بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە
ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، یەکی ئایار، دێت، و ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕ بۆسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمساڵیش یەکی ئایار بەڕێوەیە لەژێر سایەی شەڕی تاوانکارانەی نوێـیاندا لە دژی ئێران، کە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک تەنیا تووشی کارەسات و مەترسی و وێرانکارییەکانی شەڕ کردووە، بەڵکوو دەرئەنجامە ئابوورییە وێرانکەرەکانی لەسەر بژێوی ژیانیان و ئاستەنگی بەرچاوی بەردەم خەباتی چینایەتیشیانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. ئەمە وێڕای قورسترکردنی بارگرانییە ئابوورییەکان لەسەر کرێکارانی جیهان.
هەروەها لە کاتێکدا ئێمە لە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەرەوپیلی ئەم ڕۆژە دەڕۆین کە هاوڕێی ڕابەر (یەنار محمد)مان لەدەستداوە، ئەویش بە کردەیەکی تاوانکارانەی تیرۆریستی قێزەون و پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراوی لایەنگەلێک کە تا ئێستا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەبووە. یەناری ئازیزی ناو دڵی ئێمە و دڵی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە ماوەی چارەکە سەدەی ڕابردوودا یەکێک بوو لە پایەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێمە.
سەرمایەداریی جیهانی، لە سەردەمێکدا کە سەردەمی توندبوونەوەی بەردەوامی ناکۆکییەکانییەتی، بە یەکێک لە قووڵترین و توندترین قەیرانەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ توندبوونەوەی جەمسەرگیری و ململانێی چینایەتی نێوان سەرمایە و کار لەسەر ئاستی جیهان. هاوکاتی ئەمانە ململانێیەکی توندیش لەنێوان بلۆکە ئابووری و سیاسی و سەربازییە جیهانی و هەرێمییەکانی سەرمایە و دەوڵەتەکانیدا لە ئارادایە، بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و نەخشە کێشانەوەی سیستەمی جیۆپۆلیتیکیی بۆرژوازیی جیهانی.
ئامانجە سیاسییەکانی ئەم شەڕەی ئێستای دژ بە ئێران، داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ناو ئەم قەیرانە و لە چوارچێوەی ئەم ململانێ جیۆپۆلەتیکییە جیهانیانەدا، بە مەبەستی دابینکردنی هەژموونی ئیمپریالیستانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەسەر ڕێڕەوە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیـیەکانیدا.
چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشان و ستەملێکراو، نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لە عێراق و باقی وڵاتانی دراوسێی ئێرانیشدا، لەناو کارەساتی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە و ڕێڕەوەکانیدا دەژین، کە وێرانکاری و نائارامی و ئاوارەیی و کوشتنی هەزاران کەسی لە ناوخۆی ئێراندا لێکەوتووەتەوە و درێژەشی کێشاوە بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جمهوری ئیسلامییەوە، ئەمە و چنگی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانیشی بەسەر جەماوەری ئەو وڵاتەدا هەرچی زیاتر قایمتر کردووە بۆ خنکاندنی هەر جۆرە دەرکەوتەێکی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتداران.
لەناو ئەو هەلومەرجەدا چینی کرێکار و زۆربەی جەماوەر لە سەراسەری عێراقدا لە بێدەرەتانییەکی ئابوریی سەختدا دەژین کە لە ئەنجامی شەڕ و هەڕەشەی بەردەوامبوونيشیەوە زۆر خراپتر بووە. ئەوان دەناڵێنن بەدەست گرانی و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و بەرزبوونەوەی ترسناکی ئاستی بێکاری و چەوساندنەوەی توندی کرێکارانی لەسەر کار و سەپاندنی باجی جۆراوجۆری نوێ بەسەر شانی هاووڵاتییاندا.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەم جەماوەرە لەژێر سایەی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی دەسەڵاتداراندا ژیان بەڕێدەکەن؛ لەژێر سایەی کەرتێکی تەندروستیی گشتی داتەپیو و نرخێکی بەرزی قۆرخکاری کەرتی تایبەتی، و خزمەتگوزارییەکی کەرتی پەروەردەی داڕووخاو و نرخی گرانی وزەی کارەبای بەتایبەتیکراو، و لە کەشێکی بەردەوامی گەندەڵی و خزمخزمێنەیی و دزینی سامانی کۆمەڵگا لەلایەن دەسەڵاتداران و حزب و میلیشیاکانیان بە قەبارەیەکی بەرفراوان، و لەژێر سایەی دواخستن یان بڕینی مووچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، و لەژێر سایەی ئاستەنگییە ئابوورییەکانی دیکەدا ژیان بەسەر دەبەن کە بەهۆی ئەم جەنگەوە دووچەندان بوونەتەوە.
ئەم شەڕە ئاستەنگی بەرچاوی داسەپاندووە بەسەر خەباتی چینی کرێکار و ناڕەزایەتی جەماوەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە عێراق، میلیشیاکان چنگ و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پڕۆسەی سیاسیدا توندتر کردۆتەووە، تاوانی تیرۆریستی، پاکتاوکردن، فڕاندن و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دەدەن. جگە لەوەش جەماوەر لە عێراق، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا لەژێر گورزی هێرشە سەربازییە تاوانکارییەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا دەژین کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی، وە لە وڵاتانی کەنداویشدا ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە.
ئەمە و قەیرانی ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوا لە عێراق، لە ئەنجامی ئەم شەڕەی ئێستا و لێکەوتە و پێشهاتەکانی و پەرەسەندنەکانیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبێتەوە، ئەمەش لە زۆر ڕووەوە دەرکەوتووە؛ لەوانە توندبوونەوەی ململانێی بەردەوامی نێوان هێزە پێکهێنەرەکانی ئەم ڕێژیمە، تا ئەو ڕادەیەی کە دوای نزیکەی شەش مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا نەیانتوانیووە سەرۆک وەزیرانێک دەستنیشان بکەن، وە لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە و هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە.
بێ گومان ئەم قەیرانەی ڕێژیم ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە خودی پێکهاتەکەیدا هەیە و پەیوەندییەکی نزیک بە پێگەکەی و ئەرکە سەرکوتگەرانەکەی ڕژێمەکەوە هەیە لە دژی چینی کرێکار لە خەباتی چینایەتی لە عێراقدا. ئەمە قەیران و گرێکوێرەیەکی لەچارنەهاتووە، بە هۆی سروشتی خودی ڕژێمەکەوە وەک ڕژێمێکی بورژوا ئیسلامی و قەومی ئیستیبدادی و میلیشیایی کە ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و سەرکوتکردنی خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی ئازادیخواز و کۆمۆنیستە. ئەمە ڕژێمێکە کە بەرژەوەندییە سیاسییە چینایەتییەکانی یەک دەگرێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی هەژموون و کاریگەریی هەردوو لای ئەمریکا و ئێران لە چوارچێوەی عێراقدا، بەمەش هێزەکانی خۆی لەگەڵ هەردوو جەمسەری شەڕی ئێستای دژ بە بەرژەوەندیی جەماوەری کرێکار و ستەملێکراو لە عێراقدا یەکدەخات.
هەموو ئەم پێشهاتانە جەماوەریان کردۆتە بارمتەی ئەم شەڕە ئیمپریالیستییە لە دژی ئێران کە زیانێکی زۆری بە خەباتی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ژنانی چەوساوە گەیاندووە. بۆیە خاڵی دەستپێکی دەربازبوون لەم دۆخە ناهەموارە و کردنەوەی ڕێگا بۆ گەشەسەندنی ئەم خەباتە، ڕاگرتنی دەستبەجێ شەڕی ئێستایە لە ڕێگەی خەباتێکی نێونەتیی کرێکاران و هێزە ڕزگاریخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
با لە یەکی ئایاردا ئەم درووشمانە بەرز بکەینەوە:
-
کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە!
-
با هاوپشتی کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی لەگەڵ کرێکارانی جیهان لە دژی سەرمایە و جەنگەکانی بەهێز بکەین!
-
شۆڕشی یەنار محەمەد بۆ ڕزگاریی ژن و بونیادنانی جیهانێکی بێ چەوسانەوە، بەردەوامە!
با تێکۆشین لە پێناو بەدەستهێنانی ئەم خواستانەدا:
-
بیمەی بێکاری بۆ هەموو ژن و پیاوێکی بێکار
-
دەوڵەت دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی گرانی و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان
-
هەموارکردنەوەی پلەبەندیی مووچە و دەرماڵەکان بەپێی یاسا لە بەرژەوەندیی کرێکاران و فەرمانبەران
-
ئازادیی ڕێکخراوبوونی سەندیکایی بۆ کرێکاران لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا
-
مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار لە کەرتی گشتیدا
-
دابین کردنی ژینگەیەکی سەلامەت، بە پشتیوانەیەکی یاسایـیەوە، بۆ ژنانی کرێکار لە شوێنی کاردا، دژ بە هەراسانکردن و توندوتیژی و هەڵاواردن.
-
هەڵوەشاندنەوەی هەمواری کۆنەپەرستانەی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨) و “پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری”.
-
سیاسەتەکانی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و گۆڕینی پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی و دەرکردنی کرێکاران، دەبێ هەڵوەشێنەوە.
-
قەدەغەکردنی جیاکاری دژ بە کرێکارانی بیانی کە لە عێراقدا کار دەکەن، لەگەڵ دابینکردنی پارێزگاری یاسایی و کرداری بۆیان.
-
ڕێگریکردن لە کاری منداڵان، دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان و خێزانەکانیان
بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران
بژی سۆشیالیزم
٢٧-٤-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
