
شیرین عەبدوڵڵا
دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کوشتنیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە دیاردە کۆنەپەرستەکان و درێژکراوەی پیاوسالاریی ڕەگداکوتاو لە کۆمەڵگەکەماندا، لە پێشەنگی قەیرانە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەدایە. ئاماژەکان واقیعێکی یەکجار نیگەرانکەر دەردەخەن کە ساڵانە لە خراپتربووندایە.
بەپێی زانیارییەکان، تەنها لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵەدا ٣٩ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمار کراوە؛ ١٦ ژن بە شێوەی ڕاستەوخۆ کوژراون و ٢٣ ژنی دیکەش لە بارودۆخێکدا گیانیان لەدەست داوە کە بە “نادیار” وەسف کراون. ئەمەش سەرەڕای بوونی یاسایەک لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا هەموارکراوەتەوە کە کوشتنی ژنان بە هەر هۆکارێک قەدەغە دەکات.
لە سەرانسەری عێراقیش دۆخەکە باشتر نییە. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (المرصد) لە عێراق لە شوباتی ئەم ساڵدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٥ دا زیاتر لە ١٩٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی خێزانی، بە تایبەتی دەستدرێژی هاوسەر بەسەر ژنەوە، بە فەرمی لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە تۆمار کراون. هەروەها ئاماژەی کرد کە ئەو ژمارانەی بڵاو کراونەتەوە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان نین، بەڵکو تەنها ئەو حاڵەتانەن کە خاوەنەکانیان توانیویانە کۆسپ و ترسی بێدەنگی بشکێنن و بگەنە ناوەندەکانی پۆلیس.
ساڵێک دوای جێبەجێکردنی [پاکێجی ئەحکامە شەرعیـیەکانی جەعفەری-“المدونة الجعفرية”] کە هەموارکردنەوەیەکی دژە ژنی یاسای باری کەسێتی (ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۱۹٥۹) بوو، کاریگەریـیە نیگەرانکەرەکانی بۆ سەر ژیانی ژنان و منداڵان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەون؛ لە بەهێزکردنی هەژموونی پیاوسالارییەوە تا کەمکردنەوەی مافەکانی ژنان لە جیابوونەوە، و بەخێوکردنی منداڵ، میرات و هاوسەرگیریپێکردنی کچانی منداڵ (القاصرات).
ئاشکرایە ئەم ژمارانەی بەردەستن، سەرەڕای سامناکیان، کە بە زۆری لە میدیاکان و سەرچاوەی ناڕەسمییەوە بە دەست دێن، تەنها بەشێکی بچووکی واقیعەکەن. ژمارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن؛ جگە لەوەی بەشێک لە مردنەکانی ژنان تەنانەت بە فەڕمی تۆماریش ناکرێن، هەندێکیش لەو مردنانەی بە “نادیار” ڕادەگەیەنرێن لە ڕاستیدا کوشتن یان خۆکوژین. هەندێک جار هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکە دەگۆڕدرێت یان دەشاردرێتەوە، یان فایلەکانیان دادەخرێن لەبەر پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتیی پیاوانی بنەماڵەکە و بۆ دوورخستنەوەیان لە لێپرسینەوەی یاسایی و پزیشکی دادوەری. صوڵحی عەشائێری یان ئاشتەوایی بە پێدانی پارە لە تاوانەکانی کوشتنی ژناندا هێشتا لە هەندێک شوێن پەیڕەو دەکرێت.
ڕاستییەکی تاڵیش هەیە کە دەبێت بیزانین: ئەویش ئەوەیە کە لە بەرامبەر هەر حاڵەتێکی کوشتن یان خۆکوژیدا، وە لە پشتی سەردێڕی هەواڵەکانەوە، شاخە بەفرینەیەکی شاردراوە هەیە. هەزاران ژن ڕۆژانە لە جەنگی مان و نەماندا و لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ و بێ ئارامیدا، لە پشتی دەرگا داخراوەکاندا دەژین، لە سایەی توندوتیژیی خێزانی و دەسەڵاتی پیاوسالاریدا، کە ئاوات و ئامانجەکانیان بە ناوی دابونەریتەوە دەنێژرێن.
جگە لەمەش، پەتای بڵاوبووەوەی گێچەڵپێکردن، سووکایەتیی زارەکی، دەروونی و جەستەیی، چ لە جیهانی واقعیدا یان لە فەزای دیجیتاڵیدا، کە زۆربەی هەرەزۆری ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە وەک جۆری ڕەفتاری بە نزم سەیر کردن و بووە بە بەشێک لە “ڕۆتینی ژیان”.
جا بەو پێیەی ژنان لە منداڵییەوە لەسەر ملکەچبوون، بێدەنگی، دانبەخۆداگرتن و قبووڵکردنی ئەم ئەمرە واقیعە، پەروەردە دەکرێن، ئەم دۆخی نزمتر و توندوتیژییە سیستماتیکە بەرامبەریان دەبێتە دیاردەیەکی ئاشنا و “ئاسایی” کە سەرنج ڕاناکێشێت، و دەبێتە جێی بێباکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بگرە چاو لێ پۆشین، لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە.
هەرچەندە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئاسۆی نوێی لەبەرامبەر ژناندا کردۆتەوە بۆ هۆشیاربوونەوە و دەربڕینی دۆخی خۆیان و بەدەستهێنانی هاوپشتی و دۆزینەوەی ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە، بەڵام دەبینین توندوتیژی بە ئاسانی کشاوەتە ناو فەزای دیجیتاڵییشەوە. لە ساڵانی دواییدا بینیمان چۆن ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەک تەنها یارمەتیدەر بوون لە ئاساییکردنەوەی ڕق بوون لە ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان، بەڵکو هاندان بە دژی ژن و بڵاوکردنەوەی ژەهری پیاوسالارییان کردووەتە ناوەڕۆکێکی چێژوەرگرتن بۆ کات بەسەربردن و قازانجبەخش، و دەرفەتی بێپایانیان بۆ پیاوسالاران ڕەخساندووە بۆ کاریگەری دانان لەسەر گەنجان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوازە نەریتییە کۆنەپەرستەکان، بەجۆرێک فەزای دیجیتاڵی بوەتە ئاوێنەیەکی بە چەندین بەرامبەر خراپتر لە واقیع.
ڕەنگە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو شتانەی فەزای دیجیتاڵی بەرامبەر ژنان بەرهەمی هێنابێت لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دژە ژنیدا، ئەو ڕەوتە بێت کە پێی دەوترێت “مانۆسفیر” (فەزای پیاوانە)، کە گەنجان ڕادەهێنێت لەسەر شێوازەکانی سووکایەتیکردن بە ژنان و بەکارهێنانی وشەی فێڵبازانە بۆ یاریی دەروونی، تا دەگاتە جوێن و سووکایەتی و جۆرە کردارێک کە دەبێتە هۆی دەستدرێژی سێکسی و ئازاردان و لێدان، کە دەکرێت کۆتاییەکەشی کوشتن بێت.
ژیانی ئەو ژنانەی لە سایەی توندوتیژیدا دەژین، بایەخێکی ئەوتۆی میدیایی و سەرنجێکی ئەوتۆی کۆمەڵایەتییان پێنادرێت، چونکە چیرۆکە ڕۆژانەیییەکانیان بێزارکەر و دووبارەن و نەشیاون بۆ سەردێڕی هەواڵەکان؛ جا لە ناو جەرگەی کارەساتی مان و نەماندا، ڕووبەری ژیان و بوونیان ڕۆژ بە ڕۆژ تا دێت بچووکتر دەبێتەوە. ڕاستییەکی تاڵی دیکەش ئەوەیە کە هەر یەکێک لەو ژنانە لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان چارەنووسی کوشتن یان خۆکوژی بێت و ببێتە ژمارەیەک و بچێتە سەر ژمارەی لیستی ساڵانەی قوربانیانی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
چ شتێک کوشتنی ژنان لە تاوانەکانی دیکەی کوشتن جیا دەکاتەوە؟
لە نێوان هەر پێنج ژنێکدا یەکێکیان بەدەست توندوتیژیی ناوخۆی خێزانەوە دەناڵێنێت، کە دیاردەیەکی بڵاوە لەسەر ئاستی جیهاندا و هەندێکیان بە کوشتن کۆتایی دێت. کوشتنی ژنان تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لە تاوانەکانی تری کوشتن جیای دەکاتەوە:
- کوژەرەکە کەسێکی نامۆ نییە: زۆربەی تاوانەکان لەلایەن ئەندامانێکی خێزان، یا بە یارمەتی ئەندامانی خێزان، وەیا کەسانێکی نزیک لە خێزان ئەنجام دەدرێن کە زۆربەیان پیاون. هۆکاری سەرەکیی کوشتنی ژنانیش تەنها ئەوەیە کە “ژنن”. بێگومان پیاوانیش دەکوژرێن، بەڵام بە هۆکاری تەواو جیاواز کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم وتارەدایە.
