عمر چاوشین

دین هۆشبەری گەلانە، ئەوە من نایڵێم، بەڵکو وتەیەکی مارکسی فەیلەسوف و زانایە. ئێمە لێرەدا باسەکە نادەین بەو فەیلەسوفە، بەڵکو جێگەی بابەتی تری بۆدەکەینەوە کە ئەویش لەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەم دیاردە و هەم کێشمەکێشی دوو بەرەی کۆمەڵایەتی دژ بەیەکە.
هەرکات باس دێتەسەر هێرشی کادیر و بانگخوازانی ئیسلامی دەبێ بزانین سەرەداوی گڵۆڵەکە لە کوێوە بەدەست دێت و گڵۆڵەکەش بەکوێدا لێژدەبێتەوە، چونکە بابەتەکە هەم خۆی ئاڵۆزە و هەمیش مێژوی ئەم ململانێیە کۆنە…
ئەگەر لە مێژوی کۆنی دینی ئیسلام وردببینەوە، تا مێژوی نوێی دوێنێی و بە بەرچاوی خەڵکیەوە، مەلا لە مزگەوتەکانەوە و شێخ لە تەکیەکانیانەوە و حزبە ئیسلامیەکانیش بە پاڵ پشتی دەسەڵاتداران و کلتوری دواکەوتوانە بەردەوام بەرەنگاری شادی و شایی، خۆشی و جوانی سروشت، ئازادی تاک و مافە مەدەنیەکان بوونەوە و فتوای هەڕەشە و لێدان و کوشتنیان دەرکردوە تا ژنان لە کونجی ژوردا زیندانی بکەن، شاعیر و نوسەرانی بوێر و هونەرمەندان دەمکوت بکەن، سیاسیەکانی پێچەوانەی خۆیان و ئازادیخوازان بخەنە بەردەم چۆکدادان یان بەرگری و ڕوبەڕووبونەوەی ترۆرکردنیان هتد…
لە دەیەکانی ڕابردودا ئیسلامیەکان بازاڕیان وێران دەکرد، لایەنگرانیان هاندەدا بەرامبەر ئافرەتانی سفور و ژنانی مۆدێرن بۆ هوها کێشان و تێزابیان دەڕشت بەقاچیاندا. ئەگەر دەستیان بڕوات ئەوا سینەما و میوزیک و گۆرانی و شادی و بەختەوەری لە خەڵک قەدەغە دەکەن.
نمونەی نوێ مەلا (هەڵۆ حمە ڕەشید)ە کە لە بڵندگۆکەی خۆیەوە هەڵی کوتایەسەر (ماریا) کیژە هەورامیەکە و بە مەیمون و بەدڕەوشتی دانا لەسەر تۆمارکردنی گۆرانیەک لەناوجەرگەی شاری سلێمانی، بێ ئەوەی گۆرانیەکە و شێوازی تۆمارکردنی هیچ سوکایەتی و بێڕێزیەکی تێدا بوو بێت بۆ خەڵک و کۆمەڵگە. (مەلا هەڵۆ) هەر بە هێرشکردنە سەر (ماریا) نەوەستایەوە بەڵکو لە گرتکە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا لە تەلەفزیۆنی (ئێن. ئاڕ. تی) بە وشەی نەشیاویش هێرشی کردە سەرخەڵکی بەرگریکار، بەڵام کاردانەوەی گشتی لەلایەن خەڵکەوە (مەلا هەڵۆ)ی ناچار کرد بە ڕەنگوڕویەکی شەرمەزاریانەوە داوای لێبوردن بکا و پەشیمانی دەربڕی. ئەمەش دەریخست کە تا چەند بەرگری و وەستانەوەی دەستەجەمعی کاریگەری هەیە بۆ پوچەڵکردنەوە و لەکارخستنی دەستدرێژیەکانی بەرەی کۆنەپەرستی و پاشەکشە پێکردنی دژایەتیەکانیان بۆسەر ئازادی و شادی و بەختەوەری خەڵک.
مەلا هەڵۆ هیچی نەگوتوە دژی ڕێبازەکەی خۆی بێت، ئەوەی کردی و گوتی ئەرکەکانی خۆی ئەنجامداوە بەپێی ڕێنمایی دینەکەی خۆی لە دژی ئازادی و گۆرانی و سەما و جوانی. بەرنامەی ئیسلام ژن و شەرابی لێدەرکەی هیچی تێدانامێنێت و سفردەبێتەوە، ئەوەی کاری بۆ دەکەن تاکە بەرژەوەندی و ئامانجیان بۆ دونیا خەیاڵیەکەی دواڕۆژی خۆیان ئەو دوو ئامانجەیە، بەڵام سەیر ئەوەیە لەم جیهانەدا دژی ئەو ئامانجانە فتوای ڕەش دەردەکەن!
سەیری ئەو دووڕووییە بکەن، نەک هەر بۆ ژن و شەرابی دونیای ئەو دیویان دەمرن و خۆیان بەتەقینەوە دەدەن و پێیان وایە لەدوای مردن پێی دەگەن، بەڵکو پێش مردنیش بەبێی ناژین و نایانەوێت لە چوار ژن کەمتریان هەبێت، کەچی تا لە ژیاندا مابن نەفرەت لە ژن دەکەن. دووڕووییەکەیان لێرەدا کە لە عەقل و مەنتیقی ئەواندا ژن نیعمەتە لەم دنیایەدا هەوڵدەدەن ئەگەر بۆیان بلوێت تا چێز لە چوار دانە لەو نیعمەتە وەرگرن و لەو دیویش بەتەمان چێز لە حەفتا حوری وەرگرن بەڵام تا لە ژیاندا ماون نەفرەت لەو “نیعمەتە” دەکەن.
بانگخوازانی وەک (مەلا هەڵۆ) و هاوشێوەکانیان کە بەئەرکی خۆیانی دەزانن لە دژی کەسانی ئازادیخواز و مۆدێرنخواز لە هەموو بۆنەکان لە کەمیندا بن، هەموو کات ئامانجەکانیان لە دەرگایەکەوە ئاراستەدەکەن و بە بیانوی چۆلەکەیەک کۆترێک یان زیاتر ڕاودەنێن و ڕاوی دەکەن، یانی دروستتر بڵێم لە بەرامبەر بە هونەرمەندێک قسەدەکەن بەڵام بەهۆی ڕوداوێکەوە هێرش دەکەنە سەر گشت هونەر و هونەرمەندان و ئازادیخوازان، لە نوسەر و ڕۆشنبیرێک هەڕەشە دەکەن بەڵام لە ڕاستیدا هەڕەشە لە ئازادی بیروڕا دەربڕین دەکەن لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و لە بڵندگۆکانیانەوە خەڵکی هاندەدەن بۆ ڕوبەڕوبونەوە و توندوتیژی تا سنوری ئازادیەکان بەرتەسک بکەنەوە.
تەنیا مەبەستیان کەسێک یان گروپێکیش نیە، بەڵکو دینەکەیان پێیان دەڵێت دەبێ بەزۆر ئەو یاسا و ڕێسا کۆنەپەرست و سەرکوتگەرانە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن و هەرکاتێک خەڵکی نەبوونە دەروێشی دینەکەتان و نەهاتنە ژێرباری ئیسلام بە هەڕەشە وریایان بکەنەوە یان باج و سەرانەیان لێوەرگرن، ئەگەر نەتان توانی کاریان تێبکەن لێانبدەن و ئەگەر هەر ڕێگەی ئیسلامیان نەگرتەبەر لێیانبدەن تادەیان کوژن.
ئیسلامیەکان هیچ ئیرادەیەکی دان بەخۆداگرتنیان نییە و تاکە ڕێگەیان بۆ پیادەکردنی شەریعەتەکەیان و گرتنەدەستی دەسەڵات بریتیە لە تۆقاندن و ترۆری داعشانە و مەبەستیانە لەژێر ئاراستەکردنی بابەتێک بەگشت کۆمەڵگە بڵێن جگە لە دین و یاسا و ڕێسای شەریعەتەکەی خۆمان هیچ ڕێبازێکی تر و یاسا و ڕێسایەکی مەدەنی نابێ لە ئارادا بێت.
بانگخوازە ئیسلامیەکان ئەوەی بیری لێنەکەنەوە پاراستن و ڕێزلێنانی ماف و ئازادی خەڵکە بۆیە لە بڵندگۆ و شوێنە گشتیەکان بە پاڵپشت بە دین و دەسەڵات و کلتوری دواکەوتوانە بە ئارەزوی خۆیان فتوا دەبەشنەوە بەسەر هەوادارەکانیان و تۆوی ڕق و دوبەرەکی دەچێنن، بەبێ ئەوەی لە یاسا و دادوەری سڵ بکەنەوە، ئەمەش لە سایەی سەری دەسەڵاتدارانی کوردستانەوەیە کە ئازان بکەونە گیانی نوسەر و ڕۆژنامە نوس و موخالیفانی سیاسی خۆیان بەناوی یاسا و دادوەریەوە، بەڵام هەمیشە چاویان نوقاندوە لەئاست دەستدرێژی و فتوای ناڕەوای ئیسلامیەکان دژ بە ئازدی و مافەکانی هاوڵاتیان.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراق و کوردستان، دەسەڵات و نیزامی سیاسی داسەپاو هۆکار و ڕێگەخۆشکەری کلتوری دواکەوتوانە و داسەپاو بەسەرخەڵکەوەن و خۆیان بەر لە ئیسلامیەکان ڕێگری سەرەکین لەبەردەم دەستور و یاسایەکی سیکۆلار و مەدەنی چونکە دەزان بە پاراستن و دابین بوونی ماف و ئازادیەکانی خەڵک، بەرژەوەندی و دەسەڵاتەکەیان دەکەوێتە بەرمەترسی.
١٥ی ئابی ٢٠١٩
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
