موئەیەد ئەحمەد: ڕەفتاری فاشیستانە و تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئیسرائیل و پەرچەکرداری حەماس و تیرۆریزمەکەی، لێک جیاناکرێنەوە و یەک پرۆسە و یەک واقعیەتن.

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی ڕەوت لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد، سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەرتی غەززە

 

ڕەوت: سوپاس هاوڕێ موئەیەد بۆ ئەم دەرفەتە و ئەم بەدەنگەوە هاتنەت  بۆ ڕۆژنامەی (ڕەوت) لەسەر ڕوداوێکی جیهانی گرنگ و نزیک لە کۆمەڵگای ئێمە لە (٧)ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە. باڵی سەربازی ڕێکخراوەی حەماسی فەلەستینی و چەند گروپێکی جیهادی تر هێرشیان کردە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و کردەوەیەکی سەربازی غافڵگیرانە و سەرکەوتوانەیان بەڕێوەبرد و لەوێوە جەنگێکی خوێناوی درێژەی هەیە. بە ڕای تۆ ئەم کوشتوکوشتارە چۆن هەڵدەسەنگێنی و بەرەو کوێ دەڕوات و هیزەکانی دەرگیری ئەم جەنگە چۆن دەبینی؟

موئەیەد ئەحمەد: دەستانخۆش بێت و زۆر سوپاس، بۆ منێش زۆر گرنگ بوو کە دەربارەی ئەم مەسەلەیە بدوێین. ئەم دەورەیە لە کوشتوکوشتار و ماڵوێرانی و دەربەدەری، ئەڵقەیەکی دیکەی ئەو زنجیرە دوور و دریژە کارەساتبارەیە کە بۆ دەیان ساڵە لە ئارادیە و بەرۆکی بە خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی بێتاوانی فەلستین و ئیسرائیل گرتووە. جینۆسایدی دانیشتوانی کەرتی غەززەش کە دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتەکەی و هێزەکانی ئەنجامی ئەدات لە ئیستادا درێژەی سیاسەت و پڕاتیکی بەردەوام و چەند دەیەیی هەمان ئەم  دەوڵەتەیە دژ بە فەلەستینیـیەکان. جیاوازیەکەی هەر ئەوەیە کە ئەمجارەیان بە دوای ئەو هێرشە سەربازی و کارە تیرۆریستیـیە وەحشیانەیەی ڕۆژی ٧ ئوکتۆبەر دێت کە حەماس و جیهادی ئیسلامی و باڵە سەربازیەکەیان؛ کەتائیبی ئەلقەسام (کتائب القسام)، ئەنجامیداوە.

بەگۆیرەی هەواڵەکان هێرشی سەربازی و تیرۆریستی حەماس بووەتە هۆی کوشتوکوشتاری زیاتر لە ١٤٠٠ کەسی سیڤل و سەربازی ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی سەدان سەرباز و سیڤل کە بەشیکیان منداڵن. ئەڵبەتە ئەم هێرشە سەربازیـیەی حەماس لە ٧ ئۆکتۆبەردا سیاسەت و ستراتیژێکی پێشتڕ نەخشەداڕیژراوی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیـیە بووە و ئاواش پیادەکراوە و لەبنەڕەتدا هەڵینجراوی سیاسەت و تیۆری و پڕاتیکی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیـیە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا جیاناکریتەوە لەوەی کە کردەوەیەکی سەربازی و تیرۆریستیـیە لەبەرامبەر تیرۆر و فەزایەکی تیرۆریستی، کە پێشتر دەسەڵاتداریەتی ئیسرائیل و دەوڵەت و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی، و لەسەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە و هەتا ئیستاش، خۆلقاندویەتی و پیادەی کردووە بەدژی فەلەستینیـیەکان.

سوپا و هیزە ئەمنیـیەکانی ئیسرائیل ئەمساڵ و پێش ئەم ڕووداوانەی ئیستای غەززە، سەدان فەلستینیـیان کوشتتووە، و لەساڵی ٢٠٠٧یشەوە تا پێش ئەم ڕووداوانە خۆینی زیاتر لە شەش هەزار فەلەستینیـیان ڕشتووە. هەروەک ئەبینین ئەوا بۆ پتر لە دوو هەفتەیە هێزەکانی ئیسرائیل سەرقاڵی تەفروتوناکردنی کەناری غەززەن و هەتا ئەم ساتەوەختە و بەدوای تاوانکاریەکەی بۆ سەر خەستەخانەی معمەدانی، کە بە گۆیرەی ئیدارەی تەندروستی غەززە ٤٧١ کوژراوە و ٣١٤ کەس بریندار بووە، لەم کەمپێنە سەربازی و تیرۆریستیـیەی ئیسرائیلدا لە غەززە تا ئەمرۆ( ٢٥ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) و بە گۆیرەی وێبسایتی (میدیل ئیست ئای)، پتر لە ٦٥٠٠ سیڤلی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە  کە٢٧٠٠ کەسیان منداڵن و نزیکەی ١٧ هەزار کەسیش بریندارە. ئەم جینۆساید و کاولکاریە بە بەردەوام خانوو و باڵەخانە و گەڕەک و خەستخانە و قوتابخانە و شوێنە گشتیـیەکانیانی کردۆتە ئامانج و ئەمەش شانبەشانی فەڕزکردنی گەمارۆیەکی ئابووری و خزمەتگوزاری بێ ئەندازە نائینسانی کە بەجارێ دانیشوانی غەززەی بێ نان و ئاو و کارەبا و هەر خزمەتگوزاریـیەکی تەندروستی و پێویست کردووە، و بوەتە هۆی  فەراهەمهێنانی فەزا بۆ دەربەدەرکردنی زۆرەملێی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک فەلەستینی و ئاوارەکردنیان بۆ دەرەوەی کەرتی غەززە.

