مارکسیستەکان و هەڵوێست لەبەرامبەرشەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

موئەیەد ئەحمەد

لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆکەکانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (٢٦)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤) هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ناوخۆی ئێران ئەنجامدا، کە ئیسرائیل بە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە مووشەکیـیانەی لەقەڵەمدا کە ئێران پێشتر کردبوویە سەر ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا. بەم شێوەیە خولی دووەمی بۆردومانی ئاسمانی و مووشەکی نێوان هەردوو ڕژێم لە ئیسرائیل و ئێران کۆتایی هات. بەڵام لە (٢)ی تشرینی دووەمی (٢٠٢٤) بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران هەڕەشەکانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند، و بە گوێرەی هەندێک ڕاپۆرت، هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە ناوخۆی عێراقەوە و لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیـیەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمەش ئەگەری زۆرە ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ بکێشێتە ناو شەڕەکەوە.

بەم شێوەیە، وا دیارە، هێشتا ئەو ئەگەرانە هەر لە ئارادان بۆ پەرەسەندنی ئەم شەڕە ناوچەییەی ئێستا بۆ پانتاییەکی بەرفراوانتر، ئەمە جگە لە درێژەی شەڕی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، و ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئیسرائیل کە لە کەرتی ڕۆژئاوا بەرامبەریان ئەنجامی دەدا، و هەروەها بەردەوامی داگیرکردنی هەرچی زیاتری زەوییەکانیان، و دامەزراندنی شارۆچکەی جوونیشین (مستوطنات اسرائيلية)، و بەردەوامبوونی هێرشی سەربازی ئیسرائیل و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر باشووری لوبنان، و لێدانی ئامانجە سەربازییەکانی لە سوریادا. سەرجەم ئەم تاوانە تیرۆریستیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل و حکومەتی ناتانیاهۆ، شەڕێکی فراوانخوازانە پێکدەهێنن کە نوقمی تاوانکاریـیە و درێژەپێدەری سیاسەت و ستراتیژی ئیسرائیلە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، بۆ کێشانی نەخشەیەکی سیاسی نوێ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەموو ئەو کارەساتە مرۆیـیە نوێیانەشەوە کە لەم پڕۆسەیەدا دای دەسەپێنێت بەسەر فەلەستینییەکان و جەماوەری ناوچەکەدا.

ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێکە ئەم سیاسەتە فراوانخوازییەی جێبەجێ کردووە  و هەر بەردەوامیشە لەسەری، لە ڕێگەی شەڕی جینۆساید لە غەززە، وێرانکردنی سیستماتیکی باڵەخانە و خانووبەرە و نەخۆشخانە و کەرتی خزمەتگوزارییەکان، سەپاندنی بێ ماڵوحاڵی و ئاوارەیی بەردەوام بەسەر فەلەستینییەکاندا، و پراکتیزەکردنی سیاسەتی برسیکردن لە دژیان، و ڕێگریکردن لە هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان، و کوشتنی کرێکاران و کارمەندانی ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەم یارمەتییە پێشکەش دەکەن، تەنانەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل ڕێگریی لە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان (ئونوڕوا-UNRWA)ش کردووە کە یارمەتی فەلەستینییەکان دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە لە (٣١)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٤)، “لە ماوەی (٣٩٠) ڕۆژ شەڕی سەر غەززە، هێزە داگیرکەرەکان (٣،٧٥٩) کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە”، کە بووەتە هۆی کوشتنی “٤٣،١٦٣ فەلەستینی، لەنێویاندا زیاتر لە (١٧) هەزار منداڵ … جگە لە بریندارکردنی (١٠١) هەزار و (٥١٠)  کەسی دیکە”. وە بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، هێزەکانی ئیسرائیل “زیاتر لە (٨٥) هەزار تۆن تەقەمەنییان داباراندووە بەسەر ئەم کەرتەدا، و لەم ڕێگەیەوە (١٥٠) هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان بە تەواوی لەناوبردووە، هەروەها زیاتر لە (٢٠٠) هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تریشیان تا ڕاددەیەک خاپوورکردووە، و (٣٤) نەخۆشخانەیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەکار خستووە”. ئەم ژمارانە تا ئێستا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەر لە زیادبووندان.

هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئەشرق ئەلئەوسەت) لە (٣١)ی تشرینی یەکەم، کە لە وەزارەتی تەندروستی لوبنانەوە وەریگرتووە، “کۆی گشتی ژمارەی کوژراوان لە لوبنان گەیشتۆتە دوو هەزار و (٥٩٣) کەس”، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک لوبنانی کە شوێنەکانی خۆیانیان چۆڵکردووە. هەروەک دەزانین کە داگیرکارییە سەربازییە زەمینیەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان لە (٣٠)ی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی نیمچە ڕۆژانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵات و (بەیرووت)ی پایتەختی لوبنان لە (٢٣)ی هەمان مانگەوە بەردەوامە.

ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە ئیسرائیل و حکومەتی نەتانیاهۆ ئەو دەستکەوتە سەربازییانەی کە بەدەستیـیان هێناوە لەدژی هەردوو ڕێکخراوی (حەماس) و (حزبوڵای لوبنان)، “دەسکەوتێک” کە بە ڕشتنی دەریایەک لە خوێنی فەلەستینیەکان بەدەستیـیان هێناوە، وەک هەلێک دەیقۆزنەوە بۆ هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییە فراوانخوازیەکانیـیان، بە پشتیوانی تەواوی ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی دەستەی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا. وە ئەگەر هەر دانوستانێک یان ئاگربەستێکـیش لەم ڕێڕەوەدا قبوڵ بکەن، ئەوە تەنها تاکتیکێکی سیاسی کاتیـیە لەناو ئەم ستراتیژە سیاسیـیە تاوانکاریـیەدا.

هەڵوێستی مارکسیستەکان لەسەر شەڕی ئێستا:

گومانی تێدا نییە کە ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران و بازووەکانی لە ناوچەکەدا؛ لە لوبنان، سوریا، عێراق، و حوسییەکان لە یەمەن، لە ژێر ناوی “جەمسەری بەرنگاری” کە (حەماس)یش دەگرێتەوە، لایەنێکە لە شەڕی ئێستای ناوچەکەدا. ، و ئەم جەمسەرە شتیک نیـیە جگە لە ڕژێم  و هێزە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکانی دژ بە جەماوەری ناوچەکە، کە چینی کرێکار و ژنان و جەماوەری ئارزوومەندی ژیانێكی  ئاسوودە و ئازاد خەبات دەکەن بۆ ئازادبوون لە چنگیان. ئەم جەمسەرە جگە لە تیرۆر و کۆنەپەرستی سیاسی و سەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی هیچی دیکە پێشکەش بە کۆمەڵگاکانی ناوچەکە ناکات، و شەڕەکەی لە دژی ئیسرائیل یان ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی نیـیە بە خەباتی دادپەروەرانەی جەماوەری چەوساوەی فەلەستین و ناوچەکە لە دژی ئیسرائیل و ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی، و تاوانکارییەکانی هەردوکیان بە دژیان. ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە خۆی لەگەڵ ئەم جەمسەرەدا هاوخەت بکات، جگە لە ئیسلامی یان ناسیۆنالیست هیچی تر نییە، تەنانەت ئەگەر بانگەشەی مارکسی یان سۆسیالیستیش بکات.

لە هەمان کاتدا ناکرێ گرتنەبەری هەڵوێستی مارکسیستی هەر لە بینین و ژماردنی تایبەتمەندییە سیاسییە کۆنەپەرست و تیرۆریستییەکانی جەمسەری ئیسلامیی بەشداربوو لەم شەڕەدا سنوردار بکرێتەوە، بەڵکو گرتنەبەری هەڵوێستی مارکسیستی لەسەر شەڕی ئێستا بە گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشەی ئەم شەڕە، و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی، و پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشتییەوە دەتوانری بگیرێتەبەر. ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پێناسەکردنی سروشتی خودی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی وەک دەوڵەتێکی داگیرکەری ڕەگەزپەرستی ناسیۆنالیستی و ئایینی لە ناوچەکەدا کە ستراتیژێکی فراوانخوازانەی گرتۆتەبەر و هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم ستڕاتیژەی لەسەر حیسابی داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستینییەکان و وڵاتانی دراوسێی ئەنجام بدات، لەڕێگەی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و شەڕ و بە پەیوەندیـیەکی ڕاستەوخۆشەوە بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سەرمایەداریی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بۆ پڕاکتیزەکردنی هەژموونی خۆیان و درێژکردنەوەی کاریگەرییەکانیان بەسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و بۆ بەرژەوەندی ململانێیان لە دژی نەیارەکانیان لە جەمسەرە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکانی تر، و دژایەتیکردنیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و هەر ڕاپەرینێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ناوچەکە.

مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان و ڕێکخراوە سۆشیالیستیەکان و ئازادیخوازەکان و سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خەبات دەکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەم شەڕەی ئیسرائیل و ئەم وێرانکارییە و ئەم کۆمەڵکوژییانە ڕابگرن کە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە فەلەستین و لوبنان و سوریا ئەنجامیانیداوە، و لە خەباتدان بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە شەڕ و لە کەشوهەوای شەڕ. ئەوان ئەم خەباتە نێونەتەوییەیان گرتۆتەبەر، و ناخلیسکێنـە ناو ڕیزەکانی بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی و ڕەوتە سیاسی و فیکرییەکانی، وەک چۆن چەپی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا هەڵخلیسکاون، هەروەها ئەوان پشتیوانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی ئیسرائیلـیش ناکەن لە ناوچەکە، و کارەساتەکانی پشتگوێ ناخەن، وەک هەندێک لە “کۆمۆنیستەکان” لە ئێراندا دەریدەبڕن.

ئەگەر تۆزێک بگەڕێینەوە دواوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم کۆمەڵکوژییانە و شەڕی ئێستای ئیسرائیل جیاناکرێنەوە لەوەی کە عێراق و ناوچەکە بۆ زیاتر لە سێ دەیەیە پێیدا تێدەپەڕێت، لە تاوانە جەنگییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی (١٩٩١)، و گەمارۆدانی ئابووری وڵاتەکە، و داگیرکردنی لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی (٢٠٠٣)، و لە هەڵگیرسانی شەڕی تایفەگەریی، و سەرهەڵدانی تیرۆریستان لە گرووپە ئیسلامییەکانی وەک (ئەلقاعیدە) و (داعش)، و گەشەسەندنی هێزی میلیشیایی، و دامەزراندن و چەسپاندنی ڕژێمی سیاسی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سەرکوتگەر لەم وڵاتەدا و زیادبوونی هێژمۆنی ناوچەیی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران. ئەمە جگە لەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیانەی کە داگیرکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی (١٩٨٢)دا لەسەر سەرهەڵدانی (حزبوڵای لوبنان) هەیبوو، هەروەها ئەو ڕۆڵەی ئیسرائیل گیڕای لە پشتیوانیکردنی (حەماس) و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ لێدانی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و پووچەڵکردنەوەی بنیاتنانی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان.

ئیسرائیل، وەک دەوڵەتێکی فاشیستی، کە تا ئێسک پڕچەک و تەیار کراوە بە نوێترین چەکی وێرانکاری و تەکنەلۆجیای جەنگی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا، نوکی ڕمی ئەم زلهێزە ئیمپریالیستیانە پێکدەهێنێت لە ناوچەکەدا، لە بەرامبەر نەیارەکانیان لە وڵاتانی ئیمپریالیستی و زلهێزە ناوچەییەکان و هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەری و نفوزی خۆیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە نە شتێکی نوێیە و نە شتێکی ئیستاتیک، و فۆڕمی کۆتایی وەرناگرێت بەڵکو ئەوە شەڕ و کاولکارییە کە بە درێژایی هێڵەکە بەردەوامە، و چڕبوونەوەی بێکۆتایی ململانێکانە، لانیکەم، لە داهاتوویەکی بەرچاودا.

پەرەسەندنی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانی ئێستا، زیادبوونی هەرچی بەرفراوانتری خۆ پڕچەک کردن (التسلح) و چڕبوونەوەی ململانێکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، هەر لە شەڕی ئۆکرانیا تا ناکۆکی لەسەر تایوان و هاوپەیمانی و هاوکاری سەربازیی ئەم دواییەی کۆریای باکوور و ڕووسیا، هەموو لە دەرکەوتەکانی ململانێی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوان لە لایەک، و چین و ڕووسیا لە لایەکی دیکەوە. شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیل کە لە دژی فەلەستینییەکان و جەماوەری ناوچەکە ئەنجامی دەدا، لە پێوەند بەم قەیرانە و ئەم مەیلە لە سیستەمی بۆرژوازی جیهانیدا بەرەو زیاتربوونی  قەیران و ململانێی سەربازی و شەڕ ڕوودەدات.

هەڵوێستی دروستی مارکسیستی، کە سۆسیالیستەکان و پرۆلیتاریا سۆشالیستەکان لەهەر شوێنێک بن دەیگرنەبەر، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ململانێ سەربازییانە و ئەم چەکدارکردنە ترسناکەی وڵاتانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی و ئەم شەڕە ئیمپریالیستیانەیە، و هەروەها خەباتکردنە لە دژی ئەو سیاسەتانەی کە جەنگەکان درێژکراوەیانن، وە یەکخستنی خەباتی نێونەتەوەیی پرۆلیتاریا و جەماوەری ئازادیخوازە، بۆ ئەوەی ئەو شەڕانەش بوەستێنێرێن کە ئێستا لە ئارادان. ئەم هەڵوێسته بەتەواوی بەسەر هەمان ئەو شەڕە جینۆسایده که ئیسرائیل له ئێستادا بەڕامبەر فەلەستینییەکان و جەماوەری ناوچەکه بەڕێوەی دەبات، ڕێک دێتەوە. شەڕەکان و دروستکردنی کەشوهەوای شەڕ، نەک هەر کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی و کارەسات بۆ جەماوەر دەهێنن، بەڵکو سەختییەکی یەکجار زۆر بۆ پەرەپێدانی خەباتی چینایەتی سۆسیالیستی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا دروست دەکەن، و بەربەستی گەورەش دادەنێن لەبەردەم پەرەسەندنی هێزەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەم چینە و چەوساوەکان لە بەرامبەر سەرمایە و سەرمایەداری و سیستمە سیاسیـیەکەیدا.

ئومێد بەستن بە شەڕی ئیمپریالیستی و فراوانخوازی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕووخاندنی ڕژێمە ستەمکارەکانیان، یان دانانی ئەم شەڕە، وەک بەشێک لە چەپەکان لە ئێران بانگەشەی بۆ دەکەن، بە فاکتەری یارمەتیدەر بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی جەماوەری دژ بە ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران، کە  ڕووخاندنی ئەم ڕژێمەیان لە ئامانجدایە، هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتی مارکسیستییەوە نییە بەرامبەر بە شەڕی ئێستا و ئامانجە کۆیلەبارەکانی و پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی. واقیعی ئەوەی کە عێراق پێیدا تێپەڕیووە لە ئەنجامی داگیرکردنی ئەمەریکا و ڕووخاندنی ڕژێمەکە، بە شێوەیەکی بێئەملاولا (قاطع) ئەم تیۆرە سیاسییە بۆرژوازییە پووچەڵ دەکاتەوە کە لای هەندێک لە چەپەکان باوە. ئەم هەڵوێستە نەک هەر دەرئەنجامی سەرقاڵبوونی ئەم چەپانە نییە بە ڕێکخستنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی پرۆلیتاریا دژ بە سەرمایە و ڕژێمە سیاسییەکەی لە ئێران و وڵاتانی دیکە، بەڵکو دەرەنجامی سەرقاڵبونیانە بە  هێنانەدی گۆڕانکارییەکی سیاسی ڕووکەش لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی بورژوازی و لە چوارچێوە سیاسییەکانیدا کە خنکێنەری ئیرادەی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی جەماوەری کرێکار و چەوساوە و هەژارانن.

شۆڕشی کۆمەڵایەتی و هەڵوێست لەسەر شەڕ

ئیسرائیل و ئەمریکا لە شەڕی ئێستایاندا ئەوەندە بەدوای ڕووخاندنی ڕژێمەکانەوە نین، ئەوەندەی بەدوای ملکەچکردنی وڵاتانی ناوچەکەوەن بۆ ژێر نفوزی خۆیان و لەم ڕەوەندەشدا تێکدانی پەیکەرەی مەدەنی و ئابوری ئەو کۆمەڵگایانە، و سەپاندنی پاشەکشە بەسەریاندا لەناو کایەی ململانێ ناوچەییەکانیاندا، وە لەوەش گرنگتر لێدان لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و سەپاندنی پاشەکشەی بەردەوام بەسەریاندا.

ئەوە ئاشکرایە کە گرتنەبەری هەڵوێستی سیاسی بەرامبەر بە شەڕ بۆ مارکسیستەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان شتێک نییە کە لە بۆشاییدا هەڵواسرابێت، بەڵکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە هەڵوێستێکی چینایەتییە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە بەرژەوەندی چینی کرێکار، و بەرژەوەندییەکانی پێشڕەویی خەباتە چینایەتیکەی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریاوە هەیە. هەرکەسێک ئەمڕۆ ئەرکی پەرەپێدان و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتاری سەربەخۆ و بەرژەوەندییەکانی پێشخستنی شۆڕشی سۆسیالیستی، لە هەلومەرجی پێش شەڕ و لە کاتی ڕوودانیدا، لە حیساباتە سیاسییەکانیدا دەردەکات، هەمان ئەم ئەرکە  و ئەم بەرژەوەندییانەش،  لە هەلومەرجی دوای ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەی کە باسی لێوە دەکرێت و ئەو وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە لەگەڵیدا دێنەئاراوە لە حیساباتی خۆیدا دەکاتە دەرەوە.

مارکسیستەکان لە هەڵسەنگاندنیاندا بۆ شەڕ و لە گرتنەبەری هەڵوێست بەرامبەری، لە پێگەی چینی کرێکار و بەرژەوەندی خەباتی سۆسیالیستییەوە دەست پێدەکەن، و ئەم پێگە و دیدگا چینایەتیـیە پرۆلیتاریـیە بێگومان لە هەڵوێستەکە جیاناکرێتەوە لەسەر شەڕ، چونکە لیکهەلپێکراون. ئەو کۆمۆنیستەی کە لە هەلومەرجی ئارامی (‌الآمنة) کۆمەڵگادا بە پەیگیریـیەوە درێژە بە خەباتی سۆسیالیستی خۆی دەدات، و بەرگری لە بەرژەوەندی ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەکات، و تێدەکۆشێ بۆ زامنکردنی  ئەم هەلومەرجانە لە پیناوی ئەم پێشکەوتنەدا، و بەم شێوەیە هەڵوێستی دژە شەڕ دەگرێتەبەر، هەر ئەو کۆمۆنیستەشە کە سیاسەتی بەرەوپێشبردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا دەگرێتەبەر لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێم، لە ئەنجامی شەڕەکەدا، و هەمان سیاسەت و ڕێبازیش دەگرێتەبەر کە هەر ئێستا گرتویەتەبەر سەبارەت بە پڕۆسەی پەرەپێدانی توخمەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا لە هەلومەرجی پێش جەنگدا، وە ئەو کات پەیگیرانە خەبات دەکات دژی ئەوانەی خۆیان فڕێ دەدەنە باوەشی بۆرژوازی و وەهمە سیاسییە پۆپۆلیستییە چەپەکانەوە، کە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم کریستاڵایزەبوونی ڕیزی سەربەخۆی سیاسی چینایەتی پرۆلیتاریا و پێشڕەویەکانی شۆڕشە کۆمەڵایەتیـیەکەی.

هەرکەسێک لە خەمی ڕێکخستنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردایە، نە ڕادەکێشرێتە ناو سیاسەتی سەروو چینایەتی و ڕادیکالیزمی سیاسی بۆرژوازییەوە، و نە ئومید دەبەستێ بە ئیسرائیل و زلهێزە ئیمپریالیستەکان و شەڕەکەیان، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکی خەباتی جەماوەر بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ڕژێمەکانی ئیسلامی سیاسیی، چونکە بە پێچەوانەی ئەم خۆشباوەڕیانە، ئەوەی کە ئەم تیۆرە و ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە لە شەڕ و پەیوەندییەکەی بە ڕووخاندنی ڕژێمەکانی لە لایەن جەماوەرەوە فەراهمی دەهینێ ئاسانکاریـیە بۆ خلیسکان بۆ ناو ئۆردوگای بۆرژوازی و ئۆردوگای دەستەڕاستیـیەکانی کۆمەڵگا و سیاسەتەکانی.

بەم پێیە هەرکەسێک کە بیر لە ڕووخاندنی دەسەڵات بکاتەوە وەک ئامانجێک لە خۆیدا، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی سیاسی چینایەتی ئەوەی کە دێتەئاراوە لە ئاکامی پرۆسەکە و چۆنیەتی ڕووخاندنەکە دیاری بکات، کە جەماوەر ماوەیەکی زۆرە بۆ بەدەستهێنانی خەبات دەکات، ئەوە نیشان دەدات کە ئەو بیر لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا و ڕزگاربوون لە سیستەمی سیاسی سەرمایەداری لەم وڵاتانەدا ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر لە ڕوانگەی بەرژەوەندە سیاسییەکانی خۆی و ڕادیکالیزمە سیاسییە بەرتەسکەکەیەوە بیر لە پڕۆسەی ڕووخاندن دەکاتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان گرێدراوە بە بورژوازی و ڕەوتە سیاسییەکانییەوە.

ئێمە وەک مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان پابەندین بە تیۆری خەباتی چینایەتی بۆ ڕزگارکردنی پرۆلیتاریا و کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایە و سەرمایەداری و لە دەوڵەت و سیستەم و ڕەوتە سیاسی و فیکری و ئایینی و ناسیۆنالیستی و نیولیبراڵەکانی و شەڕ و ململانێکانی و کارەساتەکانی، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئەرک و چەڵینجی گەورەین. پێویستە لەسەرمان خەبات ڕێکبخەین و هەوڵی مارکسیستەکان و ڕیزەکانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ یەکبخەین، نەک تەنها لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەوەی پلاتفۆرمێکی سیاسی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی لە بەرامبەرشەڕی ئێستادا، کە تەوەرەیبەستبێ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی ئێستا و بەرگریکردن لە گەشەپێدانی خەباتی سۆسیالیستی سەربەخۆی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسییان لە هەموو قۆناغ و وەرچەرخانە سیاسی و سەربازییەکاندا کە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخانە و پێشهاتەکانی دواتریانەوە دێتە ئاراوە.

٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.