ڕاگەیاندنی ھاوبەشی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) و (یەکێتی لە پێناو کۆمۆنیزم)دا لە فەرەنسا.

بەم ڕاگەیاندنە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و (یەکێتی لەپێناو کۆمۆنیزم)، پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی:

  • سەرمایەداری لەبنەڕەتدا بەرپرسە لە تەشەنەکردنی بێئەندازەی توشبوونی دانیشتوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشی کۆڤید-١٩.
  • پەتاکە و پوکانەوەی ئابووری پێکەوە پەردەیان هەڵماڵی لەسەر ناکۆکیە چینایەتیەکان.
  • پێویستە خەباتی چینی کرێکار و ڕێکخراوەکانی ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیونالیستی بگرنەبەر.

ئەم پەتایە سەرلێشێواویەکی لە سیستمی ئابووریدا هێنایەدی کە نیشانی دەدات بازاڕ توانای وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی نیە. کۆمپانیاکان لەڕێگەی بەردەوام بوون لە بەرھەمھێنانی کەلوپەلی ناپێویست لەجیاتی ئاراستە کردنی چالاکیەکانیان بەرەو بەرھەمھێنانی کەلوپەلی پێویست / وەیا پاراستنی کرێکاران، نیشانیاندا کە زیانبەخشن.

بەپێی ئامارەکانی بەرنامەی خۆراکی جیھانی لەساڵی ٢٠٢٠ دا نزیکەی ٢٦٥ ملیون کەس دووچاری برسێتی دەبن، لەبەراورد بە ١٣٥ ملیون کەس لەساڵی ٢٠١٩ دا، ئەمەش بەھۆی وەستانی هاوردەکردنی شتومەکی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی کەلوپەل. ھەموو ئەو ڕێگە ئاساییانەی کە لەلایەن سەرمایەوە لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا گیرابوونەبەر بۆ دیاریکردنەوەی تێکڕای قازانج، ناکارامەیی خۆیان نیشانداوە: چڕبوونەوەی کارگەکانی دەرمان لە ھیندستان و چین، کەمی داودەرمانی خەزنکراو،  لەگەڵیشیانا وەستانی گواستنەوەی کەلوپەلەکان بووە ھۆی دروستبوونی قاتوقڕی لە زۆرێک لە ووڵاتاندا. دەستنەکەوتنی پاراسیتامۆڵ نموونەیەکی بەرچاوە لە کەمی دواودەرمانی دەرمانخانەکان.

جگە لە ژمارەیەکی کەمی وڵاتان نەبێت، زوربەی دەوڵەتەکان و حکومەتەکانیان توانای وەڵامدانەوەی دۆخەکەیان نەبووە وەک پێویست و بڕیاریاندا بەرژەوەندی سەرمایەداری بخەنە سەروی ژیانی خەڵکەوە، کە ھەندێ جار بەشێوەیەکی گاڵتەجارانەش ئەنجامدراوە وەک بەرازیل کە دەبینرێت حکومەت بەشێوەیەکی ئاشکرا دژی گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی تەندروستی دەجەنگێت. دۆخەکە لە فەرەنساش زۆر لەوە باشتر نیە، ئەوەتا حکومەت لە ٢٩ ی فیبیوەری دا گفتوگۆیەکی ناو پەرلەمانی دەربارەی خۆپارێزی لە پەتاکان ڕاگرت لەپێناو سەپاندنی چەند ڕیفۆرمێکی کۆنەپەرستانە بەسەر مافی خانەنشینی کرێکاراندا، وە بە بڕوبیانوی نەرمی نواندن و خۆڕاھێنان و داهێنانەوە (یان ترس لە ئابووری بەرنامەڕێژکراو)، ھەموو ڕێکارێکی خۆپارێزی پێشوەختی لە بەرژەوەندی خۆشگوزەرانی خەڵک ڕەتکردەوە و بە دۆگمای لەقەڵەمدا. نەبوونی ھیچ جۆرە ھاوکاریەک لەسەر ئاستی جیهان واقعێکی بەرچاوە. نەبوونی ھاوکاری دارایی نێوان دەوڵەتەکان، نەبوونی گۆڕینەوەی زانیاری دەربارەی مەترسیەکانی پەتاکە، و دەستەوستانی تەواوی دامەزراوە سەروو دەوڵەتیەکانی (وەک یەکێتی ئەوروپا)، وەستاندنی بەشداری لە بودجەی ڕێکخراوەی تەندروستی جیھانی لەلایەن ئەمریکاوە، … هتد، نەک هەر ئەمە بەڵکو دەوڵەتەکان بارودۆخەکەیان هێندەی تر ئاڵۆزکردوە؛ بە کێشمەکێشی نێوان خۆیان لەسەر کڕینی ماسک و ناجێگیری نرخی نەوت و جەنگی بازرگانی بەردەوام و ئابڵوقەدانی ئابووری و دەرگیری چەکدارانەیەی نێوانیان. لە فەرەنسای ژێر کەرەنتینەدا، پیشەسازی چەک دروست کردن هەر بەردەوامە. لە عێراقیش، سەرباری کێشمەکێشی بەردەوامی ئێران و ئەمریکا لەسەر ئەم ووڵاتە، حکومەت و ھێزەکانی ئاسایش و میلیشیاکانی نەوەستاون لە سەرکوت کردنی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر.

