چاوپێکەوتن لەگەڵ جەمال کۆشش. – لە یادی هاوڕێ ئاراس و خۆپێشاندانەکەی تەمووزی ١٩٩١دا -*

آراس مولود

رەوت: خۆپیشاندانی (١٧\٧\١٩٩١)، لە شاری هەولێر، بۆ ڕۆژی دواتریش لە شاری سلیمانی، تێکشکانی یەکجاری ڕژێمی بەعس وپێێچانەوەی دامودەزگا سەرکوتگەرییەکانی لەتەواوی کوردستاندا، مێژووییەکی پرشنگداری خەباتی جەماوەرییە، هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەودەم، ڕۆڵیکی گرنگ وچارەنسوسازییان لەو هەڵشاخانە کۆمەڵایەتیانەدا بینی، لەو نەبەردەو لە هێرشی جەماوەر بۆ سەر باڵەخانەی پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ (ئاراس مەولود)، کادری (رەوتی کۆمۆنیست) تیا گیان لەدەستدا دەدا، دەتوانیت لەو بارەوە، بارودۆخی خۆپێشاندانەکە و ڕۆڵی هاوڕێ ئاراس و چۆنیەتی گیان لەدەستدانەکەیڕوونکردنەوەی ووردتر بدەی”؟


جەمال کۆشش: یادی ئاراس، یادی ناڕەزایەتی وکۆبونەوەکانی کرێکارانی شارەوانی، کرێکارانی ڕستن و چنین و کارەبایە، یادی گەڕەکە هەژارەکانی تەیراوە و کوران، یادی شۆڕشگێڕی و جەربەزەیی وئامادەییە بۆ دەستدانە چەک وهەڵشاخان بەڕووی ستمەکاری، هەژاری و بێکاری، بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوە.


کۆمەڵگای ئەو دەمی کوردستان وعێراق، لە ڕەشترین رۆژگارەکانیدابوو. پاش ئەوەی خەڵک لە ئاوارەبونێکی ملێۆنی بەرەو سنوورەکانی ئێران وتورکیا، خۆی لە کوشتاری بەکۆمەڵ ڕزگارکردبوو. هەر ئەو دەم خەڵک لە نێو تاشە بەردوکەندوکێوەکاندا،لاشەی کۆرپەکانی دەناشت، پەککەوتەکانی بەسەر شانەوە بوو، ماڵ وحاڵی لە ژێر چادر و ناو مزگەوت وبندیوارەکان بوو، سەرانی بەرەی کوردستانی، ژێر بەژێر لەڕێگای وەفدەکانەوە، وەک لە نامێلکەی بیرەوەرییەکانیاندا هاتووە، بە نێوەندگیریی موکرەم تاڵەبانی کەوتبونە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی بەعس، خەڵک ووردە ووردە بەناچاری وبەبێئومێدی گەڕانەوە نێو شارەکان، لەو ماوەیەدا، هەندێک بەڕێوەبەرایەتی هاوبەشی بەرەی کوردستانی وحکومەتی بەعس پێکهاتبوو. هەروەها لەو ماوەیەدا هیچ کاروکاسبیەک نەبوو. نرخەی شتومەکەکان بەرزبونەوە و گرانیەکی تۆقێنەر وەک کابوسێکی خنکێنەر لەگەردنی ژیانی هەزاران هاوڵاتیدا ئاڵابوو. لانی کەمی خزمەت گوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، نەخۆشخانەکان،… بۆ نزمترین ئاست دابەزی بوو. توندوتیژی وماڵبڕین ونائارامی شاری وێرانکردبوو، ئۆردوویەک لە دەسگێڕ وعەرەبانچی وکاری مەمرەومەژی پەیدا بوو. لەو لاشەوە (پیاوە شۆڕشگێڕەکانی کوردایەتی؟)، کەوتنە ئاودیوکردن وتاڵانکردنی هەرچی پارەی کردبا، گومرگ وسەرانە، دزی وڕاورووت و ڕێگری وەک پیشە وپسپۆڕی لێهاتبوو.


لەگەڵ ئەوەشدا کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بە خەستی لەژێر بۆردومانی میدیاو فەلسەفەی کۆتایی کۆمۆنیزم ووسەرکەوتنی بۆرژوازیدا بوو، وە لە ئاستی لۆکاڵیشدا، لە نێو ژینگەیەکی زۆر کۆنەپەرست دا هەڵدەسوڕا، بەڵام چەپ و کۆمۆنیزمی ئەو کاتەی کوردستان توانی ڕۆڵێک لەناو ئەو ڕووداو و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەدا.بگێڕێ.هەڵسوڕاوان بە ئازایەتیەکی بێوێنەو گیانفیدایی ولە خۆبوردووییەکی ماندونەناسانەوە، بە ئومێدێکی ئامانجدارانەوە بەگەرمی خەباتیان دەکرد.ئاڵای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس وەک پیشمەرجی هەر ئالوگۆڕێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی بەرزکرابۆوە، لەبەرامبەر ناسیۆنالیزم وپشتبەستنی (بەرەی کوردستانی) بەوڵاتە ئیمپریالیستەکان، ئەنتەرناسینالیزم و هاوپشتی نێو نەتەوەیی ڕاگەیاند و بۆ چارەسەری هەژاریوئاوارەیی وبەدژی ئابڵوقەی ئابوری وەستایەوە و(کار، نان،ئازادی) پەرچەمی تێکۆشانەکانی بوو.


دەمەوێت ئەوە زۆر بەڕاشکاوی بە خوێنەران بگات، کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕێکخراوی (رەوتی کۆمۆنیست) دوای تێکشکاندنی ڕژێمی بەعس لە کوردستان، تاکە هێزی ڕکەبەری سیاسی لە بەرامبەر(بەرەی کوردستانی). بوو.هێرشەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بۆ سەر هەڵسوراوان وبنکەو بارەگاکانی (رەوتی کۆمۆنیست) لە ناوچەی بادینان، هێرشە چەندین جارەکانی (یەکێتی) بۆسەر بنکەی (رەوت) لە هەڵەبجەو ڕانیە. دەرگیری و کێشمەکێش وپێکدادان لە نێو شاروشارۆچکەکاندا، لەسەرانسەری کوردستان، لە شەقڵاوە و چۆمانەوەبیگرە تا نێو ڕانیە، بەبەردەوامی هەڕەشەی لەنێوبردنمانیان دەکرد. کەمینیان دادەنا بۆ تیمە ئاژیتاتۆرییەکانمان کە لە بنکەی ڕانیەوە بڵاودەبونەوە، خەڵکی شەڕانگێزیان دەنارد بۆ نێومان. چەندین گروپ لەوانە هاوڕییانی گروپی(ئینقاز) و (هێڵی مارکسی) کە کۆمەڵێک پێشمەرگەی (پارتی گەڵ) بوون دەیانویست پێمانەوە پەیوەست.لەبەر هۆکاری ئەمنی و کێشەی ناجێگیری نەتوانرالەناو ڕیزەکانی (رەوتی کۆمۆنیست)دا جێکەون و ببنە بەشێک لە باڵی عەلەنیکارەکەی.


ڕەنگە لە باسی وەڵامدانەوەکەتان واوەتر چوو بم، بەڵام بۆ ئەوە کە تیگەیشتنێکی ووردتر لەو بڕگە مێژوییە بدەین بەدەستەوە، لانی کەم ئەوە ڕوون بێت، کە ناسیۆنالیزمی کورد، تەنها کاتێک کە توانی بە زەبروزەنگ وتیرۆروکوشتار، کاریگەری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەر کۆمەڵگا کەمبکاتەوە، هەژمون ودەسەڵاتی خۆی داسەپاند.


بەهۆی ئەوەی کە من لە بەشی عەلەنیکاری(رەوت) بووم، کەمتر ئاگاداری ئەوچالاکی و ئامادەکاریە نهێنیانە بووم کە بەشی نهێنی کاری (رەوت) و گروپ وهەڵسوڕاوانی تری بزوتنەوەکە بۆ خۆپیشاندانەکە خەریکی بوون. ئێمە لە (بنکەی رەوت)، لە شارۆچکەی ڕانیە ، چوار (٤) هاوڕێ(جەمال کرێکار، مام ڕەحیم، ئاراس ومن) ئەو ئەرکەمان پێسپێردرا کە بەشداری لەو هەلسان وخۆپیشاندانە جەماوەرییەدا بکەین کە لە (١٧تەموزی ١٩٩١)دا لە هەولێر بەڕێوەچوو.


دیارە هاوڕێیانی دیش لە بەشی نهێنی (وەک سەمیر نوری ،…) بەشداری کاریگەر و جددییان هەبوو. جگە لەوەی (رەوتی کۆمۆنیسیت) بە هۆی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و ژنان و چالاکانە تێدەکۆشا بۆ کۆتایهێنانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان، شەخسیەتێکی سیاسی خۆشەویستی پەیدا کردبوو.. (رەوت) لە کارگەکان و نێوەندە کرێکارییەکانی ئەو دەم، لەنێو جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستاندا ئۆتۆریتە و سەمپاتی و لایەنگرییەکی زۆری هەبوو، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ڕۆژی پێشتر ئێمە لە نێو شاری هەولێردا، کەمپینێکی سەرکەتومان لە زۆربەی گەڕەکەکاندا بەڕێوەبردبوو.


هاوڕێ ئاراس، هەر خۆشنووسێکی بەهەرەمەند نەبوو، هەڵسوڕاوێکی مەیدانی کرێکاری وسیمایەکی یەکجار خۆشەویستی نێو کرێکاران وهاوڕێێانی (رەوت) و خێزانەکەشی بوو. وە لە نێو (رەوت)یشدا چەندین ئ بەرپرسیارەتی جۆراوجۆری گرتبووە سەرشان، ئەو بەرپرسی سەربازی تیمە چوار کەسەکەمان بوو، بەداخەوە ئەو وەک دەبوو، لە جێگایەک کۆببینەوە، ئارامی نەگرتبوو، وە لە ڕیزی پێشەوەی هێرشبەرەکاندا بوو بۆ سەر بنکەی پاڕێزگای هەولێر ولە یەکێک لەو هێرشبردنانەدا، کە هێزەکانی ڕژێمی بەعس خۆپێشاندەران دەدەنە بەر دەستڕێژ، گولـلەیەک بەر دەموچاوی دەکەوێت ویەکسەر گیان لەدەست دەدات. کارەساتی گیانلەدەستدانی ئاراس، وەک باری تایبەتی خۆم، هەموو خۆشیی تێکشکاندن و هەڵپێچانی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس و کشاندنەوەی لە کوردستان لە بیربردمەوە.


ئەو خۆپێشاندانە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەبوو، کە خۆپێشاندەرانچەکیشیان پێبوو، وە چەکی جۆراجۆری تیا بەکاردەهات، لە ئارپی جی وبیکەسیەوە بیگرە تا دەمانجەوگازپژێن.لە چەندین لاوە پیکدادان بەردەوام بون..


شکستپێهێنان و دەرپەڕاندنیڕژێمی بەعس لە کوردستان بەدەستپێشخەری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، وە بە خەباتی جەماوەری و شێوازی خۆپیشاندان، ڕوداوێکی گرینگ و هەنگاوێکی شۆڕشگێرانە بوو، ئەمەش لە کاتێکدا وەفدی (بەرەی کوردستانی) بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە بەغداد خەریکی گفتووگۆ بوون. بۆیە حیزبە پێکهێنەرەکانی(بەرەی کوردستانی)وایان دادەنا کە ئەو خەباتە جەماوەریە وهێزی کۆمۆنیستەکان، کێشی سیاسیان سوکدەکات لە بەرامبەر حکومەتی بەعسدا وکاری دانوسان و ساتوسەودای ئەوان بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ڕژێمی بەعس تێک دەدات.


رەوت: ڕژێمیبەعس وەدەرنرا لە کوردستان، پرۆسەی جێگرتنەوەی دەسەڵات وشێوازی حوکمڕانی هاتە پێشەوە، (بەرەی کوردستانی) پەرلەمانی کوردستانی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە پێکهێنا، شەڕی نێوخۆ ڕوویدا، چۆن ڕۆڵی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەو دەورەیەدا هەڵدەسەنگێنی؟


جەمال کۆشش: وەدەرنانی بەعس، بۆ هەروەرچەخانێکیڕێشەیی پێشمەرج بوو. بەبێ ڕاماڵینی ئەو مۆتەکەیەودوورخستنەوەی لەژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی،ئاڵوگۆڕ هیچ دەرفەتێکی نەبوو. ئەمە بۆ کۆمۆنیستەکان، تەنها پێشمەرج بووبۆ ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندی ئازادی و خەڵک، ماف وکەرامەتیان، ڕزگاربوون لە کابوسی ئەنفال ومەرگی بە کۆمەڵ، لەزیندانی وئیعدام .بەڵام بۆ ناسیۆنالیستەکان وبەتایبەت حیزبەکانی نێو (بەرەی کوردستانی)هەوڵدان بوو بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و دابەشکردنی پۆستەکان و سەروەتوسامان، یان وەک ئەوەی کە بوو بە واقیع جێگرتنەوەی ئەو دەسەڵاتە بوو بە دەسەڵاتی خۆیان کە هەمان سیستم و یاساوڕێسای هەبێت.


کاتێک پرۆسەی هەڵبژاردن ودامەزراندنی پەرلەمان لە کوردستان بەڕێوەدەجوو، (رەوتی کۆمۆنیست)، بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد(هەر چەندە بە بۆچوونی بەشێک لە ڕێکخستنەکان ومنیش، ئەوە نەناسینی هەلومەرج وهەڵەیەکی تاکتیکی سیاسی بوو)، بەڵام ژینگەکە هێندە کۆنەپەرستانە بوو، نەماندەتوانی جەماوەر کۆبکەینەوە وسمینارو کۆڕ بگرین سەبارەت بە بایکۆتکردن. بەحساب، هەڵبژاردن وپەرلەمانبەرهەمی خەباتی دیموکراسی وپێشکەوتنخوازییە..مافی هاوڵاتی ودەوڵەتی یاسای مەدەنی و وخۆشگوزەرانی وئارامی بۆ کومەڵگا لە ڕێگای دابینکردنی سەقامگیریی سیاسی وئابورییەوە دابیندەکات. بەڵام ئەوە بۆ (یەکێتی) و (پارتی)، قسەیەکی بێ بنەماو پوچ بوو. یەکەم شەوی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، شەڕە تەقە ومقەڕگرتن دەستیپێکرد، سەروگوێلاک شکاندن وهێزنواندن ،هەر چەندە سەرەتا گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە ناسراوە بە ففتی ففتی، بەڵامدواتر بە تۆپبارانی پەرلەمان و شەڕی نێو شارەکان وهێنانی سوپای ڕژێمی بەعس لەلایەن (پارتی)وپاسدارانی ڕژێمی ئێران لە لایەن (یەکیەتی) و شەڕی ناوخۆ و کوشتن و ئەتککردنی دیلەکانی یەکتری،تا ڕێککەوتنامەی ستراتیژی کۆتایهات بە فشاری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا وشکستی یەکێتی وئاڵوگۆرەکانی دواتری گۆڕەپانی سیاسی.


ڕێزگرتن لە ئازادیەکان و مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، دایەلۆگی سیاسی وزمانی نەرم، لەکلتوری سیاسی ئەم حیزبانەدائاسەوارێکی نیە و هەر لە بنچینەدا نەبووە.. هەر ئەو دەم ١٩٩٢(ڕێکخراوەی یەکێتی بێکاران لە کوردستان)، کە پرۆژەیەکی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بوو، بۆ داسەپاندی هەندێ ڕیفۆڕم و بەدەستهێنانی مافی بێکاران بەهەڕەشەو گرتن وزیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی،سەرکوت وکپیان کردەوە.


دواتریش کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق پێکهات،و هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی رۆڵیکی کارا بگێڕێت لە نێو چەوساوەکان، بزوتنەوەی کرێکاری، ژنان، و لەکێشەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا. هەموو ڕێکخراوەکانی ؛ وەک (خوێندکارانی سەربەخۆ)، (ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان)، (مامۆستایان)، (کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان) ،(کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ)و (نینا) و کۆڕ و کۆمەڵە کانی تر هەمویان دیاردەی پرشنگدار بوون، کە مێژویەکی تریان لە کوردستاندا لەبەرامبەر مێژووی سەرکوت و گەندەڵی ناسونالیزمدا تۆمار دەکرد. هەڵسوراوەکان وکلتووری سیاسی ورۆشنبیرییان وزمان وئاکاریان پەیوەندییەکی قووڵی بە ژیان وشکۆی ئینسان و ماف و ئازادیەکان و بەرژوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشآنی کوردستانەوە هەبوو. مێژووی ئەو دەورەیە، سەدایەکی ڕاساو،چەوسانەوە کۆمەڵایەتی وئابووریی ودواکەتوییە فەرهەنگی وزانستیەکانی بە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازی کوردەوە لە کوردستانی عێراق. گرێدەدات.


هەر بۆیە دەسەڵاتی ئەو حیزبە ناسیونالیستانە، زۆر قەهراوی ودڕندانە دەکەونە گرتن و ڕاوەدوونان و تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی ئەو ڕێکخراو و بزوتنەوانە لەوانە(بەکر عەلی، نەزیرعومەر، شاپوروقابیل ودەیانی تر)، ناسیۆنالیزمی کۆنەپەرست، ناتوانیت تەحەمولی ڕکابەر وکێشمەکێشی سیاسی بکات، ئەم حیزبانە تەنها لە ڕێگای کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان وسەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە، لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە.


ئەمە کێشمەکێشێکی چینایەتی بوو کە بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتداری کوردیتوانی بەربە بزوتنەوەی بەرگری لە ئازادی و مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان تیا بوو،بگرێ وپاشەکشەی پێبکاو ،بەڵام ئەوە تەنها نیوەی هەقیقەتەکەیە. نیوەکەی تری هەمان ئەو پرسیارانەیە کە ئەمڕۆ بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە خۆی دەکات، ئایا ئەوە قەدەریكی حەتمی بوو؟ ئایا وەڵامی کۆمۆنیستەکان بۆ کێشەکانی ئەمڕۆی چینی کرێکاری کوردستان، لەسەر هەڵسەنگاندنی قوڵ وڕاشکاوانەی مێژووی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت لە چەقبەستنی سیاسی ڕزگاری بکات ؟ ئایا نەوەیەکی نوێی کۆمۆنیستی لەمڕۆی کوردستاندا، چ جۆرە ئالتەرناتیفێکی سیاسی هەڵدەبژێرنەوە؟ سوپاس بۆتان.


رەوت: سوپاس بۆ تۆش.
____________________________________________
* زۆرێک لە وردەکاری ئەو ڕوداوانە ڕەنگە بەتەواوی بیرم نەمابن، بە هۆی ئەوەی لە شەڕێکی پێشتردا، بە خەستیی بریندار بووم و گولـلەیەک بەرسەرم کەوت و کاریگەری لەسەر زمان و جەستە و بیرەوەرییەکانم داناوە.


ئابی ٢٠١٩

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

لەباربردنی منداڵ، قەیرانێکی ئینسانی شاراوە!

ساڵانە هەزاران ژن ناچار دەبن بڕیاری زۆر قورس سەبارەت بە دووگیانبوونیان بدەن، و ڕەنگە قورسترینیان ...

تایبەتمەندییەکانی میدیای کۆمۆنیستی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی (ڕەوت) لەگەڵ هاوڕێ (ئەحمەد مەرزوق) لە لیژنەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی ڕەوت: سوپاس ...

پرسەکانی بێکاری لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق

نەوزاد بابان لە لێدوانێکی ڕادیۆییدا: دەبێ بیمەی بێکاری بەسەر حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتدا بسەپێندرێت، ئەویش ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 24

ژمارەی نوێی(٢٤) ی ڕۆژنامەی ڕەوت ، بڵاوکرایەوە بایەخێکی گرنگی ئەم ژمارەیە لە وەدایە سەبارەت بە ...

سەبارەت بە تیرۆری هونەرمەند خواناس وریا

  تیرۆری ئەم هونەرمەندە لە ئێوارەی پێنج شەممەی (٢٢-٦-٢٠٢٣)، لەناو بازاڕی چەمچەماڵ، لە لایەن هاوڕێیەکی ...

%d مدونون معجبون بهذه: