ده‌ستپێکه گشتیـیه‌کان و ته‌وه‌ره سه‌ره‌کیـیه‌کانی به‌رنامه‌ی کاری سیاسیمان
له ڕێی ئه‌م به‌یاننامه‌وه ده‌ستپێشکه‌ری پێکهێنانی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی به‌ناوی “ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی له عێڕاق” ڕاده‌گه‌یه‌نین و به‌رده‌وام ده‌بین له خه‌باتماندا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا. له چوارچێوه‌ی ئه‌م ئامرازه خه‌باتکارانە و ئه‌م شێوازه ڕێکخراوه‌یـیه کۆمۆنیستیـیه‌دا کا‌ر ده‌که‌ین وه‌ک ڕه‌وتێک به‌ره‌و پێکهێنانی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری تاکو به‌ستنی کۆنگره‌ی دامه‌زرێنه‌ری حزب له داهاتوویه‌کی نزیکدا.
ده‌ستپێکه گشتیـیه‌کان
- ئامانجی ڕاسته‌وخۆ و هه‌رئێستای خه‌باتگێڕان، نوێنه‌رانی چینی کرێکار و بێبه‌شان و به‌زۆر هه‌ژارکراوان ئه‌مڕۆ له عێڕاقدا ئاڵوگۆڕی سیاسیـیه، ئاڵوگۆڕی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و ده‌سەڵاتی سیاسیـیه، به‌ڵام ئه‌و کاره ڕونادات به‌بێ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست.
- چینی باڵاده‌ست له عێڕاق، به‌ده‌ر له ئاستی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، چینی بۆرژوازیـیە و پێکهاتووه له توێژگه‌لێک، ئۆلیگاریشی فاینانس (پوڵی)، بیرۆکراسیـیه‌کی باڵا که وه‌زاره‌ته‌کان و ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، گه‌وره سه‌رمایه‌داران له بازرگان و پیشه‌سازان که ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر ئابووریدا و به‌رپرسه سیاسیـیه‌کان که بڕیاری سیاسی و ئابووری و ئاڕاسته ئابووریـیه‌کانیان گرتۆته‌ده‌ست و مۆنۆپۆڵیان کردووه، هه‌روه‌ها ده‌سته و تاقمه جیاوازه‌کانی تری بۆرژوازی که خاوه‌نی هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕن و خاوەندارانی عەقارات و سەرکردەی هێزە میلیشیاکان و مەڵبەندە ئاینیـیە بڕیاربەدەستەکان.
- کۆمه‌ڵگا له عێڕاقدا کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌رمایه‌داریـیه، هه‌موو ژیانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فکری له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌یوه‌ندی سه‌رمایه و په‌یوه‌ندیـیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی فراواندایه و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دا ده‌ژی، سه‌رمایه‌یه‌ک که یاساکانی حه‌ره‌که‌تی ملکه‌چی سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵی جیهانیـیه، شێوازی ماتریالیزه‌بوون و کاری ئه‌و یاسایانه له عێڕاقدا ئه‌و شێوازه له حوکمڕانی سیاسی بۆرژوازی قه‌ومی و ئیسلامی و شێوازی گوزه‌ران و ژیانی چینه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کان ده‌سه‌پێنێ. ئه‌و قه‌یرانه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه و ئه‌و بارودۆخه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی له عێڕاقدا تێیدا ده‌ژی، به‌رهه‌می ئه‌و په‌یوه‌ندیـیه‌یه، هه‌ربۆیه وه‌ڵامدانه‌وه به‌قه‌یرانه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌نجام نادرێن به بێ ئه‌وه‌ی خاڵی ده‌ستپێک له ڕه‌خنه‌ی عه‌مه‌لی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی سه‌رمایه و ڕۆڵی سه‌ره‌کی چینی کرێکار له ده‌ستنیشان کردنی چاره‌نوسی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگا ده‌ست پێ نه‌کات.
- وه‌ڵامدانه‌وه به قه‌یرانی هه‌ر ئێستای کۆمه‌ڵگا و ئه‌و بارودۆخه تراژیدیایه‌ی که ئه‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌یه و سه‌پاندنی سیاسه‌ته‌کانیه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌کانی ژیان، به‌بێ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار و گۆڕینی بنه‌مای سیستمی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌نجام نادرێ، ئه‌وه‌ش به مانای دامه‌زراندنی ڕێکخستنی سۆشیالستی کۆمه‌ڵگا. سۆشیالزم وه‌ڵامه بۆ هه‌موو کاره‌سات و قه‌یرانه‌کانی سه‌رمایه‌داری له جیهان و له عێڕاقدا وه‌ک وڵاتێکی سه‌رمایه‌داری ملکه‌چی یاساکانی سه‌رمایەداری.
- سیاسه‌ته‌کان و ستراتیژیه‌تی ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته ڕۆژئاوایـیه‌کانی هاوپه‌یمانی، و هاوپه‌یمانه ناوچه‌یـیه‌کانیان و جه‌نگیان دژی عێڕاق بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیـیه جیۆ-سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیـیه‌کانیان، به‌تایبه‌ت له‌م سێ ده‌یه‌ی دواییدا، عێڕاقیان کردۆته مه‌یدانێکی جه‌نگه کاره‌ساتباره‌کان و گه‌مارۆی ئابووری وێرانکه‌ر و کوشتارگای هێزه تیرۆریسته‌کانی چەشنی (قاعیدە) و (داعش) و ئەوانی تر و شه‌ڕی به‌وه‌کاله‌ت، که بوونه مایه‌ی قوربانی پتر له یه‌ک ملیۆن که‌سی بێ‌تاوان له دانیشتوانی عێڕاق. ئه‌م سیاسه‌ت و ستراتیژ و شه‌ڕه کۆنه‌په‌رستانەیە، وه ڕاده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و کاری کۆنتڕۆڵکردنی جه‌ماوه‌ر و چاره‌نوسه‌که‌ی، لە (٢٠٠٣)وە، بۆ ژێرده‌ستی تاقم و حزبه کۆنەپەرستەکانی ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالسته‌کان و میلیشیاکانیان، گورزی کوشنده و یه‌ک له دوای یه‌کی وه‌شاندوه لە بنه‌ما مه‌ده‌نیـیه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ژیان و چاره‌نوسی جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و به‌هه‌ژ‌ارکراوان، وه به‌تایبه‌تی ژنان که بوونه‌ته قوربانی یه‌که‌می ئه‌م شاڵاوه ئیمپریالیستیـیه وه‌حشیه. نەوە یەک لە دوای یەکەکانی منداڵان و لاوان، بە تایبەت ئەوانەی کە لە خیزانە کرێکاریـیەکان و زەحمەتکێشان و بەزۆر هەژارکراوانن، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ژیانیکی کولەمەرگی و بێبەشی و نەداریان بە سەربردووە و بە سەدها هەزاریان بونەتە قوربانی تراژیدیای ئابلوقەی ئابووری و جەنگ و تیرۆر.
- ئه‌مڕۆ عێڕاق له قه‌یرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕوو له‌سه‌ری فراوان و قوڵدا ده‌ژی، که خۆی له به‌هه‌ژارکردنی زۆر که‌رتی فراوان له جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و بێبه‌شکردنیان له خزمه‌تگوزاریـیه گشتیـیه‌کان له بواری خوێندن و ته‌ندروستی و پێدانی ئاو و کاره‌با و خزمه‌تگوزاریـیه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه پێویسته‌کاندا دەبینێتەوە، هه‌روه‌ها له فراوان بوونی بێکاریه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر و که‌می هه‌لی کا‌ر له‌نێو لاوان‌دا به کوڕ و کچه‌وه ده‌بینێته‌وه. ئه‌م قه‌یرانه به‌ره‌نجامی ڕوو له زیاد بوونی ناکۆکیـیه‌کانی سه‌رمایه‌داریـیه له عێڕاق و میکانیزمی کاره‌کانی و سیاسه‌ته نیولیبراڵیـیه ئابوریـیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌وته کانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیسته بۆرژوازیـیه‌کان و میلیشیاکانیان و گه‌نده‌ڵی مالی و ئیداری و شتی تر. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕژێمه سیاسیـیه‌ی ئێستا هه‌ر له بناغه‌وه قه‌یراناویـیه چونکه کێشمه‌کێشێکی له‌چاره‌نه‌هاتوو لەنێو ڕه‌وته‌کانی و هێزه‌کانی و باڵه‌کانیدا ده‌گوزه‌رێ له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌ومی و تایفه‌گه‌ری به‌جۆرێک بوونی ئه‌و ڕژێمه خۆی وه به‌رده‌وامبونی، به مانای به‌رده‌وامی نه‌بوونی ئاسایش بۆ جه‌ماوه‌ر و به‌رز بوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی قه‌یرانه‌که و زیاد بوونی ئاستی گه‌نده‌ڵی و ئازاره‌کانی جه‌ماوه‌رە. هه‌روه‌ها هه‌وڵی ڕه‌وته‌کانی ئیسلامی سیاسی و ده‌سه‌ڵات بۆ به ئیسلامی‌کردنی کۆمه‌ڵگا، به‌زه‌بری چه‌ک و ده‌رکردنی یاسا و خه‌رجکردنی ملیاره‌ها دۆلار له‌و پێناوه‌دا، ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی خواست و ئاواته‌کانی جه‌ماوه‌ر ده‌بێته‌وه به‌تایبه‌ت لاوان و قوتابیان و نه‌وه‌ی نوێ که تینوی ئازادی و چێژ وەر‌گترنن له ماف و ئازادیـیه فه‌ردی و مه‌ده‌نیـیه‌کانی هاوچه‌رخ.
- کارکردی ئه‌م قه‌یرانه سیاسیـیه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه ئابوریـیه ڕۆشنبیریـیه خنکێنه‌ره ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له‌سه‌ر چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ر، وه بۆته هۆی به‌رپابوونی خه‌باتی ئابووری کرێکاری به‌رده‌وام و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری لاوانی نیمچه به‌رده‌وام له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات به‌ڕووی بێ‌کاری و هه‌ژاری و بارودۆخی مه‌وجود و ته‌نگه‌به‌رکردنه‌وه‌ی ئازادی و که‌می خزمه‌تگوزاریـیه‌کان، که ئه‌مه خۆی ده‌بێته زه‌مینه‌یه‌ک بۆ هه‌ر ڕاپه‌ڕینێکی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ کۆتایهێنان به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا و کۆتایهێنان به‌م ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌وایه. ئه‌وه‌ی که ئه‌م خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیـیانه پێویستیان پـێـیه‌تی، و له‌به‌رده‌ستیان نیـیه تا ئه‌م ساته وه‌خته، تا بڕۆن به‌روپێش به ڕاستای هێنانه کایه‌ی قه‌یرانێکی شۆرشگێڕانه و به‌دیهێنانی ڕاپه‌ڕینێکی شۆڕشگێڕانه بۆ کۆتایهێنان به‌م ڕژێمه‌ی ئێستا و ده‌رد و مه‌ینه‌ته‌کانی ئه‌م بارودۆخه به قازانجی جه‌ماوه‌ری کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و هه‌ژارکراوه‌کان، کارکرد و نه‌خشی سیاسی و سه‌ربه‌خۆی چینی کرێکاره و ڕۆڵی ڕه‌وتی مارکسی و کۆمۆنیستی چالاکه له ڕێکخستن و ڕابه‌ریکردنیدا. جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزی ناڕه‌زایه‌تیـیه‌کان و خه‌باته کرێکاری و جه‌ماوه‌ریـیه‌کان له ئامانج و ئه‌جیندا و ئاسۆی هێز و ڕه‌وته بورژازیـیە کۆنه‌په‌رسته دینی و تایفی و عه‌شایری و قه‌ومی و ڕیفۆرمیسته جۆراوجۆره‌کان و سیاسه‌ته عه‌مه‌لیەکانیان، به‌شێکه له به‌جێهێنانی ئه‌م پێشڕه‌ویـیه به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی بارودۆخێک و قه‌یرانێکی شۆڕشگێڕانه له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا.
- لاوازی ڕۆڵ و نه‌خشی سیاسی چینی کرێکار و زه‌حمه‌تکێشان و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵ ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چینی کرێکار ده‌خاله‌تی نه‌کردوه، له مشتومڕی سیاسی بەڕووی بورژازی، وه‌ک چینێک که سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی و به‌دیلی سیاسی خۆی هه‌بێ بۆ کۆمه‌ڵگا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ناڕه‌زایه‌تیـیه کرێکاریـیه‌کان و بزوتنه‌وه داخوازیـیه کانیان به‌رده‌وامه، به‌ڵام نه‌یانتوانیووه ڕۆڵی خۆیان بگێڕن به ڕاستای به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌کانیان وه‌ک چینێکی سه‌ربه‌خۆ و “بۆخۆی” چونکه به هۆی بێ‌توانا بوونیانه‌وه له به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی سیاسه‌تێکی سۆشیالستی بۆخۆی وه‌ک چینێک، وه بۆ کۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی. ئه‌م لاوازیـیه په‌یوه‌ندیـیه‌کی ته‌نگاته‌نگی هه‌یه به گه‌شه‌نه‌کردنی بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و هێزه سۆشیالسته‌کان له کۆمه‌ڵگادا.
- لاوازی ڕۆڵی ژنان له ژیانی سیاسی‌دا کاریگه‌ریـیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر بۆدواوه‌چونی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی و چه‌پ به‌گشتی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنان بە شێوەیەکی تایبەت. دروشمی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی به‌هێز و توانا بوونی نیـیه بێ بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕووله‌سه‌ری ڕزگاریخوازی ژنان، وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕووله‌سه‌ری ڕزگاریخوازی ژنان بوونی نیـیه به‌بێ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی سۆشیالیزم، ده‌سته‌واژه و دروشمێکی دروسته و به‌رهه‌می ئه‌زمونی مێژوویی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالستی و بزووتنه‌وه‌ی ژنانه له جیهاندا. ئێمه پێمان وایه هاتنه ناوه‌وه‌ی ژنان له خه‌باتی سۆشیالستیدا پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کیـیه له پایه‌کانی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌که، هه‌روه‌ها خه‌باتی ئێستای ژنان له کۆمه‌ڵگادا به ڕاستای ڕزگاربوون، لقێکی سه‌ره‌کیـیه له لقه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالستی و خه‌باتی سۆشیالستی، وه به‌ده‌وری خۆی ڕیشه‌داکوتانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی ژنان و گه‌شه‌پێدانی ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی ئێمه‌یه و به‌شێکه له ئه‌رکه‌کانی دامه‌زراندنی ڕه‌وتی سۆشیالستی له کۆمه‌ڵگادا.
- چینی کرێکار ده‌سته‌یه‌ک یا توێژێک نیـیه هاوشانی ده‌سته و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کانی تر، به‌ڵکو چینێکی کۆمەڵایه‌تیـیه که ڕزگاربوونی خۆی وه‌ک چینێک به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕزگاربوونی کۆمه‌ڵگا له سیستمی چینایه‌تی بۆرژوازی، هه‌ربۆیه به‌رژه‌وه‌ندی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵگا و ده‌رچونی له‌م قه‌یرانه، گرێدراوه‌ته‌وه به خه‌باتی شۆڕشگێڕانه و ڕزگاریخوازانه‌ی ئه‌و چینه‌وه، به‌ڵام مه‌رجی بوونی چینی کرێکار به هێزێکی سیاسی له کۆمه‌ڵگادا به‌نده به هه‌ڵکشانی خه‌باتی ئابوری و سیاسی و فکری ئه‌و چینه بۆ خه‌باتێکی چینایه‌تی کرێکاریی سۆشیالستی، بۆ خه‌باتێکی سیاسیی چینایه‌تی کرێکاری به‌ڕووی چینی بۆرژوازی و حزبه سیاسیـیه‌کانیان و به‌ڕووی ده‌وڵه‌ت وه‌ک ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی چینی باڵاده‌ست. له‌م ڕێڕه‌وه‌دا، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سیاسی سۆشیالستی له ڕوانگه‌ی گه‌شه‌ی کێشمه‌کێشی چینایـیه‌تی کرێکاری به‌و گیروگرفته سیاسیـیانه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ده‌وریدا پۆڵاڕیزه‌بووه، ئه‌رکێکی سیاسی ده‌ستبه‌جێی ئێمه‌یه.
- ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی پێویستی به ڕێکخستنی ڕه‌وتی کۆمۆنیستی و بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیـیه له چوارچێوه‌ی حزبێکی سیاسی پرۆلیتاری فراوان و ده‌خاله‌تگه‌ر و په‌یوه‌ست به جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و چه‌وساوه‌کان و خه‌باتیانه‌وه. حزبێکی له‌و جۆره، خاوه‌نی ئاسۆیه‌کی سیاسی سۆشیالستی شۆڕشگێڕ، ئه‌وه ده‌توانێ خه‌باتی ئابوری و سیاسی چینی کرێکار و توێژه زه‌حمه‌تکێشه‌کان وا لێ بکات ببنه خاوه‌نی هێز و توانا و ڕێکیان بخات له خه‌باتێکی سیاسی سه‌ربه‌خۆ و کاریگه‌ر بۆ ڕووخانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی و پێکهێنانی حکومه‌تی کرێکاری تاکو ده‌ست به‌رێ بۆ شۆڕشه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌که‌ی بۆ ڕووخانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری مه‌وجود و هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆمۆنیستی، ئازاد و یه‌کسان.
- ڕه‌وته سۆشیالست و کۆمۆنیسته‌کان له عێڕاقدا نه‌یانتوانیوه ئامرازێکی خه‌باتگێڕانه دابین بکه‌ن بۆ چینی کرێکار و سیاسه‌تێکی سۆشیالستی که په‌یوه‌ندیـیه‌کی فیعلی هه‌بێ به خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاری و گه‌شه‌پێدانی بخەنەروو. هه‌روه‌ها لاوازی ڕه‌وتی سۆشیالستی له‌ناو چینی کرێکاردا بۆته خاڵێکی لاوازی سه‌ره‌کی له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار و له بوونی چه‌پ و بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالستی له‌سه‌ر ئاستی خودی کۆمه‌ڵگه‌ش.
- پێویستی بوونی نوێنه‌ری سیاسی سۆشیالزمی زانستی که دیدگاکه‌ی له ڕێبازی (مه‌نهه‌جی) مارکسی وه‌رگرتبێ و پشتی به‌ستبێ به مارکسیزم وه‌ک مه‌نهه‌ج و تیوری شۆڕشگێر، مه‌سه‌له‌یه‌کی واقعیـیه و زه‌روره‌ته‌که‌ی له وه‌ڵامدانه‌وه به کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ژیانه‌وه هاتووه. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی ڕه‌وه‌ندی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی چینی کرێکار زه‌روره‌تی گه‌شه‌ی ڕه‌وتی مارکسی له‌ناو ئه‌و چینه‌دا ڕووی له زیادبوونە، ئه‌م زه‌روره‌ته له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا به پێداگریـیه‌کی زۆره‌وه ڕه‌نگیده‌داته‌وه. ئاڵقه‌ی لاوان و قوتابیانی مارکسی بوونیان هه‌یه، ئه‌وان به شێوه‌یه‌کی گشتی و له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌وه له ناوەندکانی چینی کرێکاره‌وه هاتون، ئه‌م ئاڵقانه به به‌رده‌وامی گه‌شه ده‌که‌ن له عێڕاق و کوردستان وه به‌دوای یه‌کخستنی خه‌باتیانه‌وه‌ن له تریبیونێک و نوێنه‌رێک بۆ مارکسیزم و کۆمۆنیزمی پرۆلیتاری ڕه‌خنه‌گر له ڕه‌وته ڕیفۆرمیسته‌کان و سازشکاران و ناسیۆنالیسته‌کان و “نیشتمانپەروەره‌کان” که به‌ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمه‌وه ده‌دوێن. ئێمه پێمان وایه که چه‌ندین له‌و ڕه‌وتانه‌ی له عێڕاقدا هه‌ن به‌رده‌وامی به بوونیان ده‌ده‌ن لە ڕێگای قسه کردن به‌ناوی سیاسه‌تی سۆشیالستی و به‌ناوی مارکسییه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه جوابگۆی پێکهێنانی ئامرازێکی خه‌باتکارانه بن به‌ده‌ست چینی کرێکاره‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کگرتن به‌ده‌وری پڕەنسیپه مارکسیـیه شۆڕشگێره‌کان و به‌جێهێنانیان له ئه‌رزی واقیعدا له‌ئاست کێشه و گرفته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیزمی هاوچه‌رخ. ئێمه پێمان وایه ڕه‌وته‌که‌مان هه‌نگاوێکه به‌ڕاستای نوێنه‌رایه‌تی کردنی سیاسه‌تی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و سۆشیالزمی زانستی و ئه‌زمونی مێژوویی چینی کرێکار له عێڕاق و جیهان.
- خه‌باتی کرێکاری به ڕووی سه‌رمایه په‌یوه‌ندی هه‌یه به ژیانی چینی کرێکار و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی دژ بە چه‌وسانه‌وه، وه خه‌باتی تیۆری به ڕووی بۆرژوازی به هه‌موو شکڵ و شێوه و ئایدیۆلۆژیه‌کانیـیه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی بابه‌تی و پێویسته و به‌شێکه له خه‌باتی هۆشیارانە دژی سه‌رمایه، وه خه‌باتی تیۆری له‌ناو چه‌پ و ڕه‌وته سۆشیالسته‌کاندا به‌شێکه له خه‌باتی سۆشیالستی.
- بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و حزبه‌که‌ی، له دیدگای ئێمه‌وه، بابه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیـیه و به‌شێکه له دینامیزمی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری له کۆمه‌ڵگادا. بۆیه ئێمه نه فیرقه‌یه‌کی حزبی و نه فیرقه‌یه‌کی فکری سیاسی و ئایدۆلۆژی بێخه‌وش و دابڕاو له کۆمه‌ڵگا نین که به‌دوای خاوێنی فکری و تیوریدا بگه‌ڕێـین. بۆ ئێمە تیۆری و ڕه‌خنه و ته‌حه‌زوب و ئامرازه خه‌باتکاره‌کانی مانای چینایه‌تی و مادی هه‌ستپێکراویان هه‌یه. کۆمۆنیزم ڕه‌وتێکی سیاسی و فکری و بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیـیه، وه حزبی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری حزبێکه په‌یوه‌سته به‌م بزووتنه‌وه‌یه و سه‌ربه‌خۆیی چینی کرێکار له ڕووی سیاسی ئه‌نجام ده‌دا و شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار ڕێکده‌خا و ڕابه‌ری ده‌کا به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن. کۆمۆنیزم ڕه‌خنه‌ی فیعلی کرێکاره به‌دژی سه‌رمایه‌داری، وه به‌م مانایه شتێک نیه جگه له ڕه‌وتێکی سیاسی و فکری دیاریکراوی جیاواز لە ڕەوتەکانی تر، کە سه‌ر به چینی کرێکارە و ڕه‌خنه‌ی فیعلی ئه‌وە له سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیستمێکی چینایه‌تی ناکۆک و دژبه‌یه‌ک.
ته‌وه‌ره سه‌ره‌کیـیه‌کانی به‌رنامه‌ی کاری سیاسیمان:
- “ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی له عێڕاق” ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی کرێکاریـیه، به‌رنامه فکری و سیاسیـیه‌که‌ی مارکسیـیه و هه‌ڵقوڵاوی “مانیفێستی کۆمۆنیست”ه، خه‌بات ده‌کا له‌پێناو ڕێکخستن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار بۆ ڕووخاندنی سه‌رمایه‌داری و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆمۆنیستی، کۆمه‌ڵگایه‌ک ئازادی و یه‌کسانی تێدا به‌رقه‌رار بێت.
- ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی ئینترناسیونالسته، خه‌بات ده‌کا له‌پێناو یه‌کخستنی خه‌باتی ئیترناسیونالستی چینی کرێکار و به‌دیهێنانی ئامانجه کۆمۆنیستیـیه جیهانیـیه‌کانی و به‌رگری ده‌کا له به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌کانی چینی کرێکار له‌ئاستی جیهانیدا. ده‌سته‌یه‌که له ده‌سته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و کرێکاری ئازادیخوازی جیهانی.
- ڕووخاندنی سیستمی سه‌رمایه‌داری و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیستی، که کرۆکی ئامانج و به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌یه، له ڕێگای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن پرۆلیتاریا و بنیاتنانی حکومه‌تی کرێکاری به‌دیدە‌هێنرێت. خه‌بات ده‌که‌ین له پێناو خۆڕێکخستنی چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش له شورا کرێکاریه‌کان و شورای جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشان بۆ به‌دیهێنانی ئیراده‌ی سیاسیـیان و دامه‌زراندنی پایه‌کانی حکومه‌تی کرێکاری و بنیاتنانی سۆشیالزم له‌ڕێگای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌که‌یان. کۆتایی هێنان به ڕژێمی سیاسی بۆرژوازی قه‌ومی و ئیسلامی ئێستای عێڕاق هه‌نگاوی یه‌که‌مە له ڕێڕه‌وی خه‌باتی سیاسی چینی کرێکار به‌ره‌و دامه‌زراندنی سۆشیالیزم.
- یه‌کگرتویی ئایدۆلۆژی پرۆلیتاریای خه‌باتکار له‌سه‌ر بنه‌مای پڕەنسیپه مارکسیستیـیه‌کان و داڕشتنی پەیکەرەی (هه‌یکه‌لی) ئه‌و یه‌کگرتویـیه له حزبێکی سیاسی کۆمۆنیستیدا ده‌بێته چه‌کی پێویستی ده‌ستی چینی کرێکار له خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراندنی حکومه‌تی کرێکاری. دامه‌زراندنی حزبێکی مارکسی کرێکاری شۆڕشگێر، به‌رفراوان و کۆمه‌ڵایه‌تی و له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵقوڵاو له‌نێو ڕیزه‌کانی پرۆلیتاریا بۆ ڕێکخستن و ڕابه‌ریکردنی خه‌باتی چینایه‌تی کرێکار، بۆ ڕزگاری خۆی و کۆمه‌ڵگا به‌گشتی له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌ی مۆنۆپۆڵی، بۆ ڕزگاری له کۆیلایەتی کاری به‌کرێ، نه‌ک ته‌نیا کارێکی مومکینه له عێڕاقدا وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌رمایه‌داری، به‌ڵکو کارێکی پێویسته بۆ یه‌کڕیزی بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا و گه‌شه‌پێدانی توانای خه‌باتکارانه‌ی له‌مڕۆدا. پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری وه‌ک ئامرازێکی خه‌باتی حزبی کۆمۆنیستی، ئامانجێکی ده‌ستبه‌جێی ئێمه‌یه.
- خه‌باتی تیۆری به پشتبه‌ستن به ڕێبازی (مه‌نهه‌جی) مارکس و تیۆریـیه شۆڕشگێڕیـیه‌که‌ی لایه‌نێکه له لایه‌نه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی پرۆلیتاریا. ئێمه وه‌ک ڕێکخراوێک، به به‌رده‌وامی ته‌جسیدی ئه‌و خه‌باته ده‌که‌ین له هاندان و دیعایه‌ی سیاسی له‌پێناو دابینکردنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و فکری چینی کرێکار له مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تیدا که له‌ناو کۆمه‌ڵگادا له ئارادایه.
- به‌هێز کردنی چینی کرێکار له‌ڕووی سیاسیـیه‌وه و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسیان وه‌ک چینێک له گشت بواره‌کانی کێشمه‌کێشی چینایه‌تیدا به‌ڕووی چینه‌کاتی تر و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیـیه‌کانی و حزب و ڕه‌وته سیاسی و فکریـیه‌کانیان، وه له هه‌موو قۆناغ و وه‌رچه‌رخانه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کاندا که کۆمه‌ڵگا پێیدا تێده‌په‌رێ، ئه‌رکێکی ده‌ستبه‌جێی ئێمه‌یه و پێداگری له‌سه‌ر ده‌که‌ین. وه‌ڵامدانه‌وه به گرفته‌کانی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی کرێکاران له ڕووی سیاسی و فکری و ڕێکخراوه‌یی، وه گرفته فکریـیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنستی له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگا، ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تی ئێمه‌یه له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه و به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنستی و کرێکاری له عێڕاق و ناوچه‌کەدا.
- خه‌باتی ئابوری بۆ چینی کرێکار لایه‌نێکه له لایه‌نه‌کانی خه‌باتی چینایه‌تی کرێکار. به‌هه‌موو هێزمانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و خه‌باته و کا‌ر ده‌که‌ین له‌پێناو یه‌کگرتنی خه‌باتی کرێکاران و یه‌کڕیزیـیان و ڕێکخستنیان له ڕێکخراوه کرێکاریـیه جه‌ماوه‌ریـیه‌کاندا. به‌هێزکردن و گه‌شه‌پێدانی ڕێکخراوه کرێکاریـیه جه‌ماوه‌ریـیه‌کان له شوراکان و سه‌ندیکاکان وه هه‌موو شێوازه جیاکانی کۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زیـیه جه‌ماوه‌ریـیه‌کان وه یه‌کگرتنی ڕیزی خه‌باتیان، ئه‌رکێکی بنه‌ره‌تی ئێمه‌یه بۆ به‌هێز کردنی خه‌باتی کرێکاران له که‌رت و شوێنه جیاوازه‌کاندا.
- بەرگریکردن لە یەکـێـتی خەباتی چینی کرێکار دژی بۆرژوازی و بەهێزکردنی ئەم یەکـێـتـیـیە لە سەر ئاستی هەموو عیراق و بەرگری لە بەرژەوەندیـیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی سۆسیالیستی و ئینتێرناسیونالیستی پڕۆلیتاریا لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان ئەرکێکی بناغەیی و دەستبەجێی ئێمەیە. هەر لەم ڕاستایەدا، ڕاوەستانەوە بە رامبەر ئاسۆ و سیاسەت و ئایدیۆلژیای بورژوا ناسیۆنالیست و ئایـینی و تایفەگەری و ڕەگەزپەرست و هەموو باڵەکانی بۆرژوازی بە ڕاست و چەپـیەوە، کە دووبەرکایەتی و پەرژوبڵاوی لەنێو ڕیزەکانی پڕۆلیتاریا و خەباتی یەکگرتووی ئەودا دەخۆڵقینن، ئەرکێکی دەستـبەجێی ئێمەیە.
- هه‌موو ڕه‌وت وحزب و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی کاریان ده‌کرد و ئێستاش کارده‌که‌ن له ژێر ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم، وه‌ک کۆمۆنیزمی بۆرژوازی قوتبی “سۆڤیه‌تی” و ستالینیزم، کۆمۆنیزمی “چینی” و ماویزم و جیهانسێهه‌می و لقه جیاوازه‌کانی، ئیڕۆکۆمۆنیزم و ڕه‌وته‌کانی باڵی چه‌پی بۆرژوازی قه‌ومی و “نیشتمانپەروەر” و حزب و ڕێکخراو و ڕه‌وته فکریـیه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالستی و “نیشتمانپەروەر”، لە ژێر هەر ناو و پەرچەمیکدا بن، به‌لای ئێمه‌وه ڕه‌وت و حزبی بۆرژوازین، ئه‌وانه نا‌کرێکاری و نا کۆمۆنیستن له‌ڕووی ئاسۆ و ئامانج و به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیـیانه‌وه. هه‌روه‌ها به‌لای ئێمه‌وه، ڕه‌وتی چه‌پی پۆپۆلیست و چه‌پی ڕادیکاڵی په‌راوێزگرتوو وه ئه‌وانه‌ی هاوشێوه‌یانن، ڕه‌وتی ناکرێکارین و سه‌ر به ده‌سته و تاقمی وورده بۆرژوازین له ڕۆشنبیران و ناڕازیان له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا که به‌ناوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمه‌وه کارده‌که‌ن. هه‌ندێک له ڕه‌وته مارکسیـیه شۆڕشگێره‌کان سنوری خۆیان دیاریکردوه له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌م کۆمنیزمی بۆرژوازی و وورده بۆرژوازیـیە له ده‌یه‌کانی ڕابردوودا، به‌ڵام مه‌نسور حیکمه‌ت و” کۆمۆنیزمی کرێکاری”، به‌تایبه‌تی، سنوری جیاکه‌ره‌وه‌ی خۆی کێشاوه له نێوان خۆی و هه‌موو ئه‌و ڕه‌وته بۆرژوازی و وورده بۆرژوازیانەدا، وه ئێمه ئه‌وه به به‌شێک له ده‌ستکه‌وته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی مارکسیستی و کۆمۆنیستی ده‌زانین. خه‌باتی فکری و سیاسی دژی ڕه‌وته فکری و سیاسی و حزب و ڕێکخراوه ناکرێکاریـیه‌کان، ئه‌وانه‌ی ڕێگرن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوی کرێکاران به‌ناوی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمه‌وه، به‌کارێکی بنه‌ره‌تی و بەردەوامی خۆمانی ده‌زانین.
- خه‌باتی شۆڕشگێرانه له پێناو ڕزگاری ژن و به‌دیهێنانی یه‌کسانی ته‌واو له‌گه‌ڵ پیاو و کۆتایی هێنان به سەرکوت و لابردنی سته‌م له‌سه‌ری ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تی ئێمه‌یه. له‌ناوبردنی سه‌رکوت و سته‌می سەدەکانی ناوه‌ڕاست و پیاوسالاری که سه‌پێنراون به‌سه‌ر ژناندا، له عێڕاق و ناوچه‌کەدا، به شێوه‌یه‌کی شۆڕشگێرانه و ڕیشه‌کێشکردنی ئەو کۆیلایه‌تیـیە ئه‌رکی ده‌سبه‌جێی ئێمه‌یه. خه‌بات ده‌که‌ین له پێناو تێکڕمانی هه‌موو ئه‌و پایانه‌ی ژنانی پێ کۆتوبه‌ند ده‌کرێ و هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ڕزگاری و یه‌کسانیـیان وه‌ک به‌شێک له خه‌باتی سۆشیالیستی شۆڕشگێرانه‌مان بۆ ڕووخانی سه‌رمایه و سه‌رمایه‌داری چونکه به‌شی هه‌ره زۆری سته‌م له‌سه‌ر ژنان و بێمافکردن و زه‌وتکردنی ئازادیـیان ده‌که‌وێته سه‌ر شانی ژنانی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و بێبه‌ش و ته‌ریککراوان. پایه‌دارکردن و به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازی ژنان و ڕێکخستن و گه‌شه‌پێدانی به‌رگری ژنان به‌ڕووی زوڵم و کۆیلایه‌تی له گشت بواره‌کانی ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری له‌سه‌ر ئاستی وڵات، ئه‌رکێکی ده‌ستبه‌جێ و پێ له‌سه‌ر داگیراوی ئێمه‌یه. هه‌روه‌ها خه‌بات ده‌که‌ین و به‌شدار ده‌بین له هه‌موو خه‌باتێکی ژنان دژی هەر زوڵم و زۆریـیەک لە سەریان، و لە بەرگریان لە مافەکان و ئازادیـیەکانیان و یەکسانیان لەگەڵ پیاودا. هەروەها پشتگیری دەکەین لە هەموو خەباتێک لە پیناو نەهێشتنی زوڵم و چەوساندنەوە لەسەر ژنان و باشترکردن و بەدیهینانی ڕیفۆرم لە ژیانیاندا و بەدەستهینانی ماف و ئازادیـیەکانیان.
- خه‌بات له‌پێناو ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌بوونی فیعلی له هه‌موو مه‌یدانه‌کانی خه‌باتی چینی کرێکار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و توێژه چه‌وساوه‌کان بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ڕیفۆرمانه به‌شێکه له ئه‌رکه ده‌ستبه‌جێکانمان. ڕیفۆرم و خه‌بات له‌پێناوی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنیدا جیاناکرێنه‌وه له خه‌باتی شۆڕشگێڕانه له پێناو فه‌راهه‌م هێنانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار، چونکه هه‌میشه په‌یوه‌ندیـیه‌کی ئۆرگانیک هه‌یه له نێوان ڕیفۆرم و شۆڕشدا وه ئێمه کا‌ر ده‌که‌ین بۆ به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیـیه له‌سه‌رجه‌م خه‌باتمان له مه‌یدانی ڕیفۆرمدا.
- جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده و فێرکردن داخۆازیـیه‌کی فه‌وریمانە و یه‌کێکه له ئه‌رکه ڕاسته‌وخۆ و ده‌ستبه‌جێکانی خه‌باتمان.
- پێداگری ده‌که‌ین له‌سه‌ر یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد له کوردستانی عێڕاق به شێوازی ئاشتیـیانه له ڕێگای بەجێگەیاندنی مافی جەماوەر لە کوردستانی عێراق، بە جیابوونەوە و دامەزراندنی دەڵەوتی سەربەخۆ یان مانەوە لە چوارچیوەی عێراقدا بە مافی یەکسانەوە لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتیان، لە ڕێگەی بەرپا کردنی ڕێفراندۆمی گشتی و ئازاد بۆ جەماوەر لە کوردستان. هەڵوێستی ڕەسمی “ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق” سەبارەت بە جیابوونەوە، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەم مافەدا، بە گوێرەی بەرژەوەندیـیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیستی کریکار، بە تایبەت لە کوردستان، دیاری دەکریت.
- ته‌وه‌ره سه‌ره‌کیـیه‌کان بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه و ئه‌و داخوازیـیه ڕیفۆرمیانه له بواره‌کانی ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ جه‌ماوه‌ر، له ژێر ڕۆشنایی ده‌ستکه‌وته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کرێکاری جیهانی و کۆمۆنیزمی شۆڕشگێر و چه‌پی جیهانی، وه له بواره‌کانی له‌ناوبردنی جیاوازی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز و جێنده‌ر و ڕه‌نگی پێست و نه‌ته‌وه و ئایین و ته‌یافه وشتی تر، به‌شێکن له داخوازیـیه‌کانمان. هه‌روه‌ها ئه‌وانه ئاڵای ئێمه‌ن له بزووتنه‌وه داخوازیـیه‌کانی کرێکاران و جه‌ماوه‌ر له خه‌باتدا بۆ داسه‌پاندنی ڕیفۆرم به‌سه‌ر ڕژێمی ئێستای عێڕاق و له بواری ئازادیـیه سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌ردیـیه‌کان، ئازادی باوه‌ڕ یا بێدینی، ئازادی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و ڕێکخراو بوون و ده‌ربڕینی ڕا، مافی ژن و یه‌کسانی بوونی، مافی تاکه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر، چاکسازی له ژیانی چینی کرێکار و بێبه‌شان و به‌زۆر هه‌ژارکراوان، له‌ناوبردنی جیاوازی قه‌ومی و تاییفی و ئاینی، قه‌ده‌غه‌کردنی سزای له‌سێداره‌دان و به‌ندکرنی هه‌تا هه‌تایی، به‌رگری له مافی منداڵان و پارێزگاری کردنیان، پارێزگاری له ژینگه و ئەو ده‌ستکه‌وتانەی تر که ده‌بنه هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی لێوه‌شاوه‌یی ئینسان و یه‌کسانی بوون و ماف و ئازادیـیه‌کانی و گه‌شه‌پێدانی توانای داهێنان و خه‌للاقیه‌تی.
- “ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی له عێڕاق” وه‌ک ڕێکخراوێک و ئامرازێکی خه‌باتکارانه، کا‌ر ده‌کات بۆ پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێری مارکسی له عێڕاق له زووترین کاتدا. ئه‌وه‌ش له ڕێگای کۆنگره‌یه‌کی دامه‌زرێنه‌ر که هه‌موو تاک و چالاکوانانی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری و ڕێکخراوه‌کان و ئاڵقه مارکسیـیه جۆراوجۆره‌کانی سه‌رتاسه‌ری عێڕاق تیایدا به‌شداربن، ئه‌وانه‌ی هاوڕان له‌سه‌ر ته‌وه‌ره بنه‌ڕه‌تیـیه‌کانی به‌رنامه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بۆ کۆمۆنیزم له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌خنه‌ی مارکسی له سه‌رمایه‌داری و به‌دیهێنانی ستراتیژی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی چینی کرێکار و تاکتیکه سیاسیـیه‌کان له قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌مان ستراتیژ و شێوه کاری کۆمۆنیستی بۆ دروست کردن و به‌هێزکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری شۆڕشگێڕ و به‌رفراوان. وه‌ک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی، خه‌بات ده‌که‌ین بۆ یه‌کگرتنی خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کان له سه‌رتاسه‌ری عێڕاق و به‌ستنی ئه‌م کۆنگره دامه‌زرێنه‌ره که بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی حزب و ستراتیژ و تاکتیکه سیاسیـیه سه‌ره‌کیـیه‌که‌ی و په‌یڕه‌وه ناوخۆکه‌ی و سیاسه‌ته ڕێکخراوه‌یـیه حزبیـیه‌کانی و ڕابه‌رایه‌تیـیه‌که‌ی و شتی تر.
- ئێمه ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستین جیاوازیمان نیـیه له‌گه‌ڵ حزبه کرێکاریـیه‌کانی تر ته‌نیا به‌وه‌ی “مانیفیستی کۆمۆنیست”ی مارکس و ئه‌نگلز وه‌سفی ده‌کا که تایبه‌ته به جیاوازی کۆمۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ حزبه کرێکاریـیه‌کانی تر.
- هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوه کۆمۆنیستانه‌ی هاوئاسۆ و به‌رنامه‌ی کۆمۆنیستی کۆمه‌ڵایه‌تیمانن، وه هه‌موو ئه‌و حزب و ڕه‌وت و ڕێکخراوه مارکسیستانەی له باری سیاسی و فکریـیه‌وه له ئێمه نزیکن، له‌سه‌ر ئاستی عێڕاق و ناوچه‌که و له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، حزب و ڕێکخراوی دۆستمانن و به‌رده‌وام ده‌بین له په‌یوه‌ندی خه‌باتکارانه‌ی دڵسۆزانه له‌گه‌ڵیان، هه‌ر یه‌که به‌گوێره‌ی نزیکی سیاسی و فکری لێمانه‌وه.
- خه‌بات ده‌که‌ین له پێناو به‌هێزکردنی خه‌تی شۆڕشگێڕی مارکسی و ڕێکخراوه کۆمۆنیستیـیه شۆڕشگێره‌کان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچەیی.
- بانگەوازی چینی کرێکار و هەڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ده‌که‌ین که ڕه‌وتی مارکسیستی و ئه‌م ته‌وه‌رانه و ئه‌م ئاڕاستانه بکه‌نه سه‌رخه‌تی خه‌باتیان و ڕیزه‌کانی خه‌باتی ڕێکخراوەیی کۆمونیستیـیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا یه‌کخه‌ن. هەروەها بانگەوازی هه‌موو هەڵسوراوان و ڕابه‌رانی کرێکاری و زه‌حمه‌تکێشان و چالاکوانانی ناڕه‌زایه‌تیـیه کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کان، کە هه‌ڵگری ئاسۆی کۆمۆنیستین، و هه‌موو خه‌باتکاره کۆمۆنیسته شۆڕشگێره‌کان دەکەین له سه‌رتاسه‌ری عێڕاقدا، کە ڕیزی خه‌باتیان له‌گه‌ڵ ئێمه یه‌کخه‌ن لە چوارچیوەی “ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی له عێڕاق” و پێکه‌وه هەنگاو بنێین به‌ره‌و دامه‌زراندنی حزبێکی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری به‌هێز و جه‌ماوه‌ری.
ده‌سته‌ی دامه‌زرێنەر:
ڕەشید ئیسماعیل، نزارعەقراوی، محمەد شنان، جاسم حەسەن، یەنارمحمەد و موئەیەد ئەحمەد
واژۆ:
ئیبتسام مانع، ئەحلام تاهە، سورەیا تاهیر، جەمال کۆشش، حسام کەریم، حەیدەر ئەلجاسم، رحاب فەیسەل، شیرین عبدالڵە، عەباس فاضل، عبدالڵە سالح، عیدان علێوی، کەمال حەسەن (وەستا کەمال)، ماجد حەمید، محمەد ئەلئەسمەر، نەوزاد بابان و نادر عەبدئەلحەمید.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی له عێڕاق
25 تەموزی 2018
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
