بنەما ڕێکخراوەیـیەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

کرێکارانی جیهان یەکگرن

ماددەی یەکەم: پێناسەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

  1. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی مارکسیستی شۆڕشگێڕە. خەبات دەکات بۆ کۆتایـیـهێنان بە سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی سەرمایەداری، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە تێکشکاندنی بەرگری بورژوازی، هەروەها خەباتیش دەکات هەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای ناکۆکی چینایەتی دامەزراوە، وە هەم بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بێ چین و بێ دەوڵەت و بێ خاوەندارێتی تایبەتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و پەیوەندیکردن. ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە لە بەڵگەنامەی بەیاننامەی دامەزراندنیدا هاتووە.
  2. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئۆرگانێکی حزبی و ئامرازێکی خەباتکارانەیە بۆ پرۆلیتاریای سۆسیالیست، شوێنێکە بۆ یەکخستنی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەداران و هەموو کۆمۆنیستێکی ژن و پیاو بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار. وە لە بنەڕەتدا ڕێکخراوێکی کرێکاریـیە شانبەشانی حزب و ڕێکخراوە کرێکاریـیەکانی دیکەی ناو چینی کرێکار، و لە ڕیزەکانیدا بەشی هۆشیار و کۆمۆنیست و خەباتکاری ئەم چینە و توێژە جۆراوجۆرەکانی پرۆلیتاریا لە هەردوو ڕەگەز دەگرێتەخۆی، کەوا بە شێوەیەکی کردەیی دەستبەکارن لە خەباتی ئابووری و سیاسی و فیکری چینی کرێکار و زەحمەتکێشاندا بە ئامانجی هێنانەدی شۆڕشی کۆمۆنیستی.
  3. ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە هەموو ژن و پیاوێکی کۆمۆنیست لە پرۆلیتاریا و لە توێژە کۆمەڵایەتیـیەکانی تر دەگرێتەخۆی بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، جێندەر، ژینگەی بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی کەسەکان، توانای جەستەیی و لێهاتوویی فکری کەسەکان.
  4. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ڕێکخراوێکی ئینتەرناسیونالیستە، خەبات دەکات لەپێناو یەکخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بۆ هێنانەدی شۆڕشی کۆمۆنیستی جیهانی.
  5. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریـیە و وەک بەشێکی دانەپچڕاو لە ڕەوەندی خەباتی، خەبات دەکات بۆ ڕزگاری ژنان و گەیشتن بە یەکسانی تەواویان.
  6. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بە پێی ئەو پرەنسیـپە کاردەکات و خەبات دەکات کە “ڕزگاری چینی کرێکار کاری خودی چینی کرێکارە”. بۆیە چالاکیـیە سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەیـیەکەی جەخت دەکاتە سەر بەرزکردنەوەی توانای سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەیی ئەم چینە و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیـیە چینایەتیـیەکەی بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە خەباتی چینایەتی سەربەخۆی خۆیدا، دژی سەرمایەداری و بۆرژوازی و چەسپاندنی دەسەڵاتی چینی کرێکار و پێکهێنانی دەوڵەتی شۆڕشگێڕانەی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەرکە سۆسیالیستیـیە مێژوویـیەکانی. بەم پێـیە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئەوەی بەئامانج گرتووە کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا، بـبـێـتە دەستەیەکی خەباتکاری کارامە و لێهاتووی سۆشیالیستی بۆ پڕۆلیتاریا.
  7. ئەرکی بنەڕەتیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)؛ شکڵپێدان و ڕێکخستن و ڕاهێنانی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی چالاکە بە پێکهاتەیەکی ڕابەرایەتی بەتواناوە لە هەموو ئاستەکانی پەیکەرەی ڕێکخراوەیی و شوێنی جوگرافیایدا، کە هێزێکی خەباتکاری کارا بۆ بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ دابین بکات، وە ڕابەرایەتیـیەکیش بێت هەمیشە لە پەیوەندیدا بێت بە جەماوەری پرۆلیتاریا و خەباتەکەیەوە.

ماددەی دووەم: ئەندامبوون لە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستیدا

  • ئەندامی ڕێکخراوەکە، ژن یا پێاوێکی کۆمۆنیستە کە بەرنامەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی ڕێکخراوەکە قبوڵ دەکات و بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە چوارچێوەی یەکێک لە ڕێکخستنەکانیدا کاردەکات و مانگانەیەک دەدات کە لە کۆنگرەی ڕێکخراوەکەدا دیاریکراوە.
  • ئەندامبوون لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا ئارەزوومەندانەیە.
  • هەر ئەندامێک ئازادە لە دەستلەکارکێشانەوە لە ڕێکخراوەکە یان کاری ڕێکخراوەیی لەناو ئەو ڕێکخراوەدا جـێـبهـێـڵـێـت. دەستلەکارکێشانەوەکە لە کۆنووسی کۆبوونەوەی تایبەتی ئەو لیژنەیەدا تۆمار دەکرێت کە ئەندامەکەی تێدا ڕێکخراو بووە.
  • تەمەنی هەر ئەندامێک لەناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا نابێت لە (١٨) ساڵ کەمتر بێت.
  • ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکەدا هیچ ماف و ئازادیـیەکی فەردی و مەدەنی هاوچەرخ سنوردار و مەرجدار ناکاتەوە، هەروەها مانای هیچ جۆرە ئەفزەڵیـیەت و ئیمتیازێکیش ناگەێنێت بە بەراورد بە تاکەکانی تری کۆمەڵگا.

ماددەی سێیەم: پێکهاتەی بنەڕەتی ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکە

یەکەم: شانە

  • شانەی ڕێکخراوەیی، ئەو یەکە بنەڕەتیـیە پێکدەهێـنـێـت کە ڕێکخراوەکەی لەسەر بنیات دەنرێ و لانیکەم لە (٣) ئەندام پێکـدێـت.
  • شانە ئەو فۆڕمەیە لە ڕێکخستن کە ئەندامەکانی لە ڕێگەیەوە ئەرکە ڕێکخراوەیـیەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و لە هەمان کاتیشدا لە ڕێگەیەوە مافی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ڕەخنەگرتن یان بۆ پەرەپـێدانی سیاسەت و کاروبارەکانی تەواوی ڕێکخراوەکە.
  • کاری ڕێکخراوکراو (المنظم) لەناو شانەدا، باشترین ڕێگایە بۆ دابەشکردنی کارەکانی ڕێکخراو بە گشتی و جـێـبەجـێکردنیان.
  • شانە فۆڕمێکی خەباتی ڕێکخراو و کارایە کە ڕێگە دەدات بە ئەندامان بەشداری بکەن لە بەرەوپـێـشبردنی خەباتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکریی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان و توێژە بـێـبەشەکانی تر لە شوێنی کار یا لە ناوەندەکانی ژیانیاندا.
  • شانە بەپێی بارودۆخی ئەمنی، لە ژمارەیەکی گونجاو لە ئەندامانی ژن و پیاو پـێکدێت، کە نابێ زیاتر بێت لە (١٠) ئەندام لە هەردوو ڕەگەز و تەمەنی جیاواز، کە لەنێو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە جیاجیاکانیان و خەباتی ڕۆژانەیاندا کار دەکەن.
  • شانەکان پێکـدەهێنرێن لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەنێو دامەزراوە پەروەردەیـیەکان، لەنێو سەندیکا و یەکـێـتیـیە کرێکاریـیەکان، لەنێو ژینگەی ژنانی پرۆلیتاری و ڕێکخراوەکانیان و کۆمەڵە ڕزگاریخواز و خەباتگێڕەکانیان، لە ناوەندەکانی گەنجانی پرۆلیتاری، و لەنێو ئەو توێژە جۆراوجۆرانەی تری پرۆلیتاریا و ڕێکخراوە و کۆمەڵە خەباتگێڕەکانیاندا، کە هیچ خاوەندارەتیـیەکیان نیـیە.

دووەم: کۆمیتەی شوێنی کار

  • بوونی دوو شانە یان زیاتر لە ناوەندێکی کاری دیاریکراوی تا ڕادەیەک گەورەدا (کارگە، کۆمپانیا، بەشی خزمەتگوزاری، دائیرەیەکی حکومی، زانکۆ، بەڕێوەبەرایەتی و هتد)، دەتوانرێت بەپێی پێویست، کۆمیتەی کارگە، کۆمپانیا، یان کۆمیتەی بەشی خزمەتگوزاری پێکـبهـێنرێت، کە لە نوێنەری ئەندامانی ئەو دوو شانەیە یان زیاتر پێکـدێت.
  • ئەندامانی شانەکان و ئەندامانی (کۆمیتەی شوێنی کار) لە هەموو ئەو کەسانە پێک دێن کە پەیوەندیدارن بەو شوێنەوە، بەبێ گوێدانە پـیـشەکانیان. واتە شانەی کۆمۆنیستی لە کرێکاران، فەرمانبەران، قوتابیان، مامۆستایان، هەموو کارمەندانی کارگە و دائیرە و زانکۆ، یان پەیمانگا پێکـدێت نەک بەپێی پـیـشەکانیان.
  • کۆمیتەکانی شوێنی کار، هەڵدەستن بە ئاڕاستەکردن و ڕێکخستنی خەباتی ئەندامان لەنێو سەندیکا و یەکـێـتـیـیە کرێکاریـیەکان و کۆڕوکۆمەڵە و تەعاونیەکان، هەڵدەستن بە ئاڕاستەکردن و ڕێکخستنی خەباتی ڕۆژانەی ئەندامان لە چوارچێوەی شوێنی کاری پەیوەندیداردا، بۆ ئەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە لەناو ئەو سەندیکا و یەکـێتیـیە کرێکاریـیانەدا، بە شێوەیەکی ڕێکخراو و وەک بلۆکی کۆمۆنیستی کار بکەن لەناویاندا.

سێیەم: کۆمیتەی گەڕەکە بچووکەکان

  • ئەگەر لە گەڕەکێکی بچووکی دیاریکراودا دوو شانە یان زیاتر هەبن، دەکرێت (کۆمیتەی گەڕەکی بچووک) پێکـبهـێـنرێت، کە بەپێی قەبارەی ئەو دوو شانەیە لە (٣) تا (٥) ئەندام پێکـبێت کە لەلایەن ئەندامانی دوو شانەکەوە هەڵدەبژێردرێن بە دەنگدان بۆ نوێنەرایەتی کردنی هەر شانەیەک لەناو کۆمیتەکەدا.

چوارەم: کۆمیتەی گەڕەک

  • ئەگەر لە چەند گەڕەکێکی بچووکی گەڕەکێکی گەورەی دیاریکراودا دوو کۆمیتە یان زیاتر هەبن، ئەوا (کۆمیتەی گەڕەک) پێک دەهێنرێت لە ژمارەیەکی گونجاو لە ئەندامان، کە لەلایەن هەر کۆمیتەیەکی گەڕەکی بچووکەوە بەجیا هەڵدەبژێردرێن و دەنگ بەو ئەندامانە دەدەن کە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گەڕەکی بچووکەکەیان دەکات لەناو کۆمیتەی گەڕەکدا.

پێنجەم: کۆمیتەی شار و کۆمیتەی پارێزگا

  • ئەگەر لە شارێکی دیاریکراودا دوو کۆمیتەی گەڕەک یان زیاتر هەبن، (کۆمیتەی شار) پێکدەهێنرێت و ئەندامەکانی بە دەنگدان لە نێوان ئەندامانی دوو کۆمیتەی گەڕەکەکەدا هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکەن لەناو کۆمیتەی شارەکەدا.
  • ژمارەی ئەندامانی (کۆمیتەی شار) بەپێی قەبارەی کۆمیتەکانی گەڕەک دەبێت.
  • ئەگەر چەند کۆمیتە یا شانە هەبن لە چەند شار و شارۆچکەیەک لە چوارچێوەی پارێزگایەکی دیاریکراودا، ئەوا (کۆمیتەی پارێزگا) پێکدەهێنرێت.

شەشەم: کۆمیتەی هەرێمەکان و ڕێکخراوەی دەرەوەی وڵات

  • کۆمیتەی هەرێمەکان بەپێی پێویست پێکـدەهـێـنرێن و لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیـیەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت. (کۆمیتەی هەرێم) لە کۆمیتەی دوو شار پێکـدێت، ئەویش لەسەر بنەمای تایـبەتمەندیـیەکانی خەباتی پرۆلیتاریا و ئەو هەلومەرجە سیاسیـیە گشتیـیەی کە دەوروبەری ئەم خەباتەی داوە.
  • کۆنگرە بڕیار دەدات لەسەر پێکهێنانی کۆمیتە بۆ ئەو هەرێمانەی کە خاوەن تایـبەتمەندین لە خەباتی پرۆلیتاریادا، وە دوای ئەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەکە لە زیاتر لە شارێک لەو هەرێمەدا بەردەست بێت.
  • چالاکیی ڕێکخراوەیی ئەندامانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) کە لە دەرەوەی وڵاتن، پێویستە وەک (ڕێکخراوەی دەرەوەی وڵات) سەربە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ڕێکبخرێت.

حەوتەم: چالاکی کۆمیتەکان و ڕێکخراوە خۆجـێـیـیەکان

  • کۆمیتە و ڕێکخراوە خۆجێـیـیەکان بەپێی هەلومەرجی تایبەتی دەوروبەری خەباتی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و توێژە کۆمەڵایەتیـیەکانی تر، ئازادن لە پەرەپێدانی چالاکیـیە ڕێکخراوەیی و سیاسی و فکریـیەکانیان لە شوێنی چالاکی خۆیاندا، بەڵام بە شێوەیەک کە لەگەڵ سیاسەت و ئاڕاستە گشتیـیەکانی فیکری و ڕێکخراوەیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق)دا ناکۆک نەبێت.
  • کۆمیتە خۆجێـیـیەکان مافی خۆیانە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە دەربکەن، هەروەها ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای تایبەت بە خۆیان بکەنەوە، ئەمەش بە پێی بنەما فکری و ئامانجە گشتیـیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق).
  • کۆمیتە خۆجێـیـیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی کۆنفرانسی ناوخۆیی وەرزانە ئەنجام دەدەن.
  • جگە لە کۆبوونەوەی ئاسایی شانەکان، کۆمیتە خۆجێـیـیەکان لە بارودۆخی کاری عەلەنیشدا کۆبوونەوەی گشتی بۆ هەموو ئەندامان ئەنجام دەدەن.
  • کۆمیتەکان ڕاپۆرتی خۆیان ئاڕاستەی کۆمیتەی ناوەندی و نووسیـنگەی ڕێکخستنەکەی دەکەن.
  • پڕوپاگەندە و هاندان و ڕێکخستن پایەکانی چالاکیی کۆمۆنیستی ڕێکخراو پێکدەهێنن، بۆیە هەر کۆمیتەیەکی خۆجێـیی دەبێت ڕێگایەکی گونجاو بۆ بەدیهێنانیان بدۆزێتەوە.
  • (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) لە ڕووی دارایـیەوە پشت دەبەستێت بە دەرماڵەی ئەندامبوون و هاوکاریـیە دارایـیەکانی ئەندامان و دۆستان و کۆکردنەوەی هاوکاریـیەکان لە کاتی چالاکیـیە سیاسی و کۆمەڵایەتیـیە جیاوازەکانی ڕێکخراوەکەدا، ئەمەش وا دەکات ئەرکی سەرجەم کۆمیتە و ڕێکخستنەکانی ناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بێت کە پابەندبن بە جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمانە.

هەشتەم: بلۆکی ڕێکخراوەیی لەناو ڕێکخراوە جەماوەریـیەکانی کرێکاران، ژنان، گەنجان و خوێندکاران

  • ئەندامانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) وەک بلۆکێکی یەکگرتووی ڕێکخراوەیی کاردەکەن لەناو هەر ڕێکخراوێکی جەماوەریدا کە خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی ئەم یان ئەو داواکاری لە داواکاریـیە ڕەواکانی جەماوەر، هەروەها ئەندامانی ڕێکخراو لە چوارچێوەی هەموو ڕێکخراوێکی ژنانی ڕزگاریخواز و هەموو ڕێکخراوێکی جەماوەریی شۆڕشگێڕانەی گەنجان و هەموو ڕێکخراوێکی خوێندکاریشدا، وەک بلۆکێکی یەکگرتووی ڕێکخراوەیی کاردەکەن.
  • ئەم بلۆکە ڕێکخراوەیـیانە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی خەباتی ئەو ڕێکخراوانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانیان و لە هەمان کاتیشدا هەر لەناو ئەو ڕێکخراوانەدا خەبات دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمۆنیستی و سیاسەتەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەنێو ئەندامەکانیاندا بۆ پەیوەستبوونیان بە ڕێکخراوەوە، ئەمە و خەباتیش دەکەن بۆ ڕابەرایەتیکردنی خەباتی ئەو ڕێکخراوانە لەسەر ئاستی شار و هەرێم و وڵات بەگشتی.

ماددەی چوارەم: کۆنگرە

  • کۆنگرە باڵاترین دەستەی ڕابەرایەتی ڕێکخراوە، نوێنەرانی کۆنگرە لەلایەن هەموو ڕێکخراوەکانی ڕێکخراوەکەوە هەڵدەبژێردرێن.
  • تەنها نوێنەرانی کۆنگرە مافی دەنگدانیان هەیە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر پەیکەرەی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکە.
  • لە حاڵەتێکدا کۆنگرە بڕیاریدا لەسەر شێوازی ڕابەرایەتی وەک (کۆمیتەی ناوەندی) یان (شورای ناوەندی)، ئەوا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی یان شورای ناوەندی لە ڕیزەکانی ئامادەبووانی کۆنگرە یان هەر ئەندامێکی دیکەی ژن یا پیاو لەنێو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) کە خۆی بۆ کۆمیتەی ڕابەرایەتی کاندید کردبێت، هەڵدەبژێردرێت.
  • نوێنەرانی کۆنگرە بریتین لە نوێنەرانی کۆمیتە و شانەکانی ڕێکخستنی خۆجێیی و هەرێمی، و ڕێکخراوی دەرەوە، و کۆمیتەی ناوەندی، و ڕێکخراوە ناوەندیـیە تایبەتەکان کە کۆمیتەی ناوەندی دایمەزراندون بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆی. نوێنەرانی کۆنگرە لەلایەن ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانەوە هەڵدەبژێردرێن.
  • کۆنگرە لانیکەم دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت.
  • کۆنگرە بڕیار لەسەر بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە دەدات، هەروەها هەڵدەستێت بە دیاریکردنی سیاسەت و پلانە تاکتیکیـیە سیاسیـیە بنەڕەتیـیەکان و پەیکەرەی ڕێکخراوەیی و ڕێباز و ناوەڕۆکی کارەکانی ڕێکخراوەکە.
  • کۆنگرە بەپێی تایبەتمەندی جوگرافی و بارودۆخی خەباتی پرۆلیتاریا لە هەرێمێکی دیاریکرداودا، لەگەڵ هەبوونی ڕێکخستنێکی کاریگەری ڕێکخراوەکە، بڕیار لەسەر پێکهێنانی کۆمیتە و لیژنە هەرێمیـیەکان دەدات.

مادەی پێنجەم: ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکە لە نێوان دوو کۆنگرەدا

یەکەم: کۆمیتەی ناوەندی یان شورای ناوەندی

  • ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە کۆنگرەی ڕێکخراوەکەدا هەڵدەبژێردرێن.
  • کۆمیتەی ناوەندی لەنێوان دوو کۆنگرەدا ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکە دەکات و ڕاپۆرت لەسەر کارەکانی خۆی دەداتە کۆنگرە.
  • کۆنگرە دەسەڵات و ئەرکەکانی کۆمیتەی ناوەندی دیاری دەکات کە بریتین لە:
  1. جێبەجێکردنی بڕیارنامە و بڕیارەکانی کۆنگرە.
  2. ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردنی ئۆرگان و دامەزراوە و ڕێکخستنە جۆراوجۆرەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی).
  3. ڕابەرایەتی ڕێکخراو لە ڕێگای بڕیارنامە و بڕیار و بەیاننامەکانەوە، وە پەروەردەکردنی ئەندامان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی بڵاوکراوە ناوەندیـیەکان و خوێندگای پەروەردەیی مارکسیستیـیەوە.
  4. بڕیاردان لەسەر پەسەندکردنی ئەو لیژنە خۆجێـیـیانەی کە تازە دروست دەبن لە پارێزگاکان وەک ڕێکخستنێکی سەر بە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، پاش بەدیهاتنی ئەو مەرجە ڕێکخراوەیی و سیاسیانەی کە ڕێکدێنەوە لەگەڵ بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا. هەروەها بڕیاردانیش لەسەر پەسەندنەکردنی ئەو لیژنە خۆجێـیـیانەی کە ئەو مەرجانەیان تێدا نییە.
  5. نوێنەرایەتی کردنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە پەیوەندی لەگەڵ حزب و ڕێکخراوەکانی تردا.
  6. بۆ بەڕێوەبردن و ڕابەرایەتیکردنی کارەکانی ڕێکخراوەکە، کۆمیتەی ناوەندی دەتوانێت لیژنەی لاوەکی و ئۆرگانگەلێکی ڕاستەوخۆ تایبەت بەخۆی پێکبهێنێت.
  7. کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندی پێی دەوترێت پلینۆم و هەر چوار بۆ شەش مانگ جارێک بەڕێوە دەچێت لەسەر بانگهێشتی هاوئاهەنگـکاری گشتی کۆمیتەی ناوەندی، یان لەسەر داوای دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆمیتەکە. ئەندامانی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیش لە پلینۆمدا بەشدار دەبن.
  8. کۆمیتەی ناوەندی دەتوانێت لەنێو ئەندامەکانی خۆیدا دەستەیەکی کارگێڕی هەڵبژێرێت، و دەسەڵاتەکانی بە بڕیارێک دیاری بکات. (دەستەی کارگێڕی) هەفتانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات بۆ بەڕێوەبردنی کاری ڕۆژانەی ڕێکخراوەکە.

دووەم: مونەسیق (کۆئۆردینەیتەر)ی گشتی کۆمیتەی ناوەندی

  • کۆنگرە بڕیار دەدات کە ئایا پێویستە هاوئاهەنگـکارێکی گشتی بۆ کۆمیتەی ناوەندی یان شورای ناوەندی هەبێت یان نا.
  • ئەگەر کۆنگرە پێی باشبوو (مونەسیقی گشتی) هەبێت، ئەوا ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرە هاوڕێـیەک هەڵدەبژێرن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
  • هاوئاهەنگـکاری گشتی کارەکانی کۆمیتەی ناوەندی لەنێوان دوو کۆنگرەدا هەماهەنگ دەکات و دوو ئەندامیش لەنێو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی وەک جێگری خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی.
  • کۆمیتەی ناوەندی لە هەر کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی (پلینۆم) مونەسیقی گشتی هەڵدەبژێرێت.

مادەی شەشەم: ئامادەیی ڕێکخراوەکە بۆ گۆڕانکاری بەپێی گۆڕانی بارودۆخ

  • پەیکەرەی ڕێکخستنی ڕێکخراوەکە دەبێ بەجۆرێک بێت کە بتوانێ بە پێی گۆڕانی هەلومەرج، پەیکەرەی ڕێکخراوەیی خۆی بگۆڕێت لە کاری عەلەنییەوە بۆ کاری نهێنی و بە پێچەوانەشەوە، هەروەها دەبێ بتوانێ بەبێ پچڕان، کار بکات و بچێتە کۆڕی خەباتەوە چ لە بارودۆخی ڕۆتینی و چ لە کاتی وەرچەرخانە سیاسیـیەکان یان لە ڕاپەڕینەکان و شۆڕشدا، وە بە پـێـی ئەو بارودۆخانە، خۆی پەرە پێبدات.

ماددەی حەوتەم: کۆبوونەوەی ڕێکخراوەیی گشتی بۆ ئەندامان و مافەکانی ئەندامان

  • لە بارودۆخی کاری عەلەنیدا، جگە لە کۆبوونەوەی ئاسایی خولەکی (الدورية) شانەکان و لیژنەکان، کۆبوونەوەی ڕێکخراوەیـیش بە شێوەیەکی خولەکی بەڕێوەدەبرێت کە تیایدا هەموو ئەندامان لە شارێکی دیاریکراودا ئامادە دەبن ئەگەر ژمارەی ئەندامان کەم بێت، یان کۆبوونەوەی گشتی بۆ هەموو ئەندامانی ڕێکخراو لە ناوچەیەکی دیاریکراوی شارەکە یان بۆ ئەندامانی دوو ناوچە یان زیاتر ئەنجام دەدرێت، بەپێی بارودۆخەکە، ئەمەش بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو ئەندامانی لە سیاسەت و چالاکیـیە گشتیـیەکانی تەواوی ڕێکخراوەکە و بۆ کارلێککردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکە لە ئاستە جیاوازەکاندا.
  • هەر شانە و کۆمیتەیەکی حزبی و هەر ئەندامێکی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) هەر کاتێک بیەوێت مافی ئەوەی هەیە ڕای خۆی دەرببڕێت و پێشنیار و سەرنج و سکاڵا بخاتە ڕوو، وە ڕاستەوخۆ بۆ کۆمیتەی ناوەندی بنێرێت.

مادەی هەشتەم: لە ئەستۆگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەیی

  • هیچ ئەندامێکی ڕێکخراو ناچار ناکرێت هیچ چالاکیـیەک ئەنجام بدات یان هیچ بەرپرسیارێتیـیەکی ڕێکخراوەیی بگرێتە ئەستۆ کە پێچەوانەی خواستی خۆی بێت، چونکە ئەمە بژاردەیەکی کەسی هۆشیارانەی خۆیەتی.
  • لە حاڵەتێکدا ئەندامی ڕێکخراو قبوڵی بێت چالاکیەک بکات، یان کارێک بگرێتە ئەستۆ، دەبێت پابەند بێت بە جێبەجێکردنی بە باشترین شێوە.

ماددەی نۆیەم: میتۆدی کاری ڕێکخراوەیی

  • کاری ڕێکخراوکراو بەلای (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ـیەوە لە پێداویستیـیەکانی ڕابەرایەتیکردن و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا و خەباتە کۆمۆنیستیـیەکەیەوە لە ئاستی کۆمەڵگادا سەرچاوە دەگرێت، وە ئەمەشە شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەیی ناوخۆیی ڕێکخراوەکە دیاری دەکات.
  • میتۆدی کاری ڕێکخراوەیی بەلای (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ـیەوە تەنها میتۆدێکی کارکردن نیـیە تایبەت بە کۆمەڵێک ئەندام بە ئامانجی ڕێکخستنی کارەکانیان بە دابڕاوی لە جیهانی دەرەوە، بەڵکو میتۆدێکی کاری کۆمۆنیستیـیە کە پەیوەستە بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و پرۆلیتاریای سۆسیالیستی دەرەوەی ڕێکخراوەکەوە، کە لە ڕێگەی پەرەسەندنی ئەم خەباتەوە خۆراک وەردەگرێت و شکڵ بەخۆی دەدات و گەشە دەکات.
  • یاسا و ڕێساکانی کاری ڕێکخراوەیی و بنەما ڕێکخراوەیـیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە وەڵام بەم خەباتە بابەتیـیە چینایەتیـیەوە داڕێژراون.
  • پراکتیزەکردنی دیموکراسی پرۆلیتاری لە ژیانی ناوخۆیی ڕێکخراوەیـیدا بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی چینی کرێکار کە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکەدا لەئارادایە، ئەم دیموکراسیـیە لەناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا شتێکی لۆکس و فۆڕماڵی نیـیە و لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانێت دەستبەرداری بێت یان دوایـبـخات بە ویست و ئیرادەی ئەم یان ئەو کۆمیتەی ڕێکخراوەیی، یا ئۆرگانێکی ڕابەرایەتی، یا ئەندامانێکی دیاریکراوی ڕابەرایەتی.
  • دیموکراسی پرۆلیتاری بنەمای گشت میکانیزمەی کارکردنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و کۆمیتە و شانەکانی پێکدەهێنێت، وە ئەو فۆڕمەیە کە ڕێکدێتەوە لەگەڵ پێداویستیـیەکانی پەرەپێدانی خەباتی کۆمۆنیستی ڕێکخراو و بەکۆمەڵ. گفتوگۆکردن و پڕاکتیککردنی ئازادی ڕەخنەگرتن، لە لایەن ئەندامان و شانە و کۆمیتەکانەوە سەبارەت بە سیاسەت و کار و ڕێنمایـیە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوەیی، جا ناوەندی بن یان لەلایەن کۆمیتەکانی باڵاوە دەرچووبن، یان لە کاتی گفتوگۆ و پەسەندکردنی بڕیار و سیاسەتێکی دیاریکراو لە لایەن هەر کۆمیتەیەکەوە بێت، بەشێکی زیندوو و ئۆرگانیکی ئەم خەباتە عەمەلیـیەیە، کە پێویستی بە یەکبوون هەیە لە مێتۆد و ئاسۆدا لە بەرامبەر ئامانجی سیاسی سۆسیالیستی و بەدیهێنانی بەشێوەیەکی یەکگرتوو و ڕێکخراو.
  • لە پرۆسەی گرتنەبەری هەر بڕیارێک لەناو ڕێکخراودا، فراوانترین مەودا دەکرێتەوە بۆ گفتوگۆ و خستنەڕووی بیروڕای جیاوازی ئەندامان لە سەرجەم کۆمیتەکان و شانەکان و لە ئاستە جیاجیاکاندا، بەبێ هیچ کۆتوبەندێک لە گەیشتن بە پەسەندکردنی سیاسەت و بڕیار و ڕێنمایـیەکان، لە هەمان کاتیشدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و بڕیارانەی کە خراونەتە دەستوری کارەوە، بەرزترین پلەی دیسپلین، و بەرجەستەکردنەوەی یەکڕیزی و توندوتۆڵی لە کارکردندا پەیڕەو دەکرێت.
  • ڕابەرایەتی کردن کارێکی دەستەجەمعیـیە لە کۆمیتەی ناوەندی و هەموو کۆمیتە و شانەکاندا، بڕیارەکانیش بەپێی پرەنسیپی دیموکراسی پرۆلیتاری دەگیرێنەبەر.
  • ئەنجامدانی چالاکیی بەکۆمەڵ و خەباتی بەردەوام لەلایەن هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە، ئەمەیە کە ناوەندێتی و دیموکراسی پڕۆلیتاری لە یەکەیەکی ئۆڕگانیک و لێکهەڵپێکراودا دێنێتەدی، و ڕزگاری دەکات لە پەیوەندیـیەکی شکڵی و دوو فاقەیی، وەک ئەوەی لە ڕێکخراوە “سۆسیال دیموکرات”ە پەرلەمانیـیەکاندا لە ئارادایە کە چالاکی تایبەتکراوە بە چەند ئۆرگان و لیژنەیەکی دیاریکراوەوە و باقی ئەندامانیش کەنارخراون لە چالاکی.
  • ناوەندێتی پەیوەستە بە خەباتی کۆمۆنیستیـیەوە، واتە پەیوەستە بە دروستکردنی ڕابەرایەتیـیەکی کۆمۆنیستی بەهێز و چالاک و لە هەمان کاتدا فلێکسەبڵ (مرن)، بە جۆرێک کە پیادەکردنی ناوەندێتی بـبـێـتە پێویستیـیەکی بابەتیانە بۆ بەهێزکردنی وزەی خەباتکرانەی جەماوەر و فراوانکردنی بازنەی گشت ئیشوکارەکانیان و بۆ پەرەپێدانی خەباتی چینایەتی کرێکار، نەک ناوەندێتی وەک بیرۆکراسیـیەکی نامۆ و دابڕاو لە جەماوەری ئەندامان و خەباتی ڕۆژانەیان.
  • هەرکاتێک باقی ئەندامەکان لە پەرەپێدانی چالاکیی کۆمۆنیستی پێشڕەوانە کەنارەگیر بن و دیموکراسی پرۆلیتاری پەیڕەو نەکەن، ئەوا ناوەندێتی دەبێتە بیرۆکراتی و ناوەندێتیـیەکی دابڕاو لە باقی ئەندامەکان و لە جەماوەری پرۆلیتاریای دەرەوەی ڕێکخراوەکە.
  • بەرزکردنەوەی هۆشیاری فیکری و سیاسی مارکسیستی سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکە، و پڕچەککردنیان بە ڕەخنەیەکی چینایەتی کرێکاری و سۆشیالیستی قووڵ و ڕوون لە کۆمەڵگای سەرمایەداری و لە حزب و ڕەوتە سیاسیـیە بۆرژوازیـیەکانی، و بەشداری بەردەوامی ئەندامان لە پرۆسەی داڕشتن و بەرجەستەکردنی سیاسەتی مارکسیستی شۆڕشگێڕانە بەرامبەر بە پرس و گرێوگۆڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگادا، هەموو ئەمانە ئەرکی زیندوو و ئەولەویەتی ڕێکخراوەیـین بۆ سەرجەم ڕێکخراوەکە کە بەرپرسیارەتی هێنانەدییەکەیان دەکەوێتە ئەستۆی کۆمیتەی ناوەندی.
  • بەرزکردنەوەی هۆشیاری چینایەتیـیانەی کۆمۆنیستی ئەندامان و پەرەپێدانی نەریتی بایەخدان بە تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکسیستی، دەبێتە هۆی پێشخستنی دۆزی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی و پەرەش دەدات بە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بۆ ڕێکخراوێکی جەنگاوەر و گەشەسەندوو بە بەردەوامی، وە ڕێگریش دەکات لە هاتنە ژوورەوە و گەشەی هەر ڕەوتێکی سیاسی و فکری و هەر دابونەریتێکی ناکرێکاری سەر بەچینی بۆرژوازی لەناو ڕێکخراودا.

ماددەی دەیەم: پەیکەرەی ڕێکخراو

  • پێکهاتەی ڕێکخراوەکە قوچکەیـیـیە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەرز دەبێتەوە، لە شانە و کۆمیتەکانی شوێنی کار و گەڕەکی بچوک و گەڕەکی گەورەوە و شارەکانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ کۆمیتەی ناوەندی.
  • سەرجەم کۆمیتەکانی خوارەوە و ئەندامەکانیان پابەندن بە بڕیار و ڕێنمایی کۆمیتەکانی باڵاوە، گشت ڕێکخراوەکەش پەیڕەوی دەکات لە بڕیار و ڕێنمایـیەکانی کۆمیتەی ناوەندی.
  • کۆمیتەکانی خوارەوە و ئەندامەکانیان مافی ئەوەیان هەیە ڕەخنە لە هەر سیاسەت یا ڕێنمایـیـیەک بگرن کە لەلایەن کۆمیتەکانی باڵاوە دەربچێت، و داوا لە کۆمیتەکانی باڵا بکەن هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە، و لە ڕێگەی گفتوگۆوە مامەڵەی ڕەخنەکان بکەن و وەڵامیان بدەنەوە.
  • باشتر وایە گرتنەبەری سیاسەتەکان و ساغبوونەوە لەسەر بڕیارەکان لە لایەن کۆمیتەکانی ڕێکخستنەوە لە ڕێگەی کۆدەنگی هەموانەوە بێت نەک دەنگدان، بەڵام ئەگەر زۆرینە ڕازی بوو لەسەر بڕیارێک یان سیاسەتێکی دیاریکراو، ئەوا کەمینە دەبێت ئەو سیاسەتە یان ئەو بڕیارەی کە گیراوەتەبەر وەک سیاسەت و بڕیاری ڕێکخراوەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و دەبێت لەلایەن هەمووانەوە جێبەجێ بکرێت.
  • کەمینە مافی ئەوەی هەیە لە کۆنفرانس و کۆنگرە و پلینۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا بەرگری لە بۆچوونی خۆی بکات سەبارەت بەو سیاسەتە یان بڕیارەی کە جێی مەبەستە بە ئامانجی قەناعەت پێکردنی هاوڕێـیان بۆ پەسەندکردنی سیاسەتەکە یان بڕیارەکە.
  • پەسەندکردنی میکانیزم و چۆنیەتی پێکهێنانی فراکسیۆنەکان لەناو (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا لە دەسەڵاتی کۆنگرەی دووەمی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) دایە.

ماددەی یازدەیەم: هەڵسوکەوتی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و پاراستنی کەرامەتیان

  • (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) دەست وەرنادات لە ژیانی تایبەتی ئەندامەکانیدا، بەڵام ڕێکخراوەکە مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی دیسپلینیی پێویست بگرێتەبەر، تا دەگات بە لێ سەندنەوەی مافی ئەندامبوون، کاتێک هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئەندامانی حزب لە ژیانی کۆمەڵایەتیـیاندا ناکۆک و پێچەوانەی بنەما ڕێکخراوەیـیەکان بێت.
  • سومعە و کەرامەتی ئەندام لەناو ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستیدا پارێزراوە، و دەبێت لە بەرامبەر هەر پێشێلکاری، تەحەدا، سوکایەتی، تۆمەتبارکردن، یان لەکەدار کردنێکیشدا لەلایەن هەر ئەندامێکی نێر یا مێوە پارێزراو بێت لە سەرجەم کاری ڕێکخراوەییدا، چ لە کاتی سەرهەڵدانی جیاوازی فیکری، سیاسی و ڕێکخراوەیی، یان لە کاتی گفتوگۆکانی ناو شانە و کۆمیتەکان لەسەر هەر پرسێکی ڕێکخراوەیی، فیکری، یان سیاسی.
  • بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەرجەم ئەندامانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، و وادارکردنیان بەوەی کە مامەڵەیەکی شارستانیـیانەی کۆمۆنیستی و ئینسانی لە هەموو ژیانی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسیـیاندا ڕەچاوبکەن، ئەرکی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و گشت کۆمیتە ڕابەریـیەکان و شانەکانە، وە ئەرکی هەموو ئەندامێکی ژن و پیاوی ڕێکخراوەکەشە.
  • لە ئەگەری بێڕێزی کردنی زارەکی کە بەئەنقەست نەبووبێت و یەکەم جار بێت، ئەوا بە داوای لێبوردنی کەسی سەرپێچیکار لە کەسی پەیوەندیدار و کۆمیتە یا شانەی پەیوەندیدار کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەو ئەندامەی سنوری بەزاندووە نەچووە ژێرباری ئەوەی داوای لێبوردن بکات یان قسەکەی خۆی بکێشێتەوە، ئەوا سەرپێچیـیەکە بە فەرمی لەلایەن شانە یان کۆمیتەکەیانەوە تۆمار دەکرێت و هۆشدارییەکی فەرمیشی بۆ دەردەکەن و بە نووسراویش ئەندامی سەرپێچیکاری لێ ئاگادار دەکەنەوە و لەگەڵ ڕاپۆرتی کۆبوونەوەشدا بەرزی دەکەنەوە بۆ کۆمیتەی باڵا. وە ئەگەر ئەم شێوازە ڕەفتارە دووبارە بووەوە، ئەوا شانە یان کۆمیتە مافی ئەوەی هەیە ڕێوشوێنی دیکە بگرێتەبەر، لەوانە ڕاگرتنی مافی ئەندامبوون لە شانەکە یان لە کۆمیتەکەدا، ئەویش بە ڕەزامەندی کۆمیتەی باڵا. خۆ ئەگەر ئەندامی سەرپێچیکار هەر بەردەوام بوو لەسەر ئەو جۆرە ڕەفتارە ئەوا مافی ئەندامبوونەکەی لە ڕێکخراو لێ دەسێندرێتەوە.
  • هەر ئەندامێکی نێر یان مێ، پەنابەرێت بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی یان هەڕەشەی توندوتیژی کردن، وەیا دەستدرێژی سێکسی بکات لە کاتی کارکردنی لەناو ڕێکخراوەکەدا و سەلمێندراش کە ئەو کارەی کردووە، ئەوا دەستبەجێی سزا دەدرێت بە لێسەندنەوەی مافی ئەندامبوونەکەی لەلایەن شانە یان کۆمیتەی پەیوەندیدارەوە و کۆمیتەی باڵای بەرپرسیاریش لەو سزایە ئاگادار دەکرێتەوە.

ماددەی دوازدەیەم: پابەندبوونی ڕێخکراوەیی

  • مەرجێکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی خەباتی ڕێکخراوەکە، پابەندبوونی ڕێکخراوەیـیـیە بە جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنمایی و سیاسەتەکان و دەستگرتنە بە ڕێساکانی کاری ڕێکخراوەیی.
  • پابەندبوونی ڕێکخراوەیی پابەندبوونێکی هۆشیارانەیە کە سەرچاوە دەگرێت لە پێداویستیـیەکانی چالاکی کۆمۆنیستی و ئەو بارودۆخەی کە دەوروبەری ئەم چالاکیـیەی داوە، و مەرجێکیشە بۆ پەرەپێدانی خەباتی کۆمۆنیستی دەستەجەمعیانەی ڕێکخراوکراو. ئەوەی لە پشت پابەندبوون و دیسیپلینی توندوتۆڵی ڕێکخراوەییـیەوەیە، بریتیـیە لە تەبایی فکری و سیاسی و هۆشیاری چونیەک سەبارەت بە پێداویستیـیەکانی ئەم خەباتە کۆمۆنیستیـیە ڕێکخراوکراوە، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکە بەردەوام ئەم هۆشیاریـیە لە نێو ئەندامان و یەکەکانی ڕێکخراوەیـیدا بڵاو بکاتەوە.

ماددەی سێزدەیەم: لێ پرسینەوەی ڕێکخراوەیی

  • پێشێلکردنی بنەماکانی پەیڕەوی ناوخۆی (ڕێکخراوی بەدیل کۆمۆنیستی) و سنوربەزاندنی پابەندبوونی ڕێکخراوەیی، بە چەند ڕێکارێکی تایبەت بەپێی ئەم ڕیزبەندیـیەی خوارەوە سزا دەدرێت:
  1. پێدانی هۆشداریـیەکی فەرمی.
  2. دەرکردنی ئاگادارکردنەوەیەکی فەڕمی.
  3. لێ سەندنەوەی بەرپرسیارەتی ڕێکخراوەیی.
  4. دوورخستنەوەی لە کۆمیتە و لیژنەکان.
  5. هەڵپەساردنی ئەندامەتی (بەرزترین ئاستی شەش مانگە).
  6. لێ سەندنەوەی ئەندامەتی.
  • گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیسپلینیی (جگە لە لێ سەندنەوەی ئەندامێتی) بەرامبەر ئەندامان، لە دەسەڵاتی ئەو کۆمیتە دایە کە ئەندامەکە کاری تێدا دەکات، بەڵام دەبێت کۆمیتەی باڵا ئاگادار بکرێتەوە لەو جۆرە لە ڕێکاری دیسپلینیی کە گیراوەتەبەر.
  • هەر ئەندامێک مافی ئەوەی هەیە تانە لەو ڕێکارە بدات کە لەبەرامبەریدا گیراوەتەبەر و داوا لە کۆمیتەی باڵا بکات بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان پێداچوونەوەی بۆ بکات.
  • لێ سەندنەوەی مافی ئەندامبوون لە هەر ئەندامێکی هەر کۆمیتەیەک دەبێت بە ڕەزامەندی کۆمیتەی باڵا بێت.
  • هەر ئەندامێک کە ئەندامێتی لێ بسەندرێتەوە مافی ئەوەی هەیە داوا لە کۆمیتەی ناوەندی بکات کە بە بڕیارەکەدا بچێتەوە.
  • دەرکردنی ئاگادارکردنەوە و سەندنەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی لە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندیدایە، بەڵام دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کە ئامادەن لە پلنیۆمەکەدا ڕازی بن.
  • هەڵپەساردنی ئەندامێتی هەر ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی لە دەسەڵاتی کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندیدایە کە ئەندامانی کۆمیتەکانی پارێزگاکان و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی ئامادەی دەبن و بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پەسەند دەکرێت.
  • لێ سەندنەوەی ئەندامێتی لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی تەنها لە کۆنگرەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت. کۆمیتەی ناوەندی دەتوانێت پێشنیاری سەندنەوەی ئەندامێتی لە یەکێک لە ئەندامەکانی بکات و بەرزی بکاتەوە بۆ کۆنگرە.

پلینۆمی سێـیەمی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق.

٢٧-ئایاری-٢٠٢٢

– ئەم دۆکیومەنتە وەک بەشێک لە هاوپێچی ژمارە ٣٨ی ڕۆژنامەی ڕەوت لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ دا بڵاو کراوەتەوە.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

نامەی هاوسۆزی و هاوپشتی ئاراستەی مارکسیستی هاوچەرخ بۆ مەراسیمی رێزگرتن لە هاوڕێ یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

بەڕێز، هاوڕێ  موئەیەد ئەحمەد، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق هاوڕێیانی ڕێکخراوی بەدیلی ...

Condolence Statement, Socialist Alternative – Iraq, Kurdistan, for Yanar Mohammed’s memorial event in London 29.3.2026

Today, at this mourning gathering, we express not only our grief and sorrow in honour ...

ووتەی ڕەحمانی حسێن زادە لە مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن 29.3.2026

   

Bahar Munzirووتەی هاورێ بەهار مونزیر بۆ مەراسیمی رێز لێنان له یەنار محمد لە لەندەن ٢٩.٣.٢٠٢٦

پەیامی تۆری ٨ی مارس بۆ مەراسیمی رێز لێنان لە یەنار محمد لە لەندەن لە لایەن بیزا عەبدوڵڵا