ئایدیای کۆمۆنیزم بۆ خۆی هیواو ئومێدە

چاوپێکەوتن لەگەڵ ناجی ئەفراسیاو

هەر پەیوەست بە نیولیبرالیزمی کوردیەوەك کە ماوەی ٥ ساڵ بە ووردی قسەی لەسەر دەکەینك دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژلە کوردستان و عیراقك خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتی پاشەکشە دەکەنك وسەرمایەداروبازرگانە سیاسیەکان تەلاری نەخۆشخانەو قوتابخانەو زناکۆ ئەهلیەکان بەرز دەکەنەوە. لێرە بە دواوەك چیتر خزمەتگوزاریەکی سەرەتایی بە خۆڕایی پێشکەش بە هاونیشتیمانیان ناکرێت. ئەمە ئەو خەسلەتە پرۆژەی نیۆلیبرالیزمەك کە دوایین ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریە.

 

ڕەوت: زۆر سوپاس هاوڕێ  بۆ کات بەخشین و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆمان.

هاوڕێ ناجی، تۆ لە مێژە لەبارەی دەورانی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری دەنوسی و وەردەگێڕی و سمینار دەگێڕی، سەردەمێک کە بەتۆخی لە ڕێگان وتاتشەرەوە دێتە نێو پرۆسەی سیستەمی سەرمایەداری و ژیانی ئینسانەکانەوە. لە شوێنێکدا دەنوسی”نیولیبراڵیزم دەمێکە هەموو بەها مرۆییەکانی گۆڕیوەتەوە بە بەهای پارە”. یان دەنوسی نیولیبرالیزم  (وەک دوایین فۆرمی سەرمایەداری). دەتوانی  بە کورتی تایبەتمەندییە جەوهەرییە ئابووری-سیاسی-ئایدیۆلۆژییەکانی ڕوونتر بکەیتەوە؟

ناجی ئەفراسیاو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، بەهیوام ئێوەش بەردەوام بن لە خەباتی تیۆری و پراکتیکی.

مەبەستمان لە دوایین فۆرمی سەرمایەداری ئەوەیە، کە سیستەمەکە هەر شتێکی تازە بخولقێنێت هەر تەواوکەری پرۆژەی نیولیبراڵیزم و چڕکردنەوەی دەسەڵات و سامانە لە دەستی کەمینەیەکی زۆر بچوکی سەرمایەداراندا، ئەوەتا چاوچنۆکێکی وەک ئیلۆن ماسک (خاوەن کۆمپانیاکانی Tesla و SpaceX) لە سەرەتای ئەم ساڵدا (2021) سەروەتەکەی گەیاندە 185 ملیار دۆلار، بەمەش بووە دەوڵەمەنترین سەرمایەداری جیهان و پێشی جێف بیزۆس (خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆنی دایەوە). ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵی ڕابردووەوە، پەتای کۆرۆنا تەنگی بە ئابووریی جیهان هەڵچنیوە و قەیرانێکی مرۆیی وەهای هێناوەتە ئاراوە، کە ڕێژەی چینی هەژار بەرزبۆتەوە و ملیۆنەها مرۆڤ هەلی کاریان لەدەستداوە. بەڵام پشکی سەرمایەدارە گەورەکان هەردەم لە بەرزبوونەوەدایە، و بۆ هەر دۆخێک بازرگانییەکی قازانجبەخش دەکەنە پرۆژەی نوێیان، وەک دەبینین دوو دەوڵەمەندەکەی جیهان هەموو هەلەکان دەقۆزنەوە و لە بواری بازرگانیی ئەنتەرنێت و ئەلیکترۆنیاتدا سەرمایەکانیان کەڵەکە دەکەن. ئەمە ئەو فۆرمە دڕندەی سەرمایەدارییە کە لە فۆرمی کلاسیکیی خۆی بێشەرمترە و مۆنۆپۆلییەکی بێوێنەی دروستکردووە.

هەر پەیوەست بە نیولیبراڵیزمی کوردییەوە، کە ماوەی 5 ساڵ بە وردی قسەی لەسەر دەکەین، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ لە کوردستان و عێراق، خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتی پاشەکشە دەکەن، و سەرمایەدار و بازرگانە سیاسییەکان تەلاری نەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانیان بەرزدەکەنەوە. لێرە بەدواوە، چیتر خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی بە خۆڕایی پێشکەش بە هاونیشتیمانیان ناکرێت. ئەمە ئەو خەسڵەتە دیارانەی پرۆژەی نیولیبراڵیزمە، کە دوایین ئایدۆلۆژیای سەرمایەدارییە.

ڕەوت: هەقیقەت گفتوگۆ لەگەڵ تۆ، مەگەر تەنها بەکتێب ئەنجامبدرێت، تۆ دیدگایەکی تایبەتت دامەزراندووە لە تیوری مارکسیستیدا، بەڵام لەم ماوانەدا کتێبێکی گرنگی هیبرت مارکوزت “دەربارەی مرۆڤی تاکڕەهەند” وەرگێڕا، ڕەخنەیەی مارکوزەیە لە سیستەمی سەرمایەداری، لە دیموکراسی، لە پەرلەمانیزم، وە پەیوەندی دەکەی بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانەوە، ئایا ئەمە ناکۆکیەک پەیدا ناکات؟

ناجی ئەفراسیاو: مارکۆزە خۆی پێیوایە دیموکراسی و ئازادیی سەرمایەداری، هەڵگری پارادۆکسێکی قووڵن و تۆتالیتاریزمی ئەم سیستەمەیان شاردۆتەوە. ئەمڕۆ بژاردەکان زۆرن، بەڵام تۆ هەر کامێکیان هەڵدەبژێریت لە بازنەی سیستەمەکە دەرناچن و هەمان دەسەڵات بەرهەمدەهێننەوە. ئەمەش لەڕێگەی ئەو ئامرازە تازانەی سەرکوتکارییەوە کە هەیمەنەی تەکنەلۆژیا نەرم و عەقڵانیی کردوونەتەوە، بەڵام هیچی جیاواز نییە لەو هەیمەنەی قۆناغەکانی تری مرۆڤایەتی دەیانسەپاند.

ڕەوت: حکومەتی عێراق (بە حکومەتی هەرێمیشەوە)، بە سینەی بازەوە، پرۆژە و سیاسەتەکانی نێولیبرلیزم پێشوازی دەکەن، ئایا پێت وایە ئەوەی لە سەرمایە لەم ناوچەیە “ئەم ئەهریمەنە چۆن پەیدا بوو” پەیوەندییەکی نێوخۆیی و ئۆرگانی بەم زەواجەوە هەیە “لۆکاڵی و جیهانی”، مەبەستم گەندەڵی، دەولەت و حزب، بنەماڵە و ناسۆنالیزم، بەشبەشێنەی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی، ئیسلامی سیاسی و ..هتد؟

ناجی ئەفراسیاو: دیارە دەوڵەتی عێراق و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک دوو کۆمپرادۆر و دەڵالی کۆمپانیا فرەڕەگەز و زلهێزەکان، ڕێگەخۆشکەرن بۆ سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێکردنی مەرجەکانی خەسخەسە و بەتایبەتیکردن. بەدڵنیاییەوە ئەم زەواجە مەجازییەی لەپێناو سەرخستنی پرۆژەی نیولیبراڵیزمدا، لە ڕیگان و تاچەرەوە دەستی پێکرد، تا ئەمڕۆش بەردەوامە و دەسەڵاتداران و خاوەن بەرژەوەندییە گەورەکان لە سەرتاسەری هەسارەکەدا، بەشداریی شەکراوخواردنەوەی یەکتر دەکەن و بتڵی شەمپانیا لەسەر جەستەی چەوساوەکان هەڵدەپچڕن.

ڕەوت: ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی دیسەمبەری کوردستان لەدژی هەژاری، نەداری، بێکاری، دواکەوتویی، سیستەمی سیاسی بە جۆرێک لە دژی تەواوی سیتەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری دەتوانین بلێین، ڕۆڵی لاوان و گەنجان و چینی کرێکار و ژنان و زەحمەتکێشان چۆن بوو بەلاتەوە؟ ئایا بزوتنەوەی کۆمۆنستی دەتوانێت ئومێدبەخش بێت؟ پێشمەرجەکانی بەبۆچونی تۆ چین؟

ناجی ئەفراسیاو: ئایدیای کۆمۆنیزم بۆ خۆی هیوا و ئومێدە، بەڵام لە پراکتیکدا تا چەند ئەم بیروباوەڕە وەکخۆی دەگاتە جێ و ئامانجە سۆسیالیستییەکان بەدیدێن، ئەمەیان پەیوەندی بە ئەزموونکردنەوە هەیە. وەک مارکۆزە دەڵێت؛ ئەگەر بمانەوێت لە یارییەکە تێبگەین دەبێت بەشداریی تێدا بکەین، چونکە تێگەیشتن لە ئەزموونکردندایە. ئەم خۆپیشاندانانەی دوایی، دەرخەری ئەو حەقیقتەیە کە هەمیشە نەواتێکی شۆڕشگێڕی لە هەناوی کۆمەڵگەدایە، گرنگە بە بایەخەوە سەیری ماتەوزەی تاکەکان بکەین و ئەو ئومێدەمان هەبێت، کە دەشێت لە هەر ساتێکی مێژووییدا ئەم ناوکە شۆڕشگێڕییە وەگەڕبخرێت و پۆتێنشیاڵی ڕزگاری کۆمەڵگە ببێتە جێگرەوەی سیستەمی باڵادەست. ئەمە دڵخۆشمان دەکات بەوەی هەموو ئەم هەستانەوە و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانە لە داهاتوودا، ببنە هەوێنی سەرکەوتنێکی گەورە و شۆڕشی چەساوەکان بەسەر کەمینەی چەوسێنەردا.

ڕەوت: زۆر سوپاس هاوڕێ ناجی و هیوادارم فورسەت هەبێت ئەم پۆلمیک و دیدارانە بەردەوامی پێبدەین.

ناجی ئەفراسیاو: منیش خۆشحاڵم، بتوانم لەڕێگەی ڕەوتەوە پەیامەکانمان بگەیەنین بە هاوچینەکانمان.

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!

شیرین عەبدوڵا ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن ...

شەش ساڵ حوکمی زیندانی و دادگای پیاچونەوەی هەرێم

نەواد بابان ئە‌گە‌ر دادگا سەربەخۆ بوایە و یاسای مەدەنی سە‌روە‌ر بوایە‌ ‌لە‌م ھە‌رێمە‌‌دا،  ئێستا دە‌بوایە‌ ...

سەما، گڕی ئازادی دەربڕین و نواندنی موسیقایی جەستەیە

 ئەوەی فورسەتی  بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، ...

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا

موئەیەد ئەحمەد ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و ...

شەنگال لەناو بەرداشی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسیدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ساڵح ڕەوت: هاوڕێ عەبدوڵا سالح سوپاس کە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت کاتت گونجاند تا ...

%d مدونون معجبون بهذه: