ ئاسۆیەک شک نابات بە ئاسانی لێیان دەربچێت. بەهەمان شێوە بۆرژوا ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و ڕژێمی ئیسرائیلیش، سەرەڕای هەموو شانازییەکیان بە توانا و ملهوڕی سەربازیـیەوە، نەک هەر دوور نیـن لەم قەیرانە کۆمەڵایەتییەی کە لەناو دڵی سەرمایەداریی نیولیبراڵی هاوچەرخدایە، بەڵکو لە چرکە ساتەکانی ئەو قەیرانەدا دەژین. ڕژیمی ئێران وەک ڕێژیمێکی بۆرژوازی دژە شۆڕش، سەرەڕای هەموو ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی کە هەیەتی و ئەو تیرۆریزمەی کە ئەنجامی دەدات، بەڵام لەناو دڵی قەیرانێکی ئابووری قورسدایە کە لە هەمان کاتدا بۆتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی فراوان، و ناڕەزایەتیی جەماوەریی شۆڕشگێڕانەی یەک لەدوای یەک و بەردەوامی لێ کەوتۆتەوە.

ئەو چەوساندنەوە ئابوورییە و ئەو ستەم و هەڵاواردنەی کە چینی کرێکار و ژنان و گەنجان و قوتابیان بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەو سەرکوتە سیاسی و فیکری و فەرهەنگییەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەڵقوڵاوی سیستەمی سەرمایەدارین وەک پێکهاتەیەکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری، وە ئەمانە لە دووتوێی ئەو سیستمەدا بەردەوامن. ئەو چین و توێژگەلە کۆمەڵایەتیـیە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان پێکەوەیە، وە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە پێکدەەێنن، ئەوان هێزێکی کۆمەڵایەتی وەهان کە ئەگەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانیان ڕیزی خەباتی خۆیان یەکگرتوو بکەن، شکستیان پێناهێنرێت.

بەرژەوەندی چینایەتی سەربەخۆی ئەم جەماوەرە، خوازیاری خەبات لە دژی سەراپای ئەو سیستمە، و بەرجەستەکردنەوەی دیدگای سیاسی و فیکریی چینایەتیی سەربەخۆیە لە خەباتی ئێستایان و لە بوارە جیاجیاکاندا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتێکی گشتی دژ بە ڕژێم. یەکەمین شتێک کە لێرەدا پێویستە ئەوەیە ئەم خەباتە لەژێر کاریگەری ئاسۆی سیاسی و فیکریی بۆرژوازی نەتەوەیی و مەزهەبی و نیولیبراڵدا، بەشبەش نەکرێت و نەکرێتە پاشکۆی سیاسەت و پراکتیکی ڕەوت و حزبەکانی ئەو بزووتنەوانە لە ڕێگەی دنەدانی دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینیی و ڕەگەزپەرستی و بەهێزکردنی پیاوسالاری.

ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکە دوای شەڕی پاکتاوکردن لە غەززە

ئەزمونەکانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بەگشتی و بەتایبەتیش ئەوانەی لەم دواییانەدا لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، دەریخستووە کە نەبوونی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییە چەوساوە و ستەملێکراوەکان، وە نەبوونی ئەجێندا و ئاسۆی سۆسیالیستییان بە چەقی پێشکەوتنی ئەم ڕاپەڕینانە و سەرکەوتنەکانیان، وە گەشەنەکردنی ڕەوتێکی مارکسی شۆڕشگێر و بەحزبیکراو و ڕەگداکوتراو لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، ڕێگری کردووە لە سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینانە، تەنانەت بۆتە هۆی پاشەکشەیان و باڵادەستی قۆناغێکی تاریک لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆریەت و هێزی تیرۆریست و میلیشیایی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان و میلیتانتەکان، و داسەپاندنی هەرچی زیاتری نەهامەتی ئابووری و بێبەشی بەسەر جەماوەردا.

لەگەڵ شەڕی جینۆسایدکردن لە غەززە، پرسی فەلەستین جارێکی دیکە، بە قورساییەکی زۆرەوە، بووە بە پرسێکی سەرەکی لە ناوەندی سیاسەت لە وڵاتانی ناوچەکەدا. ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەرفراوانی تووڕەیی جەماوەری هاتۆتە ئاراوە بەرامبەر بە ڕژێمە فەرمانڕەواکان لە وڵاتانی عەرەبی و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و کۆمەڵکوژییەکانیان دەرحەق بە فەلەستینییەکان.

هەموو ئەم پێشەهاتانە یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی کەشێک بۆ بوژانەوەی بیروڕا و سیاسەتی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی و ڕەوتەکانی دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا و باقی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی، ئەمەش دەرگا بۆ ئەو ڕەوت و حزبانە دەکاتەوە کە هەوڵەکانیان ئاراستە بکەن ڕوەو لەباربردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی داهاتووی جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە، لە ڕێگای ڕاکێشانیان بۆ ناو ئەجێندای سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆیان و دوورخستنەوەیان لە گەیشتن بە یەکگرتوویی خۆیان لەسەر بنەمایەکی چینایەتی ئینتەرناسیۆنالیستی و ئازادیخوازانە، کە تاکە گەرەنتی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکانە.

ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی داهاتوو ناتوانن سەرکەوتوو بن بەبێ پێشڕەوی کردن لە ڕاستای جیاکردنەوەی ڕیزەکانیان لە هەموو ڕەوت و بزووتنەوە بۆرژوازییەکان و ئاسۆ نەتەوەیی و ئایینی و لیبڕاڵیـیەکانیان و چوونەپێشەوە لەسەر بنەمای سیاسەت و بەرنامەی چینایەتی سەربەخۆ. ڕێڕەوی گەشەسەندنی مێژوویی بە ڕێڕەوی گەشەسەندنی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا لە ناوچەکەدا گوزەر دەکات، وە هەر ڕێگریـیەک لەمە تۆوی شکستپێهێنانی هەوڵە جەماوەریە شۆڕشگێڕەکانە.

خەبات دژی ئیسرائیل و دژ بە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وڵاتانی ڕۆژئاوا، نابێتە قۆناغێکی خەبات کە ناسیۆنالیستەکان ناوی دەبەن بە “قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی”، بەڵکو بەشێکە لە خەباتێکی چینایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینێکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان و شۆڕشگێڕ، کە پرۆلیتاریایە، تەنها ئەم خەباتە دەتوانێت جەماوەر لە ستەمی ئەم هێزە ئیمپریالیستیانە ڕزگار بکات بە شێوەیەک کە سەربەخۆ بێت لە بۆرژوازی و هێز و ڕەوتەکانی.

تیۆری دوو قۆناغ لە خەباتی سۆشیالیستی، کە لە لایەن حزب و ڕەوتە “ستالینستەکان” و باڵی چەپی بزووتنەوەی نەتەوەییەوە لە وڵاتانێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بانگەشەی بۆ دەکرێت، خەباتی پڕۆلیتاریا دابەش دەکات بەسەر دوو قۆناغدا؛ قۆناغی “شۆڕشی دیموکراسی بۆرژوازی” یان “ڕزگاری نیشتمانی لە ئیمپریالیزم”، وە قۆناغی “شۆڕشی سۆسیالیستی پرۆلیتاری”، بە بیانووی کاڵوکرچی هەلومەرجی بابەتی بۆ خەباتی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا و پڕاتیکە سیاسییە سەربەخۆکانی. ئەم تیۆرە جگە لە تیۆرێکی بۆرژوازی هیچی تر نییە، کە ئامانجی لەباربردنی هەوڵەکانی ڕەنجدەران و بەهەژارکراوانە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لە بۆرژوازی نەتەوەیی بەناو “بورژوازی نیشتمانی” و لە ڕەوتە ئایینی و نیولیبراڵەکان و بەم شێوەیە ڕێگربن لەبەردەمیان لە ڕاستای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن خۆیانەوە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری سۆسیالیستی.

خەباتی شۆڕشگێڕانە لەدژی گشت هێزە جیاوازەکانی ئیمپریالیست و هێزە ناوچەییەکان کە ڕێچکەکانی سیاسەت و ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتییان لە ناوچەکەدا کۆنترۆڵ کردووە، بەشێکە لە ئەرکەکانی هەر ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، وە هەر ئەمەشە کە پرسی فەلەستین و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی لە دیدێکی چینایەتی سۆسیالیستی پرۆلیتارییەوە، دەکاتە بابەتێکی بەرچاو لەکارنامەی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی داهاتوودا.

ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی پرۆلیتاریا لە ناوچەکەدا، لە هەناوی سیستەمی سەرمایەداریی زاڵەوە سەرهەڵدەدەن و ڕووخسارێکی نێونەتەوەییـیان هەیە، چونکە ئەو پڕۆسە شۆڕشگێڕانەیەی کە ئەو ڕاپەڕینانە بەرهەم دێنێت خۆی لە بنەڕەتدا بەزێنەری سنوور نێوان دەوڵەت و نەتەوەکانە و بەم پێیەش زنجیرەیەک لە ڕاپەڕین لەم پڕۆسەیەدا و لە چەند وڵاتێکدا سەرهەڵدەدەن کە بەیەکەوە گرێدراون. لەگەڵ پێشکەوتنی جیددی و چۆنایەتیی بزووتنەوەی کرێکاری و پرۆلیتاریای سۆسیالیستی و مسۆگەربوونی باڵادەستی ئاسۆی سیاسی ئازادیخوازانەی بەسەر هەر ڕاپەڕینێکدا لە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی ناوچەکە، هاندەر دەبێ بۆ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتەکانی تردا.

بۆیە، وەک پرەنسیپێک، تەنیا شۆڕشی سۆسیالیستی پرۆلیتاریای ناوچەکە دەتوانێت هەلومەرجی واقیعیـیانە فەراهەم بکات بۆ چارەسەری ڕیشەیی پرسی فەلەستین و هەموو پرسە نەتەوەییە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە، لەوانەش پرسی نەتەوەیی کورد و پرسی چەوساندنەوەی کەمینەکان و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی تر لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین و ڕەنگی پێست و تاییفەگەری، ئەویش لەسەر بنەمای یەکگرتوویی خەباتی پرۆلیتاریای سۆشیالستی هەموو وڵاتەکان و هاوکاری نێوانیان، هەروەها دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی سیاسی گونجاو بۆ چارەسەری ئەو کێشانە و زامنکردنی ئازادی جەماوەر لە هەڵبژاردنی  سیستەمی سیاسی خۆیان.

کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئێستای ئیسرائیل و گەیشتن بە سەربەخۆیی سیاسی بۆ فەلەستینییەکان، لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی سۆسیالیستی فیدراڵی باڵادەست لە ناوچەکەدا، ئەوەیە کە ماف و ئازادیی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دەستەبەر دەکات و زەمینەی ژیانێکی هاوبەش و ئاشتیانەی هەمیشەیی فەراهەم دەکات.

بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە، (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ئەم ئەرکانە دەگرێتەبەر:

  1. درێژەدان بە خەبات شانبەشانی چینی کرێکار و هەموو هێزە سۆشیالیست و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانی جیهان و ناوچەکە، بە مەبەستی ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەڕ و جینۆساید لە غەززە و فەلەستین.
  2. هاوپشتی لەگەڵ خەباتی سەربەخۆی جەماوەری ستەملێکراو لە سەرتاسەری فەلەستین، لە بەرامبەر زوڵم و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئەو تاوانانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی ئەوان ئەنجامی دەدات و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئەم خەباتە بە شێوازێکی سەربەخۆ لە هەموو ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان.
  3. خەبات لەپێناو هێنانەدی بەهێزترین پەیوەندی ئەنتەرناسیۆنالیستی نێوان خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕزگاریخوازان لە هەردوو لای فەلەستین و ئیسرائیل و لەسەر ئاستی ناوچەکەش بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل لە فەلەستین و هەموو خاکە داگیرکراوەکان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی لەسەرکاری ئێستا بە هەموو شێوەکانییەوە، لەگەڵ دابینکردنی مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی فەلەستینی.
  4. خەبات بۆ چارەسەری پرسی فەلەستین لە ڕوانگەی بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی خەباتی سۆسیالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە فەلەستین و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی مافی جەماوەر لە فەلەستین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و شێوازێکی گونجاو کە دەیگرێتەبەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچونە ئەنتەرناسیۆنالستیە بۆ ئەوەی هەمووان بە ئاشتی بژین.
  5. کارکردن بۆ بەهێزکردنی خەباتی پرۆلیتاریا و جەماوەری ڕەنجدەر و بەهەژارکراوان و  ئازادیخوازان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیهان، تا ببێتە خەباتێکی نێونەتەوەیی کاریگەر لە دژی زلهێزە ئیمپریالیست و ناوچەییەکان و هەژموون و دەستێوەردانی سەربازییان لە وڵاتانی ناوچەکەدا.
  6. خەبات بۆ پەرەپێدانی ڕەوتێکی مارکسیستی بەهێز و کاریگەر، کە هێڵی شۆڕشی سۆسیالیستی و ئەنتەرناسیۆنالستی گرتبێتە بەر لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە، و دۆزینەوەی پەیوەندییەکی نێونەتەوەیی یەکگرتوو لە نێوانیاندا لەسەر بنەمای پیادەکردنی تیۆری و بەرنامەی مارکسیستی و دەستبەکاربوونی عەمەلی لە ڕیزەکانی خەباتی پرۆلیتاریدا.
  7. کارکردن لەپێناوی ئەوەی بزووتنەوەی کرێکاری لە هەر وڵاتێک لە وڵاتانی ناوچەکە بتوانێ ڕۆڵی پێشەنگی خۆی بگێڕێ لە خەباتی جەماوەری بەهەژارکراو و چەوساوە و ئازادیخواز و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانیان.
  8. کارکردن لەپێناو سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و ئەنتەرناسیۆنالستی ژنان لەسەر ئاستی ناوچەکە، کە ئاسۆی سیاسی شۆڕشگێڕانەی سۆشیالستی بگرێتەبەر، و خەباتێکی پەیگیرانە بکا لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی ژنان.
  9. کارکردن لەپێناو پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لاوانی ئازادیخواز لە ناوچەکەدا کە خەبات بکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی لاوانی کچ و کوڕ بۆ دابینکردنی کار و خۆشگوزەرانی و ئازادی و داهێنان.
  10. یەکخستنی هەڵسوڕاوانی هێڵی پرۆلیتاری شۆڕشگێری سۆشیالیستی لە هەموو ڕاپەڕینەکان و خەبات بۆ باڵادەستکردنی ئەو هێڵە لەناو ڕاپەڕینەکاندا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق، ڕەوتێک و پەلێکە لە بزووتنەوەی پرۆلیتاری سۆشیالیستی جیهانی، بەردەوام دەبێ لە خەباتی پەیگیری خۆیدا بەمەبەستی دەستەبەرکردن و گەیشتن بەو ئەرکانەی سەرەوە و ئامانجە کۆمۆنیستییە ئازادیخوازەکانی لە ناوخۆی عێراقدا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ڕێکخراوکردن و یەکگرتووکردنی خەباتی چینایەتی کرێکاران ئەرکی هەرە دەستبەجێـیە

کرێکارانی جیهان یەکگرن! بەبۆنەی یەکی ئایارەوە   یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران و ...

برسی کردنی خەڵکی کوردستان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان، مایەپووچی و ڕیسوایی دەسەڵاتە لە هەرێم

یەک شەممە (٢٤-٣-٢٠٢٤) مامۆستایان و فەرمابنەران لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و ...

(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا

شیرین عەبدوڵڵا سیستەمی سەرمایەداری لە ئێستادا بە یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین قەیرانە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت. ...

خۆشباوەڕی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پێدانی مووچە، و کەوتنە ژیر کاریگەری پڕوپاگەندەی هێزەکانی دەسەڵات لە هەرێم، خزمەت بە بەرژەوەندی جەماوەری ناڕازی ناکات

گفتوگۆی ڕۆژنامەی ڕەوت لە گەڵ موئەیەد ئەحمەد ئەنجامدانی گفتوگۆ: جەمال کۆشش ڕەوت: سوپاست دەکەین هاوڕێ ...

ئەم دەسەڵاتە، سی و دوو ساڵە سەرچاوەی کارەساتە

نەوزاد بابان: [ڕەوت: ئەمەی خوارەوە کورتەیەک لە وتەکانی هاوڕێ نەوزادە لەناو خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە ...