
لە ژێر دروشمی (شۆڕشی یەنار بەردەوامە!)، ئێوارەی (٢١)ی حوزەیرانی (٢٠٢٦)، ڕێوڕەسمێکی شایستە و بەشکۆ بەڕێوەچوو بۆ ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی یەنار محەمەد، ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتکاری ڕابەریی کۆمۆنیستی کەموێنە، ئەمەش لە هۆڵی سالم لە هۆتێل ڕەمادا لە شاری سلێمانی.
ڕێوڕەسمەکە لە لایەن هەریەک لە (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ڕێکخرابوو. ئەمە یەکەمین جارە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێی ئازیز یەنار محەمەد لە ناوخۆی عێراقدا سازبکرێت، لە دوای ئەوەی لە دووی مارسی ئەمساڵدا لەلایەن تیرۆریستانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا تیرۆرکرا.
تیرۆركردنی ئەو لە سەرەتای شەڕی تاوانکارانەی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران بوو، کە گڕەکەی لە (٢٨)ی شوباتی ئەمساڵەوە داگیرسا، و ئەو ڕووداوانەش کاریگەریی گەورەیان لەسەر دۆخی ئەمنی لە عێراق و ناوچەکەدا جێهێشت.
پێشتر و لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ڕابردوودا، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هاوڕێ یەنار لە چەندین وڵاتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو، لەوانەش: سوید، دانیمارک، کەنەدا، سویسرا و لەندەن لە بەریتانیا.
لە ڕێوڕەسمەکەی سلێمانیدا، ژمارەیەکی بەرچاو و دیار کە نزیکەی (٢٥٠) لە چالاکەوانانی بزوتنەوەی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕزگاریخوازان، کۆمۆنیستەکان و دۆستان و لایەنگرانی یەنار لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە ئامادە بوون.
ڕێوڕەسمەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو، کە چەندین بڕگەی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە تایبەت بەم بۆنە گرنگە ئامادەکرابوو.
دوای پێشکەشکردنی دەستپێکی بەرنامەکە لەلایەن شیرین عەبدوڵڵاوە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی سرودی ئینتەرناسیۆنال لەلایەن هاوڕێ نەجم محەمەدەوە دەستیپێکرد، لەگەڵ وەستانی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یەنار محەمەد و سەرجەم قوربانیانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی.
نور سالم، ئەندامی دەستەی کارگێڕی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق)، وتارێکی بەناوی ڕێکخراوەکەوە پێشکەش کرد و تێیدا پێزانینی قووڵی خۆی بۆ ئەم هاوپشتییە دڵسۆزانەیە بۆ یەناری ئازیز لە سلێمانی لە (٢١)ی حوزەیراندا دەربڕی، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی دامەزراندنی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق). ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان نەیانتوانیوە لە بەغدا خۆپیشاندان و ڕێپێوان بکەن بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکان، بڵاوبوونەوەی چەکی بێسەروبەر، سیاسەتی دەربازبوون لە سزا و ئەو کەمپینە هاندەرە دیجیتاڵییانەی کە بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژیان بەڕێوەدەچێت. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بارودۆخە نەک هەر قەبارەی ئەو مەترسییە نیشان دەدات کە ڕووبەڕووی چالاکوانان دەبێتەوە، بەڵکو پەردە لەسەر ئەو ژینگەیەش لادەبات کە ئەم جۆرە تاوانانە بەرهەم دەهێنێت و تاوانباران دەپارێزێت.
پاشان موئەیەد ئەحمەد، مونەسیقی گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، وتارێکی بەناوی ڕێکخراوەکەوە پێشکەش کرد و تێیدا نەریتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانەی یەناری لەسەر ئاستی جیهان بەرز ڕاگرت، و ڕایگەیاند کە ئەم نەریتەی ئەو، ئاوا لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ململانێی چینایەتی پرۆلیتاریا لە سەرانسەری جیهاندا بە نەمری دەمێنێتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە سازکردنی ئەم ڕێوڕەسمە لە سلێمانی واتایەکی تایبەتی بۆ یەنار هەیە، چونکە ئەو بیرۆکەی دامەزراندنی شەڵتەرەکانی بۆ ژنانی ستەملێکراو و ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەوە، لە ئەزموونی چالاکوانانی ژنانی ئازادیخواز و کۆمۆنیست لە سلێمانی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەرگرتبوو.
ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی وتاری هاوپشتی و پەیامی چەندین ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی ژنان، پارت حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستییەکان و ئازادیخوازان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەردەوام بوو، جگە لە پێشکەشکردنی وتاری کاریگەر و بەجۆش و پارچە شیعر لەلایەن ژمارەیەک لە ئامادەبووان و بەشداربووانەوە لە ڕێگەی نامەی نووسراو و ڤیدیۆوە.
یەکێک لە بڕگە دیار و کاریگەرەکان، دێڕە پەخشانە بەجۆشەکانی هاوڕێ و چالاکوانی لێهاتوو و بۆیری بزوتنەوەی ژنان بەهار مۆنزیر بوو، هەروەها دێڕە شیعرە شۆڕشگێڕییەکانی شاعیر چیمەن قەرەداغی لە کوردستانی عێراق، کە بە زمانی کوردی دەستبەجێ دوای بیستنی هەواڵی تیرۆرکردنی یەنار لە دووی مارسدا نووسیبووی و شاعیر لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی تایبەتەوە کە بۆ ئەم بۆنەیە ناردبووی، لەسەر شاشەی گەورەی هۆڵەکە نمایشکرا. جێی ئاماژەیە هونەرمەند ڕێبوار عومەر ئەم پارچە شیعرەی سەرەوەی وەک گۆرانییەک بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەرهەمهێنابوو، شیعرەکە و سێ گۆرانییەکە لە کاتی جیاجیادا لە نێوان وتارەکاندا لە کەشێکی پڕ لە حەماسەتدا نمایشکران.
مەیار عامر – یەکێک لە قوربانیانی توندوتیژی خێزانی کە لە تەمەنی (١٤) ساڵییەوە پەنای بۆ شەڵتەرەکانی (ڕێکخراوی ئازادیی ژن) هێنابوو، بەشداری کرد و پەخشانێکی زۆر کاریگەری پێشکەش کرد کە تێیدا خەمباری قووڵی خۆی بۆ لەدەستدانی یەنار دەربڕی، کاتێک بە “دایکم” وەسفی کرد، و باسی لە ئەزموونی خۆی لە شەڵتەرەکان و ڕۆڵی یەنار کرد لە ڕزگارکردنی لە سەرگەردانی و گۆڕینی بۆ مرۆڤێکی بەتوانا کە توانیویەتی بەهۆی پشتیوانی بەردەوامی یەنار و ڕێکخراوەکەوە خوێندنەکەی بە پلەی بەرز تەواو بکات.
هەروەها چەند گرتە ڤیدیۆیەکی هەندێک لە چاوپێکەوتن و چالاکییەکانی یەناری ئازیز نمایشکران، کە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی ئامادەبووان زیاتر ئاشنای خەبات و پرەنسیپە ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازییەکانی ببن.
لە نێوان بڕگەکانی ڕێوڕەسمەکەدا، (سلاید شۆ)یەک نمایشکرا کە وێنەی قۆناغە جیاجیاکانی ژیان و خەباتی یەنار محەمەدی تێدا بوو، کە سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و لە ڕێگەیەوە ئاشنای کەسایەتی یەنار و خولیا جۆراوجۆرەکان و لێهاتووییەکانی بوون.
ڕێوڕەسمەکە وتاری کاریگەری (بەسمە ئەلدەخی) نوێنەری ژنانی ئێزیدی لەخۆگرتبوو، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کاتێک دەربارەی یەنار ئەدۆی باس لە مرۆڤێک دەکات کە تەنها یەک ڕۆژ پێش تیرۆکردنی چاوی پێکەوتووە و لە کاتێکدا خەم و ئازاری ژنانی ئێزیدی هەڵگرتبوو، وە چۆن باوەڕی وابوو کە دۆزی هەر ژنێکی ستەمڵیکراو و چەوساوە، دۆزێکی مرۆییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
هەروەها وتارە بەجۆشوخرۆشەکەی پارێزەر (موحەمەد جومعە)، یەکێک لە دامەزرێنەرانی (هاوپەیمانی ١٨٨) لە عێراق، سەرنجی ئامادەبووانی بە توندی بەرەو خۆی ڕاکێشا و لە نێو بێدەنگییەکی بەشکۆدا سووربوونی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ڕێگەی خەباتی (یەنار موحەمەد) بێباک لە سەختی و مەترسیی و سەرکوت ، بە پەڕی پیداگرییەوە، دوباتکردەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییە شۆڕشگێڕییە ناوازەکەی هونەرمەند (پاولینە بڕادلی-Pauline Bradley) و تیمەکەی (پڕۆتێست ئن هاڕمۆنی-Protest in Harmony) لە شاری گلاسکۆی هەرێمی سکۆتلەندا لە بریتانیا کۆتایی هات، ئەم گۆرانییە کاتی خۆی پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکەی لەندەن کرابوو لە (٢٩)ی ئازاری (٢٠٢٦)دا، و لەم ڕێوڕەسمەی سلێمانیشدا دووبارە نمایشکرایەوە.
دوای سێ کاتژمێر لە کەشێکی ئاوێتە لە هەستی خەم و پەژارە بۆ لەدەستدانی یەناری ئازیز، و توڕەیی بەرامبەر بە تاوانبارە بکوژەکان و هاندەرانیان، و جەختکردنەوەی دووبارە لەسەر لێپرسینەوە لە حکومەتی عێراق بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی یەنار و ئەوانەی لە پشتیانەوە وەستاون، هاوکات لەگەڵ هاوپشتی و داکۆکیکردن لەسەر ئەو ئامانجانەی کە یەنار خەباتی بۆ دەکرد، ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات بە نوێکردنەوەی پەیمانی ئامادەبووان بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازەکەی یەنار و تەواوکردنی شۆڕشە ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازییەکەی لە پێناو ڕزگاریی ژنان و جیهانێکی دوور لە ستەم و چەوسانەوە.
بەشداربووان و وتاری ئامادەبووان:
• دەستپێک: شیرین عەبدوڵڵا
• سرودی ئینتەرناسیۆنال: نەجم محەمەد
• ڕێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق: نور سالم
• ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق: موئەیەد ئەحمەد
• تۆڕی هەشتی مارس: ئالا کەمال
• ڕێکخراوی ژنانی سەربەخۆ: بەهار مۆنزیر (پەخشان و وتاری ڕێکخراوەکەی خوێندەوە)
• نوێنەری ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزدی: بەسمە ئال دەخی
• پارێزەر محەمەد جومعە: لەلایەن (هاوپەیمانی ١٨٨)
• مەیار عامر: پەخشانیک بۆ یەنار
• فیدراسیۆنی شورا و سەندیکا کرێکارییەکان لە عێراق: شۆڕش عومەر
• کۆمیتەی هەرێمی باشووری کوردستان – هاوپەیمانی نادە: مونیرە ئەبوبەکر
• ڕێکخراوی ئازادبوون: دکتۆرە ڕازاو گوڵی
• ڕێکخراوی دابین: دڵسۆز زەنگەنە
• حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: مەحمود حەلاق
• پەیامی ناوەندی ئازادی و ژیان: نەبەز خالید
• ئەلتەرناتیڤی سۆشیالیستی: سادق عەزیز
• حزبی شیوعی کوردستان – لقی سلێمانی: سامان زیندانی
• چنوور عەلی حەمەئەمین: چالاکوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
• نەوزاد بابان: چالاکوانی کرێکاری و جەماوەری
• چالاکوان: نەغەدە عوسمان
هەروەها ژمارەیەکی زۆر نامە و ڤیدیۆی هاوڕێیەتی و هاوپشتی و شیعر بۆ ئەم ڕێوڕەسمە گەیشتبوون کە کات ڕێگەی نەدا نمایش بکرێن، بەڵام لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین و هەوڵدەدەین دەقەکانیان لە پلاتفۆرم و میدیاکانماندا لە داهاتوودا بڵاوبکەینەوە:
• نامە و شیعرێکی ڤیدیۆیی شاعیر و چالاکوانی کۆمۆنیست: عەبدوڵڵا مەشخەڵ
• نامەیەکی ڤیدیۆیی چالاکوانی سۆسیالیست: بەختیار مستەفا
• نامەی هەمام الباوي: مەکۆی دوو شەممەی ڕۆشنگەری
• نامەی پارێزەر: زەید حەمدی
• نامەی بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین)
• نامەیەکی ڤیدیۆیی محەمەد ڕاستی: حزبی حیکمەتیست- هێڵی ڕەسمی
• نامەی هاوپشتی لەلایەن: ڕەحمان حسێن زادە
• حزبی شیوعی عێراق: یاسر سالم – ئەندامی مەکتەبی سیاسی
• کۆمەڵەی ئەمەل: هەناء ئێدوارد
• نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان: سروە ناسری
• نامەی جەمشید عەبدی: ڕەخنەگر و چالاکوانی سیاسی
• نوێنەری کۆنگرەی ستار: نەجمە عەلوش
• نامەی هاوپشتی لەلایەن: ماڵی نیشتمانی (البيت الوطني)
• سوهاد بابان: کۆمەڵێک لە دیموکراتخوازانی عێراق
• نامەی ڕێکخراوی گەنجانی دەوڵەتی کوردستان
• کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران
• بروسکەی هاوخەمی لەلایەن: فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرەی دیموکرات بۆ ڕزگاریی فەلەستین
• تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان: مەهاباد شێخ محەمەد ئەمین








منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
