ن. ناجی ئەفراسیاو

ئەو ساڵەی پاپا فرەنسیس وەک پاپای کەنیسەی کاسۆلیک هەڵبژێردرا، وتی بەڵێنەکانی سەرمایەداری هەمووی ساختە و درۆ دەرچوون؛ بەڵێنیان دابوو، کە پەرداخەکە پڕبوو ئیدی خێروبێرەکەی بڕژێت بەسەر هەژاراندا، بەڵام بینیمان کاتێک پەرداخەکە پڕبوو، لەبری ئەوەی لێیبڕژێت، ئەوەتا بەشێوەیەکی جادووگەرانە ڕۆژبەڕۆژ قەبارەی پەرداخەکە گەورەدەبێت، و هیچیشی لێ نەهاتە خوارەوە بۆ هەژاران. بۆیە چەندجارێک و لە چەند بۆنەیەکدا دەستەواژەی سەرمایەداریی جڵەونەکراو (Unbridled Capitalism)ی بەکارهێنا.
پیشاندانی ئەم هاوسۆزییەی پاپا، بەشێکە لەو کەرەستانەی بەردەوام سیستەمی سەرمایەداری بەکاریان دەهێنێت، تاکو واپیشان بدات بەشێکی زۆر لە دارودەستەکەی لەگەڵ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکاندا دەڕوات. بۆیە کاتێک ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵی لێی دەپرسێت بۆچی ئەمریکیـیە کۆنزەرڤاتیڤەکان دەڵێن ئامۆژگارییەکانت مارکسیـیانەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێت؛ مارکسیستەکان ئاڵای بەرگریکردنیان لە هەژاران، لە مەسیحییەت دزیوە.
دەشێت دیوێکی تری ئەم هاوسۆزییە، ترس بێت لە دروشم و ئایدیاکانی سۆشیالیزم، کە هەرگیز دارودەستەکەی سیستەم ناتوانن نکوڵیی لە ڕەوایەتیی ئایدیاکانی مارکس بکەن. جگەلەوەش بەپێی کتێبەکەی ماکس فیبەر “ئەخلاقی پرۆتستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری”، نزیکایەتیـیەکی بەردەوام لە نێوان هەندێک لقی ئایینی مەسیحی و کەرتی تایبەتدا هەیە. بەوپێیەی مژدەبەخشە مەسیحییەکان سەروەت و سامان بەنیشانەی نیعمەتی خودایی دەزانن بۆ سەر توێژێکی دیاریکراو. دیارە ئەم تێڕوانینە بەتەنها لای یەک ئایین نییە، باشترین و تازەترین گوزارشتێک لەم “نیعمەتە ئیلاهییەی” کەڵەکەکردنی سامان، ئەو قسەیەی عومەر فەقێ (عومەر چوزەر)ە کە دەڵێت “ئەگەر ببمە سیاسی یان پەرلەمانتار هەوڵدەدەم سامانەکە سەدقات بکەم، چونکە ئەوە نیعمەتی خودایە و لەو دە کەسەی مژدەی بەهەشتیان پێدراوە، حەوتیان بازرگان بوون”.
مارکس دەربارەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە دەڵێت؛ کەڵەکەبوونی سەرەتایی لەلای ئابووریی سیاسی هەمان ڕۆڵی تاوانی یەکەمی مرۆڤ دەگێڕێت. لەوێدا ئاماژە بە میتۆلۆژیا و ئەفسانەکەی نێو تەورات دەکات، گوایە مرۆڤ باجی هەڵەکەی “باوەئادەم” دەدات، بەهەمان شێوەش سیستەمی سەرمایەداری لۆمەی هەژاران دەکات بەوەی باوانیان زیرەک و کارامە نەبوون، و هیچ سەرمایە و سامانێکیان بۆ کەڵەکە نەکردوون.
سەرباری ئەمانەش، نیولیبراڵیزم ڕۆچۆتە نێو هەموو کایەکانی تری ژیانەوە؛ ئەمڕۆ چیتر کولتور، هونەر و وەرزش بوونەتە کەرەستەی بازاڕی سەرمایەداری. سه‌ده و نيوێک پێش ئێستا مارکس گوزارشتی لە ئەمڕۆی سەرمایەداریی نیولیبراڵیزم کردووە: “بۆرژوازى، بەهای کەسایەتی لە بەهای ئاڵوگۆڕدا تواندۆتەوە، هەرچی ئازادی هەیە کە خەباتی بێ‌وچان لەپێناویاندا کراوە، گۆڕیویەتییەوە بە یەک ئازادی کە ئەویش ئازادیی بازرگانییە. بۆرژوازی خەرمانەی لەسەر هەموو ئەو چالاکیانە لاداوە کە پێشتر بەڕێزەوە تەماشا دەکران. پزیشک، یاساناس، قەشە، شاعیر و زانای کردۆتە کرێگرتە و خزمەتکاری خۆی”.
چەند ساڵێکە بە وتار، کۆڕ و سیمینار خەریکین کوشندەترین و دڕندەترین ئایدیای نوێی سەرمایەداریی بە خەڵک دەناسێنین، چونکە هێشتا ئەدەبیاتی دژە سەرمایەداری و ئەکتی بەرەنگاری نەبۆتە کولتوری کۆمەڵگەی ئێمە، زۆرینەیەک؛ بەبێ هیچ هۆشیارییەکەوە ستایشی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تایبەت دەکەن. بۆیە بە باشمانزانی پوختە و کرۆکی ئایدیاکانمان دەرهەق بەم پرسە لەم نامیلکە بچکۆلەدا بخەینە بەردەم خوێنەری کوردی.
یەک: نیولیبراڵیزم و ئایین
ماتیۆ گێست نووسەری کتێبی (ئایینی نیولیبراڵ: ئیمان و دەسەڵات لە سەدەی بیست و یەکدا) دەڵێت؛ لە وڵاتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوادا، بازاڕی ئازاد ئەو پێگەیەی بەدەستهێناوە کە سەردەمانی زوو ئایین بەدەستیهێنابوو، ئەوکاتیش ئایین بە شتێکی حەتمی و بێهاوتا دەبینرا. ئێستاش بازاڕی ئازاد بووەتە کاریگەرترین ئامراز بۆ دیاریکردنی ناسنامە و بەهای کۆمەڵایەتیی مرۆڤ. پێشتر ماوتسی تۆنگ وتی؛ بۆرژوازی و ئایدیالیزم کۆنەپارێزن، بەومانایەی کە سەرمایەداری لەگەڵ سەرجەم هێزە کۆنەپەرست و کۆنزەرڤاتیڤەکاندا خۆی دەگونجێنێت. هیچ ئایینێک نییە، لانی کەم (ئایینە ئیبراهیمییەکان) کە بازرگانی و بەدەستهێنانی قازانج نەبووبێتە بەشێکی سەرەکی لە پیادەکردنی تقوس و عورفەکانی. ڕەنگە پرسی “حەجی قاچاخ” تازەترین مژار بێت، کە لەم ماوەی دواییدا هەڵایەکی زۆری نایەوە؛ لەلایەکەوە بەشێکی موسڵمانەکان پێیانوایە بە فیزەی گەشتیاری حەج بکەیت یان فیزەی حەج، ئەوا هەر بۆت “دەنووسرێت”، بەڵام لەولاوە دەسەڵاتدارانی مەککە ئەو کەسانەیان دەستگیردەکرد کە بە فیزەی حەج نەهاتبوون. گوایە کاتێک حەجەکەت بۆ حسابە کە پارە و ڕسوماتی حەج بە دەوڵەتی سعودیە دەدەیت. تەنانەت ئەو بەردانەی موسڵمانان دەیگرنە “شەیتان”، دەبێ پارەی پێبدرێت، وردە بەردەێک “کە ئازاری مرۆڤەکان نادات و تەنها ئازار بە شەیتان دەگەیەنێت”، ئەم بەردەش تێچوویەکی کەمی هەیە و ساڵانە لەبەرپێی شەیتان کۆدەکرێتەوە و دەکرێتەوە کیسەوە، ئەمەش سەرچاوەیەکی ترە بۆ سەر داهاتەکانی تری پرۆسەی حەج لە ئیسلامدا.
له سه‌رده‌مى ميسڕييه کۆنه‌کاندا، پياوانى ئايینى (کاهينه‌کانى ئاموون) بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌يانده‌کرد؛ که له خواوه‌نده‌کانه‌وه نزيکن و خه‌ڵکيش له خواوه‌ند نزيکده‌که‌نه‌وه، به‌مهۆيه‌وه خه‌ريکى مشه‌خۆرى بوون، و به‌شدارييان له ده‌سه‌ڵاتى پاشاکاندا ده‌کرد. کاتێکيش پاشاى چواره‌م (ئاخناتون) هاته سه‌ر حوکم، داواى يه‌کتا په‌رستیى خواوه‌ندى خۆر (ئاتون)ى کرد، چیتر کاهينه‌کان هه‌ستيان به دروستبوونى مه‌ترسیى له‌سه‌ر پێگه‌کانيان کرد، بۆیە هێرشيان کرده سه‌ر شارى عه‌مارنه و ئاخناتونيان کوشت، دواجار به‌ناوى ئايینه‌وه گه‌ڕانه‌وه سه‌ر هه‌مان ريتمى سه‌رکوتکارى.
پاش هاتنى ئايینى يه‌هود، جوله‌که‌کان کتێبى (ته‌لمود)یان تەقدیسکرد، و حاخامه‌کان جياواز له‌وه‌ى له ته‌وراتدا هاتبوو به‌پێى حه‌ز و ئاره‌زووى خۆيان ڕێنماييان ده‌رده‌کرد، به‌پێى شه‌هوه‌تى خۆيان حه‌ڵاڵ و حه‌راميان دياريده‌کرد. کاتێکیش مه‌سيحيیه‌ت له ئه‌وروپا بڵاوبووه‌وه و کڵێسا ده‌سه‌ڵاتى باڵاى گرته‌ده‌ست، هه‌ژموونى ته‌واويان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى پاشاکانه‌وه هه‌بوو، توانييان ڕێکخراوێکى نيمچه سياسى دروستبکه‌ن. لەوەوە پرسيارێک لاى خه‌ڵک گه‌ڵاڵه ببوو؛ (ئايا کێ ده‌سه‌ڵاتى باڵاى هه‌يه، پاشا نوێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتى شه‌رعى، يان پاپا نوێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتى ڕۆحى؟). دواتر قه‌شه‌کان ده‌ستياندايه جادوگه‌رى و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى خه‌ڵکى ساده، که بوونه مايه‌ى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى نه‌خوێنده‌واری و جه‌هاله‌ت. کاتێکیش ئیسلام دەگات، لە سەرجەم ناوچەکانی ژێرهەژموونیدا، هەمان کولتووری بازرگانیکردن بە ئایینەوە درێژەی دەبێت. هەمیشە لەگەڵ هاتنی فۆرمی نوێی سەرمایەداری، فۆرمی ئایینییش لەگەڵ خۆی دەگۆڕێت؛ سەرهەڵدانی ئایینی سیاسی و نیوڵیبرالیزم لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوکات بوون، ڕیگان و تاچەر، خومەینی و حەسەن تورابی، ئەم ناوە سیاسی و ئایینییانە تەواوکەری دوودیوەکەی سەرمایەداریی نوێ بوون.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی مۆدێرنە لە قەیراندایە، قەیرانێکی ئابووریی کۆمەڵایەتی. هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی سەرمایەداری و ئایینی سیاسی. توندڕەویی ئایینی بریتییە لە ئایینی سیاسی، توندڕەویی سەرمایەدارییش بریتییە لە نیولیبراڵیزم. ئەم دووانە یەک پێکهاتەیان هەیە، هاوپەیمانیی نێوانیشیان سەیر نییە. نیولیبراڵەکان دەتوانن بەهەمان شێوەی بانگخوازی ئایینەکان، چینەکانی خوارەوە بۆ دۆزی خۆیان ملکەچ بکەن و کۆبکەنەوە. بەشێوەیەک نیولیبراڵیزم ڕاستییەکانی دڕندەیی خۆی و ڕادەی ئیستغلالکردن لە پشت پەردە بشارێتەوە. بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکات و لە واقیعدا ڕەگەزپەرست و فاشیستە.
کەمبوونەوەی بەهای مرۆڤ لە سیستەمێکی جیهانیدا “کە خودا بەڕێوەی دەبات”، پرسیارێکی گەورە لای هەژاران و چینەکانی خوارەوە دەوروژێنێت کە زۆرینەی ڕەهایان ئیماندار و دیندارن. ڕقێک لەوانەی دەستیان بەسەر ئاسمان و سامانی خەڵکدا گرتووە. دەبینین هەرکات سەرمایەی دارایی گەشەدەکات، بەهای مرۆڤ کەم دەبێتەوە، مرۆڤێک کە “سەرجەم ئایینەکان ڕێزیان لێناوە”. لەم بارودۆخەدا؛ مرۆڤ تەسلیمی چارەنووسێک دەبێت کە خۆی دروستی ناکات. ڕێزگرتنی خەڵکیش لە پارە، وایلێکردوون باوەڕیان بە جۆرێک لە سیحر هەبێت، کە پەیوەندیی بە کەڵەکەبوونی پارەوە هەیە، سیحری “بەشتبوون” کە سەرەنجام “نامۆبوون”ی کۆمەڵگەی مرۆیی دێنێتەئاراوە.
دواتر دەبنە جەماوەرێک کە مەیلیان بۆ “پەرستن”ی ئەستێرەکانی سینەما و ملیۆنێرەکان هەیە. ئەو ئەستێرانەی لەسەر زەوی و ئاسمان کێبڕکێ دەکەن. ئەوان بەقەد ئەوەی گرنگی بە بەهەشت دەدەن، گرنگی بەو شتانە دەدەن کە لەسەر زەوی ڕوودەدەن. بەڵام کاتێک کرێکاران سکاڵا لەبەدبەختیی خۆیان دەکەن، پیاوانی ئایینی پێیان دەڵێن ئەوەی لەسەر زەوی هەتانە بیبەخشن، لە ئاسمان زیاتر لەوە وەردەگرنەوە. پێشەوا ئایینییەکان دەڵێن: لەسەر زەوی ئاشتیخوازانە ڕەفتار بکە (واتە گوێڕایەڵی یاسا و ئەخلاقی سەرمایەداریی ببە)، دواتر پشکی خۆت لە بەهەشتدا بەدەست دەهێنیت. جگەلەوانەش، مەترسیدارترین شت کە فۆرمێکی نوێ لە ئیسلامی سیاسی دەیکەن، بریتییە لە پرۆسەی “لەسیاسەتخستن”، واتە داماڵینی خەڵک لە سیاسەت و دەرهێنانی بڕیار لە دەستخۆیان. بێبەشکردنی مرۆڤەکان لە مافی چارەی خۆنووسین؛ و ملکەچکردنی مرۆڤەکان بۆ “وەلی ئەمر”، واتە پابەندوونی ڕۆحی گرووپێک بەو سیستەمەی لەگەڵیدا ئاوێزان بووە.
لەلایەکی ترەوە؛ هێشتا مرۆڤی هاوچەرخ و پێشکەوتوو، لەوە دڵنیا نەبووە کە ئەم دەستکەوتانەی ئەمڕۆ هەنە، دەرهاویشتەی توانا و ماتەوزەی خۆیەتی، پەنا دەباتە بەر هێزێکی شاراوەی میتافیزیکی. کاتێک يه‌که‌مين مرۆڤ به‌ده‌ورى مانگدا ده‌خولايه‌وه، به‌سه‌ر که‌شتييه ئاسمانييه‌که‌وه په‌يامێکى هه‌ڵبژارد تاکو ئاراسته‌ى گه‌لى ئه‌مريکاى بکات، له‌نێو هه‌موو ئه‌ده‌بياتى جيهانييدا، کتێبى يه‌که‌مى (سفرى په‌يدابوون)ى هه‌ڵبژارد. له‌کاتێکدا که‌شتييه‌که‌ى پڕبوو له ئامێرى مۆدێرن و به‌ره‌و بۆشاييه‌کانى ئاسمان هه‌ڵده‌فڕى، ئه‌م وشانه‌ى ده‌وته‌وه “له سه‌ره‌تادا خودا ئاسمان و زه‌ویى به‌ديهێنا”. سەرەتای سه‌ده‌ى بيست، قوتابخانه‌ى پۆزه‌تيڤيزمى لۆژيکى خه‌ريکى داماڵينى فه‌لسه‌فه و زانسته‌کان بوون له ميتافيزيک و مه‌سه‌له به‌تاڵه‌کان، و هەوڵی دروستکردنى بناغه‌يه‌کى زانستی‌یان بۆ هه‌موو زانسته‌کان دەدا، پێيانوابوو ئامرازى لۆژيکى و ئه‌زموونى ده‌يسه‌لمێنێت که مه‌سه‌له ميتافيزيکييه‌کان هيچ مانايه‌کيان نييه، بەوپێیەی مرۆڤی مۆدێرن بڕوای بە عەقڵ هەیە نەک نەقڵ، بۆیە دەبێت هەموو شتێک تاقیبکرێتەوە و کار بە میتۆدی سەلماندن بکرێت و مشتومڕەکان بەڵگەئامێز بن. بەڵام له‌دواى هه‌ردوو جه‌نگى جيهانى و کۆتاييه‌کانى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا (پاش سه‌رهه‌ڵدانى ڕه‌وتى پۆستمۆدێرنيزم و ئايدۆلۆژياى نيوليبراڵيزم)، گۆڕانێکى سه‌ير به‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌کانى ئه‌م دوو فه‌لسه‌فه‌دا دێت، واتا مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵکردن و “يه‌کگرتنى دژه‌کان” دێته ئاراوه. سه‌مير ئه‌مين پێيوايه گوتارى پۆستمۆدێرنيزم گوتارى ئايدۆلۆژياى ليبراڵيزمه، که هه‌وڵى دووپاتکردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى ليبراڵيزم ده‌دات، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌کات ملکه‌چى ببن [پلۆراليزم و تۆلێرانس و ئاوێته‌بوونى ئايین و زانست و ئه‌فسانه].
دوو: نیولیبراڵیزم، ئابووری و جەنگ
لەم تەوەرەدا قسە لەسەر ئەو چەمک و بنەما و سیاسەتانە دەکەین؛ کە هەر یەک لە ڤۆن هایک (Friedrich von Hayek)، و میڵتۆن فریدمان (Milton Friedman)، و جەیمس بوکانان (James Buchanan)، لەمەڕ نیولیبراڵیزم ڕۆڵی پێشەنگیان تێداگێڕاوە، و هاوبەشیـیەکی کارایان لە فەلسەفەی سیاسی و ئابووریی سیاسی و مێژووی نوێی نیولیبراڵیزمدا هەبووە. دەستنیشانکردنی هاوبەشیـیەکەیان وێنەیەکی ڕۆشنکەرەوەی نیولیبراڵیزم وەک دۆکترینێکی سیاسی پیشاندەدات. ئەگەرچی هایک و فریدمان و بوکانان تاکە بیرمەندی نیولیبراڵ نین، بەڵام تەنها وەک پێشەنگەکانی ئەم ئایدیایە دەیانناسێنین.
بەدرێژایی مێژوو، و بەتایبەت پاش گەشەسەندنی پیشەسازی و هاتنەئارای بانکەکان و سەرمایەی دارایی، سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری لەدوای قەیرانە گەورەکەی (١٩٢٩)ەوە، تاکو ئەمڕۆ بەردەوام لە قەیرانی خولگەیـیدا بووە، بەڵام ئەو کاتەی جەنگی جیهانیی لەئارادا بووە، تیۆرست و ئابووریناسە لیبراڵەکان سیستەمەکەیان لە کەوتن ڕزگار کردووە.
لە ساڵی (١٩٣٠) بەدواوە تیۆری (جۆن کینز) فۆڕمێکی نوێی بە ئابووریی سەرمایەداری بەخشی. ئابووریی گشتیی (کینزیزم) تاکو شەستەکان درێژەی کێشا، دواتریش بۆ ئیحتیواکردنی قەیرانەکان لەسەر دەستی چەند تیۆریستێکی تر، تیۆری (نیوکینزیزم) سەریهەڵدا. بەڵام چیتر تێکەڵاویی کەرتی تایبەت و گشتی نەدەگونجا، و دەوڵەتە زلهێزەکان گیرۆدەی قەیرانی ئابووری دەبوونەوە، بۆیە ئەمجارە سەرکردەکان خۆیان تەداخولیان کرد (تاچەری بەرتیانی و ڕێگانی ئەمریکی) پرۆژەکەی قوتابخانەی شیکاگۆیان وەک دواترین فۆرمی سەرمایەداری تەبەنیکرد. بیرۆکەکانی ئەم قوتابخانەیە لەڕێگەی ڕاوێژکاراکانیانەوە (میڵتۆن فریدمان و فریدریش ڤۆن هایک)، جێبەجێکران.
یەکەمیان وەک ڕاوێژکاری (ڕۆناڵد ڕێگان)، دووەمیشیان وەک ڕاوێژکاری (مارگرێت تاچەر). ئایدیاکانی ئەم دووانە، بوونەهۆی گرنگترین گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئابووریـیەکاندا، کە جیهانی خستە سەردەمێکی نوێ، سەردەمی نیولیبراڵیزم و کۆتاییهاتنی سەردەمی کینزی. دواجار؛ هەر یەک لە (هایک) و (فریدمان) کە بە مامۆستای ڕۆحیی نیولیبراڵیزم ناسراون، دێن پەردە لەسەر ڕووخسارێکی تری سەرمایەداری هەڵدەماڵن. چیتر (هایک) و (فریدمان) بوونە بیریارانی ئایدۆلۆژیای نیولیبراڵیزم، ئیتر هەر لە کۆتایی شەڕی ساردەوە، نیولیبراڵیزم ڕووی ئابووریی ئیمپریالیزمی نوێی ئەمریکا بووە.
فریدمان لە کتێبی “سەرمایەداری و ئازادی”دا دەڵێت؛ لەبەرئەوەی قازانجکردن جەوهەری دیموکراسیـیە، ئەوا هەر حکومەتێک سیاسەتی دژە بازاڕ بگرێتەبەر، هەرچەندە پشتیوانیی جەماوەریشی هەبێت، ئەوە هەر دژە دیموکراسیـیە. بەم پێیەش داوادەکات ڕۆڵی حکومەتەکان سنوورداربکرێت؛ تەنها ئەرکیان پاراستنی موڵک و ماڵی تایبەت و جێبەجێکردنی گرێبەستەکان بێت. بەڵام پرسە ڕاستەقینەکانی وەک بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە دیاری‌بکرێت.
نیولیبراڵیزم کە دڕندەترین فۆرمی سەرمایەداریـیە و تاکو ئەمڕۆ درێژە بە تەمەنی سیستەمەکە دەدات، لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، لەڕێگەی جەنگ و تیرۆر، و دوژمنی وەهمی، و قەرزی نێودەوڵەتی، و خوڵقاندنی دەیان مژاری ترەوە قەیرانەکانی سیستەمی پەردەپۆش کردووە. هەڵبەت ئەو کەسانەی پێیان وایە تیۆری مارکسیزم کە ئابووری دەکاتە فاکتەرێکی بنچینەیی، لە ئێستادا کارناکات. هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون کە ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم لە سەرەتای سەرهەڵدانیـیەوە تاکو ئەمڕۆ وەک پەتا بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام تراویلکەیە و نابینرێت، تیۆریستەکانی لە هەموو پنت و ساتێکدا تیۆری نوێ دەخەنەڕوو. بۆیە ڕەنگە بۆ ئەو کەسانە قورس بێت کە لینکێک لەنێوان ئایدیاکانی مارکس و کۆنزه‌رڤاتیڤێکی وەک (فيلێپ بۆبیت) دروستبکەن، لە کۆتایی سەدەی بیستدا (فيلێپ) وتی؛ له سه‌ده‌ى بيست و يه‌کدا چيتر (ده‌وڵه‌تى بازاڕ Market State) جێگه‌ى (ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌يى Nation State) ده‌گرێته‌وه، که به‌هه‌مان شێوه‌ى ده‌وڵه‌تى پێشوو سنوور و سيستەمى سياسیى هه‌يه، به‌ڵام به‌رپرسيارێتیى جه‌وهه‌رى ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى که‌رتى تايبه‌ت، ئەوەشی لە ئەستۆی حکومەتەکاندایە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕە، ئەگینا کۆمپانیاکان هەموو پێداویستییەک دابین دەکەن.
(تاچه‌ر) له ڕسته‌يه‌کى به‌ناوبانگدا سيسته‌مى سه‌رمايه‌داريى دوايين و ئايدۆلۆژياکه‌ى کورتکرده‌وه: “شتێک نييه به‌ناوى کۆمه‌ڵگەوه، ئه‌وه‌ى هه‌يه تاکه‌کانه”. ڕوونه که مه‌به‌ستى (تاچه‌ر) له تاکه‌کان؛ گروپێکى بچوکى سه‌رمايه‌دار/بازرگان/ده‌سه‌ڵاتداره. بۆ کۆمیدیاکردنی ئەم تراژیدیایەش، جارێکیان (تۆماس فریدمان)ی ڕۆژنامەنووس دەنووسێت: “دەستی شاراوەی بازاڕ پێویستی بە مشتێکی ئاسنینی پنتاگۆنی ئەمریکی هەیە، هەمبەرگەری ماکدۆناڵد جێگرەوەی بەرهەمەکانی ماکدۆنێل دۆگلاس نییە”، (McDonnell Douglas) وەک ئاماژەیەک بە یەکێک لە کارگەکانی چەکی ئەمریکا.
ڕەنگە دۆخی ئێستای بۆڕسە و داکشانی بەهای پشکی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش، هەڕەشەی پۆلیسەکانی دەوڵەت بێت، تاکو زۆر پێیان ڕانەکێشن، و ئەو پەیامەش بگەیەنن کە ئەگەر دەوڵەت و سەرباز جڵەوی دۆخەکە ڕانەگرن، پارەکانتان هیچ بەهایەکی نیـیە. ئەمە جیا لەو هەموو سیناریۆ و گریمانەی لەسەر جەنگی ئابووریی نێوان (بلۆکی ڕۆژهەڵاتی) و (بلۆکی ڕۆژاوایی) هەیە.
لێرەوە ئاوێزانی سیستەمە ئابوورییەکە و دەسەڵاتی سەربازیی ئەمریکا دێتەئاراوە، ئەوەش لەڕێگەی هەردوو دامەزراوە داراییە ئەمریکیـیەکەوە (بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی). لەلایەکی ترەوە، هەیمەنەی پاشای دراوەکانی جیهان (دۆلار) بەسەر دراوەکانی تری جیهاندا، چەند فاکتەر و هۆکارێکی لەپشتەوەیە؛ لەسەروبەندی کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم، کۆنفراسی (بریتۆن وودز) لە ئەمریکا دەبەسرێت لەوێدا، بڕیار لەسەر دامەزراندنی (سندوقی نەختی نێوەدەوڵەتیIMF) دەدرێت و بەهای دۆلار بە ئاڵتوون پەیوەست دەکرێت، بۆیە بە پاساوی ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئابووریی جیهان و پڕکرنەوەی کورتهێنانی بودجە، دەبوایە وڵاتانی بەشداربوو لەو سندووقە، پارەی یەدەگ بە ئاڵتون یان دۆلاری ئەمریکی بقەبڵێنن و دایبنێن.
دواتر پرۆژەی مارشال دێتەگۆڕەپانی ئابووریی جیهان و ئەمریکا لەڕێگەی (بانکی نێوەدەوڵەتی)یەوە لەژێرناوی قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی قوربانیی جەنگ پارە (بە دۆلار) هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات. وەک دەبینین پرۆسەی قەرزەکانی بانکی نێودەوڵەتی/ئەمریکی تاکو ئەمڕۆش بۆ وڵاتانی جیهانی سێهەم (تازەگەشەسەندوو) بەردەوامە، کە ئەمەش یەکێکە لە ئامرازەکانی پیادەکردنی سیستەمی نیولیبراڵیزم. ئەم پێوانەکردن و ئاڵوگۆڕە بەردەوامە بە دۆلار، بووە هۆی ئەوەی کە دۆلار ببێتە مەرجەعی دراوەکانی جیهان بۆ دانانی یەدەگ و پرۆسەی بازرگانی و هەناردە و هاوردە. بەوپێیەشی هەردوو بۆرسە گەورەکەی جیهان (ناسداکNASDAQ) و (نیۆرکNYSE) لە ئەمریکایە، دەبینین وڵاتانی بەرهەمهێن بۆ دەستنیشانکردنی نرخ و بەهای هەر کاڵایەک بە دراوێکی غەیرە لۆکا‌ڵی دەبێت بەرامبەر بە دۆلار نرخدانانی بۆ بکەن.
پێشتر (لینین) وتی جەنگەکان بۆ دابەشکردنی غەنیمەیە بەسەر سەرمایەدارەکاندا، هەروەها ئامانجەکە دووبارە دابەشکردنەوەی موستەعمیرە و خاکی وڵاتانە بەسەر زلهێزەکاندا (پێشتر لە چاخی کۆڵۆنیاڵیزمدا خاکەکان دابەشکرابوون، بۆیە لینین پێیوایە ئیمریالیزم وەک دوا قۆناغی سەرمایەداری دووبارە ئەم خاکانە دابەشدەکاتەوە). هه‌روه‌ها کۆى ئه‌و شه‌ڕانه‌ى له هه‌ساره‌که‌دا به‌رپابووه، پاڵنه‌رێکى ئابوورى/بازرگانيى هه‌يه.
هەر قەیرانێکیش بگرین قوربانییەکانی چینی خوارەوەیە و زیانی بۆ سەر ستانداردی ژیانی ئەو چین و توێژانەیە کە لەسەر کرێی ڕۆژانەیان دەژین. بە هاوکێشەکەی (مارکس)یش هەتا ئەم جەمسەرە هەژارتر بکەون، جەمسەرەکەی تر کە کەمینەی سەرمایەدارە، دەوڵەمەندتر و حەساوەتر دەبن.
قەیرانی (کۆرۆنا ڤایرۆس) دەریخست کە چیتر سەرمایەداری بە یەکجاری دەستبەرداری هەموو ئەو بەهایانەش بوون کە چاخی ڕۆشنگەری و مۆدێرنە بە مرۆڤایەتی بەخشیبوون، بێباکییەکی تەواو بەرامبەر بە بوون و کەرامەتی مرۆیی گەیشتبووە ترۆپک. کەسانێکی زۆر بەپێی توانای داراییان دەیانتوانی درێژە بە ژیانیان بدەن، تەنانەت گەیشت بەو ئاستەی ئۆکسجینیش لە مرۆڤەکان زەوت بکەن. کەواتە نیولیبراڵیزم وەک دوایین فۆرمی سەرمایەداری کە هەموو بەهاکانی گۆڕیوەتەوە بە پارە، هێندەی پەرە بە پرۆسەی بەهەژارخستن دەدات هێندە نایەوێت ئیسڵاحی سیستەمەکە بکات، بۆیە زیانە مرۆییەکان تا دێت بەرزتر دەبنەوە.
کاتێک ئێمه باس له پرۆژه‌ى نيوليبراڵيزم ده‌که‌ين، پێویستە خه‌سڵه‌ته‌کانى ئه‌م سيسته‌مه بخەینەڕوو، کە ئەویش بريتييه له چڕبوونه‌وه‌ى سه‌رمايه، واتا ژماره‌يه‌ک له سه‌رمايه‌داران ده‌يان ئه‌وه‌نده‌ى جاران پاره‌کانيان که‌ڵه‌که دەکەن، هەربۆیە (سەمیر ئەمین) پێیوایە؛ ئه‌م گۆڕينه چۆنێتيـيه چڕبوونه‌وه‌يه‌کى زياترى به‌ده‌ستخستووە، ئەوەش به‌مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى زياده‌به‌ها له‌لايه‌ن چه‌ند تاقمێکى “ئۆليگارشی”يه‌وه. کەمینەیەک کە بە هاوکێشه‌ی ]پاره←هێز←ميديا[ پەیڕەویی لە سيسته‌مى سياسى و حوکمڕانيیان دەکەن.
بە بەراورد بە فۆرمەکانی تری سەرمایەداری، جياوازييه‌کى جه‌وهه‌ری لە بونیاد و ستراکتۆریی ئابووریی نیولیبراڵیزمدا هه‌يه. ئەم جیاوزاییە بەڕوونی لە قەیرانەکاندا دەردەکەوێت، واتە له نێوان چه‌مکى قه‌يرانى هه‌يکه‌لى و چه‌مکى قه‌يرانى دۆخێکى ئاسايى. چونکه وەک (سەمیر ئەمین) دەڵێت؛ ئه‌مه‌ى دواييان (قه‌يرانى دۆخێکى ئاسايى) فۆرمێک له شێوه‌ى پيتى (U)ى لاتينى وه‌رده‌گرێت، واتا هه‌مان ئه‌و کارلێککردنانه‌ى که له ئه‌نجامى کرژبوونى ئابوورييه‌وه دروستبوون، پاش چه‌ند ساڵێکى که‌م له سيستبوونى بازاڕ و له ساتێکى دياريکراودا ده‌بنه‌وه هۆى بوژانه‌وه و گه‌شه‌ونما، به‌ڵام قه‌يرانى هه‌يکه‌لى، فۆرمێکى تر وه‌رده‌گرێت له شێوه‌ى پيتى (L)ى لاتينى، واتا ئه‌و کارلێککردنانه‌ى بوونه‌ته هۆى سيستبوونى ئابوورى و بازاڕ ناتوانن ئه‌م سيسته‌مه له کرژبوون ده‌رباز بکه‌ن.
قه‌يرانى هه‌يکه‌ليى که له هه‌فتاکانى سه‌ده‌ى بيسته‌مه‌وه تاکو ئێستا له ئارادايه، ئەمەش یەکێکە لە سيماکانی پيربوونى سيسته‌مى سه‌رمايه‌داری. چڕبوونه‌وه‌ى سه‌رمايه، هيچى که‌متر نييه له گواستنه‌وه‌يه‌کى چۆنێتى ده‌ر‌باره‌ى چڕبوونه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى داراييدا. چونکه ژماره‌ى مۆنۆپۆله زلهێزه‌کان له‌سه‌ر ئاستى جيهان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ قۆناغى پێشوو، کەمیکردووە. لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە سامانی پێنج (٥) دەوڵەمەندترین کەس بەڕێژەی (١١٤%) زیادیکردووە، هاوکات بەپێی ڕێکخراوی (ئۆکسفام) پێشبینی دەکرێت؛ لەماوەی تەنها دە (١٠) ساڵدا، جیهان ببێتە بینەری لەدایکبوونی یەکەم ترلیۆنێر (بە دۆلار). بەڵام زیاتر لە دوو سەدەمان دەوێت تا کۆتایی بە هەژاری بهێنرێت.
هەر وەک ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە نزیکەی پێنج ملیار کەس لە جیهاندا هەژارتر بوون. ئه‌م گۆڕينه چۆنێتييه وایکردووە؛ ژماره‌يه‌ک له سه‌رمايه‌داران ده‌يان ئه‌وه‌نده‌ى جاران پاره‌کانيان که‌ڵه‌که بکەن. بەپێی پێشبینییەکانی (سەمیر ئەمین) وەک ئابووریناسێکی مارکسیست؛ سيسته‌مێکى له‌م شێوه‌يه (که ناتوانێت به‌رده‌وام و سه‌قامگير بێت) خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌نديى کۆمه‌ڵايه‌تيى تايبه‌ت ده‌کات، کە ئه‌ويش به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگاريشیى حوکمڕانه، کە له‌سه‌ر حسابى سه‌رجه‌م لايه‌نه کۆمه‌ڵايه‌تييه‌کانى تر به‌رده‌وامن له دابه‌شکردنى ده‌رامه‌ت و سامان به‌شێوه‌يه‌کى نايه‌کسان له به‌رژه‌وه‌نديى خۆيان.
زاڵبوون و سه‌رکه‌وتنى ئه‌م که‌مينە بوده‌ڵەش له بوارى سياسييدا، پێويستى به‌وه‌يه سه‌رجه‌م ڕێکاره ديموکراسييه‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بێ بايه‌خ و بێ ناوه‌رۆک بکرێت. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى له ده‌ستدانى متمانه. هه‌روه‌ها باڵاده‌ستيى به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگارشييه‌کان له‌سه‌ر ئاستى جيهان پێويستى به دامه‌زراندن و پاڵپشتى ديکتاتۆريه‌تى ئۆليگارشييه له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، بۆ ئه‌وه‌ى پاشکۆيه‌تى بکات و له دامێنى ئاغاکانى سيسته‌مى جيهانييدا به‌شداريى له به تاڵانبردنى سامانه نيشتيمانييه‌کاندا بکه‌ن.
ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کردەیی لەژێر ڕۆشنایی یاساکانی پۆل برێمەر (حاکمی پێشووی عێراق) و ڕاسپاردەکانی بانکی جیهانیدا، خەریکی پیادەکردنی سیستەمی نیولیبراڵن. سەرەنجام ماوەتەوە بڵێین؛ ئایدۆلۆژیای باڵادەست ڤایرۆسێکی هەمیشەییە و بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، ڤایرۆسێکی مشەخۆر و کوشندە، کاریگەرییەکانی ئەم ڤایرۆسە لەسەر جەستەی مرۆییمان هەرجارە و بە فۆرمێک دەردەکەوێت. دەبینین لە سەرەتای سەدەی بیستەوە تاکو ئەمڕۆ دەرگیری چەندین جەنگی جیهانی و قەیرانی ئابووری و نەخۆشیی کوشندە بووینەتەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان دەلالەت لە بوونی یەک نەخۆشیی درێژخایەن دەکەن ئەویش سەرمایەداریی چاوچنۆکە. ئەوەی (سەمیر ئەمین) ناوینا ڤایرۆسی لیبراڵ.
سێ: نیولیبراڵیزم، کو‌لتوور، هونەر و وەرزش
لە ڕوانگەی قوتابخانەی فرانکفۆرتییەوە، پیشەسازیی کولتووری واتە هەژموونی بەهای ئاڵوگۆڕ، بتپەرسیتی کاڵا و هێزی پارە. مارکس هەمیشە دەیوت کاڵا لە چەک بەهێزترە. هەربۆیە چەمکی پیشەسازیی کولتووری، لە ژێرڕۆشنایی سێ چەمکی مارکسیستیدا داڕێژراوە؛ یەکەمیان ئاماژەیە بۆ پەرەپێدانی چەمکی “فیتیشیزمی کاڵا”، بەو مانایەی چیتر بتبەرستیی کاڵا تەنها لە بەرهەمهێنانی ماددیدا کورتنەکرێتەوە و بەرهەمهێنانی کولتووری و ڕۆشنبیرییش لەخۆبگرێت. چونکە کولتووریش بۆتە بەشێکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا. دووەمیان چەمکی “بەشتبوون” لەلای جۆرج لۆکاچ، بەشێوەیەک ماناکەی وەها فراوان بکرێت کە “گشتێتی”ی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەخۆبگرێت نەک تەنها لە هۆشیاریی چینایەتیدا سنوورداربکرێت. دوایین چەمکیش “عەقڵی ئامرازی”، وەکئەوەی مارکۆزە لە کتێبی (مرۆڤی تاکڕەهەند)دا، لەڕێگەی ئەم چەمکەوە شیکارییەکی ورد بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازیی پێشکەوتوو دەکات. ئەدۆرنۆ لە وتارێکی هاوبەشیدا لەگەڵ هۆرکهایمەر بەناونیشانی “پیشەسازیی کولتووری: ڕۆشنگەری و فریودانی جەماوەر”، قەیرانی عەقڵانییەتی ئامرازی و مەترسییەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی لەسەر کو‌لتوور دەخەنەڕوو. ئەمڕۆ ئەو کاڵایانەی پیشەسازیی کولتووری بەرهەمی دەهێنێت، بە بەهای بەکارهێنان ناپێورێت، بەڵکو بەهایەکی ڕووتیان هەیە کە لەلایەن بازاڕەوە دیاریدەکرێت. هەموو ئەمانەش دەبنە سەرچاوەی کولتووری بەرخۆری، کە پێشوەختە بەکاربەران و جەماوەری بۆ ئامادەکراوە، بەمشێوەیەش “کۆمەڵگەی پیشەسازیی، کولتووری ڕاستەقینە دەگۆڕێت بە کولتوری بەرخۆریی جەماوەری”. چیتر سەرمایەداری، مەیلی بەرەو بێ بەهاکردنی هونەر و داهێنان هەیە، بۆیە پێناسەی سەرکەوتنی هونەری هاوشانە بە ژمارەی فرۆشتن و ڕادەی بڵاوبوونەوەی لە بازاڕدا. بەمشێوەیە نرخ دەبێتە تاکە نیشاندەر بۆ هەڵسەنگاندنی تابلۆیەکی هونەری، ئەمەش دەبێتە هۆی نەهێشتنی ڕەسەنایەتی. لێرەوە بە کاڵاکردنی هونەر دەستیپێکرد، کە