ڕۆژی (٢١)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥) پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، وەک بەشێک لە کۆمەڵە یاسایەک، کە یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بوو بۆ خاوەنەکانیان، ئەمەش لە ڕێکەوتنێکی نێوان هێزە ئیسلامیـیە- تایەفگەری و ناسیۆنالیستەکانی باڵادەستی ناو پەرلەمان، کە گوزارشێکە لە کۆنەپەرستی و هەلپەرستی و بە دواداچوونی دەسکەوتی سیاسیی ئەم هێزانە لەسەر حیسابی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئەم هەموار کردنەوەی یاسای باری کەسایەتییە، سیاسەتێکی دوژمنکارانەی هێزە فەرمانڕەواکانی ئیسلامی سیاسییە دژ بە ژنان و منداڵانی عێراق، و گورزێکی کوشندەیە لە ماف و ئازادییەکانیان، ئەمەش لە سایەی کۆنتڕۆڵی نیمچە ڕەهای ئەو هێزە میلیشی و خێڵەکی و ئایینییانەی کە دەستیان داگرتووە بە سەر چارەنووسی کۆمەڵگە و جەماوەردا، و فەرمانڕەوایەتیشیان دەکەن لە ڕێگەی دەزگاکانی دەوڵەتی بۆرژوازی و ڕژێمە سیاسی ئیسلامی و قەومیـیەکەیەوە.
ئامانجی ئەم هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتیـیە، کە ئیلهامی لە مەزهەبی فیقهی جەعفەری وەرگرتووە و لەسەر بنەمایەکی تائیفیانە داڕێژراوە، بریتیـیە لە پتەو کردنی کۆنتڕۆڵی دەزگا ئایینی و مەزهەبییەکان بەسەر ژیان و چارەنووسی ملیۆنان هاوڵاتیدا، ئەمەش بە هاوبەش لەگەڵ هێز و لایەنەکانی ئیسلامی سیاسی، کە لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە، ئەم حیزب و هێزانە، خۆیان دەکەنە بەرپرسیار لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردنی منداڵ و میرات و هتد.. و لە ئەنجامدا بەکۆیلەکردنی ژنان و تاوانکاری بە شوودانی کچانی منداڵ و پەرەپێدانی دڕندایەتیـیەکانیان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی کەسێتی و گشتی ژناندا، و کوشتنی هەموو هیوایەکی منداڵان بە چێژوەرگرتن لە ژیانێکی ئاسوودە و ئازاد، جگە لە قووڵکردنەوە و فراوانکردنی جیاوازی تائیفی لەناو کۆمەڵگەدا.
(هاوپەیمانی ١٨٨) کە چەند مانگ لەمەوبەر درووست بوو بۆ وەستانەوە بە دژی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، و چەندین کەمپەین و چالاکی چڕ و فراوانی ئەنجامدا، بەڵام نەیتوانی بەم ئامانجەی خۆی بگات، ئەویش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی پێداگریی سەرسەختانەی هێزە بۆرژوا ئیسلامیـیە فەرمانڕەواکان و بەرژەوەندیـیە سیاسی و ئایدیۆلۆژیـیەکانیان کە پەسەندکردنی ئەم هەموارکردنەوەیە بەشێکی ڕیشەییەتی، هەروەها بەو هۆیەشەوە کە بلۆکە پەرلەمانیـیە جۆراوجۆرەکانی خاوەن ئاڕاستەی ناسیۆنالیستی و ئیسلامیستی ڕێکەوتن و گرێبەستی ڕیسوای دژە ژنیان ئەنجامدا لەگەڵ بلۆکە پەرلەمانییەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا، بۆ پەسەندکردنی هەموارکردنەوەکە. ئەم ئەزموونە ئەوەی نیشانداین کە خۆشباوەری پەنابردن بۆ پەرلەمانتاران و لایەنەکانی ناو حکومەت چەند زیانبەخشە بۆ خەبات بە دژی هەموارکردنەوەی یاساکە.
ئەم دەسەڵاتە خۆی دەرگیری چەندین قەیران و دابەشبوونی ڕیزەکانیەتی، و هەر کاتێکیش بکەوێتە بەر فشاری جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان بە دژی هەژاری و بێکاری، بۆ بەدەستهێنانی ماف و باشکردنی باری ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، یان هەر کاتێک هەست بکات بە مەترسی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕانە، زیاتر پەنا دەبات بۆ دەمکوتکردن و سەرکوتی مافەکان.
وەستانەوە بە دژی هەموارکردنەوەی کۆنەپەرستانەی یاسای باری کەسایەتی یەکێکە لە گرنگترین ئەولەویەتی هێزە سۆشیالیست و کرێکاریـیەکان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنانە، نەک تەنها لە سەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە تیایدا جەماوەر دەناڵێنێت بەدەست باڵادەستی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و باڵادەستی پیاوسالاری بە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئابووری و سیاسی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کمۆنیستی لە عێراق)، پەیگیرانە خەبات دەکات شانبەشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری و گشت کۆمۆنیست و ئازادیخوازان و هەموو ئەو توێژانەی کە زەرەرمەندن لە پەسەندکردنی ئەم هەموارکردنە، لەپێناو پاشەکشەپێکردنی حکومەت و پەرلەمان و شکستپێهێنانی هەموارکردنەوەی یاساکە.
ڕێکخراوی بەدیلی کمۆنیستی لە عێراق
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
