ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

کۆمیتەی ناوەندی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) چوارەمین پلینۆمی خۆی ئەنجامدا کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، لە (٢٤) تا (٢٦)ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری (٢٠٢٥)، هاوکاتیش بوو لەگەڵ شەشەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) لە عێراق.

لە پلینۆمەکەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی کۆمیتەکان و نوێنەرانی کۆمیتەی پارێزگاکان، وێڕای کۆمەڵێک میوان لە دۆستانی ڕێکخراوەکە ئامادەبوون، کە بریتیبوون لە هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست، کرێکارانی هەڵسوڕاو و سەندیکالییەکان، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، بزووتنەوەی گەنجان و بەشداربووانی ڕاپەڕینەکەی (٢٠١٩)، کە هەموویان چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەو لێکۆڵینەوە و بڕیارنامانەدا کرد کە لە پلینۆمدا پێشکەش کران. هەندێک لە هاوڕێیان بەو هۆیەوە کە نەیانتوانی ئامادەبن بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری پلینۆم بوون.

پلینۆم بە سروودی ئینتەرناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لەوانەی لەپێناو سۆسیالیزم و مرۆڤایەتیدا گیانیان بەخت کردووە دەستی پێکرد، ئەمەش دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پلینۆم. سەرەتا (موئەیەد ئەحمەد)  ڕێکخەری گشتیی کۆمیتەی ناوەند (المنسق العام) بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پلینۆم و ئەو بابەتانەی کە لە کارنامەکەیدان. پاشان بەناوی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یەوە، داخ و پەژارەی دەربڕی بۆ ئامادەنەبوونی هاوڕێ (حازم ئەلجەعفەری)، بەرپرسی کۆمیتەی دیوانیەی ڕێکخراو، کە لە کۆتایی مانگی ئابدا بەهۆی نەخۆشیـیەکی کوشندەوە کۆچی دوایی کرد. پلینۆم دوای پەسەندکردنی ئەجێندای کارەکانی دەستبەکار بوو.

کارنامەی پلینۆم بریتی بوو لە کۆمەڵێک بڕیارنامە و لێکۆڵینەوە و بڕیاری پەیوەندیدار بە کۆمەڵگا و پرسەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، و پرسی ژن و خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و بزووتنەوەی گەنجان و ڕاپەڕین، ئەم سەرباری پێداچوونەوە بە (بنەما ڕێکخراوەیـیەکانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، وە چەند بابەتێکی پراکتیکی پەیوەست بە کار و چالاکیی ڕێکخراوەکە، وە بەم شێوەیەی خوارەوە:

  1. ڕاپۆرتێکی تایبەت لەسەر کارەکانی (ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی لە عیراق) لەنێوان هەردوو پلینۆمی سێیەم و چوارەم.
  2. سیاسەتی (ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی) بەرامبەر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێستا، و تاوتوێکردنی ڕێچکە و ڕەوەندەکانی دۆخی سیاسی عێراق.
  3. ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕێچکە و ڕێڕەوەکانی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێوەند بە شەڕی جینۆسایدکارانەی ئیسرائیل لە دژی دانیشتوانی غەززە.
  4. بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی سەندیکایی لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
  5. پلاتفۆرمی سیاسی (ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی) سەبارەت بە “پاکێجی ئەحکامە شەرعیـیەکان” کە پەسندکراوی پەرلەمانە، وە خەبات بۆ پووچەڵکردنەوەی.
  6. ڕاپەڕین و خەباتی گەنجان لە عێراق، و سیاسەتی کردەیی (ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی) لە بەرامبەریدا.
  7. پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە هەرێم و سیاسەتی ڕێکخراو.
  8. هەموارکردنەوە و زیادکردنی بۆ پەسندکراوی (بنەما ڕێکخراوەیـیەکانی بەدیلی کۆمۆنیستی).
  9. پەسەندکردنی کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە پەرەپێدانی ڕێکخراو و فراوانکردنی چالاکیـیەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.

