عەبدوڵڵا ساڵح
مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی (خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی) نیـیە، بەڵام وەسوەسە و ئارەزوی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی، ناچارمان دەکا هەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین و بزانین تا چ ئەندازەیەک ڕەوایە ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێ بەر لەوەی بۆ دواجار جیهان بەجێبهێڵێت، کە بێ گومان جیهانێکی بێ ئەو، بێشک ئاسودەترە.
ئەم وەسوەسەیەی ترامپ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و دوا زنجیرەی “هەوڵە ئاشتیخوازەکانی” بانگەوازی ڕاگرتنی شەڕی سودان بوو لەسەر داوای “شازادە” چەنگ بەخوێنەکەی سعودیە (محەمەدی کوڕی سەلمان) کە فەڕشی سووری، یا دروست تر بڵێین بۆ (گیرفانی) ڕاخڕا و پەردەپۆشی کوشتنە دڕندانەکەی ڕۆژنامەنوس (جەمال خاشقجی) بۆ کرا لەلایەن ترامپەوە، ئەو کوشتنەی ویژدانی گشت مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی هەژاند، ئەمە بەدەر لە سەدان تاوانی تری ئەم شازادەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی سعودیە.
بەر لەوەش دەرکەوتنی لە لوتکەی (شەرم ئەلشێخ) ڕۆژی (١٣ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ-٢٠٢٥) لەگەڵ کۆمەڵێک سەرۆک وڵات بەمەبەستی ڕاگەیاندنی ئاگر بەست لە غەززە، ئەو ئاگر بەستەی ئێستا بۆتە گاڵتەجاری و کوشتوکوشتاری فەلەستینیە سڤیلەکان بەردەوامە، پێش ئەوەش دەرکەوتنی لەگەڵ تاوانباری جەنگ (ناتانیاهۆ) ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، بەمەبەستی ڕاگەیاندنی “پلانی ترامپ” بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پاکتاوکردن لە غەززە. ئەم پلانەی بە تەسلیمبوونی حەماس و ڕێکخراوە تیرۆریستیـیە ئیسلامیـیەکانی تر وەسف دەکرێ نەک بەڵگەنامە و ڕێکەوتنی ئاشتی.
گومانی تێدا نییە کۆتاییهێنان بەم شەڕە، کە خەڵکی غەززە تووشی بوون لەسەر دەستی ناتانیاهۆ و حکومەتە ڕاستڕەوە فاشیستەکەی دوای پەلامارە تیرۆرستیەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، وە کۆتایی هێنان بە کارەسات و ئازاری ڕفێندراوە ئیسرائیلیـیەکان کە نزیکەی دوو ساڵ لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامیـیەوە دەسبەسەرکرابون، داواکاریـیەکی بەپەلەی جەماوەری ئازادیخوازە لە سەرتاسەری جیهان و پێشوازی لێدەکرێ.
وەک هەر مرۆڤێکی سەر ئەم گۆی زەویـیە، سروشتیـیە کاتێک مرۆڤ خەیاڵی بەدیهێنانی خەونێک دێتە کەلەیەوە، بەردەوام خولیای ئەم خەونە بێت، لەم ڕوەوە ترامپیش مافی خۆیەتی خەون بەو ئاواتەوە ببینێ. هەر لەم ڕاستایەدا، با وێنەکە ئاوا بخەینە بەرچاومان کە کاتێک ترامپ بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت بێشک ئەو ئاواتەش یەکێک دەبێ لە خولیاکانی ناو مێشکی. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەنگە لەبەر خۆیەوە ئەم پرسیارەی خوارەوە لەخۆی بکا:
“چۆن دەبێ کۆمیتەی نۆبڵ گەورەترین ئاشتیخواز لە مێژوودا پشتگوێ بخات، ئەو کەسەی هەر کە دەمی دەکاتەوە لێشاوێک لە ئارامی و دیبلۆماسیەتی لێ هەڵدەوەرێ؟ چۆن دەکرێت چاوپۆشی لە گەورەترین پیاوی ئاشتی بکرێت کە تا ئێستا مرۆڤایەتی ناسیبێتی!؟ قیروسیا لەم ساڵ کە ئەم ئاواتە نەهاتە دی، بەڵام ئایا ڕەوایە ساڵێکی تریش تێپەڕێ و سوارچاکی سیاسەت لەوخەڵاتە پشتگوێ بخرێ!؟ یاخود جیهان بەگشتی دژی دەوەستنەوە و پیلانگێری لێدەکەن تا لەو خەڵاتە بێبەشی کەن؟”
لەو کات و ساتەدا کە ترامپ نوقمی ئەوخەیاڵاتەیە، لەناکاو دەنگێک لە نادیارەوە بانگ دەکاودەڵێ:
