وێنەکان تەنها ئاگر و دوکەڵن!

عومەر خەتات

بۆ هەر یەکێکمان کە ئاگای لە خرۆشانە جەماوەریەکانی کوردستان بێت یەکسەرە سەرنجی دەچێتە سەر ئەو وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاودەکرێنەوە، لەو وێنانەدا تەنها دوو شت تێـیدا بەرجەستەیە، ئاگر و دووکەڵ! وێنەی سووتاوی بارەگای حزبەکان و فەرمانگە حکومییەکان ئایکۆنێکی پوخت لە ڕق، تووڕەیی، دەستەپاچەیی جەماوەرێك دەرەخات کە دەڕژێنە سەر شەقامەکان!. ئەگەر کەمێك لە بەهانەی دەسەڵات دووربکەوینەوە کە هەموو ئەو کارانەی خۆپیشاندەران پێهەڵدەستن بە “تەخریب” و دەستی دەرەکی ئەرگومەنت دەکات و بگەڕێین بە شوێن هۆکارەکانی پەنابردنی خەڵك بۆ کاری تەخریب و سوتاندنی بارەگاکان و فەرمانگە فەرمیەکان ئەوا ناچارین بچینە ناو ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆژیانەی جەماوەری خرۆشاوەوە و لێرەوە هەڵسەنگاندێکی تر بکەین.

سایکۆلۆژییەتی سوتاندن و تێکدان و نواندنی تووندوتیژی، ڕەفتاری جەماوەرێکی سەرشێت و خاوەن نەخۆشی دەروونی نیــن و بیـانەوێت بەم کارە سەرنجی کۆمەڵگە بۆ خۆیان ڕاکێشن، بەڵکو هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی شوناسێك کە لە دەستیان چووە! هەستی هاڕین و هیچ بوون لای گەنجانی یاخی بەرئەنجامی ستەمی دەسەڵات و جیاوازییە چینایەتیە گەورەکانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بەڵام بۆ کاری تێكدان و سوتاندن؟

تاك لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بە شێوەیەکی ئاگاهانە و ئامانجدارانە ڕەفتار دەکات بەڵام کاتێك پەیوەست دەبێت بە مێگەلێکی سایکۆلۆژیەوە لەسەر جادە ئەوە خەسڵەتی ئاگاهانەی تاکییەتی خۆی لەدەست دەدات و ئەبێتە بەشێك لە کوتلەیەکی جەماوەریی ناهوشیار بەڵام یەکگرتوو کە زیاتر حەماسەت و ڕۆحیەتی جەمعی بەڕیوەی دەبات نەك حوکمی عەقڵ!

لێرەدا مەبەستمان لە مێگەلی سایکۆلۆژی ئەو جەماوەرەیە کە خاوەنی مێنتاڵیتیـتێکی دەستەجەمعییە. کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خەڵك بۆ نموونە لە گۆڕاپانێکی گشتیدا بە مێگەلی سایکۆلۆژی ناونابرێت. مێگەلی سایکۆلۆژی دەکرێت پێنج کەس بن بەڵام دەبێت کاریگەرییەکی حەماسی و گەورە کۆیان بکاتەوە، هەندێ جار میللەتێك هەموویان دەبنە مێگەلێکی سایکۆلۆژی بەبێ ئەوەی کۆببنەوە!

یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی مێگەلی سایکۆلۆژی ئەوەیە کە هەموویان دەبنە هەڵگری یەك ڕۆح ئەگەرچی ڕەنگە هەر یەکێکیان خاوەنی مەزاج و بیرکردنەوە و باکگراوندی چینایەتی جیاواز بێت، بەڵام بە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەك ئامانج هەموویان دەکاتە خاوەنی یەك جەستە، یەك کائینی تازە بۆ ماوەیەکی کاتی و بۆ ئەنجامدانی ئەکشنێکی کاتیی.

پرسیاری ئەوەی چۆن تاکێك ڕازی دەبێت کە تایبەتمەندیەکانی خۆی بسڕێتەوە و ببێتە هەڵگری کۆمەڵە سیفاتێکی تر کە جەماوەرێکی گەورەتر هەڵگریەتی؟ یەکێك لە هۆیەکانی ئەو دەستبەرداربوونە ئەوەیە کە تاك لەڕێی پەیوەستبوونیەوە بە جەماوەرەوە هەست بە هێزێکی گەورەتر دەکات لە ناو جەماوەردا بۆیە ملکەچی یاساکەشی دەبێت. یەکێكی تر لە هۆیەکان بەرپرسیارنەبوونە. هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ڕێگری لەوە دەکات کە تاك دەستنەبات بۆ کۆمەڵێك ئاکت کاتێك کە خۆی بێت بەڵام بە تێکەڵبوونی لەگەڵ جەماوەردا ئاسنتر دەتوانێت لەو بەرپرسیارێتییە دەرچێت.

جەماوەری خرۆشاوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەو بارەگا و فەرمانگانە بە موڵکی خۆی و گشتیش نازانێت بۆیە زۆر بە سادەیی دەیانسووتێنێت!

خەڵکی کوردستان بە درێژایی سی ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێك سەرمایەداری خێڵەکی و بەربەری دەست و پەنجە نەرم دەکەن. دەسەڵاتێك کە ئەوەی بە لایەوە گرنگ نیە خودی ئەو خەڵکە و دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانیەتی. ئەم دەسەڵاتە هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی کوردسانەوە نەماوە و تەنانەت کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیشـیـان لەڕێی میکانیزمێکی تری سەرمایەوە بەڕێدەچێت کە نموونەکەی تەنها لە کوردستان بوونی هەیە. سی ساڵە خەڵكی نازانن چۆن وە بە چ ڕێگەیەك داواکاریەکانیان بۆ ژیــانێکی کەمێ باشتر و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەرز بکەنەوە بۆ دەسەڵات! هیچ میکانیزمێکی کۆمەڵایەتی و قانوونی پەیدا نابێت بۆ بەرزکردنەوەی هیچ داخوازیەك! هیچ مافێك لەم وڵاتە بۆ خەڵكی بە ڕەسمی نەناسراوە، دەوڵەت و حکوومەت نیهادێکن بۆ خەڵەفاندنی خەڵك و دانی شەرعیەت بە دزی و تاڵانیەکانیان. ئەمە وایکردووە کە گاپێکی گەورە بکەوێتە نێوان خەڵك و دەسەڵاتەوە. لێرەوە سوتاندنی بارەگاکان و ئەوەی کە پێی دەوترێت موڵکی گشتی سەرەڕای تووندوتیژیەکەی بەڵام پەرچەکردارێکی سروشتی ئەو خەڵکەیە بەرامبەر بەو هەموو تووندوتیژیەی لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا بەرامبەری دەکرێت وە پەیامێکیشە بە دەسەڵاتداران دەڵێ، ئێمە ئێوەمان چنگ ناکەوێت چونکە ئێوە لە ناو کۆشك و تەلارەکانتاندا دەژین و میلیشیای پێشمەرگە و ئاسایش و هەزارەها چەقۆکێش دەتانپارێزێت ئەگینا وەك بارەگاکانتان هەر لەسەر ئەو شەقامە دەتانسوتێنین! سوتاندنی بارەگاکان سیمبوڵە بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی کوردایەتی.

ئەم خرۆشانەی خەڵك لە ئێستادا بە تەواوەتی سیاسیە و بەرگێکی سیاسی لەبەردایە نەك داواکاریی. خەڵك لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی فاشی سەرکوتگەردا قەراریان گرتووە و داواکاریەکانیشیان کۆتاییهێنانە بەو دەسەڵاتە نەك سەپاندنی چاکسازیی یان داواکاریی مووچە. هەر بۆیە هیچ لایەنێكی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی پرۆ دەسەڵات جارێکی تر ناتوانێت سواری شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانە ببێت و شوناسی پێبدات! ڕەنگە جوانیەکەی لەوەدا بێت کە بێ شوناسە!

سەرکووتی خوێناویانەی ئەم ناڕەزایەتیانە و هەڕەشەکانی پیاوانی دەسەڵات، جەوهەری بزووتنەوەی کوردایەتی سەدبارتر ئاشکراتر کرد و دەریخست کە برسێتی و بێکاریی، نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، سەرکوت و چەوساندنەوە سیمایەکی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە و خەڵك نابێ لەوە زیاتر چاوەڕێی ژیانێکی باشتر بن لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەمانەدا. دەکرێت لە ئایندەدا ئەم خۆپیشاندان و خرۆشانە جەماوەریانە ببنە هەوێنی سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤیكی سیاسی و کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی و دەسەڵات لە سەرەوە بگێڕێتەوە بۆخوارەوە، بۆ ناو خودی خەڵك.

١٣-١٢-٢٠٢٠

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم خدمة أكيسميت للتقليل من البريد المزعجة. اعرف المزيد عن كيفية التعامل مع بيانات التعليقات الخاصة بك processed.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ترامپ وخولیای خەڵاتی نۆبڵ

عەبدوڵڵا ساڵح مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی (خەڵاتی نۆبڵ بۆئاشتی) نیـیە، بەڵام وەسوەسە و ...

مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا

شیرین عەبدوڵڵا لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، ...

سەبارەت بە جەنگ دژی سەرمایەداری لەناو پەرلەماندا!

نەوزاد بابان ئەو لایەن و کەسانەی کە تاکتیکی بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق بە ...

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییەکان و حزبەکان، وە چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە تاکتیکی بەشداری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان

گفتوگۆی هەردوو ڕۆژنامەی (ڕەوت) و (الغد الاشتراکی) لەگەڵ (موئەیەد ئەحمەد) هاوپێچی ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٣٩- ...

تارمایی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەجینداکانی بۆرژوازیدا

تێبینیی لەسەر کۆنگرەی سلێمانی (هاوپەیمانی دیموکراتی کۆمەڵایەتی لە جیهانی عەرەبی)دا! موئەیەد ئەحمەد لە شاری سلێمانی ...