مامەڵەکردنی قەیرانی ئەم پەتایە بە ھەر پلەیەک لە باشی یان خراپی بەگوێرەی توانایی ھەر ووڵاتێک، ھەمیشە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندی بورژوازی و حکومەتەکانی و ڕژێمە سیاسیەکانی بووە. ڕژێمی ئابووری ئێستا هاوتای نابەرابەری کۆمەڵایەتی و نابەرابەریە لە سەروەتوسامان، هاوتای بڕین و کەمکردنەوەی بودجەی سیستمە تەندروستیەکانە کە تواناییەکانی بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک کەمکردۆتەوە. هەروەها بەھۆی ئەو بارودۆخە مادییەی کە سەرمایەداری دایسەپاندوە، جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکانی کەرەنتینە و ڕەچاوکردنی دووری کۆمەڵایەتی زۆر سەختە. ئەمەش زۆر بەروونی لە شوێنەکانی ژیانی چینی کرێکاردا دەبینرێت کە دانیشتوانێکی چڕوپڕ لە ڕووبەرێکی کەم و نا تەندروستدا دەژین و ھۆکانی ھاتوچۆی گشی وەک پاس و میترۆ بەکاردەهێنن و دەچنە ناو سوپەرمارکێتەکان و کارگەکانیش بە هەموو توانای خۆیانەوە کاردەکەن. دڕندەیەتی پۆلیس هیچ شتێکی لەم بارودۆخەی سەرەوە نەگۆڕیوە (لە نایجیریا لە مانگی مارسدا ھەژدە (18) کەس کوژراون لەلان پۆلیسەوە، وە  چەندەھا حاڵەتی تریش ڕویداوە لە جیهاندا لە توندوتیژی و بێڕێزیپێکردنی پۆلیس بەو کەسانەی کە سەرپێچی ڕێکارەکانی کەرەنتینە دەکەن). ئەوە چینی کرێکارە کە قوربانی دەدات: کرێکارانی کەرتی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی، کرێکارانی ژینگەپارێز، گواستنەوە و ھاتوچۆ و پۆست، کرێکارانی کارگەکان، ژنان و شۆفێرەکانی ئوبەر/تاکسی، کرێکارانی خزمەتگوزاریە زەروریەکان ھەموو ئەم توێژانە لە کرێکاران لە ھێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدان. قوربانیانی کۆڤید-١٩ ئەو ھەژارانەن کە بێ خانەولانەن وە یا لە گەڕەکە ھەژار و بیبەشەکاندا دەژین، خەڵکی پەنابەر و دەربەدەر و دانیشتوانی قەراخ شارەکان و کەمپەکان و زیندانیان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانن، ھەروەھا ئەوانەشن کە نەخۆشی بەردوامیان لەگەڵدایە وەک (شەکرە و قەڵەوی کە زیاتر ھەژاران تووشی دەبن)، ئەوانە ھەموویان ن لە یەکەمین قوربانیانی داروینینیزمی کۆمەڵایەتین کە ئەو حکومەتانەی سیاسەتی گەلە بەرگرییان گرتەبەر بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتاکە، گرەویان لەسەر کردبوو.

ئەوە ئەو مافانەی  ئێمەیە کە کەوتوەتە بەر ھێرش لەپێناو بەرزکردنەوەی ڕاددەی چەوساندنەوە (لە کەمکردنەوەی کرێ و ڕیفۆرمی کۆنەپەرستانە لە یاساکانی کاردا …ھتد). لەوبەری ئۆردوگاکەشدا ئەوە سەرمایەدارانن بە بێدەنگی بەهرەمەندن لە کۆمەکی دارایی حکومەتەکان، بۆ نموونە ڕزگارکردنی پشکە داراییەکان لەلایەن پاشەکەوتی فیدڕاڵیەوە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یان یارمەتی دارایی بۆ پیشەسازی فڕۆکەوانی لە فەرەنسا.

ئەم قەیرانەی پەتای کوڕۆنا بەھێزتر لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨  پوکانەوەی ئابووری ھێناوەتەگۆڕێ، ئەویش لەڕێگەی گوڕپێبەخشین بە سەرلێشێواوی و ناکۆکیە دەرونیەکانی ڕژێمی سەرمایەداریەوە. ئەم پوکانەوە ئابوریە نوێیە ساڵانێکە لە حاڵەتی شکڵگیریدایە و ڕووەو ئەوە دەڕوا کە مەترسیدارتر بێت. بورژوازی لەڕێگەی چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران وادەکات ئەوان باجی ھەڵەکانی ئەو بدەن. ئایا ئەم ھێرشە پێچەوانەیەی بورژوازی ھەموو ئەو کێشمەکێش و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە تێکدەشکێنێ کە لە چەند مانگی ڕابرادووەوە لە جیهاندا (شیلی، بولیڤیا، جەزائیر، عێراق، فەرەنسا و لوبنان و ووڵاتانی تردا) چالاکن؟

لەوانەیە کۆتایی قەیرانەکە بەوە بنەخشێت کە پارسەنگی جیۆ ستراتیژی نێوان زلھێزە جیھانیەکان بگۆڕێت. بێگومان ئەم ماوەیە بۆ ڕابەرانی بورژوازی هەلێکی نایابە بۆ دووبارە شکڵدانەوە بە پەیکەرەی سیستمی سەرمایەداری و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ بەدەستھێنانی قازانج. ئەو ڕەچەتانەی خراونەتەڕوو بۆ ڕزگارکردنی سەرمایەداری پێکھاتەکانیان پێشتر لەئارادابوون وەیان لە شکڵگیریدا بوون وەک داھێنانە دیجیتاڵیەکان بۆ توندکردنەوەی چەوساندنەوە (بەکارھێنانی ژیری دەستکرد بۆ سەروساماندان بە کار)، زیاد کردنی سەعاتەکانی کار و نەرمونۆڵی لە وەختی کارکردندا، دەرامەتێکی گشتی کەم بەرامبەر دەستبەردار بوون لە کاری جێگیر، گواستنەوەی کارگەکان، گەشەپێکردنی “سەرمایەداری سەوز” بە کۆمەک وەرگرتن لە شۆرینی سەوز ،..ھتد. دەرھاویشتەکانی ئەم قەیرانە ھەر چیەک بێت، زۆر سەختە چینی کرێکار لەژێرباریدا بێتەدەرەوە گەر ھەر لە ئیستاوە رێگەیەک نەدۆزیێتەوە بۆ دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی.

چینی کرێکار دەست پێشکەری کردوە لە چوارچێوەی ھاوپشتیەکی بنەرەتیدا وەک (دابەش کردنی خۆراک و شتو مەک …)، ھەروەھا لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی سەرمایەداراندا وەک (مانگرتن، وەستاندنی بەرھەمهێنانی ناپێویست، خەبات دژی بەرزبونەوەی نرخەکان و کرێ خانوو، هتد)، وەیان دەست پێشکەری کاری شۆڕشگێڕانە (ی وەک دەستبەسەراگرتن و کونترۆڵ کردنی بەرھەمھێنان لەلایەن کرێکارانەوە،….ھتد ).

ئەم بەرەنگاربوونەوانە دژ بە ھێرشی سەرمایەداران کە هەندێ جار بەھێز و هەندێ جار لاواز بەپێی پارسەنگی هێز و دۆخی ناکۆکیە چینایەتیەکان و جێگەوڕێگەیان، ئێستا پێویستە بچنە ئاستێکی نێونەتەوەیی لە هێرشێکی پێچەوانەدا بۆسەر بورژوازی.

ھۆکارەکانی ئەم قەیرانەی ئێستا بەشێوەیەکی دروست دەستنیشانکراوە کە ئەویش شکستی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەوڵەتەکان و دامەزراوە سەروو دەوڵەتیەکان و  ھێزی کۆمپانیا جیھانیەکان و بەشێوەیەکی گشتی گڵوبالیزمی سەرمایەداریە. ھەندێ لە ڕێکخراوەکانی چینی کرێکار بەهاوکاری ڕێکخراوە سەرمایەداریەکان، چەند ڕێکارێک دەخەنەڕوو بۆ پاراستنی کرێکاران و ئەمە دادەنێن بەوەڵامێکی گونجاو. بەڵام لە ھەموو حاڵێکدا مانای سیاسی ئەم ھەنگاوانە زیانبەخش و دراماتیکین بۆ کرێکاران و دەرگا دەکەنەوە بەڕووی ناسیونالیزمدا. جا لەوانەیە ماسکی سیاسەتێکی پێشکەوتنخوازانە بپۆشن لە چوارچێوەی سۆشیال – دیموکراتیدا، یان بە پێچەوانەوە، لەوانەیە کارگەلێک بن کە حکومەتێکی نەتەوەیی و سەرکوتگەر ئەنجامیانبدات. هەرچۆنێک بێ لەباری عەمەلیەوە ئەو ڕێکارانە دەبنە تاوسەندنی پێشبڕکێ لە نێوان چینە زەحمەتکێشەکانی هەر وڵاتێک و نێوان دەوڵەتانیش.

بە لابردنی سنوورەکان، کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی داھاتوو لەسەر ھاوکاری و ئاڵوگۆڕ لەسەر ئاستی جیھان دادەمەزرێت، ئەوەیش بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیەکانی ھەموو مرۆڤایەتی نەک ھی کەمایەتیەک.

لە دەستبەکاربوونماندا لەناو کێشمەکێشی چینایەتیدا پێویستە ئەمانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین:

  • لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەوڵبدەین بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ چینی کرێکار، بەئارامی بەڵام نەخشەمەندانە، بۆ ئامادە کردنی کرێکاران بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی ئاگاھانە. دەستبەکاربین لەناو خەباتی ڕۆژانەی کرێکاراندا بۆ داواکاریە هەنوکەییەکانیان و بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سیاسی جەماوەری بە توانا بۆ ڕوخاندنی سەرمایە و هێنانەدی ئاڵوگۆڕی سۆشیالیستیانەی کۆمەڵگە.
  • لەسەر ئاستی جیھانیش، کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی ھاوپشتی و یەکخستنی ھەوڵە سیاسیەکانی چینی کرێکار لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، بە ئامانجی ڕوخاندنی سەرمایە.

٢٣/٥/٢٠٢٠

 

 

 

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