کۆکاکۆلاکەی نیچە!

عومەر خەتات

لەم چەند ڕۆژانەی کۆتایی ساڵی پێشوو (٢٠٢٠) و سەرەتای ساڵی نوێ، هاوڕێم پێشڕەو موحەمەد کۆمەڵێك باس و دۆکیومێنتی گرنگی لەسەر نیچە ووروژاند کە بۆ زۆر کەس بە تایبەتی ئەوانەی کە لە بواری فیکردا کار دەکەن نوێ بوون. مەبەست لە نوێ بوون ئەوە نیە کە ئەو بەڵگانە و باسانە نوێن بەڵام بۆ خوێـــنەری کورد بە تایـبەتی ئەوانەی کە تەنها لە ڕێی تەرجەمەی ڕووتەوە توێکڵی نیچەیان خوێندۆتەوە یان لەگەڵ ڕەوتی باڵادەستبوونی خیتابی نیچەیی ڕێدەکەن نوێـن!

باسەکانی لەمەڕ مرۆڤی بەرز، مردنی خودا، ڕقبوونی نیچە لە جەماوەر و خەڵکی هەژار، لە جولەکە، بەرزڕاگرتنـی نیچە لای ڕاستەکان و بزووتنەوە فاشیستەکان…تاد هەموو ئەمانە هاوڕێ پێشڕەو بە بەڵگە و لە سەرچاوە ئۆریجیناڵەکانی خۆیانەوە خستیە بەردەم هەمووان. من سەرەڕای دەستخۆشی لە هاوڕێ پێشڕەو و هیوای بەردەوامی بۆی، دەمەوێت لەم باسەمدا بچمە سەر هۆکارەکانی باڵادەستبوونی نیچـە و نیچەیـیزم لە خۆرئاوا بە تایـبەتی و لەم پەنجاساڵەی دواییدا و کاریگەریی ئەم باڵادەستبوونە لەسەر کوشتنی ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕانە و یاخیبوونی مرۆڤ لە دەست چەوسانەوە و لە دوا ئەنجامیشدا پاراستنی سیستەمێك کە سەرمایەدارییە.

دەرگا لێدان لەم باسانە لەم ئان و ساتەدا کە ڕەشبینی و ترس لە داهاتوو، هاڕەکردنی ئابووری و لەگەڵیشیدا بەها فیکری و کۆمەڵایەتیەکان کە بوونەتە وێنەی زاڵی دنیای ئێستا ئەرکێکی زیاتر دەخاتە سەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی بۆ وەڵامدانەوەی فیکری و فەلسەفی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشمەندی چینایەتی و ڕۆحیەتی بەرگری و ڕێکخستن لە کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت لە ئاستی دنیاشدا.

