هەشتی شوبات بوکی خوێناوی

طارق فتحي

“ئەم کودەتایە  بۆ ئێمە دەستکەوتە” روبیرت کومر … ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، لە سەردەمی (جون کەنەدی)دا.

ئەو ڕۆژە (٨-٢-١٩٦٣) هیچ  ئاسایی نەبوو، بەڵکو لە هەزاران ساڵ دە چوو، شوبات سەختترین مانگ بوو، هەموو شتێکی قێزەونی بە ئاسایی تیادا ئەنجامدرا. کوشتن، ئازاردان، بەپەتەوەکردن، دەستدرێژی جنسی، هەڕەشە، تۆقاندن. تاریکپەرستان لەهیچ شێوازێکی ناشرین سڵیان نەدەکردەوە کەڵبەکانیان تیژکردەوە بۆ تیرۆر و کەوتنە گیانی جەماوەر. شەقامەکان بە قوربانیان پڕ بوون، وە خوێنیش دەت ووت لەزەوییەوە هەڵدەقوڵێت، ترس و تۆقین دیارترین دیمەنی ئەو رۆژە بوون.

هستریای کوشتن بەمەوە نەوەستا بەڵکو  کوبونەوەی هێزە ئاینییەکان کە  فەتوای “کۆمۆنیزم کافر و بێباوەڕن”ی دەردەکرد و ھەروەھا لایەنەکانی کە زوڕناژەنی نەفرەتی قەومی بوون و لەگەڵ (سی ئای ئەی)دا لەسەر ئەوە کۆبوونەوە کە ئامرازێکی کوشتاری ترسناکی وەھا بەرهەمبهێنن: بەبێ جیاوازی لە نێوان مناڵ و بەتەمەن، لەنێوان کیژان و پیرێژن، لەنیوان کرێکار و بەڕێوەبەر، لەنیوان ئەندام و لایەنگری حزبدا ئەو ماشێنە گەورەیە گیانی هەزارانی بدوورێتەوە، وە هەموو جیهان تەماشاچی ئەم بووکە خویناوییە بوو، هەتا “خرۆشۆف” ئەو  ناوزڕاوە ناشیرینە کە لەو کاتەدا شیوعیەکان لەسەر ئەو حساب دەکران، نەک ھەر یەک ووشەیشی نەووت، بەڵکو لەوە دەچوو کە پیرۆزبایی لەم  ئاهەنگی مەرگە بکات.

بەیانیەکی هەینی سارد و تەماوی بوو، سەعات نۆ ھێشتا هەموان لە خەودابوون، بەئاسماندا تەیارەی “هونتەر” دەستی بە فڕین و ئورکسترا دەستی بە ژەنینی سروودی مەرگ کرد و هێزەکانی شەڕ لە کونەکانیانەوە سەریان ھێنایەدەر. ڕەشید موسلیح بەیاننامەی ژمارە ١٣ی بەدناوی خوێندەوە و تیایدا ڕەوایەتی بە کوشتنی هەموو ئەو کەسانە درا کە لایەنگریان لە کودەتا نەدەکرد، لە هەر کوێیەک بوونایە. بەئاشکرا بانگەوازی پاکتاوکردنی شوعیەکانی دەکرد، وە هۆشداری دەدا بە وانەی کە داڵدەیان دەدەن یان دەیانشارنەوە یان ڕێ خۆش دەکەن بۆ هەڵاتنیان: ئەم بەیاننامەیە ڕاگەیاندنی ئاشکرای کوشتار و هەموو چەپەڵکارییە تاوانبارییەکانی تر بوون. یەکسەر بەدوای ئەمەدا میلیشا تاوانبارەکانی “حەرەس قەومی” هەڵیانکوتایەسەر ماڵان و ئاھەنگی کوشتار و خوێنڕشتن و دەست درێژی کردن دەستی پێ کرد: تالب شەبیب، ئەندامی قیادەی قطری حزبی بەعس لە بیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە، کە لەنێوان پێنچ تا دوانزە هەزار کوژراون.

فاشیستەکان “بەعسیەکان و قەومیەکان” لە پەیمانێکی چەپەڵدا بە پیرۆزبایی دەزگا موخابەراتیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا یەکیانگرت و لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە بەبێ ھیچ بەربەستێک دەست نەپارێزن لە کوشتن و خوێن ڕشتن تا ھەر ڕادەیەک کە دەیانەوێت. زیندانەکان پڕ بوون، “قصر النھایة” جمەی دەھات لە گیراوەکان، بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە دەدران، جێبەجێکردنی لە سێدارەدنی مەیدانی بەبێ دادگا و دەستدرێژی جنسی مامەڵەی ئاسایی بوون لەگەڵ زیندانیەکانیشا. ڕادیۆی ئەمەریکا ناو و ناونیشانی شوعیەکانی یەک یەک پەخشدەکرد. عەلی  سالح سەعدی، ئەمینداری گشتی حزبی بەعس، درۆی نەکرد کە ووتی (ئێمە بە شەمەندەفەری ئەمەریکی هاتینە سەر دەسەڵات). ئەم ڕۆژە، رۆژێکی یەکجار خوێناوی بوو.

((بە قامچی لێی درا هەتا لە هۆش خۆی چوو، بەسەر بەرەوخواری بە پێەوە بە بنمیچەوە هەڵواسرا، تالە ھۆشخۆی چوو، دایان گرت و بە پێ بەسەریدا ڕۆشتن … پارچەیەک گۆشتیان لە قاچی دەکردەوە و پڕیان کرد لە خوێ … ئێسقانەکانیان شکاند، لە ژێرزەمینی  تەڕ و نسرمی  “قصر النھایة”  لە نێو چڵپاوی سارددا بەڕووتی و بەقۆڵ بەستراوی فڕێدرا … چاویان دەرھێنا و بیناییان لێ بڕی … خواردن و خواردنەوە و خەوتنیان لێحەرام کرد … لە کۆتاییدا تایەیەکی ئاسنی گەورەیان بەسەردا ڕاکێشا و پانیان کردەوە)) بەم شێوەیە، سەلام عادل، -سکرتیری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق-یان ئەشکەنجە دا و کوشتیان.

هاوبەندی روحەکان، پێکداچوونی روحەکان

دەسەڵاتی بەعسی نەگریس ھەر  لەلایەن “ئەمەریکا” وە کە بەرھەم ھێنەر و بەخێوکەری خۆی بوو کوتایی پێهات. وەک ئەوەی ئەو شەمەندەفەرەی کە پێی هاتن، سەعاتی ڕۆشتنیشیانی دیاری کردبێت. بەڵام ئەم قەتارە نەگریسە لە ڕۆشتن نەکەوت، بەڵکو جارێکی تر سەری ھێنایەوە بۆ عێراق، وە ئەمجارەیان ئیسلامیەکانی دابەزاند. دەبابەکانی ئەمەریکا ڕاستەوخو دێنە ژوورەوە و عێراق داگیردەکەن، و ئەمجارەیان خوێنمژ و زۆمبی هاوچەرخ، نوسخەیەکی نوێی بەعسیەکان دادەبەزێنن.

روحەکان چوونەوە سەریەک، روحی تاوانبارانی دڕندەی ئیسلامی سیاسی  جێگەی ڕۆحی چەپەڵ و دڕندە و تینوو بە خوێنی بەعسی گرتەوە. هیچ جیاوازییەک لە نێوان (سەدام حسین، خالد تەبرە، عمار علوش، نازم کزاز، عەلی سالح ئەلسەعدی، مونزر ئەلواندی، جەردان عەبدولغەففار، تەها یاسین رەمەزان، رەشید موسلیح، عەبدولغەنی راوی)، لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی، لە قاعدە و داعش و سەرکردەی میلیشیاکان و تەواوی پرۆسەی گەندەڵی سیاسیدا، و ھەردوولا نیشانەی تاوانکاری خوێنمژی و باڵادەستین لە شێوازەکانی سەرکوتکردندا. جیاوازی لە نێوان بێ عەمامە و عەمامە داردا  نیە،  جیاوازی لە نێوان حەرەس قەومی و میلیشیاکاندا نیە، جیاوازی لە نێوان “رفیق و سید”دا نیە. ئەم هێزە کۆنەپەرست و تاریکانە یەکسانن لە تاوانکاری و ئیرهابدا.

پاشان تەشرین ھاتە جێی شوبات، سەرکوت بێ ئەندازە و بێ وێنەیە، میلیشیاکان پێشبڕکێ دەکەن  لەسەر خوڵقاندنی کوشتارگە و نانەوەی قەسابخانەکان، شانازی دەکەن بە زۆری ژمارەی کوژراو و فڕێندراو کە بەرھەمی کارە تیرۆریستانەکانیانە. تەنھا لە ڕاپەڕیندا هەزار گەنج بوونە قوربانی سەرکوتی ئیسلامیەکان، هەزاران بریندار کران و ڕاونران وە بێسەروشوێنکران لە زیندانەکانی دەسەڵات و مەعتەقەلەکانی میلیشیاکاندا. زنجیرەی کوشتار بەبێ پچڕان ھەربەردەوامە و تەنها ئاڵوگۆڕێک کە ھاتوەتە گۆڕ ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی تەنھا  “ئەمەریکا” خوڵقێنەر و سەروەر بێت ئێستا ئێرانیش زیاد بووە. تیرۆر، کوشتن، ڕفاندن، تحقاندن، ئەمانە ھەموو ستیفەتی هاوبەشن لەگەڵ بەعسدا، بەڵام ئیسلامیەکان هەندێک تایبەتمەندی تری لەبابەتی “تالانی و دزی سامانی وڵات، وە کلکایەتی و تەبەعیەت بۆ دەوڵەتانی تر”. بەعسیەکان و ئیسلامیەکان دوو وەحشن لە یەک منداڵداندا دروست بوون. وە ئەم وەحشانە تەنها کاریان داڕوخان و تێکدان و کوشتار و جێبەجێ کردنی سیناریۆی دایکی خۆشەویستیان “ئەمەریکا” و دەوڵەتانی ترە.

سەڕەڕای هەموو ئەمانە، بەڵام دڵی هیوا لێدەدات، جەماوەر ئەمڕۆ عەزمی جەزم کردووە بۆ ڕزگار بوونی لەدەست ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە، و بەرەوپێش بە پێداگری ھەنگاو ھەڵدەھێنێت. جەماوەر هیچ شتێکی نیە تا لە دەستی بدات، بەڵام ژیانی بە دەست دەهێنیت. بەرەبەیانی ئازادی نزیکە و لە ھەڵھاتندایە. هێزە ئیسلامیەکان ئەمڕۆکە زۆر نەفرەت لێکراون، وە جەماوەر دەستی لێیان شوستوە و کۆتاییان لە ئانوساتدایە.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ژنانی کرێکار لە باکوری شاری بەغدا لە ژیانێکی سەخت و دژواردا دەژین

چاوپێکەوتنی ڕەوت لەگەڵ هاوڕێ ئیقباڵ سەڵاڵ ڕۆژنامەی ڕەوت: سەرەتا سوپاس کە  بەدەنگ داواکەمانەوە هاتی. تۆ ...

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!

شیرین عەبدوڵا ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن ...

شەش ساڵ حوکمی زیندانی و دادگای پیاچونەوەی هەرێم

نەواد بابان ئە‌گە‌ر دادگا سەربەخۆ بوایە و یاسای مەدەنی سە‌روە‌ر بوایە‌ ‌لە‌م ھە‌رێمە‌‌دا،  ئێستا دە‌بوایە‌ ...

سەما، گڕی ئازادی دەربڕین و نواندنی موسیقایی جەستەیە

 ئەوەی فورسەتی  بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، ...

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا

موئەیەد ئەحمەد ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و ...

%d مدونون معجبون بهذه: