بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق سەبارەت بە ژیان و خەباتی ڕابەری کۆمۆنیست یەنار محەمەد ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان.

چ ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی هەسارەکەمان ئاوا بوو، چ مرۆڤێکی مەزنمان لەدەستچوو؟ چ خەباتکارێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی بەرز و وەستاوە بەڕووی قەڵای کۆیلایەتی ژن و کۆنەپەرستیدا، بەجێیهێشتین؟
ئەوە هاوڕێ ئازیزەکەی ناو دڵی ملیۆنان ژن و کۆمۆنیست و ئازادیخوازی هەموو جیهانە؛ ئەوە یەنار حەسەن محەمەدە، سەرۆکی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق) و یەکێک لە دامەزرێنەرانی، و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) و یەکێک لە دامەزرێنەرانی، کە دەستی ناپاکی و تاوان گەیشتە جەستەی و لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدای پایتەخت، لەلایەن تیرۆریستانی تاوانبارەوە لە کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (٢ی مارسی ٢٠٢٦) تیرۆر کرا.
ئەم دێڕانە دەنووسین لە کاتێکدا دڵمان خوێنی لێ دەچۆڕێت و خەم و پەژارە لە قووڵایی ناخماندا شەپۆل دەدات، بەڵام سوربوونمان و ئیرادەی پتەومان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی خەباتی یەنار سات بە سات بەهێزتر دەبێت. سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی هاوسەری ئازیز و کوڕە خۆشەویستەکەی و بەڕێز باوکی یەنار و خوشک و براکانی و هەموو ئەندامانی خێزان و دۆستانی دەکەین.
هەروەها سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی هاوکارانی لە (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق) و هەموو هاوڕێیانی لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و هەموو چالاکەوانانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و کۆمۆنیستەکان و مرۆڤدۆستان دەکەین لە عێراق و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
دواین ئەو دێڕانەی کە هاوڕێ یەنار لە بەرگری لە ژنان نووسیویەتی، بەگوێرەی سەرکردایەتی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق)، ڕەشنووسی بەیاننامەیەک بووە کە کاتژمێر (٩)ی شەو بە کاتی عێراق لە یەکشەممە (١ی مارسی ٢٠٢٦)دا نووسیویەتی، واتە (١٢) کاتژمێر پێش تیرۆرکردنی بە دەستی تیرۆریستانی تاوانبار. ئەم دێڕانەی خوارەوە ناونیشان و بەشی یەکەم و دوا وشەکانی ڕەشنووسەکەیە کە دەیخەینە ڕوو:
((بەیاننامەی کۆتایی بیستەمین کۆنفرانسی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ژنان لە عێراق، لەژێر دروشمی:
داواکردنی دادگاییکردنی داعشییەکان لەسەر تاوانەکانی بەدیلگرتن و دەستدرێژی و کۆیلایەتی سێکسی ژنان.
لەنێوان گواستنەوەی هەزاران زیندانی داعشی لە زیندانەکانی (هەسەدە)وە بۆ عێراق لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای عێڕاقەوە، و لەنێوان لێدانی تەپڵی شەڕ و هەڕەشەی ملهوڕیانەی ئەمریکا بۆ بۆردومانکردن و ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەودیوو سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی عێڕاقەوە، ئێمە لە تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ژنان لە عێراق بڕیارماندا کۆببینەوە و باس لە کێشەیەکی هەنووکەیی بکەین کە پەیوەندی بە توێژێکی فراوانی ئەو ژنانەوە هەیە کە کەرامەت و جەستەیان لەلایەن داعشییەکانەوە پێشێل کراوە، ئەو داعشیانەی کە لە عێراق تەنها لەسەر تیرۆر و ئەندامبوونیان لە داعش دادگایی دەکرێن، بێ ئەوەی ئاماژە بکرێت بە تاوانە سیستماتیکییەکانیان دژی ژنان، کە هاوشێوەی تاوانی جەنگ یان جینۆسایدی کۆمەڵگەی ئێزیدی و کۆمەڵگە شیعییەکانی تورکمان و شەبەک و کەمینەکانی دیکە، …
تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ژنان لە عێراق – لێژنەی ڕێکخەری بیستەمین کۆنفرانس
١-٣-٢٠٢٦)).
ئەمەی خوارەوەش وەرگێڕانی دوا دێڕەکانیەتی لە ئنگلیزییەوە لە چوارچێوەی چالاکییە کۆمۆنیستییەکانی لەناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، کە تێیدا وەڵامی داواکارییەک دەداتەوە بۆ دەربڕینی ڕای خۆی لەسەر ڕەشنووسی بەیاننامەی ڕێکخراوەکە سەبارەت بە شەڕی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە دواتر لە هەمان شەودا بڵاوکرایەوە:
((یەنار محەمەد: ١-٣-٢٠٢٦، سەعات: ٢١:٢٧ دوای کەمێکی تر دەیخوێنمەوە، موئەیەد.
((یەنار محەمەد: ١-٣-٢٠٢٦، سەعات: ٢٢:٣٣ بەیاننامەیەکی زۆر باشە، داوای لێبوردن دەکەم لە دواکەوتنی وەڵامدانەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان ناوەستن)).
((یەنار محەمەد: ١-٣-٢٠٢٦، سەعات: ٢٢:٤٣ لەوانەیە ئەوەی نوقسان بێت کە ئاماژەی تێدا نییە بۆ ئەگەری فراوانبوونی بۆ شەڕێکی ناوچەیی)).
((یەنار محەمەد: ٢-٣-٢٠٢٦، سەعات: ٠١:١٩ چەند درۆنێک بارەگاکانی کۆمەڵەیان لە سلێمانی کردە ئامانج)).
بەو دێڕ و وشانە کۆتایی بە نووسین و چالاکییەکانی هێنا.
یەنار حەسەن محەمەد لە ساڵی (١٩٦٠) لە شاری بەغدا چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە قوتابخانەکانی ئەو شارە تەواو کردووە. لە ساڵی (١٩٨٤) لە زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری تەلارسازی وەرگرتووە، هەروەها لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی ماستەری لە تەلارسازی لە ساڵی (١٩٩٣) بەدەستهێناوە. دوای تەواوکردنی خوێندن تا ساڵی (٢٠٠٣) وەک ئەندازیار لە عێراق، لوبنان و کەنەدا کاری کردووە لە کاتی شەڕی عێراق-ئێران و ساڵانی گەمارۆی ئابووری و ساڵانی کۆچبەری لە بەیروت و تۆرۆنتۆ.
بەهۆی ئەوەی یەنار کچێکی گەنجی لێهاتوو بوو لە بواری کارەکەیدا، و خاوەن ژیرییەکی بێوێنە بوو لە هەڵسەنگاندنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریدا، هەروەها لە دەستنیشانکردنی نیشانەکانی نێرساڵاری لە بچووکترین دەرکەوتەکانیدا و تێگەیشتنی کرداری بۆ ئازاری ژنان لەژێر سێبەری باڵادەستی نێرساڵاریدا، وای لێکرد، پێش ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسەت و بیرۆکە سیاسی و ڕۆشنبیرییە سۆشیالیستییەکانەوە، بیردۆزی یاخیبوون لە نێرساڵاری هەڵبژێرێت و ئەم یاخیبوونە ببێتە پێوەری ئەو بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوتە سیاسی و فکرییەکان و حزب و چالاکوانان و تەنانەت دۆست و هاوڕێکانیشی، و ئەمە بە درێژایی ژیانی قیبلەنمای بوو.
بەڵام لەگەڵ تێکەڵبوونی بە کاری سیاسی و چەکداربوونی بە مارکسیزم و بیرۆکەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ژنان، یەنار بوو بە تێکۆشەرێکی سیاسی کۆمۆنیستی حزبی کە تێکشکاندنی نێرساڵاری و ئەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەی لە پشتییەوە وەستاوە و بەرهەمی دەهێنێتەوە، دەبەستێتەوە بە خەباتی سیاسی و فکری ڕێکخراوەوە دژیان. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زۆر زوو گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ڕادیکاڵیزمی سیاسی ڕزگاریخوازانەی ژنان و هەروەها کۆمۆنیزمیش، دەبێت کۆمەڵایەتی بن و پەیوەست بن بە کۆمەڵگەوە و بە قووڵایی چین و توێژە چەوساوەکان و ژنانی چەوساوە لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان.
یەنار مرۆڤێک بوو بە مانای وشە قەدری ژیانی دەزانی، قسەکردنی لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیناسی، وای لێ دەکرد سەرسام بێت بە مرۆڤ دۆستیەتی و قسەخۆشی و ژیری و هۆشمەندییەکەی. ئەمەش ئەو خەسڵەتە بوو کە پێی جیادەکرایەوە، نەک تەنها لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا، بەڵکو لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە ئاڵۆز و دژوارەکان و مشتومڕە سیاسییەکانیشدا.
هاوڕێ یەنار هەرگیز باوەڕی نەبوو بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی ژنان کە دابڕاو بێت لە چێژوەرگرتن لە ژیان و لە تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی داهێنان و بەهرە و توانای تاکەکان و بەهرەمەندبوون لە کامەرانی پەیوەندییە مرۆییە ئازاد و یەکسانەکانی نێوان تاکەکانی هەردوو ڕەگەز. بە پێچەوانەی هەندێک لە چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان، ئەو بە توندی دژی هەر کەسێک دەوەستایەوە کە ڕقی لە پیاو بووە وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی، یان ئەوانەی نێرساڵارییان لە تایبەتمەندی و ناوەڕۆکە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکەی دادەماڵی وەک دیاردەیەکی ئابووری-کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیریی ڕاگوزەر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
ئەو بە هێزەوە دژی هەموو جۆرەکانی جیاکاری نەتەوەیی، تائیفی، ئایینی، یان جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەنگ، ڕەگەز و جێندەر …. دەجەنگا. بۆ ئەو، توانادارکردن و بەهێزکردنی هەر ژنێکی ئەشکەنجەدراو و ڕزگاربوو لە دەستی باڵادەستی نێرساڵاری و بازرگانیکردن، پڕۆژە و ئەرکێکی خەباتکارانە بوو تا ژیانێکی شایستە و ئارامی بۆ دابین بکات، وە چێژ وەرگرتن لە ژیانی بۆ مسۆگەر بکات و توانا و داهێنانەکانی بخاتە گەڕ، ئەمە ناوەرۆکی ستراتیژییەکەی پێکهێنابوو بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاسودەیی بۆ ڕزگاربووان و ئەشکەنجەدراوان.
هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد بەم خەسڵەتانەوە هاتە ناو جیهانی سیاسەت و خەباتی ڕێکخراوانەی کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازانەی ڕێکخراوی ژنان، ئەو ئەم کەسایەتییە شۆڕشگێڕە کۆمۆنیستە و ئەو ژنە چالاکوانە ڕزگاریخوازە بەهێزە بوو. تەنها کەمێک لە هاوڕێ و دۆستەکانی بە قووڵی لەم خسڵەتانەی تێیدەگەیشتن، هەرچەندە زۆربەیان گرنگیی تێکۆشانەکەیان دەزانی و ڕێز و پێزانینی زۆریان هەبوو بۆ یەنار و تێکۆشان و پێگە و کەسایەتییە کاریزماتییەکەی و سیاسەت و بیردۆزە مرۆییە ڕزگاریخوازەکەی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژناندا.
لە هەموو وێستگەکانی خەباتی کۆمۆنیستیدا لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا، هاوڕێ یەنار بۆ ساتێکیش دەستبەردار نەبوو لە گرنگیدان بە حزبایەتی کۆمۆنیستی و گرنگیی بەستنەوەی پرسی ڕزگاریی ژن و خەبات لەپێناویدا بە ڕزگاربوون لە سەرجەم سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری. لە هەموو ئەو وەرچەرخان و جیابوونەوانەدا کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ لە سێ دەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینی، ئەو کەسایەتییەکی گرنگ و کاریگەر بوو و بە وردی و بەپێی ئەو قەناعەتە سیاسی و فکرییە پەیگیرەی خۆی مەسەلەکانی یەکلایی دەکردەوە.
هاوڕێ یەنار هەر لە منداڵییەوە کەوتە ژێر کاریگەری کەشوهەوای چەپ، لە ڕێگەی دەوروبەری خێزانەکەی و کەسوکارییەوە، ئەوەش بەپێی نەریتی چالاکیی سیاسی و فکری گشتیی حزبی شیوعیی عێراق لەو کاتەدا، بەڵام ژیانی سیاسی ڕێکخراوی ئەو لە کەنەدا دەستی پێکرد لە کاتی بەستنی کۆنفرانسی گشتیی ڕێکخراوەکانی کەنەدای (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق) لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ماوەیەکیش پێش ئەم کۆنفراسە هاوڕێ یەنار ئاگاداری چالاکیی ڕێکخراوەکانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق) بوو لە کەنەدا و تێکەڵ بە کەشوهەوایان ببوو و پەیوەندی دۆستایەتی و بەشداریکردنی هەبوو لە ئاهەنگ و چالاکیی ڕێکخراوەکانی ئەو حزبەدا.
هاوڕێ یەنار لە کەنەدا و پێش ئەوەی ببێت بە ئەندامی حزب، ڕێکهاتنەوەی شێوازی ڕەخنە ڕادیکاڵەکەی خۆی لە نەریتی سیاسی و تێزەکانی هاوڕێ مەنسوور حیکمەتدا بینیەوە، لەدژی نێرساڵاری و بەرگریکردن لە ئازادیی ژن و یەکسانییەکەی. هەروەها لەو تێزانەدا ئەو گوتار و چەمکانەی بەشێوەیەکی پەرەپێدراو بینی کە پێشتر بە ناڕۆشنی لە ڕەوتە سۆشیالیستە جیهانی و ناوخۆییەکانەوە وەریگرتبوون لە بواری ڕەخنەی سۆشیالیستی و خەبات بۆ ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکان و هتد.
زۆر زوو ئەو ڕەخنە ڕادیکاڵەی پەیڕەو کرد کە لەم تێزانەدا هەبوو، دژی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و حزب و دەسەڵاتەکانیان، لەگەڵ بەرگریی ڕادیکاڵانە لە ڕزگاریی ژن و عەلمانییەت. هەروەها دروشمی جیاکردنەوەی ئایین و نەتەوە لە دەوڵەت و پەروەردە و فێرکردنی گرتبەر، لەگەڵ ڕەخنەگرتنی لە سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ستراتیژ و شەڕە کۆیلەکارییەکانی، ئەمە و چەمکە سەرەکییەکانی سۆشیالیزمی پەیڕەوکرد لە جەختکردنەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی سەرمایەداری و هەڵوێستی ڕادیکاڵ بەرامبەر بە شەڕی ئەمریکا دژی عێراق.
هاوڕێ یەنار محەمەد لە کەنەدا چووە ناو مەیدانی سیاسەت و خەباتی حزبی ڕێکخراوەوە لە کاتێکدا هەڵگری ئەم ئاسۆ سۆشیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان بوو، وە خەباتی دەکرد دژ بە گەمارۆی ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و دژ بە “هەڵمەتی ئیمانی”ی ڕژێمی فاشیستی بەعس بەرامبەر بە ژنان. ئەو لە کاتێکدا چووە ناو ئەم مەیدانەوە کە دوای ماوەیەکی کەم جیهان ڕووبەڕووی چەند گەردەلوولی سیاسی و سەربازی بۆوە کە ڕەهەندی جیهانییان هەبوو، ئەویش گواستنەوەی کاریگەری تیرۆری ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بوو بۆناو جەرگەی جیهانی ڕۆژئاوا و “شەڕی دژە تیرۆر”ی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بوو.
بەڵێ یەنار، لە کەنەدا و لەناو ئەم گەردەلوولە جیهانییانەدا چووە ناو مەیدانی سیاسەتەوە و دەستی کرد بە خەبات دژی هەردوو ئەم هێزە: دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و شەڕ و داگیرکردنی عێراق، وە دژی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی، و لە سەرووی هەمووشیانەوە دژی دوژمنایەتییان بۆ ژن و پرسی ڕزگاری و یەکسانییەکەی. دژی یەکەمیان (ئیمپریالیزمی ئەمریکا) بوو کە پێکهاتەی مەدەنی کۆمەڵگای تێکشکاند و گەمارۆی ئابووری داسەپاند و پشتیوانیکرد لە هێزە کۆنەپەرستە ئایینی، نەتەوەیی، تائیفی و عەشیرەیییە دژە ژنەکان، هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کردی، وە دژی هێزی دووەمیش بوو لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە خەریکی سەرکوت و تیرۆری ڕاستەوخۆ و کۆیلەکردنی ئاشکرای ژنانن.
بەو شێوەیە یەنار چووە ناو جیهانی سیاسەتەوە، لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە خەباتی دەکرد و بەهرەی کەسایەتی خۆی لە پێشکەشکردنی وتار و لێهاتووییە ناوازەکەی لە دەربڕیندا لە بواری ڕاگەیاندندا بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەکاردەهێنا، بۆ ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانەی شەڕی ئەمریکا دژی عێراق و تیرۆری ئیسلامی سیاسی. بەمەش زۆر زوو ناوبانگی لە ئاستێکی سنوورداردا لە کەنەدا و ئەمریکا پەیدا کرد. هەروەها کەمێک پێش شەڕی ئەمریکا دژ بە عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی ژن لە کەنەدا، لیژنەی (بەرگری لە مافەکانی ژنانی عێراق)یان دامەزراند، کە لە یەکێک لە چالاکییەکانیدا، بە بۆنەی پەلاماری پاسەوانەکانی (ئەحمەد چەلەبی) لە تۆرۆنتۆ بۆ سەر یەکێک لە چالاکەوانەکانی ئەو لیژنەیە، بەیاننامەیەکیان بە ناوی لێژنەکەوە لە (١٤-١٠-٢٠٠٢) دەرکرد و تێیدا جەختیان کردەوە لەسەر دژایەتیکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە عێراق و بەیاننامەکەیان بەم ڕستەیە کۆتایی پێ هێنا: “بڕووخێت بەکرێگیراوی ئەمریکی و سیاسەتە تاوانکارییەکانی ئەمریکا بەرامبەر عێراق … ژنانی عێراق شایستەی داهاتوویەکی زۆر لەمە باشترن … شایستەی داهاتووی ئاشتی و ئازادی و یەکسانی تەواون لەنێوان ژن و پیاودا”. هەروەها پێش ئەم کۆتاییە، لە بەیاننامەکەدا دژایەتی خۆشیان بۆ ئەو تاوانانەش دەربڕیبوو کە “ڕژێمی تاوانکاری بەعس” ئەنجامی دابوو لە کوشتنی ژنان لە هەڵمەتە ئیمانییەکەی ساڵی (١٩٩٦)دا کە بووە هۆی کوژرانی دووسەد و پەنجا ژنی عێراقی.
بەڵام دەرکەوتنی یەنار محەمەد لەناو کۆمەڵگەی عێراق و لەسەر ئاستی جیهانی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق) لە حوزەیرانی (٢٠٠٣) لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، واتە دوای دوو مانگ لە ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی بەعس، لە جەرگەی کەشوهەوای شەڕ و داگیرکاری ئیمپریالیستی ئەمریکای تاوانکاردا، وە لە بارودۆخی ئاسۆیەکی نادیار و مەترسیی ڕوودانی گەردەلوولی وێرانکەردا کە لە هەموو لایەکەوە ڕووی لە کۆمەڵگەی عێراقی کردبوو. ئەو گەردەلوولانەی کە دواتر لە کۆمەڵکوژییەکان و شەڕی تائیفی و کوشتن لەسەر بنەمای ناسنامە و پرۆسەی تێکدانی پێکهاتەی مەدەنی کۆمەڵگە و تەقینەوە تیرۆریستییەکان و سەرهەڵدانی میلیشیاکان و بەهێزبوونی هێزە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگە دژی ژنان لە هێزە عەشیرەییەکانەوە تا دامەزراوە ئایینییەکان بەرجەستە بوون، و بەمەش ژن کەوتە ناو چنگی سەختترین قۆناغی مێژوویی سەرکوتکەر و کارەساتبار لە مێژووی عێراقی نوێدا.
تەنها شەش مانگ بەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا تێپەڕیبوو، یەنار محەمەد لە ئێوارەی (٣١)ی کانوونی یەکەمی (٢٠٠٣)دا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە نامەیەکی لە گروپێکی ئیسلامی بە ناوی (سوپای هاوەڵان – جيش الصحابة)ەوە پێگەیشت. ناونیشانی نامەکە بریتی بوو لە: “کوشتنی یەنار محەمەد لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا”. لەو کاتەوە تا ساتەوەختی تیرۆرکردنی، بەردەوام جۆرەها هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بوو لە ماوەی بیست و سێ ساڵی خەباتی بێوچانیدا لەناو ئەو هەموو کارەسات و کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەی کە عێراق بەخۆیەوە بینی. تەنانەت ئەم هەڕەشانە هەر بەردەوام بوون لە ڕۆژانی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)شدا، ڕۆژانی پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر بزووتنەوەی جەماوەری لە عێراق، ئەمە جگە لە جۆرەکانی تری فشار و هەڕەشە و سکاڵای یاسایی هەڵبەستراو.
سەرەڕای ئەوەش، هەڵمەتی میدیایی هاندان بۆ کوشتنی یەنار و چالاکوانانی (ڕێکخراوی ئازادی ژن) و هاندان بۆ داخستنی نووسینگەکانی ئەم ڕێکخراوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەک “إذاعة المساواة- ڕادیۆی یەکسانی” و ڕۆژنامەی “المساواة -یەکسانی” بەدرێژایی مێژووی خەباتی یەنار محەمەد و (ڕێکخراوی ئازادی ژن) تا ئەمڕۆش بەردەوامە و هەر نەوەستاوە. ئەو هاندانانەی کە پڕ بوون لە بێ ئابڕووترین جۆرەکانی درۆ و بوختانی سیاسی پڕ ڕق و کینە کە هەڵبەسترابوون لە لایەن هێزە میلیشیاییەکان و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و دەزگا هەواڵگرییە تاوانکارەکانیان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەش کەم نەبوون کە بە درۆ و چەواشەکاری خۆیان بە چەپ ناودەبرد و پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئەم هێزە تاوانکارانە و هاندانەکانیانەوە کە ئامانجیان تیرۆرکردنی هاوڕێ یەنار بوو، ئەوانە لە بنەڕەتدا دەستەوتاقمێکی لۆمپنی سیاسیی بوون کە خاوەن مەیلی سیاسی و کەلتووری پوکاوەی نێرساڵاریی ئیسلامی و قەومی و تائیفی و لە ژینگەی نەتەوەپەرست و شۆڤێنیستەکانەوە هاتبوون. ئەم دەستەوتاقمە هەڵمەتی بەردەوامیان وەڕێخستبوو لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی هاوڕێ یەنار و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، تا ئەو ڕادەیەی وێنە و وردەکاری ناوەکانیان بڵاوکردەوە، ئەمەش بە گشتی یارمەتیدەر بوو بۆ خۆشکردنی کەشوهەوا بۆ تیرۆرکردنی.
مێژووی خەباتی هاوڕێی ئازیز یەنار و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) لە بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژن، پڕە لە قوربانیدان و دەستکەوت؛ لە ڕێکخستن و دامەزراندنی ڕێکخراوەکە و دژواری بەڕێوەبردنییەوە، تا دەرکردنی ڕۆژنامەی “یەکسانی” لە نیسانی (٢٠٠٤)، و “ڕادیۆی یەکسانی” لە ماوەی ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا. هەموو ئەمانە لەپاڵ دروستکردنی لقەکانی (ڕێکخراوی ئازادی ژن) لە پارێزگاکان و دامەزراندن و بەڕێوەبردنی پەناگەکان (شێڵتەرەکان) بۆ ژنانی ئەشکەنجەدراو و ڕزگاربوو لە بازرگانیکردن پێیانەوە، و بەشداریکردنی کاراش لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان و ڕێکخستنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی، و بەشداریکردن لە ڕێکخستنی بۆنەکانی سەر بە بزووتنەوەکانی ژنان و کرێکاری و سۆشیالیستییە جیهانییەکان و گێڕانی ڕۆڵێکی کارا تێیاندا.
یەنار بە پێداگرییەوە بەردەوام بوو لە خەباتکردن لە مەیدانی خەبات لەپێناو مافە یاساییەکاندا، لە ڕێکخستنی هەڵمەتی خەباتکارانەی جۆراوجۆرەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو یاسایانەی کە دژە ژنن لە سیستەمی دادوەری عێراقدا، تا ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامی سیاسی شیعی بۆ دەرکردنی یاسای نوێی تائیفیی دژە ژن و لێسەندنەوەی ئەو ماف و ئازادییانەی کە ژنانی عێراق بە درێژایی مێژوو بەدەستیان هێنابوو.
وێستگەکانی خەباتی یەنار و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) لەم مەیدانەدا زۆرن؛ لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیاری (١٣٧)ی “مجلس الحكم الانتقالي- ئەنجومەنی فەرمانڕەوایی ڕاگوزەر”ەوە دەست پێدەکات کە هەوڵێک بوو بۆ سەپاندنی “یاسای باری کەسێتیی جەعفەری” لە کۆتایی (٢٠٠٣)دا. لەم چوارچێوەیەدا “یەنار محەمەد سمینارێکی دژ بە بڕیاری (١٣٧) بە ناونیشانی (نا بۆ کۆیلایەتی ژنان لە عێراق) لە (٢٩)ی کانوونی دووەمی (٢٠٠٤)دا سازکرد. هەروەها بەشداریی لە خۆپیشاندانێکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا کرد کە تێیدا وتارێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە سەردەمی سەرکوتکردنی ژنان لە ڕێگەی خەباتێکی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە کە بانگەشەی یەکسانی بکات. وتارەکە لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە هەموو کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناوخۆییەکان و هەندێک کەناڵی جیهانییەوە بڵاوکرایەوە” و لەسەر ئەم بنەمایەش بوو کە یەکەم نامەی هەڕەشەی کوشتنی بۆ هات.
ئەمە و هاوڕێ یەنار لە ساڵانی دواتردا، لە (٢٠١٤) و (٢٠٢٤)دا، دژی هەڵمەتەکانی تری سەپاندنی یاسای جەعفەری خەباتی کرد و خۆی و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانان و پارێزەران دەستپێشخەرییان کرد بۆ دامەزراندنی “هاوپەیمانی ١٨٨” دژی (هەمواری یاسای باری کەسێتی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩) لە تەممووزی (٢٠٢٤). هەروەها زۆر لێبڕاوانە خەباتی کرد دژ بە تێپەڕاندنی “پاکێجی ئەحکامە جەعفەرییەکان” لە پەرلەمان لە ئابی (٢٠٢٥)دا، دوای ڕێککەوتنێکی شەرمەزارانەی نێوان بلۆکە پەرلەمانییەکانی حزبە قەومییە عەرەبی و کوردییەکان لەگەڵ حزبەکانی ئیسلامی سیاسی شیعی بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئەحکامە کۆنەپەرستانەی دژ بە مافەکانی ژنان، کە دەرگا بە ڕووی تاوانی بەشوودانی کچانی تەمەن مناڵ دەکاتەوە.
جگە لەوەش یەنار لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیدا، خەباتی کردووە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی سیاسی و ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان و جیاکردنەوەی ئایین و نەتەوە لە دەوڵەت و سیستەمی پەروەردە، وە خەباتی کردووە دژ بە گەندەڵی و دەسەڵاتی میلیشیا و هێزە خێڵەکییەکان و هەژموونی مەرجەعیەتە ئاینییەکان کە دژی مافەکانی ژنان و منداڵانن.
هاوڕێ یەنار لە چوارچێوەی خەباتی حزبیدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەیوەندی بە پڕۆژەی “کۆنگرەی ئازادی عێراق”ەوە کرد و یەکێک بوو لە واژۆکەرانی دامەزراندنەکەی بە دەستپێشخەریی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق) لە ساڵی (٢٠٠٤)دا، بەڵام لە کاتێکی تا ڕاددەیەک زوو لەم پڕۆژەیە کشایەوە، دوای ئەوەی پەرەسەندنی نەرێنی ئەم پڕۆژەیەی بینی کە ناکۆک بوو لەگەڵ ئامانجە کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازییەکانی ژنان، کە هاوڕێ یەنار پابەند بوو پێیانەوە.
گەورەترین چەڵێنج لە چالاکیی هاوڕێ یەنار محەمەددا، خەباتی بوو بۆ ڕزگارکردنی ژنانی ئەشکەنجەدراو و هەڕەشە لێکراو بە کوشتن و ئەو کچە گەنجانەی کە کەوتبوونە داوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ژنانەوە. سەرباری هەموو ئاڵۆزی و زەحمەتییەکانی بەڕێوەبردن و کۆسپەکانی دەستکەوتنی بودجە بۆ پڕۆژەکەی و ئەو مەترسی و هەڕەشەی کوشتنەی کە لەلایەن میلیشیا و باند و مافیا جۆراوجۆرەکانەوە ڕووبەڕووی بووەوە، یەنار بە ئیرادەی پۆڵایینی خۆی و بە یارمەتیی کاری ماندوونەناسانەی چالاکوانانی ژن و پیاو لە (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی لە کادیرە کۆمۆنیستەکان، توانی ئەم ئەرکە ئەنجام بدات و نزیکەی (١٤٠٠) کچی گەنج لە مەترسییەکانی مەرگ و وێڵ بوون و ئاوارەیی ڕزگار بکات.
هاوڕێ یەنار گرنگییەکی تایبەتی بە بەرزکردنەوەی ئاستی فکری و سیاسیی چالاکوانان و ڕزگاربووان دەدا، بۆیە بە درێژایی چەندین ساڵ بەردەوام بوو لە کردنەوە و بەردەوامیدان بە کاری قوتابخانەکانی تیۆری ڕزگاریخوازانەی ژنان و قوتابخانەکانی فێرکردنی مارکسیزم. ئەم قوتابخانانە بەرهەمی باشیان هەبوو؛ ژمارەیەک لە چالاکوانی ڕزگاریخوازی ژنان تیایدا بە دیدگای ماتریالیزمی مێژوویی چەکدار بوون بۆ تێگەیشتن لە پرسی چەوسانەوەی ژن و ڕزگارییەکەی، کە ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ڕزگاریخوازەکانی چالاکەوانانی ژنان بە شێوەیەکی لێهاتوو.
یەنار محەمەد، خەباتکارێکی ڕابەری کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ بوو، لەگەڵ بێکاران لە ناو ڕیزەکانی (یەکێتیی بێکاران لە عێراق) و خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانیان لە بەردەم ئیدارەی کاتیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکی لە هاوینی (٢٠٠٣) لە بەغدا خەباتی دەکرد. هەر لەو کاتەوە چالاکییەکانی یەنار دانەبڕاوە لە پشتیوانیکردنی بۆ خەباتی کرێکاران لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی خەباتی کرێکارانی (کەرتی پیشەسازی) و خۆپیشاندان و کۆنگرەکانیان دژ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت و ئاڵوگۆڕی لە پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و دەرکردنی کرێکاران لەسەر کار.
هەروەها بە توندی و تا دوا ساتەکانی ژیانی خەباتی کرد بۆ بەرگریکردن لە (یەکێتیی شورا و سەندیکا کرێکارییەکان لە عێراق) و سەرۆکی پێشووی، فەلاح عەلوان، و هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەش کرد بۆ پەرەپێدانی کار و خەباتی ئەم یەکێتییە کرێکارییە. هەروەها هەڵوێستێکی پشتیوانکارانەی هەبوو بۆ ئەم یەکێتییە کرێکارییە کە ستراتیژ و سیاسەتێکی کرێکاریی سۆشیالیستی هەبوو، وە ڕووبەڕووی ئەو جیابوونەوانە وەستایەوە کە لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٤-٢٠٠٧) لە ڕیزەکانیاندا ڕوویاندا و هەمیشە بە هەموو شێوەیەک کە لە توانادا بوایە یارمەتی ئەم یەکێتییەی دەدا لە ڕێکخستنی هەڵمەت و کۆنگرە و سازکردنی سمیناری هاوبەش لەگەڵیدا.
هاوڕێ یەنار هەمیشە هەوڵی دەدا کە بزووتنەوەی کرێکاری و ئەم یەکێتییە کرێکارییە خاوەن ئاراستە سۆشیالیستییە پەرە بستێنێت، و پرسی ژن و ئازادییەکەی ببێتە ئەرکێکی سەرەکی لە ئەرکەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، لەوانەش ببێتە پرسی سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان. هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی پتەوەی ئەو کە پرسی ئازادیی ژن و ڕزگاربوون لە سیستەمی چینایەتی دوو بابەتی لێک دانەبڕاون و بە یەکەوە بەستراونەتەوە.
یەنار لە هەموو وێستگەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تەندروستی و پەروەردەیی، وە بەشداریش بووە لە خەبات دژ بە سیاسەتە نیولیبرالییەکانی ڕژێمی بۆرژوا قەومی و ئیسلامیی فەرمانڕەوا، لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت، هەروەها بەشداریش بووە لە خەبات دژی گەندەڵیی دارایی و ئیداری و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگە. ئەمە و پشتیوانیی لە خەباتی جەماوەر کردووە بۆ بەدیهێنانی داواکارییە ئابوورییەکانی کرێکاران و بێکاران و کرێکارانی ڕۆژانەکار و پشتیوانی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بووە لە ماوەی (٢٣) ساڵدا.
هاوڕێ یەنار بە هەموو تواناوە پشتیوانیی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی لاوان و کرێکاران و بێکاران و خۆپیشاندانەکانیانی دەکرد لە هەموو وێستگەکانیدا، هەر لە ساڵی (٢٠١١) و (٢٠١٥) و (٢٠١٧) و (٢٠١٨)ەوە تا (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩). یەنار پشتیوانیی لەم ناڕەزایەتییانە کرد و لەگەڵ (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) بە تەواوی هێزەوە بەشداریی تێدا کردن و لە بەشێکیشیاندا وتار و قسەی پێشکەش کردووە بۆ بەرگریکردن لە داواکارییەکانی جەماوەری ناڕازی و بەتایبەتییش بۆ بەرگری لە پرسی ماف و ئازادییەکانی ژن و یەکسانییەکەی و خەباتی دەکرد بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانە سیاسەتی ڕزگاریخوازانە بەرامبەر بە پرسی ژن پەیڕەو بکەن.
بەڵام گرنگترین بەشداریکردنی ئەو لە ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا بوو. هاوڕێ یەنار دوو ڕۆژ پێش سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) -کە نزیکەی ساڵێک و دوو مانگ پێش ئەم ڕاپەڕینە دامەزرا بوو- بەشداریی کرد لە دەرکردنی بەیاننامەی ئەم ڕێکخراوەدا کە تێیدا جەختی کردۆتە سەر بەرگریکردن لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە شۆڕشگێڕانەیە کە چاوەڕوانکراو بوو سەرهەڵبدات، هەروەها پلاتفۆڕمی سیاسیی ئەم ڕێکخراوەی بۆ ڕاپەڕینەکە و دروشمی “هەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوو” و بەڵگەنامەی “سەرخەتە گشتییەکانی وەڕێخستنی شوراکان”ی پەسەند کرد و بەهێزەوە بەرگریی لێ کردن.
هەروەها خۆی بۆ ماوەیەک بەشداریی لە ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)دا کرد، و وتاری پێشکەش دەکرد لەو سمینارە جەماوەرییە کراوانەدا کە لەلایەن ئەندامانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و کادیرەکانیانەوە ساز دەکرا لە (ساحەی تەحریر) لە بەغدا، ئێوارەی هەموو ڕۆژێک لەژێر چادرێکدا کە دروشمی (هەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوو)ی لەسەر نووسرابوو. هەروەها بەشداریی کرد لە دەرکردنی بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین) وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و (ڕێکخراوی ئازادی ژن)، و نووسین بۆی بەتایبەتی بۆ ژمارە سەرەتاییەکانی.
سەرباری کردنەوەی دەرگا بە ڕووی بەشداریکردنی بەشێکی فراوانی ژنان لەم ڕاپەڕینەدا، دوای ئەوەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بە شێوەیەکی کاتی پاشەکشەیان کرد، بەڵام هاوڕێ یەنار نیگەرانیی خۆی نەشاردەوە سەبارەت بەوەی لاوان و چالاکوانانی ئەم ڕاپەڕینە ئاسۆیەکی سیاسیی ڕزگاریخوازانەیان بەرامبەر بە پرسی ژن نەگرتۆتەبەر. ئەمە دەستنیشانکردنێکی ورد و دروست بوو، ئەو کەشوهەوا پڕ جۆش و خرۆشەی کە زاڵ بوو بەسەر ڕاپەڕینەکەدا نەبووە هۆی ئەوەی یەنار کەموکوڕی لە پڕۆژە سیاسییەکانی بزووتنەوەی لاواندا نەبینێت کە گرنگیی پێویستییان نەدەدا بە پرسی ژن و ئازادی و یەکسانییەکەی، تەنانەت لاوان نەچوونە پای ئەمە هەتا بۆ بەهێزکردنی ڕاپەڕین و بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی ئەو ڕاپەڕینە بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی فەرمانڕەواش.
ئەمە و پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتی و چالاکییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک بوو لە گرنگترین مەیدانەکانی چالاکی هاوڕێ یەنار. ئەو بەهێزەوە بەرگریی کرد لە شۆڕشەکانی تونس و میسر و شەپۆلی جەماوەریی شۆڕشگێڕانە لە ناوچەکەدا. هەروەها بەرگریی کرد لە خەباتی جەماوەری ژنان لە ئێران بۆ ڕزگاربوون لە مۆتەکەی ترسناکی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامیی فەرمانڕەوا لەو وڵاتە.
لە مانگی ئەیلول/سێپتێمبەری (٢٠٢٣)دا، لە گردبوونەوەیەکی هاوپشتیدا کە لەلایەن (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا ڕێکخرابوو، هاوڕێ یەنار وتارێکی کاریگەری پێشکەش کرد بۆ هاوپشتیی لەگەڵ ژنانی ئێران و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە شۆڕشگێڕییەکانی ئێران وەک پەرچەکردارێک دژ بە کوشتنی مهسا (ژینا) ئەمینی. ئیتر لە دوای ئەم گردبوونەوە هاوپشتییە، هاوڕێ یەنار و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) ڕووبەڕووی ڕاوەدونانی دەسەڵات و سکاڵای یاسایی هەڵبەستراو بوونەوە، بە ئامانجی دادگاییکردنیان و داخستنی نووسینگەکانی (ڕێکخراوی ئازادی ژن) و ڕێگریکردن لە چالاکییەکانیان.
خەباتی هاوڕێ یەنار بۆ ئازادیی ژن و بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، لە دیدگایەکی ڕزگاریخوازانەی ژنان و مارکسیستی شۆڕشگێڕەوە، وە ئامادەبوونی لەسەر ئاستی جیهانی لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕی بزووتنەوە ئازادیخوازە نێودەوڵەتییەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی، وە ئامادەبوونی لە ناوەندەکانی ڕەوت و ڕێکخراو و حزبە سۆشیالیستییەکان و سەندیکا کرێکارییەکان لەسەر ئاستی جیهان، وای لێ کرد ببێت بە کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژن و ئازادیی مرۆڤ، ئیتر لە سەکۆ جیهانییە بۆرژوازییەکان و دامەزراوەکانیدا دانی پێدا دەنرا، لەوانەش (نەتەوە یەکگرتووەکان) کە وتارێکی تێدا پێشکەش کرد، هەروەها لە دەزگای پەخشی بەریتانی (BBC)یش کە لە ساڵی (٢٠١٨)دا وەک یەکێک لە (١٠٠) ژنی پێشەنگ لە جیهاندا هەڵیبژارد.
هاوڕێ یەنار چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا: (خەڵاتی گروبەر) بۆ مافەکانی ژنان لە ساڵی (٢٠٠٨)، (خەڵاتی یادگاریی تۆرۆڵف ڕافتۆ) لە ساڵی (٢٠١٦)، و (خەڵاتی فەرەنسی-ئەڵمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا) لە ساڵی (٢٠٢٥). هەروەها بە بۆنەی تێپەڕبوونی (٢٠) ساڵ بەسەر داگیرکردنی عێراقدا، هاوڕێ یەنار بەشداریی لە بەرنامەیەکدا کرد لەگەڵ کەسایەتییە چەپ و سۆشیالیستە ناسراوەکانی جیهان لە ناو بزووتنەوەی جیهانیی “دژە جەنگ”دا بۆ دەربڕینی ڕای خۆی بەتایبەتی سەبارەت بە شەڕی ئەمریکا دژ بە عێراق، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو کارەساتانەی کە ئەم شەڕە دروستی کردووە بۆ جەماوەر بەتایبەتی ژنانی عێراق و ناوچەکە.
بەڵام گرنگترین ڕۆڵ و تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەی هاوڕێ یەنار لەبنەڕەتدا ئەوە بوو کە لە بناغەدا تێکۆشەرێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ بوو، وە بەردەوام لە خەباتدا بوو بۆ بونیادنانی جیهانێکی خاڵی لە چین و دەوڵەت و هەموو جۆرەکانی سەرکوت و چەوسانەوە و جیاکارییەک، لە ڕێگەی خەبات لەناو ڕەوتێکی کۆمۆنیستی حزبی ڕێکخراوەوە، ئەمە شتێک بوو کە هیچ دوودڵ نەبوو لێی سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە ژیانی حزبایەتیدا لە ماوەی نزیکەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بووەوە.
خەباتی ئەو بۆ ئازادیی ژن و بەدیهێنانی ماف و یەکسانییەکەی، هەرگیز دابڕاو نەبوو لە ڕەخنەگرتنەکانی و لە خەباتەکەی دژی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری. تێزەکەی ئەو سەبارەت بەوەی کە ڕەوتێکی کۆمۆنیستی ڕێکخراو دەبێت پشتیوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) و تەنانەت چالاکییەکان و خەباتی هاوڕێ یەنار خۆشی بێت، ئەمە بۆ ئەو تەنها سیاسەتێکی تاکتیکی نەبوو بۆ پشتیوانیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، بەڵکو ئاسۆیەکی سیاسی و ستراتیژێکی سیاسی کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان بوو لای هاوڕێ یەنار.
ئەو باوەڕی وابوو کۆمۆنیزمێک کە بە مەسەلەی ژن و پرسی ئازادییەکەی دەوڵەمەند نەکرێت، کۆمۆنیزمێکی ستالینی و میکانیکییە، یان کۆمۆنیزمی ڕەوتە بۆرژوازییە نەتەوەییە ڕادیکاڵەکان یان کۆمۆنیزمی ڕیفۆڕمخوازە سازشکارەکانە، و هیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و جەماوەری ژنانی چەوساوەوە نییە. ترسی ئەو لەوە نەبوو کە چالاکی ڕزگاریخوازانەی ژنان زاڵ بێت بەسەر ڕەوتە کۆمۆنیستییە ڕێکخراوەکەدا کە خۆی لە چوارچێوەیدا کاری دەکرد، بەڵکو ترسی لەوە بوو کە کۆمۆنیزمی ئەو حزب یان ئەو ڕێکخراوەی کە تێیدا خەبات دەکات، ڕزگاری نەبوو بێت لە نێرساڵاری و هەژموونی کولتووری ئایینی و نەتەوەیی پیاوسالاری بەسەریدا.
سەرەڕای ئەوەی خەباتی حزبیی هاوڕێ یەنار لە ناو (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق)دا لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە هاوڕای هەندێک ئاستەنگ بوو، بەڵام هەر پابەندبوو بە حزب و خەباتکردن لە ناویدا. ئەو باوەڕی بە خەباتی حزبی ناوخۆیی هەبوو، جیاوازیی بیروڕای قبوڵ دەکرد و هەوڵی دەدا پارێزگاری لە یەکێتیی حزب بکات.
