ڕۆژی ٢٥ ی ئۆکتوبەر بەڕێوەیە و پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ھەڵگیرسانی دا ھێشتاش لە عێراقدا بەردەوامە ڕاپەڕین . لەسەر زەمینەی بەرفراوانتر بوونەوەی جیاوازی چینایەتی لە نێوان جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانێک کە دووچاری بێ دەرەتانی ئابووری و پەراوێزە بوونی کۆمەڵایەتی و خنکاندنی سیاسین لەلایەک وە بورژوازی ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتدار و ڕژێمە سیاسیە میلیشیاییە گەندەڵەکەیان لەلایەکی تر ، جارێکی تر ڕاپەڕین خەریکی تازەکردنەوەی ھێزەکانیەتی. .
لەمڕۆدا بە دەیان ملیون کەس لە سەراسەری عێراق و کوردستان دا، نەبوونی و بێدەرەتانی یەخەی پێگرتوون لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قووڵتر بوونەوەی بێکاری و ھێرشە بەردەوامەکانی ڕژێم بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و دواخستن و پێنەدانی مووچەی چەند مانگەی کارمەندانی کەرتە دەوڵەتیە جیاجیاکانی خزمەتگوزاری و بەرھەم ھێنان . دەست گرتنی ھەرچی زیاتربەسەر سامانەکان و چالاکیە ئابووریە بنەڕەتیەکان لەلایەن دەسەڵات و سەرمایەدارە گەورەکان و گەندەڵە زەبەلاحەکان و دەست و پێوەندەکانیانەوە . ئەمە سەرباری نالەباری دۆخی گوزەرانی ئەم ملیونانە لە خەڵک کە ئەنجامی نەبوونی خزمەتگوزاریە تەندروستی و فێرکاری و کۆمەڵایەتیە گشتیەکانن و پاشەکشەیەکی مەعنەوی گەورەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە . جگە لەمانەش، نەبوونی سیستمی بیمەی بێکاری بۆ ژنان و پیاوانی بێکارکراو ، دابین نەکردنی خانووبەرە ، کەڵەکە بونی گرفتی ئاوارە نێوخۆییەکان ، خراپتر بوونی سیستمی پشکی « تموینی» ، بەتایبەتی کردنی بەرھەم ھێنان و گواستنەوە و دابەش کردنی کارەبا ، کەمی ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە و زۆر بواری تریش لە زەوت کردنی مافە سەرەتاییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش .
لەجەرگەی ئەم دۆخە کارەسات بارەدا ، حکومەتی کازمی بە ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵات دا ، (لاپەڕەیەکی سپی) پێشکەش دەکات ، لاپەڕەیەک کە شتێک نیە جگە لە بەرنامەی ئابووری چینی دەسەڵاتدار بۆ چەسپاندنی پایەکانی سەرمایەداری نیۆ لیبرال دا لە ووڵاتەکەدا بەشێوەیەکی دڕندانە و ڕووخێنەرانە کە ئاستەکانی ھەژارکردنی جەماوەر بەرەوژوورتر ھەڵدەکشێنێ و بێکاری و پەراوێز خستنی زیاتری لێ دەبێتەوە . ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم حکومەتە و حیزبەکانی دەسەڵات جەنگێکی بێ پەردە دژ بە ھەموو ئەو دەستکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریانەی کە چینی کرێکار لە عێراق دا بە درێژایی مێژوویەک لە خەبات بەدەستیان ھێناوە بەرپا دەکەن ، وە مانای تاڵان کردنی سەروەت و سامانی ووڵاتەکەیە لەلایەن کۆمەڵێک سەرمایەدار و جێبەجێکارانی گەندەڵکاری ناو دەسەڵات. .
کازمی و بورژوازی دەسەڵاتداری ئیسلامی و قەومی و لیبرالە ھاوکارەکانیان ، سوودمەندی لەم بارودۆخە سەختە ئابووریەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەرگیرین دەکەن ، لە دابەزینی نرخی نەوت و دەیکەنە بیانوویەک بۆ پێویستی وەرگرتنی قەرز لە سندووقی دراوی نێو دەوڵەتی و ڕازی بوون بە مەرجەکانی ، لەم نێوانەدا پرۆژەکەیان جێبەجێ دەکەن . ئەڵبەتە لێرەدا دەیانەوێت دوو ئامانج بەدەست بێنن ، ئەویش لەلایەک بە سوود وەرگرتن لە دۆخی نالەباری ژیانی جەماوەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم وەرەقەیە ، وە لەلایەکی ترەوە بۆ لەباربردنی ڕاپەڕین و بێ ھێز کردنی و بەتاڵکردنەوەی لە ناوەڕۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتیە شۆڕشگێڕانەکەی لەڕێگەی ئیدیعای درۆ بەوەی کە ئەم لاپەڕە سپیە ، ئەو لاپەڕە چاکسازیی یە کە ڕاپەڕین پشتگیری لێ دەکات . بەم شێوەیە دەسەڵاتداران دەیانەوێت نەک ھەر لە ڕاپەڕین بدەن ، بەڵکو ھەژاری و نەداری زیاتر و پاشەکشەی زیاتری مادی و مەعنەوی بەسەر ملیونەھادا تا دەگاتە نەوەکانی داھاتووش داسەپێنن..
بە نزیکتر بوونەوەی ٢٥ ی ئۆکتوبەر و پێنانی ڕاپەڕین بۆ ناو ساڵی دووەمی ، مەترسی ھێرش کردنی بورژوازی و ڕژێمە سیاسیەکەی بۆ سەر ملیونان کرێکار و خەڵکی بێبەش و زەحمەتکێش زیاد دەبێت ، لەبەرئەوە ھەرگیز چاوەڕوانی لە بەسەرکەوتن گەیشتنی ڕاپەڕین و ھەنگاو نانی مەزن ناکرێت ئەگەر گرێ نەدرێتەوە بە کۆشش و خەبات و بەرگری ئەم ملیونانە وە بەڕووی ئەم ھێرشەی ئێستا و تەواوی ئەو دۆخە کارەساتاویەی کە تیایدا دەژین .
کرێکاران و زەحمەتکێشان بێکارکراوانی ژن و پیاو و لاوانی شۆڕشگێڕ و ژنان و خوێندکارانی سەر بەم چینە و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی ، ئەمانە ڕاپەڕینیان ھەڵگیرساند و بەرەنگاری دەسەڵاتدارانیان کرد و قوربانیان دا و دەیدەن . لەبەرئەوە ٢٥ ی ئۆکتوبەر ڕۆژی کۆکردنەوەی توانای ئەم ھێزە کۆمەڵایەتیانە و پێداگری سەرسەختانەیە لە زەمینەی ڕاپەڕین و ئامانجە ئازادیخوازەکانی دا و بەردەوامی خەباتە تا سەرکەوتن و بەدیھێنانی گۆڕانکاری ڕیشەیی و ڕاستەقینە..
ئەم ھێزە کۆمەڵایەتیە زەحمەتکێشە پێویستە بە دیدگا و ئەجیندایەکی سیاسی شۆڕشگێڕ چەکدار بکرێت، کە ئامانجە بنەڕەتیەکانی ڕاپەڕین لەخۆ بگرێت ، لە کۆتایی ھێنان بە تەواوی ڕژێمی سیاسی بورژوازی قەومی و تائیفی دەسەڵاتدار و ڕاوەستانەوە بە ڕووی ھاوپەیمانەکانیان دا لە ھێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان ، ھەروەھا دەست بردن بۆ بەدەستھێنانی خۆش گوزەرانی و ئازادی و یەکسانی بۆ ھەموان . ئەمە ئەو دیدگا ڕوونەیە کە کە توانایی بە خەڵکی ئازادیخوازی ڕاپەڕیو بۆ ڕێکخراو کردنی ڕیزەکانیان لەناو ڕاپەڕین دا دەبەخشێت، وە ھەر ئەمەشە کە ئامادەیان دەکات بۆ گێڕانی ڕۆڵی مێژووییان و بۆ بەدەستھێنانی ئەرکی ڕێکخستن و ڕابەرایەتی ڕاپەڕین و جەماوەری ڕاپەڕیو بەرەو سەرکەوتن . ئەم دیدگایەیە ش کە بەڕوونی و بە بەردەوامی لە تەواوی سیاسەت و بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دا بەدرێژایی ساڵی ڕابوردوو ، ڕەنگی داوەتەوە .
ڕاپەڕین لەماوەی یەک ساڵی ڕابوردوو دا بە زۆرێک بەرزایی و نزمایی ، سەرکەوتن و پاشەکشە دا تێپەڕی ، کە ھەمووی پێویستی خۆڕێکخستنی ڕیزەکانی ڕاپەڕین بەپێی ئەجیندایەکی سیاسی شۆڕشگێڕی دەهێنایەوە پێش. .
ھێزە ئازادیخوازەکانی بەشدار لە ساڵی دووەمی ڕاپەڕین دا ، دەبێت بە چەکدار بوون بەم دیدگا سیاسیە خۆیان ڕێک بخەن لە شوورا جەماوەریە شۆڕشگێڕانەکاندا لە شوێنی کار و لە گەڕەکاندا ، لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و زانکۆ و خوێندنگاکاندا ،لەسەرتاپای عێراق دا ، ھەروەھا دەبێت نەقابە و سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان بۆ بەرگری کردن لە مافەکانیان و لە داخوازی و دەستکەوتەکانیان .
پێکبهێنرێت.
ئەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان
ئەی لاوانی شۆڕشگێڕ ، ژنان، ئازادیخوازان
ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر ھێمای خەباتی شۆڕشگێڕانەیە و خەندەقێکی ستراتیژیە بۆ پاراستنی جەماوەر لە چنگی ڕژێمی سەرکوتگەری میلیشیایی گەندەڵ ، وە قەڵای بەرگری کردنە لە ئازادی لە کۆمەڵگە دا . ھیچ ڕێگەیەکی تر لەبەردەم دا نیە بێجگە لەھەنگاونان بەرەو پێش ، با پێکەوە بەھێزی کەین و ئاستی ئامادەییە سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکریە شۆڕشگێڕانەکەی بەرەو سەرتر بەرین ..
با خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوانی شۆڕشگێڕ و ژنان و تەواوی چەوساوەکان لەسەراسەری ووڵاتدا ، لە ناوەڕاست و باشوور ، لە کوردستان و ناوچەی غەربی ، لە خەباتێکی سیاسی جەماوەری ئازادیخوازی پڕ لە توانادا یەکبخەین..
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق بەشێکە لە ھەوڵەکانی ئەم جەماوەرە زەحمەتکێش و ئازادیخوازە بۆ بەدیھێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە ، وە خەبات دەکات بۆ بەھێز کردنی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر و ڕێڕەوی شۆڕشگێڕانەی کە پاڵپشتی چینی کرێکار و ھەموو توێژە کۆمەڵایەتیە پێشێل کراوەکانە بۆ ھەنگاونان بەرەو ئازادی و خۆش گوزەرانی و دادپەروەری..
دروشمی ھەموو دەسەڵات بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو کە ڕێکخراوەکە بەرزی کردەوە ، ھەتا ئێستاش ئەو دروشمە واقعیەیە کە دەربڕی ئاواتەکانی ئەم جەماوەرەیە بۆ بەدەستھێنانی گۆڕانکاری سیاسی شۆڕشگێڕانە و بەدیھێنانی ئامانج و خواستەکانی ڕاپەڕین .
بژی ڕاپەڕینی ئۆکتوبەر
بژی خەباتی جەماوەر لە پێناەی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خۆش گوزەرانی دا
بژی سۆشیالیزم
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
٢٣/ئۆکتوبەر /٢٠٢٠