ڕۆژی جومعە ڕێکەوتی ١٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، جەماوەری زەحمەتکێش و تووڕە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دژ بە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و چوونەوە بەگژ ڕژێمی جمھوری ئیسلامی و ھەر لە ساتەکانی سەرهەڵدانی شەپۆلی خۆپیشاندانەکانەوە داواکاری ڕۆشتن و ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە بوون.
دەسەڵاتی بورژوا ئیسلامی گەندەڵ و سەراپا کۆنەپەرست کە زیاتر لە سێ دەیەیە لەسەر سنگی کرێکاران و زەحمەتکێشان خۆی داکوتاوە، لە ڕێگەی دەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە کوشتارگەیەکی وەڕێخست کە دەیانی کوشت و سەدانییشی بریندارکرد، وە لەگەڵ ئەوەشدا کە ھێشتا هەر بەردەوامە لە ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەران بەڵام نەیتوانیوە ئەم ڕاپەڕینە دابمرکێنێتەوە، بەپێچەوانەوە ئەم خۆپێشاندانانە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە هەر بەردەوام بووە و بەرفراوانتر بۆتەوە و ترس و دڵەڕاوکێشی دروستکردوە لە نێو ڕیزەکانی ڕژێمی جمھوری ئیسلامی فەرمانڕەوا لە ئێران.
سەرھەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لەم ساتە مێژووییەدا کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان، بێکارکراوان و ھەژارکراوان، گەنجان و ژنان لە عێراق و لوبناندا کە ئامانجیان ڕووخاندنی ڕژێمە سیاسیە فەرمانڕەواکانی وڵاتەکانیانە، زۆر بە ڕاشکاوی نیشاندەری ئیرادەی سیاسی چینی كرێکار و بێبەشکراوان و ئازادیخوازانی ئەم ووڵاتانە و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی ڕەوتە بورژوا قەومی و ئیسلامی و تائیفیەکان.
ئەم خەباتەی کە جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئێراندا وەڕێیخستووە و ئەم هەستانە شۆڕشگێریەی دژ بە یەکێک لە دڕندەترین ڕژێمەکانی ئیسلامی سیاسی و گرنگترین پایەکانی لە ناوچەکەدا، ھەنگاوێکی مەزنە بەرەو پێشەوە لە ڕێڕەوی ڕووخاندنی هەموو ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە دەسەڵاتدارانە. جمھوری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی سەرەکی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و میلیشیا ملھوڕەکانیەتی بەسەر سەری خەڵکی عێراقەوە و دوژمنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانە لە ئێران و عێراق و ناوچەکەدا. جا هەر بەرەو پێش چوونێکی ڕاپەڕین لە ھەر یەکێک لەو دوو وڵاتەدا، بێگومان بەرەوپێشچونیشە لەوی تریشیاندا.
ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرانەی ئیسلامی سیاسی و قەومی، ھەژاری و بێکاری و نەبوونی یان بەسەر دەیان ملیون کەسدا سەپاندوە، کە بەبێ سەپاندنی کولەمەرگی ئابووری و سەرکوت و کوشتوکوشتار توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان نیە. ئەم ڕژێمانە پارێزەرانی ئەوانەن کە نوقمی کۆنەپەرستین لە ڕژێمی سەرمایەداریدا، کە وەک سیستمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەیشتوەتە ڕێگەیەکی داخراو و ھەر ئێستا کاتی هەڵپێچانیەتی لە ڕێگەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی و بەدیھێنانی سۆشیالیزم لە ناوچەکەدا.
ڕووخاندنی ئەم ڕژێمانە مەحاڵە بەبێ ھاتنە مەیدانی چینی کرێکار بۆ ناو گۆڕەپانی ئەم جەنگە سیاسیە وەک چینێکی سەربەخۆ دژ بە بورژوازی، و خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی ئابووری و سیاسی خۆی بۆ کۆمەڵگە، ئەمەش ڕوونادات ئەگەر بزووتنەوەی چینی کرێکار ئاسۆی سۆشیالیستی و سیاسەتی سۆشیالیستی نەگرێتەخۆی.
ھاتنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازان لە لاوانی کچ و کوڕ بۆ ناو ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە شۆڕشگێڕانەیە، کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان دەخاتە بەردەم ئەرکێکی گەورەوە، ئەرکی بینینی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان کە بەھێز کردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشە بۆ ھەنگاونان بەرەو ڕووخاندنی سەرمایە و ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی و ڕزگار بوون لە چنگی ئەم ڕژێمە.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق، لە کاتێکدا شانبەشانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕاپەڕیو لە عێراقدا، خەبات دەکات وە لە ھەوڵی بێ ووچاندایە بە ھەموو توانایەکیەوە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم ڕاپەڕینە و ھێنانەدی ئامانجەکانی، لەھەمان کاتیشدا لێبڕاوانە دەستی ھاوپشتی نێو نەتەوەیی ڕادەکێشێت بۆ جەماوەری ڕاپەڕیو لە ئێران.
ئەمە و خەباتیش دەکات لەپێناوی بەھێز کردنی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەناو جەرگەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریانە لە هەردوو ووڵات و تەواوی ووڵاتانی ناوچەکەدا تا پەرەبستێنێ و هەنگاوهەڵێنێت بۆ جێگیرکردنی حکومەتی کرێکاری و دامەزراندنی سۆشیالیزم.
بژی ڕاپەڕینەکانی ئێران و لوبنان و عێراق
بژی سۆشیالیزم
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
١٨/١١/٢٠١٩
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
