شەنگال لەناو بەرداشی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسیدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ساڵح

ڕەوت: هاوڕێ عەبدوڵا سالح سوپاس کە بۆ ڕۆژنامەی ڕەوت کاتت گونجاند تا لەبارەی مەسەلەی شەنگالەوە بۆمان بدوێی.

ڕێککەوتنی پارتی-حکومەتی عێراق، هەڕەشەی ئەردۆگان و کۆکردنەوەی هێزەکانی حەشد شەعبی و هۆشدارییەکانی ئیران تا بەرەنگاری مانگرتنەکان و خۆپیشاندانی  جەماوەری، ناوەڕۆکی کێشمەکێشەکە چییە؟ ئایا هیچ بایەخێکی جیۆسیاسی ئەم ناوچەیە هەیە؟ گرنگی دەسەڵاتدارەتی لەو ناوچەیە چیە؟

عەبدوڵا سالح: سوپاس بۆ ئێوەش، سەرەتا دەبێ بڵێم کە کێشمەکێش لەسەر نفوز و دەسەڵات لە ناوچەی شەنگال، لە ئێستادا، مەودای کێشەیەکی ناوخۆیی عێڕاقی تێپەڕاندوە، هەروەک ئێوەش ئاماژەتان پێدا، هەردووک هێزە ئیقلیمیەکە (ئێران و تورکیا) زیاتر لە جاران لەو کێشەیە تێوەگلاون. بۆیە، وەڵام بە پرسیارەکەتان دەخوازێ سەرنجێک بدەینە سەر بارودۆخی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی هەردووک ئەم ووڵاتە تا زیاتر بەرچاومان ڕوون بێتەوە لەدەست نیشانکردنی قوڵایی کێشەکان و هەڵویستی دروست لەبارەیان.

پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و تورکیا و ئاڵۆزی نێوانیان لە ئێستادا زیاتر لەجاران بەدی دەکرێ، هەریەکەشیان گرفتاری تەنگژەی جۆراوجۆری خۆیەتی.

 لە تورکیا، ئەردۆگان بۆی دەرکەوتوە کە ئەمریکای بایدن هەمان ئەمریکای ترامپ نیە، لانیکەم سیاسەتی تاکتیکی دەربارەی تورکیا، هەروەها کێشەی بەردەوامی تورکیا لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا، چ لەمەڕ بەربەستی شەپۆلی پەناهیندە بەرەو ئەوروپا، چ هەوڵدانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ووزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، لەناوچەیەک کە پشکی یۆنان و قوبرسە، ئەمجا شکستە چاوەڕوانکراوە دیپلۆماتیکی و سەربازیەکەی لە لیبیا، جیا لەوە ڕێکەوتنی هاوپەیمانەکەی تورکیا، واتە قەتەر، لەگەڵ دراوسێکانی خۆی، هەروەها شکستی ئەو پەلامارە سەربازیەی ئەم دوایەی بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لە چیای گارە، سەرباری قەیرانێکی قوڵی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی تورکیا و سەرکوتی بەردەوامی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەت هەدەپە، و پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ و کپکردنی دەنگی ئازاد، هەموو ئەمانە لەپاڵیشیدا خۆئامادە کردنی ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٣، ئەوی ناچار کردوە دووبارە دەست بۆ سیاسەتە پراگماتیکەکەی جارانی بەرێ و باداتەوە بەلای دەوڵەتە نەیارەکانیدا لەناوچەکە، بەتایبەت میسر و سعودیە و ئیمارات و بەجۆرێک لە جۆرەکان، پشت بکاتە ئیخوانول موسلیمەکانی هاوپەیمانی، لەم نێوەشدا زیاتر ڕووی گرژ نیشانی ئێران بدا و جگە لەوەش، لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێک لە سوریا ڕەنجی چەند ساڵی سیاسەتە وێرانکاریەکانی لەوێدا بەفیڕۆ نەچێ و خۆی بخزێنێتەوە بەرەیەک کە ئومێدی سەرکەوتنی لێبخوازرێ لە سوریا.

لەسەر بنەمای ئەو شیکردنەوەی سەرەوە دەکرێ بڵێین تورکیا، بە بێلایەن کردنی ئەو ووڵاتە عەرەبیانە لە کێشەی شەنگال، زەمینەی لەبارتری بۆ دەخۆڵقێ و دەستی ئاوەڵاتر دەبێ تاکو لەوێ گرەوی خۆی، لە ئێرانی دزێو لەلایەن ئەمریکا و ووڵاتانی عەرەبیەوە، بەرێتەوە و ئەو چاوتێبڕینەی دەیان ساڵە خستویەتە سەر ئەو ناوچانە وەک ئامانجێکی ستراتیژی جێبەجێی بکا، ئەویش بە قایمکردنی بنکە سەربازیەکانی و داسەپاندنی نفوز و هەژمونی خۆی لەوێدا و هەوڵی دووبارە زیندوو کردنەوەی پرۆژەی ویلایەتی موسڵ لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە شەنگال بکاتە بەهانەیەکی باش بۆ سەرەتایەکی ئەم سیاسەتە کە خۆی لە ڕێگری لە هێزە نەیارەکەی، واتە پەکەکە، دەبینێتەوە، کە ئەویش بەنیازە قەندیلێکی کە لەو ناوچەیە دامەزرێنێ، ئەم گەمە سیاسیەی ئەردۆگان لەکاتێکدایە کە هێزێکی سەرەکی لە کوردستانی عێڕاق، پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانێکی گوێ لەمستی تورکیایە و کتومت سیاسەتەکانی لە خزمەت تورکیا و ئەردۆگاندایە.

بە نیسبەت ئێرانیشەوە کە ئەمڕۆ لە ژێر فشارێکی سەخت و قورسی نێودەوڵەتیدا دەناڵێنێ، سەرباری داڕمانی باری ئابوری لە ئەنجامی گەمارۆ ئابوریەکانی ئەمریکا، سەرباری بارودۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی کۆمەڵاتی نێوخۆی ئەو ووڵاتە، مەبەستیەتی زەینی جەماوەری داخ لەدڵی ئێران بخاتە سەر ئەو کێشانەی لە عێڕاق و سوریا و ناوچەکە بۆی دێنە پێش پەردەپۆشی ئەم بارودۆخە نالەبارە ناوخۆیەی خۆی پێبکا، لەهەمان کاتیشدا بیکاتە بەهانەیەک بۆ زیاتر کپکردنی هەردەنگێکی ناڕازی.

گومان لەوەدا نیە کە ئێران لە هەوڵی بەرفراوان کردنی نفوزی خۆیەتی لە عێڕاق و سوریا و لوبنان و دەیەوێ پێگەی خۆی جێگیر تر و پتەوتر بکا بەمەبەستی دروێنەی دەستکەوتە سیاسیەکانی کە دەیان ساڵە لەو ناوچەیە سەرمایەگوزاری لەسەر دەکا، هەروەها وەک قەڵایەک، ئەم ناوچەیە لەبەرامبەر نەیارەکانیدا زیاتر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، شەنگالیش وەک بەشێکی زۆرگرنگی ئەو بەرنامە سیاسیە دێتە ناو ئەو هاوکێشەیەوە، چونکە باڵا دەستی ئێران لەوێدا، ڕێگا باشتر خۆشدەکا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی (هیلالی شیعی)، ئەویش بەوەی کە ناوچەی شەنگاڵ دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگایە ستراتیژیەی مەبەستیەتی دروستی بکا، (کە لە ئێرانەوە دەستپێدەکا بەرەو – ناوچەی سلێمانی – ناوچەی هەولێر – موسڵ – تەلعەفەر – شەنگال – سوریا)، تا ئێستا، پارتی ڕێگرێکی سەرەکیە لە پیادەکردنی ئەو بەرنامەیەی ئێران لەناوچەی نفوزی خۆی، یەکیەتیش وەک هاوپەیمانێکی ئێران، بێشک لەئەگەری ئەنجامدانیدا، چرای سەوزی بۆ هەڵدەکا.

ئەم هاوکێشەیە وای کردوە هێزەکانی ناوچەکە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان، بە دوو بەرە دابەش بکرێن، تورکیا و پارتی، بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی لەلایەک، ئێران، لەڕێگای گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە لەلایەکی ترەوە.

ڕەوت: ئایندەی ئەم کێشمەکێشانە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ خەڵکی ناوچەکە و عێراق چۆن دەتوانن نەبنە بەشێک لەم پۆلبەندییانە و نەبنە کەرەستەی جەنگی و ئامرازی سەرکوتکارییەکان؟

عەبدوڵا سالح: دەربارەی ئاییندەی ئەو کێشانە، پێویستە بڵێم بە دروستبوونی ئەم دووبەرەیە لە شەنگال، ئەگەری خوڵقاندنی کارەساتێکی نوێی بۆ دانیشتوانەکەی دەخاتە ئاراوە، وەک چۆن ئەمڕۆ  ناوچەکە کراوە بە مەیدانی تەراتێنی سیاسی، دوور نیە ئاواش بکرێتە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی، کۆمەڵێک هێزی کۆنەپەرست کە لە هەردووک بەرەکەدا ڕیزیان بەستوە، بەلایانەوە ئاساییە دووبارە و چەند بارە تراژیدیا بخوڵقێنن کە باجەکەی تەنیا و تەنیا دەکەوێتە سەر شانی دانیشتوانی ناوچەکە، هەربۆیە پەردە هەڵماڵین لەڕووی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانە دژی ئینسانیەی هەردووک بەرە و وەستانەوە بەڕویدا و هەوڵدان بۆ پوچەڵکردنەوەی، ئەرکی دەستبەجێی جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی ناوچەکەیە، نابێ ڕێگا بدرێ کارەساتی شەنگال دووبارە بێتەوە، ئەرکی هەموو لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان و مرۆڤ دۆست و ئازادیخوازانە دژی ئەو پلانە کۆنەپەرستانەیە هاوشانی جەماوەری زەحمەتکێشی ناوچەکە بوەستنەوە دەنگی ناڕەزایەتیان بەرز بکەنەوە و بڵێن: هێزی سەربازی هەموو ئەولایەنانە دەبێ دەست بەجێ شەنگال چۆڵ کەن، تەنیا مافی دانیشتوانەکەیەتی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دابین بکەن و بەڕێوەی بەرن، هەر ئەوانن کە دەبێ بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان و ناوچەکەیان بدەن.

٢١-٣-٢٠٢١

عن Albadeel Alsheoi

اضف رد

لن يتم نشر البريد الإلكتروني . الحقول المطلوبة مشار لها بـ *

*

هذا الموقع يستخدم Akismet للحدّ من التعليقات المزعجة والغير مرغوبة. تعرّف على كيفية معالجة بيانات تعليقك.

x

‎قد يُعجبك أيضاً

ئێمە حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر دادەمەزرێنین. ڕاپۆرتێکی زۆر کورت لەسەر ڕوداوێکی مێژوویی!

ئامادەکردنی - جەمال کۆشش ڕەوتی مارکسیستی نێو گەنجانی سۆشیالیست( دێر فونکە)، رۆژی شەممە ،١٠/٢/٢٠٢٤ لە ...

توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری  و قەیرانە ئیکۆلۆژییەکانی!

جەمال کۆشش کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس   کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی ...

 گۆڕان، لەناو (وەهمی)  گۆڕان!؟

عەبدوڵا ساڵح ئەنشتاین دەڵێ: شێتی ئەوەیە؛ چاوەڕوانی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی نوێ بی لە تاقیکردنەوەیەک کە پێشتر ...

ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ و دواتر..

مـــــایکل ڕۆبەرتس* وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عومەر خەتـــــات ئایا دۆخی ئابووری جیهان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ...

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پشتیوانی مامۆستایانی ناڕازی هەرێم لە بەغدا

ڕاپۆرت: هەرچەندە حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم بە هاوکاری حکومەتی ناوەندی بەغدا، ڕێگرییەکی زۆریان کرد لەوەی ...