بڕگەی یەکەم ڕاپۆرتێکی لەخۆگرتبوو کە تیایدا وردەکاری خەباتی سیاسی و فیکریی  (ڕێکخراوی بەیلی کۆمۆنیستی) و چالاکیـیە کردەیی و ڕێکخراوەیـیەکانی لە نێوان هەردوو پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا خستەڕوو سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرەکان، لەوانە؛ خەباتی کرێکاری، بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی و پێوەرەکانی مووچە، بزووتنەوەی ناڕەزایی مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیـیەکانی دژ بە هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر ئازادیـیە تاکەکەسیـیەکان و ئازادیـیە سیاسیـیەکان و تێپەڕاندنی (یاسای پاکێجە شەرعیـیەکانی جەعفەری). ئەمە و ڕاپۆرتەکە خەباتی سیاسی دژ بە جەنگی کۆمەڵکوژی ئیسڕائیل بۆ سەر دانیشتوانی کەرتی غەززەی گرتبوە خۆی، لەگەڵ گرتنەبەری هەڵوێستی مارکسیستی لە بەرامبەر هەڵکشانی تڕامپیزم و جەنگی ئیسڕائیل و ئەمریکا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ڕاپۆرتەکە چووەسەر باسی کاری ڕێکخراوەیی ڕێکخراوەکە و ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامی داوە لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. جگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە تێڕوانینێکی گشتی خستەڕوو لە چالاکی میدیایی ڕێکخراو و ئەو کارانەی کە ئەنجامدراوە لە پڕوپاگەندە و هاندانی سیاسی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری مارکسیستی و سیاسەتەکانی ڕێکخراو سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکریـیەکان.

لە بڕگەی دووەمی کارنامەکەدا پلینۆم هەڵوێستی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە بەرامبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێستادا تاوتوێ کرد، کە جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەو بەیاننامەیەی کە پێشووتر ڕێکخراو دەریکردبوو سەبارەت بە هەڵبژاردن و تیایدا جەختکراوەتەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن و خەبات بۆ بەهێزکردنی خەباتی سیاسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار و ڕزگاریخوازانی دەرەوەی چوارچێوەی پەرلەمان، بە مەبەستی هێنانەدی گۆڕانکاریـیەکی ڕیشەیی و دەستبەجێ لە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری خۆیان لە ڕێگەی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕانەیان و ئیرادەی سیاسی ڕاستەوخۆی خۆیانەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا تێکشاندنیـانە.

هەروەها پلینۆم پەردەی هەڵماڵی لەسەر ناوەڕۆکی چینایەتی ناپرۆلیتاری سیاسەت و پراکتیک و تاکتیکی سیاسی ئەو حزب و لایەنانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و چەپ دەناسێنن و بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئێستا دەکەن، کە پێچەوانەی بەرژەوەندیـیە سیاسیـیەکانی زۆرینەی جەماوەرە. پلینۆم پێداگری کرد لەسەر ئەوەی سیاسەتی ئەو حزبانە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و هەڵواسینی هیواکانیان بە پەرلەمانەوە، لە بەرژەوەندیی حزبی و ئامانجە سیاسیـیەکانی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هیچ پەیوەندیـیەکیان بە بەرژەوەندی جەماوەری کرێکاران و ستەملێکراوان و هەژاران و خەباتیانەوە نیـیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری لە بارودۆخی ژیانیان و ڕزگاربوونیان لە کابوسی ئەم ڕژێمە قەومی و ئیسلامیـیەی کە ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا بەشدار دەبێت لە دووبارە بەرهەمهێنانەی.

 پلینۆم پێداگری کرد لەسەر خسڵەتی چینایەتیـیانەی کرێکاری خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە عێراق، لە ژێر ڕۆشنایی دەست نیشانکردنی ڕێچکە و ڕێڕەوە ئابووری و سیاسیـیە هاوچەرخەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەم وڵاتە و ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتیـیە بەربڵاوەی کە خوڵقاندوویەتی، و ئەو جەمسەرگیریـیە چینایەتیـیە توندوتیژ و هەمەلایەنەی کە فەراهەمی هێناوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی دەستەیەک لە ئۆلیگارشی ملیۆنێر و ملیاردێری قۆرخکاری دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی پێگەی خۆیان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە سایەی کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی ژیانی ئابووری وڵات و دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان بەپێی پشکی پێکهاتە قەومی و ئیسلامیـیەکان، ئیتر ئەم دەستەوتاقمە دەسەڵاتدارانە بەرژەوەنیـیەکی گشتی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە و وایان لێدەکات ڕژێمە سیاسیـیەکەیان بەپێی بەرژەوەندیـیەکانی خۆیان دووبارە بەرهەم بهێننەوە.

بڕگەی سێیەم پەرەسەندنی پێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە پەیوەست بە شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیلەوە لە دژی خەڵکی غەززە، کە تیایدا جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی نۆژەنکردنەوەی بڕیارنامەی  پێشووی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) سەبارەت بەم بابەتە. هەموارکردنەوەی بڕیارنامەکە ئەو پەرەسەندنانەی گرتەخۆ کە ناوچەکە پیادا تێپەڕیووە، لەوانە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران و پلانی ئەم دوایـیەی ترامپ بۆ کۆتایـیـهـێـنان بە “شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس”. لێرەوە بڕیاردرا بڕیارنامەکە، دوای هەموارکردنەوەی پێویست، وەک بەڵگەنامەی پلینۆمی چوارەم بڵاوبکرێتەوە.

بڕگەی چوارەم کە دوا بڕگەی ڕۆژی یەکەمی پلینۆمەکە بوو، شێوەکانی خەباتی کرێکاران و بزووتنەوەی سەندیکایی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگانەی تاووتوێ کرد کە ڕێگرن لە خەباتی کرێکاری و کاری سەندیکایی سەربەخۆ، بەتایـبەتـیـش بەربەستەکانی خۆسەپاندنی سەندیکاکانی سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و قۆرخکردنیان بۆ بواری کاری سەندیکایـی  بە بیانووی سەندیکای فەرمی.

هەروەها گفتوگۆش کرا دەربارەی ڕێگاکانی ڕێکخستنی خەباتی کرێکاران لە کەرتە جیاجیاکاندا لەوانە کاری ناجێگیر (العمالة الهشة) ولەنێو کرێکارانی بێکار، لەگەڵ گفتوگۆ کردن لەسەر داواکاریـیە بنەڕەتیـیەکانی کرێکاران و دەستنیشانکردنی فۆرمەکانی ئەو خەباتەی کرێکاران کە هەر ئێستا لە وڵاتدا بەڕێوەدەچێت. ئەمە و گفتووگۆش کرا دەربارەی خستنەڕووی ستراتیژێک بۆ برەوپێدان و پـێـشخستنی خەباتی کرێکاران و بزووتنەوەی کرێکاری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریـیانەی کە هاتوونەتەدی لە پێکهاتەی چینی کرێکار لە عێراق لە ئەنجامی فاکتەری جۆراوجۆر و ئاڵوگۆڕەکانەوە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی شێوەکانی کێشمەکێشی دەستەجەمعی کرێکاران کە تایبەتمەندیـیەکی خەباتی ئەم چینە بووە دژی سەرمایە و نوێنەرە سیاسیـیەکانی و دەسەڵاتی دەوڵەت، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو تا ئێستا.

سەندیکالییەکان و هەڵسوڕاوان کرێکار، لە بەشداربووانی پلینۆمەکە، بە پشتس بەسستن بە ئەزموونی خەباتکارنەیان و ئاسۆی چینایەتی کرێکاری و سۆشیالیستـیان، چالاکانە بەشدار بوون لە باسەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە پێویستە چالاکوانانی کرێکار و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و سەندیکا و یەکـێـتیـیە کرێکاریـیەکان و (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکاریـیەکان لە عێڕاق) پێی هەڵسن، بۆ پەرەپێدانی خەباتی کرێکاران و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی چینایەتی سیاسی و جیاکردنەوەی ڕیزەکانی کرێکاران لە کاریگەری و هەژموون و ڕابەرایەتی ڕەوتە سیاسیـیە بۆرژوازیـیەکانی ئیسلامی و قەومی.

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی پەیوەندیـیەکی توندوتۆڵ لە نێوان خەباتی کرێکاران لە کەرتە جیاجیاکاندا سەبارەت بە خواستەکانی ڕۆژانەیان و ئەو خەباتەی کە لەئارادایە بۆ بەدیهێنانی داواکاریـیە دیاریکراوەکانیان، وەک بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە، و خەبات دژی گۆڕینی پەیکەرەی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و بەتایبەتیکردنیان، و ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان لە پێنەدانی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستان، و … هتد.

لە پلینۆمەکەدا بڕیاردرا کە یەکێک لە ئەرکەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی ڕێڕەوی پێشکەوتنی خەباتی کرێکاران و فۆڕمەکانیەتی لە عێراقدا، لە چوارچێوەی ئەو واقعە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریـیە باوەی کە ئەم خەباتە تێیدا لە ئارادایە، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئاستەنگە سەرەکیـیەکانی وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان، دوور لە دەستوەردان و سەرکردایەتیی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیـیە ئیسلامی و قەومیـیەکان.

هەروەها پلینۆم جەختی کردە سەر ئەوەی کە ڕێکخراو بە پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاری سۆسیالیست و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری، کار بکات بۆ پێشخستنی خەباتی کرێکاران، وە ئاسۆی سۆسیالیستی و بەدیلی ئابووری سۆسیالیستی بکاتە واقعێکی بەرجەستە وەک یەکێک لە بەدیلە واقیعیـیەکان بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاری.

کارنامەی دووەم ڕۆژی پلینۆم، گفتوگۆیەکی گرتەخۆ لەسەر پلاتفۆڕمی سیاسی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) سەبارەت بە پەسندکردنی (پاکێجی ئەحکامە جەعفەریـیەکان) لەلایەن پەرلەمانەوە، کە تیایدا بڕیاردرا دووبارە بڵاوبکرێتەوە بەناوی پلینۆمەوە، بەڵام دوای هەموارکردنەوەی پێوست لەژێر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانەی کە لە پلینۆمدا خرانەڕوو بەجۆرێک کە ناوەڕۆکی پلاتفۆڕمەکە نەگۆڕێت. پێ داگیرایەوە لەسەر کارکردنێکی جدی لەپێناو ئەوەی کە بزووتنەوەی جەماوەری دژ بەم پاکێجە، ئەم پلاتفۆڕمە بکاتە پلاتفۆڕمی خۆی، بە تایبەتی لە لایەن بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان و ڕێکخراوە چالاکەکانی.

هەروەها پلینۆم پێداگری کرد لەسەر پەیوەندیـیەکی هەرچی زیاتر توندوتۆڵ لە نێوان خەباتی دژ بە ستەم لەسەر ژنان و خەباتی کۆمۆنیستی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری، ئەمە و ئەرکێکی کۆمۆنیستەکان بریـتـیـیە لە پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی بەهێزی ژنان و بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بەتوانا بۆ ئەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانە بەهێزتر بکەن بۆ هەڵکێشانی ڕەگوڕیشەی هەم چەوسانەوەی چینایەتی و هەم ستەمی ژنان، بەشێوەیەکی هاوکات و کارلێککارانە.

هەروەها پلینۆم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەپاندنی پاشەکشە بەسەر ئیسلامی سیاسی و پووچەڵکردنەوەی (پاکێجی ئەحکامە شەرعیـیەکان)، لە دووتوێی خۆیدا هەڵگری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی هەمواری یاسای باری کەسێتی (١٨٨) و هەنگاونانە بەرەو پێشەوە بۆ سەپاندنی یاسای ئازادی و یەکسانی تەواوەتی ژنان وەک یاسای بنەڕەتی بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسیی دانیشتوانی عێراق.

ئەمە و لە پلینۆمدا جەخت کرایە سەر پوچەڵی حوکمڕانی ئیسلامی سیاسی لە عێراق، و پەیوەندی داسەپاندنی ئەم (پاکێجەی ئەحکامە شەرعیـیەکان) بەو قەیرانە سیاسیـیەی کە دەسەڵات پێیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش وادەکات بەهێزکردنی خەبات بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پاکێجە و بەهێزکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری شۆڕشگێڕانە لە دژی، گرنگیـیەکی تایبەتی هەبێت لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا بۆ ڕزگاربوون لەم ڕژێمەی ئێستا و هێنانەدی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران و ڕزگاریخوازاندا.

سەبارەت بە تەوەرەی ڕاپەڕین و خەباتی گەنجان لە عێڕاق، و سیاسەتی کردەیی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە بەرامبەریدا وەک بەشێک لە کارنامەکانی پلینۆم، پێداگری کرایە سەر زەرورەتی زاڵبوون بەسەر ئەو خاڵە لاوازانەدا کە تایبەتمەندی ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) بوو لە عێڕاق، لە ڕووی زاڵ نەبوونی سروشتە چینایەتیـیە سەربەخۆکەی و نەگرتنەبەری سیاسەتێکی چینایەتی سەربەخۆ لەلایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەهەژارکراوان و ژنانی چەوساوە و گەنجانێک کە بڕبڕەی پشتی هێزی ڕاپەڕینەکەیان پێکهێنابوو وە ئاواتەخوازی ئازادی و ژیانێکی خۆشگوزەران بوون لە ڕێگەی ئەم ڕاپەڕینەوە.

هەروەها لە پلینۆمەکەدا جەخت کرایە سەر ئەوەی کە سەرەڕای بەرزکردنەوەی دروشمی ڕزگار بوون لەدەست تەواوی ئەم سیستمە فەرمانڕەوایە و ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە لە لایەن گەنجانەوە، بەڵام بانگەشەکردنی گەنجان لە ڕاپەڕینەکەدا بۆ دوورەپەرێزی لە ڕێکخراوبوون و چەکدار نەبوون بە ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی ڕۆشن بەشێک بوو لەو هۆکارانەی کە نەیهێشت ڕاپەڕین سەرکەوتوو بێت و بە ئامانج و داواکارییەکانی بگات.

سەرکوتی دڕندانەی ئەم ڕاپەڕینە لەلایەن دەسەڵاتداران و ڕۆڵی دژە شۆڕشی ڕەوتە ئیسلامی و قەومی و نیولیبڕالیـیەکان لەناویدا لەگەڵ ڕۆڵی هێز و لایەنە سازشکارەکان لە بەرامبەر ڕژێمدا، هەموو ئەمانە هۆکارێکی سەرەکیـیان پێکهێنا بۆ ڕێگری کردن لە پەرەسەندنی خەباتی سیاسی چینایەتی لەناو ئەم بزووتنەوە جەماوەریـیە و هێزگرتنی ڕەوتی سۆشیالیستی پڕۆلیتاری لەناو ڕیزەکانیدا، سەرەڕای خەباتی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و خستنەڕووی سیاسەت و ئاسۆ و شێوازی ڕێکخراوبوونی جەماوەریانەی شۆڕشگێر بۆ ئەم ڕاپەڕینە.

پلینۆم پێی داگرتەوە لەسەر وەرگرتنی وانە لەم ڕاپەڕینەی (٢٠١٩) و پێویستی دامەزراندنی پەیوەندیـیەکی توندوتۆڵ بە خواست و ناڕەزایەتیی گەنجانی کوڕ و کچ و خەباتی بەردەوامی سیاسی و فکری و ڕێکخراوەیی لەناویدا، لەپێناو چەکدارکردنی بزووتنەوەی لاوان و گەنجان بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەی چینایەتی پڕۆلیتاریانەی سەربەخۆ لە ڕەوتە بورژوازیـیە جۆراوجۆرەکان و ڕوخسارە  جیاوازیـیەکانیانەوە.

ئەوەش کە تایبەت بوو بە تەوەرەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ناڕەزایی، وەک بڕگەیەک لە کارنامەی پلینۆم، کە باس و لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە کرا، پێشهاتە سیاسیـیەکانی ئێستای هەرێم درایەبەر باس و گفتووگۆ، کە نیشانەکانی داسەپاندنی هەرچی زیاتری چەپۆکی دەسەڵاتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا (یەکێتی نشتیمانی کوردستان) و (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە بەسەر جەماوەری هەرێمەکەدا، لەگەڵ سەرکوتی سیستماتیکی هەرچی زیاتر بەرامبەر خەبات و ناڕەزایەتیی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان لەپێناو وەرگرتنی مووچەی مانگانەیاندا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، نەک هەر ئەمە بەڵکو سەرکوتی سیاسی سیستماتیکـیـشە هەتا لەبەرامبەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانیشدا کە بەشێکن لە سیستەمی سیاسی ئەم ڕژێمەی هەرێم.

سەرکوتی سیستماتیک و گەندەڵیـیەکی لە ڕاددە بەدەر و تاڵانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لە لایەن هەردوو حزبەوە و داسەپاندنی باجی جۆراوجۆر و پیادەکردنی سیاسەتەکانی نیولیبرالیزم بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئابووری و خزمەتگوزاریـیەکاندا بە جۆرێک کە کەرتی تایبەت هەڵدەستێت بە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ڕۆژبەڕۆژ زیادبوونی بێزاری و نەفرەتی جەماوەر دژ بە دەسەڵاتدارەتی ئەم تاقمە فەرمانڕەوایە.

ئاسۆی سیاسی ناسیونالیزمی کورد لای زووربەی جەماوەر بە پلەیەکی زۆر لاواز بووە، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەستە بە دەسەڵاتی سیاسی ناسیونالیزمەوە کە لە لایەن ئەم دوو حزبەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بەڵام بورژوا ناسیونالیست و نوێنەرە فکری و سیاسیـیەکانی لە ڕەوت و حزبە ناسیونالیستەکان دەستەوەستان نەوەستاون، ئەمانە لە ڕێگەی جۆراوجۆروە هەوڵ دەدەن درێژە بدەن بە هەژموونی ئاسۆی ناسیونالیستی بەسەر کۆمەڵگەدا بۆ لە قاڵبدانی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و گەنجان لە چوارچێوەیەکی ناسیونالیستیدا و دورخستنەوەی ڕەهەندەکانی خەباتی ئەوان لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی.

لێرەوە پێداگری کرایەوە لەسەر بایەخی خەباتکردن لەسەر بنەمایەکی چینایەتی دوور لە ئاسۆی بورژوا ناسیونالیست و ئیسلامی و لیبڕاڵی، ئەمەش هەر ئەوەیە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) خەریکی پیادەکردنیەتی لەبەرامبەر گشت پرسەکان و گرێوگۆڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە هەرێمی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕی چەکدار بە ئاسۆیەکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆناڵەوە لەسەراسەری عێڕاقدا.

دوا بڕگە ڕۆژی دووەمی پلینۆمەکە، تاوتوێکردنی خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو لە جیهانی ئەمڕۆماندا، لەگەڵ بایەخی حزبی بوونی کۆمۆنیستی. لێرەدا خەجتکرایەوە لەسەر ئەوەی کە سەرمایە بە پلەیەکی وەها جیهانی بۆتەوە کە تا ئێستا مێژووی سەرمایەداری بەخۆیەوە نەیـبـیـنیوە، ئەمەش بە کردەیی ڕووخسارێکی جیهانی بەخشیووە بە کێشمەکێشی نێوان کار و سەرمایە. ئیتر شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بەهۆکاری خودی ئەم پەرەسەندنەی سەرمایەداری و خەستبوونەوەی ناکۆکیـیە چینایەتیـیە ناوخۆیـیەکانیەوە لە کارنامەی مێژووی جیهان دایە زیاتر لە هەر کاتێکی ڕابردوو لەسەر ئاستی جیهانی و لۆکاڵی، بەپێچەوانەی هەموو بانگەشەیەکی بورژوازی و ڕەوت و حزب و ڕۆشنبیرەکانیەوە، بە پێچەوانەی ئەم هەموو هەڵکشانەی کۆنەپەرستی سیاسی و ڕەوتە نیوفاشیستەکان لەناوەندەکانی بورژوا ئیمپریالی جیهانی و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی تر، وە بەپێچەوانەی جەنگ و توندوتیژبوونەوەی کێشمەکێشە جیۆسیاسی و جیۆئابووریـیەکانەوە لە نێوان هێزە ئیمپریالیستەکان و هەروەها هێزە ناوچەییەکانیشدا.

بە حزبی بوونی کۆمۆنیستیـیش، کە شتێک نیـیە جگە لە حزبی بوونی ئەم بزووتنەوە پڕۆلیتاریـیە جیهانیـیە، ئیتر بە پافشاریـیەکی زیاترەوە خۆی دەخاتەڕوو، بە پێچەوانەی هەموو بانگەشەی بورژوازی و ئەو ڕەوتانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست یان سۆشیالیست و چەپ لە قەڵەم دەدەن کە لایان وایە بە حزبی بوونی کۆمۆنیستی باوی نەماوە.

پلینۆم پێی داگرتەوە لەسەر پەرەپێدانی حزبی بوونی کۆمۆنیستی چەکدار بە مارکسیزم و پیادەکردنی زیندووی لەسەر گرێوگۆڵە و پرسەکانی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری، وەک بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەی ڕوو لەهەڵکشانی پڕۆلیتاریای جیهانی لە گۆشە جیاجیاکانی جیهان بۆ گەیشتن بە ژیانێک بێ سەرکوت و جەنگ و چەوسانەوە و هەژاری، کە شایستەی ئیسان بێت.

ڕۆژی سێـیەمی پلینۆم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی (بنەما ڕێکخراوەیـیەکان) و بڕیاردان لەسەر پەرەپێدان و سەروسامان پێدانی کار و چالاکیـیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و میکانیزمەکانی کارکردنی لە داهاتوودا، وە هێنانەدی کردەیـیانەی ئەوەی کە لە پلینۆمدا بڕیاری لەسەر دراوە؛ لەوانە:

“پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی بڕیاریدا کە پلینۆمی پێنجەم لە چەند مانگی داهاتوودا ببەسترێت کە تیایدا بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرەی دووەم دەدرێت”.

لە کۆتایـیشدا پلینۆم بە تێکڕا بڕیاریدا لەسەر بەردەوام بوونی (موئەیەد ئەحمەد) وەک ڕێکخەری گشتی (المنسق العام) کۆمیتەی ناوەندی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) تا کاتی بەستنی پلینۆمی پێنجەم.

پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی لە سەعات پێنجی ئێوارەی (٢٦)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٥) کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا لە کەشوهەوایەکی پڕ لە هەست و ورەبەرزی بەشداربووان و وتاری کۆتایی ڕێکخەری گشتی کۆمیتەی ناوەندی.

پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

(٢٤-٢٦)ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی (٢٠٢٥)

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی و بەرنامەی کابینەکەی، خزمەتە بە چەسپاندنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بەردەوامیدانە بەو دۆخە سیاسییەی کە هەیە

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق دوای زیاتر لە شەش مانگ لە کۆتاییهاتنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی ...

بە بۆنەی گیان لەدەسدانی هاوڕێی ئازیز جەلیل شەهباز

زۆر بەداخەوە هاوڕێی ئازیزمان جەلیل عەبدال شەهباز، دوێنێ دوو شەممە (٤-٥-٢٠٢٦)، لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە ...

بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بە بۆنەی یەکی ئایاری ٢٠٢٦، ڕۆژی هاوپشتی نێونەتەوەیی چینی کرێکارەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕۆژی ...

ڕاپۆرتێک لەسەر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦

بۆ ڕاگەیاندنی دەستبەجێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تیرۆرکردنی (یەنار محەمەد) ژنە کۆمۆنیست و ڕابەری بزووتنەوەی ...

ببنە هاوبەشی کۆبوونەوەی نارەزایەتیمان ٢٤.٤.٢٠٢٦