بریتییە لە پرۆسەی “گۆڕینی هەموو چالاکییەکی کولتووری بۆ کاڵایەکی بازرگانی”، بەهای ئەم کاڵاێەش ملکەچی یاسای بازاڕی بەکاربردن دەبێت، کە تەنها ئامانجی قازانجی داراییە. ئەمەش ئەمڕۆ بە واقیعی دەبینرێت، وەکئەوەی زۆرێک لە سەرمایەدار و بازرگانەکان لەژێر ناوی “پاراستنی هونەر”دا، بازرگانی بە بەرهەمە هونەرییەکانەوە دەکەن و لە سپیکردنەوەی پارەشدا وەبەرهێنانێکی قازانجبەخشە. هەرکات سەرمایەدارەکان سەروەت و سامانیان کەڵەکە دەکەن، ئیدی بۆ خۆنمایشکردن و شکۆمەندیی کۆمەڵایەتی، ئارەزووە هونەرییەکانیان تێردەکەن، و بەپێی پێوەرە مادییەکان و سەلیقەی هونەریی خۆیان هەوڵی دروستکردنی دەزگای کولتووری و ڕۆشنبیری و میدیایی دەدەن، ئەمەش وادەکات سەلیقەی خەڵک بۆ ئاستی سەلیقەی خۆیان دابەزێنن. بەمشێوەیەش؛ بەرهەمە هونەرییەکان دەبنە سەرمایەی دارایی، واتە بەهای نەختینەیی، جێگەی ئیستاتیکای هونەری دەگرێتەوە، و ملکەچی یاساکانی ئابووری دەبێت. بازاڕى نيوليبراڵيزم ئه‌و بازاڕه‌يه كه له‌ڕێگه‌ى میدیا و ڕيكلامه‌وه بڕيار و پێداويستيى مرۆڤ ده‌ستنيشان ده‌كات، بۆيه ماركۆزه ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر سنورێك بۆ ڕيكلام و ئالووده‌بوون به ميدياوه دابنرێت، ده‌ستبه‌جێ تاك تووشى خورپه و ڕاچڵه‌كين ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان دواى ئه‌وه هه‌لى پرسياركردن و بيركردنه‌وه له خۆى، خۆناسين ( و ناسينى دژه‌كه‌ى خۆى) و ناسينى كۆمه‌ڵگەكه‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت”. بۆیە هەوڵی قوتابخانەی فرانکفۆرتی ئەوەبوو ڕەخنە بکاتە میکانیزمی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار، واتا فیکری ڕەخنەیی ببێتە بناغەیەک بۆ لادانی فۆرمەکانی سەرکوتکاری و دامەزراندنی عەقڵێکی ڕەخنەیی لەبری عەقڵی ئامرازگەرایی. چونکە وەک هۆکهایمەر دەستنیشانیکردبوو، لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا دەسەڵات جێگەی عەقڵ، ملکەچی جێگەی ئازادی، و ئەرک جێگەی مافی گرتۆتەوە. ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕاى بێ پاره‌يى و په‌ژاره‌یی و هه‌ژارى، هێشتا زۆرينه‌ى خه‌ڵك هه‌وڵى دابينكردنى هه‌ندێك كاڵا و شت ده‌ده‌ن كه بريتين له “پێداويستيى ساخته”، واتا له بنەڕەتدا پێداويستیى حەیاتیی نين، به‌ڵام به‌هۆى چاولێگه‌رى و ڕيكلامەوە ده‌كرێنه پێداويستیى زەڕوری، دواتر خه‌ڵك ده‌بنه پاشكۆ و ملكه‌چى ئه‌م “كاڵا نازه‌ڕووريانه”. كۆمه‌ڵگەى سه‌رمايه‌دارى، سه‌رجه‌م په‌يوه‌ندييه مرۆييه‌كان له نێوان خه‌ڵك ده‌گۆڕێت بۆ په‌يوه‌نديى ئۆبێكتيڤى نێوان شته‌كان، واتا په‌يونديى خه‌ڵك له‌گه‌ڵ يه‌كتر له‌ڕێگه‌ى ئه‌و كاڵايانه‌وه دەبێت كه ئاڵۆگۆڕى ده‌كه‌ن. جگه‌له به‌رخۆرى و مه‌سرفگه‌رايى له خۆراك و پۆشاك و شتى ماديدا، کە مرۆڤ بۆتە عەلاگەیەکی خۆڵ و خاشاک، و زێدەبەرهەمی سەرمایەداریی تێفڕێدەدرێت، ئێستا بازرگانيى جه‌سته‌يى و سێكسى، و..هتد لە زیادبووندایە. لەمبارەوە سلاڤۆى ژيژه‌ك، ڕيكلامێكى نێو گۆڤارى هێڵى ئاسمانيى ئه‌مريكا دەهێنێتەوە؛ “ڕه‌نگه ئيتر كاتى ئه‌وه هاتبێت بۆ ژيانى سۆزداريیت، په‌يوه‌نديى به قۆنته‌راتچييه‌وه بكه‌يت”. ژيژه‌ك دەڵێت “له‌پاش به قۆنته‌راتدانى كارى ده‌ستى (و زۆربه‌ى ئيشه چه‌په‌ڵه‌كانمان) به وڵاتانى جيهانى سێهه‌م، له‌پاش به‌قۆنته‌راتدانى پرۆسه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان به ديكتاتۆره‌كان، و بەقۆنته‌راتدانى ژيانى سياسى و ئيدارى، ئيتر بۆ لێنه‌گه‌ڕێين پرۆسه‌كه بگاته دوالۆژيكى خۆى و بير له قۆنته‌راتدانى سێكسييش بكه‌ينه‌وه”.
ئايدۆلۆژياى باڵاده‌ستیى ئه‌مڕۆ ئايدۆلۆژياى نيوڵيبراڵيزمه، كه قازانج و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سامان ده‌خاته پێش هه‌موو به‌هايه‌كى مرۆييه‌وه. تەنانەت هیچ چەمک و بەهرەیەکی مرۆیی بە بڵندنشینی ناهێڵێتەوە. ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ڵبه‌زودابه‌ز به هونەرمەندانی نێو ڤیستیڤاڵ و ڕیکلامەکان ده‌كات هێزى پاره‌يه. لۆژيكى سه‌رمايه به‌ته‌نها ميديا، ده‌سه‌ڵات و هێزى سه‌ربازى/ئه‌منى ئاراسته ناكات، بگرە جوڵەی كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى و نه‌ته‌وه‌يى سوبێكت هه‌ر سه‌رمايه ده‌ستنيشانيده‌كات. ڤیستیڤاڵەکانی شانشینی عەرەبیی سعودی، یەکێکە لە نیشانەکانی پێداویستیی بازاڕی سەرمایە بۆ هونەرمەندان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کولتووری وڵاتێکی نیمچەدوورگەی عەرەبی، کە لە سەرەتادا بەلای زۆربەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە مژارێکی سەیر و نامۆ بوو، چۆن دەبێت لە “خاکێکی پیرۆزی” وەک سعودییەدا ئەم هەموو هونەرمەند و “لۆتی و ڕاقیسە” ئامادەگییان هەبێت. بەڵام هەژموونی بازاڕی نیولیبراڵیزم وایکردووە، کە چیتر جێنشینە گەنجەکەی ئەو وڵاتە وەرچەرخانێک بەسەر دۆخی چەقبەستووی ئابووریی نەوت و ئایینی‌دا بهێنێت. چونکە بازاڕی ئەمڕۆ ئەوە دەخوازێت، لە چەندین سەبەتەی وەبەرهێناندا جامبازیی بکەیت. پرۆژەی نیوم (NEOM) کە بە “بەهەشتی سەرزەوی” دادەنرێت، یەکێکی ترە لەو پرۆژانەی کە ئەمیرە گەنجەکە بە بەهای 500 ملیار دۆلار دورگەیەک بۆ سەرمایەداران/”خواپێداوان” دروستدەکات. دوورگەیەکی پاکوخاوێن بۆ کەمینەیەک، کە زیرەکیی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان “فریشتەئاسا” هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە پارەدارەکان دەکەن.
لەلایەکی ترەوە، ئەمڕۆ زۆرێک لە ڕەخنەگران و ئارەزومەندانی وەرزش باس لە “بەکاڵاکردنی” وەرزشی هاوچەرخ دەکەن، بەڵام بۆچوونێک هەیە کە یەکەم بەرهەمهێنانی وەرزش لە ساڵی ١٧٤٣دا بووە، کاتێک (جاک برۆتۆن) بۆ ئامادەبوونی جموور لە بۆکسێنەکانیاندا پارەی وەردەگرت. دوای ئەوەی، لە سەدەی نۆزدەوە تۆپی پێ وەک باوترین وەرزش لە جیهاندا دەردەکەوێت، ئیتر چاوی سەرمایەدارەکان دەچێتە سەر وەبەرهێنان و پیشەسازیی لەم وەرزشە پڕچێژ و پڕبینەرەدا، ئەمەش واتە وەبەرهێنانێکی قازانجبەخش. ئەم وەرزشە لە ئەوروپا وەک ناوەندێکی پێشکەوتووی پیشەسازی، لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، وردە وردە کڕین و فرۆشتن بە یانەکان و یاریزانانەوە دەستپێدەکات. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئەم وەرزشە لە ساڵانی پێشوو جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە چیتر گرنگی بە هەبوونی یاریزانی بەهرەمەند لەنێو یاریگا نادرێت، بەڵکو بەدەستهێنانی قازانج لە ڕیکلام و درێسی یاریزانەکان خاڵێکی جەوهەرییە. لە ئێستادا یانەیەکان بیر لەوەناکەنەوە کە یاریزانان بهێنە یانەکەیانەوە تاکو چێژ بە جموورەکەیان ببەخشن، بەڵکو دەستکەوتنی قازانج بە چەندین ڕێگەی ناپیشەیی و نائەخلاقی لەپێشینەی کارەکانە. جگەلەوەی قۆرخکاری و نابەرابەرییەکی زۆر لەنێوان یانە گەورەکان و یانە بچوکەکان هەیە. ئەمڕۆ وەرزشیش وەک سەرجەم کایەکانی تری ژیان، بۆتە ئامرازێک بۆ پەیداکردنی پارە و کەڵەکەکردنی سەرمایە، گرەوکردن و ساختەکاری، بەشێکی سەرەکیی ئەم پیشەسازییە پێکدەهێنێت و سەرمایەدارەکان وەک پیشەکانی تر، جامبازی و قوماری پێوەدەکەن.
کۆلینز لە کتێبی (وەرزش لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە نیوە زیاتری بەرنامەی تەلەفزیۆنیی تۆڕی ئەمریکا، کە لە سەدەی بیستەمدا زۆرترین بینراویان هەبووە، بەرنامەی وەرزشیی بوون، بەهەمان شێوەش لە ئەڵمانیا، نۆ لە دەی بەرنامەی سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە کە زۆرترین بینراویان هەبووە، یاریی تۆپی پێ بوون. بۆیە وەک ڕوپەرت مردۆک وتی؛ وەرزش ستراتیژێکە بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتی تەلەفزیۆنی. کۆلینز ئاماژە بەوەدەکات کە ژمارەی بینەران بۆ ڕووداوە گەورە وەرزشییەکانی وەک مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد هێمایەکە بۆ گرنگیی بەردەوامی وەرزش لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی هاوچەرخدا. وەبەرهێنانە گرنگەکەش لەم بوارەدا، بریتییە لە فرۆشتنی مافی پەخشکردنی یارییەکان بە کۆمەڵە و تۆڕە قۆرخکارەکانی بواری پەخشکردن، هەروەها زێدەبەرهەمهێنانی ئامێرەکانی تەلەفزیۆن و سەتەلایت.
چوار: نیولیبراڵیزم، فەلسەفە و زانست
دابڕانی فەلسەفە و زانست لەم سەردەمەدا، هۆکارگەلێکی بنەڕەتیی هەیە، دیارترینیان پرسی یاخیبوون/ دەستەمۆبوونە. زانست لە تاقیگەکانی سیستەمدا دەستەمۆ دەکرێت و بەپێی خواستەکانی دەسەڵاتی سیاسی ئیستیغلال دەکرێت، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی فەلسەفەیە. زۆربەی ڕە‌هەندەکانی فەلسەفە هەڵگری میتۆدی یاخیبوون و ڕەخنەگرانەن، کایەی فەلسەفە تاکە کایەیە، کە تەنیا ملکەچ و گوێڕایەڵی تاقیگەی مێژوو بووە، بۆیە هەر لە یۆنانی کۆنەوە تاکو ئەمڕۆ هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە ئەم ڕەگەزی ڕادیکاڵبوونەی نێو فەلسەفە ڕیشەکێش بکات. بەڵام ئەمە مانای وا نییە، کە ئەرکی فەلسەفە لە تەفسیر و ژاوەژاوی میتافیزیکیدا قەتیس بمێنێت. مارکس و ئەنگڵز وەک دوو پێشەنگی فەیلەسوفەکانی جیهان، بۆ یەکەمجار خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دەکەن، چونکە ماتریالیزمی مێژوویی، تاکە میتۆدی زانستییە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی گەشەکردن و گۆڕانی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەربۆیە فەیلەسوفێکی وەک پۆل ڤیریلیۆ داوای ئاشتەوایی نێوان فەلسەفە و زانست دەکات. چونکە هاوکێشە و یاساکانی زانست وەڵامدەرەوەی هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و سرووشتییەکان نین، و فەلسەفەش بەبێ بەبنەماگرتنی زانست دەبێتە میتافیزیک و میتۆلۆژیا. ئەوەی ئەمڕۆ لە سەردەمی عەقڵانییەتی تەکنەلۆژییدا پێیگەیشتوین، بریتییە لە زیرەکیی دەستکرد، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هونەر و سینەما هەیە. ڕەنگە مانگرتنی نووسەران و سینارێستەکانی هۆلیۆد لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەدژی بەکارهێنانی ChatGPT وەک ئامرازێک بۆ نووسینی سیناریۆی فیلم، یەکێک بێت لەو ڕووداوانەی ڕەخنەکردنی ژیریی دەستکردی، کردە یەکێکی تر لە مژارەکانی فیکری ڕەخنەیی. یەکێک لە بەڵێنە گەورەکانی AI ئەوەیە کە توانایەکی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ کارکردن بەبێ دەستێوەردانی بەردەوام و چالاکانەی مرۆڤ. واتە پێویست ناکات مێتاداتا بۆ پۆستی بلۆگەکەت بنووسیت- Jasper بۆت دەکات. پێویست ناکات چەندین کاتژمێر لە فۆتۆشۆپ‌دا بەسەر بەریت—DALL·E 2 دەتوانێت وێنەی پێویست بۆ کەمپەینی سۆشیال میدیاکەت دروست بکات، و هتد.
نیولیبراڵیزم لەڕێگەی پرۆسەی گۆڕینی پێداويستيى ناپێويست بۆ پێداويستيى زه‌رووری، کار لەسەر نائاگایی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکات. واتا “خه‌ڵك له ڕێگه‌ی كاڵاكانيانه‌وه پێناسه‌ی خۆيان ده‌كه‌ن. جه‌وهه‌ری ڕۆحى خۆيان له ئۆتۆمبيل و ئامێری ته‌له‌فزيۆن و ماڵى ڕازاوه و چێشتخانه‌ی مۆدێرندا ده‌بيننه‌وه. لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا ئابووریی بازاڕ هێندەی ئەمڕۆ بایەخ و گرنگیی نەبووە. ئێستا چیتر ئابووریی بازاڕ کەرەستەیەک نییە بۆ دابینکردنی داخوازییەکان، بەڵکو بووەتە فەلسەفەی ئابووری، بگرە لەوەش زیاتر بەلای زۆرینەوە بەمانای ژیان دێت. هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی یەک خاڵدا دەڕۆن، هەوڵدەدەن وەڵامی یەک پرسیار بدەنەوە ئایا دەکرێت بازاڕ بۆ شتێک بدۆزنەوە؟ ئەمەش بەپلەی یەکەم بەسەر بەرهەمە پیشەسازییەکاندا جێبەجێ دەبێت. چونکە تەنها لەپێناو سەرفکردن و بازاڕپێکردن دا پەرە بە بەرهەمەکان دەدرێت. ئەگەر بازاڕیش بۆ ئەم بەرهەمە دۆزرایەوە، ئەوا بەبێ ڕچاوکردنی بەهای بەکارهێنانی لەلایەن مرۆڤەوە بڕێکی زۆری لێبەرهەم دەهێنرێت. ئابووریی بازاڕ تەنگانەی ئەوانی تر لەبەرچاو ناگرێت، لەبەرئەوەی گرنگ سەرکەوتن و قازانجی مادییە. تەنانەت خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهەمان ئاراستەدا دەڕوات، دکتۆری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە زۆرترین قازانج بەدەستدەهێنێت [یان نۆرینگە و تاقیگە و دەرمانخانەی خۆی هەیە]. سەرکەوتنی ناوەندە زانستی و مەعریفییەکانیش بریتییە لە چەندێتیی بڵاوکراوەکانیان و ڕیزبەندییان لە لیستی بەناوبەنگەکاندا.
بەهەمان شێوە بازرگانیی بازاڕ تەحەکوم بە سیاسەتەوە دەکات، ئەمڕۆ تەنها گرنگی بەوە دەدرێت کە “دەنگدەر” بەدڵیەتی تاکو “کاندید” وێنەکەی خۆی لەلا جوان بکات. گرنگ نییە مومارەسەی چ جۆرە سیاسەتێک دەکەیت، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن ئەم سیاسەتە پیشان دەدەیت. به‌هۆى نه‌بوونى كولتوورێكى پێشكه‌وتوخوازى حه‌قيقيشه‌وه، گه‌نج ده‌كه‌وێته داوى “مۆدێلى به‌رخۆريى جيهانگيرى”ی سه‌رنجڕاكێش، يان “فيكرى ئايینى” سه‌رنجڕاكێش، ياخود بۆ گه‌يشتن به ئامانجه‌كانيان ڕووده‌كه‌نه گرووپى ده‌مارگيرى و گۆشه‌گير ده‌بن. به‌گشتى هه‌موو ئه‌مانه له‌نێو دابه‌شكاریى چينايه‌تيدا ده‌گوزه‌رێن: ئه‌وانه‌ى پاره‌يان پێيه ڕووده‌كه‌نه “مۆدێلى به‌رخۆرى”، ئه‌وانه‌شى پاره‌يان نييه ڕووده‌كه‌نه ئه‌و مۆدێلانه‌ى له ڕواڵه‌تدا لێكدژن، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا هه‌مان توخمى نامۆبوونيان هه‌يه؛ ئه‌گه‌ر نامۆبوونى يه‌كه‌م هه‌ڵهاتن بێت به‌ره‌وه ده‌ره‌وه (بۆ كاڵا)، ئه‌وه‌ش به ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى په‌يوه‌نديى به كولتوورى نه‌ريتييه‌وه هه‌يه و پياده‌كردنى مۆدێلى به‌رخۆريى سه‌رمايه‌دارى (به‌تايبه‌تى ئه‌مريكى)، ئه‌وا نامۆبوونى دووه‌م هه‌ڵهاتنه به‌ره‌و ناوه‌وه، بۆ ڕابردوو، ئايینى/تايه‌فى يان خێڵه‌كى/ده‌مارگيرى. دۆزينه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نوێ، وەک په‌رچه‌كردارێك له‌دژى جيهانى هاوچه‌رخ. وادياره سه‌رمايه‌دارى له دروستكردنى “خواست”دا زۆر شاره‌زايه، جاران پێداويستى -خواست-ى دروستده‌كرد و، خواست كاريگه‌ريى له‌سه‌ر خستنه‌ڕوو به كه‌م يان به زياد دروستده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كۆمپانياكان كاڵا به‌رهه‌مده‌هێنن، ئينجا كۆمپانياى تر به‌كرێ ده‌گيرێن بۆ هه‌ڵمه‌تى ڕيكلامكردن بۆئه‌وه‌ى به‌كاربه‌ر قايل بكه‌ن كه پێويستييه‌كى زۆرى به‌م كاڵايانه هه‌يه، به‌رهه‌مهێنه‌رى كاڵا خواست و خستنه‌ڕوو دياريده‌كات نه‌ك خه‌ڵك و به‌كاربه‌ر. چیتر تاك دەبێتە ملكه‌چی چه‌ته‌گه‌ريى كاڵاى به‌كاربردن.
لەلایەکی ترەوە، له‌نێو سيستەمى سەرمایەداریی نيوليبراڵيزمدا، وه‌به‌رهێنانێکی تر به جه‌سته و ڕووخسارى مێينه‌وه ده‌كرێت، وه‌ك يۆهانا ئۆكسالا ده‌ڵێت: “چيتر درێژكردن و بۆيه‌كردنى نينۆك له‌لايه‌ن ئافره‌تانه‌وه، بۆ وروژاندن و سه‌رنجڕاكێشانى پياو نييه، به‌ڵكو بۆ‌ته نيشانه‌ى سه‌ركه‌وتنى پيشه‌يى و دارايى، واتا هێمايه‌ك كه ڕه‌نگه يارمه‌تيبدات بۆ وه‌رگرتنى پۆست و وه‌زيفه‌ى باڵاتر. به‌هه‌مان شێوه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ريى جوانكارى، به‌پێى ئه‌و ديدارانه‌ى له‌گه‌ڵ ئافرەتاندا كراوه، له‌و بڕوايه‌دا بوون كه ده‌بێته هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زيفييان”. ئەمەش بازاڕیکی تری بۆ سەنتەرەکانی جوانکاری ڕەخساندووە و قازانجی دەرمانی جوانکاریی چەندبارە کردووە. میدیای سەرمایەدارییش بۆتە ئامرازێک کە لە ڕێگەیەوە گوتاری سەرمایەداری و کولتوورەکەی دەگوازێتەوە، و وێنەی هەموو کۆمەڵگە دەکێشێت. وێنەیەک کە تێیدا ژنان وەک کاڵایەک دەردەکەون، بەمەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان و فراوانکردنی بازاڕی ئازاد، بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەکی ئەخلاقیی کۆنترۆڵی بکات.
ئايا ئه‌مڕۆ ژنان و خوێندكاره مێينه‌كانى زانكۆ تا چ ڕاده‌يه‌ك توانيويانه به‌ره‌نگارى دۆخى باڵاده‌ست ببنه‌وه و خۆيان له گوتارى بازاڕ و نێرسالارى ڕزگاربكه‌ن؟ له‌مباره‌وه نه‌وال سه‌عداوى “ده‌ڵێت پێویسته ئافره‌ت ئه‌وه بزانێ كه چه‌نده هه‌وڵ بۆ سه‌ركه‌وتنی جوڵانه‌وه‌ی (فيمينيزم) ده‌دات له‌وه زیاتر هه‌وڵى به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئايدياى سۆسیالیستی بدات، تاکو هه‌موو كه‌س به یه‌كسانی بژێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى جياوازيى له نێوان شێوه و ڕه‌نگ و چین و توێژه‌كاندا بكرێت”. ده‌توانین بڵێین به‌هۆی ئه‌و دونیا سه‌رمایه‌دارییه‌ی كه جیهانی گرتۆته‌وه و كۆمه‌ڵگەى ئێمه‌ش به‌شێكه له‌و سیستمه، مێیینه‌كانی زانكۆ نه‌یانتوانیوه خۆيان له پرۆسه‌ى به‌شتبوون و به‌كاڵابوون بپارێزن، هێنده‌ى به‌شوێن سه‌نته‌ره‌كانی جوانكاری و مۆدێلدا وێڵن هێنده هه‌وڵی گۆڕانكاريی دۆخى باو و چه‌قبه‌ستوو ناده‌ن. کاتێکیش کچان دەیانەوێت لەو ژینگە داخراوەی ماڵی کوردی بێنە دەرەوە، ئامادەن بە کرێیەکی کەمتر لە کوڕان کاربکەن، ئەمەش خاڵێکی تر سەرباری ئەو تێگەیشتنە دەکات؛ کە سەرمایەدارەکان بۆ ئیستغیلالی جەستەیی و پرۆسەی ڕیکلام و بازاڕگەری، ئافرەتان بەکاردەهێنن، بەڵکو لە هەمووی گرنگتر کارکردنە بە بڕەپارەیەکی کەمتر لە پیاوان. بەردەوام سیستەمی سەرمایەداری لەڕێگەی بیریاران و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە توێژینەوە لەسەر سرووشت و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگە و بازاڕ دەکەن؛ بەپێی ڕاپرسی و توێژینەوەکان، ئەوە لەلای سەرمایەداران ڕوونبۆتەوە، کە خووی بازاڕکردن و کڕین لە لەلای ژنێکی کارکەر دوو هێندەی کرێکارێکی پیاوە. ئەم پێدراوەش بۆ سەرمایەدارەکان بەو مانایە دێت؛ خێزانێک کە هەردوو ژن و مێرد تێیدا کاربکەن، بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری باشترە لە خێزانێک تەنها پیاو تێیدا باڵادەستە. کەواتە هاتنی سوپای کرێکارانی ژن بۆ ناوبازاڕ، پەیوەندیی بە پێدانی مافی ژنانەوە نییە، ئەوەی سەرمایەداران دەیخوازن ئازادیی بازاڕە نەک ئازادیی مرۆڤ. هەروەها کارکردنی ژنان زیانی بۆ گیرفانی سەرمایەدارەکان نییە، چونکە لە بەرامبەردا داهاتی زیاتریان دەستدەکەوێت.
ڕوونکردنەوە: ئەم نامیلکەیەی هاوڕێ ناجی لە ژمارەکانی ٣٠، ٣١ و ٣٢ ی ڕۆژنامەی ڕەوتدا بە سێ بەش بڵاوکراوەتە.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