حکومەتی ئیسرائیل ئەیەوێت، گەر بۆی بلوێت، بەم جینوسایدە هێرشی زەمینی و داگیرکردنەوەی ئەم کەرتە ئەنجامبدات، بەم پێیەش، ئەیەوێت، جاریکی دیکە، وەک ساڵی ١٩٤٨، تراژیدیایەکی دیکەی ئینسانی بخوڵقێنێ بەڵام ئەم جارەیان لە ئاستێکی زۆر گەوەرەتر و هەمەلاینەتردا و بەدژی دانێستوانی غەززە کە بۆ خۆیان هەمان ئەو کەسانە و نەوەکانیانن کە پێشتر ڕاگۆیزراون لە فەلەستین لە سالەکانی ١٩٤٨ و ١٩٤٩دا.

سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ‌هێزەکانی دەرگیر لەم جەنگەدا، سەرتا ئەبی ئەوەمان لاڕوون بێت، کە ڕەفتاری فشیستانە و تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئیسرائیل و پەرچەکرداری حەماس و تیرۆریزمەکەی، لێک جیاناکرێنەوە و یەک پرۆسە و یەک واقعیەتن، و بە بروای من، ئەمە بەردی بناغەی هەر شیکردنەوەیەکی دروستی ئەم جەنگەیە.

ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەوەی فەزای خوڵقاندووە و ئیمکانی داوە کە حەماس ئەم کارە و ئەم تاوانە بە دژی سیڤلی ئیسرائیل ئەنجامبدات، دەوڵەتی ئیسرائیل و سەرکوت و کوشتوبڕیەکانیـیەتی بەدژی خەڵکی فەلەستین، واتە حەماس تەواوکەری ئیسرائیل و قوتبی بەرامبەریەتی. هەر بۆیە ناکری ئەم جەنگە لە یەکلاوە سەیر بکرێت، بەڵکو ئەبێ هەردوولا وەک پرۆسەیەک و لە کۆنتیکستی یەکتردا لێکبدرێتەوە.

بەڵام ئەم پلەیە لە شیکردنەوە نامانگەێنێتە تەواوی ڕاستیەکە و تیگەیشتن لە پاردۆکسی ئەم دوولایەنە چونکە فاکتۆرێکی دیکەی بناغەیی دێتە ئاراوە؛ بەو ئەندازەیەی کە باسی حەماس بکەین، ئەویش ئەوەیە کە حەماس بەشیکە لە بزووتنەوەیەکی بەرینتر و واوەتر لە چوارچێوەی کێشە و پێکددانەکانی فەلەستینیـیەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل، کە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیـیە. و هەر بەم پێیەش ڕێباز (مەنهەج) و سیاسەت و هەروەها بەرنامە و تیوری و پڕاتیکی حەماس سەر بەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیـیە چینایەتیـیەی بورژوازیـیە، و ئامانجی حەماس هەر تەنها تیکڕماندنی ئیسرائیل نیـیە بەڵکو دروستکردنی ئیمارەتیکی بورژوازی سەرکوتگەری ئیسلامیـیە لە شوێنیدا. هەر بۆیە پێش ئەوەی حەماس لەبەرامبەر ئیسرائیلدا بێت لەبەرامبەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخواز و ژنانی فەلستیندایە.

لە وەڵام بە پرسیارێک کە بۆ ئەبێ حەماس پەیوەندی بەبزووتنەوەی دژە ستەم لەسەر جەماوەری خەڵکی فەلەستینەوە هەبێ، و بۆ ناکرێت جەنگ و پیکدادانەکانی حەماس لەبەرامبەر ئیسرائیلدا تەنها وەک قوتبێکی ئیرهابی بەرامبەر قوتبی ئیرهابی دەوڵەتی ئیسرائیل نیشان بدرێت، ئەڵیم ئەتوانری ئەو کارە بکرێت، بەڵام ئەوە باسەکە نیـیە و لە ڕیگەی ئەو ڕەخنەیەوە ناتوانری سیاسەتێکی کرداریی کۆمۆنیستی لێوە دەربهێنرێت.

بەسادەیی بڵێم، جەماوەری فەلەستین دەرگیری ستەمی دەوڵەتی ئیسرائیلە لەسەری و ئەم کارە سەربازی و تیرۆریستیـیەی حەماس، بمانەوێت یا نەمانەوێت، پەیوەندیـیەکی بەلابردنی ئەو ستەمەوە پەیداکردووە هەم لەباری ئەوەی کە لەواقعدا ستەمێک لە ئارادایە و بەرنگاریـیەکی جەماوەری فەلەستین هەیە بەرامبەری، و هەم لە هۆش و فیکری جەماوەری بەرینی فەلەستینی و جەماوەری ناڕازی لە ولاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە حەماس، لەهەمان کاتدا، ڕەوتیکی ئیسلامی سیاسیـیە، بەڵام لە جوگرافیایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورێکی دیاریکردودا هەبوونی سیاسی و عەسکەری هەیە و لە پەیوەند بە کێشەیەکەوە، کە کێشەی فەلەستینیـیە و هۆکاری ئەسڵی و سەرەکی  ئەم کیشەیەش ئیسرائیلە، دریژە بە کاری خۆی ئەدا.

هەر بۆیە ناکرێت ئەم لایەن و دەورە سیاسی و پڕاتیکی و تانەنانەت ئایدیۆلۆژیەی حەماس لە پەیوەند بە خودی کێشەی فەلەستینەوە لە شیکردنەوەدا ببرێتە دەرەوە و تەنها لە سەر بنەمای ئەوەی کە بەشیەکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئەم بزووتنەوەیە، کە خۆی وایە، هەڵبسەنگێنرێ.

بەڵام هەموو ئەمانە بەو مانایە نیـیە کە نە بێدەنگ بین لەبەرامبەر تیرۆریزمی حەماسدا و نە حەماسیش وەک سومبل و بەشیکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی خەڵکی فەلەستین لە قەڵەمبدەین، چونکە زۆر بەسادەیی حەماس لەگەڵ ئەوەشدا کە دژی ئیسرائیلە، بەڵام ئەمە نایخاتە بەرەی بەرنگاری هەقخوازانەی جەماوەری خەڵکی فەلەستینەوە بەڵکو وەک خۆی ئەمێنێتەوە، واتە ئەوەی کە حەماس ڕەوت و ڕێکخراوێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیـیە لە پەیوەندیدا بە بەرنگاریی خەڵکی فەلەستینەوە دژی ستەمی نەتەوەیی ئیسرائیل لە سەریان. بەم هۆیەشەوە، هەتا ستەمکاری ئیسرائیل هەبێ بە دژی فەلەستینیـیەکان ئەم ڕەوتەش ئەتوانی لەسەر ئەم ستمکاریـیە بژی و گەشە بکات و لە هەمان کاتدا وەهەم پەرەپێبدا لەنێو جەماوەری ناڕازی فەلەستین و خەڵکی ناڕازی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەی کە حەماس لە بەرەی بەرنگاری خەڵکی فەلەستینە.

هەندێک کێشەیان لەگەڵ ئەوەدا نیـیە کە حەماس پێناسە بکرێت وەک ڕەوت و حزبێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی بەڵام لە هەمانکاتدا پاکانەی بۆ ئەکەن و دەڵین نوێنەری خەڵکی ستەملیکراوی فەلەستینە دژی ئیسرائیل و هەر بەو پێیەش وای دائەنین کە کردەوەی سەربازی و تیرۆریستەکانی و ئایدیاڵەکانی بەشێکن لە بەرنگاریی هەقخوازانەی خەڵکی فەلەستین. دیارە ئەم جۆرە بۆچونەش کەوتنەدوای ئەو وەهمەیە کە حەماس ئەیخۆڵقێنێ.

هەروەها ئەو ڕەوتە بەناو سۆشیالیستانەی کە لەئەسڵدا باڵی چەپی ناسیونالیزمی عەرەبیین، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا خۆ بەجارێ هەموو ئایدیاڵە سۆسیالیستی و ئینتیرناسیونالیـیەکانیان لە ژێرپێ ناوەوە، و حەماس بە سومبلی بەرنگاری ئازادیخوازانەی خەڵکی فەلەستین ئەناسێنن و بەرگری لێدەکەن و هەموو سنوربەندیـیەکی چینایەتی کریکاری و سۆشیالیستیان سڕیوەتەوە لەنیوان خۆیان و حەماسدا،  و نەک هەر بوونەتە ناسیۆنالیست بەڵکو بوونەتە ئیسلامیش.

خەباتی جەماوەری چەوساوە و ستەملێکراوی خەڵکی فەلەستین شایستەی هێزێکی بەرنگاری ئازیخوازانە و ئینسانی و ئینتەرناسیۆنالیستیـیە، ‌هیزێک کە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسی و بورژوا ناسیونالیزمی فەلەستینیدا ڕاوەستابێت لەهەمان کاتدا کە خەباتی بە دژی دەسەڵاتی بورژوازی ئیسرائیل و ستەمکاریەکانی ئەم دەوڵەتە بەرەوپێش ئەبات.

 

ڕەوت: جیۆپۆلیتیکی سیاسیی ناوچەکە و قوتبەندیـیەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە لە ئاڕاستەکردنی ئەم جەنگ و ململانێـیەدا؟

موئەیەد ئەحمەد: بەشیوەیەکی دیاریکراو ئەم جەنگەی لەئارادیە جەنگی نیوان ئیسرائیل و حەماسە و لێرەوە سەریهەڵداوە، بەڵام هەروەک ئەبینیین، ئیسرائیل درێژکراوەی هێزی ئیمپریالیستی ئەمریکا و وڵاتە ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەکانی هاوپەیمانیـیەتی و بەکردەوە ئەمە ڕەنگیداوەتەوە لەم جەنگەدا. هەروەها، حەماسیش بەهرەمەندە لە هاوپشتیی ڕاستەخۆی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا و بەشێکە لە بەرەی بەرەنگاری (جبهة الممانعة) کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران سەرکردایەتی ئەکات و حزبوڵڵا و ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و حزب و هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی عیراق، تیایدا گردبونەتەوە. هەرچەندە لە ئێستادا چین و ڕوسیا دوورە پەرێزن لەم جەنگە بەڵام ئەمە لەو ڕاستیـیە کەم ناکاتەوە کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران پەیمانی ستراتیژی سەربازیی هاوبەشی هەیە لەگەڵ کەمپی ئیمپریالیستی ڕوسیا و چیندا.

سەرباری ئەمانە، ئاشکرایە کێشەی فەلەستین قوڵایی و کاریگەریی ناوچەیی هەیە لەناو وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جەماوەری ئەم ناوچەیەدا. ئەڵبەتە ئەم کاریگەریـیە ناوچەیـیە لەوێوەوە نەهاتووە کە بەسروشتی لە جیهانی ئەمڕۆدا کێشە لۆکاڵیەکان، بەهۆی توندوتیژبوونەوە و بەرینبوونەوەی جەمسەرگیریـیە جیهانیـیەکانەوە، بە ئاسانی ئەبنە کێشەی جیۆ سیاسی  و ستراتیژی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش، بەڵکو بە هۆکاری ئەوەوەیە کە خودی کێشەی نیوان فەلەستین و ئیسرائیل بۆخۆی لایەن و قوڵایی جیهانی و ناوچەیی هەیە، و لە ئێستادا ئەم کارەکتەرەی لەهەر کات بەهێزترە، یان ڕوونتر بڵێم کێشەی فەلەستین لە ئیستادا بە چڕوپڕی ئەم کارەکتەر و لایەن و قوڵایـیە جیهانی و ناوچەیـیەی لە خۆدا عەکس کردۆتەوە.

