گرینگترین وانە لە ئەزموونی سی و دوو ساڵەی بزووتنەوەی شۆرایی لە کوردستانی عێراقدا

نادر عەبدولحەميد

پێشەکی

بەدرێژایی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم، خەڵکی عێراق، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی (بەعس)دا، لە هەلومەرجێکی سیاسی داپڵۆسێنەرانە و پڕ لە ستەمی نەتەوەیی و تائیفیدا، ژیانیان بەسەر دەبرد.

ئەم ڕژێمە؛ لایەک لەسەر ئاستی کوردستان، توانیبووی هەرەس بهێنێت بە بزووتنەوەی چەکداری کوردایەتی، و لە لایەکی تریشەوە لەسەر ئاستی سەراسەری عێراق، توانیبووی هەر جۆرە ئۆپۆزیسیۆنبوونێکی سیاسی تێکبشکێنێت و ناڕەزایەیتی و بەرەنگارییە جەماوەرییەکانیش لە قاڵب بدات و پەرتەوازەیی داسەپێنێت بەسەریاندا و بێ کاریگەریان بکات. نەک هەر ئەوەش بەڵکو توانیبووی هەموو جەمعیات و سەندیکا پیشەیی و ڕێکخراوە جەماوەریەکان بکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە چالاکیی دامودەزگای حزبی و ئەمنی بۆ زەوتکردنی ئازادییەکان و داسەپاندنی سەرکوتی فکری و سیاسی بەسەر کۆمەڵگای عێڕاقدا.

بەم شێوەیە، خەڵکی عێڕاق لەبەرامبەر دێوەزمەیەکی زەبەلاحی سەرکوتگەری دڕندە و شۆفێنیستدا، خۆیان بە زەلیلی و داماوی دەبینیـیەوە، بەڕاددەیەک کە خەونیان بە “شەیتان”ەوە دەبینی کە بێت بەهانایانەوە و لەم کابووسە ڕزگاریان بکات.

داگیرکردنی کوێت لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە لە (ئابی ١٩٩٠)، بوو بە بیانوویەک بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا بۆ پیادەکردنی ستراتیژی خۆی بۆ ئەوەی ببێتە پۆلیسی جیهان، لەژێر ناوی “سیستەمی نوێی جیهانی”دا، ئەویش لە سەروبەندی ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی (سۆڤیەت) و دوای ڕووخانی ئەو بلۆکە، وە لەو پێناوەشدا، لە (کانوونی یەکەمی ١٩٩١)دا، جنگێکی دڕندانەی بەسەر عێراقدا داسەپاند، کە ژێرخانی ئەم وڵاتەی وێرانکرد، و گورزێکی تێکشکێنەریشی سرەواندە سوپای ڕژێم و دامودەزگای ئاسایش و سیخوڕیـیە داپڵۆسێنەرەکەی. ئیتر شکۆی دەسەڵاتی بەعس شکا و تەلیسم و کاریزمای “سەرکردە”کەشی پوچەڵ بۆوە، بەتایبەتی دوای ئەو دیمەنانە کە لە تەلەفزیۆنەکانەوە نیشاندران لە شکستی زەلیلانەی سوپای عێراق و ملکەچ بوونی ڕەزەلیلانەی (سەدام حسێن) بۆ مەرجەکانی ئەمریکا لەمەڕ شەڕ ڕاگرتن.

لێرەوە توڕەیی و ڕق و قینەی جەماوەری ساڵانێک پیشخواردوو، دەرچەیەکی بۆ تەقینەوە دەستکەوت، ئەم جەماوەرە سەرکوتکراو و خەفەکراوە، لە (١٤) پارێزگای عێراق لە کۆی (١٨)، بە پارێزگاکانی کوردستانیشەوە، هاوکات و بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی لە سەرەتای مانگی (مارس/ ئازاری ١٩٩١) دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، هەڵیانکوتایە سەر دامودەزگا ئەمنیـیە سەرکوتگەرەکان، و دەستیان بەسەر بارەگاکانی حزبی بەعسدا گرت، و گەمارۆی سەربازگەکانی سوپایاندا، و شار و شارۆچکەکانیان یەک بە دوای یەکدا ئازاد کرد و داوای ڕووخاندنی ڕژێمیان کرد.

