موئەیەد ئەحمەد
قەیرانی سیاسیی ئێستای ڕژێم، درێژەی قەیرانی سیاسیی زکماکی ڕژێمەکەیە!
ئەوەی کە زاڵە بەسەر ڕژێمی سیاسی ئیسلامی و ناسیونالیستی عێراقدا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، قەیرانێکی سیاسیی قووڵ و فرەڕەهەندە.
ڕەگی ئەم قەیرانە دەگەڕیتەوە بۆ پەیوەندیی ڕژێم بە کۆمەڵگاوە، و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزەکانی، هێزی میلیشیایی ئیسلامی و ناسێؤنالیستی بوون کە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی فاشی، دەسەڵاتیان ڕادەست کرا، و دەستیان کرد بە حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگەیەک کە لە دەیان ملیۆن دانیشتووان پێکهاتووە، و کەوتنە کاری سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی بورژوازی داپڵۆسێنەر بۆ پاراستنی ڕژێمی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەرمایەداریی ئەم کۆمەڵگەیە.
بێگومان، ئەم هێزانە دەبێ ڕژێمەکە وەها سازبدەن کە هەم دەوڵەتێک بێت لەناو ڕژێمی نێودەوڵەتیی بۆرژوازیدا، و هەم خزمەتێش بە بەرژەوەندییە ستراتیژی و جیوپۆلیتیکییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بکات لە عێراق و ناوچەکەدا.
وەک ئاشکرایە، داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، سەرەڕای پشتبەستن بەم ڕژێمە سیاسییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییەی کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دروستی کردبوو، بەردەوام نەبوو، چونکە دەرگیری شکستی گەورە بوو کە لە کۆتاییدا بووە هۆی کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ڕاستەوخۆ و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی (٢٠١١)دا.
لە چوارچێوەی ئەم پێشهاتانەدا و تا ڕادەیەک پێش ئەوەش، ڕژێمی ئێران بەڕۆڵی خۆی، وەک جەمسەرێکی هەرێمی، بووە بڕیاردەریکی تری ئاڕاستەی ژیانی سیاسی لە عێراقدا بەهۆی چەندین هۆکارەوە، لەوانە، بەپلەی یەکەم، پەیوەندیی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە پێیەوە، و هاتنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەم ڕەوت و حزبانە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەم جەمسەرەدا، و جگە لەوەش هۆکارەکانی وەک پێکهێنانی میلیشیای سەر بەخۆی لە عێراقدا، و ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەلایەن دەزگاکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە ناوەوەی عێراقدا و فاکتۆرگەلێکی دیکە.
هەر بەم پییەش، وڵات پێینایە نێو قۆناغێک لە ڕەوەندی سیاسی کە تایبەتمەندییەکەی ملکەچبوونی ڕژێمە سیاسییەکەی بوو بۆ لەبەرچاوراگرتنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و ستراتیژییەکانی هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا لە چوارچێوەی ململانێی جیوپۆلیتیکی و ستراتیژیی فراوانتری نێوانیاندا.
لەگەڵ دووبارە گەڕانەوەی هێزی سەربازیی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” بە ڕابەرایەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بە بەهانەی جەنگی دژی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) دا، و لەگەڵ پێکهێنانی “حەشدی شەعبی”، هەژموونی هێزە میلیشیاییەکانی گرێدراو بە کۆماری ئیسلامییەوە، لە ناوەوەی عێراق بە شێوەیەکی گەورە پەرەیسەند، و هەروەها هەماهەنگیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی ئێران لە جەنگی دژی داعشدا بووە ئەجیندەی کارپێکراو لەو ماوانەدا.
لە ڕێگەی ئەم پێشهاتانەوە، هێزە داپڵۆسێنەرە ئاسایشیی و سەربازییەکانی ڕژێمی سیاسیی عیراق و هێزە میلیشیاییەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر بوون و بەردەوام چەپۆکی فەرمانڕەواییان بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا قایمتر کرد، وە بەم جۆرە وەک ڕژیمێکی سیاسیی داپڵۆسێنەر و میلیشیایی، درێژەی بە ژیانی خۆی دا لە چوارچێوەی ئەم ململانێ فراوانترەی نێوان هەردوو ڕژێمی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق.
ئەمڕۆ، لە سایەی پێشهاتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و پاشەکشەی ڕۆڵی هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا، هێزەکانی ڕژێم لە عێراق و بەتایبەتی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعه، لە ساتەکانی قەیرانێکی زۆر دژواردا دەژین.
هۆکاری هاتنەپێشی ئەم قەیرانە، بە پلەی یەکەم، گۆڕانە لە هاوسەنگیی هەژموونی سیاسی و سەربازی بە قازانجی ئەمریکا لە عێراقدا، و زیادبوونی ئاڕاستەی گوشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ بۆ چەکداماڵینی ئەو گروپانەی ڕاستەوخۆ سەر بە ڕژێمی ئێرانن و تێکەڵکردنیان لەنێو دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت و (حەشد)، و گوشارەکانی تر کە پێشتر بوونە هۆی هاتنەسەرکاری عەلی ئەلزەیدی وەک سەرۆک وەزیران.
قەیرانی سیاسیی ئێستای ڕژێم درێژەپێدەری قەیرانی سیاسیی زکماکی ڕژێمەکەیە، بەڵام ئێستا ڕووی لە قووڵبوونەوەی زیاتر کردووە؛ واتە درێژەپێدەری قەیرانی سیاسیی ڕژێمەکەیە لە بارودۆخێکی جۆریی دیکەدا و جیاواز لەوانەی پێشوو، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاست و ستراتیژی بۆرژوازی ئیمپریالیستیی ئەمریکادا هەبێت بەرامبەر بە ڕژێمەکە کە لە بنەڕەتدا ڕژێمەکەی لەسەر بنیات نراوە، و نە هیچ گۆڕانکارییەک لە پڕۆسەی سیاسیی بنەڕەتیدا کە ڕژێم ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەکەی دامەزراندووە و ئەو پاڵنەرە سەرەکییانەی لە پشتییەوە بوون، و تەنانەت نە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و جۆری لە مەودای هەژموونی ئێران بەسەر ڕێڕەوی سیاسی لە عێراقدا.
قەیرانی ڕژێمی سیاسی و پەیوەندیی بە برۆلیتاریا و خەباتییەوە
ڕەهەند و دەرکەوتەکانی قەیرانی ڕژێمەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەرکەوتن و ڕوون بوونەوە و بوونە قەیرانێکی گشتگیر، کاتێک کە ڕژێم لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانە ڕووبەڕووبووەوە کە وەڵامدانەوە بوون بە دابینکردنی کار و دامەزراندن و ئایندەیەکی ئابووریی ئارام بۆ نەوەی نوێی پرۆلیتاریا، لە کچان و کوڕانی گەنج، کە لە چوارچێوەی بیست و سێ ساڵی حوکمڕانیی ئەم تاقمە داسەپێنراوانەدا گەورە بوون و پەروەردە بوون.
پارت و ڕەوتە بۆرژوازییە ئیسلامی و ناسیونالیستیە دەسەڵاتدارەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ژیانی مادی و ئابووریی ئەو نەوەیەی پرۆلیتاریا و تەواوی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکیشان و چەوساوەکانەوە نییە، جگە لە پەیوەندیی پاراستنی ڕژێمی سەرمایەداریی قەیراناوی کە هەردەم زنجیرەکانی بەسەر ملی ئەم جەماوەرەوە قایمتر دەکات، و دژوارترین باری ئابووری و بژێوییان بەسەردا دەسەپێنێ. بە دەربڕینێکی تر، ئەرکی سەرەکی بۆ ئەم هێزانە پاراستنی ڕژێمی ئابووری و سیاسیی سەرمایەدارییە لە هەر دەستوەردانێکی سیاسیی سەربەخۆ و کاریگەری ئەم جەماوەرە بۆ ڕزگاربوون لە ڕەوشی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژیانیان، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ڕێکخراو و کاریگەریان لەسەر ڕێڕەوی داڕشتنی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری لە وڵاتدا.
هەروەها، ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە ڕوونتر دەبنەوە کاتێک ئەوە لە پێشچاو بگرین؛ کە هاوكات لەگەڵ دامەزراندنی ڕژێمی سیاسی، پڕۆسەی تێکەڵبوونی سەرمایەداری لە عێراقدا زۆر فراوانتر و قووڵتر لەوەی لە سایەی ڕژێمی بەعسی فاشیدا هەبوو جێبەجێ کرا، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێکار و سیاستە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبرالییەکان و ئەو یاسایانەی پۆل برێمەر، حاکمی ڕژێمی ئەمریکی لە عێراق کە لەم بارەیەوە دەریکردن، و بەردەوامبوونی ڕژیم و حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی تا ئیمڕۆ لەسەر ئەم ڕێباز و ئەجێندایە.
ئەمە یاریدەدەر بوو بۆ تێکەڵبوونی ئابووری عێراق بە سەرمایەی جیهانی، و ئاوێتەبوونی جووڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایە لە عێراقدا لەناو خولی کەڵەکەبوونی سەرمایەداریی جیهانیدا بە شێوازێکی فراوانتر، و لە پلەی یەکەمدا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی سەرمایەداری لە سێکتەری دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا و لە بوارەکانی گواستنەوە و پەیوەندییەکان و وەبەرهێنانی دارایی. جگه لەوانەش، لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالییەکان لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەتی (پرایڤەتایزەکردن) و داڕشتنەوەی سەرلەنۆیی ستراکچەری کۆمپانیاکان و فروشتنی بەکۆمەڵیی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە سەرمایەی تایبەت کە بە پلەی سەرەکی بە هێزەکانی ڕژێمەوە لکاون. لەسەر هەمان ئاڕاستە، ڕێگە خۆش کرا بۆ ئابووریی بازار و بازرگانیی ئازاد، و لابردنی ئاستەنگەکان لە بەرامبەر گەشەکردنی بازاڕی ناوخۆ بە شێوەیەک کە بە ئۆرگانیکی پەیوەست بیت بە جووڵەی سەرمایەی جیهانییەوە و ملکەچی هەڵبەز و دابەزین و قەیرانەکان و دینامیكییەتی جووڵەکەی بێت.
مێژووی بیست و سێ ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگەی عیراق، مێژووی ململانێ و خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و گەنجان و ژنان بووە لەبەرامبەر ئەم سیستەمە سیاسییە، و بەرامبەر تێکچوونی ڕەوشی ئابوورییان لە سایەیدا، و لە سایەی سەرمایەداری و شێوازە ئابوورییە نیولیبرالییەکەی، کە بە نۆبەی خۆی قەیرانی سیاسیی سیستەمەکەیان هەمیشە قووڵتر کردووەتەوە. جەماوەر لەم قۆناغەدا ناڕەحەتترین زەحمەتیی ئابووری و فراوانترین مەودای بێکارییان بەسەردا سەپێنراوە، و تا ئێستاش ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی ماف و ئازادییەکانیان دەبنەوە، بەتایبەتی ماف و ئازادییەکانی ژنان، و زەوتکردنی مافی کرێکاران لە بەکارهێنانی ئامرازە خەباتکارانە بەکۆمەڵەکانیان بەتایبەتی کاری سەندیکایی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و شوێنە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیدا.
خەباتی کرێکارانی سێکتەری پێشەسازی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەتی و فرۆشتنی کۆمپانیاکانی ئەم سێکتەرە و لەسەرکار وەلانانی کرێکاران، لە ساڵی (٢٠٠٤-٢٠٠٦)، بۆ خۆی سەرەتای دەستپێکی سەرکردایەتیی ئەم توێژەی چینی کرێکار بوو بۆ سەرجەم خەباتی جەماوەری لە بەرامبەر تایبەتکردن و سیاسەتە نیولیبرالییەکانی دەوڵەتەدا، بەڵام بەداخەوە بە شێوەیەک گەشەی نەکرد کە کاریگەری بەرچاوی هەبێت لەسەر فراوانکردنی ئەم خەباتە تا هەوڵی توێژەکانی دیکەی چینی کرێکار لە شوێنە ئابووری و خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانی دیکەدا، بگرێتەوە، کە ئەوانیش کەوتبوونە ژێر باری قورسی هەمان سیاسەتی ئابووریی نیولیبرالیی دەوڵەت.
عێراق لە تەواوی ماوەی ئەم ساڵانەدا، و بەتایبەتی لە ساڵی (٢٠١١)وە، واتە سەردەمی هەڵکشانی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان لە تونس و میسر، خاڵی نەبووە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گەنجان و زەحمەتکێشان و توێژە جیاوازەکانی چینی کرێکار، و لە بەرگری ژنان و نەوەی گەنجیان لە بەرامبەر کپکردنەوەی ئازادی و مافەکانیان و لە پێناو دەرفەتی کاردا، ئەم خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییانە بە ڕاپەڕینی (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) گەیشتنە لوتکە.
دوای سەرکوتکردنی ئەم ڕاپەرینە، ڕژێم توانی بەردەوامیی بەحوکمڕانییەکەی بدات، و ئەم هێزانەی دژە-شۆڕش توانییان چنگیان بەسەر حوکمی وڵاتدا تووندتر بکەن. لەو کاتەوە و لەو قۆناغەی دوای ئەوەدا ئیتر ئەتوانیین بڵێێن بوو بە سەردەمی بەرینتر بوونەوەی مەودای کۆنەپەرستی سیاسی و فراوانبوونی هەژموونی ئایدۆلۆژیی ئاینیی تایفی و نەتەوەیی بەسەر کۆمەڵگەدا، لەگەڵ سەپاندنی پاشەکشە بەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنان و سەپاندنی “یاسای جەعفەریی”.
بزووتنەوە ناڕەزایەتییە نوێیە فراوان و ڕۆژانە دووبارەبووەوەکانی ئێستا دژی بێکاری و بۆ دەستکەوتنی دەرفەتی کار و فەرمانبەریی (وظيفة)ی حکومی، و بزووتنەوەی دەرچووانی کۆلێج و زانکۆکان بۆ دامەزراندن، و ناڕەزایەتیی کرێکاران بۆ داواکارییە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و بارودۆخی کارکردنی گونجاوتر، و ناڕەزایەتییەکان بۆ هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە و هتد، شەپۆلێکی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاریی نوێ و فراوان پێکدەهێنن، کە درێژەپێدەری مێژوویەکی بەردەوامی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتارییە لەم کۆمەڵگەیەدا، و قووڵیی پەیوەندیی قەیرانی ڕژێمی سیاسی بەم خەباتە چینایەتییە و بە واقیعی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان دەردەخات.
ئەوە ڕوونە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاریی ئێستا لە گەرمەی پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاسەوارەکانیدا لەسەر عێراق بەڕێوە دەچێت، نەک هەر تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی سیاسیشەوە، بەتایبەتی لەسەر هێزەکانی ڕژێم لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعی کە کەوتوونەتە ژێر گوشاری ڕێکخستنەوەی پێگە و سیاسەتەکانیان لە سایەی ئەم بارودۆخە جیوپۆلیتیکییە نوێیەدا.
ناڕەزایەتییە جەماوەریییەکانی ئێستا لە عێراق، لە بنەڕەتدا ناڕەزایەتیی توێژەکانی پرۆلیتاریا و خەباتی کرێکارانی لە سەرکار و توێژەکانی زەحمەتکێشان و گەنجانی بێکارن لە کچ و کوڕ، و خەسڵەتیان ئەوەیە کە خەباتی داواکاریی ئابووریی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەرین، و خەباتێکە کە دەتوانێت گەشە بکات بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی چینایەتی بۆ وەدیهێنانی داواکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان و تەوژم بدات بە بەرزکردنەوەی هێز و توانای چینایەتیی پرۆلیتاری لە کۆمەڵگەدا و ڕۆڵی خۆی بگێڕی لە هەڵکشانی ڕۆڵی سیاسیی چینایەتیی سەربەخۆی چینی کرێکار.
سیاسەتی ئابووریی عەلی ئەلزەیدی وەڵام نییە بۆ قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری لە عێراقدا، بەڵکو قووڵکردنەوەی زیاتریەتی!
سیاسەت و نەخشەی ئابووریی و تێزە ئابوورییەکانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی ئیستای عیراق، تەنها تێز و سیاسەت گەلێکی ئابووریی بۆرژوازیی بنبەستوون. تەواوی ئەوەی هەیەتی پەرەپێدانی سێکتەری تایبەت و نیولیبرالیزمی ئابووری زیاتر و فراوانکردنی بازنەی جێبەجێکردنی پرۆژەی “پەڕەی سپیی”یە! کە نیولیبرالیزمێکی بێ ئەملاولایە و ڕەها کراوە لەهەر کۆتوبەندێک، وە لە ئەنجامدا قووڵترکردنەوەی زیاتری جەمسەربەندیی ئابووریی چینایەتییە؛ کەڵەکەبوونی سەروەت و سامان لە جەمسەرێکدا، و کەڵەکەبوونی هەژاری و بێگوزەرانی لە جەمسەرێکی تردا.
پڕۆسەی گەشەکردنی سەرمایەداری، وەک مارکس جەختی لەسەردەکا، پڕۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە و سەروەت و سامانە لە جەمسەرێکی کۆمەڵگەدا، و سەپاندنی هەژاریی ئابووری و بێگوزاەرانییە، لە جەمسەرێکی تریدا، و ئەمەش، بە سروشتی، یاساکانی جووڵەی سەرمایە و گەشەی سەرمایەداریی ئەمڕۆ لە تەواوی وڵاتاندا و لە سەر ئاستی جیهان پیکدەهێنن، و هەر ئەمەشە کە ڕەهەندی بەسام و کارەساتباری گرتۆتە خۆ لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی هاوچەرخدا کە قەیرانی هەمەلایەنە و ئاوێتە زاڵە بەسەریدا.
عەلی ئەلزەیدی جەخت لەسەر ئابووریی بازار دەکاتەوە بۆ وەڵامدانەوە بە کێشە ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی عێراق، وە ئەوە بە گەمژەیی لەقەڵەم دەدات کە “سۆشیالیزم”! چارەسەرێک بێت بۆ کێشە ئابوورییەکان، و دەوری دەوڵەت وەلادەنێ لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەر بوارێکی ئابووریشدا کە بە قازانجی جەماوەر بشکێتەوە، کەچی خۆی پەنا دەباتە بەر هەمان دەوڵەت، واتە دەزگای چینی بۆرژوازی بۆ چەوساندنەوەی چینی کرێکار، بۆ جێبەجێکردنی سیاستە ئابوورییە نیولیبرالییەکانی.
دیارە ئەو، وەک نوێنەری سەرمایە و ڕژێم، یاساکان و دەسەڵات و داهاتی دەوڵەت بەکارناهێنێت بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی دابینکردنی کار و باشترکردنی بژێوی و بارودۆخی کاری چینی کرێکار و جەماوەر، بەڵکو بەکاریاندەهێنێ بۆ فراوانترکردنەوەی شێوازێکی ئابووریی بونیاتنراو لەسەر بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی تایبەت و کەڵەکەبوونی. ئەمەش، فراوانتربوونی ڕووبەری گەندەڵی و پاراستنی هەرچی زیاتری بەرژەوەندییەکانی ڕەوت و پارتە سیاسییە ئیسلامی و ناسێونالیستە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ خۆیدا دەهینی، لەسەر حیسابی سەختترکردنی باری ژیانی چینی کرێکار بە بەردەوامی، و گۆڕینی توێژگەلێکی هەرچی زیاتری دانیشتووان بۆ ناوەندەکانی پرۆلیتاریا کە دەرگیری مەینەتبارییەکانی تێکچوونی ڕەوشی بژێوییانن.
ئەم سیاستە ئابوورییانەی عەلی ئەلزەیدی کە ئامانجییان گەشەپێدانی سەرمایەدارییە لە عێراقدا، کە سەرمایەدارییەکی قەیراناوییە، لەسەر حیسابی بەهەژارکردنی بەردەوامی زۆربەی جەماوەر فەراهەمدێت، و لەم نیوەدا هەڵمەتە ڕووکەشەکانی بۆسەر گەندەڵی بەربڵاو لە پێکهاتەی سیستەمەکەدا، شتێک نییە جگە لە دەستخەرۆکردنی ئەم چینە و زۆربەی جەماوەر و لابردنی سەرنجیان لەسەر كێشە گەورەکانیان. هەر بەم پێیە، هێشتنەوەی پرۆلیتاریای گەنجی بێکار لەسەر باری هەژاریی خۆیان و فراوانترکردنی ڕووبەری بێکاری لە نێوانیاندا و هەموو بارقورسیەکانی تری بژێوی زۆربەی دانیشتوان.
لەم ڕێڕەوەدا، عەلی ئەلزەیدی وەک بەشێک لە هێزەکانی ڕژێم، دەیەوێت بەرهەمی هەموو ئەوەی کۆنەپەرستییە لە کۆمەڵگەدا دروێنە بکات بۆ خۆی و ڕژێمەکەی، لە باڵادەستیی ئاسۆی ناسیۆنالیستی و ئاینیی و تایفی و هەموو ئەوەی ئەم سیستەمە سەپاندوویەتی لە سەرکوتکردنی چینی کرێکار و ڕێگریکردن لە خەباتی بەکۆمەڵیان لەوانەش قەدەغەکردنی کاری سەندیکایی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەزگا ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی. سەرەڕای ئەمە بەروبوومی سەپاندنی یاسا ئیسلامییە طائیفییە کۆنەپەرستییەکان و “یاسای جەعفەری” کە ژنان سەرکوت و بێماف دەکات و لەلایەن ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعییەوە سەپێنراون، دەچنێتەوە، لە نیویشیدا ئەوەی لەو یاسایانەوە دەکەوێتەوە لە لێکدابڕانی ڕێزەکانی خەباتی هاوبەشی چینی کرێکار و کپکردنەوەی ماف و ئازادییەکانی کچانی گەنجی پرۆلیتاریا.
ئەوەیە پەیوەندیی ئەم ڕژێمە سیاسییە و ستراتیژییە ئابوورییەکەی سەرۆکی حکومەتەکەی بە زۆربەی جەماوەرەوە، و هەر ئەوەشە کە قەیرانی سیاسیی ڕژێم قووڵتر و فراوانتر دەکاتەوە لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵگاوە.
قەیرانی ڕژێمی سیاسی و قەیرانی سەرمایەداری لە عێراقدا، پێکهاتەیەکی یەکگرتووی ئۆرگانیکن!
قەیرانی ڕژێمی سیاسی و قەیرانی ڕژێمی سەرمایەداری لە عێراقدا، و ئەو بارسەخەتییەی کە لە سیاستە ئابوورییە نیولیبرالییەکان کەوتووەتەوە بۆ سەر ژیانی کرێکاران و زۆربەی جەماوەر، پێکهاتەیەکی یەکگرتووی ئۆرگانیکن و یەکتری تەواو دەکەن.
ئەو هەمەڕەنگیە زۆرەی کە هەیە لە پێکهاتەی هێزە سیاسییە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییەکان و هێزە میلیشیاییەکانیاندا کە حوکمی وڵات دەکەن، و قووڵی و فراوانیی پشکپشکێنە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و تایفی و مەزهەبی، بۆ خۆیان دابەشکارییەکی لاوەکی و دابەشکردنی پێگە و ڕۆڵەکان پێکدەهێنێت لەناو ئەم قەوارە سیاسییە قەیراناوییە گشتییەدا، وەک “گشتییەکەی” هیگل، کە دەوڵەتە، و سیستەمێکی سیاسییە کە گەندەڵی بە تەواوی بونیادەکەیدا بڵاوبووەتەوە و سێبەری بەسەر تەواوی ئەو بەشەنەدا کێشاوە و دەکێشێت، کە پێکهاتووە لێی.
ناکۆکیەکان و جیاوازیەکان و ململانێکانی نێو ئەم سیستەمە، واتە ململانێی نێوان بەشەکانی، واقیعیەتە، بەڵام مەیدانی یەکلاکردنەوەی ئەم ململانێیانە لە نێوان یەکتریدا نییە بەقەد ئەوەی لە قەوارە سیاسییە گشتییەکەدایە، واتە لەناو ڕژێمە سیاسیەکەدا. ئەمەش لە ڕیگەی هەوڵدان بۆ سەپاندنی بەرژەوەندییەکانی هەر هێزێکی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی تایفی و هەر حزب و ڕەوتێک لە ڕێگەی بردنی پشکەکەی خۆی لە دەسەڵات و سەروەت و سامان، لە قەوارە گشتییەکە، لە دەوڵەت، واتە لە ڕژێمە دەسەڵاتدارەکە.
سەرەڕای ئەوانە، ئەم هێزانە درێژبوونەوەی هەرێمییان هەیە، هەربۆیە ڕژێمە سیاسییەکە بەرئەنجامی کۆکردنەوەی سادە و بیرکارییانەی بەشەکانی نییە، بەڵکو لەبنەڕەتەوە مۆرکی هەژموونی هەر یەک لە ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕژێمی ئێرانی پێوەیە. هەربۆیە ڕژێمە سیاسییەکە بەرئەنجامێکە (محصلة) کە ئاراستە سیاسییەکانی هەموار دەکرێنەوە و دەگۆڕدرێن بە گوێرەی ئەوەی هەر یەک لەو دوو دەوڵەتە تا چەند دەتوانن بەرژەوەندییە جیوپۆلیتیکی و جیوئابوورییەکانی خۆیان بەسەر ڕژێمی عێراقدا بسەپێنن.
قەیرانی ڕژێمی سیاسی و قەیرانی سەرمایەداری لە عێراقدا یەکتری تەواو دەکەن و بەردەوام کارلێک دەکەن، و بەردەوام کێشەیەک دەخولقێنن کە تەواوی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، و چارەسەرەکەشی بە ناچاری لەناو کۆمەڵگە خۆیدایە؛ وە وەک مارکس دەڵێت، مرۆڤایەتی هیچ کێشەیەک ناخاتە بەردەم خۆی ئیلا پێشتر چارەسەرکردنەکەشی دابین کردووە. پرۆلیتاریا کە هەردەم لە هەڵکشاندایە لە عێراقدا ئەو هێزە چینایەتییەیە کە لە ناو جەرگەی ئەم پڕۆسەیەدا گەشە دەکات بە حوکمی لۆجیکی گەشەکردنی سەرمایە و سەرمایەداری، و لە ناوەڕاستی قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی وێرانکەردا کە کۆمەڵگە بەسەریدەبات.
ئەو سیاسەتە چینایەتییە پرۆلیتاریەی کە ئەتوانێ شۆڕشگێڕانە و گشتی بێت و چاوەڕوانییەکانی ئەم چینە عەکس بکاتەوە، ئەو سیاستەیە کە ئاڕاستەی خەباتی ئەم چینە لە بەرامبەر ڕژێمە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکە و دەوڵەت وەک گشتییەک، بەرقەرار بکات، و لە پێناو دامەزراندنی بەدیلە چینایەتییە کرێکارییەکەی لە بواری دەوڵەت و سیستەمی ئابووری و فیكری ئازادیخوازانەی پرۆلیتاری.
ڕەوتە فکرییەکان و حزب و ڕێکخراوە سیاسییە بۆرژوازییە نەتەوەییە نیمچە-لیبرالییەکان و پارتەکانی بۆرژوا ناوەند و بچووک کە بانگەشە بۆ چاکسازیی سیاسی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، وگێرانی دەوری دەوڵەوت لە چاودێریکردنی کۆمەڵگە، و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەن، وە باس لە بونیادنانی دەوڵەتی مەدەنی دەکەن، بە ناوی چەپ یان هەر ناوێکی تر، لە بەرامبەر واقیع و گەورەییی ئەرک و ئاڵنگارییەکاندا خۆ ڕاناگرن. ئەوان بەم سیاسەت و کردەوەیەیان وەک ئەوەیە کە بەشداربن لە سیناریۆیەکدا کە زیاتر لە گاڵتەجاڕی بچێت، نەک بەشداریکردن وەک خودێکی کاریگەر لەسەر گۆڕینی جیهانی دەوروبەر.
سیاسەتی چینایەتیی پرۆلیتاری و بەرزکردنەوەی ئاڵای بەدیلی کۆمۆنیستی وەڵامەکەیە، و ئەوەیە کە دەتوانێت جیهانێکی ئازادکراو لە مەینەتی و سەرکوتکاری و جەنگ و خورافیات بەدەست بهێنێت.
ڕزگاربوونی کۆمەڵگە لە چەقبەستوویی ڕەوشی ئێستا، ئاکامی ململانێی چینایەتییە؟
خاوەنی بەرژەوەندیی ڕاستەقینە لە باشترکردنی ڕەوشی کۆمەڵگە و ڕزگارکردنی لەم ڕەوشە ناهەموار و کارستبارەی ئێستا، جەماوەری چینی کرێکار و ڕەنجدەران و نەوەی هەڵکشاوی پرۆلیتاریای گەنجە کە سەر بە ڕێزەکانی ئەم چینە فراوانەن، کە خۆیان لە سایەی ئەم ڕەوشەدا کەوتوونەتە تەڵەی هەژاری و باری وێرانی ئابوورییەوە.
ئەوەی دەیەوێت کۆمەڵگە بونیاد بنێت و لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەی پێ بدات بە شێوەیەک کە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دابین بکات و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وەدی بهێنێت، ئەم جەماوەرەیە، و ئەم هێزە چینایەتییەیە کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە بە گشتی دێنەوە. ئەمە ئەو چینەیە کە لەسەر ڕێڕەوی گەشەکردنی مێژوویی کۆمەڵگەیە، و دەتوانێ بەردەوامی و گەشەکردنی کۆمەڵگا بپارێزێت، بەڵام ئەمە لە ڕێگەی بەهێزکردنی خەباتە چینایەتییە سەربەخۆکەی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییەوە بەرەوپێش دەچیت بۆ سەروسیمادان بە ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئازادیخوازانە و ئابووریی کۆمەڵگە، بە ووشەیەک؛ بۆ وەدیهێنانی سۆشیالیزم.
ئەم چینە کەمی نەهیناوە لە فراوانی ناڕەزایەتییەکان، و لێکهەڵپێکرانی بەرژەوەندییەکانی خەباتە ئازادیخوازەکەی بە بەرژەوەندیی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگاوە، بەڵکو ئەوەی کەمییەتی، نەگۆڕانی بەدیلە سیاسی و ئابوورییە سۆشیالیستییەکەیەتی بۆ ئاسۆیەکی زاڵ لەناو خەباتە چینایەتییەکەیدا و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا.
ئەم بزووتنەوە پرۆلیتارییەی کە پیویستە لە ڕووی تیۆرییەوە خاراو کرابیت و لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ بێت و لە ڕووی حزبییەوە ڕێکخراو بێت بە دەوری بەرژەوەندییە چینایەتییە سۆشیالیستییەکانیدا، لە ڕێگەی بەرنامەی ئامادەکراو لە دەرەوەی بزووتنەوەکە نایەتەدی؛ واتە بە پرۆژەی ئامادەکراوی گروپی دیماگۆگی نا-حزبیی و نا پرۆلیتاری لە دەرەوەی ڕێزەکانی خەباتی ئەم بزووتنەوەیە شکڵ ناگرێ، و بە کۆمەڵە بڕیارێکی پوخت داڕیژراو و ڕوون نایەتەدی، بەڵکو لەناو جەرگەی خەباتە پرۆلیتارییە بەردەوامەکانی ناو کۆمەڵگەدا و بۆ وەڵام بە ئامانجەکانی ئەم بزوتنەوەیە پەرەدەسێنی و سەر و سیمای خۆی کامڵ دەکات.
بە کورتی، ئەمە لە ناودڵی ئەم بزووتنەوە پرۆلیتارییە خۆیدا وەدی دێت، لە ڕێگەی یەکخستنی خەباتە ئابووری و سیاسی و فکرییەکەی لە یەک خەباتی چینایەتیی کۆمۆنیستیدا، و لەناو بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی حزبی کە بونیادەکەی و کۆڵەکەکانی لەناو بزووتنەوەکە خۆیدا جێگیر دەکرێن نەک لە دەرەوەیدا. ئەمەش کاکڵەی کێشە ئازادیخوازەکەی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت.
منظمة البديل الشيوعي في العراق تنظيم شيوعي عمالي منهجه الفكري والسياسي ماركسي مستنبط من “البيان الشيوعي”
