توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش

کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس

 

کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی هەرە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارە لۆکاڵی و نێونەتەوەییەکانی ئەمڕۆی جیهان بە کۆکراوەیی لەنێو سیرکوسێکی ئاهەنگی شاهانەدا دەبینی. ئەمساڵ،٦٠ (سەرۆک و سەرۆکوەزیران) ، ٢٠٠ وەزیرەکان، لە ١٠٠ دەوڵەت و هەشتایان بە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، ٨٠٠ بەڕێوەبەر لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەک و دجیتاڵی، نێوەندە گەورەکانی سەرمایەی پولی نێونەتەوەیی و بانکەکان و بازرگانی و زانکۆجیهانیـیەکان بەشداربوون.

چارەسەری ئاشتی بۆ شەڕە خوێناوییەکان “ئۆکرانیا و غەززە”، بێ هیچ پەڕەیەکی ڕاسپێردراوی گشتی کۆتایی هات. فلافدمیر سیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مەرجی کۆتایهاتنی شەڕەکەی بە سەرکەوتن بەسەر فلادمیر پۆتین بەستەوە ، نوێنەرایەتی بۆرژوازی ڕوسیاش لە بەشداری کۆڕبەندەکە بێبەشکرابوون. “ئەوان نەک بەیەکەوە، بەڵکە بەدوای یەکدا قسەیان کرد، ئیسحاق هیرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل:  ئیران ئەبێت لە پشتیوانی تیرۆریستان بوەستێنرێت.  وەزیری دەرەوەی ئێران، حسین ئەمیر:  قەوارەی زایۆنی پێویستە لەسەر تاوانکاریـیەکانی لەغەززە، سەرنگون بکرێت، زیاتر شانۆی خۆنواندن بوو، لە باخچەی ئاژەڵان دەچوو”. ١

مەرجانە سپۆلیج ئیگگەر، خانمە سەرۆکی خاچی سوری نێو دەوڵەتی، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ” زیاتر لە ١٠٠ شەڕی نێوان هێزە دوژمنە دژ بەیەکەکان لەگۆشە جیاوازەکانی جیهاندا بەرپایە”، بەڵام خاچی سور ناچارە سەدا ٢٠ کارمەندەکانیان بەهۆی بێپارەییەوە لەکارەکانیان دەربکەن.٢

” لە مانگی ٤ی ٢٠٢٣ دا ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی جیهانی کە بنکەکەی لەستۆکهۆڵمە (سپیری) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، بەپانتایی جیهان کەرەستەسەربازییەکان بۆ (٨)ەمین جار لەسەر یەک بەرز بوەوە، بەجۆرێک بەبەهایی.٢،٠٦ بلێۆن ئێرۆ، تفاقی جەنگی کە دەکاتە ٢.٢ تێکڕایی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی جیهانی کڕدراوە. ژەنەراڵ پێرشیل، سەرۆک ئەرکانی هێزی چەکداری فەرەنسا هۆشداری دەدا لە (گەڕانەوەی دراماتیکی شەڕەگەورەکان کە بۆتە ئامرازی یەکلاکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان، لەم شەڕانەدا بەجۆرێک توندوتیژی بەکاردەهێنرێت کە سنوری هەموو مۆڕاڵێک و یاسایەکیان شکاندووە، لەکاتێکدا ئینسان بەڕاستی وا هەستی دەکرد کە تەنها لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمارکرابن).٣

جیهان لە کێبڕکێی خۆ پڕ چەککردندایە، وەزیری مالی ڕوسیا، ئەنتۆنی سلیناوف (هەموو لە پێناو بەرەکانی جەنگ، هەموو لە پێناو سەرکەوتن)، ١٠٩ ملیارد ئۆیرۆ کە دەکاتە سەدا ٦ ی تێکرایی بەرهەمهێنانی نشتمانی ڕوسیا بودجەی پەسەند کرد. ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مۆدێرنیزەکردنی دامەزراوەی بەرگری ١٠٠ ملیارد ئۆیرۆی وەک دابینکردنی بڕە پارەیەکی تایبەت تەرخانکرد. ئەمەریکا بەتەنها سەدا ٤٠ ی چەکی جیهان دابیندەکات، سعودیە و قەتەر و میسر سێ دەوڵەتە یەکەمەکانی کڕیارەکانی کەرەستە سەربازییەکانن. ٤

بۆ تێگەیشتن لە دیمۆگرافی جێوپۆلەتیکی گڵۆباڵی ئەمساڵ، وردبوونەوە لە  پێکهاتەی کۆڕبەندی داڤۆس، نەخشەیەکی بەسودە. بەشداربوانی کۆڕبەندەکە، لەبارەی ئەم خۆپڕ چەککردنە جیهانییەوە، بێدەنگەیان هەڵبژارد، وەک ئەوەی بەرهەمهێنانی زۆرترین چەک، ئارامی بۆ مرۆڤایەتی بێت.

