بەدوای پەرەسەندنێکی خێرای قەیرانی ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا، هاوڕای پەرەسەندنی کێشمەکێشی نێوان ڕوسیا لە لایەک و ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیـیەکانی لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەلایەکی ترەوە، ئەمڕۆ ئیمپریالیزمی ڕوسیا، هەڵسا بە هێرشێکی سەربازیانەی بەربڵاو بۆسەر هێزەکانی ئۆکرانیا، نزیک لەو جمهوریانەی کە لەم دواییانەدا لە ئۆکرانیا جیابوونەوە، کە بۆتە شەپۆلێک لە ئاوارەیی بەکۆمەڵی دانیشتوان لە شارە جیاجیاکانی ئۆکرانیا.
ئەم قەیرانە کاتێک ئاڵۆز بوو کە سەرۆکی ڕوسیا، ڤلادیمیر پۆتین، لە دوو شەممەی (٢١-٢-٢٠٢٢)دا دانپیانانی وڵاتەکەی بە کۆمارە گەلیـیەکانی دۆنێتسک (Donetsk) و لوهانسک (Luhansk) لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وەک وڵاتی سەربەخۆ ڕاگەیاند، لەگەڵ بڕیاری چونەناوەوەی هێزە سەربازیەکانی ڕوسیا بۆ هەردوو ئەو ناوچەیە لەژێر ناوی “هێزەکانی پاراستنی ئاشتی” بۆ بەرگریکردن لەو دوو کۆمارە بەڕووی هێزەکانی ئۆکرانیادا. بەدوای ئەم پەرەسەندنەشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵسان بە داسەپاندنی یەکەمین پاکێجی گەمارۆی ئابووری بەسەر ڕوسیادا.
ئەوەی وا دەکات پەرەسەندنی ڕوداوەکانی ناو ئۆکرانیا و کێشمەکێشە نەتەوەییـیەکان تیایدا، ئەم لایەنە جیهانیـیە بەخۆیەوە بگرێت، لە بنەڕەتدا توندوتیژبوونەوەی ململانێی جیۆ-سیاسی و ستڕاتیژیـیە لە نێوان دەوڵەتی ئیمپریالیستی ڕوسیا و دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکی و هاوپەیمانە ئەوروپیـیەکانی لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) و پێشبڕکێـیە لەسەر دەستبەسەراگرتنی ناوچەی نفوز لە ئەوروپا.
دوای ئەوەی کە ڕوسیا، بەدوای ڕوخانی یەکیەتی سۆڤیەتدا (١٩٩١)، توانی هێزی سەربازی و ئابووری و سیاسیی خۆی بە پلەیەکی باش سەرلەنوێ دامەزرێنێتەوە و لە چەند دەیەی ڕابردووشدا هاوپەیمانەتی لەگەڵ چین و وڵاتانی تری وەک ئێران دابین بکات، ئێستا گەیشتۆتە خاڵێکی وەها لە جێگەوڕێگە وەک هێزێکی ئیمپریالیستی عەسکەرتاری ڕکەبەر، کە بتوانێت بەڕووی ئەمریکا و پەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ)دا بووەستێتەوە لەسەر شانۆی جیۆ-سیاسی و ستڕاتیژی جیهانیدا.
نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم جێگەوڕێگە تازەیە بە دەستێوەردانی سەربازییانەی ڕوسیا لە ساڵی (٢٠٠٨) لە جۆرجیادا دەرکەوت و ئێستاش لەو جێگەوڕێگەدایە کە ململانێ دەکات لەگەڵ هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا تا پشک و بەشی خۆی وەرگرێت لە ناوچەکانی نفوز و جێگەوڕێگەی خۆشی دابین بکات لە سیستمی جیۆ-سیاسی و ستڕاتیژی و جیۆ-ئابووری لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی، وە لە هەوڵدایە تا ئەو شوێنەی بۆی دەستبدات دووبارە ئەو ناوچانە بەدەست بهێنێتەوە کە پێشتر لەدەستی داون لە ناوچەی نفوز لە ئەوروپا.
بە پێچەوانەی لایەنگرانی سەرمایەداری و نیو-لیبراڵییەوە، سەرمایەداری و ئیمپریالیزمی هاوچەرخ ئەو خسڵەتە لەخۆی نیشاندەدات کە خوڵقێنەری بلۆکبەندی و قوتبەندی ئابووری و سەربازی و سیاسیی جۆراوجۆر و سەرهەڵدانی قوتبی تازەی نێودەوڵەتی و ناوچەییـیە، وە ململانێی جیۆ-سیاسی و ئابووری و ستڕاتیژیش توندوتیژ دەکاتەوە لە نێوانیاندا، هەروەها پەرەدەدات بە گەشەی عەسکەرتاریەت و خۆپڕچەککردن و ملهوڕی نواندن و ملکەچپێکردنی گەلان و وڵاتانی لاواز بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەوانە داگیرکاری ڕاستەوخۆ و جەنگی پڕۆکسیانە (بەوەکالەت). هەموو ئەمەش بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان لەڕووی ئابووری و سیاسی و بەدەستهێنانی ناوچەی ژێر نفوز بەپێی ئەو هاوسەنگیـیە تازەیەی کە دێتەئاراوە لە نێوان هێزە سەرمایەداریـیە ئیمپریالیستەکاندا بە تێپەڕینی کات.
ئەم کێشمەکێشەی نێوان دەوڵە ئیمپریالیستەکان و قوتبە ناوچەییـیەکان تڕاژیدیایان لە ڕووبەرێکی بەرفراواندا بەسەر مرۆڤایەتیدا داسەپاندووە. تا ئێستاش جەماوەر لە عێڕاقدا نرخی داسەپاندنی جەنگ و داگیرکاریی ئیمپریالیزمی ئەمریکی دەدات، لەگەڵ باجی ئەو جەنگە پڕۆکسییانەی کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و قوتبە ناوچەییەکانی تر ئاڕاستەی دەکەن لە ڕێگەی هێزە جۆراوجۆرە ترۆریست و میلیشیاکانی سەربە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە عێڕاق و چەند وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمە و دەستێوەردانی سەربازییانەی ڕوسیا بۆ بەرگری لە ڕژێمی ئەسەد و تاوانەکانی دەرحەق بە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە و ئەو ملهوڕییانەش کە ئەنجامی دەدات بەرامبەر وڵاتانی سەربەخۆی دراوسێی ڕوسیا و ئامادەگیـیەکەشی بۆ داسەپاندنی جەنگێکی هەمەلایەنە بەسەر ئۆکرانیا و دەستێوەردانی سەربازیانە تیایدا، هەموو ئەمانە لە لایەک، وە هەوڵدانی بێوچانی هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا بۆ فراوانکردنی بازنەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە دەوروبەری ڕوسیا لە لایەکی ترەوە، چاوگێکی پێکهێناوە بۆ کێشمەکێش و ململانێیەکی گەرم لە نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریـیە ئیمپریالیستە هاوچەرخەکان و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکییش هەیە تیایدا کە مرۆڤایەتی وردوخاش بکات.
جەماوەری کرێکار و هەژارکراو ئەوانن باج دەدەن لە تێکچڕژانی قەیرانی ئێستای ئۆکرانیا و بوون بە جەنگێکی هەمەلایەنە و پێوەلکاندنی ناوچەکان و پەرەسەندنی دەمارگیری نەتەوەیی و ڕاسیزم لە ئۆکرانیا و ڕوسیا و وڵاتانی تری ئەورپادا، هەر ئەوانیشن کە دەبنە قوربانی تێکچڕژانی ئەم قەیرانە ئەگەر جەنگ لە ئەوروپا بەرپا بێت.
سەرمایەداری هاوچەرخ لە قەیرانێکی قوڵدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش قوڵتر دەبێتەوە، بۆیە جەماوەری کرێکار و ڕەنجدەر و بزوتنەوەی کرێکاری بەگشتی، نابێ ڕێگە بە بورژوا ئیمپریالیست بدەن کە وایان لێبکات باجی قەیرانە خنکێنەرە ئابووریـیەکەی بدەن، لە ڕێگەی جەنگ و تاوپێسەندنی کێشمەکێشە ناوچەییەکانەوە، وە نابێ ڕێگەبدەن سەرکێشیـیە جیۆ-سیاسی و ستڕاتیژییەکانیان بەسەر سەری ئەواندا پیادە بکەن، دەبێ ڕیزەکانیان یەکگرتوو بکەن دژی جەنگ و عەسکەرتاری و خۆپڕچەککردن.
ڕزگاربوونی جیهان لەدەست ئەو نەهامەتییانەی کە سەرمایەداری ئیمپریالیستی و عەسکەرتاریەکەی و جەنگ و کێشمەکێشی بلۆکبەندی و قوتبە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی دەیخوڵقێنێت، بریتیـیە لە یەکخستنی خەباتی کرێکاران و ڕەنجدەران و هەژارکراوانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە خەباتێکی سۆشیالیستی نێونەتەوەییدا بۆ هەڵپێجانی سەرمایە و سەرمایەداری و ڕووبەڕووبوونەوەی بۆرژوازی خۆماڵی و دەسەڵاتەکانیان لە هەر وڵاتێکدا، نەک نیشانەگرتنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی وڵاتی بەرامبەر بە سەرە ڕمەکانیان.
ئێمە لە ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دژ بە ملهوڕی دەوڵەتی ڕوسیا و دەستێوەردان و هێرشە سەربازیەکەی ئێستایین بۆسەر ئۆکرانیا، وە دژ بەهەر جموجوڵێکیشین ڕووەو لەشکرکێشی هەمەلایەنە بۆسەر ئۆکرانیا و داسەپاندنی شەر بەسەریدا، هەروەها دژ بە کردەوە و ئاکارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیین لە خوڵقاندنی کەشی جەنگ و بەردەوامیدان بە فراوانکردن و پتەوکردنی بازنەی نفوزیان لە ڕێگەی بە ئەندام وەرگرتنی وڵاتانی دەوروبەری ڕوسیا لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا. ئەمە و بە توندیش سەرکۆنەی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی دەکەین دژ بە هەر نەتەوەیەک لە ناوخۆی ئۆکرانیا و داوای کۆتاییهێنانی ئەو جەنگەین کە لەئارادیە لە ناوخۆی ئۆکرانیا لە نێوان ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا لە کێڤ.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بەشێکە لە بەرەیەکی جیهانی دژ بە جەنگەکانی ئیمپریالیستی و ئەو قەسابخانەیەی کە وەڕێدەخرێت لە پێناو بەرژەوەندی تاقمێکی فەرمانڕەوای سەرمایەداری و دەوڵەتە سەرمایەدارە ئیمپریالیستەکان و هێزە ناوچەییـیەکان.
ئێمە بەشێکین لە ئۆردووی جیهانی پڕۆلیتاریا دژ بە جەنگ و لایەنگری ناکەین لە هیچ لایەنێکی ئەم کێشمەکێشە، بەڵکو داوا لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشان دەکەین کە بەڕووی بورژوازی فەرمانڕەوای وڵاتەکانیان بوەستنەوە و خەباتیان یەکگرتوو بکەن لە یەک خەباتێکی سۆشیالیستانەی نێونەتەوەیـیدا.
نا بۆ جەنگ و هێرشی سەربازی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا
بەڵێ بۆ یەکێتی خەباتی سۆشیالیستی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش.
بژی سۆشیالیزمی نێونەتەوەیی
بڕوخێ جەنگی سەرمایەداری ئیمپریالیستی
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