ڕاگەیاندنی کۆتایی سێهەمین کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، سێهەمین کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی خۆی بەست لە شاری بەغدا و سێ ڕۆژی خایەند لە نێوان ڕۆژەکانی (٢٥) تا (٢٧)ی مانگی ئایاری (٢٠٢٢).

ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی لیژنە ڕێکخراوەییەکان و نوێنەرانی لیژنەی پارێزگاکان ئامادە بوون، وێڕای کۆمەڵێک میوان لە دۆست و هاوڕێیانی خەباتکاری کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوی کرێکاریی و سەندیکایی و هەڵسوڕاوانی بواری ئازادی ژن و لاوان و خەباتکارانی مەیدانەکانی ڕاپەڕین، کە چالاکانە بەشداریان کرد لە گفتووگۆکاندا دەربارەی ئەو باس و بڕیارنامانەی کە خرابوونە ڕوو لەو کۆبوونەوەیەدا.

کۆبوونەوەکە بە سرودی نێونەتەوەیی و چرکەیەک وەستان بۆ یادی گیانبەختکردوانی ڕێگای سۆشیالیزم دەستی پێکرد. دوای بەخێرهاتنی ئامادەبوان لە لایەن (موئەیەد ئەحمەد) هاوئاهەنگکاری کۆمیتەناوەندی، وە پاش هەڵبژاردنی (دەستەی بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە)، خشتەی کارەکان پەسندکرا و کۆبوونەوەکە دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.

خشتەی کارەکان کۆمەڵێک باس و بڕیارنامەی گرتبۆ خۆی لەگەڵ گفتووگۆکردن لەسەر بنەما ڕێکخراوەییەکانی تایبەت بە ڕێکخراوی بەدیل و چەند مەسەلەیەکی عەمەلی پەیوەست بەکاری لیژنە ڕێکخراوەییەکان و ڕاگەیاندنی ڕێکخراومان.

خشتەی کارەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  1. ڕاپۆڕتی تایبەت بە کاری (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە نێوان هەردوو کۆبوونەوەی بەرفراوانی دووەم و سێهەم.
  2. باسێک دەربارەی قەیرانی سەرمایەداری هاوچەرخ و کێشمەکێشە ئیمپریالیستی و سەرمایەدارییەکان لە عێڕاقدا.
  3. باسێک دەربارەی جەنگ لە ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی.
  4.  باسێک دەربارەی ڕەوتی مارکسیستی و هێڵی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی.
  5. باسێک دەربارەی بزوتنەوەی سەندیکایی و خەباتی کرێکاریی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان.
  6. باسێک دەربارەی بارودۆخی ژنان لە عێڕاق و ستڕاتیژی بردنەپێشەوەی خەباتی فێمێنیستی.
  7. باسێک دەربارەی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی لە عێڕاقدا.
  8. بڕیارنامەی سێهەمین کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، دەربارەی (بارودۆخی سیاسی ئێستای عێڕاق و سیاسەتەکانمان).
  9. باسێک دەربارەی بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی تیایدا.
  10. گفتووگۆکردن لەسەر (بنەما ڕێکخراوەییەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق).
  11. بڕیاردان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە پێکهێنانی لیژنە ڕێکخراوەییەکان و کارەکانیان.

بڕگەی یەکەم ڕپۆڕتێکی گرتبۆخۆ کە تیایدا خەباتی سیاسی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لەسەر چەند مەسەلەیەکی جۆراوجۆر ڕوونکردەوە، لەسەروی هەمووشیانەوە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و سیاسەتەکانی ڕێکخراومان دەربارەی ئەو ڕاپەڕینە. هەروەها ڕاپۆڕتەکە باسی لە کارە ڕێکخراوەییەکان و پێشڕەویە بەردوامەکانیشی  کرد. ئەمە و ڕاپۆڕتەکە کورتەیەکیشی خستەڕوو لەسەر ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی و ئەوەی کە ئەنجامی داوە لە بواری پڕوپاگەندە و هاندانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی فکری مارکسی و سیاسەتەکانی ڕێکخراو هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ.

باسی دووەمیش کە دەربارەی قەیرانی سەرمایەداری و کێشمەکێشە ئیمپریالیستی و سەرمایەدارییەکان بوو لە عێڕاقدا، توندوتیژ بوونەوەی کێشمەکێشەکانی دایەبەر گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و بلۆکبەندیە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکان لەگەڵ تێکچڕژانی کێشمەکێشی نێوان هێزە هاوپەیمانە ئیقلیمیەکان لە جەرگەی ئەم قەیرانەدا، وە ئەوەشی ڕوونکردەوە کە قەیرانی ئەم سیستمە جیهانییە، قەیرانێکی گشتییە، بەشبەش ناکرێت و ناوەستێت، بەڵکو تادێت ئاڵۆزتر دەبێت. ڕواڵەتەکانی ئەم قەیرانە و ئەو کوێرەوەریانەی کە هێناونیەتەئاراوە بۆ چینی کرێکاری جیهانیی، لەوەدا خۆی دەردەخات کە تادێت پانتایی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری جیهان بەرفراوانتر دەبێت. هەروەها ئەم باسە چووەسەر ئەوەی کە سەرمایەداری نیولیبرالیزم بەهەنگاوی خێرا خزاوەتەناو هەموو جومگەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، وە بەو سیاسەتە ئابوورییانەش پشت ئەستوور کراوە کە ڕژێم و هێزە بورژوا ئیسلامی و قەومیە گەندەڵ و تاڵانکارەکان پیادەی دەکەن بۆ پتەوکردنی ئەم شێوازە لە ئابووری سەرمایەداری، بۆ هێرش بردنی بەردەوام بۆ سەر کەرتی گشتی پیشەسازی و ڕادەستکردنی بەکەرتی تایبەتی، وە بۆ وێرانکردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکانی تەندروستی و کارەبا و خوێندن و …هتد.

ئەو باسەش کە جەنگی ئۆکرانیا و دەرهاویشتەکانی تاوتوێ کرد، ڕوونی کردەوە کە ئەم جەنگە، وە ئەو ماڵوێرانی و برسیەتییەتی کە دەیهێنێتەئاراوە نەک هەر بۆ گەلی ئۆکرانیا بەتەنها، بەڵکو بۆ هەموو جیهان، بەردەوامی سیاسەتی پەلهاویشتنە کە دەوڵەتە ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەکان لە لایەک و دەوڵەتی ئیمپریالیستی ڕووسیا لە لاکەی ترەوە گرتوویانەتەبەر.

باسی چوارەمیش کە (ڕەوتی مارکسی و هێڵی فکری سیاسی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) بوو، بایەخ و زەرورەتی بەکارهێنانی زیندوانەی تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس و ڕێبازەکەی وەک چەکێک لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی پڕۆلیتاریای جیهانی هاوچەرخدا، دایە بەرباس و گفتووگۆ. باسەکە کورتە مێژوویەکی ڕەوتی مارکسی خستەڕوو وە دەریخست چۆن ئەم ڕەوتە لەگەڵ هەموو شێواندنێکدا، هەر بە زیندوویی ماوەتەوە. وە پێشداگیرایەوە لەسەر ئەوەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) پابەندە بەم ڕەوتەوە و زۆر لێبڕاوانە بەرجەستەی دەکاتەوە لە خەباتی چینایەتی کرێکاران و سەرجەم خەباتی خۆیدا.

باسی تایبەت بە بزوتنەوەی سەندیکایی و خەباتی کرێکاریش لە عێڕاق و کوردستان، بارودۆخی کاری سەندیکایی تاوتوێکرد کە چالاکوانانی سەندیکایی و کرێکارانی هەڵسوڕاو کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون بەشدارییەکی زیندوو و چستوچالاکیان کرد دەربارەی بارودۆخی بزوتنەوەی کرێکاری و بەرتەسکردنەوەی هەردوو حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بۆ کاری سەندیکا و یەکێتیـیە کرێکاریەکان لە عێڕاق و کوردستاندا. ئەمە و واقعی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە کرێکاریـیەکانی شارە جۆراوجۆرەکان خرایەبەر باس لەگەڵ چۆنیەتی وەلانانی بەربەستەکانی بەردەم پەرەسەندن و ڕێکخراوکردنیان، وە پێ داگیرایەوە لەسەر کار و چالاکی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لەناو ئەو ناڕەزایەتییانەدا.

لەناو خشتەی کارەکانی ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکەدا باسێک پێشکەشکرا دەربارەی مەسەلەی ژن و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، تیایدا باس لە بارودۆخی ناهەمواری ژنان کرایەوە لە عێڕاقدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان و قەومییەکان و عەشائیرییەکاندا، کە چۆن ژنانیان کردۆتە کاڵایەک و نامۆی کردوون بە ژینگەی خۆیان بەهۆی دەستەپاچەکردنیانەوە لە بارودۆخی ماددی دەوروبەریاندا، کە ئەمەش خۆی بۆتە ڕاکردنیان لەدەست توندوتیژی خێزانی بەهۆی باڵادەستی نێرسالاریەوە. باسەکە درێژەی کێشا بۆسەر ئەوەی کە هێزی کاریگەری ژنان لەوەدایە ئاگاهی چینایەتی مارکسی و فێمێنیستی لە نێو ژناندا بەربڵاوبکرێتەوە. هەروەها باسەکە چووەسەر ستڕاتیژەکانی خەباتی ژنان لە بارودۆخی هێرشی سەرمایەداری دینیی عەشائیری قەومیدا.

تەوەرەی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ش لە لایەن ڕابەران و هەڵسڕاوانانی ڕاپەڕینەکە و بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەوە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون پێشکەشکرا، ئەم تەوەرەیە مێژووی پەرەسەندی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی دایەبەر گفتوگۆ تا گەیشتنی بە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، کە تیایدا ئەو هۆکارە بابەتییانەیان خستەڕوو کە بەشداربوون لە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە لە ناوەڕاست و خواروی عێڕاقدا، وە ئەو ئاڵوگۆڕانەشیان خستەڕوو کە هاتنەئاراوە لە کاروانی ڕاپەڕینەکەدا، لەگەڵ هۆکارەکانی پاشەکشەکەی و ئامڕازەکانی دەسەڵات و هێزەکانی دژە شۆڕش بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینەکە و بەلاڕێدابردنی لە خواستی ئاڵوگۆڕی ڕیشییەوە بۆ خواستی چاکسازی کە درێژە بدات بە تەمەنی ڕژێمەکە. ئەمە و میکانیزمەکانی سەرکەوتنی هەر ڕاپەڕینێکی ئایندەشیان باسکرد کە بریتییە لە ڕێکخراوکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و ژنانی چەوساوە بە ئاسویەکی سیاسی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانەوە.

خشتەی کارەکانی ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکە، بڕیارنامەیەکی تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسی ئێستا و سیاسەتەکانی ڕێخکراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لەم بارودۆخەدا، کە هەڵبژاردن و پەرلەمانی دانا بە میکانیزمێک بۆ داماڵینی مافی جەماوەر لە هێنانەدی ئیرادەی سیاسی خۆیدا. هەروەها ناوەڕۆکی چینایەتی بورژوازیانەی دەوڵەتی عێڕاقیشی تاوتوێکر لەگەڵ سروشتی چینایەتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر (ی ٢٠١٩) و ڕۆڵی هێزەکانی دژە شۆڕش لە دامرکانەوەیدا. هەروەها ئەم باسە تاکتیکی سیاسی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی و ئەرکە عەمەلییەکانیشی تاوتوێکرد دەربارەی بارودۆخی سیاسی ئێستا و چۆنیەتی کاریگەردانان لەسەری.

ڕۆژی سێهەمی پلینۆمەکە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکەی تاوتوێکرد. تیایدا بارودۆخی سیاسی کوردستان و باڵادەستی حزبە بورژوا قەومییەکان و کاریگەریەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەر خرایەڕوو، پاشان باسەکە چووەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و ڕەخنە لە سیاسەتی ڕەوتە بورژواکانی ناو ئەو بزوتنەوەیە و هەوڵدانی ئەو ڕەوتە بورژوازیانە بۆ بەهرەبەردای لێی و ئەو کەندوکۆسپانەش کە ڕووبەڕووی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییە دەبنەوە لەگەڵ چۆنیەتی زاڵبوون بەسەریاندا. هەروەها پلینۆم باسیشی لە چۆنیەتی پەرەپێدانی ڕەوتی مارکسیستی و گۆڕینی بۆ بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی توانادار و بەهێز کرد لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەرکەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە هێنانەدیاندا.

بڕگەی تایبەت بە بنەما ڕێکخراوەییەکانی بەدیلی کۆمۆنیستیش گفتووگۆی لەسەرکرا و بڕیاردرا کۆمیتە ناوەندی بەرپرس بێت تا لەماوەی سێ هەفتەدا ئەو هەموارکردنەوانەی کە پێشنیارکرابوون پیادەیان بکات.

سەبارەت بە کاروبارە عەمەلییەکانی پەیوەست بە لیژنە ڕێکخراوەییەکانیشەوە کۆمەڵێک بڕیار لەبارەیانەوە درا.

لە کۆتاییشدا بە کۆی دەنگ، دەنگدرا بە موئەیەد ئەحمەد وەک هاوئاهەنگکاری گشتی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق.

سێهەمین پلینۆمی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی لە سەعات شەشی ئێوارەی ڕۆژی بیست و حەوتی مانگی ئایاری (٢٠٢٢)دا بە سرودی ئینتەرناسیوناڵ و لە کەشوهەوایەکی پڕ لە جۆشوخرۆشی بەشداربوواندا کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٩-٥-٢٠٢٢

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

بەرەو گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەتوانای ژنان، هاوکاتی بزووتنەوەی کرێکاری ڕوو لە هەڵکشان لە عێراقدا.

بەبۆنەی هەشتی مارسەوە: ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا پێشوازی لە (٨)ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە ...

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس   کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی ...

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...