شۆڕشی برسیەکان و ژیلەمۆی ڕاپەڕینی لاوانی بێکار ڕوماڵێکی گشتی خۆپێشاندانەکانی دێسەمبەری (٢٠٢٠)

ئامادەکردنی ڕاپۆرت: جەمال کۆشش

(ئێمە جێی ناهێڵین، نا نەخێر بۆتان جێناهێلین، ئیوە دەبیت بڕۆن). گەنجێکی کەلار لەناو خۆپیشاندانەکاندا.

(هێزە ئەمنیەکان خۆپیشاندەران دەکوژن، خەڵکیش مەدەنیانە وەڵامیان دەداتەوە، خۆپیشاندەران ئاڵای حزبە سیاسیەکان تەنانەت وێنەی مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتیش دەسوتێنن). “مایکل ڕۆبن” نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری ئەمریکی.

(ئەمجارەش نا، لەسەر موچە نا، لەسەر دەیان ساڵی تاوانەکانی شاخ و شارتان، کۆتاییتان هەر دێ). عەبدوڵا پەشێو.

-*-*-*

نزیک بە (٣٠) ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی هەژاری و شەڕ و نایەکسانیە. چینی  دەسەڵاتدار و حزبەکانی لایەک بە خوێن ڕشتن و جەلادیی (پارتی و یەکێتی)، و لایەکیش بە هەڵخەڵەتاندن و بەڵێندانی درۆی بەناو ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامی و لیبرالەکانی وەک (گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ)، کوردستانیان بەم دۆخە گەیاند.

لە ماوەی  ئەم (١٥) مانگەی کابینەی نۆدا، حکومەتی هەرێم خەڵکی کوردستانی ڕاپێچکردە نێو هەژارترین، داپلۆساوترین، نائارامترین و بێمافترین و بێهیواترین مێژووەوە. هەر لەسەرەتاوە چین و توێژە چەوساوەکان بە هەزار شێوازی ئاشتی و نائاشتی دادوفیغان و تووڕەییان دەربڕی. بەتایبەت لە مانگی (٨)ی (٢٠٢٠) بەدواوە، چەخماخەی ڕاپەڕین لێدرا و مەشخەڵەکەی بە نێو کوردستاندا سوڕاوەتەوە.

سوتاندنی بارەگاکان لە هەڵەبجە، رانیە (مانگی ٨)، خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە سلیمانی و کەلار (ئۆکتۆبەر)، خۆپیشاندانەکانی زاخۆ و دهۆک و شیلادزێ (مانگی ٨ تا مانگی١٠). مانگرتنی دکتۆر و سەرپەرشتیاران و کرێکارانی کەرتی تەندروستی لە ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەردا، کرێکاران و کارمەندانی کارەبا، بایکۆتی مامۆستایان، … دەسەڵاتداران تەنها و تەنها زمانی پەیوەندییان: کوشتن و سەرکوت و ڕفاندن و زیندانی و تۆمەتی موئامەرە بوو. جەماوەر ئاگایی خۆبەخۆیی گەیشت بەوەی کە ئەبیت قۆڵی لێهەڵماڵێ و لە نێو سلیمانی و دەوروبەری بەشێوەیەکی سەرانسەری و ڕژد یەخەی دەسەڵات ڕاتەکێنن. ئیدی بەڵێنی موچەش نەیدەتوانی توڕەیی خەڵک دابمرکێنێتەوە. زستانی کوردستان، بووە بەهاری ڕاپەرین. ڕوو لە ناوەندی دەسەڵات و گڕبەردان لە سمبول و پایەگاکانی وجودیان،  شۆڕشکردن بەسەریدا و ڕزگارکردنی کۆمەڵگای کوردستان لە چنگ تاقمێکی کەمی ملیاردێری کۆنەپەرست. لەم ڕاپۆرتەدا زۆر بەکورتی ئەم ڕووداوە مێژووییە ئەم ڕاپەڕینەی سەرەتای مانگی دێسمبەری (٢٠٢٠) ڕوماڵ دەکەین.

