نەوزاد بابان
ئەو لایەن و کەسانەی کە تاکتیکی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق بە پەسند دەزانن لەم خولەی شەشەمیدا (تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری-٢٠٢٥)، بەڵگە دەهێننەوە بەوەی کە: (ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەڵ سەرمایەداری بکەینەوە) کام جەنگ؟ پەڕلەمانێک لە عێڕاق کە دیزاین کراوە سەرۆکی جمهوریەکەی بۆکورد بێت سەرۆکی پەڕلەمانەکەی بۆ سونە و سەرۆکی وەزیرانی بۆ شیعە، نەک هەر ئەمە بەڵکو هەر چەند مانگ لێرەو پێش هەر ئەم پەرلەمانە لە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێردا یاسای دژە ژنی ئەحکامە شەرعیەکانی جەعفەری پەسندکرد کە داماڵینی هەر چی ئازادی و کەرامەتە لە ژنان و ڕێگە خۆشکەریشە بۆ بەشودانی منداڵانی کچی نۆ ساڵ، ئاخر چۆن لەناو خودی ئەم سیتەمە دەتەوێ جەنگ بکەی دژی سەرمایەداری بۆ چاکسازی و مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و منداڵان؟
کام جەنگ؟ شەرعیەت دان بە پەڕلەمانێک کە خۆیان بڕوایان پێی نەماوە، ئەوە ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە بۆ پەڕلەمانی کوردستان تاوەکو ئێستا حکومەتیان پێکنەهێناوە.
هەروەها لەلایەکی ترەوە دەڵێن؛ ئێمە وەک تەکتیک بەکاری دەهێنین. کام تەکتیک تۆ بڵێیت ئەم خولە ڕێگە بە نوێنەری کرێکاران ژنان لاوان هەژارەکان بدەن بەشداری ئەم خولە بکەن؟ ئەوە تا (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری) کە ویستوویەتی بە فەڕمی بەشدار بێت ڕایگەیاندووە؛ بەهۆی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن لە خەواندنی بڕەپارەیەک و کۆکردنەوەی چەند هەزار واژۆ نەمان توانی بەفەڕمی وەک لیستی سەربەخۆی خۆمان بەشداربین.
کام تاکتیک؟ شانبەشان لەگەڵ کەمینەیەکی دەنگدەر کە بەرژەوەندیـیەکانیان بەم ڕژێمەوە بەندە یان لەگەڵ زۆرینەیەکی ناڕازی کە بایکۆتی ئەم سیستم و دەسەڵاتە دەکەن؟ کە هەر خۆشیان لە زۆر شوێن ئاماژەیان پێ داوە، بە نەزەری ئێوە لەگەڵ کامیان دەستو پێ نەرم بکەی باشە؟ خۆ ئەوە مێژووی هەردوو (حزبی شیوعی کوردستان) و (حزبی شیوعی عێڕاق) ئەو ڕاستیـیە دەر دەخات کە بە بەردەوامی لە پاشەکشە دابوون بەهۆی بەشداریان لەنێو ئەوسیستمەدا، تازە ئێوە دەبنە هاوبەش لەگەڵیاندا.
ئەوە شمان بیر نەچێت (ڕەوتی سەدر) بەو هەموو دەسەڵات و هێزەی خۆیەوە کە ژمارەی کورسیـیەکانی پەڕلەمانی لە خولی پێشووی هەڵبژاردندا لە هەمویان زیاتر بوو، بەڵام نەیتوانی دەسەڵات بگرێت و ئێستا لە دەرەوەی ئەم شانۆ گاڵتەجاڕەی دەسەڵاتە. جا ئێستا بەهەموو بۆچونێکی ئێوە هەتا ئەگەر بە هەموتان بتوانن ئەو کورسیەش بێنن، ئایە دەتوانن ڕوبەڕووی ئەو هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامیـیە کۆنەپەرستانە ببنەوە؟
هەر ئەم هاوڕێیانە و ئەم لایەنانە لە بانگەشەکانیاندا بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەڵێن؛ هەر چوارساڵ جارێک هەرایەک دەنێنەوە مێشکی جەماوەری کرێکاری پێ دەبەن، باشە ئێستاش هەست ناکەن خۆشتان بون بە بەشێک لەو کەمپینە و پڕوپاگەندە بۆ ئەو سیستمە دەکەن. گەر بۆخۆتان ڕەوابێ ئەوا بۆ ئەوانیش ڕەوایە؟ بەڵام لای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش (دروست قسەکەی ئێوەیە هەموویان بە ئێوەشەوە) دەنگێکی ناشاز و بێ سەمەرەن بۆ ئەوان.
ئەمە و لە زۆر شوێنیش دەنوسن و دەڵێن؛ لەڕوانگەی ئێمەوە پەرلەمان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەهیچ جۆرێک ڕێگایەک نیـیە بۆ گەیشتنی خەڵک بەدەسەڵات و تەنانەت بەشداری خەڵکیش لە دەسەڵات دابین ناکات. هەر بۆیە زۆرجار بەشی زۆری خەڵک هەتا لە وڵاتانی ڕۆژئاوای لانکی دیموکراسی پەرلەمانیدا بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا حکومەت بە دەنگی کەمینە دادەمەزرێت. وە لە درێژە ئەم باسانەدا باس لەوە دەکەن کە پەڕلەمان بەهیچ شێوەیەک فاکتەرێک نیـیە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش تەنانەت لەوڵاتانی ڕۆژ ئاواش کەلانکەی دیموکراسیـیە. کەچی ئێوە بانگەشە دەکەن خەڵکی دەنگ بە نوێنەرەکەتان بدات تا خواست و داواکاریـیەکانیان بۆ بێنێتەدی؟ ئایا ئەمە ناکۆکیـیەکی سیاسی و شەرعیەت دان نیـیە بەو سیستمە بۆگەن و داڕیزیوە تایفەگەریەی عێراق و کوردستان؟
کادرانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری) دەڵێن: لە ڕابردووشدا ویستمان بەشداربین لە پەڕلەمانی کوردستان، بەڵام دەرکەوت کە لە لایەن (پارتی)یەوە دیزاین کراوە و هیچ نییە جگە لە نمایش، بۆیە بە باشمان زانی بایکۆتی بکەین. کەوابوو ئێستا بە نەزەری ئێوە ئەم خولەی پەڕلەمانی عێڕاق دیزاین نەکراوە و نمایش نیـیە؟
کادر و هاوڕێیانی ئەو حزبە دەڵێن کە ڕەخنە لە تاکتیکی ڕابوردومان دەکەین ئەگەر نەیشیان هێشت بەشدار بین دەبوایە شەڕی بۆ بکەین تاکو ڕێگەمان پێ بدەین. ئەمە ڕوون و ئاشکرا دیارە بژاردەیەکی سیاسی ترتان گرتۆتەبەر و ڕابردوی خۆتان دەدەنە بەر خەنجەر کە بە درێژایی تەواوی ساڵانی ڕابردوو بایکۆت یەکێک بوە لە سیاسەتەکانی.
ناوەڕاستی نۆڤێمبەری ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