لە (٦)ی ئایاری (٢٠١٨)دا، لە کاتی پلینۆمی (٣٣)ی کۆمیتەی ناوەندیی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق)، هاوڕێ یەنار دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حزبە پێشکەش کرد، چەند ڕۆژێکیش دواتر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی حزبەکە ڕاگەیاند، بەمەش خەباتی خۆی لەناو ئەو حزبەدا کۆتایی پێ هێنا کە زیاتر لە (١٨) ساڵ درێژەی کێشا.
دوای دەرچوونی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق)، نەچووە ناو مشتومڕی حزبیی لاوەکییەوە، وە بێبەری بوونی خۆشی ڕانەگەیاند لەو خەباتەی لەناو ئەو حزبەدا کردبووی، بەڵکو وەک بەشێک لە مێژووی خەباتی سیاسی و حزبیی کەسیی خۆی سەیری دەکرد و جێگەی شانازیی خۆی بوو. سەبارەت بە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیش، هاوڕێ یەنار هانی زۆر سەرقاڵ بوون و خۆمەژغوڵکردنی بەو ناکۆکییانەوە نەدەدا، وە بانگەشەی نەدەکرد بۆ کردنەوەی بەرەکانی ململانێ کە کۆمۆنیستەکان و چالاکوانانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان دوور دەخاتەوە لە کێشە سیاسییە گەورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانە کە چواردەوری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی داوە، لە کۆمەڵگەیەکیشدا کە هێزە کۆنەپەرستە جۆراوجۆرەکان بەسەریدا زاڵن. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە سەرەڕای ڕەخنەی لە هەندێک لە سیاسەتەکانی هاوڕێ مەنسوور حیکمەت، بەڵام هەر بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە سەیری دەکرد و جەختی دەکردەوە لەسەر گرنگیی پێگە و بیرۆکە و خەباتی ئەو لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا لە عێراق و لە ناوچەکەدا.
هاوڕێ یەنار نەوەستا لە درێژەدان بە خەباتی کۆمۆنیستیی ڕێکخراو، بۆیە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق)، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دەستپێشخەرییان کرد بۆ دامەزراندنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) لە ڕێگەی دەرکردنی بەیاننامەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەوە لە (٢٥)ی تەممووزی (٢٠١٨)دا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ش بێبەری نەبوو لە ئاستەنگ لە بەردەم خەباتی هاوڕێی ئازیز یەنار، بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەدا، کە ژمارەیەک هاوڕێ پەیوەندییان پێوە کردبوو کە هێشتا دەستبەرداری میراتی نێرساڵاری نەببوون و دوای ماوەیەکی کەم ڕێکخراوەکەیان بەجێهێشت. هاوڕێ یەنار تا دوا ساتەکانی ژیانی بەهێزەوە پابەند بوو بە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) و وەک ئامرازێکی کاریگەر دەیبینیەوە لە دەستی خۆیدا بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازییەکانی ژنان، و ڕێزێکی زۆری هەبوو بۆی، وە دایدەنا بە دەستکەوتێکی گرنگ لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێش ڕۆژانی کۆتایی ژیانی، بەردەوام هانی ژنانی چالاکوانی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن)ی دەدا کە دەستبگرن بە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یەوە و پێوەی پەیوەست بن، چونکە ئامرازێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانەی گرنگە بۆ بەهێزکردنی خۆیان و بەهێزکردنی خەباتە ڕزگاریخوازییەکەیان. ئەو ئاماژەی بە ڕۆڵی خەتی سیاسیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) دەکرد لە بەهێزکردنی هاوڕێ یەنار خۆیدا لە ڕووی سیاسییەوە و وەک نموونەیەک دەیهێنایەوە بۆ هاندانی ژنانی چالاکوان بۆ پەیوەست بوون پێوەی و کارکردنی سیاسی لە چوارچێوەیدا.
هاوڕێی ئازیز یەنار لەناوماندا نەما، بەڵام میراتێکی شۆڕشگێڕانەی گەورەی بۆ بەجێهێشتین بە کارە ماندوونەناسەکەی بۆ بونیادنانی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بەهێز و بەتوانای حزبی و تێکۆشەر لەپێناو بونیادنانی جیهانێک کە ئازادی و یەکسانی تێدا بەرقەرار بێت، وە بۆ بونیادنانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی گەورەی ژنان، کە ژنان لەو کۆیلایەتییەی بەسەریاندا سەپێنراوە ڕزگار بکات، بزووتنەوەیەک کە هەر لەو کاتەدا بە کۆمۆنیزم بەهێز دەبێت، خۆشی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەهێز دەکات و دەینەخشێنێ بەو قووڵاییە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان کە ڕەوتە کۆمۆنیستییەکانی سەر بە چینە غەیر پرۆلیتارییەکان لێی بێبەش بوون.
کۆچی دوایی هاوڕێی ئازیز یەنار خەسارەتێکی گەورەیە لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خەسارەتێکی قەرەبوو نەکراوە، نەک تەنها خەسارەتی ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکەی خۆی یان خەسارەتی ڕێکخراوەکەی ئازادی ژن، بەڵکو خەسارەتێکی سەراپای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و فکریی ڕزگاریخوازانەی مەزنە. یەنار محەمەد ئایکۆنی خەباتی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورەیەیە بە گشتی و وەک ئەمە لە مێژوودا بە نەمری و خاوەن میرات و نەریتی شۆڕشگێڕانەوە دەمێنێتەوە.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) شانازی بە هاوڕێی ئازیزمان یەنار و بە ئاڵا ڕزگاریخوازەکەی و بە میراتە خەباتگێڕییە مەزنەکەیەوە دەکەین، ئێمە لەو کاتەدا داخ و خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ لەدەستدانی هاوڕێی ڕابەری مەزنی ئازیزمان یەنار محەمەد، هەموومان لە قووڵایی دڵمانەوە شانازی دەکەین بەوەی کە هەمیشە هاوڕێی ڕێگای خەباتەکەی بووین، بەتایبەتی هەندێک لە هاوڕێیانمان کە زیاتر لە دوو دەیەیە بە سەقامگیرییەوە هاوڕێی خەباتە ماندوونەناسەکەی بوون.
یادی هاوڕێی خەباتکاری مەزن یەنار محەمەد هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.
ڕیسوایی و شەرمەزاری بۆ بکوژانی یەنار محەمەد؛ کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان.
شۆڕشی یەنار محەمەد بۆ ڕزگاریی ژن و بونیادنانی جیهانێکی خاڵی لە چەوسانەوە، شۆڕشێکی بەردەوامە!
بژی کۆمۆنیزم، بژی ڕزگاریی ژن.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٨ی مارسی ٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