- کوشتنی ژن ڕووداوێکی خۆبەخۆیی و کتوپڕ و ساتەوەختی نییە: بەڵکو لەسەر پاشخانی کەڵەکەبوونی ساڵانێکی درێژ لە پەراوێزخستن، توندوتیژی، سووکایەتی و کۆنترۆڵی زۆرەملێ ڕوودەدات. کوشتن یەکەم یان تاقە ڕەفتاری توندوتیژی نییە کە پیاوی تاوانکار بەرامبەر بە ژنان دەیکات؛ بەڵکو زۆربەی جار ئەم پیاوانە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە پەیڕەوکردنی ڕەفتاری کۆنترۆڵکردن و توندوتیژیی بەرامبەر ژنێکی دیاریکراو یان بەرامبەر ژنان بە گشتی هەیە. لە بەرامبەردا ژنەکە ساڵانێکی زۆر چەوسانەوەی چەشتووە و ئەوپەڕی هەوڵی خۆ گونجاندنی داوە، و هەوڵی زۆر گەورەی داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیـیەکە، و پەنای بۆ هەموو ڕێگەیەکی بەرگری بردووە بە هیوای ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ڕادەی توندوتیژییەکە، ئەمە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە هەوڵی داوە بۆ پاراستنی خۆی و منداڵەکانی و پاراستنی ژیانی هاوبەش و قەوارەی خێزانەکەی کە کۆمەڵگە تەواوی بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە سەر شانی ژن.
- سیستەمی کۆمەڵایەتی پاساو بۆ تاوانبار دەهێنێتەوە: ئەوەی لە دیاردەی توندوتیژی و کوشتنی ژناندا سەرنجڕاکێشە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ بەردەوامبوونی، ئەوەیە کە کردارێکی تاکەکەسیی کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کۆمەڵگە بە تەواوی پێکهاتە و دامەزراوەکانییەوە تێیدا بەشدارە. کوژەر کە هەڵدەستێت بە تاوانەکەی، دڵنیایە لە پشتگیریی کۆمەڵایەتی و شاردنەوەی تاوانەکە یان ئەنجامدانی سزایەکی سووکتر (ئەگەر هەبێت). لەوانەیە توندوتیژی لە ناو تایبەتمەندیی پەیوەندییە خێزانییەکان و لە پشتی دیوارەکاندا بە نهێنی ڕووبدات، بەڵام فەرهەنگی هەژموونی پیاوسالاری لە ناو سیستەمی کۆمەڵایەتیدا ڕێگە بۆ ئەم توندوتیژییە خۆش دەکات و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، بەوەی کە ئەرکی پیاو دیاری دەکات بە تەمبێکردنی ژن و دەستەبەرکردنی ملکەچبوونی بۆ شێوازی باو کە بوونی ئەو دەسڕێتەوە و ڕێگە لە خۆبەدیهێنانی وەک مرۆڤ دەبەستێت، بەمەش ماف بە کوژەر دەدات لەسەر حیسابی “شەیتانندنی” ژنەکە.
کێ زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و کێ کەمترین سزا وەردەگرێت؟
لە ناو کۆمەڵگای نایەکسانی ئێمەدا، هەر وەک هەموو لایەنەکانی تری ژیان، توندوتیژی بە نایەکسانی ڕەنگ دەداتەوە و لەگەڵ ئەوەدا کە قوربانیانی توندوتیژی و هەروەها تاوانباران لە سەرتاپای کۆمەڵگادا بە هەموو توێژەکانیەوە بوونیان هەیە، نایەکسانییەکی بەرچاو هەیە لە بەرکەوتنی توندوتیژی و لە ئاکامەکانیدا و هەروەها لە سزا وەرگرتندا:
- نایەکسانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و ئیستغلالکردن و توانای پاراستن لێی: لە کاتێکدا ژنانی هەموو توێژەکان ڕووبەڕووی گێچەڵ و ئیستغلالکردن دەبنەوە لە ناوەندەکانی کار و دەرەوەی کاردا، ئەو ژنانەی کەمتر خوێندەوارن، وە ژنانی توێژە هەژار و ستەملێکراوەکانی دیکە؛ ڕووبەڕووی شێوازی دژوارتر یان دوژمنکارانەتری ئیستغلالکردن و جیاکاری دەبنەوە: وەک مووچەی زۆر کەم، کاری تاقەتپڕوکێن و ئاسانی دەرکردنیان لە کار، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی کار لە وەزیفەی خاوەن مووچەی باشتر دەکەن یان خوێندەواری بەرزیان هەیە، ڕەنگە ڕووبەڕووی نایەکسانی و گێچەڵ ببنەوە، بەڵام لە ئاستێکی جیاوازدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە -بۆ نموونە- جیاوازی مووچە بە بەراورد بە پیاوان یان لەدەستدانی دەرفەتی پلەبەرزکردنەوە یان ڕێگری لە زیادکردنی مووچە و هەراسانکردن.
- نایەکسانی لە توانای پاراستندا: ژنی کرێکار و خاوەن داهاتی نزم ناتوانێت سکاڵا تۆمار بکات یان ژینگەی کار بگۆڕێت و بەهۆی لاوازی باری ژیانیەوە لەوانەیە ناچار بێت چەندین ساڵ قبووڵی ستەم و گێچەڵ و جیاکاری بکات، لە کاتێکدا ئەو ژنانەی لە ڕووی مادییەوە توانادارن دەتوانن خۆیان لە هەندێک جۆری گێچەڵ و ستەم بپارێزن یان داوای پشتیوانیی یاسایی بکەن.
- نایەکسانی لە سزاداندا: ئیمتیازاتەکانی پیاوسالاری هەموو پیاوان بە یەکسان ناگرێتەوە؛ پیاوانی خاوەن دەسەڵات و هەژموون لە پارێزبەندیی گەورەتر بەهرەمەند دەبن، لە کاتێکدا یاسا بە توندی بەسەر پیاوانی توێژە پەراوێزخراوەکاندا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش چونکە لەم سیستەمە سەرمایەدارییەدا ئیعتیباراتی چینایەتی و تایەفەگەری و ڕەگەزپەرستی لە بەرژەوەندی بەهێزەکان دایە.
کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان و توندوتیژیی خێزانی و ڕووبەڕووبوونەوەی بیری پیاوسالاری ئەرکێکی ئاڵۆز و دژوارە، پێویستی بە دەستنیشانکردنی ووردی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و ئیستغلالکردن، و پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ژنانی ڕزگاریخوازانەی بەرفراوان هەیە. ئەم بزووتنەوەیە پشت دەبەستێت بە گەڕاندنەوەی دەنگی سەرکوتکراوی ئەم سوپا گەورەیە لە ژنانی پەراوێزخراو، بۆ وەستاندنەوە لە بەرامبەر ئەم سیستەمە ڕەگداکوتاوە و هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی.
ئەو ڕێگەیەی کە خەباتکاری ئازادیخوازی ژنان و کۆمۆنیست (یەنار محمد) وەک پێشەنگێکی بەرجەستە بۆ گۆڕانکاری بەوپەڕی پەیگیری و سەقامگیرییەوە لە ساڵی ۲۰۰۳ وە نەخشاندی، نموونەیەکی بەرزە لە خەبات لەم مەیدانەدا کە شایەنی پەیڕەوکردنە؛ ئەو بە عەمەلی پەیوەندی لە نێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژن و یەکسانیی لەگەڵ خەبات لە دژی کۆیلایەتی سیستەمی سەرمایەداریدا بەرجەستە کردەوە. سەرباری ئاستەنگە گەورەکان، ئەم ڕێبازە بەردەوامە، ڕێگەی خۆی بەرەو ئایندە دەبڕێت و ڕۆژانە ئەزموونی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
٣١-٨-٢٠٢٦
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
