دابڕانێک لەنێوان ژنانی کۆمەڵگە و ژنانی ڕێکخراوەکاندا هەیە

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەی “ڕەوت” لەگەڵ هۆزان مەحمود، فێمینیست، چەپ و شارەزا لە بواری جێندەردا.

ڕەوت: سوپاس بۆ ئەو کاتەی کە دەیبەخشیت بە ڕۆژنامەکە. تۆ لەم ماوانەدا لەسەر زۆرێکی ئەو ڕووداوانەی کە لەنێو میدیای کوردیدا بڵاوبونەتەوە، سەرنجی تایبەتی خۆت هەبووە، بەناڕەزایەتیەکی زۆرەوە بیروڕاکانی خۆت دەنوسی بۆ نمونە سەبارەت بە “کوژرانی دوو خوشکەکەی چەمچەمال، کوژانی ژنەکەی کەلار لەلایەن سێ براکەیەوە، کێشەی دەستگیرکردنی سۆلینای دهۆک، هەروەها کیژە (١٣) ساڵانەکەی کە لەبری قەرز هاوسەرگیری پێکرابوو، …” لەسەر زۆر لایەنی کلتوری نیرسالاری، دەستەپاچەیی ژنان و ناکارامەیی ڕێکخراوەکانی ژنان دەنوسیت و ڕەخنە دەگریت … بۆ ئەمە هەیە؟

هۆزان مەحمود: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. مایەی خۆشحاڵیمە. بێگومان مرۆڤ دەبێت لەو هەموو ناعەدالەتی و کۆنەپارێزی و ژنکوژییەی کوردستان تووڕە بێت. ئێمە سەرەڕای حکومەتێکی خەمسارد و بێباک بەرامبەر ژیانی خەڵک لە کوردستان بەگشتی و ژنان بە تایبەتی، لەو لاوە کێشەی خەمساردی و بێباکی ڕێکخراوەکانی ژنانیشمان هەیە. ئەگەر زۆر وردتر قسەبکەم، لە ساڵی (٢٠٠٣) بەدواوە واتە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، بە سەدان ڕێکخراوی (ئین جی ئۆ) بۆ پرسی ژنان دامەزراون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەموو حیزبێکیش ڕێکخراوی تایبەت بە ژنانی هەیە. هەم حکومەتی هەرێم و هەم حکومەتەکانی وەکو ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و زۆری تریش، بە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و یوئێنیشەوە ساڵانە ملیۆنەها دۆلار دەدەنە بەشێک لەم ڕێکخراوی ( ئین جی ئۆی) ژنانە بۆ ڕاپەڕاندنی کۆمەڵێک چالاکی سواو و دووبارە و دابڕاو  لە واقیعی ژنی کورد. بۆ نمونە؛ ماوەیەک سەرقاڵیان  کردبوون بە ئاوارەکانەوە، ئێستاش چەند ساڵێکیشە بە بڕیاری (١٣٢٥)ی یوئێن و بەشداری ژن لە ئاشتی و بنیاتنانەوەدا و پرسی بەشداری ژنان لە پەرلەمان و سیاسەتدا و دروستکردنی ژنی سەرکردە و کۆمەڵێک پڕۆگرامی نیۆلیبراڵی، کە تەنها ژمارەیەک لە گەنجی چینی مام ناوەند سودمەندن لێی. لێرەوە دابڕانێک لەنێوان ژنانی کۆمەڵگە و ژنانی ڕێکخراوەکاندا هەیە کە بوونە چینێکی پڕۆفیشناڵ و سەرۆک و مودیر، کە هیچ بەرژوەندیەکیان لەگەڵ ژنانی چینی کرێکار و هەژار و کەمدەرامەتدا نییە. ئەمە ئەو دیمەنەیە کە ئێستا کوردستان و ئێراقیشی گرتۆتەوە بەداخەوە.

ڕەوت: با پرسیارێکی بنەڕەتی تر بکەین ئایا کێشە و چەسانەوەی ژنان، بابەتێکی کلتورییە؟ سیاسیە؟ ئایینیە؟ یان دەرهاویشتەی سیستەمی سەرمایەدارییە؟

هۆزان مەحمود: کێشەی چەوسانەوە و پەراوێزخستنی ژن زادەی ڕەوتی گۆڕانکاریە لە ژیان و گەشەکردنی شارستانیەتەکاندا، کە هەرکامە و خوازیاری جۆرێک لە پەیوەندی جێندەری بووە. ئەگەر ئێمە سەیری کۆنترین تێکستەکان بکەین کە لە مێژووی مرۆڤدا نوسراون دەبینین وێنای ژن بە پێی سەردەمەکان گۆڕوان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ژن هەمیشە وەکو ڕەگەزی لاواز ، ئاژاوەگێر و نا ئەقڵانی و سۆزدار وێناکراوە، کە پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت لەلایەن پیاوەوە. لەمەش خراپتر، توندوتیژی و دەستدرێژی بۆسەر ژنان و بێماف کردنیان لە زۆرێک لە چیرۆک و شیعر و داستانە کۆنەکانی گریک و ڕۆمەکاندا هەیە. دوای ئەمانیش لە کتێبە ئاینیەکاندا کە دیسان بە جۆرێکی تر ژن دەخنە ژێر چەوسانەوە.

ئێمە گەر بە تەنها بڵێین؛ هەموو کێشەی ژن لە جیاوازی چینایەتیدا کۆبۆتەوە و بە نەمانی سیستمی سەرمایەداری ئەم کێشە لە مێژانە کۆتایی دێن! ئەوا بە بڕوای من دەکەوینە هەڵەی گەورەوە. کێشەی ژن بەر لەسیستمی سەرمایەداریش هەبووە. ئەم کێشەیە پەیوەندی بە هێز و هەیمەنەی ڕەگەزەکانەوە هەیە بەسەر یەکتردا. بەتایبەت ڕەگەزی نێر بەسەر مێدا. دیارە ئەمە لە سەردەمە جیاکاندا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. بەشێکیشی بەهۆی بەرەنگاری ژنان خۆیانەوە، بەتایبەت لە سەدەی نۆزدە بەدواوە لە فەزای گشتی و کایە جیاوازەکانی وەک سیاسەت و کولتور و بازاڕی کار و ئابووریدا توانیویانە بوونی خۆیان تا ڕادەیەک بسەپێنن، بەڵام ئەمەش کۆتایی بە ستەم لە دژی ژنان نەهێناوە، جیاوازی چینایەتی، بێکاری و هەژاری و کاری تاقەت پڕوکێنی ناوماڵ، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی تا ئێستاش ژنانی لە نێوان مەرگ و ژیاندا ڕاگرتووە. ئەمەش پێویستی بە وەڵام دانەوە و ڕێکخستنی هەمە لایەنە هەیە. بێگومان خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری دەبێت دژایەتیکردنی جیاکاری چینایەتی و کاپیتاڵیزم لە خۆیدا بەرجەستە بکات.

ڕەوت: تۆ لە هەندێ وتاریشدا ڕەخنەت لە سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئەم سەردەمە گرتووە، بە دروستکردنی هەندێک ڕێکخراوەی موزەیەفیشەوە بۆ بەرگری لە ژنان.

هۆزان مەحمود: بێگومان، ناکرێت لەم سەردەمەدا ڕەخنە لە نیۆلیبرالیزم نەگرین، چونکە هۆکارێکی سەرەکی کەڵەکە بوونی سەرمایەیە لای یەک لە سەدی دانیشتوان و بێکارکردن، هەژاری و بەتایبەتکردنی کەرتی گشتی کە تەنها نەهامەتی پێوەیە بۆ خەڵک، هەموو ئەمانە زادەی نیۆلیبرالیزمە. لەهەمانکاتدا سیاسەتی کورتکردنەوەی کۆی دۆزی ژن بۆ بە دەسەڵات، گەیشتنی کەمینەیەک لە ژنان بە پلە و پایە لە ناو سیستمی کاپیتالیزمدا. نموونەی ئەمەش زۆرە کە لە کوردستان و ئێراق و زۆربەی وڵاتانی تردا کە لە ژێر ڕەحمەتی فەند و داگیرکاری ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیاندان، و بە ئاشکرا ئەجێندایەکی نیۆلیبراڵی هەیمەنەی کردوە بەسەر کۆی کار و چالاکی ژنان و بوارەکانی تردا. بۆ نموونە؛ بۆ کۆنترۆڵ کردن و قۆرخکردنی بزوتنەوەی ژنان و کرێکاران و هەر جوڵەیەکی تری ڕادیکاڵ و چەپ، ئەمان هاتوون ئەڵتەرناتیڤی ئێن جی ئۆییان دروستکردووە و بە ملیۆنان دۆلار دەدنە ئەم ڕێکخراوانە بۆ پرۆگرامی (کۆتای ژنان، بەشداری سیاسی ژن، دروستکردنی ژنی سەرکردە و ژنی کارساز) هتد. ئەم پڕۆگرامانە بە پێشەسازکردنی دۆزی ژنە و دەرهێنانێتی لە خەسڵەتی شۆڕشگێڕی. دەکرێ ئەم شتانە بۆ کەمینەیەک لە ژن سودی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دابڕانیانە لەهەر فیکر و دونیابینیەک کە هەڵقوڵاوی واقیعی لۆکاڵ بێت.

ئێمە ئەمڕۆ لە کوردستان چینێکی بازرگانمان لە ژن بۆ دروست بووە بە دۆزی ژنەوە کە خۆیان لە ماڵەکانیاندا کارەکەری نیپاڵی و ئەفریقی ترافیک کراویان ڕاگرتووە بۆ خزمەتی خۆیان. ئەمانە تەنانەت لەم خۆپیشاندانەی گەنجاندا هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو، نە ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و نە بەشداریکردن. بەڵکو بینیمان کە ژنانی تر لە دەرەوەی ئەم ڕێکخراوە نیۆلیبرالیانەی ژنان سەربەخۆ بەشدار بوون. ئەم ڕێکخراوە فەندکراوانە ئێستە لەمپەرێکن لەبەردەم دروستبوونی هەر دونیابینی و جوڵەیەکی ژنانەی کوردیدا کە باوەری بە کاری ڕێکخستن و هەرەوەزی و هاوپشتی ژنانە هەبێت. کە لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تردا لە مەیداندا بێت بە خواستەکانی خۆیەوە.

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی

ڕزگار عومەر هەڵدانەوەی مەلەفی "گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی" لەسەر نیازێك یان لەسەر ئیختیارێك نیە لە ...

کۆکاکۆلاکەی نیچە!

عومەر خەتات لەم چەند ڕۆژانەی کۆتایی ساڵی پێشوو (٢٠٢٠) و سەرەتای ساڵی نوێ، هاوڕێم پێشڕەو ...

دوو ڕاپۆرتە هەواڵی کرێکاری لە ووڵاتی مەغریبەوە

ئامادەکردنی: عەبدوڵا ساڵح یەکەم: ڕۆژی (٨-٢-٢٠٢١) لە شاری تەنجە کە دەکەوێتە باکوری ئەو ووڵاتە کارەساتێکی ...

دە ساڵ بەسەر شۆڕشی تونس و میسردا، ئەی دەربارەی گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە لە ئێستادا چی؟

موئەیەد ئەحمەد دە ساڵ بەسەر شۆڕشی میسردا تێدەپەڕێت، کە لە (٢٥)ی کانونی دووەمی (٢٠١١)دا بەرپابوو، ...

واقعی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان بزوتنەوەی حەڤدەی شوباتی تێپەڕاندووە (لە یادی دە ساڵەی ئەو بزوتنەوەیەدا)

نادرعبدولحمید شوباتی ئەمساڵ (٢٠١١) دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆپێشاندانێکی بەردەرکی سەرای سلێمانی کە لە پەرەسەندنیا ...

%d مدونون معجبون بهذه: