چاوپێکەوتنی ڕەوت لەگەڵ هاوڕێ ئیقباڵ سەڵاڵ
ڕۆژنامەی ڕەوت: سەرەتا سوپاس کە بەدەنگ داواکەمانەوە هاتی.
تۆ ژنێکی زەحمەتکێش و چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانی، خەڵکی یەکێک لە دێهاتەکانی دەوروبەری شاری (بەغدا)ی و پەیوەندیەکی بەربڵاوتان هەیە لەگەڵ زەحمەتکێشانی دەوروبەری ئەو شارە، بەتایبەت لەگەڵ ژنانی کرێکار لە کەرتی کشتوکاڵدا، ئەگەر بکرێ باسێکی بارودۆخی ژیان و کاری ئەو ژنە کرێکارانەمان بۆ بکەیت؛ لەڕووی سەعاتەکانی کارکردن و کرێوە، هەروەها ئەو بێمافی و دەردی سەریانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن، وە سیاسەتەکانی پریڤاتیزە (خەسخەسە) کە حکومەتی ناوەندی پەیڕەوی لێدەکات چ کاریگەریەکی هەیە لەسەر بارودۆخی کار و ژیانیان؟
ئیقبال سەلال: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەکەتان کە بایەخ دەدات بە مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانێک کە سیاسیە سەرمایەدارە قێزەوەنەکان فەرمانڕەوایەتیان بەسەردا دەکەن.
من وەک ژنە زەحمەتکێشێکی گوندنشین کە ساڵانێک لە کەرتی کشتوکاڵدا کارم کردوە و بێبەشی و چەوسانەوە و زوڵم و زۆریم چەشتووە، دەبینم ژنانی لادێی ئەمڕۆ، سەڕەڕای ڕۆڵی سەرەکیان لە کەرتی کشتوکاڵیدا، لە چەوسانەوەیەکی چینایەتی زۆر توندوتیژدا ژیان بەسەر دەبەن. هەلومەرجی ژیانێک کە ژنانی کرێکار لە باکوری شاری بەغداد تیایدا دەژین یەکجار سەختە و دژوارە، من خۆم لەوێ دەژێم و لەنزیکەوە ئاگاداری ژیانیانم. ئەو کرێیەی کە وەریدەگرن هاوئاهەنگ نیە لەگەڵ ئەو سەعاتانەی کار دەکەن. بۆ نمونە ژنانێک کە کار دەکەن لە باخی نەمامەکاندا (مەشتەلەکان) یان لە ڕنینەوەی بەروبومی سەوزەکاندا لەلایەن خاوەن کارەکانەوە زۆر دەچەوسێنەوە. ئەوان لە سەعات ٨ بەیانیەوە تا پێنجی ئێوارە کرێیەکەیان (١٠) هەزار دینارە. ئەگەر کرێکارەکە ناڕەزایەتی لەبەرامبەر خاوەن باخ یان خاوەن کێڵگەکە دەربریت، ئەوا خاوەنکارەکە زۆر بەئاسانی دەیگۆڕێتەوە بە کرێکارێکی بیانی (ئاسیایی- بەنگالی)، چونکە ئەو کرێکارە بیانیانە مەجبورن بە پارەی کەمتر و سەعاتکاری زۆرتریش کاربکەن.
ئەم دژواری و سەختیەی کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانەی لادێ دەبێتەوە کە ڕۆژانەکار دەکەن، ژنانێکی زۆری توشی برسیەتی کردوە. من زۆرێک لەو ژنانە دەناسم کە پیاوەکانیان لە دەستداوە چ بەهۆی شەڕەکانەوە یان جیابونەی خێزانیەوە و لەلایەن کۆمەڵگا و ژینگەی دوکەوتوانەی عەشایەرییەوە لە ژێر فشاردان، ئەو ژنانە ناچارن مناڵەکانیشیان بەرن بۆ کارکردن بۆ ئەوەی چەند دینارێکی زیاتریان دەست بکەوێت و هەژاری و برسیەتیان کەم بێتەوە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دەرەنجامە کارەساتبار و نەرێنی (سلبی)یەکانی سیاسەتی خەسخەسە کە هەمیشە بەسەرچینی کریکاران و هەژاراندا دەشکێتەوە.
ڕۆژنامەی ڕەوت: ئایا هیج نەقابە و ڕێکخراوە و ڕێکخستنێکی پیشەیی هەیە کە بەرگری لەم کرێکارانە بکات؟ وە ئایا هیچ دەستپێشکەریەک هەیە بەو ئاڕاستەیەدا؟
ئیقبال سەلال: نەخێر هیچ نەقابەیەک، ڕێکخستنێکی پیشەیی و ڕیکخراوەیی نیە کە بەرگری و بایەخ بەو توێژە لە کرێکارانی ژن بدات کە لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن و ژمارەیان کەم نیە. من بەشەخسی هەوڵی ڕۆشنبیرکردنی ئەو توێژە و کرێکارانی ژن و پیاوم داوە لەو شوێنانە، ئەوان بێئاگان لەوەی کە یاسایەکی کار هەیە بەرگری لە مافەکانیان دەکات و چاوەدێریان لێدەکات. داوای کۆپییەکی ئەلکترۆنی قانون کارم لە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی سەندیکایی کرد، و هەڵدەستم بە چاپکردن و دابەش کردنی بەسەر پیاوان و ژنانی کرێکاردا بەپێی توانای خۆم لە ناوچە دێهاتیەکاندا.