ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە (٣)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٦)، جیهان بە هەواڵێک وەخەبەر هات کە هێرشێکی تیرۆریستی دڕندانەی دەوڵەتی ئەمریکا بوو بۆسەر بارەگای سەرۆکی ڤەنزەوێلا (نیکۆلاس مادورۆ) لە کاراکاسی پایتەخت.

ئۆپراسیۆنەکە لەلایەن هێزە سەربازی و ئەمنیـیەکانی ئەمریکا، وە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ترەمپ و ئیدارەکەی ئەنجامدرا. لەو ڕۆژەدا (١٥٠) فڕۆکەی سەر بە هێزە ئاسمانـیـیەکانی ئەمریکا، کە لەنێویاندا یەکەیەکی تیرۆریستی ڕاهێنراوی تایبەتیان تێدابووە، هێرشەکەیان ئەنجامداوە، ئەویش بە پاڵپشتیی هێزە دەریایـیەکان کە ماوەی چەند مانگێکە لە دەریای کاریبی جێگیر بوون. لە ئەنجامدا (نیکۆلاس مادۆرۆ) و (سیلیا فلۆریس)ی هاوسەری ڕفێندران و گواسترانەوە بۆ زیندانێکی شاری نیویۆرک بە بیانووی دۆسیـیەیەکی یاسایی پەیوەست بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و چەند تۆمەتی تر.
ئەم کردە تاوانکارییە تیرۆریستییەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی، نە کارێکی نامۆی ئەم دەوڵەتەیە کە دەیان ساڵە تیرۆری دەوڵەتی ئەنجام دەدات، وە نە تایبەتیشە بە ئیدارەی ترەمپ، بەڵکو درێژکراوەی پراکتیزەکردنی ئیدارە جۆراوجۆرەکانی ئەم هێزە ئیمپریالیستییە هەرە زلهێزەیە لە جیهاندا، کە چارەنووسی جەماوەری بەشە جیاجیاکانی جیهان و وڵاتەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکات، بەتایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. شەڕ و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی ڕەگ و ڕیشەیان لە ستراتیژی تاقمی فەرمانڕەوای سەرمایەداری ئیمپریالیستی و کولتووری سەرمایەی ئەمریکی دایە کە بە شانازێەوە دەڕوانێتە کۆمەڵکوژی و قارەمانێتی یەکە تایبەتەکانی سوپاکەی.
دەستێوەردانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ژیانی سیاسی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەیان ساڵە نەوەستاوە، بەڵام هەوڵدان بۆ بەچۆکداهێنانی ئەم وڵاتانە بۆ بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی ئیمپریالیستی ئەمەریکا هەرگیز ئەم ئەندازەیە لە پەرەسەندنی چۆنایەتی بەخۆیەوە نەبینیووە کە لە سەردەمی ترەمپدا بەخۆیە دەبینێت، چونکە ئەم ئامانجە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ستراتیژەکەیەتی بۆ “دووبارە مەزن کردنەوەی ئەمریکا”، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئیدارەکەیەوە، ترەمپ نیازی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پەنەما ڕاگەیاند.
ستراتیژی ترەمپ بۆ بەهێزکردنی نفوزی دەوڵەتی ئەمریکا و فراوانکردنی هەژموونیـیەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەسەر دەوروبەری جوگرافیای نزیکی خۆیدا، بەلای تڕامپەوە یەکەم هەنگاوە بۆ گێڕانەوەی نفوزی جیهانیی ئەمریکا. لێدوانەکانی سەبارەت بە لکاندنی وڵاتانی دیکە، وەک دانانی کەنەدا بە ویلایەتی پەنجا و یەک، و لکاندنی (گرینلاند) بە ئەمریکاوە، دەکەونە ئەم چوارچێوەیەوە. ئەمەش لە بەڵگەنامەی “ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی” ئیدارەی ترەمپدا، کە پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)دا بڵاوکراوەتەوە بەڕوونی دەردەکەوێت. ئەم کردە تیرۆریستییەش دژی ڤەنزوێلا شتێک نیـیە جگە لە درێژکراوەی ئەم سیاسەتە و جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژەیە. بۆیە هەموو ئەو تۆمەتانەی سەبارەت بە تێوەگلانی (مادۆرۆ) لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و تۆمەتەکانی دیکە شتێک نین جگە لە بیانوویەکی هاوشێوەی ئەو بیانووانەی کە ئەمریکا بەکاریهێنان بۆ داسەپاندنی شەڕ بەسەر عێڕاقدا لە ساڵی (٢٠٠٣)، بە تۆمەتی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری.

ئامانجە ڕاستەوخۆکانی تاوانی ڕفاندنی (مادورۆ) و هاوسەرەکەی لە لێدوانەکانی ترەمپدا ڕوون و ئاشکرایە، کە دەیەوێت ڤەنزوێلا بخاتە ژێر ڕکێفی سیاسی خۆیەوە و ژێردەستەی بکات و سەرچاوە سروشتییەکانی بەتایبەتی نەوتەکەی بە تاڵان بەرێت. تڕامپ هەر بەوەوە ناوەستێت کە ئەنجامدانی تاوانی فڕاندنی دوو ئینسانە بە بەرچاوی جیهانەوە، بەڵکو هەڕەشەش لە جەماوەری ڤەنزوێلا دەکات کە ئەوە تڕامپ خۆی و ئیدارەکەیەتی کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان و سەروەت و سامانەکەی دەکات. جگە لەوەش، هەڕەشە دەکات کە هەرکەسێک لەناو دارودەستەی فەرمانڕەوای ڤەنزوێلا ڕێگری لێ بکات، چارەنووسێکی خراپتر و سزایەکی توندتر وەردەگرێت لەوەی کە (مادۆرۆ) ڕووبەڕووی بۆتەوە.
بەم کارە تیرۆریستییە بێ وێنەیە و بەم ملهوڕیـیە ئیمپریالیستیـیە ڕوون و ئاشکرایە، جەماوەری ڤەنزوێلا ڕووبەڕووی دوژمنێکی دڕندەتر لە جاران دەبنەوە، کە هێزێکی ئیمپریالیستیـیە و درێغی ناکات لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک بەرامبەریان، ئەمە و جیهانیش ڕووبەڕووی مەترسی زۆرتر دەبێتەوە.
وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم ملهوڕیـیە ئیمپریالیستیـیە و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەری و بەرامبەر بە داگیرکردنی ڤەنزوێلا و مامەڵە دڕندانەیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمەریکا لە دژی جەماوەری ئەو وڵاتە ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە.
ئەو کارە تیڕۆریستیە دەوڵەتیەی کە ترەمپ و ئیدارەکەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیان داوە، جێی سەرکۆنەکردنمانە بە توندی، هەروەها ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی دژە شەڕی ئیمپیریالیستی و داگیرکردنی وڵاتان و تیرۆری دەوڵەتی و دژە ملهوڕیـیەکانی ئیمپریالیستی ئەمریکی لە دژی جەماوەری ڤەنزوێلا، جێی پشتگیریمانە.
٤-١-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
