بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە، گورانیـیە بەردەوام تەواونەکراوەکەی لاوانی کوردستان. چ سیاسەتێکی نا ئینسانی بە نوقمبونی دان؟

جەمال کۆشش

شەڕ، هەژاری و سەرکوت، لەهەر نیشتمانێک پەیدا بوون، لەوێ خەڵک هەڵدێت و ئاوارە دەبێ. لە (١٨-٣-٢٠١٦)دا (یەکێتی ئەوروپا) و (تورکیا) مامەڵەیەکی قێزەوەنیان لەسەر ژیانی پەنابەران پێکەوە ڕاگەیاند، کە (تورکیا) لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە (یۆنان) دیپۆرتیان دەکاتەوە، شەش ملیارد یۆرۆ لە (یەکێتی ئەوروپا) وەردەگرێت. ئەوروپا یاساکانی پەنابەری توند و توندتر کردەوە، ڕێکارەکانی کۆچی ئەستەمتر کردەوە، مەرجەکانی هێنانی هاوسەری قورستر کرد، وە گومانی زۆرییان لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیری هاوڵاتی خۆیان و کەسانی بیانی پەیداکرد و چاودێریـیەکی وردتریان کرد. زۆر بڕگە و بەندی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیـیەکانیان کەمکردەوە و لابرد.

(یەکێتی ئەوروپا)، بە پەرلەمان و وەزارەت و کۆمسیۆنەکانیەوە، ساڵانێکی زۆرە بە شوێن ڕیفۆرمێکی گشتی و سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەریـیەوەیە بۆ هەر (٢٧) دەوڵەتەکە، (بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتە بەهێزەکانیانەوە). لە مانگی (٤) و (٥)ی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بە “هەنگاوێکی مێژوویی” یان ناولێنا. (ئەم ڕیفۆڕمە ڕاستەوخۆ بەمانای هەڵوەشانەوەی مافی تاکەکانە بۆ  پەنابەری لە ئەوروپا. لەبری ئەوەی داواکردنی پەنابەری بەشێوەی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەوڵەتیـیانە ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، پەنابەران بەشێوەیەکی زۆر لە کەمپە گەورەکانی دەرەوەی سنوری ئەوروپا کۆدەکرێنەوە و هەوڵ دەدرێ بەخێرایی داواکاریـیەکانیان بۆ پەنابەری ڕەد بکرێتەوە، بەم شێوەیە ئەوروپا بەهەموو هێزیەوە دەیەوێت پەنابەران لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی بهێڵێتەوە.

(سودم لە زنیارییەکانی بوڵتنی ژمارە ٢ی مانگی ٦ی (٢٠٢٤)ی ئۆرگانی (سۆلیدارتی سەنس فرۆنتێ- Solidarite Sans Frontieres) وەرگرتووە کە تایبەتە بەو مژارە. بڕوانە:

[https://www.solidarityacrossborders.org/en/]

بەدوای مامەڵە بازرگانیـیەکەی ئەوروپا/تورکیا، دەوڵەتی (یۆنان)، یاسای پەنابەری لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆەدا گونجاند. کرداری دەستنان بەڕووی پەنابەرانەوە (پوش باک-push back)ی بە هەمەجۆر برەو پێدا، پەنابەرانی لە دوورگەکاندا لە کەمپە شێوە زیندانیەکاندا کۆکردەوە.

[جین زیگلەر-Jean Ziegler]  کە نوسەری کتێبی [ئیمپڕاتۆڕیەتی شەرمەزاری-The Empire of Shame]ە، و یەكێکە لە ڕەخنەگرە ڕادیکاڵەکانی سیاسەتی ئەوروپا، لەسەردانێکی بۆ (کەمپی مۆریا) لە (یۆنان)، ناوزەدی کرد بە [کەمپی شەرمەزاری ئەوروپا]، و بە کەمپی گیانداران و دارستانی مەیمونی چواند، وە داوای داخستنی دەستبەجێی ئەو کەمپەی کرد. ئەو کەمپە لە (١١-٩-٢٠٢٠) ئاگری گرت و سوتا لە بەتاوترین ڕۆژەکانی بڵابونەوەی کۆرۆنادا.

ڕیفۆڕم و ئاڵوگوڕی بۆ توندکردن و خێراترکردنی دیپۆرت کردنەوەی پەنابەران، لەنێو یاسا هاوبەشەکانی ئەوروپاشدا، لەنێو بازنەی (شەنگن) و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی (دەبلن)یشدا، ئەنجامدراوە. ئەو یاسایانە بەجۆرێک داڕێژراون کە زۆرترین کەس بخەنە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی داواکارییەوە، وە ئاسانترین شێوە بەڕێگای فەرمی دیپۆرت بکرێنەوە. لێکۆڵینەوە لە ڕێگای پشکنین و بایۆمەتری و هەر لەسەر سنورەکان، کە هەندێک دەوڵەت شانسی قەبوڵیان سفرە، یەکسەرە و هەر لەوێوە دیپۆرت دەکرێنەوە. (ئەگەر لەگەڵ ئەو وڵاتانە ڕێککەوتنامە لەسەر وەرگرتنەوەی پەنابەرە ڕەفزکراوەکان هەبێتن، یان وەک ئەوەی بیری لێدەکرێتەوە بۆ ڕوندا بگوازرێنەوە).

لەنێو هەمان ڕیفۆرمدا ئەوە هاتووە کە ئەو دەوڵەتەی یەکەم جار، پەنابەر داواکەی لێ پێشکەش دەکات، هەر ئەو دەوڵەتە بەرپرسیارە لە وەڵام بەداواکەی. ئەمە ڕێگا دەگرێت لە پەنابەران ئازادیان هەبێت لە چ دەوڵەتێک داواکە پێشکەش بکەن، وە ئەگەر پێشتر دەوڵەت تەنها لە سێ (٣) مانگی یەکەمدا بۆی هەبوو پەنابەر دیپۆرت بکاتەوە بۆ ئەو دەوڵەتەی یەکەمجار پەنابەرەکە لێیەوە هاتۆتەناو ئەوروپا، ئێستا تا (١٨) مانگ دەتوانێت دیپۆرتی بکاتەوە، کە هەزارەها پەنابەر دەبن، و لەو ماوەیەشدا هیچ مافێکی سۆشیال و وەڵامیشیان نیە. خۆ ئەگەر پەنابەرێک فیزەی (شەنگن)یشی هەبێت ئەوا دوای (١٨) مانگ دەسڕدرێتەوە.

ناوەندی ڕیجیسترەیشنی ناسنامە

(ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، [https://www.eurodoc.net/]، ئەرشیفی گەورەترین داتای پەنابەریـیە کە تا ئێستا نەبووە لە مێژوودا، کۆنترین بایۆمتری بانکی داتاکانی ئەوروپا گەشەی پێدەدرێت بۆ سیستەمێکی زانیاری لەسەر پەنجەمۆری سادە، دەموچاو و هێڵکارییەکانی ڕووخسار، پاسەپۆرت و کارتی شوناسە جۆراجۆرەکان، و تا داواکاری پەنابەری و دۆکیۆمنتەکانی تر و تا گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ ماوەی (٦) ساڵ،… بەیەک کلیک دەتوانێت بچیتە “سەنتەری زانیارییەکانی شەنگن”، “سەنتەری زانیاری ڤیزە”، و “بیانیـیەکانی خاوەن پێشینەی سەرپێچی یاسایی”…هتد. هەموو ئەمانەش لە ناوەندێک کۆکراونەتەوە بەناوی (ناوەندی ڕیجیسترەیشنی ناسنامە). ئاسەواری خراپی ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە لەوەدایە کە ئیدی سوتاندنی پاسەپۆرتەکەت، ڕێگا لە دیپۆرتکردنەوەت ناگرێت، گۆڕینی ناوت، وڵاتەکەت، زمان و لەهجەکەت و شارەکەت، داد نادات، چونکە هەموو زانیارییەکانت بە دۆکیومنتەوە لەوێدا خەزنکراوە.

ئەم بەرتەسکردن و هاوئاهەنگیـیەی یەکتری دەوڵەتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت پاش ئەوەی ڕەوت و هێزە ڕاستڕەوەکان قورسیایان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا زیاد بووە، بێگومان هەوڵی جددی دەدەن پراکتیکەی بکەن. (هەمان سەرچاوەی پێشوو، بۆڵتنی ژ٢، حوزەیرانی ٢٠٢٤).

مەترسیدارترین ڕێگا بۆ ئەوروپا

من لە نوسینی تریشدا ئاماژەم پێداوە، کە دەوڵەتانی ئەوروپا بە ئەنقەست و مەبەستدارانە ئاستەنگی قورس بۆ ڕێرەوی کۆچ دروست دەکەن، ئەو دەوڵەتانە ڕێگای گەیشتنی پەنابەران بە ئەوروپا تا ئەو پەڕی ڕادەی خنکانی مناڵان لە دەریادا تەحەمول دەکەن. چاو لە ڕەفتاری فاشیانەی پۆلیسی سەرسنور دەنوقێنن. یەکەی چاودێری دەریایی یۆنان، چۆن پەنابەران لە سنوری ئاوی (یۆنان)ەوە دیپۆرتکراوەنەتەوە بۆ (تورکیا). زۆر بێدەبەرست و بەئەنقەست ناچن بەهاواری پەنابەرانەوە (وەک لەم کارەساتەدا دووبارە بووەوە). کە لە ئێستادا بەهۆی شکایەتێکەوە لە دادگایە کە کەمتەرخەمە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە خنکانی (٦٠٠) پەنابەری بەلەمی ئاوی لە کاتی نوقمبونیان لە (١٤-٦-٢٠٢٣) لە سنورە ئاوییەکانی (یۆنان)دا. وەک یەکێک لە ڕزگاربووەکان ئاماژەی پێداوە کە ئەوان ئاگاداری پۆلیسی یۆنانیان کردووە، بەڵام وتویانە تا فرمانمان (ئەمرمان) بۆ نەیەت ناتوانین بجوڵێین.

(ڕاهێل)ە ژنێکی پارێزەرە و یەکێک لە ئەندامانی تیمی ڕێکخراوی (سی ۆچ-Sea Watch) (٩)ی (ئیتالیا)یە، لە تازەترین لێداونیدا کە (٢٨-٦-٢٠٢٤) بڵاوی کردەوە، لەوەتەی حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی (جۆرجیا میلۆنی) لەسەر کارە، گوشاری سیاسی و سزادانی یاسایی بەردەوام لە هەڵکشاندایە بۆ ئەو کەس و ڕێکخراوانەی هەوڵدەدەن ئەو پەنابەرانە لە مەرگ و خنکان ڕزگار بکەن. دەسەڵاتی هەوایی ئیتالیا دەیەوێت پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە دەریای ناوەڕاست بە دۆکیۆمێنت نەکریت، تەنانەت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە نەیهێشت کاپتنی کەشتیوان (کارۆلا ڕاکێتا) کەشتیەکەی (سی ۆچ ٣) لە بەندەری (لامپێدوسا) لەنگەربگرێت و کاتێکیش وەک دواین چارەسەر و بەناچاری یەختەکەی (کە بە مەبەستی ڕزگارکردنی پەنابەران ڕێکخراوی سێ ۆوچی ئەڵمانی کڕیویانە) لە بەندەرەکە ڕاگرت، بە (٤١) سەرنشینی نیوە مردووەوە، پۆلیسی ئیتالیا کاپتنەکەی زیندانی کرد، و وەک یارمەتی دەری قاچاخچی ناساندنی، هەموو چالاکیـیەکانیانیانی قەدەغەکرد. (بڕوانە ماڵپەڕی سی ۆچ)، [https://sea-watch.org].

(فرۆنتێکس-Frontex)

دەوڵەتانی ئەوروپا ئۆرگانێکیان بۆ ڕاگرتنی کۆچ و پەنابەری دامەزراندووە بەناوی (فرۆنتێکس-Frontex) کە چاودێری سنورە ئاوییەکانی (یۆنان) و (ئیتالیا) دەکات. (فرۆنتێکس) خۆی ڕاستەوخۆ تاوانبارە یان چاوپۆشی کردووە لە کارە نایاساییەکانی پۆلیسی چاودێری ئاوییەکانی (یۆنان) و (ئیتالیا) لە ڕزگارکردنی پەنابەران و بەتەنگەوە نەچوونیان. تەنانەت بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی فەرمی ئەوروپا بۆ دژایەتی سەرپێچیکاری (ئۆلف)، لە مانگی (٢)/(٢٠٢٢)دا، (فرۆنتێکس) چرای سەوزی بۆ پۆلیسی دەریاوانی یۆنان هەڵکردووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوری لە سنوورە ئاوییەکانی (یۆنان)دا. پاش بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکە و دەنگدانەوەی لە میدیاکاندا، بەڕێوەبەری (فرۆنتێکس) (فابریک لێگاری) دەستی لە کار کێشایەوە لە مانگی چواری هەمان ساڵدا. لە ماوەی نێوان (٢٠١٥) تا (٢٠٢٤) بودجەی ساڵانەی ئەو ئۆڕگانە (Frontex) لە (١٤٢) ملیۆنەوە بۆ (٩٢٢) ملیۆن بەرز بوەوە.

[بڕوانە ڕۆژنامەی (لۆمۆند دپلۆماتی.https://www.editionarabediplo.com/ )، ژمارەی حوزەیرانی (٢٠٢٤) لاپەڕە (١٣).]

گۆرانییەکەی ئەردەڵان بەکری

چەوسانەوە، بێئاسۆیی، بەهانەی سەرکوت!

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە

خۆشەویستیم بۆ من نەبووی.

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟!

نایەیتەوە، نایەیتەوە، خۆشمدەویست نایەتەوە

مۆمی تاریکی تەمەنم کوژایەوە

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە،

خۆشەویستم بۆ من نەبووی

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟!

کەی ژیانە کەی ژیانە؟ دوور وڵاتی کەی ژیانە؟

وەک دیلێ بەوڵاتی غەریب، ئاوارە و ژێر دەستەمە

بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە

خۆشەویستم بۆ من نەبووی

دونیا چیە؟ دونیا چیە؟

چەند بێزارم، چەند بێزارم، لەهەواڵی ئەم شارە

هەواڵی دێت لەم شارە

کێ حاکم و کێ قەراردارە

ئەم گۆرانیـیەی (ئەردەڵان بەکری)، گۆرانی بێژی جوانەمەرگ، کە ئەویش هەر بە نامرادی و بە حەسرەتەوە، بە تەمەنێکی کەمەوە، جێهێشتین. ئەردەڵان، پەیکەرەی خەم و خەون، حەسرەت و کۆچ و دابڕان، لە تۆنی ئازار و برین و تەمتومانی ناچاری و مەرگ بوو.

کاتێک ئەو ڤیدیۆ کلیپە دەبینین کە کۆمەڵێک پەنابەر بە کۆرس و لە دڵ و گیانیانەوە گۆرانییەکەی ئەردەڵان دەڵێنەوە (بێزارییە، بێزارییە، ئەم ژیانە ناچارییە)، کە پێ دەچێت چەند چرکەیەک لە سەرەتای سواربوونی کەشتیـیەکە و دەرچوونیان بۆ ناو دەریا تۆمارییان کردبێت، ئینسان دەتاسێنێ!!! ئەردەڵانێک لە نێو تاک تاکی ئەو پەنابەرانە دایە، ڕۆحێکی پڕ ئازارە و سەفەرێکی ئەفسوناوی و شەوی لێکدابڕانیانە. هەموویان خۆیان بۆ لەدایکبونێکی تر ئامادە دەکەن، ئاوات و خەونیان هەیە و پێدەنێنە نێو مەترسیدارترین ڕێگای مەرگ، هیچ کەس ناتوانێت بەو سیما دڵ پڕ لە هیوایانە بڵێت: تەمەنی خۆتان و خەونەکانتان ناگاتە (٧٢) سەعاتی دی و ئیدی بۆ ئەبەد لە گۆڕستانی ئاودا دەنێژرێن! ئەو هەموو جوانی و کەیف و گۆرانی و لایەلایە، دەپێچرێتە لرفەی شەپۆل و زریکە و ناڵە و کارەسات و مۆمی تەمەن دەکوژێتەوە!

دوو دنیای جیاواز لە هەرێمی کوردستان

(ڕێزان حەمە ساڵح- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتالیا) “دەفەرموێت” لە هیچ جێگایەکی دونیا هێندەی هەولێر سەیارەی گرانبەها بەسەر جادەکانەوە نین، بەڵام خانمی بەڕێز پێم بڵێ لە کوێی جیهان هێندەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، مناڵی سواڵکەری سەرفولکەکان، دەستفرۆش و پیری تەسبیح و گۆرەوی فرۆش، لاوی بێتاقەت و سەرگەردان و بێکار هەیە؟ ژنانی بێماف و پەراوێزخراوی پاڵپێوەنراو هەیە؟ گەڕەکی پەڕپوت و خانوی (١٠٠) مەتری ناتەواوی پڕ سەرخێزان هەیە؟ ئادەی پێم بڵێ لە کوێی دونیا ئەم هەموو بێ مافی و تڕاژیدیایە هەیە؟ هەر کەسێک لە هەولێر سەردانی (ئیمپایەر) و سەردانی (گەڕەکی مەنتکاوا) بکات، سەرانی (گاردن سیتی) و (گەڕەکی بەلاشاوا) بکات، سەردانی قاوەخانەکانی (لافینتۆ) و (گەڕەکی نەودوو) بکات، دەبینێ دوو دونیایە. پەڕینەوەی لاوانی کچ و کوڕی بێکار و خێروخۆشی نەدیوو لە ژیان، لەم بەری دنیای چارەڕەشی نیولیبرالیزمەوە بۆ ئەوبەری دنیا بەختەوەرەکەی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان مەحاڵە، بۆیە تەنها ڕێگای ملدان بە مەرگیان بۆ هێشتوونەتەوە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە و لەم دەسەڵاتەی هەرێم.

ئەگەر کەسێک ڤیدیۆی لێدانی ئەو گەنجە شارەزووریـیە ببینێ کە هێلکەی گرتە کاروانی سەیارەکانی (مەسرور بارزانی)، لە کۆتایی حوزەیرانی (٢٠٢٤) لە (خورماڵ)، کە ناڵە و هاواری دەگاتە حەوت کۆڵان، کە چۆن پاسەوانەکان بە سەیارە و بە شەق و بەدار و بە بۆکس، چی لێدەکەن، تێدەگات ئەم لاوانە لە نیشتمان نوقمی کام سەحرای عەزاب و بێڕێزی و تینویەتی بوونە، ئەم نیشتمانە، شایانی ئەو لاوانە نیە، هەرگیز.

لە بەرنامەیەکی تایبەتی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکادا لەمەڕ ئەم کارەساتە و کۆچی نایاسایی، خاتوو (ژیار محمەد) لەگەڵ (٣) کادیری “پێشکەوتوو”ی (پارتی) دیداری ئەنجامدا، یەک بۆ یەکیان دەسەندەوە و (خاتوو ژیار) بەبێ ئیزعاجکردن و بەئیسراحەتی تەواوە بواری دابوو کە چۆنیان بوێ وەها بدوێن. گەلێک باس هاتە پێشەوە، سەدای وەڵامدانەوە غائب بوو، ئەوانە لێدەگەڕێم، بەڵام شتێک کە ڕەهەندێکی سەرکوتکاری هەیە و دەتوانێت بەکار بێت و بیکەنە پاساوی بڕگە و بەندێکی یاسایی بۆ زیندانی و فڕاندن، ئەویش بەهانە داتاشینێکی نوێیە بەناوی “هاندانی گەنجان بۆ کۆچ” لەلایەن (عەلی سەعید) بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە “ناوەندی هەمائاهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان” بەکارهات. ئەو دەستەواژەیە ڕەهەندێکی مەترسیداری هەیە لەبری ئەوەی کە بیری جددی بکرێتەوە بۆ لانی کەم  کەمکردنەوەی ئەم تراژیدییانەی کۆچ، دێت هۆکارەکانی کۆچ برەو پێدەدات.

یەکێک لە کەسوکاری گیانبەختکردوانی نوقمبونی بەلەمەکە، (ڕێکان عەبدوڵا حەمەئەمین) وتی (خەڵکی حەقە لێرە ناڕەزایەتی دەرببڕن) و خەبات بکەن تا ژیانی خۆیان بگۆڕن. ئەوە ڕێگا دروستەکەیە و هەر ئەمەشە وایکردووە حکومەتی هەرێم لە ترسانا هێنانەوەی تەرمەکان بخاتە سەر ئەستۆی خۆی.

تەموزی ٢٠٢٤

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

گۆران عەبدوڵا: لیستەکان مەبەستیانە بگەنە دەسەڵات، خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نیین بۆ کێشەی مووچە، و بێکاری،…

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس ...

شەماڵ عەلی: هیچ هێزێکی مکوڕ لەسەر ماف ‌و ئامانجەکانی خەڵک بەشداری ئەم پرۆسەیەی نەکردووە

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس ...

ئەمجارە لە بایکۆت زیاتر …

جەمال کۆشش: بەرەی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تێکڕایان داوایان لەجەماوەر دەکرد، بەشداری هەڵبژاردن بکەن ...

‌هەنگاوی یەکەم ڕیسواکردنی خەسڵەتی بورژوازیانەی ڕژێم و هەڵبژاردنەکەیەتی لە هەرێم!

موئەیەد ئەحمەد هەر چەند ساڵ جارێک کە کەمپێنی هەڵبژاردن دەست پێدەکات لە هەرێمی کۆردستان، حزبە ...

ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 32- دۆسیەی ١- تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان

ڕوونکردنەوەیەک بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی (ڕەوت) ژمارە (٣٢)ی ڕۆژنامەکە بەشێکی زۆری تایبەتە بە خولی شەشەم لە ...