بەبۆنەی دیاری کردنی لانی کەمی کرێ، لەلایەن (وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) هەرێم، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا (٢٠٢٥)، ڕۆژنامەی (ڕەوت) هەڵساوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند هەڵسوڕاوێک لە بواری مەسەلەی کرێکاریدا، لە ڕێگەی هاوڕێ (نەوزاد بابانەوە) کە خۆشی بەشدارە لەم چاوپێکەوتنەدا.
کێشمەکێشی کرێکاران لەسەر هەلومەرجی فرۆشتنی هێزی کار و لانی کەمی کرێ، ڕوویەکی گرنگی خەباتیانە لە بەرامبەر سەرمایەداران و حکومەتی هەرێم، چ وەک سەرمایەدار لە کەرتی گشتی و چ وەک نوێنەری گشت سەرمایەی کۆمەڵایەتی.
بڕگە و بەند و خاڵەکانی یاسای کار و گرێبەستە دەستەجەمعیەکان و پەیمان و قەراردادی فەردی نێوان سەرمایەدار و کرێکار، لە بازنەی ئەم کڕین و فرۆشتنەدایە، کە ئاستی ژیان و گوزەرانی زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە، واتا چینی کرێکار و ڕەنجدەر دیاری دەکات.
لەم پێشەکییەوە دەمانەوێت ئەم بابەتە لەگەڵ بەڕێزان (نەوزاد بابان، ڕزگار بابان و عوسمان زیندانی) تاوتوێ بکەین.
نەوزاد بابان:
- لانی کەمی کرێ بەپێی گرانی و هەڵاوسانی دارایی ئێستا، نابێت مانگانە لە ملوێنێک دینار و ڕۆژانەش لە (٣٥) هەزار کەمتر بێت.
- ئەگەر وشیاری چینایەتی بەرجەستەبوو ئەوا کرێکاران خۆیان ڕێکخراو دەکەن، بۆ خواست و داواکانیان دێنە مەیدان، پاشەکشە بەدەسەڵات و خاوەن کار و کۆپانیا دەکەن.
- بۆ بەدەست هێنانی تەواوی خواست و مافەکانی کرێکاران تەنها زامن ڕێکخراوبونیانە.
- ڕەوت: لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرێی مانگانەی کرێکارییان بە (٤٥٠) هەزار دینار و هی ڕۆژانەش بەلانی کەم (١٥) هەزار بۆ کرێکاری ناکارامە دیاریکرد، تۆ وەڵامت چی یە؟ ئایا پێتوانیـیە یەکجار کەمە؟
نەوزادبابان: سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناڕەزایەتی کرێکاران سەبارەت بە کەمی کرێ و حەقدەستەکان بەردەوام لە ئارادا بووە و لێرەو لەوێش فشارێک هەبووە لەلایەن سەندیکا و ڕێکخراوەکان بۆ زیاتر کردنی لایەنی کەمی کرێ. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم کە لانی کەمی کرێی بە (١٥) هەزاری دیناری ڕۆژانە، یا (٤٥٠) هەزار دیناری مانگانە بۆ کرێکاری ناکارامە دیاری کردووە، هەر زۆر کەمترە لە خواست و چاوەڕوانیـیەکانی کرێکاران.
ئەم بڕە پارەیە نەک هەر بەشی کرێکارێک ناکات کە خێزاندار و کرێنشین بێت، مناڵی خوێندکاری هەبێت وەیا لە ماڵەوە ئەندامێکی خێزانەکەیان نەخۆش بێت، بەڵکو تەنانەت یەک مرۆڤی زگورتیش بەوبڕە پارەیە ناتوانێ ژیانێکی شایستە بژێت و پێداویستییەکانی خۆی پێ دابین بکات.
لانی کەمی کرێ لەچاو ئەو بێ ڕەحمیەی بازاڕ و ئەو هەڵاوسانە دارایەی کە ئێستا هەیە، نابێت مانگانە لە ملوێنێک دینار کەمتر بێت، وە حەقدەستی ڕۆژانەش نابێ لە (٣٥) هەزار دینار کەمتر بێت. ئەمە جگە لەوەی هەتا ئەم یاسایەش وەک یاساکانی تر پا لەهەوا دەبێت خاوەن کۆمپانیا و خاوەن کارەکان بەگشتی هیچ بەها و ئەرزشێک بۆ ئەم یاسایە دانانێن، و کرێی لەوە کەمتر دەدەن بە کرێکار، چونکە هیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەک نیە بۆ ئەم یاسایە و یاساکانی تریش.
- ڕەوت: هەڵسوڕاوانی کرێکاری و تۆڕ و گروپە کرێکاریـیەکان چۆن دەتوانن خەباتی کرێکاران ئاراستەی بەرزکردنەوەی هەقدەستەکانیان و باشترکردنی هەلومەرجی کاربکەن؟ ئایا ئێوە چەند پێشنیار دەکەن بۆ هەقدەست؟
نەوزادبابان: ڕۆشنە دەبێت کرێکاران بۆ تەواویی خواست و داواکانیان سەندیکای سەربەخۆ و ڕێکخراوی سەبەخۆی خۆیان دروست بکەن، لە هەر کوێیەکی دنیا ئەگەر وشیاری چینایەتی بەرجەستەبوو ئەوا کرێکاران خۆیان ڕێکخراو دەکەن لە بەرام خواست و داواکانیان دێنە مەیدان پاشەکشە بەدەسەڵات و خاوەن کۆپانیاکان و خاوەن کار دەکەن.لەگەڵ ئەوەشدا
موچە هەمیشە دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەکەکانی بازاڕدا زیاد بێت، ئەو کرێ و حەقدەستی ڕۆژانەیە کە حکومەتی هەرێم دیاریکردووە نەک لەگەڵ ئەم بارودۆخەی بازاڕدا نایەتەوە، بەڵکو هەتا کە نرخەکان لە بازاڕیشدا وەک خۆیان بمێننەوە و بەرزیش نەبنەوە هەر لە ئاستی بژێوی تاکێکی کرێکاریشدا نیـیە. لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لەوە کردووە کە نابێت کرێ و مووچەی مانگانەی کرێکار لە ملیۆنێک کەمتر بێت و ڕۆژانەش لە (٣٥) هەزار دینار کەمتر نەبێت.
- ڕەوت: یاساکانی کار، ئایا کێ بەرپرسە لە پرۆسەی چاودێریکردن و ڕەقابەت بۆ ئەوەی جێبەجی بکرێت؟ وەک دەزانین یاساکان لە بواری ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی مناڵاندا، دوو یاسان لەئاستی نەبوندا، ئایا ئێوە پێتان وانیـیە، یاساکانی کاریش بەهەمان دەرد و فەرامۆشی دەچن ئەگەر کرێکاران خۆیان لەسەر مافەکانیان کە لە یاساکاندا هاتوون خەباتی بەردەوامی بۆ نەکەن؟
نەوزادبابان: من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر وردەکاری خاڵ بەخاڵی یاساکانی کار، ڕاستە لێرەو لەوێ خاڵی باشی تێدایە، بەڵام کێشەکە لەوێدایە هیچیان ناچنە بواری جێـبەجێکردنەوە هەمیشە دەوڵەت و دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکانی سەربەخۆیان چۆنیان ویستبێت بەقازانجی خۆیان کرێکارانیان ڕووتاندۆتەوە.
وە هەر وەک چۆن یاسا لە تەواویی بوارەکانی تردا بووکەشوشەیەکە بەدەست دەسەڵاتەوە لە یاسای کاریشدا بەهەمان شێوەیە، نمونە زۆرن، لەوانە بەگوێرەی یاسا بێت دەبێت کرێکارانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتی (زەمان) بکرێن، بەڵام خاوەن کارەکان بەشەرتی ئەوە کرێکار وەردەگرن کە داوای زەمان نەکات. کرێکارانیش لە نەبوونی هەلی کار و بێ دەرامەتی بەناچاری بۆ پەیداکردنی نان مەجبوورن مل بدەن بەهەرداوەیەکی خاوەن کار کە بیەوێت.
وە زۆرێک لە مارکێت و مۆڵەکان تەنها کرێکاری ژن وەر دەگرن ئەویش بەکرێیەکی کەم، جگە لە هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی پێیان. یەکێک لە پێشێلکاریەکانی تر ئێستا کە دیاردەیەکی زۆر قێزەون و بەرچاوە بەناوی “تێست”ەوە کرێکار بۆماوە دوو حەفتە دەیان ڕوتێنەوە دواتر بەبیانوی ئەوەی لە تێست دەرنەچون دەریان دەکەن، یان کرێکاری بیانی وێڕای هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی پێیان، پاسپۆرتەکەشیان بەبارمتەدەگرن وە بە کرێیەکی کەم دەیان چەوسێننەوە و کاری زۆر قورسیان پێ دەکەن زۆرجار پارەی دەست حەقی کاریان نادەنێ.
ئەم پێشێل کاریە کە مشتێک لە خەرمانێکی ئەو پێشێل کاریانەیە کە ڕووبەڕووی کرێکار دەبێتەوە، ئەمە ئەوە بەئێمە دەڵێت کە خاوەن کۆمپانیاکان و سەرمایەدارە گەورەکانی ئەم هەرێمە هاوبەش و هاوبەرژەوندی خوازن لەڕوتانەوەی کرێکاران، بۆیە تەنها ڕێگە لەبەردەم کرێکارانی تەواوی ناوەندەکانی کار خۆڕێکخراو بوونیانە لەچوارچێوەی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان وە نابێت هیچ ئاسۆا ئامانجێک ببەستنەوە بەو سەندیکا و نقابانەی کەسەر بەدەسەڵاتن.
*-*-*
ڕزگار بابان: جێگری سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی پارێزگای کەرکوک
- هۆشیاری و خۆ ڕێکخستن و خەبات و تێکۆشانی بوێرانەی کرێکاران، مەرجی گەیشتنە بە مافە ڕەواکانیان.
- بە بۆچوونی من لە ئێستا دا هەق دەستی ڕۆژانەی کرێکاری نا کارامە تاوانە لە (٣٠٠٠٠) سی هەزار کەمتر بێت.
- ڕەوت: سوپاس کە کاتتان بەخشی بە ڕۆژنامەی “ڕەوت” بۆ ئەم گفتوگۆیە. لەسەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، (وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) کرێ یا مووچەی مانگانەی کرێکاریان بە (٤٥٠) هەزار دینار و هی ڕۆژانەش بەلانی کەم (١٥) هەزار بۆ کرێکاری ناکارامە دیاریکرد، تۆ وەڵامت چی یە؟ ئایا پێتوانیـیە یەکجار کەمە؟
ڕزگار بابان: سەرەتا منیش بە خێرهاتنی ئێوە دەکەم و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بە بەراورد بە بازار و نرخی کاڵا و پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیان، بێ گومان ئەو کرێ و مووچەیە هەر زۆر کەمە بۆ کرێکار. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەتا لە سایەی حکومەتی بێ بەرنامە و بێ ستراتیژدا، بڕیارەکان لە مەرەکەبی سەر کاغەز زیاتر نیین و بە دڵنیایـیشەوە دەتوانم بڵێم لە چەندین دامودەزگای حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادیدا بە هەزاران کرێکار هەن کە کار دەکەن و زۆر کەمتریش وەردەگرن لەو بڕە کرێ و داهاتەی کە ئەو دوو حکومەتە دیاریان کردوە، وە ئێستا چەندین دۆسێ (مەلەف) لەو بارەیەوە لە دادگاکانی کاری ئیتیحادیدا هەن و خۆڵیان لەسەر نیشتووە!
- ڕەوت: هەڵسوڕاوانی کرێکاری و تۆڕ و گروپە کرێکاریـیەکان چۆن دەتوانن خەباتی کرێکاران ئاڕاستەی بەرزکردنەوەی هەقدەستەکانیان و باشترکردنی هەلومەرجی کاربکەن؟ ئایا ئێوە چەند پێشنیار دەکەن بۆ هەقدەست؟
ڕزگار بابان: هۆشیاری بە ئەرک و ماف و خۆ ڕێکخستن و خەبات و تێکۆشانی بوێرانەی کرێکاران، مەرجی گەیشتنە بە مافە ڕەواکانیان. هەقدەست یاخود کرێ، ڕۆژانە بێت یاخود مانگانە دەبێت ژیان و ژینێکی بەکەرامەت بۆ مرڤی کرێکار دەستەبەر بکات، بەشی سەرجەم پێداویستیەکانی ژیانی خۆیی و خێزانەکەی بکات. بە بۆچوونی من لە ئێستا دا هەق دەستی ڕۆژانەی کرێکاری نا کارامە تاوانە لە (٣٠٠٠٠) سی هەزار کەمتر بێت.
- ڕەوت: ئایا کێ بەرپرسە لە پرۆسەی چاودێریکردن و ڕەقابەت لەسەر یاساکانی کار، بۆ ئەوەی جێبەجی بکرێن؟ وەک دەزانین یاساکان لە بواری ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی مناڵاندا، دوو یاسان لە ئاستی نەبوندا، ئایا ئێوە پێتان وانیـیە، یاساکانی کاریش بەهەمان دەرد و فەرامۆشی دەچن ئەگەر کرێکاران خۆیان لەسەر مافەکانیان کە لە یاساکاندا هاتوون خەباتی بەردەوامی بۆ نەکەن؟
ڕزگار بابان: یاساکان خۆیان پەیمانێکی کۆمەڵایەتین و پابەند بوون پێوەیان و جێبەجێ کردنیان نەک هەر ئەرکێکی یاسایی بگرە ویژدانی و ئەخلاقیشە، بەڵام بە پێی شێوازی سیستمە سیاسیـیەکان و ئاستی هۆشیاری و ڕێکخراوبوونی کرێکاران و هۆشمەندی کۆمەڵگەکان ئاستی جێبەجێ کردنیان دەگۆڕێت.
ئەگەر گوزەرێک بە مێژوی بزووتنەوەی کریکارانی عێراقدا بکەین دەبینین لە ساڵی (١٩٣٤) تا ئێستا پێنج (٥) یاسای کار دەرچووە و کۆتا یاسا، یاسای ژمارە (٣٧)ی ساڵی (٢٠١٥)یە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا کار بە یاسای کاری ژمارە (٧١)ی ساڵی (١٩٨٧)ی عێراقی دەکەن. هەروەها عێراق توانی یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران، ژمارە (١٨) لە ساڵی (٢٠٢٣)دا، دەر بکات.
هەردوو یاسای ناوو براو لە ناوەڕۆکیاندا هەڵگری کۆمەڵێک ماددە و بڕگە و بەندی باشن بۆ کرێکاران ئەگەر بە ڕاستی و بە تەواووی جێبەجێ بکرێن.
بۆ جێبەجێ کردنی یاسای کار و یاسای بیمە و دەستەبەری کرێکاران، هۆشیاری کرێکاران و بەهێزی و شارەزایی ڕێکخراوەکانیان ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینن لە دەستەبەر کردنی یاساکان و جێبەجێ کردنیان، هەروەها پێویستە لایەنی حکومەت وەک لایەنی جیبەجێکار ڕۆڵی تەواووی خۆی ببینێت لە ڕێی تێمەکانی پشکنینی کار و کارگەکانەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاساکانی کار و بیمەی کرێکاران.
-*-*-*
عوسمان زیندانی: سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی سلێمانی
- ئەگەر کرێکاران خۆیان بەشێوەیەکی کارا نەجوڵێن و کار نەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ئەوا ئاسان نییە یاساکان جێبەجێ ببێت.
- لە چواچێوەی سیستەمی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا، بەرژەوەندیی خاوەنکار و حکومەت یەک دەگرێتەوە.
- ڕەوت: سوپاس کە کاتتان بەخشی بە ڕۆژنامەی “ڕەوت” بۆ سازدانی ئەم گفتوگۆیە. لەسەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرێی مانگانەی کرێکارییان بە (٤٥٠) هەزار دینار و هی ڕۆژانەش بەلانی کەم (١٥) هەزار بۆ کرێکاری ناکارامە دیاریکرد، تۆ وەڵامت چییە؟ ئایا پێتوانیـیە یەکجار کەمە؟
عوسمان زیندانی: سڵاو و ڕێز و سوپاس بۆ ڕۆژنامە (ڕەوت) بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە كەپەیوەستە بەپرۆسەی كار و ژیان و مافێكی سەرەكی كرێكارانەوە.
لایەنی کەمی کرێ بۆ کرێکاری ( ناکارا) کەپێی دەوترێت (غیر ماهر)، سەرەتا دەموێت ئەوە بڵێم. ئەو دەستەواژەیە هەڵەیە و نەگونجاوە لەگەڵ کرێکاردا چونکە هەرکەسێک کەکار دەکات جا لە هەچ بوارێکدا بێت لە کارەکەیدا توانا و ووزەی (بیر و بازووی) خۆی تەرخاندەکات بۆ ئەنجامدانی کارەکەی بۆیە پێویستە ئەو داتایە لە یاسا و ڕێنامایەکاندا بگۆڕێت، چونکە هەموو کرێکارێک ( کارا )یە.
بزوتنەوەی کرێکاری بەهەموو بەشەکانیەوە دەتوانن سود وەرگرن لە یاسا و ڕێنمایەکان، چونکە یاسا ئەرکی خستۆتە سەر حکومەت کە بەپێی پێداویستی ژیان و ئاستی ژیان و دۆخی بازاڕ ناوە ناوە پێداچونەوە بکەن بەلایەنی کەمی کرێکدا بۆ کرێکاران. لە ڕێگەی ئەنجومەنی کارگێڕی وەزارەتی کار ەوە بەئامادەبوونی نوێنەری سەندیکای کرێکاران بەتقدیری ئێمە و بە پێی هەلومەرجی ئابووری و دارایی و پێداوستی ئێستای ژیان (٤٥٠) هەزار دینار کەمە و پێویست بوو دوو هێندە بێت.
ڕێگەیەکی تر بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی کرێ فشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەندیکایی و جەماوەری کریکارانە لەسەر دەسەڵات و خاوەنکاران، وە ئەمە پێویستی بەفشار و خەباتی گشتی و سەرانسەری ناو هەموو چینی کرێکار هەیە چونگە پڕسێکی گشتیە و کاریگەری لەسەر ژیانی گشتی و بازاڕ هەیە بەوپێیەی کرێکاران. زۆرینەی کۆمەڵگە پێک دەهێنن .
- ڕەوت: هەڵسوڕاوانی کرێکاری و تۆڕ و گروپە کرێکاریـیەکان چۆن دەتوانن خەباتی کرێکاران ئاراستەی بەرزکردنەوەی هەقدەستەکانیان و باشترکردنی هەلومەرجی کاربکەن؟ ئایا ئێوە چەند پێشنیار دەکەن بۆ هەقدەست؟
عوسمان زیندانی: یاسای کاری ژمارە (٧١) ساڵی (١٩٨٧)ی عێراقی مادە و بڕگە و بەندی باشی تیادایە کە لە بەرژەوەندی کرێکاراندایە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو قسەیە تەواوە ئەگەر کرێکاران خۆیان بەشێوەیەکی کارا نەجوڵێن و کار نەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ئەوا ئاسان نییە یاساکان جێبەجێ ببێت، چونگە لە چواچێوەی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوورییەی هەرێمی کوردستاندا زۆرتر بەرژەوەندییەکانی خاوەنکار و حکومەت یەک دەگرێتەوە، سەرباری هەوڵی هەڵسوڕاوانی سەندیکای کرێکاری بەڵام ئەوە دۆخی کرێکارانە کە زۆر خراپە لە ڕووی سەعاتکاری زۆر و کرێی کەم و دەرکردن لەسەر کار و ژینگەیەکی ئاڵودە و مەترسیداریش لە شوێنکارەکانیاندا.
- ڕەوت: ئایا کێ بەرپرسە لە پرۆسەی چاودێریکردن و ڕەقابەت لەسەر یاساکانی کار، بۆ ئەوەی جێبەجی بکرێن؟ وەک دەزانین یاساکان لە بواری ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافەکانی مناڵاندا، دوو یاسان لە ئاستی نەبوندا، ئایا ئێوە پێتان وانیـیە، یاساکانی کاریش بەهەمان دەرد و فەرامۆشی دەچن ئەگەر کرێکاران خۆیان لەسەر مافەکانیان کە لە یاساکاندا هاتوون خەباتی بەردەوامی بۆ نەکەن؟
عوسمان زیندانی: یەکەم. حکومەت بەرپرسی یەکەمە لە جێبەجێکردنی یاسای کار. وەزارەتی کار ڕاستەوخۆ ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە لە ڕێگەی لیژنەکانی چاودرێریکردن و بەڕێوبەرایەتیـیەکانی (کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی). دووەم. لیژنەکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ لە پەرلەمان و لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە ئەوە پەرلەمانە کە دەرگای داخراوە و حکومەت و وەزارەتی کار لە ئاستی پێویستدا کار ناکەن و لیژنەکانی پشکنین زۆر زۆر کەمن لە چاو زۆری پرۆژە و کۆمپانیا و ناوەندەکانی کاردا، بۆیە خاوەنکار پابەند نابێت بە سەعاتکاری تەواو و پێدانی موڵەتی پێویست و نەبوونی گرێبەستی نوسراو و خراپی ژینگەی کار لە ڕووی تەندروستی و پیشەییەوە. وە هاوکات سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکانیش بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ لە چاودێری کردندا.
-*-*-*-
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
