پرسیار: رۆژی حەڤدەی تەموزی نەوەتویەک (١٧/٧-١٩٩١)، خۆپیشاندانێکی جەماوەری تووڕەو
قەهراوی، لە دژی بنکە و بارەگا و پاریزگای هەولێر کە ڕەمز و سمبولی بەعس بوو ڕاپەڕین و هێرشیان برد، لە دەرەوەی سیاسەتی بەرەی کوردستانی و بەکاریگەری هەلسوڕاونی پەرشوبلاوی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەوەدەم. ئایا دەتوانی کرۆنۆلۆژییەکی خۆئامادەکردن وچۆنیەتی ئامادەکردن کاریگەری دواترمان بۆ ڕوون بکەیتەوە؟
سمیر نوری: خۆپێشاندانەکانی هەولێر لەلایەن ڕیکخراو و گروپە کۆمۆنستیەکانەوە ڕێکخراو و شیعارەکانی ئەو خۆپێشاندانە زۆر ڕۆشن ئەوە پێشان دەدەن و بەرزکردنەوەی نان یەک داواکاری گشت گیر بوو، چونکە خەڵک بەتەواوەتی برسی بوو. یەکێک لە سەرەکیترین شعاری خۆپێشاندانەکە شیعاری (نان کار ئازادی) بوو کە بە گولە وەڵام درایەوە و کەسایەتی کۆمۆنستی خۆشەویستی کارگەی نەسیج ئەرسەلان مەولود بە گولەی ئەو دڕندانە گیانی بەخشی لە پێناو ئازادی و سۆشیالیزم.
ئەو سەردەمە وەزعەکە زۆر ناجێگیر بوو کەس هێزی بەسەر وەزعەکەدا نەدەشکا، حکومەتی بەعس هەیبەتی نەمابوو، شکستی خواردبوو هێزەکانی لەرزۆک و بێتوانا بوون، خەڵکی پەیان بە هێزی خۆیان بردبوو، بۆیە ئەو خۆپێشاندانە هەر زۆر زوو پەڕەی گرت و زۆربەی شارە گەورەکانی گرتەوە و شکستی هێنا بە بەعس و ناچار بوو کە زۆربەی شارەکان چۆڵ بکات.
پرسیار: ئەو دەمەی گەرمەی خۆپیشاندان وناڕەزاتیەکان بوو، کە زۆرکەس بە ڕاپەرێنی دووەم ناویان ناوە، لەوانە کەریم کاکە، وە من بەتەواوی لەگەڵ ئەو نێو نانەم، کە دەستکەوتە سەربازییەکەی کشانەوەی دەزگا سەرکوتگەرەکانی بەعس و کۆتایهاتنی دەسەڵاتی بەعس بوو لە پارێزگاکانی هەولیر و دهۆک و سلیمانی، بەڵام دەسکەوتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی هەمووی کردە چەپکە گوڵێکی خوێناوی و جێگەوڕێگەی بەرەی کوردستانی پێبەهێز کرد، پاشان ئەوە بوو لە دەسەڵاتدارەتیدا، هیچ مۆرکێکی چەپ و کۆمۆنیستەکانی پێوە نەبوو؟ بۆچی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەوە بەدواش لە نێو مێژووی شەڕی نێوخۆ و گەشەسەندنی کۆنەپەرستی دا گیری خوارد، ئایا هەڵبژاردنێکی تر نەدەکرا هەبیت؟ ئایا ئەو مێژووە چۆن لێکدەدەیەوە؟
سمیر نوری: من لەگەڵ چەمکی”ڕاپەڕین” مشکیلەم هەیە، خەڵکی کوردستان بە ڕێگەی شۆڕشگێرانە حکومەتی بەعسیان تێک نەشکاندبوو، حکومەتی بەعس لە چوارچیوەیەکی ئاڵوگۆڕی جیهانی ناوچەیی تێکشکابوو، گرتنی کویەت فرسەتێک بوو بۆ داسەپاندنی نەزمی نوێ جیهان بە ڕابەریەتی ئەمریکا و داسەپاندنی دڕندانە ترین سیستەم بەسەر جیهاندا، سیستەمی بازاڕی ئازاد و بەربەریەتی سەرمایەداری بەرهەمی ئەم ئەوزاعە بوو کۆکردنەوەی دارودەستە و کۆنتراکانی کوردستان مەسەلەیەکی سادە و بێ بنەما نەبوو، بۆیە ناو لێنانی ئەم ڕووداوانە بە “ڕاپەرڕین” بەو سەرنجامەمان دەگەینی کە نەتوانین ڕوداوەکانی دواتر وەک خۆی ببینین. ئەوزاعی کوردستان بەشێک بوو لەم بەریەتە و باڵادەست پەیدا کردنی دواکەوتو ترین هێز بەسەر خەڵکی کوردستاندا، جیگە پەیداکردنی ناسیونالیزمی کورد لەم وەزعەدا دەرهاوێشتەی ئەم ئەوزاعە بوو کە نەک کوردستان بەڵکو ناوچەکە و جیهانی بە ئاقارێکی زۆر خەتەرناک و خوێناویدا تێپەڕاند.
ناڕەزایەتیکانی خەلك و بزووتنەوەی کۆمۆنستی و بزووتنەوەی شورایی و دواتریش بزووتنەوەی ڕێکخراوە جەماوەریەکان تەواوکەری ئەو وەزعە نەبوون و نین و بەشێک نەبوون لە “ڕاپەڕین” بەڵکو فرسەت هێنان بوو لە فەزای نەبوونی دەوڵەت خۆ نواندنێکی چینایەتی بەهێز بوو هیچ پاساوێکی بۆ شۆڕشگێڕی و ڕاپەڕین تێدا نیە. ئەم باسانە زۆر بە درێژی لەلایەن بزووتنەوەی کۆمۆنزمی کرێکاریەوە قسەی لەسەر کراوە و هیچ بەرهەقیەک نادات بە ناسێونالیزم. حکومەتی هەرێم پەرلەمانی کوردستان و ساتوسەوداکانی ناسیونالیزمی کورد و “شەڕی براکوژی” بەرهەمی سیاسەت و باڵا دەستی ناسیونالیزمی کوردن بە پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئێمە هاوبەش نین لەو مێژووە ڕەشە.
دیارە بزووتنەوەی شورایی خۆی یەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری فروان بوو لە دژی ناسیونالیم، ئەم بزوتنەوە لە ڕێگەی بەهێز بونەوەی بەعس و بوار خۆش کردنی غەرب بۆ بەعس تا تانکەکانی لە ڕیگی کویەت – بەسرە بکشێنێتەوە و هیلوکۆپتەرەکانی بەکار بهێنی، بزوتنەوەی شورایش لە حەملە کردن بۆ سەر کوردستان و داسەپاندنی کۆڕەوەکە شکستی خوراد و نەیتوانی جارێکی تر خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت.
هەڵبژاردنێکی تر ئیمکانی هەبوو و ئەوێش بەوەی بزووتنەوەی کۆمۆنستی بە بەرنامەیکی تۆکمە و بە ڕێکخراوێکی تۆکمەوە تەدەخولی لە چارەنوسی کۆمەڵگە بکردایە، ڕوداوەکانی بە مۆرکی خۆی بنەخشاندایە. بەڵام بەشێک لە ڕابەرایەتی ئەو بزوتنەوەیە شکستی خوردبوو و خوێندنەوەی بۆ ئەوزاعەکە بەتەواوی نادروست بوو لە جیاتی خاوەندارێتی کۆمەڵگە ڕێگای دەرەوی هەڵبژارد و تا ئێستاش ئەم بزتنەوەیە باجی ئەو بێ دەربەستی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیاریەتیە دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمۆنزم نەیتوانی دەسەڵات بگۆڕێت بەڵامی مۆرکی خۆی لە زۆربەی ڕوداوەکان داوە، ئەتوانرێت لەسەر ئەم مێژووە ئینسانی وە بزووتنەوەیکی بەهێز جارێکی تر شکڵ بگرێت و چارەنوسی کۆمەڵگا بەلایەکی تردا ببات و جیهانێکی باشتر دامەزرێنێ.
پرسیار: ئەگەر بۆ ئەو ساڵ ومانگانە بگەڕێینەوە، پاش گەڕانەوەی خەڵک بۆ نێو شارەکان و بۆ ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس، لەلایەک و لەلایەکی دییەوە پرۆسەی مفاوەزات وسات وسەودا و چاوچنۆکی پارتەکانی نێو بەرە لە فەرهوودی سەروەت و لەچنگگیر کردن بەهەر نرخێک لە دەسەڵاتدارەتی و شەریکبوون لەگەڵ بەعس، لەگەڵ ئەو کابوسە ئابووری و داڕووخانە ژێر خانەکان و نەبوونی خزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەکان، خەلكی لە مەنگەنە دەدا. دەتوانیت لەو بارەوە، وێنەیەکی ڕوونتر لە ڕوانگەی خۆتەوە، سەربوردەی ئەو کاتەی خۆتمان بۆ بگێڕییەوە؟
سمیر نوری: ئێستا ئێمە نزیکەی ٣٠ ساڵ دەگوزەرێنین بەسەر ئەو ڕوداوانەی کە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا بە ڕووداوەکانی خەلیج ناوزەد کراوە، ئەو ڕوداوانە تەنها چەند ڕوداوی لۆکاڵی و ناوچەیی نەبوون، ئەو ڕووداوانە سیمای جیهانی بۆ یەک دەورە گۆڕی. دەرکەوتنی خوێناوی نەزمی تازە جیهان بوو، سەردەمی هەڵمەت بردن بوو بۆ سەرتایی ترین بنەماکنی ژیانی ئینسانی، هەڵمەت بوو بۆ سەر کۆمۆنزم و ئینسانیەت، فەرزکردنی قەوم پەرستی و دین و تایفەگەری و ئیسلامی سیاسی بوو. ئەوەی لە ئەدەبیاتی کوردستاندا پێی دەوترێت ڕاپەڕین و لە جنوبشدا بە ڕاپەڕینی شەعبانی ناسراوە لە سای ئەم ئەوزاعە جیهانیەدا، باڵا دەست پەیدا کردنی ناسێونالیزم و ئیسلامی سیاسی بوو. هێزە میلیشیاکانی کورد تازە لە شاخەوە هاتبونە نێو شار و بە سود وەرگرتن لە فەزای جیهانی و هات و هاواری بازاڕی ئازاد و “دیمکراسی” و “کۆتایی مێژوو” خۆیان گرێ دایەوە.
سەردەمێ کوردستان خەریک بوو دەگۆڕا بە یەک ئوردوگا، خەڵک ئاوەرەی کێوەکان ببوون، بورژوازی جیهانی بەناوی پاراستنی خەڵکی کوردستان ناوچەی دژە فڕینی” نۆفلای زۆن”ی تاو توێ دەکرد، کە دواتر ئاکەمەکی داسەپاندنی ئابلۆقەی ئابوری بوو بەسەر خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراقدا کە زیاتر لە دە ساڵ خەڵک لە ژێر مەنگەنە وخەتەرناکترین هەژاری نەداریدا ژیانینان کرد کە گەورە ترین تاوان ئەژمار دەکرێت لە جیهاندا.
ئەو سەردەمە ئەو حزبانە لەسەر ئاڵاکانیان داس و چەکوشیان وێنا کردبوو خشپەلی ئاڵاکانیان داگرت، ئێمە بزووتنەوەی دژی تەوژم بووین هەر لەو کاتەدا بە پێچەوانەی ئەوان ئاڵای سورمان هەڵکرد لە زۆربەی شار و شارۆچکەکەنی کوردستاندا، داواکاریە کرێکاریەکانمان بەرزکردەوە، شورای خەڵکی و شورای کرێکاریمان دروست دەکرد، یەکسانی ژن و پیاو سەرلەحەی داوکاریەکانمان بوون، لەگەڵ ناسیونالیزمدا لە هەموو ئاستەکاندا جیاواز و دژ بەیەک بووین، خەریکی دەست و پەنجە نەرم کردن بووین لەگەڵ سیاسەتی ئاشکراو فراوان و جەماوەریدا. ئەوان حزبە قەومیەکان خەریکی ڕیک کەوتن و سات وسەودا بوون و ئێمە خەریکی یەکی ئایار و ٨ مارس بووین.
ناسیونالیزمی کورد کە لەبەرەی کوردستانیدا خۆی ڕیک خستبوو هیچ بۆی گرنگ نەبوو چی بەسەر کۆمەڵگەدا دێت سەرێکیان موفاوەزات بوو و سەرێکیان بەندوبەست بوو بۆ گێرانی عەبا سوری بەر لەشکری نەزمی نوێ جیهان و بە دوای ئیمتیازاتی ئەم نیزامە شومەوە بوون.
پرسیار: ناڕەزاتیەکانی خەڵک خۆ بەخۆ بۆ کۆتایهێنان بەم سیناریۆیە تاریک و ئەم تونێلە بێکۆتاییە، ڕۆژبەڕۆژ لە شێوەی جۆراوجۆردا خۆی دەنواند، رۆژیک دەستگێرەکان، ڕۆژێک لە سەیتەرەکان، رۆژیک لەبەرامبەر بنکە و بارەگای حزبەکان، ئایا بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەو دەم کە لە رێکخراوەکاندا چالاکیان دەنواند، کاریگەری جددیان بوو لەسەر ئاراستە و سیاسەت وئامانجی ئەم نارەزایەتیانە؟
سمیر نوری: حکومەتی بەعس کە لە شکستی جەنگی خەلیج هاتبوە دەرەوە بۆ قایم کردنی خۆی پێویستی بە دانوستان هەبوو لەگەڵ بەرەی کوردستانیدا تا سوپا شکستخواردوەکەی ساز بداتەوە و ناسێونالیزمی کودیش بۆ ئەوەی سەهمی هەبێ لە دەسەڵات لە کوردستاندا بە قایش قوروشەوە چونە بەغدا وەک هەنگوینیان لە کونەدیوادا دۆزیبێتەوە. خەڵکی کوردستان خوێنی لێ ئەچکا، نە “حاجی بوش” فریای کەوت و نە “پێشمەرگە” گیان لەسەردەستەکان!! ئاوارەی کێوەکان بببون زۆربەی خەڵک هێشتا بەسەر کێوەکانەوە بوون لە شارە سنوریەکان گیرسابونەوە، خواردنی پێویست تاکە ئامانجی خەڵک بوو لەو کاتەدا. دوای ئارامیەکی نسبی کە بە هۆی دانوستانەکانەوە هاتبوە ئاراوە خەڵكی دەگەڕانەوە ناو شارەکان.
لەم بارودۆخەدا بوو کە تەنها کۆمۆنستەکان بوون بەرەی دژی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا، هەموو حزبە ناسیونالست و کۆنەپەرستەکان خەریکی سات و سەودای دانوستان بوون دژی ئەوانە بوون کە دەیانەویست گۆمەکیان لێ بشڵقێنن دانوستانیان لێتێکبدەن. سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەی کۆمۆنستی لەڕێخراوێکی کۆمۆنستی بەهێز و بەرچاو و ڕۆشن دا کۆنەبوبونەوە بەڵام ئەوان لە نێو خەڵکدا کار و چالاکیان دەکردهەر ئەوان خەری دژایەتی بەعس بوون.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
