حەڤدە / چیرۆک

نوسینی: حەسەن حوسەین

تازە بەم ڕەنگە زەردو جلە پەڵاوییانەوە بۆ کوێ بچم؟ ئەگەر ئاوا خۆم بکەم بە ژووردا، دوور نیە بە بکوژێک یا تاوانبار یا بەکەسێکی شەڕانی و بەگێچەڵم تێ نەگەن و بانگی ئاسایش و پۆلیسم بۆ بکەن. خۆ ئەویش لەوێ نەماوە و ڕۆیشتووە. ئەمڕۆ لەبەر خاتری ئەو بەرگە تازەکانم لەبەر کرد. کاتێک چوومە بەردەم  ئاوێنەکە و لە خۆم ڕاما بووم و سەیری خۆمم دەکرد، وەک ئەوەی لە دوایین نیگ او دیداری خۆمدا ڕاوەستابم. دەنگی سەنای خوشکم ڕایپەڕاندم. ئەو لە پشتمەوە ڕاوەستابوو، بەڵام من هێندە دوور ڕۆیشتبووم کە ئەوم لە ناو ئاوێنەکەدا نەبینی (ماشەڵا لەم قۆزییە! ئەڵێیت ئەچیت بۆ چێژووان؟! ڕاوەستە، با چەند گوڵێکت لە گوڵەباخەکە بۆ لێ بکەمەوە). سەنا وای گوت و چووە ناو باخچە بچکۆڵەلەکەی حەوشە تا گوڵەکان لێ بکاتەوە. هێشتا ئەو نەهاتبۆوە، سانیە هات و چەند پسکەیەک بۆنی بەسەردا پرژاندم (هەر چەند بۆنەکە کچانەشە، بەڵام با بۆنت خۆش بێت). سانیە وای گوت و سەناش گوڵەکانی هێنا، من ئاوا خۆشەویستم لەناو خێزانەکەمدا…. تۆ تەماشا چیان لە بەرگەکانم کرد! سەیری ئەو هەموو شەبەقە بکەن تێیان کردووە؟ مەرگ چیە؟ ئەی ژیان چیە؟ ئەگەر چی لە ژیانمدا گەلێکجار بیرم لە مەرگ و کۆتایی ژیان کردبووەوە. پرسیارم لە ئەگەری هەبوونی  ژیانی دوا مەرگ کردبوو. وەلێ ڕێک لەو کاتەدا کە گولملەکانم بەر دەکەوتن، تەنها بیرم لە ژیان دەکردەوە و هیچیتر. بیرم لە دایکم و باوکە ڕیشسپییەکەم و پێنچ خوشکەکەم دەکردەوە. دواین وینەش کە تێکەڵ بەیەک دەبوون وووردەووردە لە ناو تەمێکی سپیدا ون دەبوون، سیمای دایکم و تانیابوو. ئەو کچەی کە ئەمڕۆ بریار بوو کافتریایەکی ئەم شارە ببێتە یەکەم جێژووانمان، من ئەوم لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناسی، کاتێک  دوو ئاسایش پەلییان گرتبوو بەدەم ئازاردان و قژ ڕاکێشانەوە دەیانویست بەرەو ناو پیکابی ئاسایشەکانی بەرن. منیش فریای ئەوە کەوتم و چەند بەردێکم تێگرتن. ئەوان، کە ئەیانویست خۆیان لەبەردەکان بپارێزن، دەستیان شل بوو، و تانیاش کە خۆی ڕادەپسکاند، دەرفەتی بۆ دروست بووو لەبەردەستیان هەڵهات، ئیدی بووە بەردە فڕکێ وگولـلە باران. تانیا و من خۆمان کرد بە لاکۆڵانێکی باریکدا و بە هەموو هێزمانەوە ڕامان دەکرد. بەدەم ڕاکردنەوە ئەو سوپاسێکی کردم.

  • ڕاوەستە! دەرهێنەرەکە وا دەلێت و بەردەوام دەبیت (لەم کاتەدا، دەبیت هەناسە بڕکێت پی بکەویت، دەبیت بینەر بەتەواوی هەست بە هەناسەکانت و ماندووێتیت بکات و ئەویش دڵتەتەپێی پێ بکەوێت تەنگە نەفەس بیت. بیرت نەچێت تۆ، چیرۆکی تۆ، چیرۆکی گەڕانەوەیە لە مەرگەوە بۆ ناو ژیان، واتە ڕیتمێکە مردووانە و بە تەنکی دەست پێ دەکات و پاشان گیانی تێ دەگەڕێت و ئیقاعەکە خێراتر و تووندتر دەبێت. کاتێکیش دیالۆگی خوشکەکانت دەڵێیت، پێویستە تۆنی دەنگت ناسک و وەکو کچێک لێ بکەیت. فەرموو بەردەوام بە!)
  • سەیر کەن چییان پێ کردم! چۆن لە خوێنی خۆمدا گەوزانیانم. کاتێک دوو خۆپیشاندەر، یەکێکیان دەستی دابووە هەر دوو بنباڵم و ئەوی تریش هەردوو قاچی هەڵگرتبووم و ڕایان دەکرد؛ دەستەکانم تەکەتەکیان دەهات. لەو کاتەدا من، هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە بوو چەپکە گوڵەکانم لێ نەکەویت، بەڵام ئەو خوێنە زۆرەی لێم ڕۆیشتبوو و سەرگێژخواردنەکەیشم، دەستەکانمیان بە جۆرێک بێهێز کرد کەتوانای هەڵگرتنی چەپکە گوڵکێیان نەمابوو. ئەگەر چی بڕیار نەبو یەکەم ڕۆژی ئەوینم، دوایین ڕۆژیشی بێت. بەڵام ئەوەش بڕیاری خۆم بوو کە شەهید ببم. ئەو دەمەی کە بەڕێگەوە بووم بۆ لای تانیا و بیرم هەر لای ئەو بوو، خۆپیشاندەرەکان گەیشتنە ئەو شەقامەی من پیایدا دەڕۆیشتم. لێرەدا دەبوو ملی ڕێ بەرەو لای ئەو بگرم یا ملم بۆ لای ئەوان وەرچەرخێنم. لە نێوان ئاگر و ئەویندا، لەنیوان مەرگ و ژیاندا تالەموویەک هەیە. بەڵام کێ دەلێت ئاگرەکەش هەر دیوێکیتری ئەوین نییە؟ کێ ناڵێت مەرگیش یا شەهادەتیش نووسینەوەی ژیان نیە لەسەر لاپەڕەیەکی جیاواز؟ نا، بگرە کێ ناڵێت گەیشتن نییە بە بوونە هەقیقییەکە و بە کاملبوون، ئیدی تاڵە مووەکەم پساند و پەڕیمەوە لای ئەوان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە خەڵکێکی زۆری شار، بۆ چەند داواکارییەک دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، چەند گەنگجێک کوژراون و بریندار بوون. ڕاگەیاندنەکانی حکومەت، خەڵکەکە بەگێرەشێوێن ناو دەبەن و کوژرانی خۆپیشاندرانیش بە کاردانەوەی هێزەکانی ئاسایش بەرامبەر بە توندووتیژییەکانی خۆپیشاندەران دادەنێت. لەم کاتەدا ڕوو جۆراوجۆرەکانی شار دەبینێت، ڕوویەکی تووڕە لە دژی حکومەت، ڕوویەکی تریش خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی. بەشێک لە خەڵکەکە خۆیان بۆ کاتی دوای ڕوخانی حکومەت ئامادە دەکەن و بەشێکیش متمانەیان بە خۆپیشاندانەکان نییە و بگرە لەم کاتەدا بە خراپی دەزانن. هەندێک لە هونەرمەند و شاعیرەکان  خۆیان لێ دەبێتە هونەرمەندی شۆڕش و دەست دەکەنە بەرهەم‌ینانی کاری هونەری وئەدەبی بۆ خۆپیشاندانەکان، هەندێکی تریش کارەکانیان دەخەنە خزمەتی حکومەتەوە و گاڵتە بەخواستی خەڵکەکە دەکەن.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کامەران کە هاوڕێیکانی بە کامۆ بانگی دەکەن، بڕیاری دا مۆنۆدرامایەک لە دەرهێنانی خۆی ئامادە بکات، کە باسی خۆپیشاندانەکان بکات، ئەو لە سەردەمی ڕژێمدا کاتێک خوێندکاری پۆلی چواری شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بوو، بە تۆمەتی کارکردن لە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوێکی سیاسیدا دەستگیراکرا، پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر حوکم درا. کاتێکیش ئازاد کرا، ئەو تازە لە پەیمانگا فەسڵ کرا بووو بۆ هەتا هەتایە دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ خویندن لە دەست دا. ئیدی لەو ساتەوە لەناو بازاڕدا دەستی داوەتە فرۆشتنی کەلوپەلی کۆنەی ماڵان. هەرچەند لە شانۆ دوور کەوتۆتەوە، بەڵام عەشقێکی زۆری بۆ تەختەی شانۆ هەیە. ئەو هەتا ئێستاش خەون بەوە دەبینێتکە رۆژێک لە ڕۆژان بە جل و بەرگی هاملێتەوە پرسیار لە بوون و نەبوونی مرۆڤ بکات، یا ببێتە ڤاسیلی ڤاسێلیچ و دوایین گۆرانی خۆی بچڕێت. بەڵام هەتا ئێستاش هاوڕێکانی نەک تەنیا جارێکیش بانگیان نەکردووە بۆ کۆمبارسێکیش، بگرە گاڵتەیان بەو چەند بەرهەمەشی هاتووە کە پێشکەشی کردوون. چونکە پێیان وایە کارەژانی ئەکادیمیی نین، بۆیە لە کارەکانیدا پەنا وەبەر ئەکتەری هەوەسکار دەبات.

لە دەرەوە دەنگی تەقە دەبیسترێت، کامەران پرۆڤە ڕادەگرێت و تەواوکردنەکەی بۆ سبەی هەڵدەگرێت، ئەو بەرەو دەرەوە دەچێت. ئەندامانی تری تیمەکە شوێنی دەکەون. شەماڵ، فریا ناکەوێت جلوبەرگە خوێناوییەکانی داکەنێ و بەپەلە شوێنیان دەکەوێت و لە هۆڵەکە دێنە دەرەوە. شار جارێیکیتر شڵەقاوە. خەڵکەکە لەترسی شریخەی گولـلە و شەڕە بەرد، جادە و کۆڵانە لاوەکییەکانیان بەکار دەهێنن. کامەران، بەخێرایی بەسەر شەقامەکەدا بەرەو ناوەندی شار، کە خۆپیشاندانەکانی لێیە، مل دەنێت. وا دیارە ئەم  و دوو هاوڕێیەکەی تری کارە شانۆییەکە بەناچاری بەگەڵی کەوتوون.

  • ناکرێت بمێنینەوە و پرۆڤەکە تەواو بکەین؟ شەماڵ وا دەلێت.
  • با. دەکرێت، بەڵام ئەو دەمە کارێکی مردوو پێشکەش دەکەین. چونکە کارەکەمان زادەی خەیاڵ دەبێت و هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نابێت. کامەران وا دەلێت.
  • بەڵام ئایا کارێکی هونەری یا تەنانەت چەند داواکارییەک، ئەوە دەهێنێت کە بچینە ناو ئەم تەقوتۆقەوە، ڕیسک بکەین و ژیانمان بخەینە مەترسیەوە؟ هیچ ڕێبازێکی ئەبەدی بوونی نییە، تاخۆتی بۆ بەکوشت بدەیت. ئەوانەی دوێنێ شوێنکەوتەی ڕێبازێک بوون و خۆیان دەکردە قوربانی بۆێ، ئەمرۆکە خۆیان بوون بە جەلاد وهاووڵاتییەکانی خۆیان خەڵتانی خوێن دەکەن، شەماڵ وا دەڵیت.

زۆربەی دوکانەکان داخراون، ئەو دوکاندارانەی ماونەتەوە بەشپرزەییەوە خەریکی داخستنی دوکانەکانیانن و پەلەیانە لەناو بازاڕ دوور بکەونەوە.

  • ئەوانەی وا خەریکی کاسبین، لە ڕیسک دەترسن. بونیاتننانەوە و گیان بەبەرداکردنەوەی ژیان، کاروکەسابەت نییە، تا لەگەڵ ترسدا ناکۆکی هەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەمیان پێویستی بە دروستکردنی کەشی ئارام هەبێت، ئەوا ئەویان پێویستی بە دروستکردنی جەنجالییە. لێرەدا هیچ ڕێباز و هیچ سەرکردەیەک لە ئارادا نین هەتا شوێنیان بکەوین، مەسەلەکە لێرەدا بژاردەی ئازادە بۆ پساندنی تاڵە مووەکە و پەڕینەوە بۆ ناو دیوەکەی تری ژیان، کامەران وا دەلێت.
  • بەڵام دواجار ژیانیش هەر ئەوەیە کە هەیە، ژیان جوانە، مانەوەمان لە تیاچوون باشترە. دوای مەرگیشمان هەر چەند رۆژێک ناومان دەهێنن و ئیدی لە بیر دەچینەوە و وەک ئەوەی هەر نەبووبین وایە. با بیر لە نمە بارانێکی پاییزی بکەینەوە. با بیر لە عەشق بکەینەوە. بیر لە کۆتایی ئەم ڕووداونە بکەینەوە. لەوەی ساڵێکی تر چی دەبێ و چی ڕوو دەدات؟ شەماڵ وا دەڵێت.

لەوکاتەدا ڕێبوارێک بە هەڵەداوان بەرەو ڕووی ئەمان دێت

  • کاکە گیان بۆ کوێ دەڕۆن؟ کۆتایی شەقامەکە پڕە لە ئاسایش و لیوای تایبەت. ئەڵێن یەک دوو کەس بریندارن. کۆمەڵیک گەنجیشیان دەستگیرکردووە. ڕێبوارەکە بەدەم ڕۆیشتنەوە وا دەڵیت و ئاماژە بۆ ئەو سەری شەقامەکە دەکات.

ئەمان خۆیان دەکەن بەکۆڵانێکی لای ڕاستی شەقامەکەدا

  • ئەو بریندارانە و دەستگیرکراوەکانیش، هەموویان دڵیان بەژیان خۆشە و بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکەنەوە وا تۆ بیریان لیدەکەیتەوە، کامەران وا دەلێت و پاشان ڕوو دەکاتە شەماڵ و هەردوو هاوڕێیەکەی تری.
  • ئێوە ئازادن دەتوانن بگەڕێننەوە و نەیەن.

لەم کاتەدا دەنگی هوتافی خەڵکەکە و تەقەکان نزیکتر دەبنەوە. دووانەکەش، پاش داوای لێبووردن، کامەران بەجێ دەهێڵن.

  • من بڕوام بەم مەسەلەیە نییە، بەڵام لەبەر تۆ دێم، شەماڵ وا دەڵیت و دەکەونەوە ڕی و کۆڵان بە کۆڵان بەرەو ناوەندی شار دەرۆن.

بۆنی تیژی گازی فرمێسک ڕژین دەگاتە شەقم و کۆڵانەکانی دەوروبەری ناوەندی شار، لە سیلەی کۆڵانێکەوە کۆمەڵێک خۆپیشاندەر دەدەکەون، ئەمان دەگەنە لایان، هەندێکیان ڕووخسارییان هەڵپێچاوە. هەموو دەیانەوێت بەرەو شەقامە سەرەکیەکەی کە دەچیتە سەر ناوەندی شار بڕۆنەوە، کە دەگەنە سەری کۆڵانەکە مەفرەزەیەکی ئاسایش بەدی دەکەن و بەرەو ئەمان هەڵمەت دەهێنن. یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان کە لە پێشەوەیە مۆلۆتۆفێکیان تێ دەگرێت. ئاسایشەکان دەگەڕێنە دواوە. ئەفسەرەکەیان بە ئامێری بێتەل بە بەرپرسەکەیان ڕادەگەیەنێت کە خۆپیشاندەران تەقەمەنی بەکاردەهێنن، ئەویس فەرمانیان پێ دەکات کە دەست نەپارێزن. هاوکات لەڕێی بڵندگۆی سەر پیکابەکانەوە هۆشداری بڵاودەکرێتەوە کە کۆتایی بەکاری ئاژاوەگێری بهێنن و بڵاوەی لێ بکەن، دەنا خۆیان بەرپرسیار دەبن. ئاسایشەکان دەست دەکەنە تەقەکردن بەرەو ڕووی خۆپیشاندەرەکان، ئەمجارە ئەمان ڕادەکەن و ئەوانیش بە دەم تەقەکردنەوە شوێنیان دەکەون. چەند خۆپیشاندەرێک خۆیان دەکەن بە چەند ماڵێکدا، چەند خۆپیشاندەریکیش دەپێکرێن و دەکەونە سەر زەوی. ئاسایشەکان دەگەنە سەریان. ئەفسەری ئاسایشەکە فەرمان دەدات نەهێڵن بریندارەکان دەرچن. خۆیشی ڕادەکاتە سەر یەکێکیان وکە بەدەما کەوتوو.هەلی دەگێڕێتەوە، لاشەیەکی ساردەوەبووە، کە گولـلەیەک سنگی پێکاوە ودەفتەریکیش لە تەنیشتیەوە کەوتووە. سەیرێکی دەفتەرەکە دەکات، لاپەڕەی یەکەم نووسراوە مۆنۆدرامای حەڤدە، لەلاپەڕەی ناوەوە چەند سەرنجێک وچەند ڕستەیەکی ڕەشکراوەی بەرچاو دەکەون.

بەرلین

٢٤-٤-٢٠١٩

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

نامەی هاوسۆزی و هاوپشتی ئاراستەی مارکسیستی هاوچەرخ بۆ مەراسیمی رێزگرتن لە هاوڕێ یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

بەڕێز، هاوڕێ  موئەیەد ئەحمەد، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق هاوڕێیانی ڕێکخراوی بەدیلی ...

Condolence Statement, Socialist Alternative – Iraq, Kurdistan, for Yanar Mohammed’s memorial event in London 29.3.2026

Today, at this mourning gathering, we express not only our grief and sorrow in honour ...

ووتەی ڕەحمانی حسێن زادە لە مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن 29.3.2026

   

Bahar Munzirووتەی هاورێ بەهار مونزیر بۆ مەراسیمی رێز لێنان له یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

پەیامی تۆری ٨ی مارس بۆ مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن لە لایەن بیزا عەبدوڵڵا