 

مانفێستی کەپیتاڵ

ساڵی ٢٠٠١ کتێبی مانفێستی کاپیتاڵ لە نوسینی “جوهان نوربیرگ” بڵاوکرایەوە، لەو کتێبەدا بازاڕی ئازاد و ئازادی بازرگانی و کەمکردنەوەی گومرگ، وەک زامنی گەشەی مرۆڤایەتی و دابینکردنی هەلی کار و کۆتایهێنان بەهەژاری ناسێنراوە. لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسیشدا، پلانی ئابووری بۆ جموجۆلی سەرمایەی جیهانی و مۆنۆپۆلی بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ئازاد و لێهاتوویی کێبڕکێی کۆمپانیاکان دادەڕێژن، ئەم ڕێباز و شیوازە سەرمایەداری بەرەو ڕێگایەکی داخراو و پڕ مەترسی گەیاندووە. جیهانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو پرۆسەیەیە و شەڕ و برسێتی و دواکەوتیـیە کلتوریـیەکان و نەخۆشیەکان و چەوسانەوە و ئەزمە ئیکۆلۆژییەکان و کارەساتە ژینگەییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام، کە زیرەکانە تەوقیتەکەیان هەڵبژارد، هاودەمی کۆڕبەندەکەدا بڵاوییان کردەوە، ٥ کەس لە دەوڵەمەندەکانی جیهان سەرمایەکەیان لەماوەی کەمتر لە دەیەیەک دوو ئەوەندە  بووە، لە ٤٢٠ ملیارد دۆلارەوە بوە بە ٨٦٥ ملیارد، لەکاتێکدا ٧٠٠ ملیۆن کەس داخزاون بۆ هەژاریەکی کوشندە، ڕۆژانەیان بە تەنها دوو دۆلار و ١٥ سەنتە. کەمتر لە دەیەیەک بلیۆنێرمان دەبێت، بەڵام بە ٢٢٩ ساڵی تر دەتوانین هەژاری لە نێوبەرین! لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم نایەکسانیـیە هەرگیز و هیچ کات بەم قەبارەیە نەبووە.٥

بۆ یەکەم جارە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا، هەژارییەکی سامناک و خاوەن سامانێکی یەکجار گەورە کێرڤیان بەیەکەوە هەڵدەکشێن. لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٦ بلیۆن دۆلار (٦٣ لەسەدا) تەنها چۆتە باخەڵی سەدا یەکەوە، لە کاتێکدا ١٦ بلیۆن دۆلار (٣٧) لەسەدا بۆ باقی دانشتوان بووە. ئەم پێشهاتە مێژوویـیەیی دەیەی گەشەی کەڵەکەبوونی سەرمایە، لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا، ژمارەی ملیاردێرەکانی دوو قات کرد. لەهەمان کاتدا لە حاڵی ئێستادا ١.٧ ملیارد لە کرێکاران، مەمرەومەژی لەو وڵاتانەی هەڵائاوسان تیا بەرزە دەگوزەرێنن، ٨٢٠ ملیۆن کەس یانی هەر یەک لە دەکەس لەسەر ڕووی زەوی برسی و هەژارن و ژنان و کچان لە سەدا ٦٠هەژاران  پێک دەهینن. ئۆکسفام ڕوو لە بانکی جیهانی دەکات و بەم وشانە دەنوسێت: (ڕەنگە ئێمە لەسەردەمێکدا بژین کە گەورەترین نایەکسانی و هەژاری لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە ببینینەوە)

هەندێک لە وڵاتان بەتەواوی لە لێواری مایەپووچی دان. لە کاتێکدا ووڵاتە هەژارەکان چواربە قەد ئەو پارەیەی بۆ بواری تەندروستی تەرخانی دەکەن، پارە بە خاوەن قەرزەکانیان دەدەنەوە. چوار لە پێنجی دەوڵەتەکان پلانی دەستگرتنەوەیان هەیە بەبڕی ٧.٨ بلێۆن دۆلار لە کەرتە فەرمیەکانی بواری ڕێگاوبان پەروەردە و تەندروستی. ٦

ئەم سیستەمە وەک ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام نێوی ناوە “مەکینەی بەرهەمهێنانی نایەکسانی”، لە ئاکامدا دەستکورتەکان هەژارتر و زەنگینەکان دەوڵەمەندتر دەکات. بەینی مرۆڤ بە سروشتەوە، فۆرمێکی چەوسێنەرانەی هاوشیوەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانی پێدەدا و ناهێڵێت و ناتوانێت پابەندی کەمکردنەوەی گەرم بوونی زەوی و کەمکردنەوەی گازی سیئۆتۆ (CO2) بێت.

“دە دەوڵەمەنترین پیاوەکانی جیهان توانیان لە کاتی کۆرۆنادا، سەرمایەکەیان دوو قات بکەن، لە هەمان کاتدا لانی کەم ١٣ ملیۆن لە ژنان، کار و داهاتیان لە دەستدا، ٢٠ ملیۆن لە کچان بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانیانەوە، جارێکی تر ناتوانن دەست بەخویندن بکەنەوە. بەهۆی هەڵئاوسانەوە ماددە خۆراکیـیەکان و کۆمپانیاکانی ووزە، قازانجەکانیان زیاتر دوو قات بکەن. ٨٤ لە سەدای ٣٠٦ ملیاری دۆلاری ئەمەریکی بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەشبکرێن. بەمجۆرە دەوڵەمەندەکان هەر دەوڵەمەندتر دەبن تەنانەت لە کاتی قەیرانەکانیشدا، وە هەژارەکانیش هەژارتر دەبن. سەدا حەفتای ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کاریان لە دەستداوە، ژنانن. ٧

 

ئیکۆلۆژی و شێوازی بەرهەمهێنان، ئیکۆسۆشیالیستی و سیستەمی گەرمی زەوی

پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و تاڵانکردنی ماددە سەرەتایـیەکان (سروشت) و هەژارکردن و وێرانکردنی ژینگە و گەرمبوونی سیستەمی زەوی هەیە. ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ خوێنەرانی کوردزمان لە چاو ئەوروپایی و ئەمەریکییەکان سەرەتا بێت. بۆیە  زۆر گرنگە لەنێو کۆنتێستی کۆڕبەندی داڤۆسدا و بە فێڵی ئەوەی “کاپیتالیستی سەوز” دەتوانێت کارەساتی ژینگەییەکان تێپەڕێنێت سەرنجبدەین.

ڕەوتێکی نوێ لە نێو بزوتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی بە پشبەستن بە میتۆدی مارکسی، لە تەقالای ئەوە دایە لەنێو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراواندا کە ئەمڕۆ لەبەرامبەر نابودکردنی ژینگەی جیهان و گەرمبوونی سیستەمی زەوی بەڕێکەوتوە، دەرکەوتنی ئەم مەترسیانە پەیوەند بکات بە هۆشیاری تیوری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریـیەوە. ئەم ڕەوتە  متمانە و پشتیوانیەکی فراوانی لەنێو لاوانی ئەوروپا بەدەستهێناوە. تیۆریسیۆنی بە هێزی  مارکسیستی بۆ پەیدا بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەر لە دەوروبەری کۆربەندی داڤۆس بڵاوکراوەتەوە،  ١٤،٥ ملیۆن مردن و١٢.٥ بلیۆن دۆلار زیانی ماددی  بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕوودەدات  کە بەزۆری ژنان و کەمدەرامەتەکان دەگرێتەوە.٨

دە لە سەدی دانشتوانە دەوڵەمەندەکەی گۆی زەوی، سەدا پەنجای تاهاب (گازسی ئۆتۆ و میثان و ئۆزۆن)، دروستدەکەن.

(بەتایبەت کێشەی ئاو، لەکاتێکدا نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ساڵێکدا، مانگێک لەژێر بێ ئاوی بەهێزدا ئازار دەچێژن، ئەوناوچانەی  بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی سیستەمی زەوییەوە کە (٣.٣) ملیارد ئینسانی تیا دەژی، بەهۆی بیابانی و گوڕەوتۆفانەوە، ڕادەی مردن ١٥ جار زۆرترە لەهەر جێگایەکی تر،… لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەر ساڵێک ٢٠ ملیۆن کەس  بە هۆکاری گۆڕانی ئاوهەوا ناچارن کۆچ بکەن…)٩

زۆربەی جیۆلۆجیـیەکان بۆ ئەوە دەچن کە زەوی لە سەرەتای دەورەیەکی نوێدایە و لە ئاکامی مامەڵەی ئینسانەوە ئەم ئاڵوگۆڕە پەیدابووە. بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و زۆری تاهاب، توانەوەی خێرایی بەستەڵەکەکان، و شکبوونی ڕوبارەکان، تاڵانی کەرەستەکانی سروشت لەلایەن دەولەتانی ئیمپریالیست و قەیرانی وزە و ڕژاندنی ئەم هەموو ژەهرە، مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیەکی جددیدا ڕاگرتووە. دواکەوتن هەڵناگرێت و گەڕانەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ پێش شۆڕش پیشەسازی و شۆڕش لە پێناو ڕاگرتنی ئیکۆلۆژی و ژینگەی پاک، پێویستە سیستەم بگۆڕین نەک ژینگە.

نوسینەکانی مارکس لەسەر پەیوەندی ئینسان بەسروشتەوە و میکانیزمی کاری ئینسان و بوونەوەرێکی بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی، وە بەشداری ئینگلس لە زانستی دیالەکتیکی سروشت و پەیبردن بە ئۆرگانیکی سروشت، لە کتێبی ئەنتی دۆهرینگدا بەتایبەت، دەتوانین بە سەرەتاییەکی  تیوری گرنگ بۆ ناکۆکییە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.

سیانزە تێزەکەی میشێل لۆڤی سەبارەت بەستراتیژی ئیکۆسۆشیالیزم و کتێب و نوسینەکانی کرستیان تسیللەر لەسەر بزوتنەوەی ئیکۆسۆشیالیستی و سەدان نوسەر و هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ئاسۆیەکی تر دەنێنە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئاسۆی ڕزگاری لە هەژاری و نایەکسانی هاوپشت و هاوکاتە لەگەڵ شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی سروشت لە چاوچنۆکی و تاڵانی سەرمایە.

(نوێنەرانی سەرمایە و ڕژێمەکانیان، وەها زیندانی نێو لۆجیکی توانای  ململانێیکانن بۆ مانەوە، نە دەیانەوێت و نە لەو پێگەیەشن بتوانن بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکاربردن، زیانەکانیان وەها کەمبکەنەوە کە  پلەی گەرمی زەوی بۆ ١.٥ پلەی گەرمی سیولی کەمبکەنەوە. ڕێگا مەدەن با لە پێشدا ئاوهەوا زرگاربکەین و ئینجا دواتر و لە کۆتاییدا لەدژی ستەم و چەوسانەوە خەبات بکەین)١٠

ئێکۆسوشیالیزم، پەیوەندی ئینسان بە سروشتەوە، ڕێکدەخاتەوە لەسەر بنچینەی ڕزگارکردنی کار لە چەوسانەوە. قەیرانی ئاو لەناوچەکە و بەتایبەت لەعێراق و پیسبوونی ژینگەی شارەکان، بەشێکە لە گەشەی سەرمایە و هۆکاری هەژاری جەماوەرە.  ئەم وتارە  هەوڵێکی بچووکە بەو ئاڕاستەیەدا.

مانگی یەکی ٢٠٢٤

-*-*-*-*

1-der Bund.leitartikel , page 15, 19.01.2023

2-WOz.Nr 4.25.jaunuar.2024

3-Le Monde diplomatique.januar 2024,Annete Hug.

4-هەمان سەرچاوەی پێشوو

5&6-Nzz.20.01.2024 , bewegung fur sozialismus.

7-flamende magazine ausgabe 5 Herbst 2023

8-woz,Nr 3,janaur 2024

9-okosozialismus ,Daniel tanuro , page 41

10-okosozilsmus.position des Klassischen Marxismus.page  95

 

ئەم ووتارە لە ژمارە 27ی ڕۆژنامەی ڕەوت بڵاو بۆتەوە- لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە: ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە ...

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...

 گۆڕان، لەناو (وەهمی)  گۆڕان!؟

عەبدوڵا ساڵح ئەنشتاین دەڵێ: شێتی ئەوەیە؛ چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ بی لە تاقیکردنەوەیەک کە پێشتر ...