نەوزاد بابان لە لێدوانێکی ڕادیۆییدا:
دەبێ بیمەی بێکاری بەسەر حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتدا بسەپێندرێت، ئەویش بەهێزی ڕێکخراوبوونی بێکاران و ڕاکێشانی پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکارانی لەسەرکار بۆ ماف و خواستی ڕەوای بێکاران و هێنانەدی هاوپشتی چینایەتی کرێکاری لە کوردستاندا.
ڕوونکردنەوە: ئەوەی دەیخوێننەوە چاوپێکەوتنی بەڕێز خاتوو (ڤانیا)یە لە بەرنامەی (ڕۆژباش) و لە ڕادوێی (دەنگی گۆڕان) لەگەڵ (نەوزاد بابان)، سەبارەت بە پرسەکانی بێکاری لە هەرێمی کوردستان.
ڕادوێی گۆڕان: ڕێژەی بێکاری لە ئێستادا لە چ ئاستێکدایە؟ ئایا هۆکاری کۆڕەوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات پەیوەندی بە بێکاریەوە هەیە؟ شیرازەی تێکچونی خێزان پەیوەندی هەیە بە بێکاریەوە؟ گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەکەین لەگەڵ (نەوزاد بابان) هەڵسوڕاوی کرێکاری و جەماوەری. سڵاوت لێ بێت کاک نەوزاد، دەمەوێ بپرسم ڕێژەی بێکاری لەناوخۆی هەرێم لەچ ئاستێکدایە؟
نەوزاد بابان: سڵاو لە ئێوەش سوپاس بۆ ئەم دیدارە.
ئامارێکی دەقیق نیە، بەڵام ساڵانێکی دوورودرێژە کەس دانەمەزراوە، ئەو گەنجانەی کە ئامادە بەکارن وەیا دەرچوی زانکۆکانن هیچ دامەزراندنێک نیـیە. ئەگەر شۆڕببینەوە بۆناو تەواویی خێزانەکانی ئەم هەرێمە ماڵ نیـیە یەکدو گەنجی بێکاری ئامادەبەکاری نەبێ، ڕێژەی بێکاری لەسەر ئاستێکی مەترسیدار و زۆر بەرزدایە ئەگەر بەچاوێکی واقعی سەیر بکەین دەبینین: کەم ماڵ هەیە کە کوڕ و کچی بێکاری تێدا نەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەوانەیە دایک و باوکەکانیش یان لانی کەم یەکێکیان بێکار بێت.
هۆکاری ئەم بێکارییە بەربڵاوە بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم لە لایەن حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتەوە. ئەمەش سیاسەتی ئەمریکا و سیاسەتی (بانقی نێودەوڵەتی) و سیاسەتی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)یە کە لە ساڵی (٢٠١٦) ڕێنمایی حکومەتی هەرێمیان کردووە و نەخشە و پلانیان بۆ پێشنیارکردووە.
ئەم سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالیزمە بریتییە لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کۆمپانیا ئەهلییەکان کە زوربەشیان سەر بە بەرپرسانی حزبەکانی دەسەڵاتن. لەگەڵ دانەمەزراندن لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەند و کرێکاری کەرتی دەوڵەتی. ئەوە زیاتر لەدوانزە ساڵە دامەزراندن لەنێو ئەم کەرتە وەستاوە، ئێستا بۆشایەکی گەورە هەیە لەنێو ئەم کەرتەدا، کاتێک کرێکارێک خانەنشین دەبێت یان کۆچی دوایی دەکات جێگرەوەی نیـیە، دەبێ لە لایەن کرێکاران و کارمەندانی ئەو بەشەوە پڕ بکرێتەوە، بۆیە دەیانەوێ بەتواوەتی کەرتی گشتی بەرەونەمانی یەک جاری بەرن و خەڵکێکی زۆر بێکار بکەن.
هەروەها کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هاوڵاتییان کە هەموو کەرتەکانی گرتۆتەوە هەر لە تەندروستی و خوێندن و ئاو و کارەبا و سوتەمەنی، لەگەڵ پشتگوێ خستنی کەرتی کشتووکاڵ و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری تری بێکارین. جا هەموو ئەوسیاسەتانەی کە پەیڕەو دەکرێت لە کوردستاندا سیاسەتی نیولیبرالیزمە کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات پیادەی دەکەن و سەرچاوەی بێکارین.
ڕادوێی گۆڕان: کاک نەوزاد دەڵێن ئیش هەیە بەڵام گەنجەکانی خۆمان نایکەن مەسەلەن ئەوەتا کرێکاری بیانیان هێناوە بەبڕێکی کەم پارە ئیش دەکەن بەڵام گەنجانی ئێمە ئیش ناکەن.
نەوزاد بابان: بۆخۆی ئەمە درۆیەکی زۆر گەورەیە، گەنجانێکی زۆر ئامادەبەکار هەیە و کار نیـیە بۆیان، نمونەکت بۆ دەهێنمەوە، خۆم سەردانی کرێکارانی ژینگەپارێزی شارۆچکەی (بازیان)م کرد کاتێک کەمانیان گرتبوو لەبەرامبەر پێنەدانی موچەکانیاندا، کە دەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانی تیا بوو، نەک بەدەم خواستەکانیانەوە نەهاتن، بگرە بە لێدان و گرتن و سەرشکاندن وەڵامدرانەوە لە لایەن هێزێکی چەکدار و دەمامکداری دەسەڵاتەوە. بۆیە من دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ گەنجێک نیـیە کە کاری دەستکەوێت و نەیکات.
ڕادوێی گۆڕان: ئێوە پێتان وایە بێکاری ببێتە هەڵوەشاندنەوەی خێزان یان بەجۆرێکی تر گەنجان بەهۆی بێکاریەوە هاوسەر گیری ناکەن؟
نەوزاد بابان: دروست وایە بێکاری دەرد و پەتایەکی کوشندەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیان و گوزەرانی تەواویی خەڵکەوە هەیە ئەگەر کار نەبوو نان نیـیە، ئەگەر نان نەبوو خێزان هەڵدەوەشێتەوە، گەنج هاوسەرگیری ناکات و کۆڕەو دەکات، ڕێگەی مانونەمان دەگرێتە بەر کێشە و شەڕ و ئاژاوە دەچێتە ناو هەموو خێزانەکان، بازاڕ دەوەستێت، کەوابوو کۆمەڵگا دووچاری قەیران و نەهامەتی دەبێتەوە، وەک ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لەم هەرێمە تێی کەوتوین.
ئەمە بۆ ڕودەدات؟ دیارە ئەمە دەستکەوت و دیاری نیولیبرالیزمی جیهانیـیە بۆ تەواویی بەشەریـیەت، کە دەبێت کەمینەک باش بژین زۆرینەی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش لە ژیانێکی مەمرەومەژیدا بژین. نەبوونی پارە درۆیەکی زۆر گەورەیە پارە دەچێتە لای کەمینەیەکی سەرمایەداری فەرهودی وەکو سەرکردەکانی کورد شانازی بەوەوە دەکەن کە سەدان ملوێنلێر و ملیاردێر هەیە لە کوردستان، ڕوونە کە ئەم کەڵەکەی سەرمایە لەسەر گیرفانی خەڵکی کرێکار و چەوساوە و زەحمەتکێش بونیادیان ناوە.
ڕادوێی گۆڕان: ئێوە بڕواتان چیـیە لەسەر ئەوەی لە زانستی ئابوریدا بێکاری شارەوە هەیە؟ ئێستا خۆشمان دەبینین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا زۆرێک هەن بێ کەڵکن و موچەیەکی زۆریش وەردەگرن.
نەوزاد بابان: ڕاستە دەیبینین بە هەزاران موچەخۆری بن دیوار و وەهمی و چەند موچەیی هەیە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام هەرکەسێک لە سەروو هەژدەساڵ بێت، دەبێ یان کاری بۆ دابین بکرێت، یان بیمەی بێکاری بیگرێتەوە، بەڵام دەسەڵات نایەت بیمەی بێکاری دابین بکات و هەمیشە بۆ مانەوەی خۆی و کورسی دەسەڵات و دەنگێکی زیاتر، ئەم بن دیوارانەی دروستکردووە لە بەرژەوەندی خۆی.
ڕادوێی گۆڕان: تۆ ئەمانە بەهۆکارێک دەبینیتەوە بۆ ئەوەی گەنجان و دەرچوی زانکۆکان دانەمەزرێن؟
نەوزاد بابان: بەڵێ ئەوە هۆکارێکی زۆرگرنگە، بۆ نمونە، دامەزراندن ئێستا بۆ کوڕی بەرپرس و بنەماڵەکانیان هەیە، بۆ دەزگا ئەمنی و سەرکوت و بەڵتەجیەکانیان هەیە، بەڵێ جیاوازی لە ئاستێکدایە لە ئێستادا دەسەڵات لە دۆڵێکە و خەڵکی کوردستانیش لە دۆڵێکی تر دایە. جیاوازی نەک هەر لە ڕەوشی بێکاریدایە، بەڵکو ئەگەر شۆڕببینەوە بۆناو موچەخۆرانیش، دەبینین جیاوازی موچەی وەزیر و ئەندام پەرلەمانێک سی (٣٠) بەرامبەرە لەچاو موچەی کرێکار و کارمەندێک، ئەمە بێجگە لەوەی کرێکاران و کارمەندان ڕووبەڕووی پێ نەدانی موچەش دەبنەوە هەر چەند مانگێک جارێک، لەگەڵ لێبڕینی بەشێک لە موچە و دواکەوتنیشی.
ڕادوێی گۆڕان: بەبۆچونی تۆ ڕێگا چارە چیـیە بۆ کۆتایی هاتن بەم ڕێژە زۆرەی بێکاری لە کوردستان وە پێویستە چ بکرێت؟
نەوزاد بابان: تەنها ڕێگەیەک بۆ کۆتایی هاتن چ بە بێکاری و چ بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە ناهەموارە، هەوڵدانە بۆ هێنانەدی ڕێکخراوێکی بێکارانی سەربەخۆ بەدەر لە دەستێوەردانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات. بەبێ ڕێکخراوبوون هیچ شتێک ناتوانرێت بکرێت بۆ نەهێشتن وەیا کەمکردنەوەی بێکاری.
بەرزکردنەوەی دروشمی (بیمەی بێکاری یان کار بۆ هەر کەسێکی بێکار)، پیاو بێت یان ژن، کچ بێت یان کوڕ، کە تەمەنی گەیشتبێتە هەژدە ساڵ، پێویستە موچەی بێکاری هەبێت لەم سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەی کە لەم هەرێمەدا هەیە. بۆچی سەدان ملیاردێر و هەزاران ملیۆنلێر هەیە، و ئەم هەموو سەروەت و سامانەیان لا کۆبۆتەوە بۆچی دەبێ خەڵکی ئاسایی لە بێکاری و هەژاریدا ژیان بەسەر بەرن؟ دوبارە پێ لەسەر ئەوە دادەگرمەوە کە دەبێ بیمەی بێکاری بەسەر حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتدا بسەپێندرێت، ئەویش بەهێزی ڕێکخراوبوونی بێکاران و خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕاکێشانی پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکارانی لەسەرکار بۆ ماف و خواستی ڕەوای بێکاران و هێنانەدی هاوپشتی چینایەتی کرێکاری لە کوردستاندا.
خاڵێکی زۆر گرنگ و جەوهەری ئەوەیە کە دەبێ ئاسۆی دژایەتی کردنی سیاسەتی نیولیبرالیزم پەرەدار و باڵا دەست بکرێت لە نێو بێکاراندا کە ئەمە هۆکاری ئەسڵی بێکاری خەڵک و هۆکاری برسییەتی و هەژارییانە. وە دەبێ بێکاران لەگەڵ باقی بەشەکانی تری خەڵک دژی ئەم سیستەمە دژە مرۆڤایەتیـیە بێنە مەیدان و پاشەکشە بە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات بکەن.