ئەمڕۆ، (٢٥/٧-٢٠١٩) یەکەمین ساڵڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزرانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) و دەرکردنی بەیاننامەی دامەزرزاندنەکەی بۆ کۆمەڵگە. بەم بۆنە خۆشەویستەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش دەکەین بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و چەوساوەکان و پرۆلیتاریای سۆشیالیست، و گشت خەباتکارانی کۆمۆنیست، ئازادیخواز، مرۆڤدۆست و یەکسانیخواز. ھەروەھا پیرۆزباییەکی گەرمی پڕ لە ئومێد و پێداگری لە ھەموو ئەندامان و لایەنگرانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) دەکەین.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەیاننامەی دامەزرانیدا، کە پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و دوورودرێژ ئامادەکرا وە ٢٢ ھاوڕێ ئیمزایان کرد، لە ڕۆژی ٢٥ی تەموزی ٢٠١٨ دا پێمان نایە ناو قۆناغێکی نوێی ڕەوەندی خەباتی کۆمۆنیستیمانەوە کە بۆ ھەندێکمان بەردەوامیی خەباتی زیاتر لە چوار دەیە بوو. لەگەڵ دامەزرانی ئەم ڕێکخراوەیەدا ھەنگاوێکی نوێ و چونایەتی و گرنگمان ھەڵھێنایەوە لە مەیدانی خەباتی چینایەتی سۆشیالیستی و بزووتنەوەی پرۆلیتاریای کۆمۆنیست لە عێراقدا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزرانیەوە ئاڵای ئەم بزووتنەوە کۆمۆنیستیە پرۆلیتاریە و ئاسۆ و ئامانجە ڕزگاریخوازەکانی، ئاڵای تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکسی بەرز کردۆتەوە و کردومانە بە ئاسۆ و ئامانجی ڕزگاریخوازانە و تیۆری شۆڕشگێڕانەی خۆمان بۆ خەبات کردن، ئەوە بوو ڕێگەمان نەدا کە ماوەی نێوان ڕاگەیاندنی دامەزرانی ڕێکخراوەکە و بەستنی کۆنگرەی دامەزراندن درێژە بکێشێت، وە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ دا توانیمان کۆنگرەی یەکەم ببەستین لە بەغداد لە ڕۆژانی ١٧ تا ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٨ بە ئامادەبوونی زۆربەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە و کۆمەڵێک میوان لە ھاوڕێیانی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز.
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکی دوای کۆنگرە ژمارەیەکی زۆر لە خەباتکارانی کۆمۆنیست لە بەشە جیاجیاکانی عێراق؛ کوردستان، ناوچەی ڕۆژئاوا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، لە دەوری کۆبونەوە و ئەم ڕێکخراوەیان کردە ئامرازی خەباتی شۆڕشگێڕانە و کۆمۆنیستانەی خۆیان و وەک ئەندام و کادر و ڕابەری ڕێکخراوەکە بەردەوامیان بە چالاکی دا. لە کاتێکدا ئیمە لە ئێستادا لە یەک ڕیزی یەکگرتوانەدا خەبات دەکەین، لە هەمانکاتیشدا لە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و بەردەوامداین لەگەڵ بەشەکانی تری کرێکاران و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست و کۆمۆنیست، چ وەک تاکە کەس و چ وەک ڕێکخراوە و ئەڵقە، هەروەها کاردەکەین بۆ بەھێز کردنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریایی لە تەواوی لایەنەکانیدا، بەرەو دامەزرانی حیزبێکی کۆمۆنیستی پرۆلیتاریای بەھێز و بەتوانا.
لەگەڵ ھەموو ئەو کارانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون لە مەیدانی سیاسی و ڕێکخراوەییدا، ھێشتاش ئەرکی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورە، ھەروەھا ئەرکی ڕێکخراوەیی و فیکری جۆراوجۆر لەبەردەمماندایە کە بەوپەڕی ماندونەناسانە و پێداگرییەوە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ جێبەجێ کردنیان.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە باوەڕی پتەوی بەوە ھەیە کە ھەستانەوەی چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بەتوانا، وە هەستانەوەی ڕەوتی پرۆلیتاریای سۆشیالیست و حزبەکەی، وەک ڕەوتێکی سیاسی و حزبی کاریگەر، نەک هەر بۆ بەدەستھێنانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئازادی و یەکسانی پێوستن، بەڵکو مەرجی سەرەکی ڕزگاربوونیشن لە نەداری ئابووری و چەوساندنەوەی سیاسی و ئەو جەنگانەی کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی سەردەم دەبنەوە لەژێر سایەی ڕژێمی سەرمایەداریدا. ئەم ڕاستیە زۆر بە ڕاشکاوی لە دووتوێی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و ھەموو ناوچەکەدا خۆی نیشان دەدات.
باس کردن لە کۆمۆنیزم و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی بەدابڕاوی لە جێگەوڕێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی پرۆلیتاریا و ئاسۆی ڕزگاریخوازانەی ئەم چینە، باسی کۆمۆنیزمی چینەکانی ترە، ئەم جۆرە باس کردنە لە کۆمۆنیزم سیاسەتێکی بۆرژوازی داپۆشراوە بە ڕستە و دەستەواژەی سۆشیالیستی و کرێکاری و شۆڕشگێڕیەتیەکی سەرزارەکی. ئامادەبوون لە مەیدانی ئەم جەنگە چینایەتیە کرێکاریەی کە لە ناو کۆمەڵگە دا لە ئارادایە، پێش ئەوەی کارێکی تەنھا ڕێکخراوەیی بێت، کارێکی سیاسی و فیکری و خەباتکارانەیە. ئەم ئامادەبوونە بەمانای ئامادەبوونێکی بەکردەوە و ڕاستەقینەیە لە مەیدانی خەباتی سیاسی و ئابووری چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش، وە کارکردنە بۆ پتەوکردنی سەربەخۆیی سیاسی و فیکری ئەم چینە دژی بۆرژوازی لە هەر ھەنگاوەێکدا کە دەینێت، وە چەسپاندنی زەمینەی تیۆری و سیاسی و عەمەلی ھەموو ئەو سەنگەرانەیە کە لەم جەنگەدا بە دەستیان دەهێنێت.
جگە لەمەش، ڕواڵەتەکانی کێشمەکێشی چینایەتی و شێوازەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری کە لە کۆمەڵگەدا لە ئارادان، تاڕادەیەکی زۆر جۆراوجۆر و بەرفراوانن. وە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، وەک ھەر ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی پرۆلیتاری و بەگشتی پرۆلیتاریای سۆشیالیست، ناتوانێت دەستەوەستان بێت بەرامبەر ھیچ شێوەیەک لە شێوەکانی ئەو ستەم و ھەڵاواردن و چەوساندنەوەیەی دژ بە دەستە و توێژە کۆمەڵایەتیە چەوساوە و بێبەشەکان دەکرێت لە ھەر مەیدانێکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. ھەروەھا ناتوانێت وەک ڕێکخراوێک و حیزبێکی سیاسی خاوەن ئۆتۆریتە بەرەوپێش بچێت و گەشە بکات، بەبێ بەهێزکردنی بەرەکانی جەنگی توێژە پەراوێزخراوەکان و ھەژارکراوان و زەحمەتکێشان و هەوڵدان بۆ قەناعەت پێهێنان و کۆکردنەوەیان لە دەوری ئاڵای جەنگی چینی کرێکار لەپێناو سۆشیالیزمدا.
بەھەمان شێوە، خەباتی سەرسەخت دژی چەوساندنەوە و ھەڵاواردنی ژنان، وە خەبات دژی ھەموو جۆرە ھەڵاواردنێک لەسەر بنەمای جێندەر و ڕەنگ و ئاین و تائیفە و قەومیەت و بیروباوەڕ، وە دژی دواکەوتوویی و دابونەریت و خورافات،… لە ئەرکە دەستبەجێ و سەرەکیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ن.
ھەروەھا (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ڕووبەڕووی ئەو ئەرکەشە بۆتەوە کە خەبات کردنە دژی ھەموو ڕواڵەتەکانی ستەمی سیاسی و پێشێل کردنی ماف و خنکاندنی ئازادیە سیاسی و مەدەنی و تاکە کەسیەکان و بێمافیەکانی تر، لەگەڵ ئەرکی خەبات کردن لە مەیدانەکانی فیکر و ئەدەب و ھونەر دژی باڵادەستی بیروباوەڕی بۆرژوازی و بیروباوەڕی بەسەرچووی سەدەکانی ناوەڕاست لەنێو ڕیزەکانی جەماوەری پرۆلیتاریادا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) ڕێکخراوێکی خەباتکارە لە ھەموو ئەم مەیدانانەدا، وە لێرەوە وەک خەباتکارێکی گشت ئەم مەیدانانە، دەتوانێت گەشە بکات و بەرەو پێش بڕوات لە ڕەوەندی خەباتکردنیدا بۆ هێنانەدی ئامانجە چینایەتیە پرۆلیتاریەکان و بەرنامە کۆمەڵایەتیە کۆمۆنیستیەکەی.
لە کاتێکدا پیرۆزبایی یادی یەکساڵەی دروست بوونی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) دەکەین پێدادەگرین لەسەر ئەوەی کە بە ھێزێکی گەورەتر و سووربوونێکی زیاترەوە کار بکەین بۆ بەجێھێنانی ئەرکەکانی خەباتی سۆشیالیستیمان. لەماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بە لەخۆبردوویی و دڵسۆزیەکی گەورەوە دەست بەکار بووین، وە بەردەوامیش دەبین بە شێوەی بەرفراوانتر و دەستکەوتی گەورەتر.
بژی سۆشیالیزم
بژی یادی یەک ساڵەی دامەزراندنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)
کۆمیتەی ناوەندی
٢٥ی تەموزی ٢٠١٩
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