هەردوو ئەم کەمپە جیهانی و ناوچەیـیە لە ساتەکان و ئەگەرەکانی پەرەسەندنی ئەم جەنگەی ئیستای ئیسرائیلدا ئەژین لە غەززە، و ئیسرائیل هەر لەسەرتاوە ڕایگەیاندووە کە لەحاڵەتی جەنگدایە وەک دەوڵەتێک، و بەسروشتی ئەم جەنگە هەڵگری ئەگەری بەرین بوونەوەیە لەناو خۆیدا. سەرباری ئەمانە، ئەم جەنگە جگە لەوەی لە بارودۆخی هێرشی سەربازی حەماس و پەرچەکرداری ئیسرائیل و کوشتوکوشتارەکانی ئیسرائیل بەدژی فەلەستینیـیەکان هەڵگیرساوە، بەڵام بۆخۆشی ئاکامی شکڵگیری هاوکێشە و جەمسەرگیری ناوچەیی تازە و پەرسەندنی کێبڕکێی جیۆ سیاسی و ئابووری نێوان چین و ئەمریکا بووە، مەبەستم پرۆسەی سروشتیکردنەوەی پەیوەندی نیوان ئیسرائیل و هەندی لە وڵاتانی عەرەبی، بە تایبەت ئەگەری سروشتیکردنەوەی پەیوەندی نیوان سعودیە و ئیسرائیل و توندوتیژتر بوونەوەی کێبڕکێی نیوان ئەمریکا و چین لە ئاستی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا لەوانە بڕیاری کۆبونەوەکانی (ج ٢٠-G20) لەسەر ڕاکێشانی خەتی دەریایی و زەمینی لە هیندستانەوە بۆ سعودیە و ئیسرائیل لەبەرامبەر خەت و پشتێنەی ستراتیژی ئاوریشمیی چین کە بە کەنداو و عیراق و تورکیادا تێدەپەرێت.

شڵەقاندن و تێکدانی ئەم پرۆسە سیاسی و ستراتیژە ئابووریانە و گۆڕینی بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیـیەکانی ئێران و درێژکراوە جیهانی و ناوچەیـیەکانی لەڕیگەی هێرشی سەربازی و کاری تیرۆریستی و میلیتاریزەکردنەوە، پێدەچێت ئامانجێکی گرنگ و پڕبایەخی ئەم هێرشە سەربازیەی  حەماس بوو بۆسەر ئیسرائیل کە بەهاوبەش لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا بەڕیوەچووە. ئەوەی کە چەند ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەشکرا دانبەوەدا نانێن ئێران دەستیهەبووە لە هێرشەکەی حەماسدا، لەبەر هۆکاری ستراتیژی دیکەی خۆیانە، و لەو واقعە ناگۆرێ.

ئەوەندەی باسەکە لەسەر پەیوەندی کێشەی فەلەستین بێت بە ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە دەبینین کە بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران مەسەلەکە هەر ئەوە نیـیە کە فۆرمی کێشەی فەلەستین چی بەسەردێت، و  پەیوەندی نیوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل نورماڵ ئەبێتەوە یا نابێتەوە، هەرچەندە ئەمە زۆر گرنگە بۆی کە ڕوونەدات، بەڵکو مەسەلەی سەرەکی  بۆ ئێران ئەوەیە کە زەرورە کێشەی فەلەستین هەردەم گەرم بێت و بەردەوام بێت تا بەکاریبهێنی بۆ چەسپاندنی پایەکانی خۆی لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی ئیراندا، و کاتیکیش چارەسەرببێ لە دەرەوەی ویست وئارەزووی ئەم ڕژێمە،  ئەیەویت بە شیوەیەک بێت کە بۆی بەسوود بێت.

بەهۆی سەرجەم ئەو فاکتۆرانەوە کە ئاماژەم پێدان، هەم ئەم جەنگە کارەکتەری جیهانی و ناوچەیی هەیە و هەم پۆتینسی و ئەگەری بەرین بوونەوەی لە ئارادایە.

 

ڕەوت: گەرسەرنج بدەین ئەبینین کە کاریگەری حەماس و بەرەی بەرنگاری لەسەر کێشەی فەلەستین سنوردارە و ناکۆکی خۆی هەیە، ڕای تۆ چیـیە لەم بارەیەوە؟

موئەیەد ئەحمەد: دروست وایە، کاریگەری حەماس و بەرەی بەرنگاری لەسەر کێشەی فەلەستین سنووردار و پرۆبلۆماتیکە. ئەوە ڕوونە کە دژایەتی حەماس و حزبوڵڵا و ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرامبەر ئیسرائیل ناتوانی ئەو کاریگەریـیەی هەبێت لە قولایی وڵاتانی عەربیدا و لەناو جەماوەری ئەم ولاتانەدا بۆ نمونە وەک کاریگەریەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی عەربی لەسەریان لەدەیەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم قوتبە ئیسلامیـیە لە دژایەتیدایە بەرامبەر ئیسرائیل، بەڵام ئەم دژایەتیـیەی لە دەروەی پێداویستیـیەکانی خەڵکی فەلەستین و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی فەلەستینیـیە کە لە ئاکامی پەیمانی ئۆسلۆوە هاتۆتەئاراوە، و ئەجندە و پڕاتیکی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیـیە ناتوانێ ببێتە ڕابەر و سومبلی چارەسەری کێشەی فەلەستین.

لەم ڕاستایەدا ئەبینین، بەرەی بەرنگاری نەیتوانیوە لە کێشەی فەلەستیندا وەک کێشەیەکی واقعی کە دەرگیری خەڵکی ستەملیکراوی فەلەستینە و پەیوەندێکی ئۆرگانیکی هەیە بە بزووتنەوەی نەتەوەیی عەربیـیەوە و بەشیک بووە لە بزووتنەوەی دژی کۆلۆنیاڵی و دەسەڵاتی هیزە ئیمپریالیستە ڕۆژئاوایـیەکان، ڕۆل و کاریگەریی هەبیت. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و تایفەگەری شیعی ڕژێمی  ئێران و حزبوڵڵا و هێزەکانی دەوربەریان لەبەرەی بەرنگاری، نە ئەسڵوفەسلیان و ئامانجی ستراتیژیان دێتەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی جەماوەری فەلەستین و نە بەشیک بوون و هەن لە بەرنگاری هەقخوازانەی جەماوەری خەڵکی ناڕازی و ستەملێکراو لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دژی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا.

گەر بزووتنەوەی بورژوا ناسیونالیستی عەرەبی  فۆرمی لەناوبردنی پۆتینسی ئازادیخوازنە و یەکسانیخوازانەی خەباتی جەماوەری کریکاران و زەحمەتکێشانی وڵاتانی عەربی و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە، لە بواری خەباتیان بە دژی سەرمایەداری ئیمپریالیزم، ئەوا بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی وەڵامی کۆنەپەرستانەیە بە ناکامیـیەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی و لەباربردنی هەوڵ و تیکۆشانی  جەماوەری  زەحمەتکیش و ئازادیخوازی ئەم وڵاتانەیە، لە فۆرمی فاشیزمدا. هەر بۆیە هیچ پەیوەندیێکی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ئەم وڵاتانەوە نیـیە، بەڵکو لە بەرامبەریدایە. لە ئیستاشدا نە حەماس و ڕژێمی ئێران، و نە هیچ هێز و حزبێکی ئیسلامی سیاسی ناتوانێ پەیوەدنیـیەکی ئۆرگانیک پەیدا بکات بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جەماوەرەوە بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی نەتەوایەتی و هەڵاواردنی نەژادی دەوڵەتی ئیسرائیل.

(ڕێکخراوی ئازادی فەلەستین) بەشێکە لەبزووتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی عەرەبی و ئەم ڕێکخراوە لە کەرتی ڕۆژئاوادا کیانێکی ئیداری و دەسەڵاتی سیاسی هەیە. نە ئێران و حزبوڵڵا و نە حەماس ناتوانن ئەم جێگەیە ئاڵوگۆر پێبکەن، و بەر بەوە بگرن کە بزووتنەوەی بۆرژوا ناسیونالسیتی فەلەستینی چاوی لە وڵاتانی عەربی بێت بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین. هەروەک وتمان بۆ ئێران مەسەلی فەلەستین مەسەلەیکی ستراتیژی سیاسی ڕژێمەکەیەتی و پەیوەندیـێکی میکانیکی و دەرەکی هەیە بە کێشەی فەلەستینەوە، ئەویش لە ئاستی جیۆ ستراتیژی و سیاسی و ئیدیۆلۆژیدا و لە پەیوەند بە بەرژەوەندەکانی دریژەدان بە خۆی لە ناخۆی ئێراندا.

 

ڕەوت: حەماس و بەرەی بەرهەڵستکاری ئیسلامی و جیهادیـیەکان دەڵێن، دەورانی بەهێزی عەسکەری و توانای موخەباراتی ئیسرائیل بەسەر چووە، ناتانیاهۆش دەڵیت، دەرگای جەهەنمیان بۆ خۆیان کردەوە و دەبێت سزای ئەم کردەوەیان وەربگرنەوە، شەڕ و کوشتار بەشێوەیەکی زۆر نائینسانی درێژەی هەیە، پێشبینی ئێوە بۆ ئایندەی ئەم جەنگ و جوگرافیای ئەم ناوچەیە بەکوێ دەگات؟

موئەیەد ئەحمەد: حکومەتی ناتانیاهۆ و سەرجەم دامودەزگای دەسەڵاتداری بورژوازی ئیسرائیل تووشی تیکشکانێکی سەربازی و ئاسایشیی و سایکۆلۆژی گەورە بوون بەهۆی هێرشە سەربازیەکەی حەماس و کارە تیرۆریستەکانی، و ناتوانن لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوانکاریـیەکیان لەغەززە قەرەبوی بکەنەوە،  دۆخەکە بەرنەوە جێگەی پێشوی خۆی.

هەروەک ئاشکرایە بەهۆی ئەم ڕوداوە سەربازیـیانەوە هاوکێشە سیاسیـیەکان گۆڕانیان بەسەرداهاتووە، و وەک ئاماژەم پێدا، تەگەرەیەکی گەورە هاتۆتە سەرڕێی پرۆسەی سروشتیکردنەوەی پەیوەندی نیوان سعودیە و ئیسرائیل. هەروەها جەماوەری ناڕازی لە وڵاتانی عەرەبی کە توڕەیە لەم قەسابخانەیەی کە لە غەززەدا ئەکری خەریکە دێتە دەنگ لەبەرامبەر ڕژێمەکان و بێ دەنگیان و هیچ لە کاردانەبوونیان لەبەرامبەر کوشتوکوشتاری ئیسرائیل بە دژی فەلەستینیـیەکان و خەڵکی غەززە. و تەنانەت ڕژێمی ئێران و حزبە دەسەڵاتدارە ئیسلامیـیەکانی عێراقیش لەبەردەم ناڕەزایەتی خەڵکی هەردوو ئەم وڵاتەدان و هەڵوێست و کرداری ئۆپۆرتیۆنیستیـیان بوەتە جێگەی ڕەخنەیان.

لە ئاستی نێونەتەوەیـیدا، و بەتایبەت لە ناو وڵاتانی ئەروپا و ئەمریکادا، ئیسرائیل کەوتۆتە بەردەم لێشاوی تۆڕەیی حزب و هێزە سوشیالیست و ئازادیخوازەکان و بەشێک لە نەقابە و فیدراسیۆنە کرێکاریەکان و ڕای گشتی، و هەر لەم ڕاستایەشدا بەردەوام خۆپێشاندان ئەکرێت بە دژی تاوانکاریـیەکانی ئیسرائیل و هاوکاریی حکومەتەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆی. لەگەڵ هەموو چەواشەکاریـیەکانی ئەم دەوڵەتە ڕۆژئاوایـیانە و میدیاکانیان و پشتگیریان بۆ ئیسرائیل، بەڵام تای تەرازویی ڕای جەماوەر هەر ڕۆژە  زیاتر ئەشکیتەوە بە لای فەلەستینیـیەکاندا.

لە وەڵامی ئەوەی کە ئایندەی ئەم جەنگە بەرەو کۆی دەراوت، سەرەتا پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەم کە ئەم جەنگە ئەلقەیکە لە ڕەوەندێکی سیاسی و ستراتیژی سەربازی هەمەلایەنەتر و بەرین تر کە پێش ئەم جەنگە لەئارادا بووە، هەربۆیە، هەر پەرەسەندن و بەرین بوونەوەیەکی ئەم جەنگە لەسەر بنەمای ئەم ڕەوەندە هەمەگیرەوە دێتە ئاراوە. ئەوە ئاشکرایە ئەمریکا هەر لەیەکەم ڕۆژەوە هاتووە بەهانای ئیسرائیلەوە و دوو کەشتی جەنگی لە (دەریای ناوەراست) جێگیر کردووە و لە (دەریای سور)یش کەوتوەتە جوڵە و خۆ ئامادەکردن. ئەوەش فاکتیکی ڕۆشنە کە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین قوڵایی ناوچەیی هەیە و هەموو کارێکی سەربازیش لەوانە ئەو جەنگەی ئیستا لە غەززە بێگومان قوڵایی ناوچەیی پەیدا ئەکات.

گەر بەدیاریکراوی دەستنیشانی بکەین، ئەمڕۆ کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل لەئاستی کێشمەکێشی دەوڵەتی و جیۆ پۆلیتیکسدا، بریتیـیە لە کێشمەکێشی نیوان ڕژێمی ئیسلامی ئێران و بەرەی بەرنگاری و پاڵپشتە نێودەوڵەتیـیەکانیان کە چین و ڕوسیایە لەلایەک، و دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و هێزە ئیمپریالیستەکانی رۆژئاوا، لە لایەکی ترەوە. لەم بوارەدا هەتا ئێستا وڵاتانی عەرەبی کەم تا زۆر یان لەگەڵ ئێراند هاوپەیمانن وەک سوریا و یەمەن و عیراق، یان لە پرۆسەی نورماڵیزەکردندان لەگەڵ ئیسرائیل و بێدەنگن.

پەرەسەندنی ئەم جەنگە وەک جەنگیکی ناوچەیی بەڕاستەوخۆیی و سەرەتا ئەم دوو لایەن و جەمسەرە ئەگرێتەوە. بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل تا ڕادەیەکی زۆر بنکەی ستراتیژییەتیی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، و پەرچکردارەکانیشی بریتیە لە بەرگریی بێ ئەملاولا لە ئیسرائیل. لەم پەرچەکردارانەی بە ئاشکرا دیارە کە چۆلکردنی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست  تەنها وە‌هم و چیرۆکێکی دوور لە ڕاستی بوو، و لەم جەنگەدا دەرکەوت کە ئەمریکا نەک هەر بەرگریکردن لە ئیسرائیل بێئەندازە گرنگە بۆی، بەڵکو چەسپاندنی نفوزی سەربازی و جیۆپۆلیتیکسی و جیۆ-ئابووری خۆی لەم ناوچەیەدا  ئەولویەتی ستراتیژیـیەتی.

بارودۆخەکە  ئاڵۆزە و ئەگەرەکانیش هەمەجۆرەن، بەڵام ئەوەی گرنگە جەختی لەسەربکەین ئەوەیە کە زەمینەی ماددی و پرۆسەی هەمەگیرتر کە لە جەرگەیدا سەرجەم ئەم کێشمەکێش و جەنگ و تەکەتولە سیاسی و سەربازیانە لەم ناوچەیەدا و تەنانەت ئەم جەنگەی غەززەش بەرەوپێش ئەچن، پەرسەندنی ناکۆکیـیەکانی سەرمایەداری ئیمپریالسیتی سەردەمە. ئەم زەمینە ماددیـیە و ئەم پرۆسەیەیە کە کێشمەکێش و مەسەلە چارەسەرنەبووەکان لەهەناوی خۆیدا هەرس ئەکات و فورم و کۆنتێکستی تایبەتی خۆی بەسەریاندا زاڵ ئەکات. کێشەی فەلەستین بۆ خۆی کێشەیەکی واقعی و میژوویـیە و کارکتەری دیاریکراوی خۆیی هەیە، بەڵام ئەم کارکتەرە لۆکاڵی و تایبەتمەندیـیانەی ئەم کێشەیە لەسەر بنەمای سەرمایەداری سەردەم و ناکۆکی و کێشمەکێشی کوتلە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکانی و پۆڵە  چێهانی و ناوچەیەکانیی  و شەڕ و کێبڕکێکانیان لەسەر ناوچەکانی نفوز و هیژمۆنی نیوانیان  بەڕیوە ئەچێ و مۆرکی ئەمانە لە خۆ ئەگرێ.

گرنگ نیـیە بۆ ئەمریکا چەند ڕژێمی ئێران کێشەی فەلەستین بەکارئەهێنی بۆ بەرژەوەندیـیەکانی خۆی لە ئیستادا و کێشمەکێشی لە بەرامبەریدا لێرەوە نیـیە، بەڵکو لەوێوەیە کە ئێران ئەیەویت ئیسرائیل لاواز بکات و زەربەی لیبدات کە بنکە و دریژکراوەی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئاشکرایە بۆ هەمووان کە جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی لە هەل و مەرج و بارودۆخێکی جیهانی و ناوچەیی تردا، هەڵبژاردەی ڕۆژئاوا بوو کە ببێتە جێنشینی نیزامی شای ئێران و جیگەی لەناو سیستمی نیودەوڵەتی بورژوازیدا بۆ کرایەوە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە لەکاتی شۆڕشی ١٩٧٩ ئێراندا.

ئەو کاتە بەمەبەستی خنکاندنی ئەو شۆرشە و ڕێگریی لە پەرسەندنی و بەهێزبوونی بەرەی سۆشیالیستی لە جەرگەیدا، وە لە ئیستاشدا کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەبەرەی چین و ڕوسیادا نیشتۆتەوە و خۆی ڕاگرتووە، هەر لەسەر بنەمای پەرەسەندنی  ناکۆکیـیەکان و  ئاڵۆزیـیەکانی سیستمی ئیمپریالیستی جیهانی ئەمڕۆیە کە ئەتوانی جێگەوڕێگەی هەبێت. هیچ یەکێک لە لایەنە دەوڵەتیی و ناوچەیـیەکانی دەرگیر لەم جەنگەی غەززەدا ناتوانن لەو یاسایانەی کە بەسەر ڕیڕەو و پرۆسەی ئەم ناکۆکی و ململانێـیە جیهانیانەدا زاڵە دەرچن. ئەوە پرۆسەی زۆر واوەتر و بەرینترە  کە هەموان لە نێویدا ئەتوانن شەڕ بکەن و ئەم کارەساتانە بە سەر ئینسانیـیەتدا فەڕز بکەن.

 

ڕەوت: هەر وەک ئەبینین لە ئەوروپا و تارادیەکیش لە ئەمریکا  حزب و ڕێکخراوە  سۆشیالسیستی و ئازادیخوازەکان و تەنانەت بەشێک لە فیدراسیۆنە کریکاریەکانیش خاوەن هەڵوێست و کردارن لە بەرامبەر کیشەی فەلستیندا. بە ڕای تۆ ئەم دیاردەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

موئەیەد ئەحمەد: بەهۆی ئەوەی  کە دەوڵەتی ئیسرائیل  و سیاسەتەکانی لە بەرامبەر فەلەستینیـیەکان و وڵاتانی عەربیدا هەر لەسەرەتای دروستبوونیـیەوە تائیستاش درێژەکراوەی بەرژەوەندیـیە ستراتیژی و جیۆ سیاسی و جیۆ ئابووریـیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و بەریتانیا و هێزە ئیمپریالیستیەکانی تری ڕۆژئاوایە، بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کریکاری و سەرجەم ڕەوتە  ئازادیخوازەکانی ناو ئەم وڵاتانە بە سروشتی دەرگیری ئەم کێشەیەی نیوان ئیسرائیل و فەلەستینەکانن بە ڕاستەخۆیی لەناوخۆی ولاتانی خۆیاندا.

کیشەی فەلەستین و ستەمکاریـیەکانی ئیسرائیل بە دژی فەلەستینیـیەکان بەشیکە لە کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناو خۆی کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا، و هەردەم لەبەرامبەر ئەم کێشەیە و ڕووداوەکانی لە فەلەستین جەمسەرگیری فراوان دروست ئەبێت دەربارەیان. بەشیوەیەکی گشتی سۆشیالیستەکان و کرێکارانی پێشکەوتنخواز و ڕەوتی ئازادیخوازیی لەم کۆمەڵگایانەدا، بەپلەی جۆراوجۆر لە پەیگیری، هەڵوێست و سیاسەتی پشتگیریی لە فەلەستینیـیەکان و خەباتی هەقخوازانیان ئەگرنەبەر، و داوای کۆتایهینان بە سیاسەتی ئاپارتایدی نەژادی ئیسرائیل و سیاستە کۆلۆنیـیەکانی ئەکەن و داوای چارەسەری عادلانەی کێشەی فەلەستین ئەکەن.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕەوت و ڕێکخراوە سۆشیالیستەکانی ڕۆژئاوا بەگشتی هەم لەباری تیوری و هەم لە باری سیاسیـیەوە نەزەر و پلاتفۆرم و هەڵوێستی ڕێکخراوەییان هەیە دەربارەی  ئەم کێشەیە و شیوەی چارەسەرکردنیی. هەڵوێستی جیاواز لەم ڕوەوە لە ناویاندا دیاردەیەکی بەرچاوە، و ئەوەندی من ئاگادر بم، ئەوە ئەبینم کە بەشیک لە ڕێکخراوە مارکسیستەکان چارەسەری کێشەی فەلەستین گرێ ئەدەنەوە بە بەرپابوونی شۆڕشی سۆشیالیستی لە تەواوی ناوچەکەدا و بە دروستبوونی دەوڵەتێکی سۆشیالیستی لە سەرتاسەری فەلەستیندا کە بەشیک بێت لە کۆنفیدراسیۆنێکی سۆشیالسیتی ناوچەکە، و ئەمەش نەک هەر تەنها وەک ئایدیالێکی دڵخواز بەڵکو وەک چارەسەرێکی کرداری ئیستایی ئەبینن و بەتاکە ڕێگەی ئەناسن کە بتوانێ چارەسەری ئەم کێشە ئاڵۆزە بکات، و تەنانەت دروستکردنی دوو دەوڵەتی بە سیاسەت و  تێڕوانینێکی ڕیفۆرمیستی ئەبینن.

تەیفێکی تر لە ڕێکخراوە شۆشیالیستەکان باس لەچارەسەری سیاسی ئەم کێشەیە ئەکەن لە چوارچیوەی ئەوەی مومکنە لە نیزامی سیاسی بورژوازی نێودەوڵەتیدا و داوای دروستبوونی دەوڵەتیکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینیـیەکان ئەکەن کە بە تەریب لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەسەڵاتی تەواوی هەبێت.

ئەم ‌هەڵۆیست و نەزرە سیاسیـیانە دەربارەی کێشەی فەلەستین هەر بۆ ئەوە ناگەرێتەوە کە ئەم ڕێکخراوە سۆشیالیستانە ئینتەرناسیۆنالیستن و لەبەرامبەرکێشەی فەلەسیندا هەڵوێست ئەنوێنن، بەڵکو بۆ ئەوەش ئەگەڕیتەوە کە ئەم هەڵوێستانەیان بەشیکە لە خەباتی ناخۆیی لە وڵاتەکانی خۆیاندا بە دژی بورژوازی دەسەڵاتدار کە بە هەمەلایەنەیی بەرگری لە دەوڵەتی ئیسرائیل و ستەمکاریـیەکانی ئەکات.

پۆلێکی چینایەتی بورژوازی و ڕەوت و حزبەکانی دەسەڵاتدار لەم وڵاتانەدا هەر لە کۆنسێرڤەتیڤ و لیبراڵەکان و نیوفاشیەکانیانەوە هەتا سۆشیال-دیمۆکراتەکان لەبەرامبەر هەلوێست و سیاسەتەکانی سۆشیالیستەکاندا هەمیشە یەکگرتوون و بەرگری سەرسەخت لە ئیسرائیل و سیاسەتەکانی ئەکەن.

ڕەوت: کۆتایی هاتن بە ستەم لەسەر فەلەستینیـیەکان ئیمکانی هەیە لەم هەلومەرجەدا؟ لە کورت ماوەدا، خەڵکی فەلەستین پێویستە چی بکات، و لەدور مەوداش ڕێگای کۆتاییهێنان بەم چەوسانەوەیە چۆن دەبینی؟

موئەیەد ئەحمەد: لە ڕاستیدا کێشەی فەلەستین زۆر ئاڵۆزو پر لە تەعقیداتە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام هەر وەک مارکس ئاماژەی پێداوە “ئینسانیـیەت کێشەیەک ناهێنێتە بەردەمی خۆی کە پێشتر توخمەکانی چارەسەریی لەگەڵ خۆیدا نەهێنابێ”. چارەسەری ئایدیاڵ هەر وەک هەندێک لە سۆشیالیستەکان دەریان بڕیوە چارەسەرە لە دیدگای سۆسیالیستی و شۆرشی سۆشیالسیتیەوە لە ناوچەکە و سەرتاسەری فەلەستین و ئیسرائیلدا، شۆرشیک کە ئینتیەرناسیۆنالیستی بێت و لەسەر بنەمای بەرژوەندی چینایەتی هاوبەشی پرۆلیتاریای ناوچەکە بەرەوپێش بچێ و بتوانی دەوڵەتێکی سۆشیالسیتی لەسەرجەم فەلستین و ئیسرائیلی ئسیتادا دابمەزرینی و بەشیک بێت لە فیدراسیۆنی دەوڵەتە شۆرایـیە سۆشیالیستەکانی ناوچەکە.

ئەم مێسود و بەرنامە سۆسیالیست و ئینتەرناسیۆنالیستیە پرۆلیتاریەیە کە ئەبێ بەردی بناغەی هەر سیاسەتێکی بێت لەبەرامبەر چارەسەری کێشەی فەلەستیندا و تەنانەت لە بەرامبەر پرۆژەی دوو دەوڵەتیشدا.

سۆشیالیستەکان بەدوای وەهمی ڕیفۆرمیستی دەوڵەتی بورژوازیەوە نین، بەڵام کێشەی فەلەستین و کارەساتێکی ئینسانی کە لە ئاکامی ئەم کێشەیەوە هاتۆتە ئاراوە و فەڕزبووە بەسەر فەلەستینیـیەکان و خەڵکی ئازادیخوازی ناو ئیسرائیلدا، ئەوە ئەخوازی کە هەرچی زووتر چارەسەرێکی بە پەلەی بۆ بدۆزرێتەوە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سیاسی کە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی بدرێتە دەست جەماوەری فەلەستین بڕیار بوو ئاکامی پرۆژەی ئاشتی نیوان ئیسرائیل و فەلەستینیـیەکان بێت کە لە پەیمانی ئاشتی ئۆسلۆوە لە سالی ١٩٩٣ واژۆکرا. دیارە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەکرا و هەتا هات ئیسرائیل سیاسەتی فراوانخوازی خۆی پەرەپێدا و بە کردەوە تێکی شکاند.

سەرباری ئەمەش ئەم پرۆژەیە لە بارودۆخی تەرازوی هێزی چیانیـیەتی کۆمەڵگەی فەلەستینیدا یانی دەسەڵاتی فەلەستینی ئیستا لە کەناری ڕۆژئاوادا حوکم ئەکا و ڕێکخراوی ئازادی فەلەستین هێزی سەرەکیـیەتی.

دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە فەلەستین کە وەک ئیسرائیل بەهرمەندە بێت لەدەسەڵاداریەتی سیاسی زەمینە ئەخۆلقێنی کە ئەم کاراستە خۆیناویـیە بەر پێبگریت و ستەمکاریـیەکانی ئیسرائیل لەسەر فەلەستینیەکان ڕابگرێت، و فەزا ئەکاتەوە تا خەباتی هاوبەشی چینایەتی پرۆلیتاریای فەلەستینی و ئیسرائیلی لە بارودۆخی دوور لە ستەمکاری قەومی بەرەوپێش بچێت. ئەمە دەوڵەتی دڵخوازی کۆمۆنیستەکان نیـیە، بەڵام بەو ئەندازەیەی کە بتوانێ بەربگرێت بەم شەپۆلە بەردەوامەی خۆینڕێژیی لە فەلەستین و ئیسرائیلدا، و زەمینەی بەرەپێشجوونی خەباتی سۆشیالسیتی و ئینتەرناسیۆنالیستی پرۆلیتاریا فەراهەم بهێنی ئەتوانرێ جێگەی پاڵپشتیی کۆمۆنیستەکان بێت لە بواری چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی و کێشەی فەلەستین لە ئیستادا.

25 ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ڕێگری لە خۆپێشاندان و گەمارۆدانی بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر بە توندی مەحکوم دەکەین

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)، بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری شاری هەولێر مۆڵەتیان نەداوە بە (کۆمیتەی ...

بڕیارنامە لەسەر پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەند بە شەڕێکی کۆمەڵکوژی کە ئیسرائیل لە غەززە بەڕێیخستووە

شەڕی جینۆساید دژی دانیشتوانی غەززە پێی ناوەتە (١٠٨)ەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە دووشەممە (٢٢)ی ژانویەی (٢٠٢٤)، ...

 گۆڕان، لەناو (وەهمی)  گۆڕان!؟

عەبدوڵا ساڵح ئەنشتاین دەڵێ: شێتی ئەوەیە؛ چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ بی لە تاقیکردنەوەیەک کە پێشتر ...

ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ و دواتر..

مـــــایکل ڕۆبەرتس* وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عومەر خەتـــــات ئایا دۆخی ئابووری جیهان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ...

سەرکۆنەی موشەکبارانی سوپای پاسداران ئەکەین بۆسەر هەولێر

شەوی دوو شەممە (١٥)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)، سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران، بە نۆ موشەکی ...