با بۆ ساتێک بوەستین و دەستکەوتە ئاشتەوایەکانتان لەبەرچاو بگرین، “جەنابی سەرۆک” ئەو دەستکەوتانەی کەم وێنەن، سەرەتا با لەشەڕەکانی ناو تویتەرەوە دەست پێبکەین، بە ملیۆنان تویت و هەزاران شەڕ، داوتر پاشەکشەتان کرد، ئەوپاشەکشەی وەک جەنگاوەرێکی پاڵەوانئاسا ناوتانبرد!، یاوەک سوپایەکی گەورە کە لە بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە! مەگەر ئەوە کردەوەیەکی ئاشتیانە نەبوو؟! پاشان نۆرەی ئەو ئاشتیە دێ کەلەدروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکا و مەکسێک بانگەشەتان بۆکرد و ناوتان لێنا بانگەوازێک بۆ ئاشتی لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەی خۆت باوەڕت پێیەتی کە دەڵێی “خۆت دوور بگرە و بە ئاشتی بژی!”، ئەی ئەو ئاشتیەی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بەسەرزارت دا دێ؟ یەک لە کۆڕەکانت تێنەپەڕیوە بێ ئەوەی باسی ئاشتی نەکەیت و ئەو کۆنفرانسانە نەکەیتە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنزئامێز وەک هونەرێک پێناسەی بکەیتەوە بۆ ئەوەی نەیارەکانت پێبکەنن!! یەکێکیش لە دوا هەوڵەکانتان بۆ ئاشتی جوڵە پێکردنی گەورەترین کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگر بەرەو کەناراوەکانی وڵاتی ڤەنزوێلا، ئەو وڵاتەی نایەوێ بکەوێتە ژێر ڕکێفی سیاسەتەکانتان.
دەنگە نادیارەکە بەردەوامە و دەڵێ: ئینجا با دروشمی “یەکەم ئەمریکا”تان بخەینەوە یاد، کە بە شەڕی سەپاندنی باج بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستت پێکرد، تەنانەت هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیشت لەو شەڕە بێبەش نەکرد، ئەمجا بڕۆ بۆ بانگەوازی داگیرکردنی دورگەی گرینلاندی دانیمارک لە ئالاسکا، پاشان نۆرەی کەنەدا دێت کە ویستت بیکەیتە ولایەتی( ٥١ )هەمینی ئەمریکا. دواتر پێشنیارتان کرد پتر لە دوو ملیۆن خەڵکی غەززە ئاوارە بکرێن و ڕیڤێرایەک لەوێ دابمەزرێنن. با بڕۆین بەرەو بانگەشەتان کە گوایە دەتوانن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕابگرن!. پاشان بە بۆردومان بە مۆدێرنترین و کوشندەترین بۆمب توانیت ئاشتی بە زەبری هێز بەسەر ئێراندا بسەپێنی!، مەگەر ئەمانە کردەوەو دەستکەوتی ئاشتی نین؟ ئایا مافی ئەوەت نیە بە “خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی” لاشانت بڕازێتەوە و ڕێزت لێبگیرێ؟، وەک ئەوەی پێشتر درابوو بەسەرۆکەکانی تری ئەمریکا، کە دواهەمینیان (باراک ئۆباما) بوو لە ساڵی ٢٠٠٩؟
دەنگە نادیارەکە هەر بەردەوامە: با بچینە سەر دەستکەوتەکانتان لەناو ئەمریکادا، دوژمنایەتی ئاشکرا و بێپەردەتان بۆ چینی کرێکار و چەوساوەکانی ئەمریکا وسەرانسەری جیهان، کە ئەمەش خۆی دەخرێتە چوارچێوەی بەرنامەی بەرفراوانترتان، بەرنامەیەک کە زۆر بە توندوتیژی هێرش دەکاتە سەر کەمینەکان و مافەکانی ژنان بە گشتی و مافەکانی زاوزێ و لەباربردن بەتایبەتی. ئەی دوژمنایەتی کۆچبەران!، ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆتۆکۆلە جیهانیانەی مەبەستیان ژینگە پارێزیە ، کشانەوەتان لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ و سوکایەتیتان بەنەتەوە یەکگرتوەکان تەنانەت لەناو هۆڵی ئەو سازمانەدا ولەبەردەم زوربەی سەرۆک وڵاتانی جیهان، دژایەتیتان بۆ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ. ئەی درێغینەکردنتان لە پەنابردن بۆ توندوتیژی و سووکایەتی بە پرۆسەی “دیموکراسی” و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان! هەوڵو تەقەلاتان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتێکی ڕەها. هەروەها هێرشەکانتان بۆ سەر کۆمەڵگەی (میم)، بە تایبەتی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو، کە یەکێکە لە بەرە سەرەکییەکانی جەنگەکانتان، بابەتێک کە هاوڕات دەکاتەوە لە گەڵ سەرۆکە ڕاستڕەوەکانی جیهان و لەوانە (پوتین). بەڵێ ” جەنابی سەرۆک” ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک لە ڕاستای کارە ئاشتیخوازەکانتان!
دووبارە دەنگە نادیارەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت “با بیخەینە بەرچاومان، سەرباری هەموو ئەوڕاستیانەی لەبارەی تۆوە وترا، گریمان خەڵاتەکەت پێبەخشرا. ئەو کاتە لە ڕۆژی وەرگرتنیدا دڵنیام دەڵێی: “سەرەتا دەمەوێت سوپاسی خۆم بکەم… من گەورەترین سەرۆکم لە مێژووی ئاشتیدا. سوپاسی لیژنەی نۆبڵ دەکەم، هەرچەندە کەمێک دواکەوتن لەم بەخشینەدا، بەڵام دەرئەنجام دەستیان گەیشت بەم ڕاستیە کە ئەم خەڵاتە شایستەی منە. وە هیوادارم خەڵاتەکە لە زێڕی ساغ دروست بکرێت، لە شێوەی پەیکەرێکی بچووکی من، چونکە کەس لە من زیاتر ئاشتی بەرجەستە نەکردوە”.
ئەمجا با فانتازیا و خەیاڵ فەرامۆش کەین و بگەڕێینەوە بۆ دونیای واقیع، ترامپ و ئەو دەنگە نادیارەش جێبهێڵین و بپرسین:
ئایا شەرمەزاری نییە لیژنەی نۆبڵ ناوی ترامپ بخاتە لیستی کاندیدەکانی خەڵاتەکە!؟، یان تەنانەت هەر بیریشی لێبکاتەوە ؟! ئایا لوتکەی نادادپەروەری نییە کە ناوی ئەم سەرۆکە شانبەشانی (نیلسۆن ماندێلا) بێت کە لە ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتەکەی بەدەستهێنا؟ ئەو ئازادیخوازەی ٢٧ ساڵ لە زینداندا بوو لەپێناو وەستانەوە دژی سیاسەتی ئاپارتاید؟ لە کاتێکدا ئەم ” جەنابە ” تەنیا٢٧ خولەکی لەکاتی خۆی تەرخانکرد بۆ هاتوهاوار بەسەر تویتەردا ئەویش لە پێناو ئارامی خۆی!
ئەگەر لیژنەکە ئەو کارەبکات ئەوا بیگومان شەرمەزاری زیاتربەسەر خۆیدا دێنێ و تەنانەت زۆر لەو بەها کەمەشی کە هەیەتی، مەبەست خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لەدەست دەدا.
هەڵبژاردنی ترەمپ لە ١٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، بە مانای سەرهەڵدانی سەرکردایەتییەکی نیوفاشیست بۆ دەسەڵات لە وڵاتێک کە پێشەنگی وڵاتانی ئیمپریالیستی جیهانە و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی قووڵە لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی بەرەو ڕاسیزم وفاشیزم، ئەمەش خۆی بەهێزکردنێکی مەعنەوی ( نایجل فاراج، مۆدی، مێلۆنی، بۆلسۆنارۆ)(1)، و ئەوانی ترە لە هاوبیرەکانیان هەروەها پشتگیریکردنی ڕابەڕە ڕاستڕەوەکانی تری جیهانە. ئەو دەیەوێت هەرچی بە گونجاو بزانێت بیکات بۆ بەردەوامی سیستەمی دڕندانەی سەرمایەداری لەسەر حیسابی بەهەژارکردن و کوشتن و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا. بەشداریکردنیشی لە جینۆسایدی گەلی فەلەستین تەنیا یەک نموونەی ئەم واقیعەیە.
ئەمە بەڕاستی بەڵتەجیەتی ئاشکرا و بێپەردەیە، بەڵام ئەمجارە لە شێوازی بەڵتەجیەتی سەرۆکایەتیدا. ئەگەر ئەم خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی ببەخشرێتە ترامپ، بەڕای من، خودی خەڵاتەکەش دەبێتە شەریک لەو هەموو تاوانانەی باسکران.
-.-.-.-
پەراوێز: (نايجل فاراج) یەکێک لە سەرکردە ڕاسیستەکان لە بەریتانیا، (مودی) سەرۆک وەزیرانی هندستان، (ميلونی) سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، (بولسونارۆ) سەرۆکی پێشوی بەرازیل.
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