نێو شاری سلێمانی: چەند ڕۆژ بوو سلێمانی دەکوڵا، خەڵک لەسەر جادەوبان دەسەڵاتیان بە نەعلەت دەکرد و دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزدەکردەوە، چەند کەس لە هەڵسوڕاوانی جەماوەری، دەستەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و موچەخۆران، ڕۆژی (٢-١٢-٢٠٢٠) بانگەوازێکی خۆپیشاندانیان لەبەردەم پارکی گشتیدا، بڵاوکردەوە. جەماوەرێکی فراوان بەدەم بانگەوازەکەوە هاتن و لەسەر پێشنیاری چەند هەڵسوڕاوێکی ناسراوی بزوتنەوە جەماوەرییەکان، لەوانە نەوزاد بابان، ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکە بەرەو بەر دەرکی سەرا (ناوەندی شار)، ڕێگای گرتەبەر. دوکان و بازار داخران و تا دەهات جەماوەر پەیوەست دەبوون و بە جۆشوخرۆشەوە هوتافیان دەوتەوە (بڕوخێ دز، شەریکە دز، ..)، (ئەندازیاری تاڵانی، بارزانی و تاڵەبانی)، دەیان لە ژنان و پیاوان و خەڵکی ناڕازی لە میدیاکانەوە توڕەیی و خواستی ڕۆشتنی حکومەتیان دەردەبری و داوایان لە خەڵکی کوردستان دەکرد، هەستنەسەرپێ و ڕاپەڕن. دەزگا سەرکوتکەرەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسانی ئەمنی شار لەژێر سەرپەرشتی پاریزگاری سلیمانی (هەڤال ئەبوبەکر/ لە پۆستی گۆڕان)، بەشیوەیەکی زۆر هۆڤیانە کەوتنە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران بە گولـلەی پلاستیکی و غازی فرمێسکڕێژ و لێدانیان بە کێبڵی کارەبایی و گرتن و تۆقاندنیان. ئارام حسێن لە سایتی هاوڵاتی  دەنوسێت “ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ من بینیم له‌ ئاسایشی سلێمانی، رێك ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ساڵانی هه‌شتای بیرخستمه‌وه‌ كه‌ ئەمن و قوة خاصةكانی به‌عس كۆڵان به‌ كۆڵان ڕاویان ده‌ناین!” یەکێک لە خۆپیشاندەرە ژنەکان دەڵێت: ئەوان بە  شوێنمان کەوتن ئێمە خۆمانکرد بە کۆڵان و گەڕەکەکان، بەڵام کۆڵیان نەدا هەر بەشوێنمانەوە بون، ناچار خۆمان دەکرد بەماڵەکاندا، هەمومان پەرتەوازە بوین، کەس فریای کەس نەدەکەوت، هێزەکان خۆیان دەکردە ماڵەکان بە دار و سۆندە گەنجەکانیان دەبردە دەره‌وە”.

سەرەڕای هێنانی هێزی چەکدار لەدەرەوەی سلێمانی، بەڵام خۆپیشاندان لە سەنتەری شار و گەڕەکی وڵوبە و بەکرەجۆ هەر بەردوام بوو. بە گویرەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی (٥٤) کەس برینداربوون.

ڕۆژی (١١-١٢-٢٠٢٠)، بڕیار بوو لەبەردەم پارێزگای سلێمانی خۆ پیشاندانی هیمنانە بەڕێوە بچێت کە لەلایەن “کۆنگرەی دەنگە ناڕەزاییەکان” بانگەوازی بۆ کرابوو بە پشتیوانی (نەوەی نوێ) و (کۆمەڵی ئیسلامی). بەڵام بەر لە گردبونەوە تەواوی سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە لەگەڵ نزیکەی (١٠٠) کەس گیران.

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلیمانی دوایین ڕاگه‌یه‌ندراوی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی حكومه‌تی هه‌رێمی بڵاوکردەوە کە جه‌ختكراوه‌ته سەر ئەوەی‌ “هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چیتر ڕێگە نادەن خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان بەردەوامییان هەبێت و سەربكێشن بۆ پشێویی و توندوتیژیی”، هه‌روه‌ها “هێزەكان دەستكراوەن بۆ ڕاگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا بۆ سزادانی هەر کەس و لایەنێک کە سەرپێچی بکات” و داوای لە میدیاکاندا کرد بیدەنگ بن. کاناڵی (ئین.ئاڕ.تی)شیان داخست. بەمجۆرە تەنها و تەنها سەرکوت و زیندانی و کوشتار و دەمکوتکردن دەتوانیت دەسەڵاتیان درێژ بکاتەوە.

هەڵەبجە: شەوی شەش لەسەر حەوت (٦/٧)ی مانگی دوانزەی (٢٠٢٠) لە پارێزگای هەڵەبجەش خۆپیشاندان دەستیپێکرد و لە ناوجەرگەی شار بۆ ڕیگاگرتن لە ‌‌هێزە ئەمنییەکان ئاگرکرایەوە، توندوتیژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا چەندین کەس بریندار بون. بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی یەکێتی و پارتی، بەهۆی ئەوەی مارانگاستە ببون (بارەگاکانیان لە مانگی ئۆکتۆبەردا سوتێنرابوون)، هەر زوو لەشکرێکی زۆریان لە بارەگاکانیان کۆکردبوەوە. بەپێی ووتەی “ئارۆ هەورامی”، یەکیک لە هەلسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان، لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی گردبونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدرا. هێزێکی زۆر چ لە پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و هێزی فریاکەوتنی بەرگری و ئاسایش سیمایەکی سەربازیان بەشار بەخشیبوو، مەیدانی گردبونەوەکە و بارەگای هەردوو حزبی (یەکیەتی) و (پارتی)یش سیمای سەربازگەیەکی وەرگرتبوو، زیاتر لەوەی ئۆفیسی ڕێکخستنی سیاسی حیزبی بن. بەهۆی بونی ئەو هێزە زۆرەوە و گرتنی کۆمەڵێ گەنج، دەکرێت بوترێت خەڵک کەمتر دەرفەتی خۆپیشاندانی هەبوو. لە گردبونەوەکەی ڕۆژی (١١-١٢-٢٠٢٠)ی هەڵەبجەدا هێزێکی یەکجار زۆر گەمارۆی گەنجانیان دابوو کە بە خوێندنەوەی سرود و شیعر و هوتاف دان ناڕەزایەتیەکانیان دەردەبری.

هەڵەبجەی تازە: بۆ چەندین ڕۆژ خۆپیشاندەران نارەزایەتیان دەربڕی بارەگای ناوچەی پارتی دیموکراتیان سوتاند و هێزێکی ئەمنی زۆر بۆ پاراستنی بنکە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی تر بڵاوەیان پێکرا بوو.

سەید سادق: خۆپیشاندانی ئەم شارە بەگوڕترین و پڕ لە وزەی یاخیبون بوو کە بەرۆحیەتی باڵای ڕوناکی بەخشی بە شۆرشی برسیەکانی کوردستان، زمانی داواکاری گۆڕی بۆ پڕاتیکی شۆڕشگێڕانەی ڕاپەڕین: کاوەی شیخ عەبدوڵا نوسینێکی لەسایتی ڕادیۆی دەنگدا بەناوی ئەو شەوە من لە سەید سادق بووم بڵاوکردۆتەوە “ئێمە هەر کە گەیشتینە مقەڕی (کۆمەڵی ئیسلامی) ووتی توخوا ئاگاتان لەخۆتان بێ، هەرچیمان بەر دەست کەوت سوتاندمان، … (گۆران)ەکان یەکسەر بارەگایان چۆڵ کرد.. بەس (پارتی)یە ….کان تەقەیان دەکرد تا چووینە سەریان..).

ئەرسەلان ئەفراسیاو (دانشتوی سەید سایەق)، لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی “لانیکەم ئەوەی من لە سەیسایەق ئەیبینم، ئەو لاو و مێردمنداڵانەن کە بەڕادەیەکی زۆر سەروکاریان لەگەڵ فەزای مەجازی و گەیمین و جیهانی شاشەدا هەیە، ئەوانەی کە پێماندەوتن گەنجەکانی تیکتۆک. بۆیە ئەم جووڵەی ئێستا بە تەواوی گریمانەی ئەوەی ئاوەژۆکردەوە کە ئەم نەوەیە هیچ رەبتێکی بە واقیعەوە نەماوە و ناتوانێت دەستکاری واقیع بکات”.

خۆپیشاندانەکان لەم شارۆچکەیە بەبەشداری ژمارەیەکی گەنج و لاو، بە حەماسەتەوە هەنگاویان دەنا بۆ هەڵپێچانی دەسەڵات. تەواوی بارەگای حزبەکانیان  بە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکیتی و پارتی و بینای قائمەقامیەتیشەوە سوتاند.

بە خوێنڕشتنی (هەرێم عەلی و ئاکار جەبار) و دەیان بریندار، بەهێنانی هێزی دەرەوە و نامۆ و دەمامکدار و پڕ چەک، بە زیندانی کردن و ڕفاندن، سێ (٣) ڕۆژی گەرمی خۆپیشاندانەکان سەرکوتکرا. لە یەکێک لە پەیجەکاندا نوسرابوو کاسبکاران و دووکاندارەکانی شاری سەید سایەق، ئامادەنین خواردن و شتومەک بەو هێزەی هینراوەتە شارەکەیان  بفرۆشن.

پیرەمەگرون: ڕۆژانی (٥ و ٦ و ٧ی-١٢-٢٠٢٠)  لەسەریەک جەماوەریكی زۆر ڕێگای سلیمانی – دوکانیان داخست و هاتوچۆ پەکیخرا. هێزە ئەمنیەکان بە گازی فرمیسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی ڕووبەڕوویان بونەوە و چەندین کەسیان بریندار کرد و هەندێکیان بەهۆێ سەختی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی گواسترانەوە. پاشان خۆپیشاندەران چونە سەر فەرمانگەی هاتوچۆ و هێرشیان بردە سەر (کومیتەی) یەکیتی و (مەکۆی) گۆران و ئاگریان تیبەردا، (بارەگای پارتی) بەهۆی تەقەوە نەتوانرا بگیرێت. وە خەڵکە کە زۆر داوایان دەکرد  لە دەزگا سەرکوتکەرەکان و لە پۆلیس و هێزی چالاکیە مەدەنیەکان، کە پەیوەست بن بەوانەوە. وە داوایان دەکرد کە خەڵک هەمووی ڕاپەڕین بکات. وە دوپاتیان دەکردەوە کە ئەمجارە ئیدی ڕێگا نادەین خۆپیشاندانەکانمان ببنە پەیژە بۆ بەرزکردنەوەی چەند لایەنیک بۆ ناو دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر سەروەت وسامانەکانمادا و ئێستاش سەرکوتمان دەکەن. هەر لەو پەیوەندەدا (٥) لە خۆپیشاندەران بریندار کران و یەکێکیان، برینەکەی سەختە.

قەڵادزێ: لە رۆژی (٥-١٢-٢٠٢٠) بە دواوە بەردەوام لاوان و کرێکاران و بێبەش و بێموچە و بێکارکراوەکان لە ناوەندی شار خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگای هاتوچۆی نێو شاری قەڵادزەیان دەبەست، وە کابوسی هەژاری و بێکاری بڕستی لە لاوان بڕیوە و ئەوان پێڵاویان بەڕووی دەسەڵاتدا بەرز دەکردەوە. هێزە ئەمنیەکان زۆر بەچڕی بە دەوری بارەگا و بنکەی حزبەکان و خۆپیشاندەراندا بڵاوەیان پێکرابوو. دەیان کەس هاواریان دەکرد بڕوخی دز، بڕوخێت ئەم حکومەت و دەسەڵاتە. وە بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت پەیوەست دەبن بە خۆپیشاندەرانەوە.

ڕانیە : لە (٥-١٢-٢٠٢٠) بە دواوە بە بەردەوامی خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە ناوجەرگەی شار و لە باخچەی ڕانیە بەرپادەکرا. خۆپیشاندەران کە لاوانێکی هەژار و مامۆستایانی بێموچە و کارمەند و کاسبکاران و زەحمەتکێشی دەستفرۆش بوون، بۆ چەندین ڕۆژ لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان دەستەویەخە بوون. نزیکەی (٥٠) کەس برینداربوون و چەندین کەس تائیستا بێسەر و شوێنن.

لەو بارەوە هاوڕێ عومەر چاوشین چالاکوان و ڕۆژنامەنوس، بۆ ڕەوت ئەم لێدوانەی پێداین “ئەگەربمانەوێت باس لەهەر کێشە و گرفت و ئافاتێک بکەین لەو سنورەجوگرافیەی کە ناویان ناوە حکومەتی هەرێم، ناکرێت نەگەڕێینەوە بۆ مێژووی ڕەفتاری دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی لە عیراق. لە ساڵی (١٩٩١)ەوە تا خۆپێشاندانی (٤-١٢-٢٠٢٠) واتا لە ماوەی نزیک بە (٣٠) ساڵ خەڵکی کوردستان خەبات دەکات لە پێناو نان و کار و ئازادی و نەهێشتنی زوڵمی چینایەتی و ڕەگەزی و کلتوری و خوازیاری ئازدیە بەڵام دەسەڵات (٣٠) ساڵە خۆی کەڕکردوە، هەرکات خەڵک دەنگیان بەرزکردۆتەوە، کوژراون یان ڕاپێچی زیندانکراون یاخود بەبیانوی تێکدانی ئاسایش و شێواندنی ئەزمونی کوردی بەخیانەت مەحکومکراون. ئەوناڕەزایەتیانەی لەماوەی (١٠) ساڵی ڕابردودا سەریان هەڵداوە زۆربەیان ئومێدی شۆڕش دەدەن بەدەستی گەنجە ماندوەکان.

دەسەڵات لەترسی کۆتایی پێهاتنی تەمەنی (٣٠) ساڵەی پڕ لە شەرمەزاری بەجۆرەها چەک ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوەوە. هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لەوشوێنانەی ناڕەزایەتیەکانیان تێدا بووە، بە گولـلەی بڕەر و غازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی پلاستیکی و کێبڵی کارەبایی و بەرد ڕوبەروی خۆپیشاندەران بوونەوە، ئەو شوێنانەی هیچ بارەگایەکی حزبی تێیدا نەسوتا قەزای کۆیە و ڕانیە و قڵادزە و دووکان بوون، ئەوشوێنانەش کرابوون بەسەربازگە و هێزێکی زۆری هاتوو لە شارەکانی ترەوە و بە تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی.

زۆربەی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانەوە قۆڵبەستکراون، هەتا هەندێکیان چارەسەریشیان بۆ نەکراوە و بە شەق و زلـلە و ئەشکەنجەدان بە شێوەی ڕەشبگیری ڕاپێچی زیندانکراون بەبێ ئەوەی فەرمانی گرتنیان هەبێت، هەندێکی تریان لە نیوەشەودا بەهێزی زۆر لە ماڵەکانیان دەرهێندراون. ئەوکەسانەی بەغازی فرمێسکڕێژی کوشندە ئەشکەنجەدراون هەژمارناکرێن لە زۆریان. بەم شێوەیە بەهۆی دەستدرێژی هێزەچەکدارەکانی دەسەڵاتی سەرکوتگەری خۆماڵی بۆسەرخوشک و برا و کوڕ و نەوەکانیان، خەڵک بەدڵ گەرمی بەشێوەی کاتی شەقام و ناوبازاڕەکانی چۆڵکردنەوە.

چەمچەماڵ:  لە (٧-١٢-٢٠٢٠)  سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە بەستنی جادەی سەرەکی کەرکوک-سلیمانی دەستی پێکرد و پاش ئەوەی هێزە سەکوتکەرەکان بە زۆر ڕێگاکەیان کردەوە، خۆپیشاندەران  بەرەو ناو بازار بەڕێکەوتن و خۆپیشاندانی جەماوەری بە شیوەیەکی فراوان دەستی پیکرد لەبەردەم قائماقامیەتی قەزا کۆبونەوە، لاوان و گەنجانێکی زۆر و زەحمەتکێشان و هەژاران دەستیان دایە خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورە و لەنێو بازاڕدا هوتافیان دەکێشا و دواتر پەلاماری (مەکۆی گۆڕان) و بارەگای لقی (١٩)ی (پارتی)یاندا. بارەگاکە بۆ بەرگرتن بە هێرشی خۆپیشاندەران، بەچڕی دەستی دایە تەقەکردن و لەنێوەدا (ئەدهەم یەحیا-٢٦ ساڵ)، گیانی لەدەستدا و چەندین کەسی تر بریندار بوون.

رۆژی (٩-١٢-٢٠٢٠) جارێکی تر گوڕ و تەوژمی خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە و خۆپیشاندەران هەڵمەتیان بردەسەر مەکۆی گۆڕان و سوتاندیان و پاش شەڕە تەقەیەکی زۆر بارەگای لقی پارتیشیان گڕتێبەردا و سوتاندییان. هێزە ئەمنیەکان بە تەقەکردن بەسەر خۆپیشاندەران و گازی فرمێسک ڕژاندن و لەچەند قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. ئەمەو ڕۆژی (١٦-١٢-٢٠٢٠)یش دوبارە گەنجانی چەمچەمال خۆپیشاندانیانیان  بەرپا کردەوە.  

 دەربەندیخان: شارۆچکەکەی ڕوناکی بە کوردستان دەبەخشێت، لاوان و گەنجانی یاخی بەیداخی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانیان سەرمەشق بوو، بەڵام بەڵتەجیەکانی دەسەڵات تەنها خوێنڕشتن وەڵامەکانیانە. لاوێکی جوان و گەش (سەربەست عوسمان) و زیاتر لە (٢٠) کەس بریندارکراون.

کەلار:  لە (٨-١٢-٢٠٢٠) یەكێک لە توندوتیژترینی خۆپیشاندانەکان کە خانوبەرەی قائمقایەتیان سوتاند و نزیکەی (٢٠) کەس تیا بریندار بوو. بەداخەوە مێرمنداڵێکی دەستفرۆش لە خانەوادەیەکی هەژاری کرێکاری گولـلەیەکی هێزە سەکوتکەرەکان بەرملی کەوت کە کاردانەوەیەکی گەورەی بەدوا داهات.

کفری: زنجیرە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی (٩ تا ١١ی مانگی ١٢-٢٠٢٠) گەنجان و جەماوەری ناڕازی  لە شارۆچکەی کفری خۆپیشاندانیکی جەماوەرییان بەرپاکرد. هیزە سەرکوتگەرەکان تەواوی شاریان بەسەربازگە کردبوو، وە تەقەیەکی زۆریان دەکرد و هیزەکانیان لە بارەگا و مەڵبەند و مەکۆی گۆڕاندا دابەشکردبوو. بەداخەوە لە خۆپیشاندانەکەدا دوو لاو (شڤان مەحمود شوکری  ٢٢ ساڵە، قوتابی زانکۆی گەرمیان، و ئاکۆ سلیمانی هاوتەمەنی کە تا پۆلی ١٢ی خوێندبوو) گیانیان  لەدەست دا و چەندین بریندار هەیە و بریندارێکی سەختیش هەیە کە ٣ گولـلەی بەرکەوتوە بەناوی سەڵاح عەزیز تەمەن ٢٣ ساڵ.

تەکیە: لاوان و گەنجانی تەکیە چەندین جار خۆپیشاندانی جەماوەرییان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار ئەنجامداوە. بەڵام ئەمجارە پەتی تەحەمولیان پسا و بەهەموو توانایانەوە بەرەو ناڕەزایەتی فراوان ڕۆیشتن و “ناوچەی پارتی” و “کۆمیتەی یەکیتی” نیشتمانیان سوتاند. پیاوکوژ و بەلتەجیەکانی ناو کۆمیتە لەسەربانی کۆمیتەوە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و چەند کەس بریندار دەکەن و بریندارەکان دەگوزنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی چەمچەماڵ و تاقانە و تازە  لاوێکی نمونەیی کە قوتابی کۆلیژی یاسا دەبێت لە زانکۆی سلیمانی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی هیوا فوئاد دڵی پڕ هیواو جوانی لەلێدان دەخەن.

پێنجوێن: ڕۆژی (٩-١٢-٢٠٢٠) لەشارۆچکەی پێنجوێن خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەیان بەرپاکرد و لاوان بە شیوەیەکی فراوان بەشدارییان کرد، کە تا درەنگانی شەو کۆببونەوە و تەواوی “ناوچەی پارتی”، ماڵی قائمقام و بەرپرسی گومرگ و گۆڕان و یەکێتی یان  سوتاند.

خورماڵ: خۆپیشاندانەکان تا رۆژی (٨-١٢-٢٠٢٠) بەردەوامیان هەبووە، ئێوارەکەی  گەنجانێکی هەژار و بێکار لەگەڵ دانیشتوانی ناڕازیی شارەکە خۆپیشاندانێکی جەماوەری فراوانیان بەڕێکخست. هەموو بنکەی حزب و لایەنەکان پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و بنکەی هاتوچۆی خورماڵیان سوتاند.

شارەکانی تر: شایەنی باسە کە لە شار و شارۆچکەکانی تریشدا خۆپیشاندان ئەنجامدراوە لەوانە: دوکان، عەربەت، شارەزوو، بیارە و چوارتا و چوارقوڕنە.

هەولێر: هەموو چاوەکان لە هەولێریان دەنواڕی. “بەگواستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ هەولێر، هەموو ناوچەکانی تری هەرێم گڕدەگرن…” سەدان کۆمینت دەنوسران.  ئەوەش ترسی خستۆتە دڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە. پارتی بە هەموو جۆرێک ئەو مەترسییەی دوور دەخستەوە. هەتا ئەو حزب و لایەنانەش کە دۆستی (پارتی)ن (لیژنەی هەمائاهەنگی چەپی کوردستان  کە لە ٣ لایەن پێکهاتون) داواکەیان ڕەتکرایەوە بۆ مۆڵەت وەرگرتنی خۆپێشاندانێکی مەدەنیانە بۆ (٨-١٢-٢٠٢٠)، هەرچەندە پارتی دەشیزانی کە زۆر ئارام و هێمن و مەدەنیانە بەڕێوە دەچێت، وە ئیحتمالی  یەک لە ملێۆن نیە بۆ تێکدانی ڕەوشەکە و بە ڕاحەت دەکرا پارتی وەک “هەڵپەڕین”ی دیموکراسی بەکاریبهێنێ. دەزگا سەرکوتکەرەکانی پارتی تەنانەت بە نوسینی کۆمینت لە فەیسبوکیشدا، خەڵکیان ڕووبەڕووی زیندان و بەسەردادان لە نیوەشەودا و شوێنبزرکردن کردۆتوە وەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوان (هەڤرەس شوان حەسەن و …).

یەکێک لە میدیاکان ویستی بیروڕای خەڵكی هەولێر لەمەر خۆپیشاندان وەربگرێت؛ نۆ کەس لە دە کەس، بە میدیاکەیان دەووت “برا لێمان گەڕێ، با بەر شەپان نەکەوین” و با “نانبڕاو” نەبین، زۆر ئاشکرا وتیان دەترسین لە نێومان بەرن.

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان وتی ئەوانە “کۆیلەی بێ دایک و باب”ن ئەمەش وەک بەشێک لە کەمپینێک کە دامەزراوە گەورەکانی پارتی بەڕێیانخست بۆ سوکایەتی پێکردن و شکاندنی شکۆی خۆپیشاندەران وەک ناوبردنیان بە مناڵەورکە، وەیا ئەمانەدەستیێکیان لە پشتە، وەیا سەربە ئیتلاعات و پەکەکەن، وە بە تێکدانی قەوارەی هەرێم تۆمەتباریان دەکردن بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی خۆپیشاندان و ڕاپەرینەکە بۆ زۆنی زەرد.

زاخۆ و دهۆک و ئامێدی و شیلادزێ و ئاکرێ و سۆران و قەسرێ

 هەر لە ناوەراستی مانگی هەشتی ئەمساڵی (٢٠٢٠)ەوە، ئەم ناوچانە بە چڕی لە ژێر چاودێری ووردی دەزگای پاراستن و ملیتاریزەکردنی پارتی دایە. ئێوارەی ڕۆژی (١٩-٨-٢٠٢٠) پاش ئەوەی شوفیران و کەسوکارییان خۆپیشاندانیان لە دژی بێکاری بەرپاکرد. پارتی ئۆفیسی کەناڵی تەلەفزیۆنی (ئێن.ئاڕ.تی) لە دهۆک داخست و کارمەندانی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکە زیندانی کرد، لە خۆپیشاندانەکانی ئاب و ئۆکتۆبەرەوە دەزگا ئەمنیەکانی پارتی تا دەمی نوسینی ئەم ڕاپۆرتە نزیکەی ٦٠ کەسان  دەستبەسەرکردوە و پەیوەندییانی لە تەواوی جیهانی دەرەوە، لە خێزان و مناڵ و پارێزەریش دابڕیوە. سەرەڕای ئەوەی کە خۆپیشاندانی جەماوەری لە تەواوی ئەوروپا و کەنەدا بۆ ئازادبونیان ڕێکخرا، وە دەیان ڕێکخراوەی جیهانی هاتنە دەنگ، بەڵام  پارتی دۆسیەکانیانی لە چەندین سیناریۆیی تر پێچاوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی پەیامنێری کوردی لە شیلادزی شەوی حەوت لەسەر هەشت (٧/٨) ژمارەیەک گەنج لە ناحیەی شیلادزێ دەستگیرکراون و هێزێکی ئەمنی زۆر هێنراون بۆ شارۆچکەکە  بۆ ئەوەی ڕێگا لە خۆپیشاندان بگرن.

هەروەها هەر لەو سەروبەندەدا لە قەسرێ پارتی کۆمەڵیک لاوی خوار ١٨ ساڵی بۆ ماوەی نزیک هەفتەیەک دەستگیر کرد بۆ ڕێگاگرتن لە خۆپیشاندان، بەڵام پاش ئەوەی کەسوکارەکانیان مۆڵەتی ٤٨ سەعاتیان بە پارتی دا بۆ ئازادکردنیان دەنا کاردانەوەی گەورەتریان دەبێت، پارتی ناچار ئازادیکردن. وە لە قەزای سۆران و چۆمانیش بەهەمان جۆر سەرکوتێکی یەکجار خنکێنەر هەیە. ملیتاریزەکردنێکی ئەو ناوچانە هەیە. تەنانەت تەنها بەنوسینی کۆمێنتیک لە فەیس بووکدا “زۆزک حەمەد” رۆژنامەنوس و پەیامنێری ڕۆژ نیوس دەستگیر کرا.

شۆرشی برسیەکان و ڕۆڵی لاوان و شوناسی سۆشیالیستی

 وەک بە ختیار عەلی دەڵێت، “ئەهریمەن لە دایک” بووە، کاپیتالیزمێکی بەربەری لە سیستەمێکی هۆڤی و مافیایی و تاڵانکەر و خۆێنخۆر لە هەموو لاوە بۆ خەڵک دامەزراوە. بەڵێ ئەم لیبرالیزمی نوێیە، ئەم تاعونە، ئەم سیاسەتەی بۆرژوازی، بەتەواوی پرۆسەیەکی ستراتیژییە. ئەو ڕەواڵەی تەواوی ناوەندە جیهانی و لۆکاڵیەکان، بە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمیشەوە”، بە پارتە سیاسیەکانیانەوە، گرتویانەتە بەر، بەرهەهێنانەوەی ئەم ئەهریمەنەیە زۆر شەڕانگێزتر و هارتر دەبێت.

ڕاپەڕینی لاوان و چینە هەژارەکانی کوردستان و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری عێراق،  نەوەیەکی نوێی چەند ملێۆنی کە پێدەنێتە نێو فەزای ئەکشنی سیاسیەوە،  چاوەنواڕییەکانی ئەم نەوەیە، بەدڵنییاییەوە دیکتاتۆرە گەورەکان، وردوخاش دەکات، سیمبۆڵ و پێرۆزییە نەتەوەیی و ئایینیەکانی دەسوتێنێ، شوناسێکی  ئینسانی  یەکسان و ئازاد دەخوڵقینێ. ڕاپەڕین سەرهەڵدەداتەوە، خۆپیشاندان گڕدەگرێتەوە. سۆشیالیستکردنی ئەم شۆڕشەی برسیەکان، لە گرەوی باڵادەستکردنی پەرچەمی مارکسیزم  و ئاسۆکەیەتی لە ناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕاپەڕینی لاوان و کچان و کوڕانی ئازادیخوازدا.

شۆڕشێکی مەزن بەڕێوەیە، رۆحی جوانی ئەم شۆڕشە، زۆر لە ڕێنسانسی ئەوروپا و شۆرشی فەرەنسا و ئۆکتۆبەری ڕوسیا دەچێت.

دێسێمبەری ٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

x

‎قد يُعجبك أيضاً

گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی

ڕزگار عومەر هەڵدانەوەی مەلەفی "گەنج وەکو هێزێکی کۆمەڵایەتی" لەسەر نیازێك یان لەسەر ئیختیارێك نیە لە ...

کۆکاکۆلاکەی نیچە!

عومەر خەتات لەم چەند ڕۆژانەی کۆتایی ساڵی پێشوو (٢٠٢٠) و سەرەتای ساڵی نوێ، هاوڕێم پێشڕەو ...

دوو ڕاپۆرتە هەواڵی کرێکاری لە ووڵاتی مەغریبەوە

ئامادەکردنی: عەبدوڵا ساڵح یەکەم: ڕۆژی (٨-٢-٢٠٢١) لە شاری تەنجە کە دەکەوێتە باکوری ئەو ووڵاتە کارەساتێکی ...

دە ساڵ بەسەر شۆڕشی تونس و میسردا، ئەی دەربارەی گۆڕانکاری شۆڕشگێرانە لە ئێستادا چی؟

موئەیەد ئەحمەد دە ساڵ بەسەر شۆڕشی میسردا تێدەپەڕێت، کە لە (٢٥)ی کانونی دووەمی (٢٠١١)دا بەرپابوو، ...

واقعی کۆمەڵایەتی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان بزوتنەوەی حەڤدەی شوباتی تێپەڕاندووە (لە یادی دە ساڵەی ئەو بزوتنەوەیەدا)

نادرعبدولحمید شوباتی ئەمساڵ (٢٠١١) دە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر خۆپێشاندانێکی بەردەرکی سەرای سلێمانی کە لە پەرەسەندنیا ...

%d مدونون معجبون بهذه: