بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنیدا

یادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دەکەینەوە، و هەر ساتە هەست بە کاریگەریی نەبوونی هاوڕێی ئازیزمان یەنار محەمەد دەکەین لەسەر بزووتنەوە و چالاکییەکانمان، و بە خەم و پەڕارەیەکی قووڵەوە یادی دەکەینەوە.

یەنار محەمەد ئایکۆنی خەباتی ڕزگاریخوازی بزووتنەوەی ژنان بوو لە عێراق و سەرکردەیەکی کاریگەر بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی ئەم وڵاتەدا. ئەو چالاکوانێکی کۆمۆنیست و ئەندامی لیژنەی ناوەندیی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی. وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی، بەشداریی کرد لە دامەزراندن و پەرەپێدانی ئەم ڕێکخراوە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی هاوچەرخ لە عێراق.

هێزێکی تیرۆریست بە پلانێکی پێشوەختە و بەرنامە بۆداڕێژراو لە (٢)ی ئازاری (٢٠٢٦)دا، هاوڕێ یەناری تیرۆر کرد، کە پێدەچێت ئەو هێزە سەر بە میلیشیاکان و حزب و ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە بێ لە عێراق.

هەموومان سور و خۆڕاگرین لە درێژەدان بە خەبات لەسەر ئەو ڕێبازەی کە هاوڕێ یەنار بۆ ڕزگاری و بەدیهێنانی ماف و یەکسانی ژنان گرتبوویەبەر، وە پابەندیشین بە بیروباوەڕی (قەناعەتی) پتەوی ئەو بە پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان ڕزگاری ژن و کۆمۆنیزم.

ئەمە و دووپاتیشی دەکەینەوە کە دەبێت حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەستبەجێ بکوژانی هاوڕێ یەنار محمد دەستنیشان بکات و دادگاییکردنێکی ئاشکرایان بۆ ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاستی جیهانیشدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری (تەحەددا) و ئەرکی گەورەن لەم سەردەمە مێژووییەدا، کە بە یەکێک لە قەیراناویترین قۆناغەکانی مێژووی سەرمایەداری دادەنرێت، کە هیچ شتێک لە سیستەمی سیاسی بۆرژوازی نێودەوڵەتی هاوچەرخدا تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتییش سەقامگیر نیـیە، وە هیچ ئاسۆیەکیش لەبەردەم بۆرژوازی جیهانیدا نییە کە دڵنیایی بدات لە بارودۆخێکی جێگیر بۆ جووڵەی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، چونکە کێشمەکێش لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی جیهانی، ململانێی جیۆ-سیاسی و جیۆ-سەربازی و شەڕی بەهەدەردان دێنێتەئاراوە بە بەردەوامی لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا، بێ ئەوەی هیچ ئاسۆیەکی کۆتایی پێهێنانیان لەئارادا بێت.

دوای ئەوەی هێزە ئیسلامی و قەومیـیەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا دەستیان بەسەر چارەنوس و بەرژەوەندییەکانی جەماوەردا گرت لە عێراق، و سیستەمی سیاسی گەندەڵی ئێستایان دامەزراند لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و دابەشکردنی کۆمەڵگە بەپێی پەیوەندی ئایینی و نەتەوەیی و تائیفی، ئیتر ئەم سیستمە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بۆتە ئامڕازی بەردەوامییدان بە نفوز و کاریگەری هەریەک لە  ئەمریکا و جمهوری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا.

بەپێی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکە و ڕێژەی کاریگەریی هەریەکەیان لەناو عێراقدا، ئەم سیستمە بەردەوام درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و هێزە پێکهێنەرەکانیشی ئاڵوگۆڕی لە پێگە و بارودۆخی خۆیاندا دێننەدی. ئەمە سیستەمێکە گەندەڵی دارایی و کارگێڕی سەراپای بناغەکەی داگرتووە، و هێزە پێکهێنەرەکانیشی تا ئێستا بەردەوامن لە تاڵانکردنی ئەو سەروەت و سامانە زۆر و زەبەندەی کۆمەڵگا بە شێوەیەک کە لە جیهاندا بێ وێنەیە و بۆتە زیادبوونی بێکاری و هەژاری و تەنگەژەی هەرچی زیاتری قەیرانی تەندروستی و خزمەتگوزاری و خوێندن و پەروەردەیی بۆ جەماوەر لە عێڕاق.

لە هەلومەرجی شەڕی ئیمپریالیستی ئێستای ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، و ئەو تاوانانەی جمهوری ئیسلامی بەرامبەر بە جەماوەر لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی دەدات، عێراق بە تایبەت لەم شەڕەی دواییدا بووەتە گۆڕەپانی ئەم شەڕە، و ڕژێمە سیاسیـیەکەشی بە قەیرانێکی سیاسی خنکێنەردا تێدەپەڕێت بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە جۆرێک گرژی ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکانی ئەم ڕژێمە پەرەی سەندووە، بەتایبەت لەناو ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە و میلیشیاکانیدا.

جا لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانە و قەیرانی حزبەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە و ڕێکخراوەکانیان، و ئەو تۆڕە بەرفراوانەدایە لە کەسانی سودمەندانی دەوروبەری ئەم ڕژێمە پشکپشکێنەیە، کە عەلی فالح زەیدی بە سەرۆک وەزیران دادەنرێت لە لایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، ئەویش لەژێر فشاری ڕاستەوخۆی ترەمپ و ئیدارەی ئەمەریکادا. هەروەها ئەم دانانی سەرەک وەزیرانە لە کاتێکدایە کە ئەم ڕەوت و حزبانە نیگەرانییەکانیان لە زیادبووندایە لە لەدەستدانی پێگەیان و زیانگەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان لەو هەلومەرجە نوێیەدا کە نفوزی ئەمریکا و هەڕەشەکانی لە ناوخۆی عێراق لە هەڵکشاندایە، باسی ئەو مەترسیانەش ناکەین کە ئەم حزبانە ڕووبەڕووی ڕاپەڕینێکی دیکەی جەماوەرین کە فەرمانڕەوایەتییەکەیان دەڕووخێنێت.

هەڵمەتە ڕووکەشەکەی ئێستای عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەوڵێکی چاکسازی جوانکارییە بۆ گۆڕینی ڕوخساری ڕژیمەکە بێ ئەوەی دەست لە بناغەکەی بدات، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی جەماوەری و سەرقاڵکردنی خەڵک بەو کارە ڕووکەشە و لە قاڵبدانی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو دژ بەم ڕژێمە و سەرکوتکاران و چەوسێنەرانی ئەو جەماوەرە.

خودی سەرۆک وەزیران کە سەرکردایەتی ئەم هەڵمەتە دەکات، سورە لەسەر زیاتر چەسپاندنی ئابوری بازاڕی سەرمایەداری لە عێراق، و دورخستنەوەی هەر مۆدێلێکی ئابووری لە ستڕاتیژەکەی خۆیدا کە خۆشگوزەرانی مرۆڤ تەوەرەی گەشەسەندنی ئابوورییەکەی بێت، وە بە ئاشکرا و بە هەمان شێوەی ترەمپ و هاوشێوەکانی ڕایدەگەیەنێت کە “ئابووری سۆسیالیستی” شتێکی ڕابردووە.

عەلی زەیدی لە ڕێگەی کردنەوەی دەرگا بەڕووی سەرمایەی جیهانی و ئەمریکی و ناوخۆییدا هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژە ئابوورییەکەی، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری تر بۆ کێشکردنی دەوڵەت و یاسا و دەزگاکانی، بۆ پیادەکردنی. هەڵمەتی ڕووکەشانە دژ بە گەندەڵی تەواوکەری ئەم سیاسەت و ستراتیژەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە کەمکردنەوەی سەختییەکانی نەهامەتی ئابووری و بێکاری و خراپبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی گشتی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە نییە کە جەماوەر بەدەستیانەوە دەناڵێنێت لەسەر دەستی ئەم ڕژێمە و لە ئاکامی هەمان ئەو سیاسەتە ئابوورییە نیولیبڕاڵیـیەی کە عەلی زەیدی ئێستا بە جۆش و خرۆشەوە دەیگرێتەبەر.

تینوویەتی جەماوەر لە عیراق بۆ کۆتاییهێنان بەگەندەڵی جێگای تێگەیشتنە، بەڵام ئەوەی دوای ئەم ڕژێمە و عەلی زەیدی دەکەوێت و هیوا و ئاواتی پێیەتی، شتێک نییە جگە لە پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان لەبەرچاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراو کە دەبێتە دوورخستنەوەیان لە زەرورەتی خەباتی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ و خەباتی ڕێکخراو و هۆشیار بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان لە بارودۆخی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و لە جەرگەی قەیرانی سیاسی بۆرژوازی لە عیراقدا.

چینی کرێکار چینێکی کۆمەڵایەتییە و خاوەن سەربەخۆیی و ستراتیژیی تایبەت بە خۆیەتی؛ هیوای خۆی نابەستێـتەوە بە چاکسازییەکی نیوەناچڵ و بێ بەهای ڕژێم لە سەرەوە، بەڵکو لە هەوڵدایە گۆڕانکاریـیەکی ڕیشەیی لە بناغەی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بهێنێتە ئاراوە، ئەمڕۆ ئەم چینە ڕووبەڕووی نوێنەرێکی سەرمایە بووەتەوە کە دوژمنێکی ڕاشکاوی ئابووریی سۆسیالیستە، کە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بەم چینەوە.

ئەو ئەرکانەی لە بەردەم ئەم جەماوەرە پرۆلیتارییە و لەبەردەم ئەوانەدایە کە لەگەڵیاندا چوونەتە سەنگەرەوە لە کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و ئازادیخوازان، ئەوە نییە کە لە دەوری نوێنەرێکی ئەم ڕژێمە کۆبـبنەوە، بەڵکو یەکخستنی خەباتی سەربەخۆیانە و هەوڵدانە بۆ قۆستنەوەی دژایەتی و ناکۆکیی نێو ڕیزەکانی هێزە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان و پاشەکشە پێکردنیانە لە بەرامبەر جەماوەر لە بەرژەوەندیی خۆیان، بە سەپاندنی پاشەکشەی هەرچی زیاتر بەسەریاندا و تیژکردنەوەی خەباتی چینایەتیی سەربەخۆ و مسۆگەرکردنی چاکسازیی زیاتر.

ئێمە ماوەی هەشت ساڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی ڕێکخراو کە هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی دەدات، بەردەوامیشین لە خەباتماندا لە پێناو کۆتایـیهێنان بە سیستەمی گەندەڵی دامەزراو لە عێراقدا، ئەمڕۆش بە خەسارەتێکی گەورەوە کە لە ڕیزەکانمان کەوتووە بە لەدەستدانی هاوڕێ یەنار محەمەد، و لە بارودۆخێکی نوێدا، بە هەموو هێز و خۆڕاگریمانەوە بەردەوام دەبین لە کاروانی خەباتمان، و هەوڵدەدەین تا بتوانین کاریگەری ئەو خەسارەتە کەم بکەینەوە لەسەر خەباتمان.

٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٦

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦

   

بە توندی سەرکۆنەی تاوانی وەرنەگرتن و پێشکەش نەکردنی فریاگوزاری بۆ غەزال مەولان، دەکەین

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی/ ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەپێی ڕاگەێندراوێکی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، دوانیوەڕۆی سێ ...