نادر عەبدولحەميد
پێشەکی
دوای سێ ڕۆژ لە دانوستانێکی چڕوپڕ لە (شەڕم ئەلشێخ) کە وڵاتانی میسر و قەتەر و تورکیاش تێیدا بەشداربوون و فشارێکی زۆریان خستە سەر حەماس بۆ ڕازیبوون بە پلانی ئاشتی تڕامپ، حەماس لە (٨)ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری (٢٠٢٥)دا ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پلانەکەی تڕامپ قبوڵ دەکات کە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان و گۆڕینەوەی زیندانیان و گیراوەکان و کشانەوەی پلەبەپلەی هێزەکانی ئیسڕائیلە لە کەرتی غەززە، لەگەڵ دەستپێکی قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لە ژێر چاودێری لیژنەیەکی نێودەوڵەتی کە تڕامپ ڕایگەیاندووە بەناوی (شورای ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).(١)
ئەمەش دوای دوو ساڵ لە پەلاماری تیرۆریستانەی حەماس و هاتنەدەستی حکومەتی زایۆنیست و ڕاستڕەوی نەتانیاهۆ بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی وێرانکاری سیستماتیک بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ وەڕێخستنی کوشتاری دڕندانەی دانیشتووانەکەی بە ئامانجی پاکتاوی ڕەگەزی و داگیرکردن و جونشینکردن (الإستيطان) لە کەرتەکەدا.
بە وەستانی شەڕ و کوشتار فرمێسکی خۆشی بە ڕوومەتی دایکانی فەلەستینی و دایکانی ئیسڕائیلیدا هاتەخوارێ، بنەماڵەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و خێزانی زیندانییە فەلەستینییەکان توشی هەژانێکی دەرونیی پڕ لە خۆشی و سۆزدارانە بوون کە گوزارشی لە سەرکەوتنێکی کاتی ژیان دەکرد دژ بە تارمایی مەرگ. ئەم چرکە ساتە سێنتیمێنتاڵە (sentimental) ئاوات و خواستێکی هاوبەشی هەردوولای خەڵکی فەلستینی و ئیسڕائیلی ئاشکرا کرد بۆ ئارامی و ژیانێکی سادەی ڕۆژانەی دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ، کە لێیان نامۆبووە بەهۆی کێشمەکێش و پێکدادانی دوو بزووتنەوەی قەومی فاشیستی ڕووخسار ئایـینی (زایۆنیزم و ئیسلامی سیاسی).
بەڵام واقعی مەیدانی زۆر سەختترە لە ئاوات و خۆزگەکان، ئەو وێرانکاری و خەسارەتە سیاسیـیەی کە بەسەر فەلەستینییەکاندا هات لەم جەنگەدا، ئارامی و ئاسایشی لێ کردوونەتە خەون. لەولاشەوە مادام دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، و حکومەتی فاشیستی نەتانیاهۆ، دان نانێن بە مافی چارەنووسی فەلەستینییەکاندا، ئەوا گەلی ئیسرائیلیش ئەستەمە لە ئاسایش و ئارامی بەهرەمەند بێت.
پلانەکەی تڕامپ و مەسەلەی فەلەستین
تڕامپ لە وتارەکەیدا لە لوتکەی شەرم ئەلشێخ لە (١٣-١٠-٢٠٢٥) ڕایگەیاند: “جەنگ کۆتایی هاتووە”، ئاگربەستەکە “پایەدار دەبێت”، و ڕێککەوتنەکە ڕۆژێکی مێژوویی گەورەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئاشتی و “کۆتاییهێنان بە شەڕێک کە سێ هەزار ساڵە بەردەوامە”.
پلانەکەی تڕامپ ڕەنگدانەوەی سیاسەتی نەریتی و پەیڕەوکراوی تا ئێستای ئیمپریالیزمی ئەمەریکایە، کە بە ئاشکرا چاوپۆشی و نکۆڵیکردنی ناوەڕۆکی کێشەکەیە کە ئەویش داگیرکردنی خاک و سەرزەمینی فەلەستینە لەلایەن ئیسرائیل و ڕەتکردنەوە و ڕێگری کردنە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی فەلەستین. لە بیرکردنەوەی تڕامپدا شتێک لەئارادا نیـیە بەناوی کێشەی فەلەستینەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە ڕێکخراو و گروپگەلی تیرۆریستین کە بەهۆی دوژمنایەتیـیەکی دێرینی سێ هەزار ساڵەوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، وە لە وڵاتانی دەرەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، و هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی دەکەن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزدەکەن و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدەن.
لەسەر بنەمای ئەم دیدگایە، تڕامپ پلانێکی بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە داڕشتووە:
- بێ ئەوەی ڕاگرتنی شەڕەکە پەیوەست بکاتەوە بە ستڕاتیژێکی دیاریکراو بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین،
- وە بێ ئەوەی گەیشتن بە ئاشتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەست بکاتەوە بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
- نەک هەر ئەوە بەڵکو تڕامپ (ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین)یشی دوور خستۆتەوە لە “پلانی ئاشتی”، وە بەڕێوەبەرایەتی کەرتی غەززە دەداتە دەست لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی خۆی و تۆنی بلێر، سەرەک وەزیرانی پێشووی بریتانیا کە تۆمەتبارە بە تاوانی جەنگی لە کاتی هێرشکردنە سەر عێڕاق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣).
- ئەمە و لە ڕێگەی ئەم پلانەوە (ڕێکەوتنـنامەی ئۆسلۆ)ش خراوەتەلاوە، گەرچی ئەم ڕێکەوتنـنامەیە ڕێککەوتنێکی فەرمی نەبووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی، بەڵام بناغەی دامەزراندنی دەسەڵاتی فەلەستینی و دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی ئاشتی بوو کە ئامانج لێی گەیشتن بوو بە دەوڵەتێک بۆ فەلەستین، ئەمەش واتا ئەم پلانەی تڕامپ پرسی سیاسی گەلی فەلەستین دەگەڕێنێتەوە بۆ پێش چارەسەری ئیمپریالیستیانە و نێودەوڵەتییانە کە (ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ) نوێنەرایەتی دەکرد.
- وێڕای هەموو ئەمانە، کەرتی غەززە بەپێی ئەم پلانە دەگۆڕێت بۆ کەمپێکی گەورەی پەنابەران لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا (چەشنی کوردستانی عێراقی دوای جەنگی کەنداوی دووەم ١٩٩١)، واتا ئەم کەرتی غەززەیە دادەبڕدرێت لە (کەنارەی ڕۆژاوای فەلەستینی) و لە (دەسەڵاتی ئیدارەی فەلەستینی)، وە ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی کە ماڵوحاڵیان وێران بووە و هەموو شتێکیان لەدەستیان داوە، پشت دەبەستێت بە کۆمەگ و هاوکاری خێرخوازانەی نێودەوڵەتی، کە لە لایەن حکومەتەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی تاوان دژی فەلەستینییەکان، نەک تەنها لە کەرتی غەززەدا، بەڵکو لە کەناری ڕۆژئاواش، بە دەستبەسەرداگرتنی هەرچی زیاتر زەویوزاری فەلەستینیەکان بۆ فراوانکردنی کۆمەڵگای جوونشین (إستیطان) و سەپاندنی جۆرەها ڕێنمایی سەربازی و ئیداری بۆ سنووردارکردنەوەی (دەسەڵاتی ئیدارەی فەلەستین) و بێ ناوەڕۆک کردنی ئەم دەسەڵاتە بە مەبەستی نەهێشتنی هیچ جۆرە بنەمایەک بۆ ئایندەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی.
بەم شێوەیە بە پێی پلانی “ئاشتی” ئیمپریالیستییانەی ترامپ، دۆزی فەلەستین پەراوێزخستن و لەدەستدانی سیاسی هەرچی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو بنبەستێکی سیاسی و لەبیربردنەوە پاڵی پێوە دەنرێت.
مانای سیاسی “ئەو ململانـێـیەی کە سێ هەزار ساڵە بەردەوامە”.
ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە گرێکوێرەی چارەسەرنەکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە هەموو ئەو شەڕ و کوشتار و تڕاژیدیایەی لەسەر خاکی فەلەستینی مێژوویی هاتۆتەئاراوە، درێژکراوەی ململانێ ئایینییەکانە کە مێژووەکەی بۆ (٣) هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەمەش شتێک نییە جگە لە شەرعیەتدان بە واقیعێکی زۆردارانە و زاڵمانەی سیاسی کە ئێستا خەڵکی فەلەستینی ژیانی تێدا بەسەر دەبات، ئەویش بە داپۆشینی ئەم واقعە تاڵە بە پەردەیەکی خەیاڵبافی سێ هەزار ساڵە!
خەڵکی جولەکە شانبەشانی خەڵکی موسڵمان و مەسیحی لەسەر زەوی فەلەستین ئامادەبوون و ژیاون، وەک هەموو ئەو جولەکانەی لە زۆرێک لە ناوچەکان و وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا هەبوون، بەڵام ئەو کێشمەکێش و جەنگە خوێناوییە بەردەوامەی کە نزیکەی سەدەیەکە لەسەر خاکی فەلەستین بەردەوامە، هیچ پەیوەندییەکی بە مێژووی کۆنەوە نیـیە، بەڵكو پەیوەستە بە وەڕێخستنی کۆچێکی پلان بۆ داڕێژراوی بزووتنەوەی زایۆنیستی جیهانی بۆ فەلەستین لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، بەتایبەتی دوای بەڵێنامەی بلفۆڕی بەریتانیا (١٩١٧)، کە ئەو جووانەی بەم پلانە هاتنە فەلەستین دەستیان کرد بە کڕینی زەوی چ بە خۆشی و چ بە فشار و دروستکردنی کۆمەڵگای جوونشین و دروستکردنی میلیشیا و پەلاماردان و دەستداگرتن بەسەر هەرچی زیاتری زەویوزاری فەلەستینیەکان و دەربەدەرکردنی خەڵکەکەی و هەوڵدان بۆ پاکتاوی ڕەگەزی، هەموو ئەمانەش لە ژێر داگیرکاری سەربازی ڕاستەوخۆی بەریتانیا لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٧-١٩٢٠) و ئینتدابەکەی بۆ فەلەستین (١٩٢٠-١٩٤٨) دوای دامەزراندنی (کۆمەڵەی گەلان) ڕوویداوە، تا گەیشتۆتە ئاوارەکردنی زۆرەملێییانەی ساڵی ١٩٤٨ و پاکتاوکردن و و شەڕ و (نەکبە) و دابەشکردنی فەلەستین لە لایەن (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە.(٢)
لە (١١)ی ئەیلوولی (١٩٢٢)دا (کۆمەڵەی گەلان) بە فەرمی دانی نا بە ئینتیدابی بەریتانیا. ناوی ئەو خاکەش کە بریتانیا ئینتدابی دەکات بە “فەلەستین” ناوی لێ براوە، هەروەک خەڵکی ناوخۆی ئەو ناوچەیە و عوسمانییەکان ئەوروپییەکانیش لە مێژوودا هەروا ناویان لێ بردووە. (کۆمەڵەی گەلان) بەڵگەنامەیەکی ڕێنمایی بڵاوکردەوە کە ئیدارەی فەلەستین بە بەریتانیا دەسپێرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ جێبەجێکردنی (جاڕنامەی بلفۆڕ). دوو خاڵ کە بەڵگەنامەکەی (کۆمەڵەی گەلان) باسی لێوەکردووە و بۆ ئەم باسەی ئێمە گرینگە لێرەدا، یەکەم ئەوەیە کە چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە کە نابێت هیچ هەنگاوێک بگیرێتەبەر کە زیان بە مافە مەدەنی و ئایینییەکانی دانیشتوانی ڕەسەنی فەلەستین بگەیەنێت و مافەکانیان دەبێ پارێزراو بێت. دووەم باس لە هاندانی هاوکاری دەکات بۆ (ڕێکخراوی زایۆنیستی) بۆ ئاسانکاری کۆچی جوولەکەکان بۆ فەلەستین و بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی (پاسپۆرتی) فەلەستینی بۆ ئەو کۆچبەرانە، وەک گەرەنتییەک بۆ دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی جوولەکەکان.(٣)
بەم شێوەیە لە ڕاستییە مێژووییەکان و لە بەڵگەنامە تۆمارکراوەکانی (کۆمەڵەی گەلان) ڕوون و ئاشکرا دیارە کە دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی جوولەکەکان، لە ڕێگەی هاندانی هاوکاری لەگەڵ (ڕێکخراوی زایۆنیستی) بۆ ئاسانکاری کۆچی جولەکەکان بۆ فەلەستین و بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی فەلەستینی، بەشێک بووە لە ستراتیژی کۆلۆنیالیستی (ئیستیعماری) بەریتانیا کە بە (جاڕنامە یا بەیاننامە یا بەڵێننامەی بلفۆڕ) ناسراوە.
هەموو ئەو شەڕ و کوشتار و ئاوارەیی و جینۆسایدەی نێوان ساڵانی (١٩١٧)ە تا (١٩٤٨) لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە ئیمپریالیستیـیەی بەریتانیادا سەریهەڵداوە و پیادەکراوە.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە کە هێز و نفوزی بەریتانیا لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەزی، ئیمپریالیزمی ئەمریکی ئەرکی پاراستنی ئەم قەوارە زایۆنیستە ڕەگەزپەرستە و بەرگریکردن لە هەموو تاوان و شەڕەکانی گرتەئەستۆ، ئەڵبەتە بە هاوکاری وڵاتانی ئیمپریالیستی ئەوروپی، بەتایبەت بەریتانیا.
لەدایکبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل زۆر لە لەدایکبوونی (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) دەچێت، هەر دەڵێی نوسخەیەکە لەو، چونکە مێژووی دروستبوونی ئەو دوو وڵاتە پڕۆسەی جینۆسایدکردنی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی ئەو خاکەیە کە لەسەری دادەمەزرێن. هەروەک چۆن ئەوروپییەکان کۆچیان کرد بۆ کیشوەری ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێ بوون و دەستیان کرد بە پاکتاوکردنی ڕەگەزی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی، بەهەمانشێوەش و لە ژێڕ چاودێری ئیمپیریالیست و کۆلۆنیالیستێکی ئەوروپیدا کە بریتانیا بوو، کۆچی جوولە بەپێی سیاسەتێکی ئاگاهانەی ئیمپریالیستانەی ناسراو بە (بەڵێننامەی بلفۆڕ) ئەنجامدرا بۆ فەلەستین و دروستکردنی دەوڵەتێک لەسەر ئەم خاکە بەناوی ئیسرائیل و دەستکردن بە پاکتاوکردنی ڕەگەزی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی.
ئیسرائیل قەوارەیەکی کۆلۆنیالیستە (ئیستیطانیـیە) کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئامانجی دەرپەڕاندنی دانیشتوانی ڕەسەنی فەلەستین بووە لەسەر خاکی خۆیان. ئەم دەوڵەتە خاوەن درێژترین داگیرکاری سەربازیـیە لە مێژووی نوێی جیهاندا و سیستەمێکی ڕەگەزپەرستی وەها پەیڕەو دەکات بۆ گۆشەگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی فەلەستینییەکان تەنانەت قێزەوەنتر و دڕندانەترە لەو سیستمە ئاپارتایدەی (apartheid) کە لە باشووری ئەفریقا لە ئارادا بوو.
بەم شێوەیە ئەو گرێکوێرەی کە ئەمڕۆ بە “پرسی فەلەستین” ناسراوە، لە چوارچێوەیەکی ئیمپڕاتۆڕیانەی-کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستییانەی ئەوروپی و ئەمریکیدا لەدایک بووە، وەک مێژوونووسی جوولەکە و سۆسیالیست (ئیلان پاپێ) لە کتێبی (پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستین)دا دەڵێت: ئەم کێشەیە ململانێی دانیشتووانێکی ڕەسەنە لەسەر خاکەکەی خۆیان دژ بە پڕۆژەیەکی مۆدێرنی ئیستعماری نیشتەجێکردن (إستیطاني) کە پاکتاوی ڕەگەزی دەکات، و لەلایەن زلهێزە جیهانییە کۆلۆنیالیست و ئیمپریالیستەکانی ئەوروپی و ئەمیکاشەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. (4)
بۆیە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی فەلەستین نە درێژکراوەی ململانێ ئایینییەکانن کە مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ (٣) هەزار ساڵ لەمەوبەر وەک تڕامپ بانگەشەی بۆ دەکات، وە نە بەرهەمی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن (بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە)، کە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی ستراتیژێکی کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستی دەوڵەتانی بلۆکی ڕۆژئاوایە، بەتایبەتی بریتانیا و ئەمریکا.
ئامانجی پلانەکەی تڕامپ
کاتێک شەڕی غەززە سەریهەڵدا (لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا)، بومەلەرزەیەکی سیاسی بەهێز ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شڵەقاند و کاریگەری لەسەر ئەو پرۆسەی ئاساییکردنەوە دانا کە بە “ڕێککەوتنی ئیبراهیمی” ناسراوە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلدا. بەر لە شەڕەکە، واشنتۆن خەریکی گرێبەستێکی گەورە بوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، بەڵام شەڕەکە وایکرد کە سعودیە بڵێت “ئاساییکردنەوە نابێت بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین”، واتا گەڕایەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی (جامعة الدول العربية)، کە کۆبوونەوەی (٢٠٠٢)ی بەیروت ڕایگەیاند: مەرجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بریتییە لە کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە هەموو ئەو خاکە عەرەبیانەی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە داگیری کردووە، لەگەڵ دانپیانانی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری فەلەستینی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت. بەم شێوەیە ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە بوو بە مەرجێکی سیاسی ناڕاستەوخۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاساییکردنەوە، کە بەهۆی توڕەیی و نەفرەتی بەربڵاوی جەماوەری بەرامبەر دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی خۆیان، وەستا و خەوێنرا.
ئەمەش بەو مانایەیە کە درزێک کەوتۆتە نێوان ئەو هاوپەیمانییەتیـیە ناوچەییەی کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی پشتی پێبەستبوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی و کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆبەهێزکردنی لە بەرامبەر ڕکابەر و زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی دیکە.
بە واتایەکی تر، درێژەکێشانی ئەم شەڕە (ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی) و هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی ئەمریکا لاواز دەکات، وە کاریگەری و نفوزی چین و ڕووسیا و ئێران لە ناوچەکەدا بەهێز دەکات. ئەمە بوو نهێنی پێداگری تڕامپ لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
لە سەرەتادا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بە خێرایی، تڕامپ جەختی کردە سەر پلانی “ئاوەڵاکردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخ” بەڕووی (حەماس)دا، واتە لەشکرکێشیـیەکی خێرا بۆ سەر کەرتی غەززە، و ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی بۆ میسر و ئوردن و دانانی کەرتی غەززە لە ژێر چاودێری ئەمریکا بۆ ماوەی لانیکەم (١٠) ساڵ تا بیکاتە هاوینەهەوارێکی گەشتیاری (ڕیڤێرا).
بەڵام جگە لەوەی کە میسر و ئوردن نەچوونە ژێرباری ئەوەی دانشتوانی کەرتی غەززە وەربگرن، سوپای ئیسرائیلیش نەیتوانی بەخێرایی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە لەگەڵ هەموو قێزەوەنییەکی ئەو کوشتوکوشتارەدا کە ڕۆژانە پیادەی دەکرد، و بووە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی هەرچی زیاتری ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەپۆلی ناڕەزایەتی جیهانیی خەڵکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز بەتایبەتی بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستی لەدژی ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوایی کە پشتیوانی لێدەکەن، هەموو ئەم هۆکارانە ترامپیان ناچارکرد بژاردەی دانوستان لەگەڵ حەماسدا بگرێتەبەر و ڕێککەوتنێک ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
ئەمەش دەرخەری فشارەکانی ئەمریکایە بۆ سەر ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕاگرتنی شەڕ، بە ئامانجی خۆشکردنی ڕێگا بۆ گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنە ناوچەییەکان و ڕێککەوتنی ئیبڕاهیمی.
بەم پێیە ئەم گوشارەی ئەمریکا بۆ سەر ئیسرائیل نە لە خواستێکی ڕاستەقینەوە بۆ چارەسەری پرسی فەلەستین سەرچاوە دەگرێت، وە نە لە بانگەشەی تڕامپەوە کە گوایە ئاشتی دەوێت بۆ ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان، بەڵکو لە ڕاستیدا لە خواستی ئیمپریالیزمی ئەمریکییەوە سەرچاوە دەگرێت تا ڕێککەوتنە ناوچەییەکانی ئیبڕاهیمی چالاک بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەژموون و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت و باڵادەستی خۆی بەسەر هەموو ڕکابەرەکانیدا مسۆگەر بکات لەو ناوچەیەدا.
ئەمە جگە لەوەی کە ڕاگرتنی ئەم شەڕە چەند کاریگەرییەکی ئەرێنی لاوەکی تریشی هەیە کە خزمەت بە ئامانجەکانی ئەمریکا دەکات، وەک پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕێگەی قبوڵکردنی پلانی بەناو ئاشتی تڕامپەوە، هەروەها ڕاگرتنی شەڕەکە کۆمەگی دەکات بە داپۆشینی هەڵوێستی ئابڕووبەرانەی وڵاتانی دیموکرات ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا کە لە ڕووی سیاسییەوە لایەنگری ئیسرائیلن و لە ڕووی سەربازیشەوە بە دابینکردنی چەک و پارچەی یەدەگی پشتیوانی لێدەکەن، ئەمە و ڕاگرتنی شەڕەکە کۆتاییش دەهێنێت بەو شەرمەزارییەی کە دەسەڵاتداران لە وڵاتانی عەرەبی لەبەردەم دانیشتووانی خۆیاندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە، و مەترسی ڕاپەڕین و شۆڕش و ڕووخاندنیان هەیە، دواجاریش ڕزگاربوونی هەر هەموویانە لەدەست فشاری جیهانیی ئەو شەپۆلە لە ناڕەزایی گشتی بەشەریەتی ئازادیخواز دژ بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی فەلەستینییەکان.
لەدوا شیکردنەوەدا پلانەکەی تڕامپ لەڕێگەی هێورکردنەوەیەکی کاتی بارودۆخی غەززە و باشترکردنێکی ڕووکەشیانەی بێ ناوەڕۆک لە دۆخی ژیانی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە، بوار دەدات بە ناتانیاهۆ بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەری ڕیشەیی کێشەکە ئەویش بە ڕاگرتنێکی تاکتیکی و کاتی شەڕەکە، و سەپاندنی چەندین مەرجی شاراوەی وەک چەک داماڵینی حەماس و ملکەچ پێکردنی هەرچی زیاتری دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەنارەی ڕۆژاوا.
شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەززە
هەردوو ئەم شەڕە کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی سیاسی ناو کۆمەڵگاکان و بارودۆخی سیاسی نێودەوڵەتی داناوە، واتا هەم دووبەرەکییان لە هەناوی کۆمەڵگاکاندا پەرەپێداوە، وە هەم گوڕ و تینیان بەخشیوە بە پڕۆسەی جەمسەرگیریی لەناو سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتیدا، بەڵام مەودا و بواری کاریگەریی هەریەکەیان لەو دوو مەیدانەدا جیاواز بووە لە یەکتری.
هەرچی شەڕی ئۆکرانیایە بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە، ئەم شەڕە بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە هاوسەنگی زلهێزە جیهانییەکان و قەڵشتی نێوانیانی هەرچی زیاتر بەرفراوان کرد، و پرۆسەی جەمسەرگیری جیهانی لە یەک جەمسەری جیهانییەوە بە باڵادەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بۆ سیستەمێکی فرە جەمسەری جیهانی خێراتر کرد.
لە کاتێکدا شەڕی غەززە بە پلەی یەکەم کاریگەری داناوە لەسەر پەیوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکانی نێوان ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە-سیاسی و فیکرییە جیاوازەکانی وەک لیبرالیزم، سۆشیالیزم و ڕاستی فاشیستی خاوەن کارەکتەری ناسیۆنالیستی یان ئایینی (جوولەکەیی، مەسیحی، هیندۆسی، یان ئیسلامی)، هەروەها لە نێوان ئەو ڕەوت و بزووتنەوانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی لەناو کۆمەڵگاکانی هەر وڵاتێکدا.
لێرەدا مەبەستی ئێمە، چوونە ناو لێکدانەوەی شەڕی ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو تیشک خستنە سەر شەڕی کۆمەڵکوژی ئیسرائیلە لە دژی خەڵکی غەززە کە چ ڕۆڵێکی بینیوە لەسەر پەرەسەندنی ململانێ ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکانی نێوان هەر سێ ڕەوتی لیبرالیزم و سۆشیالیزم و ڕاستی فاشیستی قەومی و ئایینی.
ئەم شەڕە خۆی یەکێکە لەو پرسانەی سیاسەتی دەرەوە کە زۆرترین دووبەرەکایەتی و دابەشکاری لەنێو چین و توێژی کۆمەڵگا دیموکراسیـیەکانی ڕۆژئاوا و ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سیاسی و فکرییەکانیدا هێناوەتە ئاراوە.
ئەو سێ ڕەوت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سیاسی و فکریـیانە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، کاردانەوەیان بەرامبەر شەڕی غەززە هەبووە؛ شیکاری و دیدگاکانی خۆیان ڕاگەیاندووە دەربارەی، وە لە ڕوانگەی خۆیانەوە چارەسەریان خستۆتەڕوو بۆ ئەو کێشە ئاڵۆزانەی کە هێناویەتە ئاراوە، ئەمەش بۆتە هۆی توندوتیژبوونەوەی هەرچی زیاتری جەمسەرگیری لە نێوان ئەو ڕەوت و بزووتنەوانەدا.
لە کاتێکدا زۆربەی دەوڵەتە لیبراڵ دیموکراتەکان و بزووتنەوە فکری و سیاسییە بۆرژوازییەکانیان لایەنی فاشیزمی ئیسرائیلیان گرتووە، و کاریان کردووە (لە ڕێگەی یاسادانان و ڕێنمایی سیاسی دامودەزگای پۆلیسەوە) بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتکردنی چالاکییەکانی دژ بە تاوانەکانی ئیسرائیل، بەڵێ لە کاتێکدا دەوڵەت بورژوازییەکان خەریکی ئەم کارە بوون، هەر لەو کاتەشدا بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە فاشیستەکان و هێزە ڕاستڕەوە کۆنەپەرستەکانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەو دەرفەتەیان قۆستۆتەوە بۆ هێرش کردنە سەر، پەنابەران و کۆچبەران و موسڵمانان- واتە ئەو توێژ و بەشانە لە چینی کرێکار بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکا، کە هەژارییەکی هەرچی زۆرتر و پەراوێزخراوی داسەپاوە بەسەریاندا.
لەبەرامبەردا ڕێکخراو و حزبە کۆمۆنیستەکان هاوشانی بزووتنەوە کرێکاری و سەندیکاییەکان بەشێوەیەکی کارا دژایەتی شەڕەکەیان کرد و سەرکۆنەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوایان کرد لە پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل و دابینکردنی چەک بۆی، لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی جەماوەریی بەرفراوان و سەرتاسەرییەوە، هەروەها بە وەستانەوەش وەک لەمپەر بەرامبەر حزب و دەستەجات و بزووتنەوە فاشیستەکان بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکییە فاشیستیەکانیان.
جگە لەوەش، ئەم شەڕە جینۆسایدکارانەی ئیسڕائیل لە غەززە، لەسەر ئاستی جیهانی، مرۆڤایەتی بەئاگا هێنایەوە و هەستێکی قووڵی هاوسۆزی و هاوپشتی هێنایە ئاراوە بۆ ئەو ئازار و میحنەتەی کە خەڵکی فەلەستین توشی بووە. ئەمەش گەنجان و خوێندکاران و ڕێکخراوەکانی بەرگریکردن لە ئازادی و مافە مەدەنییەکان و لایەنگرانی ئاشتی لە سەراسەری جیهان هاندا بۆ ڕێکخستن و وەڕێخستنی چالاکیی هەرچی بەرفراوانتر و زیاتر لە زانکۆکان و لەسەر شەقامەکان و لە میدیای دیجیتاڵیدا.
دواجار ئەم بەرە فراوانە مرۆییە توانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری جیهانییانە بەڕێبخات کە سنوری دەوڵەتان و نەتەوە و ئایینیەکانی وەلانا بۆ وەستاندنی شەڕەکە، و پێداگری کردە سەر ئەوەی کە ڕێگای ڕزگارکردنی چەند بارمتەیەک ئەنجامدانی ئەو هەموو تاوانە دڕندانە و جینۆسایدە نییە کە باڵی ڕاستی زایۆنیستی فاشیست لە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
بەم شێوەیە لە میانەی ئەم شەڕەدا، ڕووی ڕاستەقینەی دیموکراسیی لیبراڵ و ڕەوتە بۆرژوازییەکان و دەوڵەتەکانیان هەرچی زیاتر ڕوون و ئاشکرا دەرکەوت و دەمامکی مافی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکانیان لێ کەوتەخوارەوە کە ساڵەهابوو لاف و گەزافیان پێ لێدەدا. شەڕی غەززە تەنیا ململانێیەکی چەکداری خوێناوی نەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو ئاوێنەیەکیش بوو کە ڕووی ڕاستەقینەی گوتاری پوچی ئەخلاقی ڕۆژئاواشی خستەڕوو.
دووا وشە
لە ئێستادا دۆزی فەلەستین خۆی لە چوارچێوەیەکی نوێی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبـیـنـێـتەوە.
لە ڕابردوودا و لە ماوەی سەدەی بیستەمدا، بۆرژوازی و حکومەتەکانیان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (نەتەوە یەکگرتووەکان) و هاوشێوەکانی، هاوڕای بەرگریکردنیان لە ئیسرائیل و هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی ناوچەیی و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ئەو دەوڵەتە ڕەگەزپەرست و فاشیستە، بەدوای چارەسەرێکیشدا دەگەڕان بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیـیەکانیان.
بەڵام بەدوای داڕمانی بلۆکی سۆڤیەت لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، و لە ماوەی سێ دەیەی دواتردا (١٩٩٠-٢٠٢٠)، بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیستییەکان پاشەکشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی و سەندیکا کرێکارییەکان و فیدراسیۆنە کرێکارییەکانیش لە ژێر فشاری هێرشە نیولیبراڵەکاندا کاریگەری و ڕۆڵییان زۆر کەم بووەوە. ئەمەش هاوسەنگی فکری و سیاسی گۆڕی لە بەرژەوەندی ڕەوتە ڕاستڕەو و فاشیست و ناسیۆنالیست و سیاسییە ئایینیـیە جۆراوجۆرەکان لە سەراسەری جیهاندا، لە دژی یەکسانخوازی و ئازادی و دادپەروەری.
بە پێچەوانەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی (نازیـیەکان) و (فاشیستەکان) بریتی بوو لە دژە جوویی، لەمڕۆدا لە سەدەی بیست و یەکدا (نیونازیـیەکان) و (نیوفاشیستەکان) لە جیهانی ڕۆژئاوای ئەوروپی و ئەمریکی، پشتیوانی فاشیزمی ئیسرائیل دەکەن و دوژمنایەتی خۆیان ئاراستەی کۆچبەران و موسڵمانان دەکەن. هەروەها بۆرژوازی و حکومەتەکانیان لە جەرگەی ئەوروپای مۆدێرندا وازیان لەو بەها لیبڕاڵانە هێناوە کە ڕۆژانێک لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لاف و گەزافیان پێوە لێدەدا، لە چەشنی ئازادی ڕادەربڕین، مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە، مافی پەنابەری و شەڕی نازیزم و ڕەگەزپەرستی. لەوەش واوەتر ئەمڕۆ نەک بەنهێنی وەک ڕابردوو، بەڵكو ڕاشکاوانە و بەئاشکرا ڕوویان هێناوە بۆ پشتگیری لە حکومەتە کۆنەپەرست و ئیستیبدادییەکان و فاشیستە ڕەگەزپەرستە قەومی و ئایینییەکانی وەک ئیسڕائیل و گرتنەبەری سیاسەتی ڕاستڕەوانە و ڕەگەزپەرستانە بۆ دژایەتی سەرەتاییترین ماف و بەهاکانی مرۆڤ لەناوخۆی وڵاتەکانی خۆیاندا.
لە کەش و هەوایەکی فکری و سیاسیی ئاوەهادا، زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، سەرەڕای ئەو بانگەشانەی کە مەبەست لێی چەواشەکردنی ڕای گشتیـیە، بەڵام بە شێوەیەکی عەمەلی (چارەسەری دوو دەوڵەتی) و (ڕێکەوتنـنامەی ئۆسلۆ)یان خستۆتە لاوە. جگە لەوەش تەنانەت دەوڵەتانی عەرەبیش بە کردەوە دەستبەرداری (دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی) بوون کە کۆمکاری عەرەبی لە لوتکەی ساڵی (٢٠٠٢)دا لە بەیروت پەسەندی کردبوو. ئەم دەستپێشخەرییە کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیلی لە هەموو ئەو خاکە عەرەبیانەی لە ساڵی (١٩٦٧)ەوە داگیری کردووە بە قبوڵکردنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری فەلەستینی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، کردۆتە مەرج بۆ ئەوەی دەوڵەتانی عەرەبی پەیوەندی ئاسایی لە چوارچێوەی ئاشتییەکی هەمەلایەنە لەگەڵ ئیسرائیل دابمەزرێنن. کەچی ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتە عەرەبییەکان ڕیزیان گرتووە بۆ چوونە ناو پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەبێ گوێدان بەوەی ئیسڕائیل بکشێتەوە یان قبوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بکات، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستپێشخەرییەکەی کۆمکاری عەرەبیـیە.
کەواتە ئەمڕۆ مەسەلەی فەلەستین ڕووبەڕووی واقیعێکی جیهانی تاڵی وەها بۆتەوە کە نەک هەر بۆرژوازی جیهانی، بەڵکو بۆرژوازی وڵاتانی عەرەبیش بەشێوەیەکی کردەیی (عەمەلی) دەستبەرداری هەر جۆرە چارەسەرێکی کردەیی بوون بۆی، و کروویانەتە ئامرازێک بۆ چەواشەکردنی جەماوەری ناڕازی لە ڕژێمەکانیان و بەسەربردنی کات. تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیـیە.
پرسی فەلەستین، وەک بەڵگە و دۆکیومێنتە مێژووییەکان ئاماژەی پێدەکەن و لەم وتارەداشدا باسمان لێوەکردووە، دەرئەنجامی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییە جیهانییەکان و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و سەربازییەکانیان و تێوەگلانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ململانێی نێوان بزووتنەوە و ڕەوتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و سیاسیـیەکان بووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە کێشەکە فراوانترە لەوەی تەنها پرسێک و کێشەیەکی ناوخۆی وڵاتێک بێت و چارەسەرەکەشی تەنها پەیوەست بێت بە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە.
بێ گومان گۆڕانکاری لە هاوسەنگی چینایەتیی نێوخۆیی تەرازووی هێز لە ئیسرائیل دژ بە ڕەوتە ڕاستڕەوە فاشیستەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی ئەو پرسەدا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییەش پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە هاوسەنگی چینایەتیی هێز لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی پتەوکردن و یەکگرتووکردنی ڕیزەکانی خەباتی سۆسیالیستی نێونەتەوەیی و هاتنە گۆڕەپانی خەباتە لە دژی ڕژێمە بۆرژوازییەکان. کە ئەمەش وتارێکی سەربەخۆ دەخوازێت و لە ئایندەدا هەوڵدەدەم بە وتارێکی تر لە ڕوانگەی کۆمۆنیزم و بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە باس لە چارەسەری سۆسیالیستییانەی عەمەلی و ئینسانی بۆ ئەم پرسە بکەم.
کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