بەم شێوەیە جەماوەرێکی بێبەش لە ئازادی و خەفەکراوی ژێر چەپۆکی ئیستیبدادی سیاسی، لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریدا بۆ هەڵمژیینی هەوای ئازادی ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەڵام ئەم ڕاپەڕینە و ئەم کەشوهەوایەی شادی و ئازادی زۆری نەخایاند، چونکە جگە لە هێرشی دڕندانەی هێزەکانی سەر بە ڕژێمی (سەدام حوسێن) کە دەستیانکرد بە کوشتنی هەڕەمەکی و کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل، ڕەوتە کۆمەڵایەتیـیە سیاسیـیە کۆنەپەرست و چەکدارەکانیش لە ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و قەومی هاتنەناوەوە، چ لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و چ لە کوردستانی عێڕاقدا، و دەستیانکرد بە داماڵینی ئیرادەی ئازادانەی جەماوەر، ئەویش بە سەپاندنی کۆنترۆڵی میلیشیایی خۆیان بەسەر شار و شارۆچکە ئازادکراوەکاندا.

بەم شێوەیە ئەم ڕاپەڕینە لە ڕۆژەکانی سەرەتای خۆیدا لەباربرا و شکستی پێ هێنرا و گۆڕا بۆ کێشمەکێش و شەڕی چەکداری نێوان دەسەڵاتی ناوەندی لە لایەک و ئەم ڕەوتە میلیشیایی و دژە ئازادیخوازانەی ئیسلامی و تائیفیی ناوەڕاست و باشووری عێراق، و هەروەها حزبە میلیشیا ملهوڕ و پاوانخوازەکانی (بەرەی کوردستانی) لە کوردستانی عێراقدا لە لایەکی ترەوە.

لاچوونی سەرقاپی ئیستیبدادی شاهانە و کرانەوەی کەشوهەوای سیاسی لە ساڵی (١٩٥٨)دا، بەدوای کودەتا سەربازییەکەی (ئەفسەرانی ئازادیخواز)، و ڕاگەیاندنی سیستەمی سیاسی جمهورییەت، بووە هۆی سەرهەڵدان و هاتنەدەرەوەی چوار بزووتنەوەی جەماوەری بەهێزی (کرێکاران/جوتیاران/ژنان/خوێندکاران و گەنجان) لە دەرونی کۆمەڵگەی عێراقییەوە، و ئەم بزووتنەوانە، وەک شەپۆلێکی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕانە، سەراسەری ئەم وڵاتەیان داپۆشی بە کوردستانی عێڕاقیشەوە، لە مانگی تەمموزی (١٩٥٨)ەوە تا مانگی شوباتی (١٩٦٣).

ئەوەی لە ساڵی (١٩٩١)دا بینیمان لە کاتی لاوازبوونی دامودەزگای سەرکوتگەری ڕژێمی بەعس، و هەروەها لە کاتی ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە، لە ساڵی (٢٠٠٣)، لە لایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکیـیەوە، دروست پێچەوانەوە بوو، واتە بزووتنەوەی قەومی و تائیفی پیاوسالار و کۆنەپەرستی تاسەر ئێسقان سەریان هەڵدا کە بە ئاشکراش پەیوەست بوون بە ئەجێندای دەرەکی دەوڵەتانی ناوچەیی و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە، کە بە هاوکاری ئەم دەوڵەتانە و بەهێزی میلیشیا و چەک خۆیان داسەپاند بەسەر کۆمەڵگەدا.

ئەوەی لێرەدا جێگەی باسی ئێمەیە، تاکە جیاوازیـیەکە لەم کەشوهەوا بۆگەنە کۆنەپەرستانەیەدا، کە ئەویش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شورایی کرێکاران و زەحمەتکێشانە لە کوردستانی عێراق لە ساڵی (١٩٩١)دا، کەواتە بابزانین:

زەمینەی مادی و هۆکارە کاریگەریـیەکانی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە چی بوون؟

گەشە و پەرەسەندنی خێرای سەرمایەداری لە کوردستانی عێراق، لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ ستراتیژی سەربازی ڕژێمی بەعس بۆ نەهێشتنی بزووتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیستی لە کوردستان، کە ئەم ستڕاتیژەی ڕژێم تاوانەکانی جینۆسایدی گرتبۆخۆ لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و سیاسەتی وێرانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی بەزۆری جوتیاران بۆ ناو ئۆردوگا زۆرەملێـیەکانی دەوروبەی شارە گەورەکانی (هەولێر/سلێمانی/دۆهوک)، بەڵێ، هەموو ئەم گۆڕانکاریانە، بوونە هۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دابماڵرێن و وەک هێزی کاری ئامادە بۆ بازاڕی کاری سەرمایەداری بخرێنەڕوو، بەمەش بنکەی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار هەرچی زیاتر بەرفراوانتر بوو، وە لەگەڵیشیا پرسگەلێک و گرێوگۆڵەیەکی چینایەتی تازەی هێنایە ئاراوە کە بزووتنەوەی کوردایەتی پێیان نامۆ و لە دژایەتیدا بوو لەگەڵیان، ئەمە لە لایەک.

لە لایەکی دیکەشەوە دەبینین، لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، چەند هەوڵێکی جۆراوجۆر لەئارادایە لە لایەن کەسانی چەپ و کۆمۆنیستەوە (لە دەرەوەی هێڵی فکری سیاسی حزبی شیوعی عێراق) بۆ خۆ جیاکردنەوە لە سیاسەت و ستراتیژی حزبە ناسیۆنالیستە کوردیـیەکان. لەو سەردەمەدا زۆرێک لە کۆڕوکۆمەڵ و ئەڵقەی فکری سیاسی شکڵیان گرت، کە لە پرۆسەیەکی مێژووییدا، گەشەیان کرد و پاشان بوون بە هەوێنی پێکهێنانی ڕێکخراوی (کارگەران) یا (یەکێتی تێکۆشانی کارگەران)، کە ئەم ڕێکخراوە بوو بە بەردی بناغەی چەپێکی ڕادیکاڵی ڕێکخراو لە کوردستانی عێڕاق لە (١٩٨٠)ەوە تا کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکخراوە لەلایەن (ڕەوتی کۆمۆنیست)ەوە لە (١٩٨٤)، ئەویش دوای قەیرانێکی فیکری-سیاسی و ڕێکخراوەیی، و لە پرۆسەیەکی ڕەخنەگرانەدا لەناو خودی (کارگەران)دا.

(ڕەوتی کۆمۆنیست) لە کێشمەکێشە فکری و سیاسیـیەکانیدا و لە ڕەخنە لە ڕێکخراو و گرووپە چەپەکانی دیکە، لەوە واوەتر ڕۆیشت کە ڕەخنەی خۆی سنوردار و بەرتەسک بکاتەوە بە ڕەخنە لە سیاسەت و ستراتیژ و نەریتەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لەمەڕ دژایەتی ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، بەڵکو هێڵێکی ڕوونی چینایەتی و نێونەتەوەییشی کێشا لە بەرامبەر سەراپای بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی بۆرژوا کۆنەپەرست.

بەم شێوەیە، لە کوردستانی عێراق و لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا، بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی هاوچەرخ، لە پڕۆسەیەکی گەشەکردن و دابڕان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، شکڵی گرت، تابتوانێ نوێنەرایەتی ئاسۆ و ئامانجە ڕزگاریخوازەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بکات لە کوردستاندا. ئەوەی شایانی باسە لێرەدا، دوو فاکتۆر لە پاڵنان و گوڕ بەخشین بەم پڕۆسەی جیابوونەوە لە ناسیونالیزم و گەڕانەوە بۆ کۆمۆنیزمێکی کلاسیکی پەیوەند بە خەباتی چینایەتی کرێکارەوە، ڕۆڵیان بینیووە، ئەویش یەکەم شۆڕشی ئێران (ی ١٩٧٩) و ڕۆڵی چینی کرێکارە لەم شۆڕشەدا، وەک ڕووداوێکی مێژوویی گەورە، دووەمیش ڕەوتی (مارکسیزمی شۆڕشگێڕ)ە لە سەرەتای هەشتاکان و پاشان (کۆمۆنیزمی کرێکاری)یە لە کۆتایی هەشتاکاندا.

لە ساڵی (١٩٩٠)دا، (ڕەوتی کۆمۆنیست) ببوو بە ڕێکخراوێکی بەهێزی مارکسیستی، نەک تەنها لەڕووی هێڵی سیاسی چینایەتی و ڕێبازی کۆمۆنیستی ئینتەرناسیۆنالیستیـیەوە، کە لە نوسراوەکان و ڕۆژنامەکەیدا (پڕۆلیتاری) ڕەنگدانەوەیان هەبوو، بەڵکو لەو ڕووەشەوە کە ببوو بە خاوەنی ڕایەڵەیەکی بەرفراوانی ڕێکخراوەیی و سوپایەک لە کادرانی کارامە و لێهاتوو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراقدا، کە ڕاستەوخۆ دوای داگیرکردنی کوێت، ڕێکخراوەی شارەکانی کەوتنەبەر هەڵمەتێکی دەستگیرکردن، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعسەوە، چونکە درکیان بە مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوە کردبوو بۆسەر دەسەڵاتی خۆیان، لانیکەم لە جوگرافیای کوردستاندا.

تێکەڵبوونی دوو ڕووبار

ئەم دوو ڕووبارە تێکەڵ بەیەک بوون، واتە تێکەڵ بوونی ڕووباری ئەو گۆڕانکارییە چینایەتیـیانەی کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا هاتبوونە ئاراوە و نامۆ بوون بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، لەگەڵ ڕووباری شکڵگیری بزووتنەوەیەکی چەپی هاوچەرخ و بوونی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی بەهێز لەناویدا. ئەم تێکەڵ بوونە بزووتنەوەیەکی مەزنی لێ هاتە ئاراوە لە یەکەم دەرکەوتنی عەلەنی ئەم بزووتنەوە چەپە و ئەم ڕەوتە کۆمۆنیستیـیە لە ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئازاری (١٩٩١)دا.

لە (١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١)، واتە زیاتر لە شەش هەفتە پێش ڕاپەڕین، (ڕەوتی کۆمۆنیست) پلاتفۆڕمێکی سیاسی دەرکرد لەژێر ناوی (ئەرکە دەستبەجێکانمان و داواکاریـیە کرێکاریـیەکان)، کە تیایدا پێشبینی نافەرمانی جەماوەری و ڕاپەڕینی کرد دژی ڕژێم، و داوای دامەزراندنی بزووتنەوەی شورایی و دامەزراندنی شورای کرێکارانی کرد کە دەتوانێت بڕبڕەی پشتی شورای جەماوەری بن.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەم ڕێکخراوە، هەر لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕینی جەماوەریدا، دەستپێشخەری کرد بۆ کردنەوەی بارەگای عەلەنی و دامەزراندنی هێزێکی سەربازی، وەک بازووی چەکدار بۆ جەماوەری زەحمەتکێش و ڕاپەڕیوو لە سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و ئاکرێ، و… دواتریش لە هەڵەبجە و ڕانیە. کردنەوەی بارەگا لە دهوک تەنها چەند ڕۆژێکی کەمی خایاند، ئەویش لەژێر هەڕەشەی بەکارهێنانی چەک لە لایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان)ەوە بۆ داخستنی، پاش ئەوەی کە ئەم حزبە توانی هێزێکی چەکدار گەورە لە خۆی کۆبکاتەوە لەو چەکدارانەی سەربە سەرۆک عەشیرەتەکان بوون لای سوپای عێراقی و لەسەروبەندی ڕاپەڕیندا کە دامودەزگای ڕژێمی بەعس بەرەو داڕمان دەچوو لە ژێر کوتەکی جەماوەری ڕاپەڕیوودا، ئەو سەرۆک عەشیرەتە چەکدارانە کە لە کوردستاندا بە (جاش) ناسراون جیابوونەوەی خۆیان لە ڕژێمی بەعس، و پەیوەست بوونی خۆیان ڕاگەیاند بە حزبەکانی (بەرەی کوردستانی)یەوە بەتایبەت بە (پارتی) و (یەکێتی)یەوە.

کردنەوەی ناوەندی شورا کرێکاریـیەکان لە کارگەکانی جگەرە، جلوبەرگ، پەلەوەر، … و پڕۆژە ئابوورییەکانی تر، هەروەها کردنەوەی ناوەندی شورا لە گەڕەکە جەماوەرییەکانی شاردا، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیان بۆ لای خۆیان کێشکرد و بوونە ناوەندگەلێک بۆ خستنەڕوو و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان، واتە ئەو ناوەندانەی شۆرا لە پرۆسە و ئاڵوگۆڕییەکدا بوون کە ببن بە ناوەندی خۆبەڕێوەبردنی شارەکان لە لایەن جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان خۆیانەوە و لەژێر ڕابەرایەتی چالاکوانانی چەپ و کۆمۆنیستدا، وە ئەمەش لەگەڵ مەیلی پاوانخوازانەی سەروو جەماوەری (بەرەی کوردستان)دا کە لە لایەن دە (١٠) حیزبی ناسیۆنالیستی کوردەوە پێکهێنرابوو، بەتایبەتی (پارتی) و (یەکێتی)، و لەگەڵیشیانا (حزبی شیوعی عێراقی)، کە خەریکی جوانکاری ڕووخساری ئەو حزبە ناسیونالیستانە بوو، وە پاساوی دەهێنایەوە بۆ دەسەڵاتی ئەم حزبە میلیشیاییانە بەسەر جەماوەردا، بە بیانووی ئەوەی کە قۆناغەکە قۆناغی شورای کرێکاران و زەحمەتکێشان و دروشمی سۆسیالیستی نییە، بەڵکو تەنها قۆناغی ڕزگاربوونە لە ڕژێمی بەعس. (هەمان سیاسەتی کلکایەتی بۆرژوازیـیانەی ئەم  حزبە لە هاوپەیمانیی ئەم دواییەیدا لەگەڵ (ڕەوتی سەدر) لە ناو (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)دا.

هەرچەندە بزووتنەوەی شورایی، لە هەلومەرجی جەنگی ئەوکاتەدا و لەژێر گوشاری بزووتنەوەی ناسیونالیستی کۆنەپەرستانەی کورد و حزبە سەرکوتگەرەکانیدا، کە لە لایەن زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکران، نەیتوانی تا ئاستی بزووتنەوەیەکی هەمەلایەنەی بەهێز و ڕێکخراو بەرزبێتەوە و لەسەر ئاستی کوردستان دەرکەوێت، بەڵام خاڵێکی درەخشان بوو لە ئاسمانی سیاسی کوردستاندا، ئاسۆ و ئەلگۆیەکی تری سیاسی بۆ کۆمەڵگە خستەڕوو کە تەواو جیاواز بوو لەوەی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی، ئەمە دەرئەنجام و دەستکەوتێکی گەورە و بەنرخ بوو نەک هەر لە مێژووی چەپ و ململانێی چینایەتی لە کوردستان، بەڵکو لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بە تایبەت لە قۆناغێکدا کە هەموو بۆرژوازی جیهانی چەپڵە و هەلهلەیان بۆ مەرگی کۆمۆنیزم و مارکسیزم لێدەدا، و بە سووکایەتییەوە سەیری هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە پەیوەست بوون بە ئاواتەکانی چینی کرێکارەوە، بەڵێ، ڕێک لەم کەشوهەوایەدایە کە لە کوردستانی عێراقدا ئاڵای کۆمۆنیزم و مارکسیزم بەرزکراوەتەوە، ئاڵایەک کە ئامانجە ڕزگاریخوازەکانی چینی کرێکاری لەسەر نەخشکراوە.

گرینگترین ئەزموون

بێ گومان وانەی زۆر هەیە کە لەم ئەزموونە زیندووە وەربگیرێت، بەڵام گرنگترین وانە ئەوەیە؛ ئەگەر ڕووباری دووەم (واتە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق) بە توانا تیۆریـیەکانییەوە، بە ڕێبازە مارکسیزمە نێونەتەوەییەکەیەوە، بە پەروەردەکردنی سوپایەک لە کادرانی چەکدار بەم ڕێبازەوە، لەگەڵ دروستکردنی ڕایەڵەی ڕێکخراو لەنێو جەماوەری زەحمەتکێشدا، ئامادە نەبووایە، ئەم ئەزموونە بەدڵنیاییەوە نەیدەتوانی ڕووناکی ببینێت، هەروەک چۆن لە زۆرێک لە شۆڕش و ڕاپەڕینە کۆن و نوێیەکاندا، ڕووناکی نەبینی، لە چەشنی ڕاپەڕینەکانی لوبنان، ئێران، جەزائیر، سودان، و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) لە عێراقدا.

سەرەڕای بوونی هەلومەرجی بابەتیی و هاتنەمەیدانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەتایبەتی توێژی لاوانی بێکار لە چینی کرێکار، بۆ مەیدانی خەباتی سیاسی دژ بە دەسەڵاتی بۆرژوا ئسلامی و تائیفی لە پێناو هێنانەدی گۆڕانکارییەک لە واقیعی ژیانی پڕ لە نەهامەتییان، وە سەرەڕای هەوڵ و کۆششی بێ وچانی ڕێکخراوی (بەدیلی کۆمۆنیستی) بە خستنەڕووی پلاتفۆڕمی سیاسی بۆ (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، بە هەمان مێسۆدی بەڵگەنامەکەی (١٩٩١)ی (ڕەوتی کۆمۆنیست)، کە تیایدا جەختی لەسەر دامەزراندنی شورا و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شورایی کردۆتەوە، هەروەها سەرەڕای ڕیسواکاری ڕەوتە دژە شۆڕش و ڕیفۆرمخوازەکانی ناو ئەم ڕاپەڕینە کە گرەویان لەسەر دەسەڵات دەکرد، وە سەرەڕای چالاکی مەیدانی و ماندوو نەناسانەی ئەندامان و لایەنگرانی (بەدیلی کۆمۆنیستی) لەنێو جەماوەری ڕاپەڕیوودا و بەرزکردنەوەی دروشمی (هەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەڕیوو)، بەڵام هەموو ئەمانە ئەنجامێکی دڵخوازیان لێنەکەوتەوە!

چونکە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق و لەناو ئەو بزووتنەوەیەشدا (بەدیلی کۆمۆنیستی) بەو مانایە ئامادە نەبوو کە پێشتر لە ئەزموونی کوردستان و (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست)دا باسمان لێوەکرد، بەتایبەتی کە ڕێکخراوەکەمان (بەدیلی کۆمۆنیستی) لە دەستپکی ڕاپەڕینەکەدا، تەنها ساڵ و نیوێک تەمەنی بوو، هێشتا سوپایەک لە کادری بە ئەزموونی نەبوو وە ڕایەڵەی ڕێکخراوەیشی لەنێو جەماوەردا لەسەرەتای کاردا بوو.

ئێمە وەک کۆمۆنیستە ئینتەرناسیونالیستەکان هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە خۆئامادەکردن بۆ دەرفەتی داهاتوو، تەنها ئەوە نەبێت کە بەردەوام بین لە دروستکردنی فاکتۆری خودی بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی، ئەویش بە بەهێزکردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە بەرامبەر هەموو بزووتنەوە نەتەوەیی و ئایینی و نیولیبراڵ و ڕیفۆرمخوازە بۆرژوازییەکان، و هەروەها فراوانکردنی بنکە کۆمەڵایەتییەکەی بزووتنەوەکەمان، و پەروەردەکردنی سوپایەک لە کادری بارهاتوو و بەتوانا، لەگەڵ هێنانەدی ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستی ئینتەرناسیونالیستەوە، ئەوە گرینگترین وانەی بەنرخە لە پیاچوونەوەماندا بە ئەزموونی لینین و تڕۆتسکی لە ڕووسیا، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە ئەڵمانیا، گرامشی لە ئیتالیا و ئەزموونی بەرجەستە و زیندووی خۆشمان لە کوردستانی عێراقدا.

نیسان/ئەپریلی ٢٠٢٣

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