برسی کردنی خەڵکی کوردستان و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان، مایەپووچی و ڕیسوایی دەسەڵاتە لە هەرێم
یەک شەممە (٢٤-٣-٢٠٢٤) مامۆستایان و فەرمابنەران لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و دوو شەممەش لە سلێمانی خۆپێشاندان کرا؛ دژی پێندانی مووچە، و خۆپێشاندەران ناڕەزایەتی خۆشیان دەربڕی بەرامبەر “هەژماری من”ی حکومەتی هەرێم. هەروەها لە هەولێریش هاشتاگی “دەسەڵات کوا موچەکەم” ڕاگەێندرا.
بڕیار بوو خۆپێشاندانەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، ڕووبکاتە ئۆفیسی سەرکردایەتی (یەکێتی) لە دەباشان، بەڵام دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی ئەم حزبە بە هەڵمەتێکی داپڵۆسێنەرانە هەڵسان بە گرتنی زوربەی هەڵسوڕاوان کە دواترئازادیان کردن لە هەمان ڕۆژدا.
ماوەی (٧) مانگی ڕەبەقە، موچە و مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەنێوان هەردوو دەسەلاتی هەوڵیر و بەغدادا گیریخواردووە و جەماوەری برسی کراویان بە بەبارمتە گرتووە. هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئەم مافە سەرەتاییەی موچەخۆرانی کوردستان بۆتە مایەی سەرهەڵدانی خەباتێکی چینایەتی فراوان کە کاریگەری خۆی بەجێهێشتووە لەسەر تەواوی ڕەوەندی سیاسی و هاوسەنگی چینایەتی لە کوردستان.
حکومەتی هەرێم وەک پیشەی هەمیشەیی، چەندین چەواشەکاری و فێڵ و تەڵەکەی بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە دابینکردنی ئەم ماف و داواکارییەی موچەخۆران و لە هەزار لاوە گەمارۆی ناڕەزایەتییەکانی داوە و سەرکوتی جەماوەری ناڕەزی کردووە. لەبەرامبەر سەدان هەزار مامۆستا و موچەخۆر و خانەنشین و کەمئەندامان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، نەک هەر کەمترین ڕێزی بۆ دانەناون و بەتەنگ داواکارییەکانیانەوە نەچووە، بەڵکو شێوازی جۆراجۆریشی داهێناوە لە سەرکوتکاری و بێ ڕێزی و ناوزڕاندنیان لە ڕێگەی میدیاکانی دەسەڵاتەوە.
سەرکوت و زیندانیکردنی مامۆستایانی ناڕازی نیشانەی ئەوپەڕی مایە پووچی سیاسی و ڕیسوایی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری (یەکێتی) و (پارتی)یە بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان.
جەماوەری ناڕازی کوردستان ناگەڕێنە دواوە لە خەبات بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان بۆ موچە و پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و خۆبەخش و گەڕاندنەوەی دەرماڵە و یەکسانکردنی بیمە کۆمەڵایەتیەکان وەک ناوچەکانی تری عێراق. ئەم خەباتە تا هاتووە بەهێزبووە و پێشڕەوی گەورەی تۆمار کردووە، هیچ سەرکوتێک و زیندانیکردنێک ناتوانێت دەسەڵات لە دابینکردنی ئەم خواستانە قوتار بکات.
مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە، بۆ بەچۆکداهێنانی هەرچی زووتری ئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر خواستەکانیاندا، پێویستیان بە هاتنەمەیدانێکی هەرچی زیاتر یەکگرتوو و ڕێکخراوتر و ئاسۆدارتر هەیە کە تەواوی سیاسەتە چینایەتییەکانی ئەم دەسەڵاتە دژە جەماوەرە بکاتە ئامانج.
سەرکۆنەی سەرکوت و زیندانی و ڕاگرتنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان دەکەین لەیەن دەسەڵاتەوە.
سەرکەوتوو بێت خەباتی مامۆستایان، کارمەندان و فەرمانبەران، کرێکاران و کەمئەندامان و خانەنشینان
ڕۆژنامەی ڕەوت