بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە عێراق، ئامانج و داواکاری و دروشمەکان

(الترجمة الكردية لبيان : الحركة الاحتجاجية في العراق، الأهداف والمطالب والشعارات)

شەپۆلی خۆپیشاندانە جەماوەریەکان لە عێراقدا کە ڕۆژی یەکی ئۆکتوبەری ٢٠١٩ سەری ھەڵدا، هەر بەردەوام و پڕ لە خرۆشە و سەرباری سەرکوت کردنی وەحشیگەرایانەی دەسەڵاتداران، ھێشتاش تارماییەکەی ھەڕەشە لە دەسەڵاتدارێتی ڕەوتە بۆرژواکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستەکان و نیولیبراڵە فەرمانڕەواکان دەکات.

لە بەغدا، ناسریە، دیوانیە، بەسرە، کووت و عەمارە و شارەکانی تر، سەدان کوژران و ھەزاران بریندارکران لە خۆپیشاندەران و خەڵکی سیڤیل، وە ئێستاش ھەزاران کەس یان دەستگیر کراون و لە زیندانە شاراوەکاندان وەیان بەردەوام لە ژێر هەرەشەی ڕاوەدونان و گرتندان، لەگەڵ ئەوەشدا جەماوەری بێبەش کراو و پەراوێزخراوی ڕاپەڕیو سوورە لەسەر هاتنەوە مەیدانی ناڕەزایەتی بەھێز و پێداگیریەکی گەورەتر و ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتوبەریان دیاریکردوە بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان.

سرووشتی چینایەتی جەماوەری ڕاپەڕیو، و بنکە کۆمەڵایەتیە فراوانەکەی

سرووشتی چینایەتی ئەم جەماوەرە ڕاپەڕیوە، پێکھاتوە لە گەنجانێکی کوڕ و کچی بێکارکراو کە ڕوویان لە ژیانێکی ھاوچەرخ و خۆش گوزەرانە، پێکهاتووە لە ھەژارکراوانی شارەکان، لە کرێکاران و زەحمەتکێشانێک کە مەشغوڵی کاری نیوەناچڵ و بێ پشتیوانەن (عمالة ھشة)، وێڕای بێبەشانێک کە سەر بە توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانن. گشت ئەم جەماوەرە بەشداربووەی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە بەشێکی بناغەیی ھێزی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە پێکدێنن لە سەراپای کۆمەڵگەدا.

ئەمە و خۆپیشاندەران تەنھا نین و بەھرەمەندن لە ھاوپشتیەکی بەرفراوانی جەماوەری لە عێراقدا، بۆیە ھێزە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکانی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە زۆر لە چواچێوەی جەماوەری خۆپیشاندەر فراوانترە و ئامرازەکانی خەبات کردنی جۆراوجۆر تر و ھەمەلایەنە ترە.

کرێکاران و زۆربەی فەرمانبەران لە کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت و لە ھەموو پیشەسازی و بازرگانی و خزمەت گوزاریەکاندا، جەماوەری ژنان کە بەدەست بەرفراوانترین ئاستی بێکاری و توند ترین جۆری ھەڵاواردن و وەلاخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەوە دەناڵێنن، کوڕ و کچی خێزانە کرێکاری و زەحمەتکێشیەکان کە لە ناو ھێزەکانی سووپا و پۆلیسدان، وە تەواوی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و خوازیارانی ژیانێکی یەکسان، ئەمانە نەک تەنھا بنەمای کۆمەڵایەتی فراوانی ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتیە پێک دێنن، بەڵکو پێکەوە لەگەڵ جەماوەری خۆپیشاندەراندا، پێکھێنەری ھێزی بزوێنەری بنەڕەتین بۆ بەدەستھێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە دا.

ئامادەبوونی فراوانی چینی کرێکار و جەماوەری پرۆلیتاریا لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی سەربەخۆدا لەڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکانەوە ھەنگاوێکی چارەنووس سازە لە ڕێرەوی خەباتی سیاسی ڕزگاریخوازانەی کۆمەڵگە و لە بەرەوپێش چوونی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە و بەدەستھێنانی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیدا.

گەندەڵی، نیۆلیبرالیزم، ڕژێمی پشک پشکێنە و ئەم بزووتنەوە جەماوەریەی ئێستا

ئەم ھەستانە جەماوەریەی کرێکارانی بێکارکراو، زەحمەتکێشان و گەنجانی ئازادیخواز، لە بنەڕەتدا دژ بەو بارودۆخە سەختە ئابووری و کۆمەڵایەتیەیە کە تیایدا دەژین، دژ بە بێبەشیانە لە ماف و ئازادیەکان لەژێر سایەی ئەم  ڕژێمە سیاسیەی عێراقدا، دژ بە گەندەڵی و گەندەڵکارانێکی زەبەلاحە کە وێنەی کەمە لە جیهاندا، لە تاڵانی بژێوی جەماوەر و لوشدانی سەروەتوسامانی کۆمەڵگە لە ئاستێکی بەرفراوان و بەخێریی.

ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریە، ڕاپەڕینە دژی کولەمەرگی ئابووری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەرھاویشتەی سیاسەتە ئابووریەکانی نیولیبراڵیزمە کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ڕەوتە ئیسلامی و قەومیەکان بە دڕندانەترین شێوە جێبەجێی دەکەن.

ئەم سیاسەتانە ھەژاری و بێکاریان سەپاندوە بەسەر دەیان ملیون کەسدا و مافی بەھرەمەندبوونیانی لە خزمەتگوزاری بێ بەرامبەری تەندروستی و خوێندن و خانووبەرە لێ زەوتکردوون و بەدەستھێنانیانی خستۆتە گرەوی میکانیزمەکانی بازاڕەوە.

ھەنگاوی یەکەم بەرەو بەدەستھێنانی خۆش گوزەرانی ئابووری بۆ هاوڵاتیان تێکشکاندنی سیاسەتە نیولیبراڵە ئابووریەکانی حکومەتە.

 

ڕەوت و حیزبەکانی بۆرژوازی وەک ھێزی “دژە شۆڕش”، و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە

ئاشکرایە کە بۆرژوازی و حیزبەکانی و ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیون دەستەوەستان نەوەستاون بەرامبەر بەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە. ئەم ڕەوتە ئیسلامی و قەومیانە لە عێراقدا بەتوندی بەستراونەتەوە بە ئەجەندای دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانەوە و پیادەیدەکەن و کەڵکی لێوەردەگرن بۆ بەردەوامی دان بە خۆداسەپاندنیان بەسەر جەماوەردا.

ھەر ئێستا، ئەمریکا و ئێران لەھەوڵی بەھرەبەرداری بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکەدان لە بەرژەوەندی ئەجەندا و کێشمەکێشەکانیان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە، وە لەم ڕێڕەوەدا ڕەوتە بورژوازیەکانی ناوخۆ بەشێوەی جیاجیا ھاوئاھەنگی لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە دەکەن.

ئەمریکا بە سوود وەرگرتن لەم بارودۆخەی ئێستا لە ھەوڵی سەپاندنی ئاڵتەرناتیڤی سیاسی و سەربازی خۆیدایە، ھەروەھا ڕژێمی ئێرانیش لە ھەوڵی ئەوەدایە تا دەستبەسەراگرتنی خۆی بەسەر ڕێرەوە سیاسیەکانی بارودۆخی عێراقدا توندوتۆڵتر بکاتەوە.

لەناو خۆپیشاندانەکاندا کۆمەڵانێک ھەن کە پرۆپاگەندە بۆ ئاڵتەرناتیڤی سیاسی ئەمریکی دەکەن کە ئەمانە شتێک نین جگە لە ھێزی دژ بە ڕاپەڕینە جەماوەریەکە. ئەوان ناڕەزایەتیەکان دەخەنە خزمەت ئەمریکا و ستراتیژیەتە کۆنەپەرستانەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.

لیستی حیزب و ڕەوتە بۆرژواکانی دژە شۆڕش کە دەیانەوێت کۆنترۆڵی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکە بکەن دوورودرێژە، هەر لە قەومیە عروبەویەکانەوە بیگرە تا قەومیە ئیسلامیەکان و پاشماوەی بەعسیەکان و ھێزە بۆرژواکانی نیولیبراڵی، کە ھەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەستراونەتەوە بە ئەجەندا و بەرژەوەندی ئەمریکا و سعوودیە و دەوڵەتانی تری ئیمپریالی و ناوچەییەوە لە عێراقدا، تا دەگاتە ھەندێ حیزب و ڕەوتی بۆرژوازی بەشدار لە دەسەڵات دا.

پاش ئەوەی کە (ڕەوتی سەدر)  و (هاوپەیمانی سائرون)، کە لە حیزبەکانی دەسەڵاتن، لەسەرەتادا ھەڵوێستی دژی خۆپیشاندانەکانیان نیشان دا، لەم دواییانەدا دەستیان دایە پیادەکردنی تاکتیکێکی نوێ کە ئەویش تاکتیکی لەباربردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکەیە لە ڕێگەی بەشداری کردن لە خودی بزووتنەوەکەدا، تاکتیکی تێکەڵکردنی “کارتەکان” و لەناوبردنی بزووتنەوەکە “بەشێوەیەکی نەرم”. ھەر بۆیە (ڕەوتی سەدر) بڕیاری بەشداری کردنی دا لەو خۆپیشاندانەی کە بریارە لە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) سەرهەڵبداتەوە.

یەکێک لە مەترسیە ھەرە سەرەکیەکان کە چواردەوری ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە داوە و ڕێی لێ دەگرێت ببێت بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان و قەیرانێکی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری کە گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە بێنێتەدی، بریتیە لە لەقاڵبدانی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە لەلایەن بۆرژوازیەوە لە ڕێگەی چەسپاندنی ئاسۆ و ئاڵتەرناتیڤە سیاسیە دژ بە شۆڕشەکانیەوە، بەسەر ئەجەندای سیاسی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری خۆپیشاندەر و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکەدا.

جا لێرەدا ھەوڵی لەباربردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە چ لەلایەن ڕەوتێکی بۆرژوا ئیسلامی یان قەومی “عیلمانی- نیشتمانی”ەوە بێت، یا لەلایەن ڕەوتێکی لیبراڵی، یا ریفورمیستی “مەدەنی” بۆرژوازیەوە بێت بەناوی چەپەوە، ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.

دروشمی “ڕووخاندنی ڕژێم”

ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیەی چەند ھەفتەی پێشوو ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانیەوە چوارچێوەی خواستی چاکسازی تێپەڕاند و ئامانجە سیاسیە کەی لە “ڕووخاندنی ڕژێم ” دا کۆکردەوە.

سەرکوتی دڕندانە و خوێناوی ناڕەزایەتیەکان لەلایەن ڕژێمەوە، زیندانی و ڕاوەدونانی خۆپیشاندەران لەلایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات ناوەڕۆکی ئەم دروشمەی قووڵتر کردەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە. ئەم سەرکوتی ملیونەھا مرۆڤە ڕونوئاشکرا ئەو بانگەشەی پووچەڵ کردەوە کە گوایە ڕەوت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی نوێنەری جەماوەرن، وە ئەوەی سەلماند کە ڕژێم لە سەنگەری دژ بە جەماوەردا وەستاوەتەوە.

ڕووداوە خوێناویەکانی ئۆکتوبەر سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەم ڕژێمە و بڕینی دوا داوی پەیوەندیەتی بە کۆمەڵگە و جەماوەرەوە، ئیتر لای ئەو ملیونەھا مرۆڤە ئاشکرایە کە ڕژێم ھێزی سەرکوتگەر و ڕێگرە لەبەردەم بەدەستھێنانی داخوازی و چاوەڕوانیەکانیان بۆ بەدەست هێنانی ئازادی و کار و خۆش گوزەرانی و ژیانی یەکسان بۆ ھەموان.

چەندە بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە ھەنگاو بنێت بەرەو پێش و چەکدار بێت بە سیاسەتە سەربەخۆکانی لە مسۆگەر کردنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی گەنجانی ئازادیخواز و کرێکاران و جەماوەری بێکارکراو و بێبەش، ئەوەندەش سنووری خۆی جیادەکاتەوە لە ئاسۆ و ئاڵتەرناتیڤی ڕەوتە بۆرژوا جیاجیاکان، وە ئەوەندەش قەیرانە شۆڕشگێڕانەکە قووڵتر دەبێتەوە لە وڵاتەکە دا.

ئەوەی کە دەبێت ناوەڕۆکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەر ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی پێکبھێنێت، ئەو مەسەلە کۆمەڵایەتیە ڕزگاریخوازانەیە کە ئەو جەماوەرە بەرفراوانە لە پێناویدا ھاتۆتە مەیدان.

بەرزکردنەوەی دروشمی ڕووخانی دەسەڵات لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە، بەبێ ئەنجامدانی کاری جدی بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕزگاریخوازان بە زووترین کات لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان دا، بەبێ کێشانی سنوور بۆ جیاکردنەوەی جەماوەر لە ئەجەندای ھێزە بورژوازیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، دەبێتە ھۆکاری لەباربردنی بزووتنەوەکە نەوەک بەرەو پێش بردنی.

ئیمپریالیزم و هێزە ناوچەیی و لۆکاڵیەکانی بۆرژوازی لە بەرزکردنەوەی دروشمی “ڕووخاندنی دەسەڵات”دا بەدوای چەسپاندنی ئاڵتەرناتیڤە سیاسیە دژ بە شۆڕشەکانی خۆیان و کردنی جەماوەری ڕاپەڕیون بە سووتەمەنی کێشمەکێشەکانی بۆرژوازی و ھێزە ناوخۆیی و جیھانیەکانی.

بەڵام بەرزکردنەوەی دروشمی “ڕووخاندنی ڕژێم” لەلایەن جەماوەرەوە لەھەمان کاتدا بەمانای چەسپاندنی ئاڵتەرناتیڤی سیاسی جەماوەر و بەدیھێنانی ئەجەندای کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕەوای خۆیەتی. ئەمەش پێویستی بە خەباتی بێ ووچانە لە پێناو ڕێکخستنی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕزگاریخوازانەی پڕ توانادا.

دۆخی شۆڕشگێڕانە و ئاڵتەرناتیڤی حکومی

بێگومان سەرھەڵدانی دۆخی شۆڕشگێڕانە و چوونە پێشەوەی بزوتنەوەی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سیاسی لە ڕێگەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەوە، بەرەنجامی بەرجەستەکردنەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریە لە ووزەی خەباتکارانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە و ھەژارکراوان و ژنانێکە کە دووجار قوربانی چەوسانەوەن. بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی لەم جۆرە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت کاتێک چەکدار بێت بە ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی سۆشیالیستی و ڕزگاریخواز و خەبات بکات دژی سەراپای ئەو ڕژێمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە لەئارادایە.

بۆرژوازی لە ئۆپۆزیسیون و لە دەسەڵات دا، وە تیروریستەکانی چەشنی داعش و قاعیدە و فاشیستە قەومی و تائیفیەگەراکان، هەموو ئەمانە لەم بارو دۆخەدا خەریکی زاڵ کردنی ئەجەندای خۆیان و سەرکوتی ووزەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیون. پاشەکشە پێکردنی ئەم ھەوڵە تاوانکارانە لە گرەوی ئامادەیی سیاسی و فیکری و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشان و گەنجانی ئازادیخوازدایە.

بەرجەستە کردنی ئاڵتەرناتیڤی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەم حکومەت و ڕژێمە سیاسیەی ئێستا لە لایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە، لەگەڵ شۆڕش دا دەست پێدەکات، لەگەڵ گەشەسەندنی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کە ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکار و ھەژارکراوان و گەنجانی ڕاپەڕیو پیادە دەکات لە شکڵی شوورا و لیژنە شۆڕشگێڕیەکانیان دا.

بەرجەستە کردنی ئەم جۆرە لە ئاڵتەرناتیڤی سیاسی بەمانای ڕێکخستنی ژیانی سیاسیە لە شوێنەکانی نیشتەجێ بوون و گەڕەکەکان و کارگەکان و دامەزراوەکان لەسەر بناغەی ئیرادەی سیاسی ڕاستەوخۆی جەماوەر تا دەگاتە ئاستی سەراسەری وڵاتەکە.

سۆشیالیزم و ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەی ئێستا

سەرچاوەی مەینەتی و چەوساندنەوەی ئابووری و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ھەژاران و جەماوەری بێکارکراوان لە عێراقدا باڵادەستی پەیوەندیەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری ھاوچەرخ، و زاڵی و فەرمانڕەوایەتی سەرمایەیە بەسەر ژیان و چارەنوسی تەواوی دانیشتوان لەم وڵاتەدا.

ئەمە و سەرچاوەی بێبەشی ئەوان و بێبەشی جەماوەری بەرفراوان لە ماف و ئازادیە سیاسی و تاکەکەسیەکان، هەروەها ناڵاندنی ئەمان و جەماوەر و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان بەدەست سەرکوت و ھەڵاواردن و چەوساندنەوە و توند و تیژی و تراژیدیای جەنگەکانەوە، ھەمووی بەشێکە لە بەردەوامی دانی ئەم پەیوەندیە سەرمایەداریە و سەرخانە سیاسی و ئایدیولوژیە هاوڕاکەی. ئەمە و سیاسەتی ئابوری ئەم ڕژێمە بەتایبەتی سیاسەتە ئابوریەکانی نیولیبراڵیزمە.

ناتوانرێت باس لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بکرێت بەبێ بەرزکردنەوەی خەباتی جەماوەری بۆ ئاست لێدان لە ھەموو پایەکانی ئەم ڕژێمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فکریە، و هەنگاونان بۆ پچڕاندنی ئەم ئەڵقەیە لە ئەڵقە زنجیرییەکانی سەرمایەی جیھانی لە عێراقدا.

سۆشیالیزم و خەباتی سۆشیالیستی و بزووتنەوەی سۆشیالیستی پەیوەستە بەم خەباتە شۆڕشگێڕانە و بەو چین و توێژە کۆمەڵایەتیانەی کە بەرژەوەندیان هەیە لە تێکشکاندنی بناغەی تەواوی ئەم سیستمە و ڕزگاریی یەکجاریی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتدارەتیەکەی.
بەدەستھێنانی سۆشیالیزم لە گرەوی گۆڕانی پارسەنگی ھێزە چینایەتی و سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگە دایە لە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، پڕۆلیتاریا و پڕۆلیتاریای سۆشیالیست بەدژی بورژوازی.

ئەمە و چەندە ئامانجی سۆشیالیستی بەکردەوە ببێتە ئاڵای ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا، ئەوەندەش لە توانای بزووتنەوەکەدا دەبێت کە ڕیفورمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و داواکاریە دەستبەجێکانی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕیشەیی تر و بەرفراوانتر و قووڵتر بەدەست بێنێت.

ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی جەماوەری ڕاپەڕیو، ئاڵتەرناتیڤە بۆرژوا حکومیەکان

گۆڕانکاری ڕیشەیی ناتوانرێت بەدەست بھێنرێت لە ڕێگەی ئەو پرۆژە سیاسیانەوە کە ڕەوتە بۆرژوا ئیسلامی و قەومی ڕیفورمیستەکان دەیخەنە بەردەست لە چەشنی “حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی” و “دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن”. ئەوەی کە پێویستە لە ئێستا دا و جەوهەریە، بریتیە لە بەدیھێنانی ئیرادەی سیاسی جەماوەری ڕاپەڕیو کە دەسەڵات بگوازرێتەوە بۆ دەستی.

بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکە بزوتنەوەیەکە لە ناو قوڵایی کۆمەڵگەدا، لەبەرئەوە دەبێت جەماوەر لە گەڕەکەکان و کارگەکان و دامەزراوەکاندا خاوەنی بڕیاری سیاسی بن لە دوتوێی ئەو گۆڕانکاریانەدا کە بەسەر کۆمەڵگەدا دێت.

لەوانەیە شێوەکانی نوێنەرایەتی ئیرادەی جەماوەر جیاواز بن، بەپێی بارودۆخێک کە لە ئارادایە، بەڵام لە بناغەدا دەبێت لەسەر ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی جەماوەر داڕێژرا بێت و ڕێکخراو بێت لە شووراکان و کۆمیتەکان لە گەڕەکان و کارگەکان و دامەزراوەکاندا لەسەر ئاستی عێراق.

سرووشتی ناوچەیی بوونی بزووتنەوەکە و تێپەڕاندنی سنووری نەتەوەیی و ئاینی

ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەی عێراق لەگەڵ ئەوەشدا کە تایبەتمەندی خۆی ھەیە بەشێک و بەردەوامی ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە لە ناوچەی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە، لە لوبنان و میسر و سودان و ئێران و جەزائیر کە بەرژەوەندیەکی ھاوبەشی نێونەتەوەیی پێکیانەوە گرێ دەدات کە ھەموو سنوورێکی قەومی و ئاینی و تائیفی تێدەپەڕێنێ.

ئەوەی کە ئەم بزووتنەوانە پێکەوە دەبەستێت بەرژەوەندی چینایەتی جەماوەری کرێکار و گەنجانی ئازادیخوازە بە ڕووی ڕژێمی سەرمایەداری و سیاسەتی نیولیبراڵی دا کە مەینەتی و تڕاژیدیای سەپاندوە بەسەر ملیونەھا کەس دا، بەتایبەتی بەسەر گەنجانی ئەم ناوچەیەدا.

دیارە بۆرژوازی بە ھەموو ڕەوت و حیزبەکانیەوە یەکگرتوو و ھاوپەیمانە بەدژی چینی کرێکار و بەش خوراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هێزی ئێمەش لە یەکبوونماندایە کە ڕێگەدەدات زاڵ بین بەسەر ئەو دابەشبوونە قەومی و تائیفی ئاینیەی کە بۆرژوازی لە نێوانماندا دروستی دەکات و دەیسەپێنێت بەسەرماندا.

ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیەی عێراق بەشێکە لە خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێکاران و گەنجانی ئازادیخوازی تامەزرۆی ژیانێکی ھاوچەرخ و خۆشگوزەران لە ناوچەکەدا، مەسەلەی ئێمە مەسەلەیەکی هاوبەشە کە ڕزگاربوونە لە مەینەتیەکانی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیە کۆنە پەرستەکانی.

ناوچەی خۆراوای عێڕاق و کوردستان و ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە

بە چوونە پێشی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیەی ئێستا کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا لە ئارادایە و ڕاپەڕیوە بەڕووی ڕژێمی بورژوا ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتدار و ھێز و میلیشیاکانیدا، زەمینەش خۆش دەبێ بۆ ھەستانەوەی جەماوەر لە ناوچەکانی خۆراوای عێڕاق و کوردستاندا بەڕووی دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و ئەو ڕەوتە سیاسیە بورژوازیانەی کە پاشەکشەی ئابوری و مەعنەویان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە لەو ناوچانەدا.

کرێکاران و زەحمەتکێشان و گەنجانی ئازادیخواز لە ناوچەی خۆراوای عێڕاق و کوردستاندا ھێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەن بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری، ئەمە پێویستی بەگرێدانەوەی خەباتیانە بە خەباتی جەماوەری ڕاپەڕیو لە سەراسەری عێراقدا بۆ وەستانەوە دژی ڕەوتە قەومی و تائیفیەکان لە ناوچەکانیاندا لە پێناو هێنانەدی گۆڕانکاریەکی شۆڕشگێڕانە لە تەوای عێراقدا.

ئەرکە دەست بەجێکان:

بەشداری کردنی لە ناڕەزایەتیەکاندا بەشێوەیەکی چالاک و خەبات کردن بۆ هێنانەدی ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە ئازادیخوازەکان.

بەھێز کردنی کۆڕوکۆمەڵی گەنجانی سۆشیالیست و پێشکەوتن خواز و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانیان و چالاک کردنی ڕۆڵیان لە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکەدا.

دەست پێشخەری بۆ دروست کردنی لیژنە و شوورا کرێکاری و جەماوەریەکان لە گەڕەکەکان و کارگەکان و دامەزراوەکاندا، وە بەشداری کردن لەو دەست پێشخەریانەی کە ڕیزەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو ڕێک دەخەن بەھەر شێوەیەک کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکە بەرەوپێش ببات.

کاری ھاوبەش لەگەڵ ھەموو ھەڵسووڕاواندا بە مەبەستی بەھێز کردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکە و بەرەوپێش بردنی و بەسەرکەوتن گەیاندنی، بەجیا لە جیاوازی سیاسی و فکری.

ئەرکە دەست بەجێکان

  • بەشداری کردنی لە ناڕەزایەتیەکاندا بەشێوەیەکی چالاک و خەبات کردن بۆ هێنانەدی ئامانجە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە ئازادیخوازەکان.
  • بەھێز کردنی کۆڕوکۆمەڵی گەنجانی سۆشیالیست و پێشکەوتن خواز و کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانیان و چالاک کردنی ڕۆڵیان لە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکەدا.
  • دەست پێشخەری بۆ دروست کردنی لیژنە و شوورا کرێکاری و جەماوەریەکان لە گەڕەکەکان و کارگەکان و دامەزراوەکاندا، وە بەشداری کردن لەو دەست پێشخەریانەی کە ڕیزەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو ڕێک دەخەن بەھەر شێوەیەک کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکە بەرەوپێش ببات.
  • کاری ھاوبەش لەگەڵ ھەموو ھەڵسووڕاواندا بە مەبەستی بەھێز کردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکە و بەرەوپێش بردنی و بەسەرکەوتن گەیاندنی، بەجیا لە جیاوازی سیاسی و فکری.

دروشمی سەرەکی ئەم قۆناغە: کار، ئازادی ، یەکسانی بۆ ھەموان

داواکاریە سەرەکیەکان

دابین کردنی خانووبەرە، کار و خوێندنی خۆڕایی و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ھەموان.

دابین کردنی کار یان بیمەی بێکاری بۆ ھەموو بێکارانی نێر و مێ.

دابین کردنی خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو بۆ ھەموو دانیشوان لە بودجەی دەوڵەت.

لابردنی تەواوی سیاسەتە ئابووریە نیولیبراڵیەکانی دەوڵەت، نا بۆ تایبەتی کردن و تاڵان کردنی سامانەکانی کۆمەڵگە.

لابردنی تەواوی ئەو یاسایانەی سنور دادەنێن بۆ ئازادی و یەکسانی تەواوی ژنان.

 

دروشمەکانی ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان

  • با ھێزەکانمان ڕێکخەین لەناو شووراکان و لیژنە کرێکاری و جەماوەریەکاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا.
  • جەماوەری ڕاپەڕیو خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم و ئەو بنەمایانەیە کە لەسەری دامەزراوە، خوازیاری گۆڕینیەتی بە دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی گەل.
  • خۆپیشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیو نوێنەری ڕاستەقینەی گەلن، ھیچ دەسەڵاتێک لەسەروو دەسەڵاتیانەوە نیە.
  • هیچ دەسەڵاتێک لەسەروی ئیرادەی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە نیە لە عێڕاق.
  • ئازادی و یەکسانی ژنان مەرجێکی بنەڕەتیە بۆ ھەر گۆڕانکاریەکی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە دا.
  • مانگرتنی سەراسەری و فراوان کردنی ناڕەزایەتیەکان لەسەراسەری عێڕاقدا ڕێگەی داسەپاندنی خواستەکانی جەماوەرە.
  • کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی و دەردومەینەتەکانی جەماوەر لە گرەوی کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی تائیفی و قەومی دایە.
  • حیزبەکانی دەسەڵات و ڕەوتەکانی جێگەیەکیان نیە لەناو ناڕەزایەتیەکاندا.
  • تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بەکارھێنانی توندوتیژی و بۆمبی فرمێسک ڕێژ تاوانێکی گەورەیە دژ بە کۆمەڵگە و خیانەتە لە خەڵک.
  • دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی خۆپیشاندەران تاوانە، دەبێت دەستبەجێ بوەستێت.
  • ھێزە میلیشیاییەکان دەبێت لە شارەکان بکرێنە دەرەوە.
  • دەبێت ھەموو دەستگیر کراوەکان بەبێ قەید و شەرت ئازاد بکرێن.

سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە عێراق و ناوچەکەدا

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٣/ تشرینی یەکەم / ٢٠١٩

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...