ڕەنگە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی نیچە لە ئێستای دنیای فیکرو ئەندێشە بە تایبەتی لە خۆرئاوا و لەم پەنجا ساڵەی دووایدا، لە گرنگترین زانکۆکانی جیهان، لە ناوەندە فەلسەفی و فیکرییەکان، لە باسەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و زانستی سایکۆلۆژی، لای بزووتنەوە ڕاست و فاشیستەکان و تەنانەتە بەشێك لە چەپ ئەو ئاماداییە گەورەیەی هەیە؟ ئەو فاکتەرانە چین وا دەکەن ئەم ژەهرە فیکریەی نیچەو نیچەییزم کە رۆژانە بە دەیان فۆرمی جۆراوجۆر دەرخواردمان دەدرێت و ئێمەش کەمترین هەڵوێستمان هەیە بەرامبەری، ئاوا گەشە بکات!. لە کۆتاییشـدا بۆچی وەستانەوە بەرامبەر بە نیچە و نیچەییزم ئەرکی مارکس و مەنهەجیەتی شۆڕشگێڕانەی ئەوە بە تەنها؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، بەتەنها بەراوردی فەلسەفی و ئەکادیمی و سەرکردن بە ناو تێکستە ئەبستراکتەکاندا لە نێوان نیچە و مارکسدا، نیچەییزم و مارکسیزمدا ناتوانێت بمانگەێنێت بە وەڵامێکی تێروتەسەل ئەگەرچی ئەمەش گرنگی خۆی هەیە. ئەمانە تەنها دەبنە باسی ئەکادیمی و ڕەنگە بۆ خوێندکارێکی فەلسەفە بە سوود بێت بەڵام بۆ ئێمە نا. من پێموایە بە بێ تێڕوانینێکی هەمەلایەنە و جیهانی لە سەردەمی ئەمڕۆ و ئاستی گەشەی مرۆڤایەتی و سیستەمی زاڵی ئابووری و فیکری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداریی کە لە ئێستای دنیادا هەژموونی هەیە ناتوانین بگەینە وەڵامێکی قانعکەر بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە!. ئــەوەی کە سەرمایە لە ئێستادا گەشتۆتە قۆناغێکی خەتارناك کە سیماکانی لە جەنگ، سەرگەردانی، هەژاریی ئابووری و بێکاریی، بێئومێدی لە ئاستی تاك و لە ئاست کۆمەڵگەدا، بە لیبراڵکردنی تەواوی ئابووری و تەنانەت پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش، بەرئەنجامی پێـشکەوتنێکی هەڕەمەکیانەی بێ بەرنامە نیە وەك ئەوەی هەندێك لە ڕەخنەگرانی ئەم سیستەمە لەسەری دەدوێن بەڵکو ئەم گەشـەسەندنە بە تەواوی ڕەهەندە ئابووری و فیکریەکانی بەشێکە لەو هاوچوونیەکە “نسق”ە گشتییەی چوونەپێشی سیستەمەکە خۆی! ئەمە داینامیزمی جوڵانەوەی سەرمایەیە و هەمیشە لە ڕەوتێکی چوونەپێشەوەدایە و چەوسانەوە تایبەتمەندیەکی بنچینەیی ئەم سیستەمەیە.

گەڕانەوەیەك بۆ سەرەتاکانی گەشەی سەرمایەداری و دۆزینەوەی هاوسەنگی دوانەی [فیکر، پراکتیك] وێنەکەمان زیاتر ڕۆشنتر دەکاتەوە!

بۆرژوازی لە سەرەتای گەشەی خۆیدا و بۆ لێدان لە سیستەمی دەرەبەگایەتی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی، کۆمەڵێك کاری شۆڕشگێڕانەی کرد کە لە ڕوانگەی مێژووییەوە گرنگ بوون، “شۆڕشگێڕبوونی چینی بۆرژوازی تازەپێگەیشتوو لە مانیفێستدا لە لایەن مارکس و ئەنگلزەوە ئاماژەی پێدراوە”. ئەم چینە شۆڕشگێڕە هەستا بە تێکوپێکدانی تەواوی دامودەزگا ئابووری و فەرهەنگیەکانی سیستەمی پێشوو و بنیـاتنانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی بۆرژوازی بە تەواوی ڕۆبینا ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکەیەوە، بیروباوەڕە لیبراڵیە پێشکەوتووخوازەکانی ئەوکاتە کە لە یەکسنی، ئازادی تاك، مافی موڵکایەتی، مافی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی کەنیسە و دەوڵەت، مافی دەنگدان، مافەکانی ژنان، مناڵان و مرۆڤ بە گشتی..تاد خۆی دەبینیەوە بوونە فیکر و فەلسەفەی نوێی سیستەمی تازە. ئەم پرۆسەیە بووە هۆی کردنەوەی کارگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، دروستکردن و فراوانکردنی ژیانی شارنشینی، گەشەدان بە ئابووری و دروستکردنی پرۆلیتاریای کرێگرتە و…تاد. بەڵام هەر زوو ئەم کارە “شۆڕشگێڕانانە” پەردەی لەسەر داکەوت و دەموچاوە ڕاستەقینەکەی سەرمایە دەرکەوت. پاش ساڵەکانی ١٨٥٠ بە دواوە سەرمایەداری کەوتە قۆناغێکی نوێ لە گەشەی خۆیەوە، کۆلۆنالیزم و داگیرکاریی وڵاتانی تازە پێگەیشتووی سەرمایەداریی لە ئەوروپاوە و بە مەبەستی بەدەستهێنانی ماتریاڵی خاو و دەستەبەرکردنی بازاڕی نوێ و هێزی کاری هەرزان دەستیپێکرد. تاڵانکردنی وڵاتان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بە تایبەتی لە ئەفریقیا و فرۆشتنیان و بەکارهێنانی سامناکترین شێوازی کۆیلەیەتی مرۆڤ بە مەبەستی بەدەستهێـنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایە و پەلهاویشتن، سەرمایەداریی خستە پارادۆکسێکی مۆراڵی گەورەوە، چونکە ڕەفتارە ئابووریەکانی کەوتە دژایەتی لەگەڵ فیکر و فەلسەفە و ئەو بەڵێنە لیبراڵانانەی کە لە سەرەتای گەشەی خۆیدا و لەسەر زاری فەیلەسوفەکانی [پەیوەستنامەی کۆمەڵایەتی- تۆماس هۆبز، جۆن لۆك و رۆسۆ] بانگەشەی بۆ دەکرد. بوونی کۆمەڵێك ئایدیـا و فەلسەفەی لیبراڵانە لە پەیوەست بە گەشـەی ئابووری و دەوڵەتی مەدەنی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تازە ئیتر بە کەڵکی گەشەی سەرمایە نەدەهاتن و سەرئێشەیان بۆ دروست دەکردن.

سەرەتاکانی سەدەی بیست، کە بە جەنگی جیهانی یەکەم دەستیپێکرد و بە دووەم کۆتایی هات، قۆناغێکی گرنگ بوو بۆ دابەشکردنەوەی پێگەی جیوسیاسی وڵاتە زلهێزە سەرمایەداریەکان و لەگەڵیشدا فۆرم دانەوە بەو فەلسەفە و ئایدیایانەی کە دەتوانێت بگونجێت لەگەڵ ئەم قۆناغەدا. ئەزمە گەورەکەی سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ خۆیدا ڕەشبینیەكی گەورەی لە ئاسـۆی کۆمەڵایەتی لە ئەوروپادا بە تایبەتی دروست کرد. شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕووسیـا و ترسی پەلهاویشتنی پزیسکەکانی شۆڕشی کۆمۆنیستی، بزووتنەوە ڕاستەکانی بە تایبەتی فاشیزم و نازیزم بە هێزێکی گەورەوە هێنایەوە مەیدان. ئەڵمانیا بووە سەنتەری ئەم بزووتنەوەیە. نازیزمی ئەڵمانی بەرهەمی ڕەوەندێکی مێژوویی سـیاسی و فیکریە کە دووانەی فەلسەفەی ناعەقڵانی بۆرژوازیانە و بوونی بزووتنەوەیەکی سیاسی کە خەونی دروستکردنی “جێرمانیـای گەورە” بوو تێیدا بەشدارن.

نازیزمی ئەڵمانی، بەبێ ئۆزفاڵد شــپێنگلەرOswald Spengler، شیێفان گیۆرگە Stephan George، ئارتور شوپنهاوەر Arthur Schopenhaur، مارتن هایدگەر، Marten Heidegger، یۆهـان فیشــتــە Johann Fichte، هیگڵ Georg Hegel، فریدریك نیچــە Friedrich Nietzsche و زۆرێکی تر نەیدەتوانی بگاتە دەسـەڵات و هەژمونی نەدەکرد، بەڵام لە ناو هەموویاندا نیچە دەبێتە فەیلەسووفی ڕەگەزی پاکی جێرمانیا و ڕایخی سێ چونکە فیکر و بونیادی فەلسەفیی نیچە تەواو چونیەك بوو بە بونیاد و فەلسەفەی بوونی فاشیزم. هەر ئەمە وادەکات فەیلسوفی ئینگلیزی بێرتراند رسل جەنگی جیهانی دووەم ناوبنێت “جەنگی نیچە”!

لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، فاشیزم و نازیزمی دەوڵەتیی و ڕێکخراویش کۆتایی هات، بەڵام لە ڕووی فیکر و لەناو فەلسەفەدا مایەوە و بە شێوازێکی ئەکادیمیانەتر و نەرم تر هاتەوە بە گژ دەسکەوتە فیکری و فەلسفەییەکانی مۆدێرنەدا بە تایبەتی مارکسیزم. ئەم ناعەقڵانیتە لە فیکر و فەلسەفەدا ناتوانین بڵێین ئاگاهانەیە واتە “مقصود”ه بەڵکو پێداویستیەکی مێژوویی گەشەی سەرمایەداریە. پۆستمۆدێرنیزم لێرەوە لە دایك دەبێت. دەتوانین ڕۆشنتر بڵێین پۆستمۆدێرنیزم ڕەوتی فیکری و فەلسەفی قۆناغی دوای جەنگ و وەڵامدارەوەی پێداویستیەکانی گەشـەی سەرمایەداری قۆناغی دووەمی سەدەی بیستەمە.

جەوهەری فەلسەفەکانی پۆستمۆدێرنیزم لە سەر گاڵتەکردن بە عەقڵ و ئایدیا مرۆڤایەتیەکانی دەورانی ڕۆشنگەری و مۆدێرنەی پێش خۆی ڕاوەستاوە، بۆیە بەڵگە نەویستە کە نیچە و هایدگەر و مۆریس بلانکو ببنە مەرجعی فیکری فەیلەسـوفانی پۆستمۆدێرنیزم.

پارچەپارچەکردنی مارکس لای فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرنە بێ هۆ نیە، وەك جۆرج لۆگاش دەڵێت هیچ فەلسەفەیەك بێ پاك و بێ تاوان نیە! چونکە فیکـر ناتوانێت بێ لایەن بێت و وەك هەوری ئاسمان بەسەر هەمووانەوە بێت بەڵکو ڕەنگدانەوە کێشمەکێشە عەقڵانی و ناعەقڵانیەکانی ناو کۆمەڵگەیە و لێرەشەوە فەلسەفە جێگەی چینایەتی خۆی دیاری دەکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە مارکس لای پۆستمۆدێرنیستەکان هەلاهەلا کرا و کردیانە هەزار پارچەوە چونکە بە کورتی مارکس دەنگی دژە بۆرژوازیە، واتە چینی کرێکار، دەنگی ئەوانەیە کە بە دژی نامۆیی و زەوتی ئابووری سەرمایەداری دەوەستنەوە. دەنگی درەخت و ئاو و پیسکردنی ژینگەیە، دەنگی هەموو بێدەنگکراوێـە کە سیستەم فڕێی داونەتە قەراغ کۆمەڵگەوە. ئەم دژایەتیەش بۆ سەرمایەداری خەتەرناکە بۆیە دەبێت لە مارکس بدرێت و ئایدیاکانی وەك “خەونە گەورەکە” لێکبدرێتەوە کە زەمینەی فیکری خۆی لەدەستداوە و هی قۆناغی مۆدێرنەیە کە بەسەرچووە. پۆستمۆدێرنیستەکان هەریەکەیان لە شوێنێکەوە کەوتنە گیانی مارکس. ئابووری سیاسی مارکس وەلا نراو لە جێگەیدا ئابووری ووردکرایەوە بۆ بەشبەشی بچووك و بێ رەبت، “نامۆیی” مارکس وەرگیرا و شۆڕش وەلانرا، چەوسانەوەی ئابووریان لە کرداری زێدەبایی جیاکردەوە، کێشمەکێشی چینایەتیان پێچایەوە و ووتیان خەوێکی شاعیریی مارکس بووه…تاد. بەم شێوەیە مارکسیان شێواند و لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێڕانەکەی خۆی دووریان خستەوە.

بەڵام مارکس پارچەپارچە ناکرێت. تەواوی نووسینەکانی مارکس لە فەلسەفە، ئابووری سیاسی، ماتریالیزمی مێژوویی، زانستی کۆمەڵایەتی و هەڵسورانی سیاسی لە ١٨٤٠ەوە تا کۆتایی ژیانی سەبارەت بە یەك شتە: شۆڕشی کۆمەڵایەتی!. لێکردنەوەی کۆنسێپتی شۆڕش لە مارکس، سپاردنی مارکسە بە مەرگ!

باڵاکردن و گەشەی نیچە و نیچەییزم لەم پەنجا ساڵای دواییدا و لە داهاتووشدا، بە بێ شك پێداویستیەکی فەلسەفی ڕاستڕەوانەی سەرمایەداری قۆناغی ئێستایە، دوانەی [فیکر- پراکتیك]. سـیستەمێك بەوپەڕی هاری خۆی گەیشتووە و ڕێگەیەکی تریش بێچگە لە بەردەوام بوون بۆ پێشەوە شك نابات. کۆنسێپتە بریقەدارە لیبرالیستە کۆنەکانی پێشووی لە ئێستادا چوارچێوەیەکی قانعکەر نین بۆ زەینی هیچ کەس. لیبرالیزم باسی عەقڵ دەکات، باسی ڕۆشنگەریی دەکات، باسی مافە جیهانیەکانی مرۆڤ دەکات، باسی عەدالەت دەکات بەڵام ئەمانە لە ئێستادا و بە بەراوورد لەگەڵ بێ مۆراڵییە گەورە ئابووریەکانی سەرمایەداریی دژایەتیان هەیە و ناکۆکن پێی، بە کەڵکی نایەن وە دەبێ بخرێنە لاوە. ئا لێرەدا نیچە جارێکی تر ئامادایی پەیدا دەکاتەوە، چونکە ڕۆحی نیچە تەواو جووتە بە ڕۆحی سەرمایەدارییەکی هار و هەوسارپچڕاو. نیچە هات و لە هێزی تێکستەکانیدا، لە هێزی عەقڵیدا، لای نیچە حەقیقەت و ڕاستگۆیی بوونیان نیە، واقیع نیە، رابردوو نیە، ئێستا نیە، پاشەڕۆژ نیە. خوێنەواری نیچە هیچ لە نیچەوە فێرنابێت، نیچـە هیچ یاخیبوونێك لە لای هیچ کەس دروست ناکات، فەردیەت و نەهلیزم نەبێت. ئەمەیە کە سەرمایەداری لە ئێستادا پێویستی پێیەتی. ئەوەی کە مرۆڤەکان هۆشیان لە دەست بدەن، خەفە و گێژ ببن و بیر لە گۆڕانی ژیانی خۆیان نەکەنەوە، کۆبوونەوە لە دەوری یەك نەکەن و شێوەکانی ناڕەزایەتیان بیر بچێتەوە، بیر لە شۆڕش نەکەنەوە.

موحەمەد دوێر، مارکسیستی میسری دەڵێت، نیچە و مارکس هەردووکیان توانای گەورەیان هەیە بپەڕنەوە بۆ سەدەی بیست و یەك. مارکس بە توانا گەورەکەی بۆ بەرگریی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی و تاکە قەڵا لە دژی سەرمایەداریی، نیچەش بە توانا گەورەکەی بۆ پاراستن و هێشتنەوە و درێژەپێدانی تەمەنی سەرمایە. مارکس بە ڕەسەنایەتی لە فیکر و فەلسەفەی یاخیبوون و شۆڕش، نیچەش بە فیکر و ناعەقڵانیەتی فەلسەفی! دوو پرۆژەی فیکری دوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جیاواز کە دژایەتیەکی تەواودان. دژایەتی لە نێوان [فیلۆلۆژیا- زانستی شرۆڤەکردنی تێکستە کۆنەکان] و ماتریالیزمی مێژوویی وەك دوو فەلسەفەی دژ بەیەك بۆ گۆڕینی جیهان، لە نێوان نەهلیزم کە بە شوێن مرۆڤی بەرزدا وێڵە و لە ئەخلاقدا دەیدۆزێتەوە لەگەڵ ماتریالیزمی دیالێکتیك کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمۆنیزم و دنیای بێ چەوسانەوەی مرۆڤەکانە. لە نێوان ڕۆڵی “چێژ” لە بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی لای نیچە لەگەڵ کار و هێزی کار لای مارکس.

نیچە کۆکاکۆلایەکی خۆشە بە هەموو تامەکانیەوە، توانییەکی ئەدەبی باش و نوسینی لە ئاستێکی بەرزدایە، نەترسە، سەرسامت دەکات بەڵام هەر وەك کۆکاکۆلا چەندە خۆشە ئەوەندەش زەرەری هەیە بۆ لاشەی مرۆڤایەتی.

ماوەتەوە بڵێم مارکسیزم تەنها سەنگەری مۆدێرنەیە کە مابێتەوە بۆ دژایەتی کردنی سەرمایەداری و پۆستمۆدێرنیزم کە نیچە لە سەروو هەرەمەکەیەوە وەستاوە. تا ئەو کاتەی سەرمایەداری بمێنێت وەك سیستەم، مارکس و مارکسیزمیش دەمێنێت.

١٠-٠١-٢٠٢١

ئۆسلۆ

سەرچاوەکان:

  • لماذا اصبح نیتشــە مصدر الهام للیمین المتطرف من جدید؟ هۆگۆ درۆچۆن. ترجمة: یاسر منهل
  • لماذا یحب الیمین المتطرف نیتشــە؟ محمد سلمــان
  • ماركس ضد نيتشه، الطريق إلي ما بعد الحداثة!  د. محمد دویر
  • غوایــة اللامعقول. ریچــارد رولین
  • الفاشــیة و کیفیة اجتثاثها في المانیا. جورج لوگاش

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی

ڕزگار عومەر هەڵدانەوەی مەلەفی "گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی" لەسەر نیازێك یان لەسەر ئیختیارێك نیە لە ...

دوو ڕاپۆرتە هەواڵی کرێکاری لە ووڵاتی مەغریبەوە

ئامادەکردنی: عەبدوڵا ساڵح یەکەم: ڕۆژی (٨-٢-٢٠٢١) لە شاری تەنجە کە دەکەوێتە باکوری ئەو ووڵاتە کارەساتێکی ...

دە ساڵ بەسەر شۆڕشی تونس و میسردا، ئەی دەربارەی گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە لە ئێستادا چی؟

موئەیەد ئەحمەد دە ساڵ بەسەر شۆڕشی میسردا تێدەپەڕێت، کە لە (٢٥)ی کانونی دووەمی (٢٠١١)دا بەرپابوو، ...

واقعی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان بزوتنەوەی حەڤدەی شوباتی تێپەڕاندووە (لە یادی دە ساڵەی ئەو بزوتنەوەیەدا)

نادرعبدولحمید شوباتی ئەمساڵ (٢٠١١) دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆپێشاندانێکی بەردەرکی سەرای سلێمانی کە لە پەرەسەندنیا ...

هەشتی شوبات بوکی خوێناوی

طارق فتحي "ئەم کودەتایە  بۆ ئێمە دەستکەوتە" روبیرت کومر ... ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ...

%d مدونون معجبون بهذه: