کاتێك تەنوورەکەی ناتالیا کۆمەڵگەی کوردی دەهەژێنـێت!

عومەری خەتات

کۆمەڵگەی ئێمە پڕیەتی لە کارەساتی گەورە، دەسەڵاتێکی دز و سەرکوتگەر، لەشکەرێکی گەورە لە  بێکاری، هەژاریەکی زۆر، ڕەشبینیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی، گەورەبوونی جیاوازە چینایەتیەکان، هەڕەشەکانی دەوروبەر و زۆر بەدبەختی تر تەنگی بە خەڵکی کوردستان هەڵچنیووە، ئەوەی جێگەی تێرامانە ئەوەیە کە ئەم کێشە گەورە کۆمەڵایەتیانە هیچکات نەیانتوانیوە بچووکترین هەژاندن لە ناخی خەڵکی کوردستاندا دروست بکەن! بەڵام تەنوورەیەکی ئاسایی کەمێ سەروو ئەژنۆ، چاوو و گوێی گەورە بچووك، ژن و پیاو، ئیسلامی و عەلمانی، مێدیای ڕەسمی و حزبی، قۆڵاغ دەکات و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕ دەبن لە گوتـاری هەڕەشە و سوکایەتی و جنێودان و لێرەشەوە ناتالیا دەبێتە ڕەمزی سوکایەتی کردن بە “کولتوری کۆمەڵایەتیمان”! ناچار ئەویش لە ترسی ئەو “خەتا” گەورەیەیەی کە لە دەرکەوتنی کەمێك ڕووتی جەستەی کردوویەتی بە پەیامێك داوای لێبوردن بکات. شار ووردە ووردە خامۆش دەبێتەوە و دەچێتەوە ناو خەوە ورچانەکەی خۆی و لە چاوەڕوانی شۆکێکی تر، درزی نێوان سنگی خانمێکی تر یان فەتحەی تەنوورەیەکی بێ ئەدەبی تر، تا لە خەو هەڵیسێنێتەوە!

چی وا دەکات مەسەلە چارەنووسسازەکانی خەڵك هیچ پەرچەکردارێك لە ناو هیچ کەسێکدا دروست ناکەن بەڵام بەشێك لە جەستەی ڕووت ئەو هەموو هەڵڵا کۆمەڵایەتیە دەنێتەوە؟ کێن ئەوانەی بینای فۆرمی جەستەی ژن دەکەن و نایانەوێت لەو قاڵبە تەقلیدییە دەربچێت کە ئایین و نەریتی خێڵ دیاریان کردووە؟

لێرەدا مەبەست لە جەستە، جەستەی بایۆلۆژی نییە، چونکە جەستەی بایۆلۆژی دەمێکە جێگەی خۆی چۆڵ کردووە بۆ جەستەیەکی تر کە بە جەستەی فەرهەنگی دەناسرێت وەك فۆکۆ دەڵێ جەستە تێکستێکە و فەرهەنگ دەینوسێتەوە. ژن لەم سیاقەدا خاوەنی خۆی و جەستەی خۆی نییە، بەڵکو کائینێکی شەهوانیە و دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت!

جلوبەرگ وەك ڕەمز

پۆشینی جل و بەرگ مانایەکی ڕەمزی و کۆمەڵایەتی گەورەی هەیە، جلوبەرگ ڕوخساری جەستە هەڵدگرێت و هەردووکیشیان بەیەکەوە شوناس دەدەنە خود.

هیچ کەس بە جلوبەرگەوە لە دایك نابێت و بە جلوبەرگیشەوە ناخرێتە ژێر خاك، تەنانەت بەپێی دیدگای ئایینەکانیش، مرۆڤ بە ڕووتی دەچــێتەوە بەردەم خوداوەند! ئەگەرچی ئێمە لە ئێستادا و لە پرسی تەنوورەکەی ناتالیادا لەبەردەم پرسیاری “ڕووتبوونەوە”دا نین. ڕووتبوونەوە بە کورتی یانی نەپۆشینی جل وبەرگ. حاڵەتێکی ئاسایی مرۆڤ بووە پێش دۆزینەوەی پۆشـاك. لە ئێستادا کەم کەس هەیە لەبەرچاوی ئەوی دی خۆی ڕووت بکاتەوە. ئەگەرچی زۆر دەمێك نییە لە هەندێ وڵاتانی رۆژئاوا لە لایەن هەندێ گروپەوە گەڕانەوەیەك هەیە بۆ ڕووتبوونەوە، ئەم گروپانە خۆیان وەك ڕەوتێکی “سروشت گەرا” پێناسە دەکەن. [بزووتنەوەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سروشتی مرۆڤ و دەرچوونە لە قاڵبە ساخــتەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریی] ڕووتبوونەوە لەم کۆنسێپـتەدا، پەرچەکردارێكە، دژایەتیەکە بۆ جلوبەرگ وەك ڕەمــزی جیاوازیە چینایەتیەکان و گەڕانەوەیە بۆ “سروشتیبوون”ێكی مرۆڤ کە جلوبەرگ لەناوی بردووە!

جلوبەرگ بە تەنها چنراوێك نیە لە قوماش و دیزاین، بەڵکو هەڵگری زمانێکی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵێك ڕەمزە کە گرێیان خواردۆتەوە بە فەرهەنگی شیاو و نەشیاوی کۆمەڵایەتیەوە، وێنەیەکی چڕکراوەیە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە بڕگەیەکی مێژووی خۆیاندا. لەم نێوەدا پرسیار لەسەر تەنوورەکەی ناتالــیا و ناتالیاکان نیە بەڵکو لەسەر ئەو گۆشتە سپییەیە کە لە ژێر تەنوورەکەدا بە ئازادی دەردەکەوێت و دەبێتە هەڕەشە بۆ کۆمەڵێك کۆدی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە لە ئازادی جەستەدا فەنای خۆیان دەبیننەوە!

چەندە جەستە فەرهەنگە، لە گەڵیشیدا جلوبەرگ دەبێتە فەرهەنگ و لە ڕێی ئەوەوە نەك هەر حوکم بەسەر جەستەدا دەدرێت، بەڵکو خۆشی دەبێتەوە ئامرازێکی کۆنترۆڵی جەستەش. لەم تێڕوانینەدا جلوبەرگ وەزیفە ماددیەکانی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە زمــان و گوتارێکی فەرهەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. چۆن جلوبەرگی داعشیەکان تەنها جلوبەرگێك نییە لە خۆیدا بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێك کۆد و فەرهەنگە، بە هەمان شێوەش جلوبەرگی ناتالیکان هێمایەکە بۆ فەرهەنگێكی تر کە دژە فەرهەنگی باوە! ئەوە جلو بەرگێکی نامۆ و سەرسوڕهێنەر نییە کە ناتالیاکان لەبەری دەکەن بەڵکو ئەوان فەرهەنگێك دەپۆشن کە بەقەوڵی کۆنەپەرستیی ناو کۆمەڵگە هی “ئێمە” نیە و نامۆیە بە “عادات و کولتوورمان”، تەنوورە کورتەکەی ناتالیا، چەندە پێناسەیەکە بۆ ستاتیکای جەستەیەکی تاك، کە بە داخەوە خودی ناتالیاکان وا لێی ناڕوانن، چونکە جەستەی ناتالیاکانیش جەستەیەکی ئازاد نییە و بە ئازادیش ناپۆشێت تا ئازادانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات بەڵکو هەروەکو دژەکەی لێی دەڕوانێت واتە جەستە لای ناتالیاکان و دژە ناتالیەکان خاڵی دەکرێتەوە لە هەموو رەهەندەکانی و تەنها لایەنە سێکسی و هەستبزوێنیەکەی دەبێتە سەنتەر، هەربۆیە ئەو پێی وایە خەتایەکی کردووە و لە نۆرمە گشتییە باوەکە دەرچووە، بۆیە پەنا بۆ پۆزش دەبات!

کێ جەستەی ژن فۆرم دەکات؟

لە دێرزەمانەوە فەرهەنگ جەستەی مۆڵ کردووە. لە هەر کۆمەڵگەیەك و زەمەنێکدا جەستە دەخرێتە ژێر “ڕاستکردنەوە”وە بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ ئەو بەهاو نەریتانەی کە لە کۆمەڵگەدا پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.

لە کوردستان جەستەی ژن وەك هەر کۆمەڵگەیەکی شەرقی چەپێنراو و تێر بە کۆد و نەریت و ڕیتواڵی خێڵ و کولتووری ئایینی، لە قاڵب دراوە و ڕۆژانەش لە لایەن سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە ” دەسەڵات، پۆلیس و دادگا، پەروەردە و خوێندنگاکان، خێزان، شەقام، مزگەوتەکان، چایخانەکان، کۆڕوکۆمەڵە فەرهەنگی و سیاسیەکانەوە لە هەوڵــدان بۆ هێشتنەوەی فۆرمی بـــاو و کێشانی سنوورەکانی “ڕێپێدان و ڕێپێنەدان”ی ئەم جەستەیە! بەڵام ئەم جەستەیە بە دیاریکراوی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە نێوان دوو گوتاردا گیری کردووە، گوتـارێكی نوێ کە بەرهەمی پەیوەندیەکانی سەرمایەداریی نوێیـە کە هاتۆتە کوردستان و لە بەرامبەریدا دژەگوتارێکی تەقلیدی کە بەرهەمی پەیوەندیەکانی خێڵ و دیدگا ئایینیەکانە کە کۆنن و پێویستە جێی خۆیان چۆڵ بکــەن و خۆیان بپێچنەوە.

شارەکانی ئێمە لەم ساڵانەی دوايـیدا کراونەتەوە بە ڕووی ئابووریەکی ئازاد و نیولیبراڵدا بە هەموو پەیوەندییە کاڵایی و فەرهەنگییەکانیەوە، بەڵام لە گەڵیشیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە خێڵەکی و ئایینیەکانیش ئامادەییەکی گەورە و مێژوویی و ڕەگێکی درێژتریان تێیدا هەیە. هەڵڵا دروستکردنی تەنوورەکەی ناتالیا لێرەدایە، لە نێوان ئەم دوانەدا “ترادیشون و مۆدێرنە”دا!

لە روانگەی پەیوەندیەکانی خێڵ و تەنانەت ئابووری بچووكیشـەوە، جەستەی ژن دەبەسترێتەوە بە زەویەوە، زەویەك کە سنوور و ڕێگری نیە. هەر بەم مانایە جەستەی ژن دەبێتە جەستەی کۆمەڵ و جەستەی زەوی و تەنانەت جەستەی سروشتیش، بۆیە دەبێت ئەم جەستەیە لە دەستدرێژیەکان بپارێزرێت! لەم تێڕوانینە تردیشیوناڵەدا ئەوە ژن نیە خاوەنی جەستەی سەربەخۆی خۆیەتی، ژن پووشـێك نیە بە ئاسانی “با” بیبات بەڵکو ڕەگێکی قوڵی لەگەڵ ئەو تێڕوانینەی سەرەوەدا هەیە و بە جۆرێكیش فۆرم کراوە کە بووەتە بەشێك لە جەستەی خێڵ و جەستەی عەشرەت و پێناسەکەی لە بونیادە گەورەیەدا مانا پەیدا دەکات. کاتێکیش ئەم جەستەیە یاخی بوو لە جەستە گەورەکەی خێڵ ئەوە دەبێتە جەستەیەکی یاخی، سەرکێش، پیس، هەڵگەڕاوە و لە بەرامبەریدا هەڵمەتی ناشیرینکردن و سوککردن و سزادان و تا ئا ئاستی لە ناوبردن لای خێڵی گەورە “کۆمەڵگە” دەبێتە کارێکی سروشتی ومەشروع! بۆ پەیوەندیەکانی خێڵ ئەوە تەنها هەڕەشە و گوڕەشە و سوکایەتیپێکردن و ناشیرینکردنە دەتوانێت زەمانەتی مانەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندیە داخراوەکانی خۆی بکاتەوە.

بەڵام ئێستا ئەم جەستە ترادیشیوناڵە لە لایەن جەستەیەکی مۆدێرنترەوە کە “مەرج نیە ئازادیخواز بێت” دەکەوێتە بەر هەڕەشەوە. ناتالیاکان، ئەو هەڕەشەیەن و هاتوون و دەیانەوێت ئەم وێنە کۆنەخوازە لە جەستەی ژنی “کۆن” کە قەڵەوە، رووشە، ناشیرینە، وەلابنێن و وێـنەی جەستەیکی تر کە پڕیەتی لە فەردانیەت، ئەنانیەت و سەربەخۆبوون و سەربەخۆ لە پەیوەندیەکانی ئایین و خێڵ نمایش بکەن!. هەر لێرەشەوەیە جنێو و دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقی و سوکایەتی بە ناتالیاکان لە لایەن گوتاری ئیسلامی وەك هەڵگری کۆنەپارێزترین کولتوری دژە ژن لەگەڵ پیاوسالارییەکی ڕیشەدار کە سەریان لەو پەیوەندیە ترادیشیوناڵانەوە هێناوەتە دەرەوە دەکەونە دژایەتی قورسەوە و سەنگەر دەگرن!

لەم نێوەدا بە تایبەتی گوتاری ئیسلامی ڕێکخراو و حزبە ئیسلامیەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە دژایەتی کردنی فەرهەنگی مۆدێرنە و هەوڵی جێخستنی ڕەفتـار و فەرهەنگی ئیسلامی خۆیان. ئەوان وەك بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتیان جا چ لە دەسەڵاتدا بوون یان لە دەرەوە، هیچ کات توخنی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان نەکەوتوون، بەڵکو تەواوی کاریان لە جوغزێکی تەنگی بینای سەرەوە و فەرهەنگی کۆمەڵایەتیدا قەتیس دەبێت! لای ئیسلامیەکان کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکان بە ئاقارێکی تردا گوزەر دەکات و دەگۆڕدرێت بۆ شەڕی ئایدیۆلۆژیا و فەرهەنگ، دژایەتی تێکەڵاوبوونی ژن و پیاو، خۆشی و شادی، جل وبەرگی مۆدێرن بە تایبەتی جلوبەرگی ژنانە، مۆدێل و ستایلی قژبڕین و گۆرانی و مۆسیقا.

تێڕوانین بۆ جەستەی ژن وەك جەستەیەکی سێکسی ڕووت، ئەو کاتە نەبوو کە حەوا “تەحەدا”ی خودای کردو ئادەمی هەڵخەڵەتاند تا لە بەری درەختی مەعریفە بخۆن، بەڵکو ئەو کاتە بوو کە حەوا پۆزشی بۆ خودا هێنایەوە و خۆی بەخەتابار زانی لەو کارەی کردوویەتی! پۆزشەکەی ناتالیاش وەك دۆخێکی سروشتی دەچێتەوە سەر هەمان ڕێچکەی چەوسانەوەی هەزاران ساڵە کە بە حەوا دەستیپێکرد!. جیاوازیەك کە هەیە لە نێوان حەوا و ناتالیادا ئەوەیە کە لە دۆخی حەوادا خودایەك ئامادەبوو لێبووردن بکات، بەڵام بۆ ناتالیا، ئەو خودایەش ئامادەیی نییە، بۆیە پۆزشەکەشی دادی نادات.

٦-٣-٢٠٢١

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!

شیرین عەبدوڵا ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن ...

شەش ساڵ حوکمی زیندانی و دادگای پیاچونەوەی هەرێم

نەواد بابان ئە‌گە‌ر دادگا سەربەخۆ بوایە و یاسای مەدەنی سە‌روە‌ر بوایە‌ ‌لە‌م ھە‌رێمە‌‌دا،  ئێستا دە‌بوایە‌ ...

سەما، گڕی ئازادی دەربڕین و نواندنی موسیقایی جەستەیە

 ئەوەی فورسەتی  بەم توانا سەرکوتکارییەی لایەنە ئیسلامیەکان لە دژی هونەری یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بە خشیوە، ...

لە یادی (کۆمۆنەی پاریس)دا

موئەیەد ئەحمەد ئەمڕۆ (١٨-٣-٢٠٢١)، سەد وپەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی کۆمۆنەی پاریسدا تێئەپەرێ. پێشوازی فراوان و ...

شەنگال لەناو بەرداشی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسیدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ساڵح ڕەوت: هاوڕێ عەبدوڵا سالح سوپاس کە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت کاتت گونجاند تا ...

%d مدونون معجبون بهذه: