بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق، ئەو پەرلەمانەی کە لەئاکامیدا پێکهێنرا متمانەی دا بە بەرنامەی کابینەکەی سەرۆک وەزیرانی کاندیکراوی “چوارچێوەی هەماهەنگی”؛ (عەلی فالح زەیدی)، و چواردە وەزیر لە کۆی بیست و سێ وەزیرە کاندیدکراوەکەی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەکان، لە ڕۆژی پێنجشەممە (١٤)ی ئایاری (٢٠٢٦).
بەم شێوەیە ئەڵقەیەکی نوێی دەردناک دەخرێتە سەر زنجیرەی یاریکردنی بەردەوام بە ئیرادەی سیاسی زۆرینەی جەماوەر لە عێراق، و بەستنەوەی بژێوی ژیان و داهاتووی منداڵەکانیان بە بەرژەوەندی سەرمایە و هێزە گەندەڵەکانی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندیی هەردوو ڕژێمی ئەمریکا و ئێرانەوە. هەموو ئەمانەش بەڕێخران لەنێو چەپڵەڕێزانی ئەم هێزە قەومی و ئیسلامییە تائیفییانەی فەرمانڕاوای وڵاتەکە و پێشوازی گەرمی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و پیرۆزبایی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێراندا.
وردەکارییەکانی ڕۆڵ و جێگەوڕێگە و پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا لەناو سیستەمی حوکمڕانیی گەندەڵ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوون نیـیە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هەلومەرجی قەیرانێکی سیاسیی قووڵی ناو ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە، و جەنگ و ململانێ بەردەوامەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، و پێشوازییە ئاشکراکەی ئەمریکا لێی، پاڵیان ناوە بەم سەرەک وەزیرانەوە تا بێتە پێشەوەی گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتە و ناشزانرێت تا کەی لەناو ئەم قەیرانەدا دەتوانێت لەم پۆستەیدا بمێنێتەوە.
بەخشینی متمانە بە سەرمایەدارێکی بانکدار کە لە ژینگەی دەستەجاتێکی بورژوا تائیفی و میلیشیایی گەندەڵی داسەپاو بەسەر ملی جەماوەردا، وە لەناو زۆنگاوی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبڕاڵییەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق لە (٢٣) ساڵی ڕابردوودا پەروەردە بوو بێ، ئەویش لە هەلومەرجێکی سەرمایەداری دڕندانەی زاڵ بەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێڕاق و لێکهەڵپێکراویەکەی لەگەڵ سەرمایەی مالی جیهانی کە چارەنوسی ملیارەها ئینسانی کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵێ ئەم متمانە بەخشینە شتێک نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە دڵتەزێنەی کە زۆرینەی جەماوەر تێیدا دەژین، شتێک نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە تاڵە لە کۆسپ و گرفتێک کە بزووتنەوەی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و گەنجان بەدەستیەوە دەناڵێنن.
حکومەتی (عەلی زەیدی)، نە لە فۆرم و نە لە ناوەڕۆکی سیاسی چینایەتی بۆرژوازیدا، جیاواز نابێت لە حکومەتەکانی پێش خۆی لە عێراق لە (٢٠٠٣)ەوە، هەروەک شێواز و فۆڕمی دەستبەکاربوونیشی وەک سەرۆک وەزیران جیاواز نەبوو لە دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکانی پێش خۆی، بەتایبەتی لە (عەبدولمەهدی) و (کازمی) و (سودانی)، چونکە (عەلی زەیدی)ش ئەم ئەرکەی سەرۆک وەزیران لە ئەستۆ دەگرێت نەک وەک سەرۆکی حزبێک کە بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی هەبووبێ و کێبڕکێیەکی هەڵبژاردنی دیاریکراوی ئەنجام دابێت هەتا ئەگەر لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی کارتۆنیشدا بوو بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی (عەلی زەیدی) لەناو بازنەی هێزەکانی ڕژێمە سیاسیـیەکە و ڕەوت و حزبەکانیەتی و لە ڕەزامەندی هەردوو ڕژێمی ئەمریکا و ئێرانیش بەهرەمەندە.
ناوەڕۆکی چینایەتی سەرمایەدارانەی بەرنامەی کابینەکەی (عەلی زەیدی) بە ئاشکراترین شێوە لە بەشی ئابوورییەکەیدا دەردەکەوێت، کە بەرنامەیەکی تەواو سەرمایەداری پێکدەهێنێت و خۆی وەک سەرمایەدارێکی بانکی نوێنەرایەتی دەکات و “ئابووری لەسەر بنەمای بازار” دروشمەکەیەتی. بەرنامەی ئابووری کابینەکەی کۆپییەکی بەرنامەی حکومەتی (کازمی) و حکومەتی (سودانی)یە، بە تایبەتی کۆپییەکی “پەڕەی سپی” نیولیبراڵییە کە ئامانجی پتەوکردن و فراوانکردنی پایەکانی سەرمایە و “ئابووری بازار” و توندوتیژکردنەوەی ستەم و چەوساندنەوەی چینی کرێکارە، بەم پێەیەش داسەپاندنی هەژاری هەرچی زیاترە بەسەر زۆربەی هەرزۆری جەماوەر و بێبەشکردنی هەرچی زیاتریانە لە مافەکانی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییە بێبەرامبەرەکان، و بەردەوامبوونە لە سیاسەتەکانی وەبەرهێنان و ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت بە شکڵێکی هەرچی زیاتر دڕندانە، و بارگرانکردنی شانی هاووڵاتیانە بە باجی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخەکان و …هتد.
ئەمەش وا دەکات بەرنامەی کابینەکەی بە ڕوونی دژی چینی کرێکار و خەبات و مافەکانی بێت. لەو چوارچێوەیەشدا، بەرنامەکە تەنانەت هیچ ئاماژەیەک ناکات بە دەرکردنی یاسای ئازادیی ڕێکخستنی سەندیکا، مافی مانگرتن و مافی خۆپیشاندان، هەروەها باسی هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ڕژێمی فاشیستی بەعسیش ناکات کە ڕێگری لە چالاکیی سەندیکایی دەکەن لە دامەزراوە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت و کارگەکانیاندا، ئەمە جگە لە ناڕوونیی بانگەوازەکانی بۆ کەمکردنەوەی مەودای بێکاری لەسەر بنەمای پەرەپێدانی “ئابووریی بازاڕ”، واتە ڕادەستکردنی هەرچی زیاتری کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت و تاڵانکردنی سەرمایەدارییانەی سامانی وڵات، و هەژارکردنی هەرچی زیاتری چینی کرێکار.
ئەمە و بەرنامە سیاسیـیەکەی کابینەی (عەلی زەیدی) دووپاتکردنەوەی ئەو بانگەشانەیە کە لەلایەن حکومەتەکانی پێشووتری (کازمی) و (سودانی)یەوە خرابوونەڕوو، بانگەشەی پوچەڵی فێڵاویی، خاڵی لە هەر ناوەڕۆکێکی سیاسی جدیی بۆ داخستنی دەرگا بەڕووی هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی جددی یان بەدیهێنانی هەرجۆرە چاکسازییەکی سیاسی بەرجەستە، بانگەشەی وەک: پاراستنی “پێگەی بێلایەنی عێراق”، “سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا”، “لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران”، قووڵکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە “پرۆسەی دیموکراسی” و …هتد.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەم بەشە سیاسییەی بەرنامەکە بێدەنگەی کردووە لە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) و چاوپۆشی دەکات لەو چاکسازییە سیاسییە دەستبەجێیانەی کە چینی کرێکار و جەماوەری ڕاپەڕیوو لە پێناویدا خەباتیان کردووە، ئەمەش چونکە حکومەتی نوێ درێژکراوەی ئەو پێشهاتانەیە کە هاتنەئاراوە دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی ئەو ڕاپەڕینە لەلایەن هێزە فەرمانڕواکانی ئێستا و میلیشیاکانیان و دامەزراوە ئەمنییەکانیانەوە، کە زیاتر لە (٨٠٠) خۆپیشاندەری کوڕ و کچی ڕاپەڕیوویان کوشت و بەدوایدا خولێکی نوێی هەڵبژاردنیان لە عێراق بەڕێوە برد کە بە هەڵبژاردنی پێشوەختە ناسراوە یان باشتر بڵێین هەڵبژاردنی “هێزەکانی دژە شۆڕش”.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکومەتی (عەلی زەیدی) شتێکی جیا نییە لەو ململانێ سیاسییانە و مێژووەکەیان و لە خولی نوێی هەڵبژاردنەکان و لە ڕاستیدا بەشێکە لەو جەمسەرەی هێزەکانی دژە شۆڕش، بۆیە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییەکی نوێی هێزە چینایەتییەکانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی سەرمایە و هێزە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکانیان لە دژی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ڕزگاریخواز.
هەر بۆیە حکومەتەکەی (عەلی زەیدی) لە بەرنامەی کابینەکەیدا، خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بچێتەسەر باسی سزادانی ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژییان دژی ڕاپەڕیوان (ی ٢٠١٩) ئەنجامداوە، یان ئاماژە نادات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوا یاساییە ساختانەی کە هەڵبەستراون دژ بە کەسانی ڕاپەڕیووی شاری ناسڕیە و شارەکانی تر. ئەمە و بە وشەیەکیش باس لە بەرپرسیارێتی خۆی ناکات لە ئاشکراکردنی پلانداڕێژەران و ئەنجامدەرانی تاوانی تیرۆری هاوڕێی ئازیز (یەنار محەمەد)؛ سەرۆکی (ڕێکخراوی ئازادی ژن) و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، کە لە (٢٣) ساڵی ڕابردوودا ناوەکەی بۆتە هاومانای خەباتی ژنانى عێراق بۆ ئازادى و بەدەستهێنانى ماف و ئازادییەکانیان. هەروەها ئەم حکومەتە خۆی بە بەرپرس نازانێت لە کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان، بە دەرکردنی یاسایەک دژی توندوتیژیی خێزانی، یان گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلەی تر بۆ کۆتاییهێنان بە تراژیدیای ژنان لە عێراقدا.
بەم پێیە، بە هەمان شێوازە کۆنەکە، بەرنامە سیاسییەکەی حکومەتی (عەلی زەیدی) نەک هەر خەسڵەتی چینایەتی بۆرژوازییانەی حکومەتەکەی خۆی دەشارێتەوە لەژێر بانگەشەی سیاسی هەڵخەڵەتێنەرانەی وەک “حکومەتێکی نیشتمانی” کە خزمەت بە “گەلی عێراق” دەکات، بەڵکو کۆمەڵێک چاکسازی سیاسیش پەردەپۆش دەکات کە تەنانەت لە چوارچێوەی سەرمایەداری و سیستەمی سیاسی بۆرژوازیشدا لە توانادان لەوانە:
کۆتایی هێنان بە سیستەمی سیاسی پشکپشکێنەی قەومی و تائیفی ئێستای وڵاتەکە؛ کۆتایی هێنان بە باڵادەستیی ئیمپریالیستی ڕژێمی ئەمریکی و ئێرانی بەسەر ڕێڕەوەکانی ژیانی سیاسی لە عێراقدا، دانانی سنورێکی یەکلاکەرەوە دژ بە گەندەڵی، “جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە سیستمی پەروەردە و خوێندن”، هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی کە دژ بە ژنانن لەناو یاساکانی وڵاتدا، دەرکردنی یاسایەکی بنەڕەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی ژنان، هەڵوەشاندنەوەی “پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری” کە ژنان سەرکوت و مافەکانیان زەوت دەکات و دەرگاش دەکاتەوە بۆ هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن لە (٩) ساڵییەوە. ئەمە جگە لە چاکسازیی سیاسی دیکەی وەک ئازادی سیاسی بێ هیچ کۆت و بەند و مەرجێک؛ ئازادی ڕێکخراوبوون و مانگرتن و خۆپیشاندان؛ هەڵبژاردنی دادوەرەکان و پارێزگاران و بەرپرسانێک کە ئەرکی بەڕێوەبردنی پارێزگا و هەرێمەکانیان پێسپێردراوە؛ هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیاکان، و گرتنەبەری چەندین ڕێکاری تر بۆ چاکسازی سیاسی.
بێ گومان ڕێڕەوی خەباتی چینایەتی لە عێراق و هاوسەنگی هێزی چینایەتی ئێستا بە جۆرێکە کە بەدەستهێنانی ئەم چاکسازییە سیاسییانە بەندە بە ئامادەبوونی سیاسی چینی کرێکار وەک هێزێکی چینایەتی ڕێکخراو و سەربەخۆ لەڕووی سیاسییەوە، وە لەدوا شیکردنەوەدا بەندە بە شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەم چینە و جەماوەری ڕەنجدەر و ئازادیخوازان پێی هەڵدەستن، وە بەندە بە بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسی کە لە دووتوێی خۆیدا دامەزرابێت لەسەر بنەمای ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی ئەم چینە و جەماوەری ڕێکخراو لە شورا جەماوەریـیە شۆڕشگێڕیـیەکاندا.
بەمجۆره بەرنامەی حکومەتەکەی (عەلی زەیدی) شتێک نییە جگە لە پاراستنی ڕێچکە ئابووری و سیاسییەکانی ئێستای وڵات، و پتەوترکردنیان و قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانیان و توندکردنەوەی چەپۆکی ئەم ڕژێمە بەسەر ژیانی جەماوەردا و بە بارمتەگرتنیان.
بارودۆخی شەڕی تاوانکارانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و ململانێ توند و گەرمەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوونەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پەرەپێدانی خەباتی چینایەتی لەو ناوچەیە و لە عێراقیشدا، بەڵام هەمان ئەو هەلومەرجانە کە لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەون کۆتایی ڕۆڵی کۆمەڵگا و خەباتی چینایەتی بن تەنیا دیاردەیەکی فریودەرن، چونکە واقیعەکە و گەشەکردنی ناکۆکییەکانی دۆخی ئێستا و چستوچالاکبوونەی هێزە شۆڕشگێڕەکان دەرناخەن لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەدا.
ئەرکی بنەڕەتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، هەنگاونانە بەرەو پێشەوە لە بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەتوانای کرێکاری و بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری ڕێکخراو و چەکدار بە ئاسۆیەکی سیاسی و فکری مارکسیستی و چەکدار بە ئاڵای خەباتی کۆمۆنیستی نێونەتەوەیییەوە.
لەم ئاراستەیەشدا وەڕێخستنی خەباتێکی سیاسی کردەییانە و ڕێکخستنی هاندانێکی سیاسی و دەستبەکاربوونێکی سیاسی چالاک لە پەیوەست بە بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی ژنانی کرێکار و چەوساوە و گەنجانی کرێکار و ئازادیخواز و خوێندکاران بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان بەسەر ڕژێم و حکومەتەکاندا، ئەرکی سیاسی دەستبەجێی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پێکدەهێنن.
هێزە بۆرژوا قەومی و ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندی هاوبەش بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، حکومەتەکەی (عەلی زەیدی)ش نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات، لەم پۆڵارێزە بوونە چینایەتییە توندوتیژەدا هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە ڕێکخستنی خەباتی یەکگرتووی چینی کرێکار و ژنان و گەنجان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینایەتی سۆسیالیستی و نێونەتەوەیی بەدوور لە هەر ئاسۆیەکی قەومی و ئایینی و تائیفی و ڕەزگەزپەرستی و سێکسیزم.
١٧-٥-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
